تۆ حەقت دەوێت... یان دەتەوێت حەق لەگەڵ تۆدا بێت؟! ⚖️
یەکێک لە سەختترین ئەو تاقیکردنەوانەی کە حەقیقەت و ناخی مرۆڤ ئاشکرا دەکات ئەوەیە:
حەق و ڕاستی لەسەر زاری کەسێک دەرکەوێت کە خۆشت ناوێت
کاتێک بەڵگەت بە ڕوونی بۆ دەردەکەوێت، لە ناختدا چی ڕوودەدات؟
* ئایا دڵخۆش دەبیت چونکە ڕاستییەکەت زانی؟
* یان بێزار دەبیت چونکە ڕاستییەکە لەگەڵ تۆدا نەبوو؟
ئایا بە ئاسانی دەڵێیت: بەڵێ، من هەڵە بووم ؟
یان دەست دەکەیت بە گەڕان بەدوای دەرچەیەکدا ؟
➖ جارێک بە لێکدانەوە و تەئویلکردنی قسەکەی...
➖ جارێک بە گۆڕینی بابەتی گفتوگۆکە...
➖ جارێک بە گەڕان بەدوای هەڵەیەکی تری ئەودا...
➖ وە جارێکیش بە وتنی: بەڵێ قسەکەی ڕاستە،
بەڵام...
وە هەندێک جار ئەم «بەڵام»ـە، دەبێتە دوایین قەڵای نەفس پێش ئەوەی دان بە شکستدا بنێت!
ئەو کەسەی «حەق»ـی دەوێت، لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
"خوایە گیان حەقم وەک حەق پێشان بدە، تەنانەت ئەگەر لەسەر زاری ئەو کەسەش دەرکەوێت کە پێچەوانەی منە، وە تەنانەت ئەگەر بەهۆیەوە ناچار ببم پاشگەز ببمەوە لە قسەیەک کە چەندین ساڵە کردوومە."
بەڵام ئەو کەسەی دەیەوێت «حەق لەگەڵ ئەودا بێت»، ئەوا هێندەی بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە پشتگیریی هەڵوێستەکەی بکات، هێندە بەدوای حەقیقەتدا ناگەڕێت!
🔹 دەخوێنێتەوە.. تەنها بۆ ئەوەی شتێک بدۆزێتەوە کە هاوڕای بێت.
🔹 پرسیار لە کەسێک دەکات.. کە پێشبینی دەکات ئەو فەتوایەی پێ بدات کە خۆی دەیەوێت.
🛑 وە کاتێک بەڵگەی پێچەوانەی بۆ دێت، ناپرسێت:
(ئایا ئەمە ڕاستە؟)
بەڵکو دەپرسێت:
(چۆن وەڵامی بدەمەوە؟!)
بەرگری لە حەق دەکەیت یان لە نەفسی خۆت؟! ⚖️✨
لێرەدا زانست لە ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە حەقەوە... دەگۆڕێت بۆ چەکێک بۆ سەرخستنی نەفس!
وردببنەوە لەم فەرموودەیەی خوای گەورە کە دەفەرموێت:
﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَى أَنْفُسِكُمْ﴾
(واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، بەردەوام دادپەروەر بن و لەپێناو خوادا شایەتی بە حەق بدەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر زیانی خۆشتان بێت).
🛑 ﴿وَلَوْ عَلَى أَنْفُسِكُمْ - تەنانەت ئەگەر لەسەر زیانی خۆشتان بێت﴾!
واتە تەرازووی حەق ناگۆڕێت تەنها لەبەر ئەوەی ئەنجامەکە لە دژی تۆیە.
ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین پلەکانی پەروەردەکردنی نەفس:
کە بتوانیت لەگەڵ حەقیقەتدا بوەستیت، هەم لەو کاتەی لە قازانجتدایە، وە هەم لەو کاتەشدا کە لە دژتە .
🔹 لە ماڵەوە... لەوانەیە کوڕەکەت لەسەر هەق بێت و تۆ هەڵە بیت، یان لەوانەیە خێزانەکەت پێکاویەتی.
🔹 لە کۆڕێکی زانستیدا... لەوانەیە کەسێک کە زانستی لە تۆ کەمترە، ئاگادارت بکاتەوە لە هەڵەیەک کە تێی کەوتوویت.
🔹 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا... لەوانەیە پۆستێک بنووسیت، پاشان کەسێک بێت و بە بەڵگەوە زانیارییەکەت بۆ ڕاست بکاتەوە.
لێرەدا پرسیارە ڕاستەقینەکە دەردەکەوێت:
*
تۆ حەقت دەویست... یان دەتویست حەق لەگەڵ تۆدا بێت؟!
مەترسە لە وتنی:
«هەڵەم کرد».
چونکە ئەم وشەیە وەک ئەوەی خەیاڵی بۆ دەکەیت قەدر و قورساییت کەم ناکاتەوە. بەڵکو لەوانەیە لە تەرازووی خوای گەورەدا گەورەتر بێت لە گفتوگۆیەکی درێژ کە لەبەردەم خەڵکدا تێیدا سەرکەوتوو بوویت، بەڵام نەفسی خۆتت تێدا دۆڕاندووە!
بۆیە ئەگەر حەقت بۆ دەرکەوت، مەپرسە:
(کێ ئەمەی وت؟)
وە مەپرسە:
(ئەگەر پاشگەز ببمەوە خەڵک چی دەڵێن؟)
بەڵکو تەنها یەک پرسیار لە خۆت بکە:
خوای گەورە چی لە من دەوێت دوای ئەوەی کە حەقم زانی؟!
💡
دوای ئەوەی ئەم بابەتەت خوێندەوە... نەفسی خۆت تاقی بکەرەوە و بەم خاڵانە چاکی بکە و بزانە کە:
·
حەق لەپێش نەفسەوەیە: ئامانجی سەرەکیی هەر گفتوگۆیەک دەبێت دۆزینەوەی ڕاستی بێت، نەک دەرکەوتن وەک براوە. هەمیشە پێش و دوای گفتوگۆکان نییەت و هەستی خۆت بپشکنە و بزانە تا چەند بۆ حەقە نەک بۆ سەرخستنی نەفس.
·
ئازایەتی لە داننان بە هەڵە: کاتێک هەڵەکەت دەرکەوت، دەستبەجێ و بەبێ پاساوهێنانەوە یان گۆڕینی بابەت دانی پێدا بنێ، و سوپاسی ئەو کەسەش بکە کە ڕاستییەکەی پێوتیت.
·
پشتبەستن بە بەڵگە و گوێگرتن: لەکاتی جیاوازیی ڕادا، سەرەتا بەدوای بەڵگەی بەرامبەردا بگەڕێ نەک بیر لە شێوازی وەڵامدانەوەی بکەیتەوە.
·
جیاکردنەوەی قسە لە قسەکەر: حەق لە هەرکەسێکەوە بێت قبوڵی بکە (تەنانەت ئەگەر نەیاریشت بێت). مەهێڵە هەڵەی کەسێک لە بابەتێکدا، ببێتە هۆی ئەوەی ڕاستییەکانی لە بابەتێکی تردا ڕەت بکەیتەوە.
وە ئەمە بکە بە ڕێسایەکی نەگۆڕ بۆ خۆت:
گرنگ ئەوە نییە لە گفتوگۆکەدا وەک براوەیەک دەربچم؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کاتێک لێی دەردەچم.. لەگەڵ حەقدا بم! ⚖️✨
----------------
#بەكورتی (٦٨٤)
https://t.me/ba_kurty