en
Feedback
(ئیشراق) Eshraq

(ئیشراق) Eshraq

Open in Telegram
322
Subscribers
No data24 hours
+17 days
-130 days
Posts Archive
دینی تۆتالیتێر و زیایەخوازی دین لە بنەڕەتدا ئەرکێکی گرنگی هەیە و بۆ مەرامێکی گەورە هاتووە، کە ڕەنگە بمانەوێ لە یەک ڕستەدا کورتی بکەینەوە ئەوە بێت کە ئەم جیهانە یەک جیهان نییە و پانتاییەکەی تەنها ئەوەندە نیبە، هەروەها جیهانی دیکە هەیە و عەقڵی دیکە هەیە و شعووری دیکە هەیە و پێویستە مرۆڤ هەڵکشێ و بیری لێ بکاتەوە. مرۆڤ دەبێ تەنها بەم پانتاییە فیزیکە ئیکتفا نەکات و بزانێ جیهانێکی بێ بنی میتافیزیکش هەیە. ئا لێرەیا دین بە ئەرکی خۆیهەڵدەسێ و ئەرکەکەشی کەورەیە و بە گەورەیی دەمێنێتەوە. لە پاش ئەوە ئیتر ئەرکە گرنگەکە تەواو دەبێ، هەرچی شتی ترە حاشیەی ئەم ڕاستییە بنەڕەتییەن و هیچی تر نین لە دەرەوەی ئەم کڵێشە گەورەیە. هەرچی دینی فرەخواز و زیادەخوازە دەیەوێ لە بچووکترین پرسی ژیان تا گەورەترینی بەشداری بکات و کاسە بێ لە هەموو کەوچکێکدا. دینی فرەخواز بە هاوکاری واعیزانی دەم پڕ لە کەف قسە لە هەموو شتێ دەکا. چۆن بچیە دەرێ و چۆن بچیە ئاودەست و چۆن بێیتە دەر و چۆن هەڵسی و دانیشی، ئەمەیان ئیتر حاشییەیە و فەهمی مرۆڤ خۆیەتی بە دینیا هەڵیدەواسێ و دەقی دینی بۆ ڕیز دەکات و شتگەلی زیادەن و لە گەوهەری دین بار دەکرێن. ڕاستە و دیارە کە ڕەنگە پێغەمبەران وەڵامی ئەو پرسیارە وردانەی ژیانیان دابێتەوە کە چۆن بچیە دەر و چۆن بێیتەوە ماڵ، بەڵام ئەم بابەتە لابەلایە و پەیوەندی بە پرسی ئەو کۆمەڵگانەوە هەبووە کە زۆر شتیان نەزانیوە و ناچار پێغەمبەرانیان دواندووە تا لە هەموو شتێکدا دەخالەت بکا بە سەرجێی ئافرەتیشەوە، ڕەنگە لەبەر ئەمە بێ کە قورئان دەفەرمێ خۆتان بیر بکەنەوە و زۆر مەپرسن «لاتسئلوا عن اشیاء...» دواتریش دەڵێ ڕەنگە زیانی زۆرتر بێ تا سوود. چیرۆکی گاکەی بەنی ئیسرائیلیش هەر لە ناو هەمان چوارچێوەدایە. دینی فرەخواز و تۆتالیتێر تەنها بەوەندە ڕازی نابێ کە پەرستشی خۆی بکا و هەقی بەسەر شتەکانی ترەوە نەبێ یان عەقڵی خۆی بەکار بێنێ، بەڵکو تا نوشتە و جادوویش دەڕوات، قسە لەسەر سەر و بەری مرۆڤ دەکا، قسەی لەسەر فیزیا و کیمیا و حکومەت و بیرکاری و ئەلگۆریتم و ژیری دەستکرد و سەیارەی کارەبایی و تیکتۆک و فەیسبووک و کامپیوتەر دەکات و هەمووی بەر نەشتەری «ئەبێ و نابێ» دەدا و دەبێ بە پۆلیس بەسەر هەموو شتێکی ژیانەوە بێ ئەوەی هەڕەی لە بڕەی دەرکا و ئیشی ئەو بێت. دینی تەڵەبکار و فرەخواز کاتێ لە ناو قەبرستانێ ئاگرێ بەرز دەبێتەوە ئەوەندە پەلەیەتی بڵێ ئەوە عەزابی قەبرە ئەوەنە بیر ناکاتەوەبزانێ ئەو خاکەی ئاگرەکەی لێ بەرز بۆتەوە پێکهاتەکەی چۆنە؟ کێ ناڵێ بەهۆی زۆری وزە دی غاز و نەوتەوە ئەو ئاگرە بەرز نەبۆتەوە؟ بەڵکو یەکسەر دەست دەکات بە تەکبیر و هاتوهاوار و دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین و دەڵێ ئەمە ئایەتی خوایە و عەزابی قەبرە، وەک بڵێی ئەو جیهانە گەورە هیچی ئایەتی خوا نییە و چاوە کوێرە هیچ نەدیدکەکەی ئەو نایبینێ جگە لە بڵێسەی ئەو ئاگرە نەبێ کە بە هۆی کارلێکی کیمیایی نێوان وزە و گەری سەری هەڵداوە. ڕەنگە خاوەن ئەو قەبرە و کەس و کارەکەشی تووشی دۆخێکی وا بکەن کە مرۆڤ شەرمی بەخۆی بێ لە ناو مسوڵمانانی ئەم سەردەمەدا بژی و بمرێ. با بیر بکەینەوە، دین ئەرکی گەورەی هەیە و ئەم هەموو گوڵنگ و گوارەی پێا هەڵمەواسن و بچووکی مەکەنەوە و بێڕێزی پێ مەکەن، دەستهەڵگرن لەم هەموو نەزانییە! لاهووتی

فەلسەفەی چاندنی ناو لە کێڵگەی هیچدا ئای لەم عەقڵانیەتەی کە تێیدا دەژین! ئێمە دەبێت دەست بەسنگمانەوە بگرین بۆ ئەو بلیمەتە ئەکادیمیانەی کە دواجار مەتەڵی گەورەی زانستیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەر کرد. لە کاتێکدا زانکۆکانی تری جیهان خەریکی ماندووکردنی مێشکی خۆیانن بە دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشییەکان و لێکۆڵینەوە لە کونە ڕەشەکانی گەردوون، زانکۆی ئێمە ڕێگەیەکی کورتتر و سەوزتری دۆزییەوە بۆ چوونە ناو مێژوو: ئەویش"نووسینی ناوی خۆی بە چاندنی درەخت!". بۆ ئەوەی لەم سەرکەوتنە تێبگەین، دەبێت بزانین قیبلەنمای نوێی زانست لای ئێمە چییە. کتێبی گینس! ئۆهـ، چ ناوێکی پیرۆزە! با هەموو جیهان بزانێت کە ئەم کتێبە لە مێژووی خۆیدا چۆن دروست بووە، لە ساڵی ١٩٥٥دا، "سیر هیو بیڤەر"، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی بیرە بوو، لە کاتی ڕاوکردندا کە تەقەی لە مەلێک کرد، بەڵام زۆر خێرا هەڵفڕی، بۆیە لەگەڵ هاوڕێکانی تووشی دەمەقاڵێ بوو لەسەر ئەوەی خێراترین باڵندە چییە. هەر لەوەوە تێگەیشت کە مەیخانەکان پێویستیان بە سەرچاوەیەک هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دەمەقاڵێیانەی تێدا دروست دەبن. بەم شێوەیە، گینس بووە ئینجیلی عەجایبات. ئێستا، زانکۆی ئێمەش، بە هەموو شکۆ و فیز و عابای ئەکادیمییەوە، بڕیاری داوە جێگەی خۆی لەناو ئەو کتێبەدا بکاتەوە! تەماشای ئەو لیستە شکۆدارە بکەن کە زانکۆکەمان خۆی تێدا دەبینێتەوە: لە تەنیشت "ڕۆبەرت وادلۆ" کە بەرزترین پیاو بوو، یان "ئۆساین بۆڵت" کە خێراترینە. بەڵام نا، زانکۆکەی ئێمە نایەوێت کێبڕکێ لەگەڵ ئەمانە بکات، ئەو دەیەوێت کێبڕکێی "شریدھار چیلال" بکات، ئەو پیاوە هیندییەی کە ٦٦ ساڵ نینۆکەکانی نەبڕی هەتا درێژییەکەی گەیشتە ٩ مەتر! یان کێبڕکێی "ئاشریتا فۆرمان" کە ڕیکۆردی هەیە لە "بازدان لەسەر گەورەترین دارسێو". ئایا ئەمە لوتکەی عەقڵانیەت نییە؟ زانکۆیەک کە دەبوو سەنتەری (عەقڵ) بێت، ئێستا هاوشانی ئەو کەسانەیە کە درێژترین قژ یان درێژترین نینۆکیان هەیە. ئەمڕۆ لە سلێمانی (٣-٩-٢٠٢٦)، ئێمە شایەتحاڵی کەرنەڤاڵێکی سەیر بووین. هەموو پیاوە گەورەکان! کۆببوونەوە، سیاسییەکان بە قاتی گرانبەها و ئەکادیمییەکان بە ڕوخسارێکی مۆنەوە. بۆچی؟ بۆ پیرۆزباییکردن لە ڕستەیەک کە "درەختەکان" نووسیویانە. ئەمە لوتکەی نیهیلیزمی ئەکادیمییە. کاتێک زانکۆیەک ناتوانێت ناوی خۆی لە ڕیزبەندییەکانی وەک "شەنگەهای"دا جێگیر بکات، کاتێک ناتوانێت لە گۆڤاری "نەیچەر"دا ڕیکۆرد بشکێنێت، پەنا دەباتە بەر مەترکاریی ژماردن و باخەوانی هەتا ئەو کورتییەی لە ناوەرۆکدا هەیەتی، بە درێژیی ڕستەیەکی دارین دایپۆشێت. ڤۆڵتێر دەڵێت: "جێگای سەرسوڕمانە مرۆڤەکان زۆر بە ئاسانی بە وەهمێک ڕازی دەبن، تەنها بۆ ئەوەی هەست بکەن کە هەن". زانکۆی ئێمە دەیەوێت بە جیهان بڵێت: "ئێمە لێرەین!". بەڵام چۆن؟ بە دۆزینەوەی چارەسەری شێرپەنجە؟ نەخێر، بە ڕیزکردنی دار! ئایا جیهانی ئەکادیمی بەمە سەرسام دەبێت؟ نەخێر، جیهان تەنها پێدەکەنێت. ئەوان دەڵێن: "تەماشا بکەن، وڵاتێک هەیە ناتوانێت مافی مامۆستاکانی بدات، بەڵام کات و پارەی هەیە بۆ ئەوەی بە دار ڕیکۆردی بازرگانێکی بیرەفرۆش بشکێنێت!". کارەساتەکە لێرەدایە: لە وڵاتێکدا کە کوردبوون لە خانەقین تاوانە و نیشتمان لە هەولێر و سلێمانی مەزاد دەکرێت، سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئێمە خەریکی جەژنی گینسن. ئەمە وەهمی دەستکەوتە بۆ شاردنەوەی حەقیقەتی شکست. زانکۆ کە دەبوو ئیرادەی ئازاد و عەقڵی ڕەخنەیی بەرهەم بهێنێت، ئێستا بووەتە "شەتڵگەیەکی گەورە" کە کارەکەی تەنها ئەوەیە پیتەکان بە دار ڕیز بکات. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو زانایانە دەکەم کە ئەمڕۆ مەترێکیان بەدەستەوە بوو و ڕەنجی نیوتن و گالیلۆیان کردە قوربانی ناوبانگێکی بیڤەریی. جا با بمێنن لە ناو ئەو وەهمە سەوزەیاندا، چونکە بێداربوونەوە تێچوویەکی زۆری دەوێت کە ئەوان ناتوانن بیدەن. ٣/٩/٢٠٢٦ د. کامەران محمد

زمان، زیهن، ئازادی ئازادی زمان واتە ئازادی زیهن، زمان هەمان زیهنە، پەیوەندی زمان و زیهن پەیوەندییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە ئینعکاسسیە. زیهن و زمان یەک هەقیقەتن، ئازادی زمان دەبێ ئازادی زیهن بێ دەنا ناوەڕۆک لەدەست دەدات و دەبێتە درووشمێکی بازاڕی و سادە. لێرەیا دەبێ ئەوەی کە زمانی ئازادە زیهنیشی ئازاد بێت و خاوەن ڕوانگەی سیاسی و مۆدێلی سیاسی خۆی بێت، کە باسی لۆگۆسی سیاسی کورد دەکەم ڕێک مەبەستم هەمەیە، بە بێ هێز ئازادی زمان دەستەبەر نابێ، چونکە زیهن و هێز تەواوکەری یەکن و سەر بە ڕووناکین، شەمسەدینی شارەزووری دەڵێت «زیهن دەسەڵات و هێزە»، گادامێریش دەڵێ: زمان دەسەڵاتە. ئەم دووە یەک هەقیقەتن، ئازادی زمان ئەوە نییە کە لەملاولا باس دەکرێ و وەک دەستکەوت قسەی لێ دەکرێ، ئەگەر لێرەیا مەبەست لە زمان تەنها وەک دەرکەوتەیەکی بیۆلۆژی سادە سەیر بکرێت، دەبێ لێرەیا زمان بچێتەوە ناو بابەتە ئەنتۆلۆژییەکان، دەنا واتای ئازادی خۆی لە خۆیا دەبێتەوە بە دروشمێکی ڕووکەشی تێپەڕ، مرۆڤ وەک ئەرستۆ دەڵێ ئاژەڵێکی سیاسییە، نابێ بە سادەیی بەسەر ئەم تەڵە و فێڵانەیا تێپەڕین کە دەزگا سیاسی و هەواڵگرییەکانی داگیرکەر نەخشەیان بۆ داڕشتووە و دەیانەوە و نیازیانە بەم سەرقاڵییە ڕواڵەتییانە بمانخەنە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکان. دەبێ ڕوون و ڕلست بڵێین مەبەست لە ئازادی زمان ئازادی زیهنە و بەشداریکردنی کارای کوردە لە پڕۆسە سیاسییەکان و بەشدارییە لە هاوکێشەکانی هێزدا، واتە خاوەن لۆگۆسی سیاسی خۆمان بین و پێڕەوی لێ بکەین. ڕەنگە ئێستا ئیتر پرسیاری زۆر قورس بۆ کورد ئەوە نەبێ کە ئایا کورد چۆن دەگاتە مافەکانی، بەڵکو ئەوەبێ کە چۆن دەستی بە لۆگۆسی سیاسی خۆی دەگات؟ لاهووتی

تەلموود و حیکمەتەکانی سێ سەت ساڵ بەسەر ئۆغری (یەسوع) تێپەڕیوە، هەوکە حاخامەکان بۆ کۆوەکردنی بنەواکانی شەریعەت، خڕیان خڕ بوونەتەوە. (ئۆرشەلیم) تازە کەوتووە، (پەیکەر) بە دەستی ئێمپڕاتۆریای ڕۆمانی (ئیلیانووس هادریانۆس) شکێنراوە، شاری ئۆرشەلیم وێران بووە، شارێکی دی لەم شارە هاتووەتەدی، کە بە (ئیلیا) ناوەکەی چووەتە دووێ. (ئیلیا)ش لە ڕۆژگاری هاتنی ئیسلامەتی، بە قودس (البیت المقدس) ناودێر دەکرێ، کە تاریفی عیبریی شارەکە: (بیث هامقیداش) بوو. لە ئیلیای جاران و قودسی ئێستە، حاخامەکان بنەوا شەرعی و دەستوورەکانی تەوڕاتیان کۆکردەوە، وا خەریکن سەرلەبەری دابڕێژنەوە. ڕەشنووسێکیان ئامادە کرد، حاخامێکی مەعلان بە ناوی (یەهوذا هەنناسی) هاتو پاکنووسیی بۆ هەموو ئەو بڕگانە کرد، کە هاوڕێ حاخامەکانی نووسیویانەتەوە، هەڵبەت زێدەی خۆشی خستەسەر. دوای هێنان و بردنێکی زۆر، دواجار شەش باس (المباحث الستە)ی لێ جێ‌ بووەوە، بەرەنجام ئەم کۆشش و شەونخونییەی ناوی [تـەلمــوود]ـی لێ ‌نرا. (تەلموود) لەبەرانبەر شەریعەتی نووسراوەیی یەهوودیێت، شەریعەتی زارەکییانە. بەگێرەی دنیابینیی یەهوودێتی بێت، مووسای تەوڕاتێ بە دوو شێوە شەریعەتی هێناوە: یەک- نووسراوەیی، کە (تەوڕات)ە. دوو- زارەکی، کە (تەلموود)ە. لە ئاقیدەی یەهوودێتیدا وەها هاتووە (مووسای کەلیموڵا) لە بان (تووڕ)ەوە تەلموودی بە گەلی ئیسرائیل داوە، دواتر لای (هاڕوون) ئەزبەر کراوە، پاشان (یوشەعی کوڕی نوون) لە هاڕوونی گواستووەتەوە، زار بە زار تا بە (یەهوزا) دەگات، ئەویش بە پایانێی دەگەیەنێت و بە داڕشتنێکی تۆکمە دەینووسێتەوە. یەهوودێتیی ئەرسەدۆکسی/سەلەفی، پێبەندی تەلموودە. بە پیرۆزەکتێبی دووەم و دووەمین ژێدەری شەرعیشی هەژمار دەکەن. وابەستەییان بە ئەندازەیەکە، لە گوتاری باویاندا دەڵێن: [ئەوی بەبێ میشنا و گیمارا تەوڕات وەخوێنێت، خودای نییە]. تەلموود لە دوو بەش پێک‌ دێ، بەشێکیان پێی دەڵێن میشنا (משנה) کە ئەوەیان هەوەڵین نوسخەی نووسراوی (شەریعەتی زارەکیی یەهوودێتی)یە. بەشەکەی تر گیمارا (גמרא)ی پێ دەڵێن، کە ئەوەیان سەرباری ئەوەی میشنا دەخاتە بەرباس، لێوەکۆڵین و پەراوێزدانان، بەشێک لە گوفتارە ئەدەبی و پەندیارییەکانی حاخامەکانیشی تێدا بژار کراوە. تەلموود بە هەموو ڕووەکانییەوە، بە ئەقڵانییەت و خوڕافاتەوە، لە دڵڕەقییەوە بۆ میهرەبانی... بە میراتێکی گەورەی هزرین و ئەدەبیی مێژووی مرۆڤ دێتە هەژمار. لێرەدا چەند شەپۆڵێکی نێو ئەم زەریای تەلمووده، بەرەو کەناری زمانی کوردی ئاراستە دەکەم. ـ دایک لەوەش تێ ‌دەگات، کە منداڵ نایڵێت و نایدرکێنێت. ـ کاتێ دڵ تاڵ بوو، شەکری سەرزار ژیان شیرین ناکات. ـ مرۆڤ شتانێکی هەن، کە نایهەوێن. شتانێکیشی نین، کە دەیهەوێن و پێویستی پێیانە. ـ ئەگەر نازانی چۆن بزە و زەردەخەنە بکەیت، فرۆشگە (دوکان) مەکەوە. ـ نیوەی هەقیقەت، درۆیەکی تەواوە. ـ بۆ کڕینی مۆمێک، خۆر مەفرۆشە. ـ ناتوانیت کەس ناچاری ئەوە بکەیت، خۆشی‌ بووێیت. ـ لەو کەسە دوور بکەوە، کە بۆ بەرژەوەندییەکی خۆی، ئامۆژگارییت پێشکێش دەکات. ـ خۆشەویستی، نەمریمان پێ تام دەکات. ـ لەو شارەی هیچ پزیشکێکی لێ نییە، لێی مەژی. ـ باڵندەیەک، کە ئازادت کردووە، دەشێ جارێکی تریش ڕاوی بکەیتەوە. وەلێ ئەو وشەیەی لە زارت دەرچوو، ئازادت کرد، هەرگیز جارێکی تر ناگەڕێتەوە. ـ ئەوەی بە چاوی خۆت نایبینیت، بە زار مەیڵێ. ـ بەر لەوەی سۆراخی ماڵ بکەیت و خانووەکە بکڕیت، سۆراخی دراوسێیەکانی بکە. ـ ئەوی هەست بە ئازار نەکات، مرۆڤ نییە. ـ ئەوەی بەرگەی دۆخە خراپەکان نەگرێت، باش ناژی. ـ جارێ خۆت باش بکە، ئینجا بیر لە باشیی ئەوانی تر بکەوە. ـ هەر لە قسان نا، بەڵکوو لە ڕەفتارانیش دانا بە. ـ بەر لە گتوبێژان، بەڵگە ئامادە بکە. ـ برادەر دەبێت بیانکڕیت، بەنرخن. بەران دوژمن، بەبەلاش بەدەستیان دەهێنیت، بێ نرخن. ـ لەنێوان ئەوانەی ڕاوەستاون، دامەنیشە. لەبەینی ئەوانەی دانیشتوون، ڕامەوەستە. لەگەڵ ئەوانەی پێدەکەنن، مەگری. لە تەک ئەوانەی دەگریێن، پێ‌ مەکەنە. ـ زمانت فێر بکە، لەجیاتی درۆکردن، بڵێت: (نازانم). ـ خوا لە (دڵە‌-شکێنراوەکان) نێزیکترە. ـ میوانداری جۆرێکە لە پەرستن. ـ ئاخم هەڵدەکێشا لەسەر ئەوەی جووتە پێڵاوێکم نەبوو، کە تاوێ بە کەسێ گەیشتم کە هەردوو قاچی نەبوو، ئیتر ئاخم نەما. ـ ئەگەر چاوت لە شتی گەورە نەبێت، شتی بچووکیشت وەچنگ ناکەوێت. ـ مرۆڤی باش (کەم) دەڵێت (زۆر) بەجێ‌ دەگەیەنێت. ـ زمانە (بەرزەفتنەکراو)ەکان لە دەستە شەڕانگێزەکان خراپترن. ـ کەس لەو مرۆڤە کەڕ/نابیستتر نییە، کە گوێ ڕانادێرێت. ـ دایکێک، بە سەت مامۆستایە. ـ خۆبەزلزانی، دەمامکی داپۆشینی کێماسیی مرۆیە. ـ ئەو کەسەی برادەری بێ ‌هەڵەی دەوێت، بەبێ برادەر دەمێنێتەوە. ـ ئەوەی هاوڕێیەکی دڵسۆز دەدۆزێتەوە، گەوهەرێکی دۆزیوەتەوە. چۆلی فایەق التلمود البابلى ـ ترجمة مركز دراسات الشرق الاوسط/ ۲۰۱۲ الٲردن.

سوڵتانی ئەوین لەودیوی بۆشاییەکانی سیاسەتەوە. بەسادەیی دادەنیشم تەنها باسی تەمەنی تۆ هەواڵی تۆ جیهانی تۆ لە بۆ خۆم و لە بەر خۆمۆ دەڵێمەوە تۆ دەکەمە کاندیدی خۆم سەرۆکی خۆم قازی و مەلاو سوڵتانی خۆم لەجێی جارێک یاخو دوو جار سەدان جار هەڵتەبژێرمەوە دەتکەمە مستیلەی پەنجەم دەتکەمە تاجی سەرم و قەت لەسەرمت ناکەمەوە بەهێمنی دادەنیشم یادت دەکەم لەنجەو عیشوەت وێنا دەکەم وێنە دەگرم بەدیارتەوە لەسەر کورسی عیشقی خۆمت لا نابەم و لە لقی درەختی ڕۆحمت هەرگیز هەرگیز ناکەمەوە بەدیارتەوە دا دنیشم تنۆک تنۆک ئەشکی سپی ڕۆ دەکەم و بەهیوای ڕێنوێنی تۆ لە ناو شەوی پایزاندا ویرد و زیکری شەوانەمی و دەتڵێمەوە بەدیارتەوە دا دەنیشم نەک چوار ساڵ و نەک هەشت ساڵ و چەندین مانگێ بۆت گرێ دەدەم پەیمانێ تاقیامەت کاندیدمی و نایکەمەوە. #لاهووتی

کورد نیشتمان ناناسێ کێشەی کورد تەنها هەر ئەوە نییە کە ڕۆشنبیرانی باسی نیشتمان دەکەن و باوەشێنی پشکۆی گوتاری نیشتمانویستی دەکەن و کەچی لەولاوە بەرپرسەکانی هەراجی دەکەن، کێشە بنەڕەتییەکەی کورد ئەوەیە نیشتمان ناناسێ و هێشتا لە نیشتمان تێ ناگات تا نیشتمانسازی تیا بکات. «تۆ شتێ نەناسی چۆن باسی دەکەی؟» ئەم تێنەگەشتنە و ئەم بێخەوەرییە شتێ نییە بەس بەرپرس و کوڕە مەسوول و حیزبی دەسەڵات بگرێتەوە، بگرە ئەمە هەم ئۆپۆزسیۆن و هەم خەڵکی عام و هەم ماڵباتەکان و هەم ڕۆشنبیرانیشی گرتۆتەوە. نوکتەکە ئەوە نییە کە ئێمە نازانین نیشتمان چییە، نوکتەکە ئەوەیە زێدمان لێ دەبێ بە نیشتمان. زێد شتێکی خۆرسکە، بەس نیشتمان پێویستی بە گوتار هەیە، پێویستی بە وەعی دەستەیی هەیە، پێویستی بە نەخشەی فیکری و ئیلاهیاتی سیاسی هەیە. چەند ساڵێ لەمەوبەر هەر ئا لەو هەولێرەی خۆمانەوە هاوڕێیەکم شتێکی نووسیبوو نازانم باسی گەرمی شاری دەکرد یان چی، هاوڕێیەکی تر کە ناسراوە و دکتۆرە بۆی نووسیبوو: وەرەوە بۆ وەتەن. واتە ئەو دۆستە بەڕێزەمان کە قۆناغی خوێندن و پلەی زانستی نەماوە نەیبڕیبێ کەچی هەولێری پێ وەتەنی خۆی نییە و لای ماڵی خۆیانی پێ وەتەن و نیشتمانە، ئایا ئەمە دەلالەت لە چی دەکات بێجگە لە بێنیشتمانی و نەزانراوی واتای نیشتمان لای تاک و ڕۆشنبیری کورد؟ وەک لەسەرەوە گوتم، کێشەی کورد ئەوەیە هێشتا نازانێ نیشتمان چییە. ئێمە تەنها شتێ لە زێد تێدەگەین، عیشق بە زێد کوردی هێشتۆتەوە، کورد نیشتمان ناناسێ و نازانێ چییە تا نیشتمانپەروەری بکات. کورد نازانێ نیشتمان چییە تا نیشتمانسازی بکات کورد عیشقی هەیە بەڵام بە زێد نەک نیشتمان، چونکە لە بنەڕەتا بێ نیشتمانە یان هەر نایزانێ و نایناسێ. لەگەڵ هاوڕێم مەسعوودی بابایی بەم دواییانە گفتوگۆیەک و دیمانەیەکمان هەبوو پێکەوە و زۆر بە قووڵی لەسەر ئەم پرسە ڕاوەستا، ئەو پێی وایە: «کورد نۆستالیژیای زێدی بەهێزە و هی نیشتمانی لاواز»، کە زۆر وردە، بەڵام ڕاستت بوێ من زیاتر لەوە دەڕۆم و دەڵێم کورد لەگەڵ نیشتمانی خۆی هیچ نۆستالیژیایەکی نییە، تەنانەت لە نالییەوە بیگرە تا دێتەوە هێمنی موکریانی هەر باسی زێدە نەک نیشتمان، عیشقی نالی بە شارەزووری قەسوەت، عیشقی بە سلێمانی وەک شاری شارەزوور دیسان عیشقە بە زێد نەک نیشتمان. ئەو ماڵباتە بەڕێزانەی کە بە بەرزاییەکانی کوردستانەوەن و هەر یەکەیان وەک پاشای بێ تاج بەرزاییەکی گرتووە، گشتیان ئەوەندەی لە خەمی دەورووبەری زۆن و زیدی خۆیانن ئەوەندە لە قوڵایی ناخیاندا لە واتای نیشتمان تێناگەن، بیریشی لێ بکەنەوە دەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و ڕادەگیرێن. بەرپرسانی کورد چ بیری لێ بکەنەوە چ نا، وا دەخوازێ لە زێد واوەتر نەچن و ڕەنگە هەر بێ ترسیش وابن، واتە ئەوانیش دیسان هەر لە ناو هەمان هاوکێشەدان، ئایا هەمانە کەسێ لە ئاکرێوە لە خەمی عەربەتدا بێت و لە عەربەتەوە ئاکرێ بە هی خۆی بزانێ؟ ئایا لە بنەڕەتدا کورد نیشتمانی هەیە و دەیناسێ؟ لە من دەپرسی؟ دەڵێم نەخێر. با وێنەکە بەشێکی تریشی بۆ زیادکەم: ئیخوان موسلمین بڕوای بە نیشتمان نەبوو، تەنانەت سەید قوتب نیشتمانی پێ بتپەرستی بوو، دیارە ئەم گوتارە هێشتا تای ئومە و دەوڵەتی ئیسلامی بەری نەدابوون. ئیخوانە هەقیقییەکان هەموویان وان، بۆ وێنە بڕوایان بە وڵاتێ نییە بەناوی سعوودیە، بروایان بە فەلەستین نییە وەک فەلەستین، بروای بە نیشتمان نییە، بەڵکو بڕوای بە ئومە هەیە شتێ لەسەرووی زێد و نیشتمانەوە، هەرچی لای کوردە هاوکێشەکە زۆۆر بچووک دەبێتەوە. کورد بڕوای بە نیشتمان نییە -جگە لە هەندێ ئیسلامی مەسخکراو- کوردێکی هەقیقی هەرگیز بڕوای بە ئومە نییە، کورد تەنها زێد دەناسێ، هەرگیز هەولێرییەکی تاراوگە بیری سلێمانی ناکات و سلێمانەییەکی تاراوگەیش بیری هەولێر ناکات، چونکە زێد هەیە و هیچی تر. #لاهووتی

photo content

بەتیرۆرناساندنی مێژووی نەتەوەیەک (توێکارییەکی پۆست-کۆڵۆنیالی بۆ پڕۆژەیاسای تەبایی و یەکگرتوویی) د.کامەران محەمەد ئەو پڕۆژەیاسایەی کە لەژێر ناوی بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خراوەتە ڕوو، لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و تیۆری پۆست- کۆڵۆنیالیزمەوە، شاکارێکی توندوتیژیی ئیپیستمۆلۆژی و دواین هەوڵی داگیرکەرە بۆ کۆتوبەندکردنی مێژووی نەتەوەیەک لەناو فەرهەنگی تیرۆردا. لێرەدا هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی چەند پرسارێکی جەوهەرییەوە، ڕووکارە مەدەنییەکەی ئەم یاسایە دابماڵین و ناوەڕۆکە داگیرکارییەکەی ئاشکرا بکەین. یەکەم: ئایا ئەمە ئاشتییە یان کیمیابارانی مەعریفی؟ لە فەلسەفەی پۆست - کۆڵۆنیالیزمدا، داگیرکەر هەمیشە هەوڵ دەدات زمان و مانا لای داگیرکراو بشێوێنێت. کاتێک دەوڵەتێک باس لە تەبایی و یەکگرتوویی دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو بزاوت و شوناسێکی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی تیرۆردا (ماددەی ٢) کورت دەکاتەوە، واتە ئەو خەریکی ئەنجامدانی جۆرە پاکتاوێکی سیمبولگەرە. ئەم پڕۆژە یاسایە پرسی کورد لە کێشەی نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو ڕاگوێزراو و خاوەن خاکەوە، بۆ ئاستی کێشەیەکی تاوانکاریی سادە دادەبەزێنێت. ئایا دەکرێت مافی نەتەوەیەک کە سەد ساڵە بۆ زمان و بوونی خۆی دەجەنگێت، لە ڕێگەی تۆبەکردن و چەکداماڵین (ماددەی ١٠) وەک خێرێکی دەسەڵات پێناسە بکرێت؟ دووەم: لۆجیکی دادوەر و جەلاد، کێ بڕیار لەسەر حەقیقەت دەدات؟ (ماددەی ١)ی ئەم پڕۆژەیە، دەسەڵاتی ڕەها دەداتە دامەزراوە ئەمنییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ دەستنیشانکردنی کۆتایی ڕێکخراوەکە. لێرەدا، دەوڵەت هەم دادوەرە و هەم لایەنی ململانێکە. لە سەدەی بیست و یەکدا، کە تێیدا باسی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکرێت، ئەم یاسایە گەڕانەوەیە بۆ لۆجیکی سەروەریی ڕەهای ئیمپراتۆریەتە کۆنەکان. یاساکە داوا لە کورد دەکات نەک هەر چەک دابنێت، بەڵکو مێژووی بەرگریی خۆی وەک تاوانێک ئیمزا بکات (ماددەی ٤). ئەمە دانپێدانان نییە بە مافی نەتەوەیەک، بەڵکو واژۆکردنی ئیفلاسی سیاسی و مەعریفی نەتەوەکەیە لە بەرانبەر بڕێک ئاسانکاریی یاساییدا. سێیەم: مەتەڵی ٢٠٠٥ و سڕینەوەی یادەوەری: (ماددەی ٣) بڕگەی دووەم کەسانێک کە پێش ساڵی ٢٠٠٥ حوکمی قورسیان هەیە لەم یاسایە بەدەر دەکات. ئەمە بەو مانایەیە کە دەوڵەت دەیەوێت نەوەی کۆنی بەرگری وەک قوربانییەکی هەمیشەیی بهێڵێتەوە و تەنها لەگەڵ نەوەیەکدا مامەڵە بکات کە لەژێر هەژموونی میدیایی و سیاسیی نوێدا شەکەت بووە. ئەم لادانە مێژووییە هەوڵێکە بۆ دابەشکردنی یادەوەریی کوردی بۆ دوو بەش: بەشێک کە دەبێت بۆ هەمیشە لە زینداندا بپوکێتەوە و بەشێکی نوێ کە دەبێت بە مەرجی دواخستنی دادگاییکردن (ماددەی ٥) کە وەک کۆیلەیەکی مەرجدار لەناو کۆمەڵگەدا بژی. چوارەم: ئایا کورد تیرۆریستە یان بە تیرۆر ناسێنراوە؟ ئەم پڕۆژەیە، لە جیاتی ئەوەی دان بە شکستی دەوڵەتدا بنێت لە چەوساندنەوەی سەد ساڵەی کورد، دێت و کورد وەک نەتەوەیەکی لادەر وێنا دەکات کە پێویستی بە چاکسازی و گەڕانەوە هەیە. ئەمە لوتکەی داگیرکاریی هزرییە. لە سەدەی بیست و یەکدا، مافی نەتەوەکان لە ڕێگەی سەروەریی و زمان و دەستوورەوە دەپارێزێت، نەک لە ڕێگەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن کە هەمووی لە پیاوانی ئەمنی و هەواڵگری (ماددەی ٨) پێکدێت. ئەم یاسایە کورد وەک نەخۆشێکی ئەمنی دادەنێت کە دەبێت بۆ ماوەی پێنج تا دە ساڵ (ماددەی ٥) لە ژێر چاودێریدا بێت هەتا دەیسەلمێنێت کە چیتر داوای مافی نەتەوەیی ناکات. لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم پڕۆژەیە مافی نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو نییە، بەڵکو کەوڵکردنی شوناسە لەناو دەقێکی بێ گیاندا. ئەمە بەتیرۆرناساندنی سەد ساڵەی خەباتی گەلێکە کە تەنها تاوانی ئەوە بووە ویستوویەتی خۆی بێت. ناونانی ئەم پڕۆژەیەش بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی گەورەترین تەنزی سیاسییە! چونکە یەکگرتووییەک کە لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویتر و تورکاندنی سپی بونیاد بنرێت، هەر یەکگرتوویی گۆڕستانەکانە. بۆ کورد، ئەمە تەڵەیەکی مێژووییە، چونکە قبوڵکردنی ئەم یاسایە، واتە ڕازیبوون بەوەی کە هەرچی لە ڕابردوودا بەسەر کورد هاتووە، لە جینۆساید و ڕاگوێزان و وێرانکردنی گوندەکان ڕەوا بووە و کورد بوونەوەرێکی تیرۆریست بووە و ئێستا دەوڵەت بە میهرەبانیی خۆی دەیەوێت جارێکی تر بێنهێنێتەوە ناو بازنەی مرۆڤایەتیی دەوڵەت. پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەمەیە: ئایا نەتەوەیەک کە لەناو ئاگردا لەدایک بووە، ئامادەیە شەرەفی مێژوویی خۆی بە دواخستنی دادگاییکردنێک بفرۆشێت کە تێیدا جەلادەکە هێشتا کراسی دادوەری لەبەردایە؟ 5/8/2026 تێبینی: دەقی پرۆژە یاساکە لە کۆمێنت دادەنێم کە لە واڵی هاوڕێی ئازیز کاک بڕوا ستار وەرم گرتووە.

بابەتێکم بە ناونیشانی ئیلاهیاتی کوردی لە ماڵپەڕی ڕووداو بڵاو بۆتەوە. فەرموون ئەمە لینکی وتارەکەیە: https://rudaw24.net/articles/3888

ئەگەر بەخۆ نەکەوین، ئەوا زۆر خراپ دۆڕاوین کە نەزان بووی، کە ترسنۆک بووی، کە توانای داهێنانت نەبوو، کە لە هێزی هەژموون تێنەگەشتی، کە ناوەندی ستراتیژیت نەبوو، کە نەوتوانی سوود لە توانای گەنجەکانی وڵاتەکەت وەرگری... کە کە کە، ئەوا خاکیشت نییە، ئەوا تەعریب ڕێگە ئاسانە خۆشەکەیە بۆ خۆت لە ڕێی عەقاراتەوە خاکەکە دەفرۆشی، چونکە توانای ڕکابەریت نەماوە، توانای بەرگریت نەماوە، توانای جەنگت لەگەڵ ناوەندە ستراتیزەکامی تر نەماوە، ئەوان تۆیان قووت داوە. ئەوەی کە ئەمڕۆ عەقاراتەکان دەیکەن و دەسەڵاتی سیاسی ئێمە لێی بێدەنگە جۆرێکە لە پاشەکشە و خۆبەدەستەوەدانی ئاشکرا، چونکە یارییە قورسەکەمان پێشتر دۆڕاندووە، چونکە توانای ململانێ گەورەکەمان نەماوە. ساڵ پترە ئەم بابەتەم نووسیوە و ئێستا بۆ تۆی بەڕێزی دادەنێمەوە تا تێبگەی لە کوێوە لێمان دراوە و چۆن سووک و ئاسان جەنگە گەورە گرنگەکەمان دۆڕاندووە. --------------- «جەنگی پەنهان» و «هەژموونی ستراتیژی» دونیای ئەوڕۆ دونیای ڕکابەری ستراتیژییە، بۆیە شتێ نەماوە بە ناوی مەرز و سنوور، خەڵکی پسپۆڕ و ستراتیژی بەهێز و تەکنەلۆژیای بەهێز هیچ سنوورێ ناناسێ و لە هەموو جێیەک حزووری هەیە، چیتر جەنگ وەک پێشتر نییە، جەنگی ئەمڕۆ جەنگی پەنهانی و ستراتیژییە، درۆنێک ئیشی هەزاران سەربازی سەدەکانی ڕابردوو دەکات. جەنگی ئەمرۆ جەنگێکە سنوور ناناسێ، سنووری تۆ لە ڕێی هەژموون و تەکنەلۆژیاوە دەکاتە سنووری خۆی، خاکی تۆ ئەگەر توانای ستراتیژ و تەکنەلۆژییت نەبێ دەبێتە بەڵا بەسەرتەوە، هێز ئەمڕۆ ڕەهەندی دیکەی دەرکەوتووە تەنها لە خاک و حەشامات و ماتریاڵی ڕووتدا خۆی نابینێتەوە. داگیرکردن و داگیرکاری ڕەوش و ڕێوڕەسمی گۆڕاوە، هەر ئێستا چیتر خاکی تورکیا خەکی تورکیا نییە، خاکی عێراق خاکی عێراقییەکان نییە، ئێرانی تەنها خاکی ئێرانییەکان نییە، هیچ خاکێک لەم جیهانەدا نییە تەنها خاکی گەلەکەی خۆیبێ، بەڵکو لە چوارچێوەی ستراتیژ و هەژموونی ئەو وڵاتانەدان کە توانایان پترە و لە هاوکێشەی هێزی نوێ تێگەشتوون پترە و باشتر هونەری ستراتیژی دەزانن و توانای کێبڕکێی «جەنگی پەنهان»یان هەیە. چیتر سەروەری وڵاتێک لە بەردەستی سەرۆککۆمارەکەیدا نییە، هەڕەشەی وڵاتێک لە پاراستنی سەروەری خاکەکەی، سەروەری ئاسمانەکەی بەبێ ناوەندی توێژینەوەی سەربازی و بەبێ تێگەیشتن لە هێزی نوێ وەک پووشێکە و بەهاوادا دەڕوات و هیچ هورمێکی (اعتبار) نییە. تەنانەت چیتر وزەی ئەتۆمیش چەکی بەهێزی وڵاتێ نییە، چەکی پاراستنی قەوارە و سەروەری و ڵاتێ نییە. جیهانی ئەمڕۆ جیهانی جەنگی هەژموون و زاڵبوونی ستراتیژییە لە ڕێی شارەزایی و پسپۆڕی و دەستخوێندنەوەی بەرامبەرەوە، هونەری جەنگ گۆڕاوە، چونکە ئامرازەکانی جەنگ و ئامانجەکانی جەنگ گۆڕاون، چونکە مەبەستی جەنگ گۆڕاوە. دەشێ تۆ لە خاکی خۆتدابی، لەگەڵ خەڵکی خۆتدا بی، خاوەن حکومەت و پەرلەمانی خۆت بی، خاوەن کارخانە و جبەخانەی خۆتبی، بەڵام هیچ بڕیارێکی سیاسیت پێ نەدرێ بەبێ بڕیاری ئەو هێزەی کە لە ڕووی ستراتیژ و توانای فیکرییەوە باڵادەستە بەسەرتا و زاڵە بەسەر ناوەندی بڕیار و دام و دەزگاکانتدا و هەموو شتێکت چاودێری دەکات و کۆنترۆڵی دەکات. ڕەنگە لە داهاتوودا ئەگەر ژیری دەستکرد لەگەڵ ئەندامەکانی لەشی مرۆڤدا ئاوێتە ببێ و هەماهەنگی درووست ببێ ئەوکاتە سەرۆکی وڵاتەکەت تەنها وەک بیچمێک لە خزمەتی تۆدا بێ، بەڵام زیهن و دڵی هی تۆ نەبێ، واتە وزە و تواناکانی دزراون و لە جێیەکی ترەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و چیتر تۆ تەنها خاوەن بیچمێک و قەواخێکی و بریاری سیاسی لەبەردەستی تۆدا نییە. لە دونیای نوێدا ئەو ماتریاڵەی کە خاڵی بەهێزی تۆیە و لەبەردەستی تۆدایە، ئەگەر لە ڕووی ستراتیژ و هزرەوە خاوەن ڕوئیای خۆت و توانای تەکنەلۆژی خۆت نەبێ، ئەوا دەشێ ببێتە خاڵی لاوازی تۆ و وەک لوغمێک بە خۆتدا بتەقێتەوە، ڕەنگە تەقینەوەی پەیجەرەکان کە توانای کردەیی حیزبوڵا بوو ، کە ماتریاڵی پەیوەندی ئۆرگانیکی و کۆکردنەوەی هێز بوو باشترین نموونەی ئەم جەنگە پەنهانییە بێ کە هەمان خاڵی بەهێزی خیزبوڵا بووە بەڵا بۆی، بەمەیش بەهێزترین گرووپی پێکبەستراوی لێک پچڕا و وێران بوو. لە دونیای نوێدا جەنگ جەنگی ستراتیژی و زاڵی هەژموزنە، جەنگی پەنهانە، تۆ تا پتر خۆت بشارییەوە ئەگەری بەرکەوتن و سڕینەوەت زۆرترە، هیچ شتێ چیتر شاراوە نییە، هەموو شتێ لەبەردەستی موگناتیسی هێزدایە و تونای ستراتیژی ئەو لە ئاستێکدایە هەموو شتێکت کۆنتڕۆڵ دەکات و لە زەمانی پێویست و لە مەکانی پێویستدا وزەی بەرگری تۆ دەکاتە چەک لە دژی خۆت و خاڵی لاوازی تۆ! لاهووتی ت. ب: ڕاستە موگناتیسی هێز زاڵ و بەهێزە، بەڵام موگناتیسە گەورەکان موگناتیسە بچووکەکان لەخۆیان پێچ دەدەن، لێرەدا ئێمە موگناتیسە بچووکەکەین و دەسەڵاتی سیاسی ئێران و تورکیا موگناتیسە هەندێک گەورەترەکەن و لوولمان دەدەن.

ئیلاهیاتی کوردی (٢) گەنجینەی هەق لە نێوان یەزدانناسی یارسانی و یەزدانناسی عیرفانی ئیسلامی لە ڕوانگەی یارسانەکانەوە خودا « دوڕ»ێکە کە پێش ئەوەی خۆی دەرخات (لێرە مەبەست ئەوەیە کە لە جیهاندا خۆی دەرخات، ئەوکاتەی جیهان درووست دەبێ) کەس نەیزانیوە ئەم کەنزە لە کوێیە، ئەمەیش هەر وەک تێگەیشتنە لە خودا لەوەدا کە کەس لێی نەگەشتووە، کە دەتوانین ئەم مەقامە ناو بنێین مەقامی کەس نەزان وەک پیرە یارسانەکان باسی دەکەن و لەخوار ئاماژەی دەدەنێ. واتە خودا سەرەتا دوڕێکی شاراوەیە و دواتر دەردەکەوێ و خۆی دەردەخات و کەنزەکە زهوور پەیدا دەکات. (دەستەواژەی دەرکەوتن و خۆیابوون و زهوور دەستەواژەیەکی ئیشراقییە و موحەممەدی ئیشراقی و شێخی ئیشراق باسی دەکەن). ئەم تێڕوانینە لە عیرفانی ئیسلامی و بە تایبەت لای ئیبن عەرەبی زۆر ئاشکرا و ڕوونە و بە وردی باسی لێوە کراوە. ڕەنگە پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان کەسنەزان و کەنزنەزان، لەوەدا کە کەس ئەو گەنجینە و کەنزەی نەزانیوە تا ئەوکاتەی خۆی خۆی دەر دەخات، لەخوارێ باسی دەکەین. شێخ نەورۆزی سۆرانی -پیرێکیەیارسانییە- لەبارەی سەرەتای ئافراندنەوە دەفەرمێ: یاران چێش بیەن یاران چێش بیەن سەرئەنجام قاڵ ئەزەڵ چێش بیەن؟ مەبەست لە سەرئەنجامی قاڵ واتە قسەی کۆتایی ئەزەل چی بووە و لەکوێوە هاتووە. دواتر دەڵێت: نە بەرز بی نە نەزم، نە لێژ نە مەکان نە بەیزەی دوڕ بی نە بەحرولعومان. واتە نە بەرزی هەبووە و نە نزمی و نە لێژی و شوێن، بەیزەی خڕ مەبەست زەوییە. دەروێش ئەمیری زۆڵەیی ش سەدەیەک پێش شێخ نەورۆز ئاوا دەڵێت: ئەوسا جای مەقام مەئواش نە کۆ بی گۆشەگای لانەش لە کام بسو بی؟ لێرە باسی مەقامی ئیلاهی دەکات و دەڵێ لە کوێ بووە؟ ئەم کوێییە کوێی مەکانی نییە و زیاتر کوێی عیرفانییە، بەمانای لێگەشتن، بەڵام سەرەڕای ئەوە مەولەوی تاوگۆزی چەند دەیە پاش شێخ ئەمیر دێ و بە ڕوانگەیەکی ئەشعەرییانە شێوازی پرسیار لە کوێ ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ «من این این»، واتە لەکوێ خۆی لە کوێ بووە تا بپرسێ. شێخ ئەمیر دەیەوێ بڵێ: ئەوکات ئافرێنەر من لە دوونی (قۆناغی) «یاد»ا بوو واتە (دۆخی کەسنەزان) لەوێ نە زەوی هەبوو نە ئاسمان و نە ئەستێرە. ئەم تێڕوانینە لای ئیبن عەرەبی دەبێتە حەزرەتی خەیاڵ، هەروەها عالەمی عەقڵ لەوێدا کە جیهان درەوشاوەی عەقڵی خوایە کە لە ئەعیانی جێگیرەدا هەبووە. هەر شێخ ئەمیر بەم شێوە ئافرێنەری پێش ئافراندن دەخاتە بەر باس و قسەی لێ دەکات: جەلیل جەببار، جەلیل جەببار بوانیم سەنتی جەلیل جەببار نە لەوح نە قەڵەم نە یار نە ئەغیار پادشام نە دووڕ بی، دووڕ نە دەریابار نە گەڵای گاڵ نە چرای چڕ بی تا چەند وەخت پادشام نەدانەی دوڕ بی بنیادش نە یورت کەسنەزان سڕ بی. لێرەیا بە ڕوونی ناوی کەسنەزانی هێناوە، دیارە کە خودا سەرەتا شاراوە بووە و دوڕی کەسنەزان بووە، یان کەنزی نەزانراو و شاراوە بووە و دواتر خۆی ئاشکرا کردووە و جیهانی ئافراندووە. لێرەیا دەچمەوە لای ئیبن عەرەبی کاتێ کە پشت بە فەرموودەیەک دەبەستێ و دەڵێت خودا کەنزێکی شاراوە بووە و حەزی لێ بووە ئەم کەنزە بە ئافراندنی جیهان ئاشکرا بکات. فەرموودەکە بەم جۆرەیە: «کنت کنزا مخفیا، فاحببت ان اعرف، فخلقت الخلق لکی اعرف». واتە من کەنزێکی شاراوە بووم و حەزم لێ بوو کە بناسرێم و جیهانم ئافراند تا دەرکەوم، لێرەیا وشەی «احببت» بۆ ئیبن عەرەبی زۆر گرنگ و کلیلییە و پێی وایە جیهان لە پێناوی خۆشەویستییدا خوڵقاوە. هەر ئەم تێگەشتنە لای مەولانای ڕۆمیش هەیە و پێی وایە جیهان بە عیشق خوڵقاوە و لە پێناو عیشقا واتا وەردەگرێ و ئافرێنەریش هەر عیشقە و بە عیشقیش دەتوانی پێوەی وەسڵ ببی و بە عیشقیش دەتوانی تێی بگەیت. مەولانا لە مەسنەویدا بە وردی باسی ئەم گەنجینە شاراوە دەکات و سەر عینوانی باسەکەشی هەمان فەرموودەی سەرێیە، لە دەفتەری چوار و بەشی ٩٨ بە وردی باس لەم نهێنیە دەکات، بەڵام بەو جیاوازییەی کە دەیەوێ بڵێ گەنجینەکە لە خۆماندایە و سڕەکە لە خۆمانایە. هەریەک لە ئیبن عەرەبی و مەولانا بە بەڵگەی مێژوویی دەکەونە پاش شێخی ئیشراق و کاریگەری ئەویشیان لەسەرە، لە کاتێکدا لە لای یارسانەکان شێخی ئیشراق یەکێکە لە کەسایەتی و پیرەکانی ئەم ڕێبازە. سەبارەت بە فەرموودەکەی سەرێ دەشێ زۆر قسە بکەین و من لە جێی تر قسەم لێ کردووە، بەس گرنگترین شت ئەوەیە کە دەرکەوتن بەشێکە لە عیشقی ئیلاهی و سوهرەووردی لەم بارەوە بە ڕوانگەیەکی قووڵ دەڵێت ڕووناکی سرووشتی وایە ناتوانێ شاراوەبێ. سەبارەت بە کڵێشەی فیکری ئیشراقییەکان کڵێشەیەکی وردی کامڵە و کەمترین بۆشایی تێدایە لەمەڕ ئەم پرسە قووڵە عیرفانییانە، کڵێشەکە هەم لە گۆشەی حیکمەتی سیستماتیکی و هەم حیکمەتی چەشەیی هەردووکی دەتوانی لێی بگەی بەبێ ئەوەی یەکتر ڕەت بکەنەوە یان بۆشایی فیکری درووست بکەن. واتە میتۆدە ئیشڕاقییەکە میتۆدێکی کامڵە و هەموو بەشەکانی یەکتر بەهێز دەکەن. لاهووتی

ڕەگ و ڕیشەی ئیلاهیاتی کوردی بە کورترین پێناسە ڕەگ و ڕیشەی ئاین و خواناسی کوردی بریتییە لە ڕووناکی. لە ڕستەیەا: کورد ڕووناکی پەرستە. لە دیدی پیاوچاکان و پێشینان و عاریفانی کوردەوە خودا هەمان ڕووناکییە و جیهانیش ئاوە و تیشکی ڕووناکییەکەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە هەم لە عیرفانی کوردیدا هەیە، هەم لە ئاینی یارسان و هەم ئاینی ئێزەدی. ئەمە کورتەی بیر و باوەڕی کوردە. کورد ئاگری نەپەرستووە بەڵکو ڕێزی لێ گرتووە چونکە ڕووناکی تیایە، کورد ئەستێرە پەرست نەبووە، کورد خۆرپەرست نەبووە بەڵکو لە هەقیقەتدا کورد ڕووناکی پەرست بووە. [ناوەکانی وەک باوە گوڕ گوڕ، باوە نوور و هتاد بەشێکی تر لە هێماکانی پشت ئەم ڕاستییە]. ڕەنگە کەس وەک مەحوی نەیتوانی بێت ئاوا هەموو ئەم شتانە لێک بداتەوە کە دێت و دەڵێ: عیشق ئاگرە چونکە ڕێی گەیشتنە بە هەق، هەقەڕووناکییە، عیشقیش ئاگرە. دەبێ بە ناو ئاگردا بڕۆی تا دەگەیتە ڕووناکی. ئەو دەڵێت: «بە سوزی عیشقە بوونە ذی کەماڵات اذ الانوار من ذي النار تنشأ». ئەمە لای مەولەوی تاوگۆزی دەبێتەوە بە سەفەری عیشق، واتە تا نەسووتێی ناگەیە ڕووناکی و داناگیرسێی، (هەڵبەت وەفاییش هەر وا دەڵێت) هەر مەحوی دەڵێ ئەوەی جارێک بە عیشق بسووتێ حەز دەکا پێی بسووتێتەوە تا تەواو ڕووناک دەبێتەوە. لە ئاینی یارساندا «خودا بێ جێیە، ڕەوانی ئیزەدان وەک تیشکی خۆر و ئاوە، چونکە ئەو تیشکە دەتوانێ بچێتە نێو گشت دەفرێکەوە و ڕەنگی ئەو بگرێ، ئەمەیش هەر ئەو کاتەیە لەوێدایە». ئەمە هەمان تێڕوانینی سوهرەوەردی و شارەزووریشە کە پێیان وایە خۆر ڕەمزی خودایە و خۆر هەمان خودایە لە جیهانی ماتریاڵدا، بە واتایەکی قووڵتر خۆر دەرکەوتەی خودایە لە جیهانی ماتریاڵدا، هەروەها خودا ڕووناکی پەتییە. [بیرمان نەچێت یارسانەکان شێخی ئیشراق لە پێڕەوان و گەورە پیاوانی خۆیان حیساب دەکەن، قسە هەیە کە پیر موحەمەدی هەڵەبجە هەمان شەمسەدینی شارەزووری بووبێ، گەر ئەوە وا بێت ئەشێ پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان شارەزووری هاوارییەکاندا و من ئەوەم بۆ نەدۆزراوەتەوە، چونکە دەڵێن هاوارییەکان لە پێڕەوانی پیر موحەممەد بوون]. کەواتە باسەکە خۆر نییە، بەڵکو خۆر هێمایەکی لاهووتی تیایە کە پەیوەستە بە ڕووناکییەوە. بیرمان نەچێت ئەو ڕووناکییە فیزیکییە تەنها ڕەمزە و ڕووناکی خودا فیزیکی نییە. ناوەکانی وەک بنار و نسار بینا لەسەر بەرزایی چیاکان و ئاڵوگۆڕی خۆر دانراون، واتە خۆر زۆر مەزنە لە لای کوردی زاگرۆسی. من نازانم خۆرماوا، خورماڵ، خۆرامان، هۆرامان، هۆرمای و هتاد تا چەند بە دەقیقی پەیوەستن بە خۆرەوە و ئەوە بۆ ئەوانە جێ دێڵم کە خاوەن ڕەئی تەواون لە ڕیشەی زمانزانییدا، بەڵام گەر هەر ئاوایش بە ڕواڵەتی سەیری بکەی دەزانی چی لە پشت ئەو وشانەوەن. لە ئاینی ئێزەدی دا شەیتان پەرستی نییە، بەڵکو هەر هەمان خوداپەرستییە، ئێزێ هەمان پادشایە، هەمان خودایە، لەوێش ڕووناکی و ئاو قسەی سەرەتا و کۆتایی دەکەن. ئێزیدییەکان پێیان وایە کە جیهان دەریاییەکە پڕ لە دوڕ و مرواری و گەوهەر، پێویستە کڕنووشی بۆ ببەن. لێرەیا جیهان ئاوە، ڕەنگاوڕەنگە و تیشکی هەق دەداتەوە. بێ هۆ نییە کە یەکێ لە کتێبە گرنگەکانی ئاینی ئێزەدی ناوی جیلوەیە، جیلوە خۆی هەمان درەوشانەوەیە کە بە بڕوای ئیبن عەرەبی (عاریف و حەکیمی گەورەی شارستاتێتی ئیسلامی) خودا لە ڕێگەی درووستکراوەکانییەوە تەجەلی دەبێ هەرچۆن لە کێوی توڕ تەجەلی بوو بۆ مووسا و قورئانیش دەفەرمێ: {فلما تجلی ربە للجیل جعلە دکا و خر موسی صعقا}. کەواتە جیلوە پڕۆسەی دەرکەوتنی خودایە لە جیهاندا. بێینە لای نالی، نالی زۆر ورد باسی ئەمانە دەکات. بۆ وێنە لەباسی جیهان و دەرکەوتەی هەقدا دەڵێ: ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا سەرڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە حاشا. واتە هەر ئەوەی کە جیلوەدەری جوانییە هەمان ئەوە کە ئەم جیهانەیشی خوڵقاندووە و هەر خۆیشی کەنزی شاراوەیە، بەڵام لە ڕێی دەرکەوتن و جیلوەکانییەوە خۆی دەردەخا بۆ ئەو چاوانەی کە توانای دیتنیان هەیە، بەڵام بێ مەدەدی خۆی هیچ چاوێ ناتوانێ ئەو جوانیانە ببینێت. لە بارەی ڕەنگینی و بێ ڕەنگی یار/هەقیشەوە دەڵێت: یەک ڕەنگم و بێ ڕەنگم و ڕەنگین بە هەموو ڕەنگ بەم ڕەنگە دەبێ ڕەنگ ڕژیی عیشقی حەقیقیی واتە بۆ ئەوەی لەو بچم یەکڕەنگم، [کورد دەڵێ بە یەکڕەنگی خوا قەسەم]، دواتر دەڵێ هەر وەکو ئەو بێ ڕەنگم، واتە ئەو نە ڕەنگی هەیە نە شێوە، دواتریش دەڵێ ڕەنگین بە هەموو ڕەنگێ، واتە ئەو ڕەنگی هەموو ڕەنگەکان دەگرێ، هەمان تێڕوانینە یارسانییەکەیە کە خودا ڕووناکییە و جیهان ئاوە، کە ڕووناکی چووە ناو ئاوەوە دەدرەوشێتەوە بە هەموو ڕەنگەکان. دواتر نالی دەڵێ ئا بەم شێوە دەتوانین ڕەنگ بدەین بە عیشقی هەق، عیشقی هەقیقی. واتە ئەمە ڕێی دۆزینەوەی یارهەقە. #لاهووتی

تابلۆیەکی دەگمەنی هێرشی (سوپای مەغۆل) بۆ کوردستان و تۆقدانی (قەڵاتی هەولێر) لەنێوان ساڵانی ۱۲٥٨ ـ ۱۲٥۹دا. دانەی دیگیتاڵیی تابلۆکە، لە وارگه‌ی (پێنترێست)‌ی ئەرشیفی دانراوە. ئەم تابلۆیە لە نیگارکارییەکانی مێژوونوس (ڕەشیدەدین هەمەدانی)یە لە کتێبی [جمع التواریخ]دا، دانەی ڕاستینەی تابلۆکەش لە مۆزەخانەی گشتیی فرەنسا پارێزراوە. هەروەتر لە کتێبی تابلۆکانی مۆزەخانەی مێترۆپۆلیتان (Metropolitan)ی هونەریی ئەمەریکا، جێگیر کراوە. هاتنی سوپای مه‌غۆل به‌ ڕێبه‌رێتی هۆلاگۆخان، هێرشه‌ له‌سه‌ریه‌كه‌كانی ئیمپڕاتۆریه‌تی ئێلیخانی بۆ سه‌ر مێزۆپۆتامیا، هەرێمی زاگرۆز و پێدەشتی کوردستان، له‌ سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌ مێژووییه‌كان تۆمار كراون. قه‌ڵاتی شاری هەولێر بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌لایه‌ن سوپای مه‌غۆله‌كان تۆق ده‌درێت، خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری ده‌كه‌ن، ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌، شه‌ڕ ده‌كه‌ن. تا ئەوساتەی هه‌ردوولا به‌ ڕێككه‌وتن ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نن. بەڵام جاری یەکەم لە نکاری مەغۆلەکان ئاگرەبەستەکە دەشکێنرێ، کەچی دیسان سوپای مەغۆلان تێکدەشکێنرێ. جاری دووەمیش سوپای هەولێر لە شار دەچنە دەر، خۆیان دەچنە پێش و ڕێ نادەن هێزەکەی هۆلاگۆ پێشڕەوی بکەن. مێژوونووس و گه‌ریده‌یه‌كی به‌ناووده‌نگی وه‌ك (زه‌كەریای قه‌زوینی _1283مردووه‌ و له‌و سه‌رده‌م ژیاوه‌) له‌ كتێبی ( آثار البلاد وأخبار العباد)دا وه‌ها وه‌سفی ئه‌م ڕۆژانه‌ی قه‌ڵاتی هه‌ولێر ده‌كات: قه‌ڵاتی هه‌ولێر، قه‌ڵغان بوو. به‌رگریی خه‌ڵكه‌كه‌ی بێئه‌ندازه‌ بوو، تا ئەوە بوو توانیان هێرشه‌كانی ته‌ته‌ر و مه‌غۆل بۆ سەر هه‌ولێر تێكبشكێنن و مه‌غۆله‌كان نه‌یانتوانی هه‌ولێر داگیر بكه‌ن. (قلعة أربيل كانت حصينة وكانت مقاومة أهلها شديدة حتى استطاعوا دحر هجمات التتر والمغول على أربيل ولم يستطيعوا من احتلال أربيل). ئه‌وه‌ی شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستانیشه‌، سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان کە گوفتاری ئه‌وسای سه‌رانی سوپای مه‌غۆل و ته‌نانه‌ت خیلافه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر ئاكاری خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌هێننه‌وه‌، هه‌نگینێش دانیشتووانی قەڵاتێ و خەڵکەکەی دامێنی قەڵات، بە (کورد) ناو دەبەن. بۆ پتر زانیاری و زێترزانین، بۆ كتێبی (تاريخ العراق الحديث 1258-1918 تأليف الدكتورة: ايناس سعدي عبد الله) بگه‌ڕێوه‌. *The Mongols besieging 1258 Erbil (miniature from the 15th century). [The Metropolitan Museum Of Art] *Erbil under belägringen av mongolerna som del av Ilkhanatet under 1258–59, avbildat i Jami' al-tawarikh av Rashid-al-Din Hamadani Bibliothèque Nationale de France, Département des Manuscrits, Division Orientale

photo content

لە ڕوانگەی مەشائییەکانەوە بۆ خودا سدوور بەکار براوە. واتە یاسای هۆ و بەرهۆ. لای ئەفلۆتین سەرڕێژ هەیە، لای ئیشراقییەکان زهوور و دەرکەوتن، لای ئیبن عەرەبی تەجەلی هەیە، دێتەوە لای ئاینی یاری و ئەمە پیرۆزە و دەرکەوتنی یەزدانییە و دەبێتە وێنەی دەرکەوتنە. سەیر لەوایە ئەوەی قوتابخانەی ئیشراق و ئاینی یاری هەر یەکن.

پەروەردەی کوردی هەمیشە گلەیی لە ڕابردوو و ئێستای خۆمان دەکەین بێ ئەوەی هیچ پلانێکی ئەوتۆمان هەبێ بۆ ئایندە، ئەوەی ئێستە لەدەست بدات ئایندەیش لەدەست دەدات، پەروەردە میکانیزمی بەرگرییە، میکانیزمی بەرگرییە بۆ مانەوە، پەروەردە نەخشەکێشانە بۆ ئایندە، هەر گەل و نەتەوەیەک بیر لە پەروەردە نەکاتەوە نابێ باسی ئایندەی خۆی بکات و گلەیی لە ئێستای بکات، مافی نییە بڵێ بۆ وام لێ هاتووە و بۆ لێم قەوماوە. دیارە منداڵەکانمان بانکی زانیاریین و دەبێ زۆر بە وردی ئاگامان لێیانبێ و داهاتووی ئێمە ئەوانن و لە دەستی ئەواندان. وەزارەتی پەروەردە، ئەوقاف، ڕۆشنبیری و هتاد ئەرکی سەرشانییەتی کە بە وردی پلانی بۆ ئەم دۆخە هەبێ و بە سادەیی سەیری نەکات، سیاسی دەتوانێ قەیرانەکان بداتە دەم یەک و گرێیان بدات، بەڵام نابێ پەروەردە وابێ، پەروەردە دەبێ بە ئەرکی ئەخلاقی خۆی بزانێ کە کۆمەڵگەکە و ناوەندی خوێندن و میدیا بەرەو کوێمان دەبەن و چیان لە هەگبەدایە. بەڵام لە مەملەکەتی بێ حاڵ و ماڵدا هەموو شتێ بۆتە پرسی نان و ئاو و هێشتا قۆناغی برسێتیمان تێنەپەڕاندووە و لەوێدا ماوینەتەوە، ئەمە بەشێکی بێ پلانی خۆمانە و بەشێکی تریشی دوژمن و نەیاری ئەم گەلەن کە دەرفەتمان نادەن بیر بکەینەوە و بیر لە ئێستە و ئایندەی خۆمان بکەینەوە. کەناڵی «هورمای میدیا» لە یوتوب کە بەڕاستی نازانم کێ لە پشتیەوەیە، کێن دەستەی بەڕێوبەر و پلان، بەڵام دەزانم کە یەکێکە لە جوانترین چەنەڵەکانی یوتوب بۆ گۆرانی منداڵان، بۆ پەروەردەی منداڵان. چونکە گۆرانی و بابەتەکانی پڕن لە هەستی نیشتمان پەروەری عیشقی گەڕانەوە بۆ زێد، نۆستالیژیای زێد و نیشتمان تێگەیشتن لە بێ حاڵ و ماڵی ئازاری شاراوەی گەلێک عیشق بۆ ژینگە و ژینگە پارێزی وشەی جوانی ڕەسەنی کوردی پاراستی بەها جوان و ڕەسەنەکانی کوردەواری پاراستنی میلۆدی کوردی و هتاد. ئەم چەنەڵە فۆڵۆ بکەن و هەوڵ بدەن مناڵەکانتان گوێیان لێ بگرن، لە جێی ئەو کەناڵانەی کە کۆپی گۆرانی عەرەبین و لە دەستی ئەمیندا نین و بە پلان دەیانەوێ منداڵەکانمان بەو شێوە پەروەردە بکەن کە هیچ دەردی ئێمە نییە و بە کەڵکی ئێمە نایەت، نەیارەکانی کورد لە کەمیندان بۆمان و دەیانەوێ لە ڕەسەنایەتی خۆمانمان دابڕن، مەکەن و وشیار بن! بەرهەمی «ماسی سوور» یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی ئەم کەناڵە کە نەک منداڵەکان بەڵکو گەورەکانیش فێری زۆر شت دەکات. لینکی چەنەڵەکە: https://youtu.be/KP5RneHc_g8?si=HJtA0ECo8CDUJTfS

#تەماشا جوانترین شت لای من ئەوەیە بچمە جێیەکی ئارام، بێ ژاوەژاو بێت و دانیشم و سەیری ئەم جیهانە بکەم، تەنها بۆم هەبێ سەیر بکەم. تەنها و تەنها تەماشا. گەورەترین مەقام لە عیرفاندا لای من «تەماشایە». تەنها تەماشاکردن و ڕامان، جا چ هی ئینسان بێ چ هی سرووشت. بێ قسە، بێ جووڵە، بێ هیییچ کردەیەک. تەنها تەماشا و تێڕامان. لەم خاڵەیا هەم مەولانا لوتکەیە هەم نالی. هەست بەوە دەکەم زۆر باش لێیان تێگەشتووم. مەولانا دەڵێ از منظر جمالی کو حسن آفریده باللە یکی نظر کن، کآن در نظر چ آید. نالیش دەڵێ: ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا سەرڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە حاشا. «جیهان هەمان خودایە لە پلەی دەرکەوتندا». بۆیە لێرەیا لە غەزالی دەبڕێم، چونکە پێم وایە زهوور لە بوون جیا نابێتەوە، بوون ئەزەلییە و دەرکەوتەی ئەویش ئەزەلی، غەزالی کە باسی حدووس دەکات فۆڕمی نوێی زهووری بوونی پێ حادیسە، وای زانیوە ئەم فۆڕمە خۆی نەگۆڕیوە، بۆیە دەڵێ: کل مصور حادث والعالم مصور، اذن العالم حادث. ئەو باسی جیهان دەکات، ڕاستەکات، جیهان بەم فۆڕمە قەدیم نییە، بەڵام خۆ جیهان کە زهووری بوونە، تەنها یەک جل لەبەر ناکات. جلی نوێ دەپۆشێ. هەقیقەتەکەی کۆنە، بەس جلەکانی نوێن. «کل یوم هو في شأن»، یان «بل هم فِي لَبْسٍ، مِنْ خَلْقٍ جَدِيدٍ ». لاهووتی

عیشق، ڕووناکی عیشق لە گیاندا ڕووناکییە، لە نەفسدا ئاگرە، ئاگر لە دواتردا هەر دەبێتەوە بە ڕووناکی. بەڵام تا نەسووتێی ڕووناک نابیتەوە. مەحویش دەڵێ: «إذ الأنوار من ذي النار تنشأ».