گەشە(توسعه): سید هاشم هدایتی
Открыть в Telegram
در این کانال یادداشت های شخصی اینجانب حول مباحث توسعە, با تمرکز بر کردستان و گاهی هم اشعار و دلنوشتەها و ...درج می شود. منتظر نظر و پیشنهادهای شما هستم. t.me/KDproblems لینک کانال
Больше603
Подписчики
Нет данных24 часа
+37 дней
+430 дней
Архив постов
وردە فەرمایشت ( ١٧٣ )
🔹ئەیژن: " سەگ وەڕی، وەوی دەرپەڕی"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بە دابێکی کۆنی کوردەواری بەناوی سنووری "شەرم" کە وەک نموونەیەکی بەرچاو لە شەرمکردنی ژنان، ناوی لێی براوە.
🔹 بۆیە ئەگەر بووکێک ئەو سنوورە رەفتارییەی پێشێل بکردایێت دەیان وت ئەو ئافرەتە ئەوەندە بێ حەیایە بە بچوکترین ئاماژە شەرمی شکاندووە!
🔹ئەوەی گرینگە پەیامی ئەو مەتەڵەیە. کە پێمان دەڵێت؛ دەبێت مرۆڤ، چ ژن چ پیاو. بۆ ڕەفتاری خۆی سنووری هەبێت وە لەبەرانبەر هەر شتێکی سووک یان داخوازێکدا لەو سنوورە تێپەڕ نەبێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٧٢ )
ئەیژن: " بەدەسێک چەپ ناتەقێت"
🔹کاتێک لەبارەی کردەوەیەکی کەسێک قەزاوەت دەکەین دەبێ بزانین؛ دوولایەنی هەیە. چاکە بەیەک لایەن ناکرێت، خراپیش بە یەک لایەن ناکرێت. واتا چاکی و خراپی دوو لایەنییان هەیە. وەک دوو دەست بۆ چەپڵەلێدان!
🔹بۆچوونێکی تریش ئەوەیە کە تەنیا دەس کارێکی پێ ناکرێت واتا کۆمەڵگەیەک کە خوازیاری پێشڕەفت و سەرکەوتنە دەبێ هەموو دەست بدەن بە دەستی یەکترییەوە. بە یەکدەست ناکرێت!
🔹هەموو ئەم ئامۆژگارییانە بۆ کورد ئەو وانەیان پێیە کە خەڵکینە تا یەک نەگرن و دەستتان لە نێو دەستی یەکتری نەبێت حاڵی کورد هەر وا دەمێنێتەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٧١ )
ئەیژن: " پشت دەس خوەم داخ کرد!"
🔹ئەو قسە نەستەقە تایبەتی کۆمەڵگەی قەدرنەزانە! مرۆڤی خێرخواز کاتێک لە تەک سپڵەیەکدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە بە خۆی ئەڵێت؛"پشت دەست خۆم داخ کرد ئیتر خزمەت بە سپڵە نەکەم"
🔹هەندێ جاریش خەڵک بەو جۆرە مرۆڤانە کە خزمەت بە سپڵەی دووپات دەکەنەوە دەڵێن؛ "کابرا پشتی دەستی خۆی داخ کردوە ئیدی خزمەتی قەدرنەزان نەکات!"
🔹هەموو ئەو ئامۆژگارییانە پێمان دەڵێن؛ خەڵکینە وەرن با قەدرشناس بین، با ڕێگەی خێرخوازی نەبەستین!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٧٠ )
ئەیژن: " دوور و دۆس"
🔹 ئەو مەتەڵە دەگەیەنێت نزیک بوونەوەی بێ قاعیدەی مرۆڤەکان لەیەکتری دەبێتە بایسی دڵێشان، بۆیە وتراوە زۆر لەیەک نزیک مەبنەوە تاکوو پێوەندییەکانتان بەردەوامبێت!
🔹دیارە ئەو ئامۆژگارییە بۆ هەمووکەس نییە. چونکە هەندێ کەس وەک ژن و مێرد یان باوک و دایک و مناڵەکانیان یان ئەوانەێ پێوەندی کاری و کۆمەڵایەتییان هەیە، دەبێت لەیەکتری نزیک بن.
🔹پەیامێکی تری ئەو مەتەڵە ئەوەیە کە ئەندازە ڕابگیرێت. ئەویش ئاشکرایە جگە بنەماڵە باقی پێوەندییەکان هەرچێ بەقایدە تر بێت، واتا نە زۆر و نە کەم، بەردەوام تر دەبێت.
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦٩ )
ئەیژن: " هەنی مەدە ژێر باڵم"
🔹مرۆڤی عاقڵ و تێگەیشتوو کە تاریف و ستایشی بێ جییەی لێ بکەن و بیانەوێت بیخەنە ناو کارێک یان داوێکەوە، بەم شێوە وڵام دەداتەوە.
🔹خاڵی گرینگی ئەو مەتەڵە دەگەڕێتەوە بۆ زانایی و نەزانی خەڵک. کاتێک فریوکارێک بیەوێت بە هاندانی کەسێک بۆ ئیشیکی سەخت و دوور لە توانایی ئەو، کڵاو بنێتە سەری، ئەگەر زانا بێت وا وڵام دەداتەوە، ئەگەریش زانا نەبێت فریو دەدرێت!
🔹مرۆڤی تێگەیشتوو و زانا کەس ناتوانێت کڵاو بنێیتە سەڕی. نەزانی زۆریش هەن بەو باریقەڵا وتنە بێ جێیە فریو دەخۆن و تووشی هەڵە دەبن و سووکایەتییان پێیدەکرێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦٨ )
ئەیژن: " گوێرەکەی مەردم گوێرەوسار ئەبڕێت!"
🔹لام وابوو ئەم مەتەڵە وەک ئەوەی پێشتر باسمان کردووە(مەردم بەرق ئەیگرێت، ئێمە چرا مۆشی)ئاماژە بێت بە بەدشانسی خۆ و خۆش شانسی خەڵکیتر ! بەمجۆرە نزیکانی خۆمان بە بێ هێز و ناتوان ئەزانین!
🔹بەڵام لەوایە مانای ئەوە بێت کە دایکی ٨٧ ساڵەم پێیان ! دایکم ئێژێت؛پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە ماڵ و مناڵی خەڵک ڕامەگرن، ڕۆژێکیشی مابێت بەجێیتان دەهێڵنەوە!"
🔹 واتا گوێرەکەی خۆت بەخێو بکە، گوێرەکەی ماڵاوسێ بیشی بەسیەوە ڕۆژێک گورێسەکەی دەبڕێت و دەڕواتەوە لای خانەخوێ!
🔹چ ئامۆژگاریێکی ڕوونە بۆ ئێمەی کورد بەداخەوە هێشتا تێی نەگەیشتووین؛
"خزمەت بە ناکەس وێنەی دار بییە
بەغەیری زەحمەت سەمەری نییە!"
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦٧ )
ئەیژن: " بەرخی نێر بۆ سەربڕینە!"
🔹ئەو مەتەڵە لە دوو جەهەتەوە جێ سەرنج و تێڕامانە؛ یەک؛ وشەی سەربڕین کە بۆنی توندوتیژی ناو کۆمەڵگەی لێدێت، دوو؛ هەڤیازی و بە بەرتر زانینی نێرینە لە فەرهەنگی کوردیدا !
🔹 بەدرێژاییی تەمەنی کورد؛ بەهۆی دەسەلاتی ستەمگەر، وە ژێرچەپۆکەیی کورد، بیری خەبات و ئامادە بوونی رۆڵەکان بۆ قوربانی کردن لەڕێی ئازادیدا بەردەوام بووە !
🔹فەرهەنگی پیاوسالاری کۆمەلگەی کوردیش لەو بۆچوونە کۆنەپەرستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژنی پێ زەعیفەیە و کوڕ بە مەردی مەیدانی خەبات دێنێتە ئەژمار.
🔹بەڵام بە خۆشحاڵییەوە کورد لە دنیای نوێ دا ئەو شێوازە بیرو بۆچوونەی تێکداوەو لە زۆر لە بەرەکانی چالاکی و خەباتدا، ژنی کورد ئەگەر لە پیاوەکان پێشتر نەکەوتبێت، دوایش نەکەوتووە. وە هەروەها توندوتیژی خەریکە جێی خۆی ئەدات بە دیپلۆماسی و وتووێژ و چالاکی سیاسی و مەدەنی!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦٦ )
ئەیژن: " سەرێک نەیەشێت دەسماڵی پێوە نابەسن"
🔹ئەو مەتەڵە ئیشارەیێکە بە گرینگی ڕەفتاری عەقڵانیی و دووری لە کاری بێهوودە. واتا هەر ئیشێک دەبێت دەلیلێکی هەبێت.
🔹لە زانستی ڕەفتارناسیدا وتراوە ڕەفتاری هەر مرۆڤێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکە و دانیانی هەر ئامانجێکیش بۆ دابین کردنی نیازێکە. ئەو زەنجیرە، بنەمایەکی زانستی هەیە!
🔹 لەبیرمان نەچێت هەندێجاریش ئێمە زاهیر دەبینین و لامان وایە کەسێک کارێکی بێهوودە دەکات، لەحاڵێکدا لەوايە ئەو کارەی بۆ گەیشتن بە نیازێکی دەروونی بێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦٥ )
ئەیژن: " بە دەسێک دوو هەنی هەلناگیریێت!"
🔹ئەم مەتەڵە وانەیەکە بۆ ژیانی سەرکەوتووانە. دەڵێت وریا بن بەقەد توانایی خۆتان کار هەڵبژێرن، بێ ئامادەکاری و بێ بەرنامە و پلان، مەچنە پیری هەر کارێکەوە!
🔹بەڕاستی بۆ لەو هەموو ئامۆژگارییەی پێشینیان بۆیان داناوین دەرسمان نەگرتووە و کاتێ کۆمەلگەی خۆمان لە گەڵ هاوماڵ و هاوسێ هەڵدەسەنگێنین دەبینرێت نەمانتوانیوە ئەو سەرکەوتنەی پێویستە بەدەستی بێنین!
🔹ئەگەر ئەم مەتەڵەگەلە بە دەسکەوتی ئەزموونی پێشینیانی کورد بزانین، دەبێ ددان بەوەیدا بنێین کە کورد لە سووتاندنی ئەزموون و تەجرەبەی ژیاندا سەرکەوتوو بووە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦۴ )
ئەیژن: " سەرێکی هەس و هەزار سەودا!"
🔹ئەومەتەڵە گرینگایەتی بەڕێوەبەری و بەرنامەڕێژی دەخاتە بەرچاو کە دەبێتە هۆی دووری لە سەرلێ شێواوی مرۆڤ لە ژیاندا!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە؛ یەک کاری تایبەت بە باشی بگەیتە ئاخر باشترە لە سەدکاری نیوەکارە و پەرشوبڵاو!
🔹 بەڕێوەبەرایەتی واقیعبینانە، یەکێکە لە پێوەرەکانی گەشە و پێشکەوتوویی وڵاتەکان و، ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە سەرکەوتنی هەر تاکەکەس و ڕێکخراوەیەکدا !
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦۳ )
ئەیژن: " چرایەک بۆ دواڕۆژ داگرسێنە!"
🔹ئەومەتەڵە ئامۆژگارییەکی گرینگە، کە مرۆڤ، تۆشەیەکی بۆ قیامەت و یادگارییەکیش بۆ دنیای خۆی بەجێ بێڵێت!
🔹لە باوەڕی دینیدا ئەو چرایە وەک "باقیاتوساڵحات" ناوی لێی براوە. بە پەیڕەوی لەو دەستوورە، لەڕابردوودا، لەپاڵ خزمەت بە نەدار و هەژار، خێراتی بەرچاو و بەردەوام وەک وەقفیش بە فراوانی لە گوند و شارەکانی کوردەواریدا بوونی هەبوە.
🔹ئاڵ و گۆڕی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ئابووری لەلایەکەوە، ناکارامەیی و خەیانەتی دەسەڵاتداران و بەرێوەبەرانی داراییە وەقفیەکان، لەلایەکی دیکەوە کارێکی وای کردووە، ساڵ بە ساڵ، کاری خێری بەردەوام وەک وەقف کردن بەرەو کزی و کۆتایی دەڕوات!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦٢ )
🔹ئەیژن: " دووشکە لە خوەی دوو شکە!"
🔹ئەومەتەڵە بە شێوەی تریش وتراوە: ئەشکە لە خوەی بە شکە! کە ئاماژەیە بە کاردانەوەی کردەوەی مرۆڤێکی خەتاکاری دڵنیگەران!
🔹کەسێک کە کارێکی هەڵەی کردبێت لە هەر شوێنێک باسی ئەو هەڵە بکرێت ئەو بەخۆی دەگرێت و دەس ئەکا بە پاکانە کردن. هەم خۆی دوو شک دەبێت هەم دەور وبەرەیشی لە خۆی دەخاتە شکەوە!
🔹لەڕاستیدا خەتاکار تەواوی ژینی بە ترس و لەرزەوە دەباتە سەر و مەترسی ئەوەی هەیە پێ بزانن! بۆیە ئەگەر مرۆڤ تا بۆی دەکرێت هەڵەی کەمتری ببێت، دڵپەرۆشی کەمتریشی دەبێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦١ )
ئەیژن: " خوا بیاتە بەنە ئەیتێرێتە ئەو حەنە!"
🔹ئەو مەتەڵە لەسەر بیر و بۆچوونی کۆنی کۆمەلگەی کوردی دانراوە کە لای وایە ئەوەی لەناوچاوی مرۆڤدا نووسراوە هەر ئەوەی بە نەسیب دەبێت!
🔹واتا ئەگەر ڕەنجیش بکێشیت، تەنیا ئەوەت بە نەسیب ئەبێت کە لە چارەتدا نووسراوە!
🔹بەداخەوە بەدرێژای مێژوو ئەو روانگەیە، کوردی تووشی ماڵوێرانی کردووە، چونکه ئەو هەموو چەرمەسەرییەی هاتۆتە سەر ڕێگەی بە چارەنووسی خۆی زانێوە! جا کە وایە بۆ دەبێ هەر ژێردەستە نەمێنێتەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٦٠ )
ئەیژن: " کابرا حەیای لێی ئەتکێت!"
🔹حەیا وەک فەزیلەتێکی ئەخلاقی هەمیشە بۆتە باییس بەهێز بوونی ڕێز و حورمەت لە نێو کۆمەلگەی کوردیدا !
🔹 ئەڵبەت واقعییەتەکان کۆمەڵگە ئەوەمان پێی دەڵێت:هەرچێک لە سوننەت بەرەو مۆدێڕنیتە دەڕوین، زۆر لەو کردەوانەی کە پێشینیان بە حەیایان زانیوە، بەرەو کزبوون دەچێت. وەک حەیای منداڵ لەبەرانبەر باوک و دایک و بچووک لە بەرانبەر گەورەدا!
🔹هەندێ کەسیش لایان وایە حەیا تایبەتی کەلتوری کۆنی ئێمەیە، کەچی زانستە نوێیەکان، وێڕای بۆچوونی جیاواز، حەیا، وەک هێزی دەروونی خۆڕاگری، بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی بە گرینگ دەزانن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٥٩ )
🔹پێشینیان ئەیژن: " کاورا دوو قۆرت و نیمیشی باقیە!
🔹ئەو مەتەڵە بۆ قەدر نەناسێکە، کە کارێکی بۆ ئەنجام بدرێت، نەتەنیا سوپاسگوزاری نەکات و لاوەکەریش بێت، بەڵکوو بە گاڵتەوە، ئەو خزمەتە بێ بایەخ بکات. کە پێی دەوترێت سپڵەیی!
🔹ئەو جۆرەکەسانە، لەبەرانبەر چاکەیەک کە بۆیان کراوە، بە وتەگەلێک وەک ؛"دەی چیت کردووە، نەتکردایێت، تۆ بوویتەباییس کارەکەی من، تۆ کارەکەت لێی خراپ کردم و...وەڵامی چاکە و خزمەت دەدەنەوە!
🔹بمانەوێت و نەمانەوێت، بێ ڕێزی بە یارمەتیدان و خزمەتگوزاری، مەیلی مرۆڤی چاکەکار، بۆ یارمەتی زیاتر، کەمدەکاتەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٥٨ )
🔹پێشینیان وتوویانە: "دوو موسڵمان لەسەر ماڵ گەورێک شەڕیانە"!
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژە بەوەی دەکات کە زۆرجار دوو برا یان دوو وڵاتی دۆست لەسەری شتێکی بێ قازانج پێکەوە شەڕ دەکەن لە کاتێکدا دوژمنەکانیان بەبۆنەی شەڕی ئەوانەوە قازانجی گرینگ ئەبەن!
🔹نموونەیەکی ئاشکرای ئەو مەتەڵە، حیکایەتی دوور و درێژی "خۆخۆری " ئێمەی کوردە. سەدان ساڵە بۆ دابین کردنی قازانجی نەیاران، دژ بە یەکتری ڕادەوەستین!
🔹بەهیوای ئەو ڕۆژەی هاودڵی و برایەتی خۆمان بۆ ئامانجی هیچ کەس و هیچ دەوڵەت و هیچ ئایدیۆلۆژیێک تێک نەدەین!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٥٧ )
🔹پێشینیان وتوویانە: "موویێک لە ورچێک بکەنیتەوە، غەنیمەتە"
🔹ئەو مەتەڵە کاتێک بەکار ئەبرێت کە کەسێک یارمەتییەکی بچووکی لە کەسێکی ڕژد و دەس وشک وەر گرتبێت.
🔹گرنگی ئەم وتە کاتێکە بزانین لەفەرهەنگی ئێمەدا داخواز :سەد لەسەدە". واتا تەنیا لە بەدەستهێنانی تەواوی داخواز ڕازی دەبین و دابین بوونی بەشێک لە داخواز بەسەرکەوتن نازانین!
🔹بۆیە ئەو ئامۆژگارییە دەتوانێت ڕوانگەی "سەد یان هیچ" بگۆڕێت بەوەی کە بەپێ دۆخی کۆمەلگە دەسکەوتەکان ببینین و دەس لە بێسنوورخوازی هەڵبگرین!
س.ه.هیدایەتی
t.me/kDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٥٦ )
🔹پێشینیان دەڵێن: "شوان لەشوانی عاری نایە، لە نان چنینەوەکەی عاری تێت"
🔹ئەو مەتەڵە واقعیقەتێکی کۆمەڵگەی کوردیمان بۆ ئاشکرا دەکات کە دەڵێت خەڵک، کارکردنیان بەلاوە شانازییە بەڵام دەس درێژەوە کردن بۆ نانیان پێ سەرشۆڕییە.
🔹ئەڵبەتە دەشکرێت بڵێین هەندێ کەس کاری سووکیان پێ عەیب نییە بە شەرتێک لەبەر چاو نەبێت و خەڵک پێ نەزانن!
🔹ئەوەشمان لە بیر نەچێت هەندێ ڕەسم و باوی کۆمەڵگەی کوردی بەڕاستی پلەو بایخی مرۆڤی نەپاراستووە. وەک ڕەسمی؛ کۆکردنەوەی نانی شوان، ڕاتبەی فەقێ یان نانی شەوی جومعەی مجێوری مزگەوت! بۆیە ئەوانەی تووشی ببن سڵی لێدەکەنەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٥٥ )
🔹پێشینیان دەڵێن: "درگای شارێک ئەوەسرێت، دەم مەردم ناوەسرێت"
🔹وایە! بەڕاستی کاتێک ڕازێک بەرمەڵا ببێت ئيتر کەس ناتوانێت بەرگریی بکات لەبڵاوبوونەوەی!
🔹بۆیە باشیان وتووە؛ وریابن ڕازی خۆتان مەخەنە سەر زمانی خەڵک! قسەیەک کە لە دوو کەس تێپەڕ ببێت، دەم بە دەم دەچەرخێت!
🔹ئەگەر ئەم کێشەیە بۆ پێشینیان ئاوا بووبێت، دیارە لەڕۆژگاری ئێمەدا کە ئینتەرنێت دەروازەیەکی ئاوەڵایە، ئەو کێشەیە قوڵتر و بەربڵاوترە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٥٤ )
🔹پێشینیان دەڵێن: "دز مەیلی بوێت تاریکەشەو فرەس"
🔹ئەو مەتەڵە ڕواڵەتێکی ناپەسەندی هەیە، وەک بڵێی هومێد ئەخاتە دڵی دزەکانەوە بەردەوام بن لە جەردەیی، بەڵام لە ڕاستیدا باسی ئیرادە و بڕیار دەکات!
🔹دەڵێت ئەگەر کەسێک خوازیاری کارێک بێت و ئامانجێکی بۆخۆی دانابێت، سەرەنجام دەرفەتی بۆ دێیتە پێشەوە! واتا هەنگاوی گرینگ، بریاردانە!
🔹 دەکرێت وایش بۆی بچین؛ ئەو مەتەڵە دەڵێت؛ وریابن! لە دوژمن و نەیار و جەردە، ئەرخەیان مەبن، فرسەتیان زۆرە بۆ دەست وەشاندن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
