گەشە(توسعه): سید هاشم هدایتی
رفتن به کانال در Telegram
در این کانال یادداشت های شخصی اینجانب حول مباحث توسعە, با تمرکز بر کردستان و گاهی هم اشعار و دلنوشتەها و ...درج می شود. منتظر نظر و پیشنهادهای شما هستم. t.me/KDproblems لینک کانال
نمایش بیشتر618
مشترکین
اطلاعاتی وجود ندارد24 ساعت
-17 روز
-130 روز
آرشیو پست ها
وردە فەرمایشت ( ٢١٧ )
🔹ئێژن:" بنەجۆ، باش بشێلە!"
🔹 ئەو مەتەڵە وەک ئەزموونی مرۆڤ دەڵێت: هەرکارێک سەرەتاو بنەڕەتەکەی باش دانریابێت، ئاکامی چاوەڕوانکراوی دێتەدی! بەڵام وەک چۆن ماڵێک بنەڕەتی پتەو دانەنریابێت لە زوترین کاتدا دەڕووخێت، هەر ئیشێکی تریش نیازی بە بنەڕەتی درووستە!
🔹وەک لە زۆرێک لە مەتەڵەکاندا ئاماژەی پێکراوە، ئەم ئامۆژگارییانە هەموویان باسی بەڕێوەبەرایەتی دەکەن. واتا ئامانج، بە بەڕێوەبەرایەتی عالمانە دێتەدی!
🔹پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەيە کە؛ "وریا بن یان کارێک دەس پێ مەکەن، یان بنەڕەتی کارەکەتان لەسەر زانست و واقیعبینی دابنێن تاکوو بە ئامانجی خۆی بگات"
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢١٦ )
🔹ئێژن:" بێژنگ بگرە ڕووی خوەت، خەڵک چۆن ئەوێنیت خوەتیش هەر وایتە!"
🔹 پێشێنیانی ئێمە لەو مەتەڵە بەنرخەدا یەکێک لە گرینگترین بنەماکانی مرۆڤناسی و مەعریفەتی ئینسانییان گونجاندووە، بۆچوونێک کە لەگەڵ شێوازەکانی فێرکاری عیرفانیی و زانستی ڕەوانناسی، یەکدەگرێتەوە.
🔹زانایانی ئەو دوو شێوازە، لایان وایە مرۆڤ کاتێک لەبارەی کەسانێکی ترەوە داوەری دەکات، خەریکە خۆی دەناسێنێت و ئەو سیفەتانەی دەینێتەسەر شانی خەڵک لەڕاستیدا هەر ئەوانەن لە بیر و مێشک و کردەوەی خۆیدا بەدیدەکرێن!
🔹کەوایە دەکرێت پەیامی ئەو مەتەڵە بەمجۆرە بخوێنینەوە کە: "وریا بین! خەڵک چۆن دەبینیینەوە، خۆیشمان هەر واینە"،
س.ه.هیدایەتی
t.me/kDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢١٥ )
🔹ئێژن:" عالەم بزانێت، میمکم نەزانێت!"
🔹 ئەو مەتەڵە ئاماژەیەکی تیز و تەنزاوییە بەو بەرچاوتەنگانەی، تێدەکۆشن هەواڵە گرینگەکان لە نزیکانی خۆیان بشارنەوە و بۆيان گرینگ نییە خەڵکیتر ئەو هەواڵانە ببیسن!
🔹لەڕاستیدا ئەگەر لە ڕابردوودا ئیمکانی شاردنەوەی هەواڵ بووبێت لە ڕۆژگاری ئێمەدا لەسێبەری سۆشیال مێدیاکاندا ئەوکارە قەت ناکرێت. وە ئەگەر سەرچاوەی هەواڵەکان حازر نەبن خۆیان ڕاستییەکان بڵاو بکەنەوە کەسانیتر هەواڵی نادروستی لێ بڵاو دەکەنەوە!
🔹پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە شاردنەوەی ئەو هەواڵ و ڕووداوانەی پێوەندی بە ماف و ژیانی خەلکەوەیە ئیشیکی ناڕەوایە. چونکە: "زانین مافی هەمووانە"!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢١٤ )
🔹ئێژن:" کفن گیفانی نییە!"
🔹 هەزار ڕەحمەت لەڕۆحی پێشینیانی ئێمە کە بە ڕستەیەکی کورت، بەحرێک زانیاری و دەرسی قووڵی ژیانیان بۆ باس کردووین!
🔹کفن گیفانی نییە واتا مرۆڤی کفن پۆش هیچ گەڵاڵەیەکی بۆ پاشەناز و زەخیرە کردنی پارە نییە. جا کێیە ڕۆژێک جلی کفن، نەکاتە بەری!
🔹کەوایە وریابین ڕۆژێک دێت ئێمەیش دەبێ بە ئیجبار، کفن بپۆشین. لەو ڕۆژە بیر بکەینەوە و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. تەواو...
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢١٣ )
🔹ئێژن:" گا بەدەم جفتیارا ئەڕوانێت!"
🔹 لەو مەتەڵەدا دەکرێ مەبەستی لە گا، هەموو کەرەسەو تێکنۆلۆژیاکان بێت! لە بەشی دووەمیشدا، جووتیار ئاماژە بە ڕۆڵی فەرماندە بکات، واتا ئەو کەسەی کە کەرەسەکان بەڕێوە دەبات!
🔹لە زانستی بەرێوەبەرایەتیدا هەموو ئەو شتانە کە ڕێکخراوەیەک پێک دێنن پێیان دەڵێن؛"سەرچاوە"و وان بە دەستی سەرکردە و ڕێبەبەری ڕێکخراوەکەوە، کە دەتوانێت بەباشترین یان خراپترین شێوە کەڵکیان لێ وەر بگیرێت!
🔹 دەکرێ ئەو مەتەڵە ئاماژەیش بێت بە چۆنیەتی ژیانی مرۆڤ لەڕوانگەی زانایانی ئایینییەوە. کە دەڵێن؛ ئەسپ وەک جەستەیەو، چاوی لە سوارکارەکەیەتی کە بریتییە لە ڕۆح تابزانێت چۆن بەڕێوەی دەبات!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢١٢ )
🔹ئەڵێن: " شەڕ وە شمشێر و مامەڵە وە پووڵ!"
🔹 ئەو مەتەڵە پێداگرییە لەسەر
ڕوانگەی مەنتقی و عەقڵانی کە پێمان دەسەلمێنن کەس نابێت بەدەستی خاڵی بڕواتە شەڕی دوژمنێکەوە کە سەرتاپای چەک بێت. هەروەک نابێت کەس بێ دابینکردنی بودجە و پارەی پێویست، بڕواتە مەیدانی رکابەری بازرگانییەوە!
🔹زۆرجار ئارەزوو و حەزەکانی خۆمان دەکەینە بەڵگە و بێ ئەوەی لە فیکری دابین کردنی پێداویستییەکانیاندا بین، بەدەستی خاڵی دەچینە پێشوازیانەوە و هیچ داهاتێکیش بەدەست ناهێنین.
🔹ئەو مەتەڵە دەڵێت بۆ هەر کارێک دەبێت بەرنامەڕێژیتان هەبێت و نیازە مادی و ئینسانییەکانی ئامادە بکەن ئینجا هەنگاوی بۆ هەلبگرن و چاوەڕوان بن بگەن بە ئامانج و ئارەزووەکانتان!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢١١ )
🔹ئێژن :" کابرا ئەونە درۆزنە بێژێت ماس چەرمگە، خەڵک ئەیژن ڕەشە!"
🔹 ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بەو مرۆڤە درۆزنانەی کە متمانەی خەڵکیان لەدەس داوە و کەس بڕوایان پێ ناکات!
🔹لەبەرانبەری ئەم مەتەڵەدا بۆ کەسانێک کە ڕاستگۆن و بوونەتە هۆی متمانەی خەڵک، وتراوە: "کابرا بێژێت ماست ڕەشە خەڵک ئەیژن؛ ڕەشە"
🔹پەیامی ئەو مەتەڵە، "ڕاستبێژییە"و دەڵێت ڕەوتی زۆربوونى ڕاستوێژی، دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی کە لە پێویستییە هەرە گرینگەکانی پێشکەوتنی هەر وڵاتێکن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢١٠ )
🔹ئێژن:" چەم بێ چەقەڵ ناوێت!"
🔹ئەو مەتەڵە نیشاندەری واقیعییەتێکی هەمیشەیی و هەمەلایەنەی سروشت و ژیانی ئێمەیە کە دەڵێت؛ "هیچ جوانییەک نییە دوور بێت لە ناشیرینی. هیچ ناشیرینەکیش نییە ئاوێتەی جوانی نەبێت!"
🔹"چەم" یان "چۆم" نوێنەی جوانی سروشتە کە پڕیەتی لە دار و گوڵ و ئاو و کانی و مەل و گیانلەبەرانی جوان و دڵڕفێن. کەچی لەو حاڵەتەشدا بێبەش نییە لە بوونی گیانلەبەرانی ناحەز و بێ فایە وەک "چەقەڵ"، کە بێ سوود ترین جانەوەری دەشت و چیاکانە!
🔹بگرە پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوە بێت کە؛ خەڵکینە بەدوای مەدینەی فازیلەدا مەگەڕێن. دەستەیەک گوێزی خۆش تام و بۆنیش هەر نەبێت، دانەیەک گوێزی پووچەڵی تێدایە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٩ )
🔹ئێژن: " پووزی ڕەش و چەرمگ لەبوارا دەرئەکەفێت! "
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بەو یاسا هەتاهەتاییە کە مرۆڤ تا نەجووڵێتەوە لێهاتوویى ناکەوێتە بەرچاو. وەک چۆن وتوویانە تا مرۆڤ نەدوێت عەیب و هونەری دەرناکەوێت.
🔹ڕەفتار و کردەوە بۆ نواندنی لێهاتوویی، باشترین پێوەرە. هەر ئیدعایەک پێویستە بە کردەوە خۆی بسەلمێنێت. وەک چۆن دەنگ و نووسراوە تا نەبیسرێن و نەبینرێن جوانییان بۆ کەس دەرناکەوێت.
🔹بگرە دەرسی ئەو مەتەڵە بۆ کورد، ئەوەبێت؛ "لە ئەزموون مەترسن وەک وتوویانە؛ سوار تا نەگلێت نابێتە سوار" بۆ نیشاندانی لێهاتووییەکان دەبێ قولی لێ هەڵکەن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٨ )
🔹ئێژن:" کوتەک لە بەهەشتەوە هاتووە!"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بە شێوە پەروەردەییەکی دژە ئینسانی کە هەزاران ساڵە باڵی ڕەشی کێشاووەتە سەر ژیانی مرۆڤدا و پێی وایە بەبێی بەکارهێنانی زۆر، کەس پەروەردە نابێت!
🔹جێی خۆشحاڵییە مرۆڤ خەریکە بەو قەناعەتەی بگات کە بەکارهێنانی توندوتیژیی لە سیستەمی پەروەردەیی و راهێناندا شێوەەکی ئینسانی و دادپەروەرانە نییە!
🔹ئەڵبەتە چاوپۆشی لێناکرێت کە هێشتا زۆرێک لە کۆمەڵگەکان نەیانتوانیوە لەو شێوە لابدەن و هەر ڕۆژ هەواڵی دەیان ڕووداوی ناحەز لەمبارەوە دەبیسرێت. وەک ئەو هەواڵە دلتەزێنەی ئاوایییەکی سەر بە سنە کە - بەناو مامۆستایەک- بۆ تەمبێکردنی خوێندکارەکانی چ کردەوەیەکی ناحەز و دڵتەزێنی نواندووە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٧ )
🔹ئێژن: " هیلکە ناکا، ماڕکەکەیش ئەخوات! "
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بە کەسانێکی نەزانکار کە لەکاتی مامەڵەو بازرگانیدا نەتەنیا هیچ قازانجێک بەدەس ناهێنن بەڵکو دەسمایەکەیشیان بەفیڕۆ دەدەن!
🔹وەک لە زۆر لە مەتەڵەکاندا هاتووە پێشینیانی ئێمە بەو ئاکامە گەیشتوون کە بۆ هەر ئیش و کارێک، مرۆڤ دەبێت لێزان و تێگەیشتوو و خاوەنی کارامەیی پێویست بێت.
🔹پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە؛ ئەو کەسانەی خاوەنی زەوق و حەز و کارامەیی ئیشێک نین، بەڵام ئیدیعایان هەیە، قەت ناتوانن لەو ئیشەدا سەرکەوتووبن و خۆیان تووشی زیان دەکەن.
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
نەورۆز و یهکیەتی نەتەوەیی کورد!
سهید هاشم هیدایهتی
نهورۆزی ئهوساڵ دهرفهتێکی ستراتیژیکی بۆ کورد ڕهخساند تا به پێداچوونهوهیهکی بنهڕەتی تێبگات کە هۆکاری زۆر گرینگتر له چهک و توندوتیژیی به دهستهوهیه بۆ ناساندنی خۆی به خۆی و به هاوسێکانی و به خهڵکی جیهان؛ "فهرههنگ".
ڕیشەی فهرههنگی کورد ئهوهنده لق و پۆ و شاخ و بهرگی پێیە بۆ پێناس و بوونی کورد که ئیدی نیازی به بەختکردنی گیانی ڕۆڵەکانی کەمترە.
ئهوهی ئهوساڵ ڕوویدا تهنیا بهشێک بوو لهو تواناییه فهرههنگییهی که کورد ههیهتی و دهتوانێت وهک سهرمایهیێکی کۆمهڵایهتی و ئینسانی کهڵکی لێ وهر بگیرێت.
کورد وهک نەتەوەیەکی کۆن توانیویه له بهرانبهر سهدان ساڵ زوڵم و زۆری نهیاران و هاوسێی بێ ئهمهگ، خۆڕاگری بکات و فهرههنگ و داب و نهرێتی خۆی بپارێزێت.
فهرههنگ کە له لایهن زانایانی کۆمهڵناس و فهرههنگناسهوه به ئولگوویهکی هاوبهشی ڕهفتاری ناسێندراوه، بریتییه له کۆی ئهو وهڵامانهی له درێژهی مێژوودا هەر نەتەوەیەک بۆ پرسیارهکانی خۆی داویهتهوه، بەواتایەکی تر فەرهەنگ کۆی ئهو ڕێگاچارانهیە کە هەر نەتەوەیەک بۆ نیازهکانی خۆی دۆزیویهتهوه و هووییهتی تایبهتی نەتەوەیی پێ دهبهخشێت.
کهوابوو فهرههنگی کورد بریتییه له ههموو بیر و بۆچوون و ڕهفتاری تاکهتاکهی کورد له ههر ناوچهیهکی کوردنشیندا، لە چۆنیهتی دروسکردنی خواردهمهنیی و خانوو و ژینگهوە بگرە تا هات و چوو و پێوهندییهکانی بنهماڵه و خزم و کهس و تایفه و هاوسێ و دهوروبهر، کهسب و کار و دابین کردنی نیازه فیزیۆلۆژییهکانی خهڵک و فێرکردن و فێربوون و ئاڵوگۆڕی ئهزموونهکان و ... ههر کردهوهیهکی تر که کورد له ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیدا بهکاری دههێنێت و کورد لە نەتەوەکانی تر جودا دەکاتەوە.
دیاره ههندێک هۆکار، ڕۆڵی تایبهتیتریان ههس له یهکگرتوویی نەتەوەی کورددا. واتا ئهو هۆکارانه ئهگهر نهبن نهتهوهبوونی کورد ناسهلمێندرێت. وهک زمانی هاوبهش، جهژن و ڕێوڕهسم و ئایینهکان (مهبهست له ئایینهکان تهنیا دین و مهزههب نییه) واتا ههموو ئهو ڕهفتاره گشتی و هاوبهشانه دهگرێتهبهر که بهشێوهی گشتی و تێکڕایی بهڕێوه دهچن وهک: ڕێوڕسمی جهژنی نهورۆز، ڕهمهزان، قوربان، مەولوود، شەوی چلە، نوێژی جومعە و تەراوێح، زیکری تەکیە و خانەقاکان، ڕێوڕەسمی پیری شالیاری و دەف نەوازی، ڕێوڕەسمی زەماوەند، سەرەخۆشیی، ڕێوڕەسمی ناونیانی منداڵ، ڕێوڕەسمی خەلەوخەرمان و کشتوکاڵ و هیتد.
کێیه ڕؤڵی جەژنەکان لە پاراستنی ناسنامەی فەرهەنگی کورد و پاراستنی یەکێتی نەتەوەیی کورددا کهتمان بکات!
ڕێوڕهسمی نهورۆزی ئهوساڵ بهو شێوازهی که له زۆرێک لە شار و دێهاتهکانی ناوچه جۆراوجۆرهکانی کوردهواریدا ڕووی دا پهیامێکی ئاشکرا بوو بۆ تاکهتاکهی کورد و نهیارهکانیان که بزانن چلۆن ئهو ڕسم و باوه کۆنه دهتوانێت دەستی دهیان ههزار کورد، به بیر و بۆچوون و ههڵوێست و بهرهی جیاوازهوه بنێته نێو دهست و بە عالەم بڵێن ئێمە نهتهوهیهکی یهکگرتوو و شادیخواز و دژ به توندوتیژی و هاودڵ و هاوڕێ و هاودهنگین!
ئهوه ئهو هۆکاره گوم بووگەیه که کوردی پهراکنده و زامداری دهستی دووبهرهکی و چهن بهرهکیی، نیازی تایبهتی پێیه.
هەروەها ئەو ئایینانە کە له ڕۆژانی پێش و پاشی نهورۆزهدا دهیان ههزار تاکی کوردی ڕۆژۆوانی له مزگهوتهکانی کوردهواری کۆ کردهوه له ڕیزهکانی نوێژی تهراوێح و جهژنی ڕهمهزاندا.
بگره ههندێ کهس به چاوی سووکهوه چاویان لهو ڕێوڕهسمه گرینگ و مهزنه کردبێت، بهڵام له بیرمان نهچێت کورد بۆ وهدهس هێنانهوهی دووبارهی یهکیەتی نهتهوهیی به ههموو ئهو ڕێوڕهسمانه نیازی ههیه. جا چ ڕێوڕهسمی نهورۆز بێت، چ نوێژ و چ ڕۆژوو و ج چوارشهمه سووری و چ جهژنی مهولوودی پێغهمبهر و چ ڕێوڕهسمی چلهی زستان و چ زهماوهند و ههڵپهڕکێ، چ کۆڕی زیکر و تهلیلهی دهروێش و سۆفییهکان و چ مهراسمی پیری شالیار!
لەڕاستیدا بۆ یهک گرتنهوهی دووبارهمان و بۆ دوورکهوتنهوهمان له دووبهرهکی و چهن بهرهکی عهشایری و حێزبایهتی و ئایدیۆلۆژییەکان، نابێت حاشا بکهین له هیچ ڕێوڕهسمێکی کۆنی کوردی.
نیازمان بە چهترێکی فەرهەنگییە بۆ ئهوهی گشت، به هەر ناوێکهوه، له ژێریدا جێ بگرین. بۆیە نیازمان به ئەزموونە بۆ دهرک کردن، خۆش ویستن، سووکایەتی نەکردن و ڕێزنان لە یهکتری !
سیروان; ١٤٠٤،١،٢٣
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٦ )
🔹ئێژن: " کابرا دێر هات و زوو پیا گەیی! "
🔹ئەو مەتەڵە بە دوو شێوە دەخوێنرێتەوە:
🔸یەک هەبوونی گەندەڵی ناو کۆمەڵگە و شێوازێکی ناحەز بەناو ئاشنا بازی،
🔸دووەم کەسێک زۆر زیرەکانە لە دەرفەتەکان کەلک بگرێت و بە هۆی توانایی و لێهاتوویی شەخسییەوە بەرندەی کێبڕکێ بێت.
🔹گەندەڵیی دەردێکی بێ دەرمانی کۆمەلگەی ئێمەیە. تارادەیەک بەدەگمەن ئیشت بۆ ئەنجام دەدەن و داوای بەرتیلت لێ نەکەن یان شیرینیت! لێ وەرنەگرن.
🔹 لەباری کەڵک گرتن لە دەرفەتەکانیش بەداخەوە دۆخی نالەباری بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتی نالایقەکان کاری وای کردووە کە زۆرێک لەمرۆڤە لێهاتووەکان یان خراونەتە پەراوێز یان لەوڵات دوور کەوتوونەتەوە و دەرفەتێک بۆ کێبڕکێ نەماوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٥ )
🔹ئێژن: " لە نۆکیسە قەرز مەکە، قەرزت کرد، خەرجی مەکە"
🔹ئەو مەتەڵە دوو پەیامی رەوانناسانەی پێیە؛
🔸یەک. کەسانێک کە نەدار بووبێتن، هەمیشە مەترسییان هەیە ئەو نەدارییە دووپات ببێتەوە، بۆیە ئەگەر دەسکەوتێکیان ببێت بۆ پاراستنی تاڕادەی ڕژدی و دەست وشکی دەڕۆنە پێشەوە!
🔸دوو. ئەو مەتەڵە ئاماژە بە بنیچەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە مرۆڤی دارا و دەوڵەمەند بە نیسبەتی مرۆڤی نەدار دەست و دڵبازترە!
🔹 بارو دۆخی نالەباری ئابووری هۆکارێکی سەرەکی و گرینگە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بەرەو ڕژدی هانبدات. ناشاردرێتەوە کە؛ لە کۆمەڵگەی نەدار، یارمەتیی و قەرز بەیەکدانی خەڵک، زۆر کەمترە لە کۆمەلگەی دەوڵەمەند و دارا!
س.ه.هیدایەتی
t.me/kDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٤ )
🔹ئێژن: " یاخوا دوژمنیش لەماڵ خوەی ناهومێد نەوێت! "
🔹ئەو مەتەڵە ئەوپەڕی مێهرەبانی و دڵفراوانی کورد نیشان ئەدات کە حەتتا بۆ دوژمنیش ئاواتی هومێد و بەختەوەری هەیە! ئەو سکاڵایە بۆ ئەو ڕۆژگارەی ئێمە، کە زۆر لە نانهاوەرەکانی بنەماڵەکان ڕەنگ زەردن، خوازێکی بەجێیە!
🔹لە لایەکیترەوە ئاماژەیە بە گرینگی هومێد. بەڕاستی ناهومێدی هۆکاری زۆر لە بەدبەختیی و دۆڕاندنەکانی مرۆڤە!
🔹دەتوانین بڵێن پەیامی ئەو مەتەڵە داواکردنە لە مرۆڤ بۆ ئەوەی تاکو پێیدەکرێت هومێدی خۆی لە دەس نەدات! ژیانی مرۆڤ بە هۆمێدەوە بەردەوامە.
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٣ )
🔹ئێژن: " قسەی پیاو یەکەو ناوێتە دوو ! "
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بە ڕوانگەی بێسنوورخوازی (مطلق گرایی) و بە کەسانێک دەوترێت کە لەسەر قسە و بڕیاری خۆیان پێداگرن و حازر نابن لەو بڕیارەی داویانە لابدەن و گۆڕان هیچ پێگەیەکی لەبیر و بۆچوونی ئەواندا نییە!
🔹هەر ئەم ڕوانگە تەواوخوازییەیە دووانەی بەدبەختی، بۆ کۆمەلگەی ئێمە دروست کردووە و لای وایە؛ یان چاکە/یان خراپ. یان کوردە/یان دژەکورد. یان ڕاستە/یان ناڕاست. یان باشەرەفە/یان بێشەرەف. یان فریشتەیە/یان ئیبلیس!
🔹 لەحاڵێکدا، لە واقێعییەتی ژیاندا هەموو شتێک رێژەیی (نیسبی)ن؛ نە چاکبوونی تەواو، بوونی بۆ هەیە و نە خراپ بوونی تەواو. نە فریشتە، بوونی هەیە و نە ئیبلیس. هەموو کەس هەندێک چاک و هەندێک خراپیییان تێدایە. هەموو مرۆڤێک هەندێک کردەوەی فریشتە و هەندێک کردەوەی شەیتانی پێوەیە. بڕێ کەمتر. بڕێ زۆرتر!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٢ )
🔹ئێژن: " سێ پا لەسەر سێ لنگە ئەوێسێت! "
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بەو حەقێقەتەی کە هەر کارێک قاعیدە و یاسا و کەرەسە و نیازمەندی خۆی هەیە. ناکرێت بەبێ دابینکردنى ئەو پێداویستییانە، چاوەڕؽی بەئامانج گەیشتنی کارەکانمان بین!
🔹ئەو مەتەڵە هاندانێکی ژیرانەیە بۆ ئەوەی پێش ئەنجامدانی هەر کارێک. گەڵاڵەو نەخشەی ڕێی بۆ داڕێژین ئینجا هەنگاو هەڵبگرین و تاکوو پێداویستی هەر ئیشێکمان ئامادە نەکردووە دەست بەکار نەبین!
🔹بگرە زۆرێک لە دۆڕاندنەکان و سەرنەکەوتنەکانی ئێمە بەوبۆنەوە بێت کە ئەو ئامۆژگارییە گرینگەمان لەگوێی نەکردبێت! بۆیە دەبێ بزانین ئەوانەی سەرکەوتوو دەبن کە کارەکانیان لەسەر بیر و بەرنامە و چارەسەری دەست پێ دەکەن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠١ )
🔹پێشینیان وتوویانە: " وەک تووتک هەر ها بە شۆنیەوە !"
🔹واتا چۆن توولەسەگ بۆ دابینکردنی نیازی خۆی هەر ها بەدوای دایکییەوە، کابرایش ها بەدوای کەسێکەوە کە نیازی پێیە!
🔹پێشینیانی ئێمە هەرکات ویستوویانە قێزەونی و ناحەزی کردەوەیک دەربخەن زۆر بە توندیی و بە وشەی ڕەق مەبەستەکەیان بەیان کردووە.
🔹 هەندێ کەس بەس بە خاتری دابین کردنی نیازی خۆیان دەکەونە دوای کەسی تر و کاتێک نیازیان پێی نەمێنێت ئیدی هەواڵی لێ ناپرسن. وەک چۆن تووتک بۆ دایک وایە و پاش لەشیر بڕانەوە لەدایکی دووری دەگرێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٢٠٠ )
🔹ئێژن: " بە زوان خوەش مار لە کونا تێتە دەرەو ! "
🔹نازانم ئەو مەتەڵە لەکەیەوە سەبتی مێژووی کوردەواری بووە بەڵام وابزانم لەو ڕۆژگارەی ئێستاکە ئێمە تێدا دەژین، بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد، زمانی خۆش لە نانی شەو پێویست ترە!
🔹پێویستی بە بەڵگەی ئەوتۆ نییە بەشێکی هەرەزۆرى کێشە و ناکۆکییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە قسەی تاڵ و قسەی رەق و زمان ناخۆشییەوە سەرچاوە دەگرێت؛ چ لە نێو بنەماڵە، چ لە بازاڕی کەسب و کار و چ لە نێو تاقمە سیاسییەکاندا!
🔹پەیامی ئەو مەتەڵە ئەمەیە؛ زمانی خۆش دەتوانێت دوژمنایەتی بکات بە دۆستایەتی ! کەوایە وەرن با ساڵەکانی داهاتوو بکەین بە ساڵانی دووری لە قسەی تاڵی دژ بە یەکتری. باوەڕمان ببێت هەر وشەیەکی تاڵ ئاجۆرێک لە ماڵی یەکێتیمان دائەوەرێنێت. بۆ ئێمەی کورد؛ قسەی تاڵ و ناخۆش دژ بە نەیار و دوژمنانیش هەر زیانبارە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٩٩ )
🔹ئێژن: " ماڵ وە کەلەوە، ساحێو ماڵ بە دیاریەوە !"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بە گرینگی ڕۆڵی خاوەن ماڵ لە بەرێوەبردنی کارو کاسبی. پێشینان لایان وابووە هەر کارێک خاوەنەکەی چاودیری بکات لەوایە تووشی زیان نەبێت!
🔹وەک خاوەن ئەزموونێکی بەڕێوەبەرایەتی ئابووری لە ساڵانی رابردوو دا وای تێگەیشتم کە هەر ڕێکخراوەیەکی بازرگانی یان پێشەسازی یان حەتتا فەرهەنگی ئەگەر خاوەنەکەی چاودێری کارەکان نەکات بێگومان زەرەر و زیانی بەدواوەیە!
🔹پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە خۆتان هۆشتان بە ماڵی خۆتانەوە بێت تا تووشی زیان نەبن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
