شوناس
Open in Telegram
ژووری "شوناس" لە لایەن "موحسین جەڵدیانی"یەوە داندراوە. لەو ژوورەدا بابەتی مێژوویی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و... بڵاو دەبێتەوە.
Show more1 212
Subscribers
No data24 hours
-47 days
-2230 days
Data loading in progress...
Similar Channels
Tags Cloud
No data
Any problems? Please refresh the page or contact our support manager.
Incoming and Outgoing Mentions
---
---
---
---
---
---
Attracting Subscribers
July '25
July '25
+6
in 0 channels
June '25
+5
in 0 channels
Get PRO
May '25
+16
in 0 channels
Get PRO
April '25
+35
in 1 channels
Get PRO
March '25
+7
in 0 channels
Get PRO
February '25
+20
in 0 channels
Get PRO
January '25
+53
in 2 channels
Get PRO
December '24
+50
in 2 channels
Get PRO
November '24
+78
in 1 channels
Get PRO
October '24
+48
in 0 channels
Get PRO
September '24
+80
in 2 channels
Get PRO
August '24
+70
in 2 channels
Get PRO
July '24
+52
in 0 channels
Get PRO
June '24
+97
in 2 channels
Get PRO
May '24
+127
in 1 channels
Get PRO
April '24
+111
in 4 channels
Get PRO
March '24
+61
in 3 channels
Get PRO
February '24
+125
in 1 channels
Get PRO
January '24
+67
in 1 channels
Get PRO
December '23
+43
in 0 channels
Get PRO
November '23
+52
in 1 channels
Get PRO
October '23
+511
in 0 channels
| Date | Subscriber Growth | Mentions | Channels | |
| 29 July | 0 | |||
| 28 July | 0 | |||
| 27 July | 0 | |||
| 26 July | +2 | |||
| 25 July | 0 | |||
| 24 July | 0 | |||
| 23 July | 0 | |||
| 22 July | 0 | |||
| 21 July | 0 | |||
| 20 July | 0 | |||
| 19 July | 0 | |||
| 18 July | 0 | |||
| 17 July | 0 | |||
| 16 July | +1 | |||
| 15 July | 0 | |||
| 14 July | 0 | |||
| 13 July | 0 | |||
| 12 July | 0 | |||
| 11 July | 0 | |||
| 10 July | 0 | |||
| 09 July | 0 | |||
| 08 July | 0 | |||
| 07 July | 0 | |||
| 06 July | 0 | |||
| 05 July | 0 | |||
| 04 July | +2 | |||
| 03 July | +1 | |||
| 02 July | 0 | |||
| 01 July | 0 |
Channel Posts
چۆن مەدام میتران بوو بە دایکی کوردان؟
بەشی سێ
- با پێت بڵێم چۆن! دوێنێ شەو کاتێک ئەو شارە هەمووی خەوتبوو، بەڵام ئێمە لەگەڵ هاوکارانم گوتمان با پیاسەیەکی ناو شار بکەین، باوەڕ بکەن، کاتێک بەناو دیاربەکرددا گەڕاین، هەستم دەکرد دار و بەردی ئەو شارە دەیەوێت قسەم لەگەڵ بکات، بۆیە گەر ئەو شارە بە شەڕەفە مێژووییە جوان نەبێت، ئەی چی جوانە؟! ڕاستە پاریسی ئێمە بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی ئەوروپا دادەنڕیت، بەڵام گەر سەیری بکەین تەمەنی تەنیا ٩٠٠ ساڵە، بەڵام سەیری دیاربەکری دایکی مێژوو بکە، ئەوەندە کۆنە کە مرۆڤایەتی ناتوانێ مێژوویەکی ڕاستی دامەزراندنی ئەو شارەمان پێ بلێت. ڕەنگە تەمەنی پێنج یان دە هەزار ساڵ بێت.
منیش ئەو وتانەی مەدامم وەکوو دەربڕینی هەست و سۆزێک بۆ من و نەتەوەکەم قبووڵ کرد و پێی دڵخۆش بووم. ئینجا بە پیکەنیەوە گوتی:
- ئێوە تۆزێک پێش ئێستا باسی شکۆ و گەورەیی و جوانی کۆشکی ئێلیزیتان کرد، باشە گەر من داوەتی ئەو کۆشکەتان بکەم ئایا دێنە لامان؟
لە وەڵامی میواندارییەکەی گوتم:
- سوپاسی ئەو میواندارییە گەرمەتان دەکەم، جا بۆ کۆشکی ئێلیزی نا، بەڵکوو با میواندارییەکە بۆ باخێکی پاریس بێت، هەرچەندە حکوومەتی تورکیا پاسەپۆرتیشم ناداتێ.
- باشە گەر من شتێک بکەم و پاسەپۆرتتان بۆ وەرگرم، ئەو کات سەردانمان دەکەن؟
- بە دڵینایییەوە.
دوای دیدارەکە، خانمی زۆری هەوڵ دابوو بۆ وەرگرتنی پاسەپۆرتی من، بۆ ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداریش قسەی کردبوو، بۆیە داوەتنامەی و بڵیتی فڕۆکەشی بۆ ناردم تا بەشداری کۆنفرانسی کورد بکەم لە پاریس، بەڵام حکوومەتی تورکیا پاسەپۆرتی نەدامێ تا بتوانم گەشتەکە بکەم، هۆکاری نەدانی پاسەپۆتەکەشم لە لایەن پۆلیسەوە زۆر پێکەنین ئامێز بوو. ئەوان دەیانگوت گوایە لە دادگای نوسەیبین دۆسیەیەکم لەسەر کراوەتەوە دەربارەی ئەوەی من کاری قاچاغ و کڵاوات دەکەم و خەڵک هەڵدەخەڵەتێنم، بۆ وەرگرتنی پاسەپۆرتەکەشم ئەو دۆسیەیە دەبووە ڕێگر. لەسەر ئەو بەهانەیە چوومە دادگای نوسەیبین، بەڵام پێیان گوتم هیچ داوایەکی لەو شێوەیەت لەسەر نییە. گەڕامەوە لای پۆلیس و گوتیان لە نوسەیبینەوە نووسراوێکی فەرمیمان بۆ بێنە لەسەر دۆسیەکەت، بەڵام دادوەرانی دادگای نوسەیبین گوتیان ناتوانین هیچ کتابێکت بۆ بکەین لەسەر دۆسیەیەک کە لە دادگا نییە لای ئێمە. بەو شێوەیە کاتی بەستنی کۆنفرانسەکە تێپەڕی منیش تووڕە بووم و پێم گوتن بەر نەعلەتی خوا بکەون، ئیدی وازم لە مامەڵەی دەرهێنانی پاسەپۆرت هێنا.
سەرچاوە" کتێبی بیرەوەییەکانم
نووسەر: مووسا عەنتەر
لە تورکییەوە بۆ کوردی: محەممەد عزەدین
لاپەڕەی 549 تا 555
https://t.me/muhsinceldiyani
| 2 | چۆن مەدام میتران بوو بە دایکی کوردان؟
بەشی دوو
دوای ئەو وتانە، باڵیۆزی فەرەنسە هاتە ژوورەوە، بەڵام خاتوون پێی ڕاگەیاند تا بچێتە دەرەوە، هۆکاری ئەوەم لێ پرسی بۆچی ناردتانە دەرەوە؟!" خاتوون لە وەڵامدا گوتی:
- ئەو پیاوێکی باش نییە و کاتی خۆشی پەیامنێری ڕۆژنامەی " لەمۆند" بووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
- باشە گەر کەسێکی باش نییە، بۆچی کردووتانە بە باڵیۆز؟!
- پیاوێکە پڕ بە پێستی تورکیا!
دوای ماوەیەک، گفتۆگۆ فەرمییەکانمان کۆتایی پێ هات لەسەر پرسی جیاواز جیاواز دەستمان بە قسان کرد. لەبەر ئەوەی زۆر لەیەکمان ڕابینی، هەندێک جار لەناو ئاخافتنەکانماندا شتێکی ئاوام گوت:
- خاتوون زۆر سەیرە بەلامەوە، پیاوی ئەوڕوپی و ئەمریکی کوردیان خۆش ناوێ. بەڵام بەپێچەوانەوە ئافرەتەکانیان کوردیان لا ئەزیزە!
بە پێکەنینەوە گوتی:
- یانی چۆن؟!
- لەو بارەوە دوو نموونەتان پێ دەڵێم. ڕۆزڤێلتی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، هیچ بە لای پرس و دۆخی ئێمەی کوردەوە نەدەهات، بەڵام خوالێخۆشبوو ئەلینا خانمی خێزانی، تا ئەو کاتەی کۆچیدوایی کرد هاوکاری و خۆشەویستیی خۆی بۆ ئێمە نەپچڕاند."
دیسان بە پێکەنینەوە گوتی:
- نا نا، ئیدی پیاوەکانیش پشتگیری پرسە ڕەواکەتان دەکەن.
ئینجا بەردەوام بوو:
- مامە تەمەنت چەندە؟
- نازانم تەمەنی ڕاستەقینەم چەندە، چونکە لە سەردەمی عوسمانیییەکان وەک ئێستا تۆماری ساڵی لەدایکبوون نەبوو، نەشدەچووینە سەربازی و باجیشمان نەدەدا، جا لای حکوومەت پەیماننامەی هاوسەرگیرشمان نەبوو، یانی دەتوانم بڵێم لە نیمچە سەربەخۆییەکدا دەژیاین؛ بەڵام دوای دامەزرانی کۆماری تورکیا، بیرم دێت کاتێک چوومە قوتابخانە، داوای ناسنامەیان لێ کردم، بۆیە منیان بردە دادگای نوسەیبین، لەوێ دکتۆرێک و دادوەرێک و داواکارێکی گشتی سەیری ددانیان کردم، لەگەڵ شوێنێکی عەیبی جەستەم، وەک بزانن کەی لە دایک بوومە بە ساڵی کۆچی منیان بە لە دایکبووی ١٣٣٦ واتا ١٩٢٠ی زایینی خەمڵاند، بەڵام دایکم دیگوت: "کوڕم تۆ ساڵێک دوای کۆمەڵکوژیی ئەرمەنی و کریستیانەکان لە دایک بووی."
کاتێک باسی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانم کرد، مەدام دڵی پڕ بوو، ئینجا گوتی:
- من زۆر خۆشم لە دیاربەکر هات.
- مەدام ئێوە خانمی یەکەمی ئەوروپانە و خەڵکی پاریسن و لە کۆشکی ئێلیزی دەژین، سەیرە چۆن دیاربەکری هەژارتان پێ جوان و خۆش بووە؟!
....
سەرچاوە" کتێبی بیرەوەییەکانم
نووسەر: مووسا عەنتەر
لە تورکییەوە بۆ کوردی: محەممەد عزەدین
لاپەڕەی 549 تا 555
https://t.me/muhsinceldiyani | 819 |
| 3 | چۆن مەدام میتران بوو بە دایکی کوردان؟
بەشی یەک
... ئەو کاتی، لە لادێکەی خۆمان بووم. شەو ئۆتۆمبێلێک لە دیاربەکرەوە هات و داوای کرد لەگەڵی بچم، پرسیاری هۆکارەکەیم لێ کرد؟ ئەویش پێی ڕاگەیاندم بەیانی مەدام میتران دێتە دیاربەکر و لەناو پڕۆگرامی سەردانەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە دەبێ تۆش ببینێت. خاتوو میتران ویستبووی لە گوندەکەی خۆمان سەردانم بکات، بۆیە لە ئەنقەرە گوتبووی: "مووسا عەنتەر بە تەمەنە و شەرمە من بانگێشتنی دیاربەکری بکەم." بەڵام پەرلەمانتارە کوردەکان ئەویان ڕازی کردبوو، کە لە دیاربەکر یەکدی ببینین. بەپێی ئەو قسانە بێت کە بۆیان باس کردم، ئاوایان بە مەدام میتران گوتبوو: "کاک مووسا گوێ بەو شتانە نادات، جا بۆ خانمێکی وەک ئێوەی بەڕێز کە بۆ پرس و حاڵی کورد تا ئێرە هاتوون، نەک بۆ دیاربەکر، مووسا عەنتەر بۆ دۆزەخیش دەچێت."
بەیانیی زوو، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری خەڵک، بۆ پێشوازیی مەدام میتران چووینە فڕۆکەخانەی دیاربەکر. دەسکە گوڵێکیان دامێ، تا ئەو کاتەی خانم لە فڕۆکە هاتە خوارەوە، من پێشکەشی جەنابیان بکەم و بەخێرهاتنی بکەم. کەچی هێزەکانی ئاسایش نەیانهێشت بچێتە ناو فڕۆکەخانە، جا لەوە خۆشتر هەر کە مەدام لە فڕۆکە هاتە خوارەوە، هێزەکانی ئاسایش ئەویان بە دەرگای تێڕمیناڵەوە، وەک ئەوەی بیفڕێنن، خستە ناو ئۆتۆمبێلێک و بردیان، بەڵام ئێمەش دەستەوەستان نەبووین و بە سەدان ئۆتۆمبێلی دیکە بە دوایدا چووین. مەدام میتران لە هۆتێل پاڵاسی گەشتیاری لە دیاربەکر دابەزی. بەپێی پڕۆگرامی سەردانەکەی ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتر، مەدام بە وتەی خۆی سەردانی کامپی دیلەکانی جەنگی دیاربەکری و مێردین و مووش دەکرد و ئێوارەی ڕۆژی دواتریش لەگەڵ ئێمە دادەنیشت. هەر بەو شێوەیەش پڕۆگرامەکەی جێبەجێ کرا.
سەرەتا جەنابیان، لەگەڵ لەیلا زانا کۆبوونەوە، دواتر لەگەڵ دکتۆر ئەکرەم و دواتریش من. لە دیدارەکە گەنجێک هاتە لام و گوتی: "خانم دەڵێ بە چ زمانێک قسە دەکات، تا بەپێی ئەوە وەرگێڕ ئامادە بکرێت؟ بۆ نموونە تورکی، عەڕەبی، فارسی، یان هەر یەکێک لە زمانە ئەوڕوپییەکان؟" منیش لە وەڵامدا گوتم: "برا دەشێ بە یەکەک لەو زمانانەش قسە بکەین، بەڵام گەر وەرگێڕی کوردیتان هەیە، دەمەوێ بە زمانی خۆم قسەی لەگەڵ بکەم." نێردەکەی خانم ڕۆیشت و دوای ماوەیەک هاتەوە و فەرمووی لێ کردم، چووینە ئەو ژوورەی مەدام میتران لێی دەماوە، کاتێک خاتوون منی بینی، وەکو ڕێزێک بۆ پێشوازی لێکردنم تا بەر دەرگا هات. دەستەکانی گرتم و چەند هەنگاوێک بەرەو شوێنی دانیشتنەکە چووینە پێش. بەر لە دانیشتن گوتم: "مەدام لەناو کەلتووری ئێوەی ئەوروپی گەر پیاو چەند بەتەمەنیش بێ، دەستی ئەو ئافرەتە ماچ دەکات کە یەکەم جارە یەکدی دەناسن، جا گەر ئافرەتەکە گەنجیش بێت، بەڵام ئێمەی کورد خۆشیمان لەو کەلتوورە نایەت، چونکە ئەوە یەکێکە لە نەریتەکانی چینی بورۆژوازی و جگە لەوەی ئەو عادەتە هەستێکی سێکسێشی تێدایە؛ وەڵێ ئێمەی کورد، گەر دەستی ئافرەتێکمان ماچ کرد و لەسەر سەری خۆمان دانا، ئیدی ئەو ئافرەتە وەک دایکی خۆمان هەژمار دەکەین. بۆیە گەر دەرفەت بدەن، دەمەوێ دەستتان ماچ بکەم و لەسەری خۆمی دانێم، تا ئێوەش ببنە دایکی کوردان." ئینجا دەستەکانم ماچ کرد و لەسەر سەری خۆم دانا، ئەویش بەجارێک کەوتە ژێر کاریگەری ئەو قسانەم و گوتی: "سەیرکە مامە گیان، منیش پەیمانتان پێ دەدەم ئیدی ببمە دایکی کوردان!" ئینجا باوەشی پێدا کردم و چووین دانیشتین.
یەکەم قسەی مەدام میتران بەو جۆرە بوو: " مامە گیان گفتۆگۆ و دانیشتنی نێوانمان لە ڕووی کاتەوە دیاریکراو نییە، بێ ئەوەی پەلە بکەی بە ئیستراحەت قسە بکەین. سەرەتا هەندێک پرسیارمان هەیە، ئیجا چیتان دەروێت بیڵێن. چونکە دەمەوێ بە دوورودرێژی لەگەڵ ئێوە قسە بکەم!"
سەرچاوە" کتێبی بیرەوەییەکانم
نووسەر: مووسا عەنتەر
لە تورکییەوە بۆ کوردی: محەممەد عزەدین
لاپەڕەی 549 تا 555
https://t.me/muhsinceldiyani
| 913 |
| 4 | مێردین ببووە کامپی کەڕ و لاڵان؛
ئەوساش له شارەکان قسەکردن بە کوردی قەدەغە بوو، جا دەوڵەت هەر کەسێکیشی گرتبا کە بە کوردی قسە دەکا، بەرامبەر بەکارهێنانی هەر وشەیەک، لیرەیەک سزای بەسەر دەسەپاند، بۆیە مێردین ببووە کامپی کەڕ و لاڵان؛ لەبەر ئەوەی بە ئاشکرا لە دەرەوە نەیاندەتوانی قسە بکەن، بۆیە ناچار بوون بۆ لەیەکگەیشتن بە هێمای دەست لە نێوان خۆیاندا پەیوەندییان دروست دەکرد....
لە گوندەکانەوە خەڵک بارە داریان بە سواری کەران بۆ فرۆشتن دەهێنا مێردینێ، ئەو دارانە پەنجا- شێست قروشی دەکرد، بەڵام گەر باش با ئەوە پێنج- شەش لیرەی دەکرد.
ئەو گوندییە کوردانە کاتێ لە کەر دەخوڕنەوە دەڵێن: " چۆ- حەچە." ئەو گوندییە بەستەزمانانە تورکیشیان نەدەزانی و بەبێ ئەوەی ئاگاداری هیچ بن، لە مێردین کاتێک بە کەرەکە دەڵێن حەچە، ژەندەرمەکە کە پێشتر تەڵەی بۆیان دانابۆوە، بەسەریان دادەدەن و تێر قسەی ترش و تاڵیان پێدەڵێن و بە زەبروزەنگ دەستگیریان دەکەن. گوندیی قوڕبەسەریش کاتێک دەیەوێ بەرگری لە خۆی بکات، بە کوردی دەدوێ، بەڵام بێئاگا لەوەی خۆی ڕووبەڕووی تاوانێکی گەورەتر کردۆتەوە.
یەکێک لەو کەسانەی ناسیاوێکی دایکم بوو، ئەو دوای ئەوەی بارەکەی، بە پێنج لیرە فرۆشتبوو، لە لایەن ژەندەرمەوە دەستگیر دەکرێ و بە تۆمەتی قسەکردن بە زمانی کوردی دوازدە لیرە سزای بەسەردا دەسەپێنن و دوو ڕۆژیش دەستگیری دەکەن و دوای ئەوەی تێروپڕی لێ دەدەن ئینجا بەری دەدەن. دوای سێ مانگ و نێو باجوەرگرەکان دێنە گوند و داوای ئەو حەوت لیرەی لێ دەکەن کە لە سەری مابوو، ئەگەر نەیشی دا دەست بەسەر تەواوی ماڵ و موڵکیدا دەگیرێت. لەبەر ئەوەی باجوەرگرەکان بەتەنیا نەدەهاتن و ژەندەرمەشیان لەگەڵ بوو، بۆیە خاڵم چوار بزنی فرۆشت و پارەکەی دانێ.
گەر لە مێردین ئەرشیفی نووسراوەکانی دەوڵەت مابێت، بە دڵنیایەوە ئەو نووسراوە پڕ شەرمەزارییانەش دەبێ تا ئێستا مابن.
سەرچاوە" کتێبی بیرەوەییەکانم
نووسەر: مووسا عەنتەر
لە تورکییەوە بۆ کوردی: محەممەد عزەدین
لاپەڕەی ٤٢ و ٤٣
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 339 |
| 5 | ئایا زمانێک نییە بە ناوی کوردی؟
لە یەکەک لە سەردانەکانیدا، نومان مەنەمەنچی ئۆغلوو،[1] یادەوەرییەکی خۆی بەو شێوەیە گێڕایەوە:
"چەرچڵ و ڕۆزفێڵت، لە ساڵی ١٩٤٣، بۆ بەشداریکردنی تورکیا لە دووەمین جەنگی جیهانی من و ئێنۆنۆیان بانگێشتی قاهیرە کرد....
شاندە ئینگلیزییەکە لەبەر ئەوەی هاتبوونە جیهانی ئیسلامی، بۆیە لەناو شاندەکەیان چەندان ڕۆژهەڵاتناسیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، کە زۆر زمانیان دەزانی، سەرەتا چەرچڵ بە ئینۆنۆی[2] گوت:
" پاشا تۆ کوردی دەزانی؟" عیسمەت پاشا سەری سوڕما، چونکە نەیدەزانی چ بڵێ، بەر لەوەی ئینۆنۆ وڵام بداتەوە من سەری قسانم وەرگرت و گوتم: " گەورەم ئێمە کوردی نازانین لای ئێمە بە کوردیش قسە ناکرێ، زمانی ئاواش لە تورکیا نییە." چەرچڵ لە یەکەک لە پیاوەکانی پرسی: "مستەر ئەو قسەیە ڕاستە؟ئایا زمانێک نییە بە ناوی کوردی؟" چەرچڵ کە ئەو پرسیارەی لەو پیاوە کرد کە بە مستەری بانگ کرد، دیار بوو بە ئامادەکارییەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە هاتبوو، بۆیە هەستاوە سەر لینگ و گوتی: " چۆن ئەو زمانە نییە گەورەم، بەڵکوو زمان و ئەدەبێکی زۆر دەوڵەمەندیشان هەیە. ئەگەر بتانەوێت شیعرێکتان لە دیوانی جزیری بۆ دەخوێنمەوە؟ چەرچڵ گوتی: "بیخوێنەوە."
لە شێعرەکە کە تێنەگەیشتین، بەڵام زمانەکە لە فارسی نزیک بوو. ئاوازێکی بە ئاهەنگیشی هەبوو. کە لە شیعر خوێندنەوەکە بۆوە، مستەر گوتی: "ئەوە شیعرێکی کوردی بوو گەورەم." چەرچڵ گوتی: "مادەم وایە شیعرەکەمان بۆ بنووسەوە و بۆشمان وەربگێڕە سەر زمانی ئینگلیزی." لە ماوەیەکی کورت ورەگێڕانەکەی تەواو بوو، ئینجا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "دە بیکەنە فەرەنسیش،" کردیانە فەرەنسیش، ئینجا وەریانگێڕایە سەر تورکی، چەرچڵ ئاوا لەسەر قسەکانی ڕۆیی: "جەناب وەرە پێم بڵێ لەو سێ زمانە بۆ ئەوەی هەستی زمانە ڕەسەنەکەی تێدا دەرببڕێت، ئایا وەرگێڕ ناچار بووە چەند وشەی بێگانە لە تەرجەمەکەی بەکار بێنێت؟" دەستمان بە ژمارکردنی وشە بێگانەکان کرد. لە وەرگێڕانە فەڕەنسییەکەدا هیچ وشەیەکی بێگانەی تێدا نەبوو، لە ئینگلیزییەکە چوار پێنج وشەی بە بنەچە لاتینی هەبوو، لە تێکستە کوردییە ڕەسەنەکە سێ چوار وشەی عەڕەبی دۆزراوە، بەڵام کە هاتینە سەر وەرگێڕانە تورکییەکە، جگە لە ئامرازەکانی لکاندن، هیچ وشەیەکی تورکی تێدا نەبوو، بەڵکوو هەموو وشەکان عەڕەبی و فارسی و زمانە جیاوازەکانی ئەوڕووپا بوون، چەرچڵ هەر چوار وەرگێڕانەکەی لەسەر چوار پەڕ لە پێش ئێمە دانا و گوتی: "شەرم نییە بەڕێزینە؟ سەیر کەن ئەوەش دەوڵەمەندی زمانی کوردییە کە ڕێژەیەکی زۆری گەلەکەتان زمانی دایکیانە و ئێوەش دەڵێن بوونی نییە."
دواتر نومان مەنەمەجی ئۆغڵوو پێی گوتم: "لەو ماوەیەی وەزیری دەرەوە بووم هیچ ڕۆژێک هێندەی ئەو ڕۆژە بەسەر خۆمدا نەشکامەوە و بێزار نەبووم، بە بیریشم نایێ ڕۆژێکی دیکەی ئاوام بەسەر هاتبێ."
سەرچاوە" کتێبی بیرەوەییەکانم
نووسەر: مووسا عەنتەر
لە تورکییەوە بۆ کوردی: محەممەد عزەدین
لاپەڕەی ٢١٦ تا ٢١٨
[1] - نومان مەنەمەنجی ئۆغڵوو ( ١٨٩٣- ١٩٥٨ ) سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکار، لە نێوان ساڵانی (١٩٤٢- ١٩٤٤) وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە.
[2] - عیسمەت ئینۆنۆ (١٨٨٤-١٩٧٣ ) دووەم سەرۆککۆماری تورکییە و بە ڕەچەڵەک کورد.
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 932 |
| 6 | هەوڵ بۆ یارمەتیدان بە فەرشاد لەناو
بەفر و باڕنی هەوەتوودا
✍: موحسین جەڵدیانی
بەشی دوو
لەو قسانەدا بووین زەنگی تەلەفۆنمان بیست. کاک مەحموود چووە لای تەلەفۆنەکە.
- فەرموو
- ....
- چۆنی کاکە، جەنابت چی فەرشادی؟
- .....
- کاکە چی بکەین؟
- ....
- چی، کاک عەباس؟!
- ....
- شوکور بۆ خودا ئەوە کەسێک پەیدا بوو.
- ....
- چاوەڕوانی ئێوەم.
- ...
- ماڵاوا.
بیستووکەکەی داناوە گوتی:
- کاکە دەرگامان بۆ کراوە
- چۆن؟
- ئەو کاک عەباسەی لە ئاوایی جۆشکاری هەیە، ئەیناسی؟
- بەڵێ چەند جارم دیتووە. جارێك سەرەخۆشی قەومێکیان بوو لەگەڵ کاک ڕەحمان چوومەتە ماڵیان.
بەڵێنی بە باوکی فەرشاد داوە زنجیر لە تەگەرەکانی پاتڕۆڵەکەی بدات و بێت فەرشادی بۆ ئیرانشا ببا. ئەو کەسەی قسەشم تەکیا ئەکرد ئامۆزای باوکی فەرشادە. ماڵی لێرەیە، ئەوە ئەو بوو ئەو قسانەی ئەکرد. بڕیارە تا نیو سەعاتی تر لێرە بن.
- هەواڵێکی خۆش بوو.
هەر دووکمان بە پێوە ڕاوەستابووین کاک مەحموود گوتی:
- کاکە خۆشم تەکیانا ئەچم. هەر وا دروستترە ناوێ لێرەوە هەر وا وێڵیان بکەین.
- دەڵێی کاک مەحموود ئێوە لە لای قوتابییەکان بمێنەوە من لەگەڵیان دەچم.
- نا کاکە گیان قەزات لە من، هەر ئەوەی کە ئێوە لێرە ئاگاتان لە قوتابییەکان ئەبێ بۆ ئێمە تەواوە.
منداڵێک لە دەرگای دا و دەرگای کردەوە. گوتی:
- ئاغا فەرشاد فرە ناڕەحەتە. چەتان کرد؟
- نیگەران مەبن فەرشاد بۆ لای دکتور ئەبەین. ئێوە لە خەوگەکانتان بن و شلووغی مەکەن با ئێمە بزانین چی ئەکەین.
قوتابییەکەی ڕۆیشت.
کاک مەحموود بیستووکی تەلەفۆنەکەی هەڵگرتەوە و گوتی: "زەنگ بۆ کاک ئومید لێدەدەم و هەواڵەکەی پێ ئەڵێم.
زەنگی بۆ لێدا ئەویش گوتبووی ئیدارە ئاگادار دەکەمەوە ئامبۆڵانسەکە بۆ دووڕێیان بنێرن. کاک مەحموود خەریکی خۆ ئامادە کردن بوو منیش چوومە خەوگەی فەرشاد، بە هەر جۆرێک بوو جلوبەرگی گەرممان لەبەر کرد و لەگەڵ دوو قوتابی دیکە فەرشادمان خستە ناو پەتوویەک و لەگەڵ خۆمان بۆ سەرپەرەستیمان هێنا، لەو بەینەدا فەرشاد بەردەوام دەیناڵاند.
لە پەنجەرەی سەرپەرەستییەوە چاوم لە ئاوایی کرد، باڕنی دەکرد، ئاوایی جوان دیار نەبوو، تیشکی پاتڕۆڵەکەی کاک عەباس وەدیار کەوت بۆ لای قوتابخانەی ئێمە دەهات. کاک مەحموود گوتی:
- با مەحتەل نەبین، فەرشاد ببەینە نهومی یەکەم....
فرشادیان خستە ناو پەتوو لەگەڵ قوتابییەکان بردمانە خوار، قەومەکەی فەرشادیش هات. لەگەڵ کاک مەحموود هەڵیان گرتوو لەگەڵ خۆیان بۆ ناو پاتڕۆڵەکەیان برد.
لەبەر دەرگای حەوشە چاوم لێ کرد پاتڕۆڵی کاک عەباس سووڕاوە سەر جادەی گۆڕباوائەلی دووڕێیان.... لەبەر چاوم بزر بوون دەرگاکانمان داخست و لەگەڵ قوتابییەکان هاتینەوە ژوور.
لەو ماوەیەدا بەردەوام لەگەڵ کاک مەحموود بە تەلەفۆن قسەم دەکرد. کاک عەباس بۆ ئێمە ببوو بە فریشتە، فەرشادیان بە زەحمەتێکی زۆر گەیاندبوو بە دووڕێیانی تیکاب لەوێ فەرشاد و ئامۆزای باوکی بە ئامبولانسەکە چووبوونە نەخۆشخانەی سەقز و کاک عەباس و کاک مەحموودیش گەڕابوونەوە. زیاتر لە دوو سەعاتی کێشا هەتا کاک مەحموود هاتەوە لای ئێمە... ئاگام لێبوو کاک مەحموود تا بەیانی خەوێکی وای نەبوو بەردەوام لەگەڵ باوک و ئامۆزاکەی باوکی فەرشاد لە پێوەندی دابوو.
ڕۆژی دواتر هەوا خۆشی کرد و جادەکان خاوێن کرانەوە و فەرشادیش بۆ نیوەڕۆ بە سڵامەتی بۆ قوتابخانە گەڕاوە....
کاک ئومێد لە یەکەک لە ڕێوڕەسمەکانی قوتابخانەدا بۆ ڕێزلێنان لەزەحمەت و ماندووبوونەکانی کاک عەباس، دیاری و لەوحێکی ڕێزلێنانی لەلایەن بەڕێوەبەرانی قوتابخانە و بنەماڵەی فەرشاد، پێشکەش کرد...
+
لەوەیە هەست بەوە بکرێ، ڕووداوێکی ئاسایی کراوە بە چیرۆک، بەڵام کە له چیرۆکەکە ورد دەبینەوە، دەبینین سێ کەسایەتی ناو چیرۆکەکە خۆنەویستانە ئامادە بوون لە یەکەک لە شەوەزەنگەکانی ساردی زستاندا و لە سەرما و بەستەڵەکی ٢٠ پلەی ژێر سیفر و لەناو بەفر و باڕنی ناوچەی بانهەوەتوو -کە بەرزایییەکە ٢٢٠٠ میترە- لە پێناو پاراستنی گیانی قوتابییەک گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
ئەو سێ کەسە:
١- مامۆستای قوتابخانە کاک مەحموودی ئەحمەدپوور (ئێستا لە سەقز مامۆستای خانەنشینە).
٢- کاک عەباسی جۆشکای ئاوایی گۆڕباوائەلی.
٣- ئامۆزای باوکی فەرشاد.
بوون و ناو و یادیان لە زەینمدا هەر زیندووە.
https://t.me/muhsinceldiyani
** | 794 |
| 7 |
هەوڵ بۆ یارمەتیدان بە فەرشاد لەناو
بەفر و باڕنی هەوەتوودا
✍: موحسین جەڵدیانی
بەشی یەک
لە کتێبخانەی قوتابخانە لەگەڵ چەند قوتابییەک ڕاوەستابووم باسی نرخ و بایەخی خوێندنەوەمان دەکرد. قوتابییەک بە پەلە هاتە ژوور و گوتی: "ئاغا، ئاغا فەرشاد کوێر بووە."
پێم وابوو شوخی دەکا، پێم گوت:
- شۆخی دەکەی؟
- ئاغا بەخوا بە ڕاستمە فەرشاد کوێر بووە.
کە زانیم بەجیددی قسە دەکا، گوتم:
- ئێستا فەرشاد لە کوێیە؟
- ئاغا ئەوە لە خەوگەکەی خۆیەتی. ئاغای ئەحمەدپووریش لە لای ئەوە.
خێرا چوومە خەوتنگەی فەرشاد، چەند قوتابییەک لە دەوری قەرەوێڵەی فەڕشاد کۆ ببوونەوە، مامۆستا ئەحمەدپووریش لە لای فەرشاد دانیشتبوو، فەرشاد ڕاکشابوو بەڵام بەردەوام ئەمبەر ئەوبەری دەکرد و دەستەکانی بە سەریەوە گرتبوو هاواری دەکرد و دەیناڵاند دەیگوت: "ئەی سەرم تەقی، ئەی سەرم..."
کاک مەحموود پەشۆکابوو، چاوی لە من کرد و گوتی:
- بەخوا نازانم ئەو مناڵانە بۆ وا ئەکەن.
- چ بووە کاک مەحموود؟
- کاکە لێرە شۆخییان کردووە سەری فەرشاد لە قەرەوێڵەکە کەوتووە، جا نازانم سەر وێکەوتنەکەی لە چ ئاستێک و چۆن بووە. ئەڵێ: "هیچ کەس و هیچ شوێنیک نابینم و بەر چاوم تاریکە."
- کاک مەحموود بە کەپۆیدا خوێنرێژی نەکردووە؟
- ئەڵێ نا.
- ئەی نەڕشاوەتەوە؟
- نا.
- با لەگەڵ خۆمان بۆ سەرپەرەستی ببەین.
بە فەرشادم گوت: "دەتوانی لەگەڵ ئێمە بۆ سەرپەرەستی بێی؟" هەر دەیناڵاند. دەمویست بەرزی بکەمەوە دیسان ناڵاندی و هاواری کرد. کاک مەحموود بە قوتابییەکانی گوت: "بڵاوەی بکەن و بۆ خەوگەکانی خۆتان بچنەوە." بە یەکەک لە هاوژوورەکییەکانی گوت: "بە تەنیا بەجێی نەیەڵی با بزانین چیمان بۆ ئەکرێ."
بەیەکەوە چووینەوە ژووری سەرپەرەستی. من لەسەر قەرەوێڵەکەی خۆم دانیشتم. کاک مەحموودیش چووە لای تەلەفۆنەکەی. پێم گوت:
- چ دەکەی؟
- خۆشم نازانم، چی بکەین؟
- بەفڕ و باڕنە چمان بۆ ناکرێ. بەداخەوە نەخۆشخانەی ئاوایی هێشتا دەستبەکار نەبووە، ڕێگا و بانیش گیراون.
- ئەی چی بکەین؟
- پێم وایە سەرەتا کاک ئومێد وەک بەڕێوەبەری قوتابخانە ئاگادار بکەیەوە، پاشان بۆ باوکی فەرشادیش زەنگ لێبدە با ئەویش ئاگاداری ئەو دۆخە بێ کە ئێمە تێیداین لەوەیە بتوانێ بە جۆرێك یارمەتیمان بدات.
کاک مەحموود زەنگی بۆ کاک ئومێد لێدا. ئەویش مابووەوە چۆن یارمەتی ئێمە بدات. چەند دەقە پاش ئەوەی بیستۆکی تەلەفۆنەکەی دانابووەوە کاک ئومێد زەنگی لێداوە پێی گوت: "ئیدارە ئاگادار ئەکەمەوە بەشکەم ئەوان بتوانن کارێکمان بۆ بکەن." کاک مەحموود زەنگی بۆ باوکی فەرشادیش لێدا. لە ئاوایی کەرەفتوو بوو. باوکی بە کاک مەحموودی گوت: "تەواوی ڕێگا و بانی ئاوایی گیراون هێچ ماشێنێک دەرناچێت و ناتوانم بۆ قوتابخانە بێم." هەندەی پێ نەچوو باوکی فرشاد زەنگی لێداوە بە کاک مەحموودی گوت: "ئامۆزایەکم ماڵی لە گورباوائەلییە بە ئەو ئەیژم بێتە لاتان و یارمەتیتان بدات."
دانیشتبووین چاوەنواری ئەوە بووین کاک ئومێد زەنگمان بۆ لێبداتەوە، زەنگی لێدا.
- سڵاو کاک ئومید.
- ....
- کوا ئێمە دەتوانین تا دووڕێیانی بهێنین.
- ....
- لە ئەوا کاتێکدا ئیدارەی پەروەردە خۆی ئەبێ یارمەتی ئێمە بدات.
- ....
- خوا شوکر کاک موحسین لێرەیە دەنا بەخوا هیچ کارێکم بۆ نەئەکرا.
- ....
- دەی باشە بزانم چمان پێ ئەکرێ.
- ....
بیستووکەکەی دانا و ڕووی لە من کرد گوتی:
- ئەڵێ ئیدارە پێیان وتووە لە ئێرانشاوە ئامبۆلاس تا دووڕێیانی تیکاب دێ و ئێوەش بەهەر جۆرێکی بۆتان بکرێ بیگەیەننە دووڕێیان...
- ئەوە چ قسەیەکە. بە چ وەسیلەیەک فەرشاد بگەیێنینە دووڕێیان، ڕێگا هەموو گیراون کڕێوە و باڕنە.
- بەڕاست کاک موحسین نازانم چی بکەم... سەیر گیرمان خواردووە... ئەو کوڕە خۆی پێ ڕاناگیرێ ئەترسم تووشی خوێنڕێژی مەغزی بێت.
- پێم وانییە کاک مەحموود ئەگە وابا لووتی خوێنی لێ دەهات نیگەران مەبە....
- باشە، پێم ناڵێێ بۆ چاوی نابینێ؟
- نازانم ئەو مەسەلەیە منیشی نیگەران کردووە.
*
https://t.me/muhsinceldiyani | 850 |
| 8 | بدلیس باکووری کوردستان، ١٩١١ زایینی
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 315 |
| 9 | بە بیانووی بڵاوبوونەوەی کتێبی “کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی”
✍: زانیار قادرزادە
بەشی دووەم
دوای ئەوەی یەکەم جار لە دەڤەری ورمێ تەقە لە تفەنگێ دێ و شەڕ هەڵداییسێ، ڕووسەکان وێڕای دەستەیەک سوارەی ئەفشاری بەسەر گوندی باڵووی نزیک ورمێدا دەدەن و بە ماڵان وەردەبن و دەیانپشکنن، چەکوچۆڵ دەدۆزنەوە و دە بازرگانی ئەو گوندە دەستبەسەر دەکەن. پاشان هەر دە کەسەکە بە دارییەوە هەڵداوەسن تا خەڵکی کوردی پێ چاوترسێن بکەن. بەڵام کوردیش هەروا دەستەوەستان نابێ و لێیان دێنە دەست و تا سێ کیلۆمیتریی ورمێ دەگرنەوە. کەچی بەداخەوە هێندەی پێ ناچێ هێزی پشتیوان و یارمەتیدەری ڕووسان دەگەنێ و کوردان تێک دەشکێنن. (خسروزادە، ١٣٩٧، ٦١) هەر لەو بەشەدا نووسەر باسی ڕەگەڵ کەوتن و نزیکبوونی کورد لەگەڵ لەشکری عوسمانی دەکا و لە ڕێی سەرۆک هۆز، کوێخا و ئاغاکانەوە هەڵیاندەفریوێنن و دە شەڕێکیان وەردەدەن کە بە هۆی نەزانی و ناکارامەییی سەرکردەی عوسمانییەکان، کورد دەرەقەتی ڕووسان نایەن و زۆربەیان تێدا دەچن.
لە بەشی سێیەمی کتێبەکەدا نووسەر باسی ئاکامێکی دڵتەزێن بۆ کورد لەو شەڕانەدا دەکا، سەرەتا باسی پێوەندیی باوەڕدارانی دوو ئایینی مەسیحی و ئیسلامییەکان لە کوردستان دەکا. نووسەر بە شێوەیەکی مەیدانی زۆربەی ئەو سەرچاوە و کەسانەی دۆزیوەتەوە کە ڕەنگە بە جۆرێک ئاگاداریی دۆخی ئەو سەردەمی کوردستان بووبن. لە ڕێی ڕیوایەت و گێڕانەوەی کەسایەتییە بەناوبانگ، دەستڕۆیشتوو، ئاغا و کوێخاکانەوە پەردە لەسەر زۆر لایەنی شاراوەی ئەم شەڕانە هەڵدەداتەوە و کۆمەڵێک زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکات. ئەو زانیارییانە دەکرێ ببنە هەوێنی توێژینەوەیەکی زانستی و ئەکادێمیی تێروتەسەل تا لایەنە باش و خراپەکانی ئەم شەڕانە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە وەرد بدرێنەوە.
لە بەشی چوارەمی ئەم کتێبەدا نووسەر سەرباقی هەموو ئەو نەهامەتییانەی داوێنی کوردانی گرتووە، باسی قاتی و قڕی لە کوردستانیش دێنێتە گۆڕێ و لە زمان کۆمەڵیک کەسایەتییەوە باسی ئەو نەهامەتییانە و ئاسەوارەکانی ئەم شەڕە لەسەر ئێران و کوردستان دەکا و بەو ئاکامە دەگا کە کوردستان لەچاو بەشەکانی دیکە زیاتر وێران و کاول بووە.
نووسەر سەرەڕای کۆمەڵێک سەرچاوە و زانیاری، لەسەر یەک هەوڵی داوە ئەو دەقە فۆلکلۆری و زارەکییانە، گێڕانەوەی تۆمارنەکراو، بەڵگەنامە و بیرەوەریی کۆمەڵێک کەسایەتی بکاتە نێوئاخنی باسەکانی و، زەنگینتر و دەوڵەمەندتری بکات. هەربۆیە دەرفەتی هەراوتر دەخوازێ کەسانی پسپۆڕ و شارەزا زیاتری لەسەر بنووسن و خوێندەواری کوردیش هەموو کون و کاژێرەکان بەسەر بکاتەوە. مێژوو چیرۆک و بەسەرهاتی هەموومانە، سەمایەکی ئاڵۆز و تێکچندراوی ئەو شتانەیە کە هەبووە و دەبێ. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەگەر باوەش بەو چیرۆکانەدا بکەین، دەزانین کە مێژوو هەر ڕابردوو نییە، بەڵکو کاکڵ و جەوهەری ژیانە.
سەرچاوە:
جەڵدیانی، موحسین. (١٤٠٣). کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی. مەهاباد، چاپەمەنیی ژیر.
هەورامی، ئەفراسیاو. (٢٠٠٦). کورد لە ئەرشیفی ڕووسیا و سۆڤییەتدا. بڵاوکراوەی دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
خسروزادە، سیروان. (١٣٩٧). راه بی سرانجام، نگاهی بە سرگذشت آسوریان در جنگ جهانی اول. انتشارات: شیرازە کتاب ما. چاپ دوم، خرداد ١٣٩٨.
https://t.me/muhsinceldiyani | 2 017 |
| 10 | بە بیانووی بڵاوبوونەوەی کتێبی “کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی”
✍: زانیار قادرزادە
بەشی یەکەم
مێژوو وەکو فەڕشێکی نەخشین و ڕەنگین وایە کە بە تانوپۆی زەمان چندراوە. هەر چرکەساتێکی زۆر جاران تەوقیتێکی جوانی گێڕانەوەی بەرینی چیرۆکی مرۆڤایەتییە و زۆر جارانیش بەربەرەکانیی مانەوەی نەتەوەیەک بە کەڵەوەکێشی، ئاژاوەگێڕی و ملانە دەقەبڵێنێ. مێژوو تۆماری سەرلەبەری سەرکەوتن و تڕاژێدیاکانی ئێمەیە. ڕووداوی ئەو ئیمپڕاتۆرییانەی بە تێڕادیوی دە بەرزایییەکان هەڵبوون و پاش شەڕ و هەڵڵایەکی زۆر بوونە پووشی بەر بایێ. زایەڵەی شۆڕش، بەرەوپێشچوون و گەڕان بەدووی مانا و ڕاستیی ڕووداوەکاندا. ئەگەر لە ڕاستی دەپرسی، مێژوو هەر ئەوە نییە ڕابردووت بێنێتەوە بەر چاوان، بەڵکو کلیلێکە دەرووی فام و تێگەیشتنمان بە ڕووی ئێستادا دەکاتەوە و پاشان تێمان دەگەیەنێ داهاتوو چی بەسەر دێ و سەر بە کوێوە دەنێ.
هەر لە بەرەبەیانی شارستانییەتەوە، ئەوکاتەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار وڵاتی هەڵکۆڵی و، هێما و سیمبولەکانی خۆی لەسەر بەرد و تاتەبەردەکان هەڵكەند تا لەو ڕێیەوە چیرۆکەکانی خۆی بگێڕێتەوە، تا هەموو شتە سەرسووڕهێنەرەکانی کەونارا، ئەو ئەهرامانەی بۆن بە ئاسمانەوە دەکەن، ئەو شارانەی بە داهێنانی بەشەر ترووسکەی ڕووناکایییان هەموو وڵاتی زێڕەوشان کردووە، ئەو فەلسەفانەی ئێستاش مێشکمان ختووکە دەدەن، بێننەوە بەرچاوان. مێژوو ئاوێنەی هەموو ئەو ڕووداوانەیە کە هەڵماندەپێچێ کێ بووین، کێین و لە داهاتوو دەتوانین کێ بین.
مێژوو شاهیدی بێدەنگی شۆڕش و خەباتی گەرمی ژیانی ئاسایییە. ئەو جووتیارەی چاوی بەسەر مەزرا و زەویوزارییەوەیە، ئەو هونەرمەندەی خەبات و خۆڕاگریی میللەتێک لەسەر لاپەڕەیەک دەنەخشێنێ و ڕووحیان وەبەر دێنێ، ئەو توێژەرەی دە فکران دەنیشێ، دیمەنێک کە کەسایەتییە مەزنەکانی مێژوو، پادشاکان، شاژنەکان، بیرمەندان، خەباتکاران، نووسەران و شاعیران ئاسەواری خۆیانی تێدا بەجێ دێڵن و میراتێک بە ئێمە دەسپێرن کە سنوورەکانی تا ئەودیوی زەمان واوە دەڕوا. هەڵبەت ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە مێژوو پارێزەری هەڵەوپەڵەکانی ئێمەیە. وانەی زۆرداری و نەزانی، شەڕ، ئاژاوە و تۆوی دووبەرەکی، شکاندنی پەیمانی ئاشتی و بەهای ئازادیمان وەبیر دێنێتەوە. ئەوەش هانمان دەدا تا مشووری خۆمان بخۆین، فێر بین و ئەزموون لەو هەڵانە وەربگرین کە وەچەی بەرلە ئێمە پێی ئەنگواون.
لە شووشە لەتوپەتەکانی مێژوودا دەبینین کە تێپەڕبوونی زەمان هەم وەکو بارێکی گران لەسەر شانمانە و هەم دیارییە. ئەم چیرۆکە ڕووحی خۆبەدەستەوەنەدانی بەشەر، سەروسۆراغی بێوەستانی زانست و هەوڵ بۆ یەکسانی و دادپەروەرییە. مێژوو هەر کۆمەڵەی سەربوردە مێژوویییەکان و ڕووداوەکان نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی زیندوویە و تەنگ بە خوێنەر هەڵدەچنێ کە هەموو شتێک ئاشکرا دەکا، هەمیشە خەریکی گوورانە و بە حیکمەتی ڕابردوو وەکو چاوساغێک پیلمان دەگرێ و نهێنیی ڕووداوە نەزانراوەکانمان بۆ دەدرکێنێ.
بەڵام بڵێی مێژووی نەتەوەی کورد لەو شەڕانەی تێیانەوە گلاندووە، خێری دابێتەوە یان وەکو ڕووداوەکانی بەرێ هەر بەشی ماڵوێرانی، ڕاونان، کوشت و کوشتار و لەنێوچوون بووە؟ ئەگەر ئاوڕێک وە ڕابردوو بدەینەوە و بەتایبەتی کتێبی "کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" لە نووسینی بەڕێز موحسین جەڵدیانی بخوێنینەوە، لە سەرەتای کتێبەکەدا چەند پرسیاری سەرەکی دەورووژێنێ و لە ڕێی ئەو پرسیارانەوە دەیان و سەدان وردەپرسیاری دیش دێتە نێو زەینمانەوە و خوێنەر ناچار دەکا بچێ چەندین سەرچاوەی دیش بپشکنێ تا لە وڵامەکان ئەرخەیان بێ. لە بڕگەکانی دواییشدا دۆخی وڵاتانی دەروجیرانی کوردستان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا هەڵدەسەنگێنێ. خوێنەر بۆی ڕوون دەبێتەوە کە پاش هەڵشێلانی لایەنە سەرەکی و لاوەکییەکان و بەبێ ویستی کورد و بەناچاری ئەو شەڕەیان بەسەردا سەپاندووە و بەئیشتیای دڵی خۆیان کاری خۆیان پێ ڕاست هێناوە. پشکی قەجەر، ڕووس و عوسمانییەکان لە جەنگەی ئەو ڕووداوانەدا یەکجار زۆرە و ئەو ململانێیانە بەزەرەری کورد شکاوەتەوە، هاوکات پێکهاتەکانی دیکەی وەکو تورک، ئاسووری و ئەرمەنیش دەوری بەرچاویان لەو مێژووەدا گێڕاوە. بۆ وێنە لە کاتی شۆڕشی تورکیادا هەزران ئەرمەنی و کورد لە کەنیسەی "خالید ئۆغڵی" کۆ دەبنەوە و سوێند دەخۆن کە بە ئاشتی لە دراوسێیەتیی یەکتر بژین، کەچی کومیتەی ئەرمەنی فریوی بەڵێنەکانی تورکان دەخۆن و خیانەت لە کوردەکان دەکەن و لە ڕاپەڕینەکەی "بدلیس"دا پەنا دەبەنە بەر والیی بدلیس و، بۆ دژایەتیی کوردان داوا دەکەن چەکیان بدەنێ. (هەورامی، ١٠،٢٠٠٦)
لە بەشی دووەمی کتێبەکەدا لەسەر خاکی کوردان شەڕ لەنێوان عوسمانییان و ڕووسان هەڵداییسێ و کوردیش لە ناچارییان هەر جارە و ڕوو دە لایەک دەکا.
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 741 |
| 11 | https://t.me/muhsinceldiyani | 932 |
| 12 | کاری مێژوونووس شان دانەبەر کۆڵێکی کۆڵ ئاسایی نییە،...
✍️:د.ڕەهبەر مەحموودزادە
کاری مێژوونووس شان دانەبەر کۆڵێکی کۆڵ ئاسایی نییه، کاری مێژوونووس وەک شان دانە بەر کێوێکی سەرکەشی سەربەتەمه، بگره وەک لەکۆڵ کردنی گۆی زەوییه؛ وەکی له ئوستوورە یۆنانییەکاندا لەبارەی ئەتڵەسدا گوتوویانە: ئەتڵەس له ئاتلانتیکدا باره پڕبارستەکەی لەکۆڵ کرد. زانستی مێژوو ئاتلانتیک یان دووڕگە سێحراوییەکەی مێژوونووسه و باره قورسەکەشی گێڕانەوەی بەروبوو درێژی ڕووداوه مێژووییەکانە. هەر بۆیه کاری مێژوونووس بە شێوازێک و دوو شێواز، یان به کەرەستەیەک و چەند کەرەستە یان به سەرچاوەیەک و دووان دەرجی نایێ. مێژوونووسی کارامه دەبێ فره شێواز و فره کەرەستە و فره سەرچاوە بێ و بەکورتی دەستی پڕ چەک بێ و پشووی درێژ بێ و ئاسۆی ڕوانینی بەربڵاو بێ.
بۆچی کاری مێژوونووس هێنده پێچەڵاوپێچە؟ وڵامی ئەم پرسیاره له سادەترین دەربڕیندا ئەمەیه: سەربوردەی کەسێک ژیانی ئەو تاکەکەسە دەگێڕێتەوە، بەڵام مێژوو، ژیانی بەسەریەکدا کەڵەکەبوو و بەسەریەکدا داپەستراوی هەزاران و ملیۆنان مرۆڤ دەگێڕێتەوە. تۆ چۆن ژیانی ملیۆنان مرۆڤ دەگێڕیەوە به بێئەوەی ئەزموونی ژیاوی ئەو هەموو مرۆڤانە بشەمزێنی و بتەمرێنی و بسووتێنی؟ له گێڕانەوەی مێژوودا ژیان له ژیان دەئاڵێ و تەمەن له تەمەن دەبەزێ و ئەزموون له ئەزمووندا قاڵ دەبێتەوە. له گێڕانەوی مێژوودا ژیان تەکسیر دەبێتەوە.
تۆ بڵێی گێڕانەوەی مێژووی قەڵای دمدم، هەر بەتەنیا گێڕانەوەی بەرخۆدانی ئەمیرخانی برادۆست و شەهید بوونی بێ؟ نا. مێژووی قەڵای دمدم گێڕانەوەی خولیا و مەراقی سەدان هەزار مرۆفی کورد، گێڕانەوەی وەدەست هاتنی کوردانە و عەگیدانەیان و گێڕانەوەی داخ و جەخاری بێبڕانەوەی دواییان بووه. گێڕانەوەی هاواری شایی بەخۆیانەی هەزاران مرۆڤی کورد بووه کاتێک دەنگیان هەڵێناوە و کوتوویانە ئێمه ئەمیرخانمان هەیه و قەڵامان هەیه و شاخمان هەیه. دواجار گێڕانەوەی گریانی لەگەروودا خنکاوی ئەو جەنگاوەره تێشکاوانە بووه کە چنگیان له عاسمان داوە و کوتوویانە: بوار باران، سوار و سەرسواران لەیره چوونە.
هەندێک بڕگەی مێژوویی هەن کە له ژیانی نەتەوەیەکدا دەورێکی چارەنووسسازیان لەچاو بڕگەکانی دیکە هەبووه. بۆ نموونە له مێژووی کورد دا شەڕی ۱۵۱٤ی چالدێران، دابەش کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و هەروەها ڕووداوەکانی شەڕی دووەمی جیهانی دەورێکی یەکلاکەرەوەیان له بیچم پێدانی دۆخی ئێستای ئەو نەتەوەیه هەبووه.
لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا کوردستانی دیوی ڕۆژهەڵات بوو به مەیدانی تەڕاتێنی لەشکری ڕووس و عوسمانی. عوسمانییەکان کوردیان لە شەڕێکەوە گلاند کە شەڕی ئەو نەبوو و بەناحەق بەسەریدا سەپا. ڕووسەکانیش کوردیان قەڵاچۆ کرد و دەستیان دایه کۆمەڵکوژییەکی نگریس و ناجوانمێرانە.
کتێبی "کورد و ڕۆژه ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" له نووسینی بەڕێز کاک موحسین جەڵدیانی کتێبێکە به کەڵک وەرگرتن له لێکۆڵینەوەی مەیدانی و لێکۆڵینەوەی کتێبخانەیی، مێژووی نووسراو و مێژووی زارەکی، دەقی مێژوویی و دەقی فۆلکلۆری، سەنەد و بەڵگەنامه و بیرەوەری و وێنە و شریت و هتد زۆر بەوردی پەرژاوەتە سەر بەڵگەمەند کردنی ئەو بڕگەیه له مێژووی نیشتمان. هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وایان کردووه ئەو کتێبه له جۆری خۆیدا بێهاوتا بێ. ماندوونەبوونی له نووسەری ئەو کتێبه بەرکەتییه دەکەین و خوێنەری پرسۆک و تامەزرۆش بانگهێشتن دەکەین بۆ خوێندنەوەی وردی ئەو کتێبه بەنرخە.
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 463 |
| 13 | "ئاوێتەیەک لە ئاوەز و مێژوو، وانەیەک بۆ وشیاری وەچەی داهاتوو"
✍: کەماڵ حەسۆ
هێگێل فیلسووفی بەناوبانگی ئاڵمانی لەپێناسەیەکی نوێ بۆ مێژوو، پێیوایە ئاوەز بەسەر جیهاندا حاکمە و هەر بەوپێیەی حاکمییەتی ئاوەز دەبێ مێژووش بگرێتەوە، بۆیە ناکرێ هیچ شتێک لەمێژوودا بەهەڵکەوت ڕوویدابێ.
ئێمە کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە لەو بڕگە زەمەنییەدا چاومان بە تۆزوخۆڵی سمی ئەسپان و شیری ڕووت وفڕکەی خوێن و شاری وێران و ئاوایی سووتاو و کەلاکەکانی بۆگەن و کرمەڕێز، دەکەوێ و گوێمان دەزرینگێتەوە بە هەوهەوی سواران و نەعرەتەی شێرانەی مێرانی نێو چەپەر و قرمەی شێستتیر و هاڕەی تەیارە و ویزەی گوللەو ناڵەی قارەمانانی ژێر ئەشکەنجەی ناو سیاچاڵەکان و نیوەنووزەی مناڵانی قاتی لێدراو و نەعرەتەی فیداکارانی بەردەم سێدارەو لایەلایە و چەمەری دایکانی جەرگ سووتاو! زایەڵەی گشت ئەو ناڵە و هاوار و نەعرەتانە لە دڵی مێژوودا دەبیسینەوە و پەرێزی هزری ئێستامان ڕەنگینتر دەکا. بۆیە خوێنەری کارای کتێبی "کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" زۆر بەخێرایی هەست بە باندۆڕی جۆغرافیا بەسەر مێژوودا دەکا و دەزانێ هەڵکەوتەی ئەو
وڵاتە سازگار و خاکە پڕپیت و بەرەکەت و شوێنە ئیستراتژیکە لەناوچە، بۆتە هۆی ئەوەی هەموو وڵاتانی زلهێز و داگیرکەر چاوی تەماعی تێببڕن و لەزۆربڕگەی زەمانیدا بیکەن بە مەیدانی تەڕاتێنی خۆیان. لەو بڕگەدیارەی مێژوودا داگیرکەرانی تورکی عوسمانی بە تۆقاندنی سەرۆک عەشیرە کوردەکان و دەسکیسیی بەشێکی بەرچاو لە پیاوانی ئایینی، جەماوەری کوردستان دەخرۆشێنن و بۆخەزا بەدژی دەوڵەتی حرووس ئامادەیان دەکەن و دەیانکەن بە کەوا سووری پێشلەشکری عوسمانی و لە کاتی شکست و تەنگانەشدا پشتیان تێدەکەن و بەشاخ و داخی نیشتمانیان دەسپێرن.
ئاوەزی بەدوور لە ئەخلاقی داگیرکەران، بەرژەوەندییان لەو هەلە ناسکەدا دابین دەکا و کورد دەشەڕێکەوە دەگلێنن کە جیا لە قاتی و قوڕی و وێرانی و کاولکاری نیشتمان، چ دەستکەوتێکیان نابێ. ئێمە دە ڕەوتی مێژوودا گەلێکجار چاومان بە زۆر جەنایەت و کارەسات دەکەوێ کە داگیرکەران و دەستەڵاتداران بۆ دەستەبەرکردنی دەستەڵات و مسۆگەر کردنی بەرژەوەندی و ڕەوگیرکردنی خاک کردوویانە و زۆرجار ڕیوایەتی ئەو بڕگە زەمەنییەمان لە زمانی چەند کەسێکەوە بیستووە کە بەهۆی نەبوونی سەرچاوە، تێکەڵ بەخەیال کراون و لە ژانرەکانی چیرۆک و ڕۆماندا کەڵکیان لێوەرگیراوە کە بەداخەوە خزمەتێکی ئەوتۆ بە زانیاریی مێژوویی و وشیاری نەتەوەیی ناکا بەڵام نووسەری کتێبی" کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە باسی لەو ڕووداوە مێژوویییە کردووە و کۆمەڵێک ڕیوایەتی نوێی لەناو کتێبەکەیدا هێناوە کە تا ئەوڕۆکە لە هیچ کتێبێکی مێژووییدا باسیان لێوە نەکراوە.
خاڵێکی جێگای سەرنجی دیکەی ئەو کتێبە، کەڵکوەرگرتن لە دوو بەیتی تایبەت (ئەرکان و خەلیلپاشا)یە و هەر وەها کەڵک وەرگرتن لە فایلی دەنگیی (باپیراغای قادری)یە کە بەشێک لەمێژوومان بۆ وەدەنگ دێنێ کە خوێنەری کارا دەتوانێ زانیارییەکی زۆریان لێهەلێنجێ و خزمەتێکی زۆر بە وشیاریی نەتەوەیی بکات.
بەگشتی ئەو کتێبە وتەکەی هێگێلمان بۆ سوور دەکاتەوە کە ڕووحی حاکم بەسەر هەر نەتەوەیەک، لە ڕەهەندەکانی مێژوودا بیچم دەگرێ، واتە ڕووحی حاکم لەسەر هەر نەتەوەیەک ئەو زانیاری و وشیارییەیە کە نەتەوەیەک سەبارەت بەخۆی دەستەبەری دەکات بەجۆرێک کە
ئێمە بە زانیاری مێژوویی و وشیاریی نەتەوەیی هەنگاو بۆ فامکردنی کێشەو گرفتەکان هەڵبێنینەوە و چارەسەری پرسەکان بکەین و بەچاوانی کراوەوە و ڕوانینێکی وردبینانە، مێژوو بۆ نەوەی داهاتوو بنووسینەوە و لاپەڕەکانیشی وابنەخشێنین کەکاتێک نەوەکانی داهاتوو لاپەڕەکانی هەڵدەدەنەوە شەرم نەمانگرێ و بزەی ڕەزایەت لەسەر لێویان بنەخشێ و غروورێکی کوردانە دە دەماریاندا بمەیێ و ڕووحیەی فیداکاری و لەخۆبردوویی لێفێر بن و ئاوێتەی هزریان بێ و دە لەشیاندا بگەڕێ و ئەوانیش ببن بە ئۆلگوویەک بۆ نەوەکان و وەچەکانی دوای خۆیان.
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 546 |
| 14 | "ئاوێتەیەک لە ئاوەز و مێژوو، وانەیەک بۆ وشیاری وەچەی داهاتوو"
✍: کەماڵ حەسۆ
هێگێل فیلسووفی بەناوبانگی ئاڵمانی لەپێناسەیەکی نوێ بۆ مێژوو، پێیوایە ئاوەز بەسەر جیهاندا حاکمە و هەر بەوپێیەی حاکمییەتی ئاوەز دەبێ مێژووش بگرێتەوە، بۆیە ناکرێ هیچ شتێک لەمێژوودا بەهەڵکەوت ڕوویدابێ.
ئێمە کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە لەو بڕگە زەمەنییەدا چاومان بە تۆزوخۆڵی سمی ئەسپان و شیری ڕووت وفڕکەی خوێن و شاری وێران و ئاوایی سووتاو و کەلاکەکانی بۆگەن و کرمەڕێز، دەکەوێ و گوێمان دەزرینگێتەوە بە هەوهەوی سواران و نەعرەتەی شێرانەی مێرانی نێو چەپەر و قرمەی شێستتیر و هاڕەی تەیارە و ویزەی گوللەو ناڵەی قارەمانانی ژێر ئەشکەنجەی ناو سیاچاڵەکان و نیوەنووزەی مناڵانی قاتی لێدراو و نەعرەتەی فیداکارانی بەردەم سێدارەو لایەلایە و چەمەری دایکانی جەرگ سووتاو! زایەڵەی گشت ئەو ناڵە و هاوار و نەعرەتانە لە دڵی مێژوودا دەبیسینەوە و پەرێزی هزری ئێستامان ڕەنگینتر دەکا. بۆیە خوێنەری کارای کتێبی "کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" زۆر بەخێرایی هەست بە باندۆڕی جۆغرافیا بەسەر مێژوودا دەکا و دەزانێ هەڵکەوتەی ئەو
وڵاتە سازگار و خاکە پڕپیت و بەرەکەت و شوێنە ئیستراتژیکە لەناوچە، بۆتە هۆی ئەوەی هەموو وڵاتانی زلهێز و داگیرکەر چاوی تەماعی تێببڕن و لەزۆربڕگەی زەمانیدا بیکەن بە مەیدانی تەڕاتێنی خۆیان. لەو بڕگەدیارەی مێژوودا داگیرکەرانی تورکی عوسمانی بە تۆقاندنی سەرۆک عەشیرە کوردەکان و دەسکیسیی بەشێکی بەرچاو لە پیاوانی ئایینی، جەماوەری کوردستان دەخرۆشێنن و بۆخەزا بەدژی دەوڵەتی حرووس ئامادەیان دەکەن و دەیانکەن بە کەوا سووری پێشلەشکری عوسمانی و لە کاتی شکست و تەنگانەشدا پشتیان تێدەکەن و بەشاخ و داخی نیشتمانیان دەسپێرن.
ئاوەزی بەدوور لە ئەخلاقی داگیرکەران، بەرژەوەندییان لەو هەلە ناسکەدا دابین دەکا و کورد دەشەڕێکەوە دەگلێنن کە جیا لە قاتی و قوڕی و وێرانی و کاولکاری نیشتمان، چ دەستکەوتێکیان نابێ. ئێمە دە ڕەوتی مێژوودا گەلێکجار چاومان بە زۆر جەنایەت و کارەسات دەکەوێ کە داگیرکەران و دەستەڵاتداران بۆ دەستەبەرکردنی دەستەڵات و مسۆگەر کردنی بەرژەوەندی و ڕەوگیرکردنی خاک کردوویانە و زۆرجار ڕیوایەتی ئەو بڕگە زەمەنییەمان لە زمانی چەند کەسێکەوە بیستووە کە بەهۆی نەبوونی سەرچاوە، تێکەڵ بەخەیال کراون و لە ژانرەکانی چیرۆک و ڕۆماندا کەڵکیان لێوەرگیراوە کە بەداخەوە خزمەتێکی ئەوتۆ بە زانیاریی مێژوویی و وشیاری نەتەوەیی ناکا بەڵام نووسەری کتێبی" کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی" لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە باسی لەو ڕووداوە مێژوویییە کردووە و کۆمەڵێک ڕیوایەتی نوێی لەناو کتێبەکەیدا هێناوە کە تا ئەوڕۆکە لە هیچ کتێبێکی مێژووییدا باسیان لێوە نەکراوە.
خاڵێکی جێگای سەرنجی دیکەی ئەو کتێبە، کەڵکوەرگرتن لە دوو بەیتی تایبەت (ئەرکان و خەلیلپاشا)یە و هەر وەها کەڵک وەرگرتن لە فایلی دەنگیی (باپیراغای قادری)یە کە بەشێک لەمێژوومان بۆ وەدەنگ دێنێ کە خوێنەری کارا دەتوانێ زانیارییەکی زۆریان لێهەلێنجێ و خزمەتێکی زۆر بە وشیاریی نەتەوەیی بکات.
بەگشتی ئەو کتێبە وتەکەی هێگێلمان بۆ سوور دەکاتەوە کە ڕووحی حاکم بەسەر هەر نەتەوەیەک، لە ڕەهەندەکانی مێژوودا بیچم دەگرێ، واتە ڕووحی حاکم لەسەر هەر نەتەوەیەک ئەو زانیاری و وشیارییەیە کە نەتەوەیەک سەبارەت بەخۆی دەستەبەری دەکات بەجۆرێک کە
ئێمە بە زانیاری مێژوویی و وشیاریی نەتەوەیی هەنگاو بۆ فامکردنی کێشەو گرفتەکان هەڵبێنینەوە و چارەسەری پرسەکان بکەین و بەچاوانی کراوەوە و ڕوانینێکی وردبینانە، مێژوو بۆ نەوەی داهاتوو بنووسینەوە و لاپەڕەکانیشی وابنەخشێنین کەکاتێک نەوەکانی داهاتوو لاپەڕەکانی هەڵدەدەنەوە شەرم نەمانگرێ و بزەی ڕەزایەت لەسەر لێویان بنەخشێ و غروورێکی کوردانە دە دەماریاندا بمەیێ و ڕووحیەی فیداکاری و لەخۆبردوویی لێفێر بن و ئاوێتەی هزریان بێ و دە لەشیاندا بگەڕێ و ئەوانیش ببن بە ئۆلگوویەک بۆ نەوەکان و وەچەکانی دوای خۆیان.
https://t.me/muhsinceldiyani | 13 |
| 15 | خوێنەرانی کتێبی کوردی
کتێبی کورد و ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە نووسینی بەڕێز موحسین جەڵدیانی
چاپ و بڵاو بووەوە.
ئەو کتێبە قەبارەی ڕوقعی و ٣٤٢ لاپەڕەیە، نێوەرۆکی کتێبەکە باس لە بەسەرهاتی ٧ ساڵ مێژووی نەتەوەی کورد لە نێوان ساڵانی ١٢٩٣ تا ١٢٩٩ کۆچی هەتاوی لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا دەکات.
نووسەر هەوڵی داوە هەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا خوێنەر بەرەوڕووی ئەو پرسیارانە بکاتەوە کە:
" کوردەکان بە چ هۆگەلێکەوە لە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە گلان؟ چۆنیان شەڕ کرد و دەسکەوتیان لەو شەڕەدا چ بوو؟"
توێژەر هەوڵ دەدا لە بەشە جۆربەجۆرەکانی کتێبەکەدا بە شوێن دۆزینەوەی وڵامی پرسیارەکانی بێت.
لە ڕاستیدا ئەم کتێبە باس لە دەرئەنجامی ئەو شەڕە دەکا کە بەسەر نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد داسەپا و زۆری خایاند بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆیان لەژێر باری ئەو شەڕە نەگریسە و لێکەوتەکانی ڕزگار بکەن و بێنەوە سەر دۆخی ئاسایی ژیانی پێشوویان.
لەبەر ئەوەی کتێبەکە هەم بە گۆشەنیگایەکی دیکەوە باسی لەو بڕگە مێژوویییە کردووە و هەم کۆمەڵێک ڕیوایەتی نوێی لەناو دایە کە تا بەئەمڕۆ لە کتێبە مێژوویییەکاندا باسیان لێوە نەکراوە. | 1 207 |
| 16 | ناوی کتێب: میرزا
بابەت: ڕۆمان
نووسەر: فەتاح ئەمیری
چاپ: سەلاحەددین_ئەییووبی
شوێن: ورمێ
ساڵی بڵاوبوونەوە: ١٣٧٢ | 1 623 |
| 17 | ناوی کتێب: هاوارەبەرە
بابەت: ڕۆمان
نووسەر: فەتاح ئەمیری
چاپ: سەلاحەددین_ئەییووبی
شوێن: ورمێ
ساڵی بڵاوبوونەوە: ١٣٦٩ | 1 574 |
| 18 | مێژووی بلباس
بلباسەکان لە سەردەمی مەزنایەتی قەرەنیئاغای یەکەمی مامەشدا(بەشی دوو)
✍: موحسین جەڵدیانی
لە دوای ئەو سەرکەوتنانە، نزیک بە هەمووی سەرۆکهۆزەکانی هەرێمی ورمێ، تەورێز و... سەریان بۆ دەسەڵاتداری ئیمامقوڵیخان دانواند. ناوبراو لەو باوەڕەدا بوو لە دوای نادرشای ئەفشار دەبا ئەو ببا بە پاشای وڵات.
ساڵی ١٧٨٢(ز)بۆ ماوەی سێ ڕۆژان لە باژێری ورمێ میوانداری لە سەرۆکهۆزەکانی هەرێمەکە کرد. بەشداربوانی ئەو کۆڕەکە بریتیبوون لە سەرکردە ئەفشارەکانی ورمێ، قەرەنیئاغای مەزنی بەرەی بلباس، ئەفراسیاوسوڵتانی زەرزا، سەرکردە دونبولییەکانی خۆی و تەورێز، ئەحمەدبەگی موقەددەمی مەراغە، ئەحمەدخانی موکری و... هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا سەرکردەکانی هەرێمی ورمێ و تەورێز و... خۆیان لە ململانێی نێوان زەند و قەجەرەکان بپارێزن.
لە هەمان ساڵدا ئیمامقوڵیخان بڕیاری دا لەگەڵ عەلیمورادخانی زەند بەشەڕ بێت بەڵام لەبەر ئەوەی نەجەفقوڵیخان حاکمی تەورێز ئامادە نەبوو هاوکاری بکات هێرشی کردە سەر تەورێز. کاتی هێرشەکە لە وەرزی ساردی ساڵدا بوو و نەجەفقوڵیخانیش خۆی بە دەستەوە نەدا و زەختی سەرما هێندە زۆر بوو، سوپای ئیمامقوڵیخان تووشی ئاستەنگ و کێشە بووەوە و بەناچاری پاشەکشەیان کرد.
ساڵی دواتر واتا ساڵی ١٧٨٣(ز) جارێکی دیکە بڕیاری دا هێرش بکاتەوە سەر عەلیمورادخان. ئەو جارەش ئیمامقوڵیخان بە هاوڕێیەتی بەرەی بلباس، هۆزی زەرزا و موکرییەکانی موکریان و... بەرەوڕووی لەشکری عەلیمواردخان بوونەوە. لە ئاکامدا ئیمامقوڵیخان شکستی خواردو پاشەکشەی بۆ ورمێ کرد. ناوبراو لە کاتی پاشەکشە بۆ پشوو لەسەر کانییەک دادەنیشێ و هەندەی پێناچێ دەڕشێتەوە و هەر لەوێ کۆچیدوایی دەکات. لە دوای ئەو ڕووداوە هێزەکەی لەبەریەک هەڵوەشاوە.
لە دوای شەڕەکە عەلیمورادخانی زەند، ئەمیر ئەسلانخانی کردە حاکمی ورمێ. محەممەدقوڵیخانی برای ئیمامقوڵیخان لە دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی ئەمیرئەسلانخان ناچار بوو ڕا بکات و بۆ ماوەیەک چووە لای قەرەنیئاغای مامەش. پاش ئەوەی ماوەیەک لە لای ئەو دەمێنێتەوە پێوەندی دڵداری لە نێوان محەممەدقوڵیخان و گوڵێخانی کچی قەرەنیئاغای مامەش دروست دەبێ و دواجار قەرەنیئاغا، گوڵێخانی لێ مارە دەکا و دەبێ بە خەزووری ناوبراو، بەمجۆرە خزمایەتی لەناو قەرەنیئاغای مەزنی بلباسەکان و ئەفشارەکانی ورمێ دروست دەبێ.
لە دوای ئەوەی محەممەدقوڵیخانی ئەفشار لەساڵی ١٧٨٣ دا بە یارمەتی قەرەنیئاغای مامەش بوو بە دەسەڵاتداری ورمێ و هەر بە ڕێچکەی ئیمامقولیخانی برایدا دەڕوا. ناوبراو هەوڵی دا بە زەبروزەنگ نەیارەکانی کپ بکا. محەممەدقوڵیخان قەرەنیئاغای مامەشی کردە سەرکردەی سوارەی پارێزەری سنوورەکان.
لەبەر هەندێک کێشە کە لە ڕابردوودا لە نێوان ئەفشارەکان و دونبولییەکانی خۆی هەبوو هەڵیکوتا سەریان. دواجار شکستی لە دونبولییەکان خوارد. بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە داوای هاوکاری و یارەمەتی لە قەرەنیئاغای مامەش و ئەفراسیاوسوڵتانی زەرزا کرد بە هانایەوە بچن. بە یارمەتی ئەوان دونبولییەکانی شکست دا. محەممەدقوڵیخان بۆ ئەوەی خزمایەتی لەگەڵ زەرزاکانیش دروست بکا. خوشکی خۆی دا بە ئەفراسیاوسوڵتان.
ساڵی ١٧٨٥(ز)محەممەدقوڵیخان لە باژێری ورمێ ڕێوڕەسمێکی پێک هێنا، لەو ڕێوڕەسمەدا ئەفراسیاوسوڵتانی زەرزا، قەرەنیئاغای مامەش، بوداقخانی موکری و ئەسکەندەرخانی ئیمانلووی ئەفشاریش بەشداریان کردووە. محەممەدقوڵیخان لەو بۆنەیەدا داوای لە عەلیڕەزاخان یەکەک لە سەرکردە ئەفشارەکان کرد پێنج کچی خۆی لە ئەوی و ئەو چوار کەسەی ناومان هێنا مارە بکا. ئەویش ڕازی دەبێ، هەر ئەو شەوی کچەکانی عەلیڕەزاخان لە محەممەقوڵیخان و میوانەکانی مارە دەکرێ و بەو شێوەیە ناوبراو لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی هەرێمەکە دەبێ بە ئاواڵزاوا.
بابەتێکی دیکەی کە بۆ ئەوەی دەبێ لێرە باسی لێوە بکەین، شێوەی مامەڵەی قەرەنیئاغا و باپیرئاغای مەنگوڕ لەگەڵ دۆخی سەردەمی خۆیان بووە. قەرەنیئاغای یەکەم بەردەوام پێوەندی لەگەڵ ئەفشارەکان هەبووە و ئەو پێوەندییەش بەردەوام گەشەی کردووە بەڵام هەمووکات کێشەی لەگەڵ باپیراغای مەنگوڕ هەبووە. ئەو جۆرەی لە کتێبە مێژوویییەکاندا باس کراوە لە دەورەی دەسەڵاتداری قەرەنیئاغای یەکەمی مامەش وەک مەزنی بەرەی بلباس، لەبەر دوو هۆ کێشەی لەگەڵ باپیرئاغای یەکەمی مەنگوڕ هەبووە. یەکەمیان لەبەر ئەو پێوەندییە پتەوە بووە کە لە نێوان باپیراغای مەنگوڕ و مەحموودپاشای باباندا هەبووە و دووەمیش باپیرئاغا گوێڕایەڵی فەرمانەکانی قەرەنیئاغا نەبووە.
بۆیە لە کاتە هەستیارەکاندا قەرەنیئاغا یارمەتی مەنگوڕەکان و باپیرئاغای نەداوە، تەنانەت لە کاتی کوژرانی بە کۆمەڵی مەنگوڕەکان لە مەراغە دە هانای مەنگوڕەکانەوە نەچووە.
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 516 |
| 19 | شەوی یەلدایە، یا دەیجورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەمشەو؟!
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە، قوربان!
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە، بۆیە
لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو
کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان،
چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟!
لە خەو هەڵساوە، یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە، یا مەخموورە، ئەمشەو؟
سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ
جێگەم سەر دارەکەی مەنسورە ئەمشەو
موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی
لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو
+++
شاعیر: نالی
خوێندنەوە: باست حەمەغەریب
گۆرانیبێژ: عەدنان کەریم
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 699 |
| 20 | گرینگایەتی خوێندنەوەی مێژووی هۆز و بەرە کوردییەکان
✍: موحسین جەڵدیانی
لەوەیە ئەو پرسیارە لای هەندێك لە خوێنەرانی ژووری شوناس دروست ببێ کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر باسێكی تایبەتی وەک مێژووی بڵباس بابەت بڵاو دەکرێتەوە؟
بەر لەوەی وڵامی پرسیاری ئەو ئازیزانە بدەمەوە بە پێویستی دەزانم باس لەو قۆناخەی ژیانی خۆم بکەم کە وەک قوتابی لە قوتابخانەکانی ناوەندی و دواناوەندی شارەکەم وانەم دەخوێند. ئەو سەردەمی بیرم لەوە دەکردەوە بۆ ئەو کتێبە مێژوویییانەی لە قوتابخانەکان پێمان دەڵێنەوە نێوەرۆکی باسەکانیان هەر پێوەندی بە بەسەرهاتی ژیانی پاشاکانی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئیقلیمی و جیهانییەوە هەیە؟ بۆ مێژووی هەرێمەکانی ئێمەی تێدا نییە؟ لە بەدەگمەن لاپەڕەیەکدا نەبا، ئەویش ئەگەر باس کرابا، زۆر بەڕاگوزاری ئاوڕ لە مێژووی نەتەوە و بابوکاڵی ئێمە درابووەوە. یانی بە درێژایی ئەو سەدان و بگرە هەزاران ساڵە ئێمە بێ مێژوو بووین؟ بە واتایەکی دیکە ئێمە وەک کارگ لەو وڵاتە هەڵتۆقیبووین؟!
ساڵانی دواتر بەدەر لە کتێبە مێژوویییەکانی قوتابخانەکان، کۆمەڵە کتێبێکی مێژووییم وەدەست کەوتن و توانیم تا ڕادەیەک بەهۆی ئەوانەوە ئاگاداری مێژووی نەتەوەکەم ببمەوە. لەو ساڵانەی دواییشدا کۆمەڵەکتێبێکی دیکەم دەست کەوتوون کە پێوەندییان بە بەڵگە مێژووییەکانی وڵاتانی ڕووسیا و ئێران و عوسمانییەوە هەیە. ئەو کۆمەڵە بەڵگەیە دەوری تیشک لەناو تاریکایی و شەوەزەنگدا دەگێڕن و ئێمەومانان بە یارمەتی ئەو سەرچاوانە تا ڕادەیەک دەتوانین بچینە ناو داڵانە تاریکەکانی مێژوو و مێژووی نەتەوەکەمانی پێ بخوێنینەوە، تا دواجار بزانین لە ڕەوتی مێژوودا چمان بەسەر هاتووە. تەنانەت دەتوانین زۆرێک لە گرێکوێرەکانی مێژووی نەتەوەکەمان بەو بەڵگانە بکەینەوە و بۆمان ڕوون بێتەوە کوردەکان بۆ مانەویان لە ڕەوتی مێژوودا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ یەک کردووە و هەروەها هەڵسوکەوتیان لەگەڵ گەلانی درواسێ و نەیارەکانیان چۆن بووە و بە پێچەوانەشەوە دەسەڵاتدارانی دەروجیران، چۆنیان لە کورد ڕوانیوە و چیان بەسەر ئێمەی کورد هێناوە.
ئێستا کە خەریکم بە شێوەی ڕاگوزاری ئاوڕ لە مێژووی هۆزی بلباس دەدەمەوە بەو واتایە نییە کە لە هەوڵی ئەوە دام بە شان و باڵی سیستەمی فێئۆداڵی هەڵبڵێم. بەڵکوو لەو نووسینانەدا هەوڵ دەدەم ئەو کەسانەی بە شێوەی پرۆفێشناڵ لەبەر نەبوونی کات، یان بە هەر هۆیەکی دیکە ناتوانن ئاوڕ لە مێژوویی خۆجێیی نەتەوەکەمان بدەنەوە بە یارمەتی ئەو بابەتانەی لە کەناڵی تێلێگرامی شوناسدا بڵاویان دەکەمەوە تا ڕادەیەک ئاگاداری بەسەرهاتی بابوکاڵی خۆیان بکەمەوە و بزانن ئەوان چۆنیان ژیان کردووە و چ خزمەتێکیان بە خەڵكەکەی خۆیان کردووە هەروەها کامانەیان بە پێچەوانەوە مامەڵەی دروستیان لەگەڵ نەتەوە و تاکی کورد نەکردووە.
هەموو ئەو کەسانەی لەو لاپەڕانەدا باسیان لێوە دەکەین ماڵاوایییان لە ژیان کردووە بەڵام لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا ناویان هاتووە. باس لە هەندێک لەو سەرۆک هۆزانە کراوە کە لە پێناو بەختەوەری خەڵکەکەیان گیانیان بەخت کردووە. هەشبوون کەسانێک کە نە تەنیا خزمەتیان نەکردووە بەڵکوو ئاستی کەسایەتی خۆیان ئەوەندە دابەزاندووە کە ئامادە بوون بۆ نەیارانی گەلەکەیان سیخوڕی بکەن و برا و ئامۆزا و...یان بەکوشت بدەن. ئەو جۆرە کەسانە بۆ بەرژەوەندی کاتی خۆیان هۆز و نەتەوەکەیان فرۆشتووە. بەسەرهاتی لێوڕێژ لە خیانەت و غەدر و بێ ڕوحمی ئەو کەسانە لەمێژوودا بەڕوونی باس کراوە.
پێم وایە تاکی کورد پێویستی بە خوێندنەوەی مێژوویی هۆز و عەشیرەتە کوردەکان هەیە. بۆ ئەوەی هەم بزانین ئەوان چیان کردووە کە ئێمە لەحاند نەتەوەکانی دەروجیرانمان لە جێگایەک وێستاوین کە نەدەبا ئێستا لێی باین و هەم خۆمان بڕیاری دروست لە پێچە هەستیارەکانی مێژوویی نەتەوەکەمان و ئەو ڕووداوانە بدەین کە بۆی هەیە کردەی ئێمەش شوێندانەر بێ و هەڵەی هەندێک لە پێشینیانمان دووپات نەکەینەوە.
پێم خۆش دەبێ هاوڕێیەتیم بکەن تا بەشێک لەو بەسەرهاتە مێژوویییانە، کە بەشێوەی زنجیرەباس لەو ژوورەدا بڵاو دەبنەوە، بخوێنینەوە.
***
https://t.me/muhsinceldiyani | 1 381 |
