مامۆستا عبدالخالق ڕۆناکی
Ir al canal en Telegram
کەناڵی فەرمی مامۆستا عبدالخالق روناکی لە تێلێگرام
Mostrar más2 195
Suscriptores
-124 horas
-87 días
-1830 días
Archivo de publicaciones
🗞️ ئایا دەزانیت تاوان پێش ئاخیرەت، لە دنیادا سزای خۆی هەیە..؟!
سەرپێچی و تاوان تەنها گوناهێک نییە کە لەسەرت بنووسرێت و پاشان تەنها چاوەڕێی لێپرسینەوەکەی بیت لە ڕۆژی قیامەتدا، بەڵکو لەوانەیە سزاکەی هەر لە یەکەم ساتەوە دەست پێبکات بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت؛ بەشێک لە نووری دڵت دەکوژێنێتەوە، چێژی عیبادەتت لێ دەدزێت، ڕۆحت ڕەق دەکات، و پەیوەندیت لەگەڵ خوای گەورە لاواز دەکات... تا وای لێ دێت مرۆڤ لەگەڵ خەڵکیدا پێدەکەنێت، لەکاتێکدا ناخی وردە وردە تاریکتر، تەنیاتر و ماندووتر دەبێت.
هەر لەبەر ئەمەشە خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿فَأَخَذَهُمُ اللَّهُ بِذُنُوبِهِمْ﴾
واتە: خوای گەورە بەهۆی تاوانەکانیانەوە سزای دان و لەناوی بردن، وەک ئەوەی تاوانەکە خۆی سەرەتای گرتن و سزادانەکە بێت پێش سزای ئاخیرەت..!
وە ئەمە یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو شتانەی کە پێویستە موسڵمان لێی تێبگات
کە سزاکان هەمیشە هەورەبروسکە نین لەپڕێکدا بکەونە خوارەوە، بەڵکو لەوانەیە یەکەم سزای مرۆڤ ئەوە بێت کە دڵی وازلێبهێنرێت تا لەسەر خراپە و باتڵ ڕابێت بەبێ هیچ ئازارێک، وە هەستیاریی ترس لە خوا لەدەست بدات، وە وای لێ بێت لادان و خراپە بە شتێکی ئاسایی ببینێت..!
لێرەشەوە داڕمانە ڕاستەقینەکە دەست پێدەکات، تەنانەت ئەگەر ڕواڵەتی ژیانیشی لە چاوی خەڵکیدا جێگیر و سەرکەوتوو بێت.
لەبەر ئەمەش، ئەو پەیامە قووڵەی کە ئایەتەکە بۆ باوەڕداری دەنێرێت تەنها ئەوە نییە کە بڵێت: "لە ڕێگای فیرعەون وریابە"...
بەڵکو ئەوەیە: چاودێریی دڵت بکە لەو ساتەوەی کە دەست دەکات بە ڕاهاتن لەسەر ئەو شتانەی خوای گەورە تووڕە دەکەن؛ چونکە زۆرترین ئەو کەسانەی کە تیاچوون و لەناوچوون، ئەوانە نین کە لەپڕێکدا کەوتوون، بەڵکو ئەوانەن کە بە هێواشی گۆڕاون تا بوونەتە کۆپییەکی تەواو لە تیاچووەکان... لەکاتێکدا خۆیان وا گومان دەبەن کە بەتەواوی لەوان جیاوازن..!!
📌 دەمریت و هەموو شتێک جێدەهێڵیت... جگە لە حیسابەکە!
بێ هیچ شتێک هاتینە ئەم دنیاوە...
نە خانوو، نە پارە، نە پلەوپایە، نە ناوبانگ، نە حیسابی بانکی، نە زەوی، نە ئۆتۆمبێل و تەنانەت بەبێ جلوبەرگیش.
پاشان گەورە بووین...
وا ڕەفتارمان کرد وەک بڵێی هاتووین تا ببینە خاوەنی هەموو شتێک!
گەورەترین خانوومان دەوێت،
بەرزترین مووچە،
نوێترین ئۆتۆمبێل،
باڵاترین پۆست،
بڵاوترین ناوبانگ،
زۆرترین باڵانسی بانکی...
توڕە دەبین چونکە کەسانی تر پێشمان کەوتوون،
حەسودی دەبەین چونکە خەڵکی خاوەنی شتێکن کە ئێمە نیمانە،
لەپێناو بستێک زەویدا دوژمنایەتی دەکەین،
لەپێناو میراتدا صیلەی ڕەحم دەپچڕێنین،
بۆ کورسی و پۆست ستەم دەکەین،
بۆ دەستکەوتنی پارە درۆ دەکەین،
و لەوانەشە دین و نیشتمانی خۆمان بفرۆشین لەپێناو شتێکدا کە دواجار هەمووی جێدەهێڵین!
⚠️ لایەنە هەرە سەیرەکەی هاوکێشەکە...
مرۆڤ لە سەرەتاوە خۆی دەزانێت کە هیچ شتێک لەگەڵ خۆی نابات.
🏠 چەندین کەس تەمەنیان بەسەربرد لە کۆکردنەوەی خانوو و ڤێلادا، دواجار کە لە دنیا دەرچوون، پێویستیان بە هیچ نەبوو جگە لە گۆڕێک!
🗺 چەندین مرۆڤ شەڕیان کرد لەپێناو زەویدا، دواجار کۆتاییان هات بۆ ژێر چەند مەترێک لەو زەوییە!
👥 چەندین کەس ستەمیان لە خوشک و براکانیان کرد لە میراتدا بۆ ئەوەی پشکی خۆیان زیاد بکەن، پاشان مردن و پشکی خۆیان و ئەوانیشیان جێهێشت!
💰 چەندین مرۆڤ حەرامیان خوارد بۆ ئەوەی داهاتووی منداڵەکانیان دابین بکەن؛ منداڵەکان کەیفیان بە پارەکەوە کرد... و پرسیار و سزا بۆ نامەی کردەوەکانی باوکەکە مایەوە!
🪑 چەندین کەس پرەنسیپ و مەبدەئەکانی خۆیان فرۆشت لەپێناو کورسییەکدا، کاتێک مردن کەسێکی تر لەسەر کورسییەکەیان دانیشت، و خۆشیان تەنها لێپرسینەوەی کارەکانیان بۆ مایەوە!
🚨 ئەمەیە ڕاستییە تۆقێنەرەکە:
بێ هیچ شتێک هاتینە ئەم دنیاوە، و بێ هیچ شتێکیش لێی دەردەچین... بەڵام لە نێوان هاتن و ڕۆشتنەکەدا، نامەیەک پڕ دەکەین لە گوناهـ و حیساب!
💡 پەندێک بۆ ژیان: با کێبڕکێمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنە بێت کە تێیدا دەمێنینەوە (قیامەت)، نەک ئەو شوێنەی کە بە ناچاری بەجێی دەهێڵین (دنیا).
⚖️ هاوکێشە ترسناکەکە لێرەدایە:
بێ هیچ شتێک هاتینە ئەم دنیاوە...
تێیدا ژیاین و ویستمان ببینە خاوەنی هەموو شتێک...
بێ هیچ شتێکیش لێی دەردەچین...
بەڵام لەسەر تاک بە تاکی هەموو شتێک حیسابمان لەگەڵ دەکرێت!
⏳ هەموو شتێک بەجێدەهێڵیت، بەڵام پرسیارەکان دەمێننەوە:
💵 سامانەکەت بەجێدەهێڵیت... بەڵام پرسیارەکە دەمێنێتەوە: لە کوێت دەستکەوت و لە چیدا سەرفت کرد؟
🪑 پۆست و پلەکەت بەجێدەهێڵیت... بەڵام پرسیارەکە دەمێنێتەوە: دەسەڵاتەکەت بۆ چی بەکارهێنا؟
🏡 خانووەکەت بەجێدەهێڵیت... بەڵام مافی ئەو کەسانەی لەگەڵت تێیدا ژیان دەمێنێتەوە.
📦 بازرگانی و کاسبییەکەت بەجێدەهێڵیت... بەڵام ستەم، فێڵ، قەرز و مافی خەڵکی لە ئەستۆت دەمێنێتەوە.
📱 مۆبایل و ئەکاونتەکانت بەجێدەهێڵیت... بەڵام ئەو وشانە، وێنانە و ڤیدیۆیانەی کە پۆستت کردن، ناردتن، یاخود بوویتە هۆی بڵاوبوونەوەیان لەسەرت دەمێننەوە.
👥 خەڵکی بەجێدەهێڵیت... بەڵام کاریگەریی ئەو برینانەی خستتە دڵیان و ئەو دەستدرێژییەی کردتە سەر ماف و شەرەفیان، وەک خۆی دەمێنێتەوە!
💡 کێشەی سەرەکی چییە؟
کێشەکە ئەوە نییە کە ببیتە خاوەنی دنیا؛ خوای گەورە چاکە و ڕۆزیی تێدا داناوە.
کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دنیا ببێتە خاوەنی دڵت! تا ئەو ڕادەیەی لەیادت بچێتەوە بۆچی هاتوویت و بۆ کوێش کۆچ دەکەیت.
🛑 گەورەترین پڕۆژەی ژیانت ئەوە نەبێت شتێک کۆبکەیتەوە کە بە دڵنیاییەوە بەجێی دەهێڵیت... لە کاتێکدا کۆکردنەوە بۆ ئەو ماڵە فەرامۆش بکەیت کە بە دڵنیاییەوە بۆی دەڕۆیت!
تۆ پێویست ناکات خۆت بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە بکەیت کە تێیدا شتی زیاترت دەست دەکەوێت؛
بەڵکو دەبێت خۆت بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە بکەیت کە هەرچیت هەیە بەجێی دەهێڵیت و بە تەنیا لەبەردەم پەروەردگاردا دەوەستیت لەگەڵ کردەوەکانتدا.
❓ پێش ئەوەی ڕۆژی پرسیارکردن بێت، لە خۆت بپرسە:
چیم بۆ ئەم دنیایە کۆکردەوە؟
پاشان ئەم پرسیارە مەترسیدارە لە خۆت بکە: کە مردم، چیم لەم دنیایە بۆ دەمێنێتەوە؟
🗞️ گەورەترین نیعمەت لە لەدایکبوونی خۆشەویست ܩܒܩܥ ️ﷺ ئەوە نەبوو کە پیاوێکی مەزن لەدایک بووە...
بەڵکو ئەوە بوو کە خوای گەورە ئەم پیاوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی مەزنترین پەیام بگەیەنێتە هەموو جیهانیان..!!
👈پێغەمبەرمان
♥️موحەممەد♥️ (ﷺ) گەورەترە لەوەی لە یەک ڕۆژدا کورت بکرێتەوە..!!
🤚 پێغەمبەری خوا (صلى الله تعالى عليه وآله وسلم) لە ژیانی باوەڕداردا زۆر لەوە گەورەترە کە تەنها لە یەک ڕۆژدا کورت بکرێتەوە..
ئەو پێغەمبەری تۆیە لە هەموو ڕۆژێکدا:
🔹 کاتێک لە خەو هەڵدەستیت.
🔹 کاتێک نوێژ دەکەیت.
🔹 کاتێک مامەڵە لەگەڵ خێزانەکەتدا دەکەیت.
🔹 کاتێک ناکۆکیت دەبێت لەگەڵ نەیارەکانت.
🔹 کاتێک کڕین و فرۆشتن دەکەیت.
🔹 کاتێک تووڕە دەبیت.
🔹 کاتێک لێبوردە دەبیت.
🔹 کاتێک بەتەنیا دەبیت و خەڵکی ناتبینن.
🔹 وە کاتێک لەبەرامبەر خوای گەورەدا (سبحانه وتعالى) دەوەستیت بۆ نوێژ و عیبادەت.
ئەگەر موسڵمانانیش جیاوازییان هەبێت لە هەندێک شت کە پەیوەندیی بەم بۆنەیەوە هەیە، ئەوا نابێت پێغەمبەری ڕەحمەت (صلى الله تعالى عليه وآله وسلم) ببێتە هۆکارێک بۆ ڕقوکینە و یەکترشکاندن لە نێوان ئوممەتەکەیدا.
بۆیە با هەموو موسڵمانێک زمان و دڵی خۆی بپارێزێت.
وە با کۆبوونەوە و یەکڕیزیمان لەسەر ئەو شتانە بێت کە لە بنچینەدا هیچ جیاوازییەکیان لەسەر نییە:
خۆشویستنی، ڕێزگرتنی بەو شێوەیەی کە شەرع دایناوە، سەڵاواتدان لەسەری، فێربوونی ژیاننامەکەی، بڵاوکردنەوەی سوننەتە سەحیحەکانی، چاولێکردنی لە ڕەوشتەکانیدا، گوێڕایەڵیکردنی لەو شتانەی کە بە سەحیحی لێیەوە هاتوون، وە بانگەشەکردن بۆ ئەو تەوحید و یەکخواپەرستییەی کە ئەو لەپێناویدا ژیا.
پاشان با ئەمڕۆ هەر یەکێکمان لەگەڵ نەفسی خۆیدا بوەستێت و تەنها یەک پرسیار لە خۆی بکات:
* ئەگەر پێغەمبەری خوا (صلى الله تعالى عليه وآله وسلم) ژیانی منی ببینیایە... چەندێک لە ڕێنمایی و سوننەتەکانی خۆی تێدا دەدۆزییەوە..؟!!
بەڕاستی ئەم پرسیارە لای من ترسناکترە لە زۆرێک لەو مشتومڕ و موناقەشانەی کە دەکرێت.
🤲 خوایە گیان...
ئێمە تۆ دەکەینە شایەت کە بەڕاستی پێغەمبەرەکەتمان موحەممەد (صلى الله تعالى عليه وآله وسلم) خۆشدەوێت، بەڵام دەشزانین کە «خۆشەویستی» بانگەشەیەکی گەورەیە و پێویستی بە بەڵگە و سەلماندن هەیە.
خوایە گیان ئەو بەڵگەیەمان پێ ببەخشە:
📌 شوێنکەوتنی ئەومان پێ ببەخشە لە ڕواڵەت و لە ناخیشماندا.
📌 تەوحیدێکمان پێ ببەخشە وەک ئەو تەوحیدەی ئەو بانگەشەی بۆ دەکرد.
📌 عیبادەتێکمان پێ ببەخشە کە لەسەر ڕێنماییەکانی ئەو بێت.
📌 دڵێکی ساغ، زمانێکی ڕاستگۆ، وە ڕەوشتێک کە خەڵکی بەبینینی، ڕەوشتی ئەویان بیربکەوێتەوە.
🤲 خوایە گیان لەسەر سوننەتەکەی بمانژیەنە، لەسەر ئایینەکەی بمانمرێنە، لەگەڵ کۆمەڵەکەی ئەو حەشر و کۆمان بکەرەوە، وە لە حەوزەکەی ئەو ئاومان بدە بە جۆرێک کە هەرگیز دوای ئەوە تینوومان نەبێتەوە.
🤲 اللهم صلِّ وسلم وبارك على عبدك ورسولك محمد، وعلى آله وصحبه، صلاةً وسلاماً دائمين يليقان بمقام النبوة والرسالة.
لە مەککەوە نوور دەستی پێکرد و لە مەدینەدا گەشەی کرد ، دوو شاری پیرۆز کە لە دڵی هەر موسڵمانێکدا هەمیشە زیندوون
🗞 لەدایکبوونی پێغەمبەر ﷺ تەنها لەدایکبوونی تاكێک نەبوو لە مێژوودا، بەڵکو دەستپێکی لەدایکبوونەوەی ئومەتێک و هەڵهاتنی خۆری ژیانێکی نوێ بوو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.
♦خوای گەورە دەفەرموێ: ﴿وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ﴾ [الأنبياء: ١٠٧].
واتە/ ئێمە تۆمان نەناردووە مەگەر تەنها بۆ ئەوەی ڕەحمەت و بەزەیی بێت بۆ سەرجەم جیهانیان.
♦پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: «إِنَّمَا بُعِثْتُ لِأُتَمِّمَ صَالِحَ الْأَخْلَاقِ» [رواه أحمد].
واتە/ بێگومان من تەنها بۆ ئەوە نێردراوم تاكو ڕەوشتە بەرز و جوانەکان تەواو و بێکەمواکوڕی بکەم.
♦پێشەوا ابن کثير (ڕەحمەتی خوا لەسەر بێت) دەفەرموێت:
یەکێک لە نیعمەتە گەورەکانی خوا بۆ سەر مرۆڤایەتی، ناردنی پێغەمبەرەکەیەتی ﷺ بۆ نێوانیان، تا لە تاریکییەکانی سەردەمی نەزانی ڕزگاریان بکات بۆ ڕووناکی ئیسلام و ڕەوشتی بەرز.
♦شاعیر دەلێت دەربارەی هاتنی پێغەمبەر ﷺ :
وا ئاسۆ ڕوون بوو لە شەوی تاریکدا
بە لەدایکبوونی ڕووناکی ڕێگامان،
ئەو نەک هەر تاكێک، بەڵکو گیانێک بوو
لە جەستەی بێگیانی ئومەتەکەمان.
💢 لەکۆتییدا:
یادکردنەوەی
لەدایکبوونی ئەم زاتە مەزنە، تەنها گێڕانەوەی ڕووداوێکی مێژوویی نییە؛ بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ پەیام و ڕێبازەکەی، بۆ ئەوەی بە کردار و ڕەوشتمان ببينە ئاوێنەی میهرەبانی و دادپەروەری لە ناو کۆمەڵگەدا.
🤲اللَّهُمَّ صَلِّ وَسَلِّمْ وَبَارِكْ عَلَى نَبِيِّنَا مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِهِ وَصَحْبِهِ أَجْمَعِينَ.
بۆ ساڵح بونی منداڵەکانتان دوعای پێغەمبەر ابراهیم بکەن (عليه الصلاة والسلام)
رَبِّ ٱجْعَلْنِى مُقِيمَ ٱلصَّلَوٰةِ وَمِن ذُرِّيَّتِى ۚ رَبَّنَا وَتَقَبَّلْ دُعَآءِ(40)سورة إبراهيم
ئهی پهروهردگارم من و ڕۆڵهکانم وا لێبکهی به چاکی نوێژهکان بهجێ بێنین ئهی پهروهردگارمان پاڕانهوه و نزاکهم وهرگره.
نێوان ئێمە لەگەڵ عەرشی خوای گەورە چەندە؟ مامۆستا عبدالخالق ڕۆناکی
https://youtube.com/watch?v=XDupDHmnExM&si=p5n25ul3ny8YnBPD
تقبل الله طاعتكم مامۆستای بەڕێز م/عبدالخالق ڕۆناکی 🕋✨
سوپاس بۆ خوای گەورە کە سەفەری عومرەی پیرۆزی ئاسان کرد و بە سەلامەتی گەڕایەوە بۆ ناو ئازیزان و قوتابیانی.
باوەڕمان وابووە و هەیە کە لەو خاکە پاکەدا، لەپاڵ یادکردنی خوای گەورەدا، دوعای خێر و باشەت بۆ ئێمە و بۆ هەموو لایەک لەبیر نەکردووە.
داواکارین لە پەروەردگار عومرەکەتان بە (عومرەی مَبْرور) و هەوڵەکانتان بە (سَعْی مشکور) بنووسێت.
پرسیار/
حوکمی ئیحرام بەستن لە مزگەوتی دایکمان عایشە (تەنعیم) بۆ عومرەی دووەم و سێیەم چییە..؟
وەڵام/
بۆ هەموو ئەو عومرەکارە ئازیزانەی لە مەککەی پیرۆزن و پرسیار لەبارەی ئەنجامدانی عومرەی دووەم یان سێیەم دەکەن لە مزگەوتی تەنعیم ، عومرەکەتان دروستە و هیچ گومان و قەلەقییەکی تێدا نییە بە ئیزنی خوا.
🗞️بۆ ئارامبوونەوەی دڵی عومرەکاران، بەڵگە شەرعییەکان و ڕای زانایان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
١. بەڵگەی سەحیحی فەرموودە:
فەرموودەی بوخاری و موسلیم:
لە حەجی ماڵئاواییدا، کاتێک دایکمان عایشە (ڕەزای خوای لێ بێت) ویستی عومرە بکات، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمانی بە عەبدولڕەحمانی کۆڕی ئەبو بەکر (برای دایکمان عایشە) کرد کە بیباتە دەرەوەی سنووری حەرەم بۆ شوێنی «تەنعیم» کە ئێستا مزگەوتی دایە عایشەی لێیە تا لەوێوە ئیحرام ببەستێت بۆ عومرە.
ئەگەر ئیحرام بەستن لە تەنعیم بۆ کەسێک لە ناو مەککە بێت نادروست بووایە، پێغەمبەری خوا ﷺ ڕێگەی پێنەدەدا و فەرمانی پێ نەکرد.
٢. ڕای جەمهوری زانایان و کۆدەنگی زۆربەی زانایانی مەزهەبی شافعی و حەنبەلی و حەنەفی (رحمهم اللە تعالی) : بە ڕوونی ئاماژەیان پێداوە کە هەرکەسێک لە ناو مەککە بێت و بیوێت عومرەیەکی تر بکات، سوننەت و دروستە بچێتە دەرەوەی سنووری حەرەم (الحلّ)، و نزیکترین و باشترین شوێنیش تەنعیمە،
واتە: مزگەوتی دایە عایشەیە.
زانایانی گەورەی وەک ئیمامی نەوەوی و ئیبن قودامە ( رحمهم اللە تعالی) جەختیان کردۆتەوە کە ئەم کارە بە بەڵگەی سەحیح چەسپاوە.
٣. وەڵامی ئەو هەرایەی دروست کراوە:
هەندێک لە زانایان وەکو ئیبن تەیمیە ڕەحمەتی خوای لێبێت یان هەندێک لە زانایانی سەردەم پێیان باشتر بووە کە کەسێک لە مەککەیە، زۆرتر خەریکی تەوافکردنی کعبە بێت لەبری ئەوەی بڕواتەوە تەنعیم بۆ عومرەی تری ناو یەک سەفەر.
بۆ ئاگاداری ئەم ڕایە تەنها دەڵێت:
«تەوافکردن خێرەکەی زیاترە»، نەک بڵێت عومرەکەی «باطلە» یان «حەرامە»..!!
هیچ زانایەک نەیگوتووە کە عومرەی تەنعیم بەتاڵ دەبێتەوە.
✋ کۆتایی و ئەنجام :
چوونی عومرەکاران بۆ مزگەوتی دایە عایشە (تەنعیم) بۆ بەستنی ئیحرامی عومرەی دووەم یان سێیەم، کارێکی بەبەڵگەیە لە فەرموودەی سەحیحدا و جمهوری زانایانی ئیسلام بە دروستیان زانیوە. هیچ شوێنێکی قەلەقی و دودڵی تێدا نییە.
خوا عومرە و دیاری و عیبادەتی هەموو لایەک قبوڵ بکات.
مامۆستا عبدالخالق ڕۆناکی
