324
Подписчики
Нет данных24 часа
-17 дней
-330 день
Архив постов
ئەگەر بەخۆ نەکەوین،
ئەوا زۆر خراپ دۆڕاوین
کە نەزان بووی، کە ترسنۆک بووی، کە توانای داهێنانت نەبوو، کە لە هێزی هەژموون تێنەگەشتی، کە ناوەندی ستراتیژیت نەبوو، کە نەوتوانی سوود لە توانای گەنجەکانی وڵاتەکەت وەرگری... کە کە کە، ئەوا خاکیشت نییە، ئەوا تەعریب ڕێگە ئاسانە خۆشەکەیە بۆ خۆت لە ڕێی عەقاراتەوە خاکەکە دەفرۆشی، چونکە توانای ڕکابەریت نەماوە، توانای بەرگریت نەماوە، توانای جەنگت لەگەڵ ناوەندە ستراتیزەکامی تر نەماوە، ئەوان تۆیان قووت داوە.
ئەوەی کە ئەمڕۆ عەقاراتەکان دەیکەن و دەسەڵاتی سیاسی ئێمە لێی بێدەنگە جۆرێکە لە پاشەکشە و خۆبەدەستەوەدانی ئاشکرا، چونکە یارییە قورسەکەمان پێشتر دۆڕاندووە، چونکە توانای ململانێ گەورەکەمان نەماوە.
ساڵ پترە ئەم بابەتەم نووسیوە و ئێستا بۆ تۆی بەڕێزی دادەنێمەوە تا تێبگەی لە کوێوە لێمان دراوە و چۆن سووک و ئاسان جەنگە گەورە گرنگەکەمان دۆڕاندووە.
---------------
«جەنگی پەنهان» و «هەژموونی ستراتیژی»
دونیای ئەوڕۆ دونیای ڕکابەری ستراتیژییە، بۆیە شتێ نەماوە بە ناوی مەرز و سنوور، خەڵکی پسپۆڕ و ستراتیژی بەهێز و تەکنەلۆژیای بەهێز هیچ سنوورێ ناناسێ و لە هەموو جێیەک حزووری هەیە، چیتر جەنگ وەک پێشتر نییە، جەنگی ئەمڕۆ جەنگی پەنهانی و ستراتیژییە، درۆنێک ئیشی هەزاران سەربازی سەدەکانی ڕابردوو دەکات.
جەنگی ئەمرۆ جەنگێکە سنوور ناناسێ، سنووری تۆ لە ڕێی هەژموون و تەکنەلۆژیاوە دەکاتە سنووری خۆی، خاکی تۆ ئەگەر توانای ستراتیژ و تەکنەلۆژییت نەبێ دەبێتە بەڵا بەسەرتەوە، هێز ئەمڕۆ ڕەهەندی دیکەی دەرکەوتووە تەنها لە خاک و حەشامات و ماتریاڵی ڕووتدا خۆی نابینێتەوە.
داگیرکردن و داگیرکاری ڕەوش و ڕێوڕەسمی گۆڕاوە، هەر ئێستا چیتر خاکی تورکیا خەکی تورکیا نییە، خاکی عێراق خاکی عێراقییەکان نییە، ئێرانی تەنها خاکی ئێرانییەکان نییە، هیچ خاکێک لەم جیهانەدا نییە تەنها خاکی گەلەکەی خۆیبێ، بەڵکو لە چوارچێوەی ستراتیژ و هەژموونی ئەو وڵاتانەدان کە توانایان پترە و لە هاوکێشەی هێزی نوێ تێگەشتوون پترە و باشتر هونەری ستراتیژی دەزانن و توانای کێبڕکێی «جەنگی پەنهان»یان هەیە.
چیتر سەروەری وڵاتێک لە بەردەستی سەرۆککۆمارەکەیدا نییە، هەڕەشەی وڵاتێک لە پاراستنی سەروەری خاکەکەی، سەروەری ئاسمانەکەی بەبێ ناوەندی توێژینەوەی سەربازی و بەبێ تێگەیشتن لە هێزی نوێ وەک پووشێکە و بەهاوادا دەڕوات و هیچ هورمێکی (اعتبار) نییە.
تەنانەت چیتر وزەی ئەتۆمیش چەکی بەهێزی وڵاتێ نییە، چەکی پاراستنی قەوارە و سەروەری و ڵاتێ نییە.
جیهانی ئەمڕۆ جیهانی جەنگی هەژموون و زاڵبوونی ستراتیژییە لە ڕێی شارەزایی و پسپۆڕی و دەستخوێندنەوەی بەرامبەرەوە، هونەری جەنگ گۆڕاوە، چونکە ئامرازەکانی جەنگ و ئامانجەکانی جەنگ گۆڕاون، چونکە مەبەستی جەنگ گۆڕاوە.
دەشێ تۆ لە خاکی خۆتدابی، لەگەڵ خەڵکی خۆتدا بی، خاوەن حکومەت و پەرلەمانی خۆت بی، خاوەن کارخانە و جبەخانەی خۆتبی، بەڵام هیچ بڕیارێکی سیاسیت پێ نەدرێ بەبێ بڕیاری ئەو هێزەی کە لە ڕووی ستراتیژ و توانای فیکرییەوە باڵادەستە بەسەرتا و زاڵە بەسەر ناوەندی بڕیار و دام و دەزگاکانتدا و هەموو شتێکت چاودێری دەکات و کۆنترۆڵی دەکات.
ڕەنگە لە داهاتوودا ئەگەر ژیری دەستکرد لەگەڵ ئەندامەکانی لەشی مرۆڤدا ئاوێتە ببێ و هەماهەنگی درووست ببێ ئەوکاتە سەرۆکی وڵاتەکەت تەنها وەک بیچمێک لە خزمەتی تۆدا بێ، بەڵام زیهن و دڵی هی تۆ نەبێ، واتە وزە و تواناکانی دزراون و لە جێیەکی ترەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و چیتر تۆ تەنها خاوەن بیچمێک و قەواخێکی و بریاری سیاسی لەبەردەستی تۆدا نییە.
لە دونیای نوێدا ئەو ماتریاڵەی کە خاڵی بەهێزی تۆیە و لەبەردەستی تۆدایە، ئەگەر لە ڕووی ستراتیژ و هزرەوە خاوەن ڕوئیای خۆت و توانای تەکنەلۆژی خۆت نەبێ، ئەوا دەشێ ببێتە خاڵی لاوازی تۆ و وەک لوغمێک بە خۆتدا بتەقێتەوە، ڕەنگە تەقینەوەی پەیجەرەکان کە توانای کردەیی حیزبوڵا بوو ، کە ماتریاڵی پەیوەندی ئۆرگانیکی و کۆکردنەوەی هێز بوو باشترین نموونەی ئەم جەنگە پەنهانییە بێ کە هەمان خاڵی بەهێزی خیزبوڵا بووە بەڵا بۆی، بەمەیش بەهێزترین گرووپی پێکبەستراوی لێک پچڕا و وێران بوو.
لە دونیای نوێدا جەنگ جەنگی ستراتیژی و زاڵی هەژموزنە، جەنگی پەنهانە، تۆ تا پتر خۆت بشارییەوە ئەگەری بەرکەوتن و سڕینەوەت زۆرترە، هیچ شتێ چیتر شاراوە نییە، هەموو شتێ لەبەردەستی موگناتیسی هێزدایە و تونای ستراتیژی ئەو لە ئاستێکدایە هەموو شتێکت کۆنتڕۆڵ دەکات و لە زەمانی پێویست و لە مەکانی پێویستدا وزەی بەرگری تۆ دەکاتە چەک لە دژی خۆت و خاڵی لاوازی تۆ!
لاهووتی
ت. ب: ڕاستە موگناتیسی هێز زاڵ و بەهێزە، بەڵام موگناتیسە گەورەکان موگناتیسە بچووکەکان لەخۆیان پێچ دەدەن، لێرەدا ئێمە موگناتیسە بچووکەکەین و دەسەڵاتی سیاسی ئێران و تورکیا موگناتیسە هەندێک گەورەترەکەن و لوولمان دەدەن.
ئیلاهیاتی کوردی (٢)
گەنجینەی هەق لە نێوان یەزدانناسی یارسانی و یەزدانناسی عیرفانی ئیسلامی
لە ڕوانگەی یارسانەکانەوە خودا « دوڕ»ێکە کە پێش ئەوەی خۆی دەرخات (لێرە مەبەست ئەوەیە کە لە جیهاندا خۆی دەرخات، ئەوکاتەی جیهان درووست دەبێ) کەس نەیزانیوە ئەم کەنزە لە کوێیە، ئەمەیش هەر وەک تێگەیشتنە لە خودا لەوەدا کە کەس لێی نەگەشتووە، کە دەتوانین ئەم مەقامە ناو بنێین مەقامی کەس نەزان وەک پیرە یارسانەکان باسی دەکەن و لەخوار ئاماژەی دەدەنێ.
واتە خودا سەرەتا دوڕێکی شاراوەیە و دواتر دەردەکەوێ و خۆی دەردەخات و کەنزەکە زهوور پەیدا دەکات. (دەستەواژەی دەرکەوتن و خۆیابوون و زهوور دەستەواژەیەکی ئیشراقییە و موحەممەدی ئیشراقی و شێخی ئیشراق باسی دەکەن).
ئەم تێڕوانینە لە عیرفانی ئیسلامی و بە تایبەت لای ئیبن عەرەبی زۆر ئاشکرا و ڕوونە و بە وردی باسی لێوە کراوە. ڕەنگە پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان کەسنەزان و کەنزنەزان، لەوەدا کە کەس ئەو گەنجینە و کەنزەی نەزانیوە تا ئەوکاتەی خۆی خۆی دەر دەخات، لەخوارێ باسی دەکەین.
شێخ نەورۆزی سۆرانی -پیرێکیەیارسانییە- لەبارەی سەرەتای ئافراندنەوە دەفەرمێ:
یاران چێش بیەن یاران چێش بیەن
سەرئەنجام قاڵ ئەزەڵ چێش بیەن؟
مەبەست لە سەرئەنجامی قاڵ واتە قسەی کۆتایی ئەزەل چی بووە و لەکوێوە هاتووە.
دواتر دەڵێت:
نە بەرز بی نە نەزم، نە لێژ نە مەکان
نە بەیزەی دوڕ بی نە بەحرولعومان.
واتە نە بەرزی هەبووە و نە نزمی و نە لێژی و شوێن، بەیزەی خڕ مەبەست زەوییە.
دەروێش ئەمیری زۆڵەیی ش سەدەیەک پێش شێخ نەورۆز ئاوا دەڵێت:
ئەوسا جای مەقام مەئواش نە کۆ بی
گۆشەگای لانەش لە کام بسو بی؟
لێرە باسی مەقامی ئیلاهی دەکات و دەڵێ لە کوێ بووە؟ ئەم کوێییە کوێی مەکانی نییە و زیاتر کوێی عیرفانییە، بەمانای لێگەشتن، بەڵام سەرەڕای ئەوە مەولەوی تاوگۆزی چەند دەیە پاش شێخ ئەمیر دێ و بە ڕوانگەیەکی ئەشعەرییانە شێوازی پرسیار لە کوێ ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ «من این این»، واتە لەکوێ خۆی لە کوێ بووە تا بپرسێ.
شێخ ئەمیر دەیەوێ بڵێ: ئەوکات ئافرێنەر من لە دوونی (قۆناغی) «یاد»ا بوو واتە (دۆخی کەسنەزان) لەوێ نە زەوی هەبوو نە ئاسمان و نە ئەستێرە. ئەم تێڕوانینە لای ئیبن عەرەبی دەبێتە حەزرەتی خەیاڵ، هەروەها عالەمی عەقڵ لەوێدا کە جیهان درەوشاوەی عەقڵی خوایە کە لە ئەعیانی جێگیرەدا هەبووە.
هەر شێخ ئەمیر بەم شێوە ئافرێنەری پێش ئافراندن دەخاتە بەر باس و قسەی لێ دەکات:
جەلیل جەببار، جەلیل جەببار
بوانیم سەنتی جەلیل جەببار
نە لەوح نە قەڵەم نە یار نە ئەغیار
پادشام نە دووڕ بی، دووڕ نە دەریابار
نە گەڵای گاڵ نە چرای چڕ بی
تا چەند وەخت پادشام نەدانەی دوڕ بی
بنیادش نە یورت کەسنەزان سڕ بی.
لێرەیا بە ڕوونی ناوی کەسنەزانی هێناوە، دیارە کە خودا سەرەتا شاراوە بووە و دوڕی کەسنەزان بووە، یان کەنزی نەزانراو و شاراوە بووە و دواتر خۆی ئاشکرا کردووە و جیهانی ئافراندووە.
لێرەیا دەچمەوە لای ئیبن عەرەبی کاتێ کە پشت بە فەرموودەیەک دەبەستێ و دەڵێت خودا کەنزێکی شاراوە بووە و حەزی لێ بووە ئەم کەنزە بە ئافراندنی جیهان ئاشکرا بکات. فەرموودەکە بەم جۆرەیە:
«کنت کنزا مخفیا، فاحببت ان اعرف، فخلقت الخلق لکی اعرف».
واتە من کەنزێکی شاراوە بووم و حەزم لێ بوو کە بناسرێم و جیهانم ئافراند تا دەرکەوم، لێرەیا وشەی «احببت» بۆ ئیبن عەرەبی زۆر گرنگ و کلیلییە و پێی وایە جیهان لە پێناوی خۆشەویستییدا خوڵقاوە.
هەر ئەم تێگەشتنە لای مەولانای ڕۆمیش هەیە و پێی وایە جیهان بە عیشق خوڵقاوە و لە پێناو عیشقا واتا وەردەگرێ و ئافرێنەریش هەر عیشقە و بە عیشقیش دەتوانی پێوەی وەسڵ ببی و بە عیشقیش دەتوانی تێی بگەیت.
مەولانا لە مەسنەویدا بە وردی باسی ئەم گەنجینە شاراوە دەکات و سەر عینوانی باسەکەشی هەمان فەرموودەی سەرێیە، لە دەفتەری چوار و بەشی ٩٨ بە وردی باس لەم نهێنیە دەکات، بەڵام بەو جیاوازییەی کە دەیەوێ بڵێ گەنجینەکە لە خۆماندایە و سڕەکە لە خۆمانایە.
هەریەک لە ئیبن عەرەبی و مەولانا بە بەڵگەی مێژوویی دەکەونە پاش شێخی ئیشراق و کاریگەری ئەویشیان لەسەرە، لە کاتێکدا لە لای یارسانەکان شێخی ئیشراق یەکێکە لە کەسایەتی و پیرەکانی ئەم ڕێبازە.
سەبارەت بە فەرموودەکەی سەرێ دەشێ زۆر قسە بکەین و من لە جێی تر قسەم لێ کردووە، بەس گرنگترین شت ئەوەیە کە دەرکەوتن بەشێکە لە عیشقی ئیلاهی و سوهرەووردی لەم بارەوە بە ڕوانگەیەکی قووڵ دەڵێت ڕووناکی سرووشتی وایە ناتوانێ شاراوەبێ.
سەبارەت بە کڵێشەی فیکری ئیشراقییەکان کڵێشەیەکی وردی کامڵە و کەمترین بۆشایی تێدایە لەمەڕ ئەم پرسە قووڵە عیرفانییانە، کڵێشەکە هەم لە گۆشەی حیکمەتی سیستماتیکی و هەم حیکمەتی چەشەیی هەردووکی دەتوانی لێی بگەی بەبێ ئەوەی یەکتر ڕەت بکەنەوە یان بۆشایی فیکری درووست بکەن. واتە میتۆدە ئیشڕاقییەکە میتۆدێکی کامڵە و هەموو بەشەکانی یەکتر بەهێز دەکەن.
لاهووتی
ڕەگ و ڕیشەی ئیلاهیاتی کوردی
بە کورترین پێناسە ڕەگ و ڕیشەی ئاین و خواناسی کوردی بریتییە لە ڕووناکی. لە ڕستەیەا: کورد ڕووناکی پەرستە. لە دیدی پیاوچاکان و پێشینان و عاریفانی کوردەوە خودا هەمان ڕووناکییە و جیهانیش ئاوە و تیشکی ڕووناکییەکەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە هەم لە عیرفانی کوردیدا هەیە، هەم لە ئاینی یارسان و هەم ئاینی ئێزەدی.
ئەمە کورتەی بیر و باوەڕی کوردە. کورد ئاگری نەپەرستووە بەڵکو ڕێزی لێ گرتووە چونکە ڕووناکی تیایە، کورد ئەستێرە پەرست نەبووە، کورد خۆرپەرست نەبووە بەڵکو لە هەقیقەتدا کورد ڕووناکی پەرست بووە. [ناوەکانی وەک باوە گوڕ گوڕ، باوە نوور و هتاد بەشێکی تر لە هێماکانی پشت ئەم ڕاستییە].
ڕەنگە کەس وەک مەحوی نەیتوانی بێت ئاوا هەموو ئەم شتانە لێک بداتەوە کە دێت و دەڵێ: عیشق ئاگرە چونکە ڕێی گەیشتنە بە هەق، هەقەڕووناکییە، عیشقیش ئاگرە. دەبێ بە ناو ئاگردا بڕۆی تا دەگەیتە ڕووناکی. ئەو دەڵێت:
«بە سوزی عیشقە بوونە ذی کەماڵات
اذ الانوار من ذي النار تنشأ».
ئەمە لای مەولەوی تاوگۆزی دەبێتەوە بە سەفەری عیشق، واتە تا نەسووتێی ناگەیە ڕووناکی و داناگیرسێی، (هەڵبەت وەفاییش هەر وا دەڵێت) هەر مەحوی دەڵێ ئەوەی جارێک بە عیشق بسووتێ حەز دەکا پێی بسووتێتەوە تا تەواو ڕووناک دەبێتەوە.
لە ئاینی یارساندا «خودا بێ جێیە، ڕەوانی ئیزەدان وەک تیشکی خۆر و ئاوە، چونکە ئەو تیشکە دەتوانێ بچێتە نێو گشت دەفرێکەوە و ڕەنگی ئەو بگرێ، ئەمەیش هەر ئەو کاتەیە لەوێدایە». ئەمە هەمان تێڕوانینی سوهرەوەردی و شارەزووریشە کە پێیان وایە خۆر ڕەمزی خودایە و خۆر هەمان خودایە لە جیهانی ماتریاڵدا، بە واتایەکی قووڵتر خۆر دەرکەوتەی خودایە لە جیهانی ماتریاڵدا، هەروەها خودا ڕووناکی پەتییە. [بیرمان نەچێت یارسانەکان شێخی ئیشراق لە پێڕەوان و گەورە پیاوانی خۆیان حیساب دەکەن، قسە هەیە کە پیر موحەمەدی هەڵەبجە هەمان شەمسەدینی شارەزووری بووبێ، گەر ئەوە وا بێت ئەشێ پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان شارەزووری هاوارییەکاندا و من ئەوەم بۆ نەدۆزراوەتەوە، چونکە دەڵێن هاوارییەکان لە پێڕەوانی پیر موحەممەد بوون].
کەواتە باسەکە خۆر نییە، بەڵکو خۆر هێمایەکی لاهووتی تیایە کە پەیوەستە بە ڕووناکییەوە. بیرمان نەچێت ئەو ڕووناکییە فیزیکییە تەنها ڕەمزە و ڕووناکی خودا فیزیکی نییە. ناوەکانی وەک بنار و نسار بینا لەسەر بەرزایی چیاکان و ئاڵوگۆڕی خۆر دانراون، واتە خۆر زۆر مەزنە لە لای کوردی زاگرۆسی. من نازانم خۆرماوا، خورماڵ، خۆرامان، هۆرامان، هۆرمای و هتاد تا چەند بە دەقیقی پەیوەستن بە خۆرەوە و ئەوە بۆ ئەوانە جێ دێڵم کە خاوەن ڕەئی تەواون لە ڕیشەی زمانزانییدا، بەڵام گەر هەر ئاوایش بە ڕواڵەتی سەیری بکەی دەزانی چی لە پشت ئەو وشانەوەن.
لە ئاینی ئێزەدی دا شەیتان پەرستی نییە، بەڵکو هەر هەمان خوداپەرستییە، ئێزێ هەمان پادشایە، هەمان خودایە، لەوێش ڕووناکی و ئاو قسەی سەرەتا و کۆتایی دەکەن. ئێزیدییەکان پێیان وایە کە جیهان دەریاییەکە پڕ لە دوڕ و مرواری و گەوهەر، پێویستە کڕنووشی بۆ ببەن. لێرەیا جیهان ئاوە، ڕەنگاوڕەنگە و تیشکی هەق دەداتەوە. بێ هۆ نییە کە یەکێ لە کتێبە گرنگەکانی ئاینی ئێزەدی ناوی جیلوەیە، جیلوە خۆی هەمان درەوشانەوەیە کە بە بڕوای ئیبن عەرەبی (عاریف و حەکیمی گەورەی شارستاتێتی ئیسلامی) خودا لە ڕێگەی درووستکراوەکانییەوە تەجەلی دەبێ هەرچۆن لە کێوی توڕ تەجەلی بوو بۆ مووسا و قورئانیش دەفەرمێ: {فلما تجلی ربە للجیل جعلە دکا و خر موسی صعقا}. کەواتە جیلوە پڕۆسەی دەرکەوتنی خودایە لە جیهاندا.
بێینە لای نالی، نالی زۆر ورد باسی ئەمانە دەکات. بۆ وێنە لەباسی جیهان و دەرکەوتەی هەقدا دەڵێ:
ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا
سەرڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە حاشا.
واتە هەر ئەوەی کە جیلوەدەری جوانییە هەمان ئەوە کە ئەم جیهانەیشی خوڵقاندووە و هەر خۆیشی کەنزی شاراوەیە، بەڵام لە ڕێی دەرکەوتن و جیلوەکانییەوە خۆی دەردەخا بۆ ئەو چاوانەی کە توانای دیتنیان هەیە، بەڵام بێ مەدەدی خۆی هیچ چاوێ ناتوانێ ئەو جوانیانە ببینێت.
لە بارەی ڕەنگینی و بێ ڕەنگی یار/هەقیشەوە دەڵێت:
یەک ڕەنگم و بێ ڕەنگم و ڕەنگین بە هەموو ڕەنگ
بەم ڕەنگە دەبێ ڕەنگ ڕژیی عیشقی حەقیقیی
واتە بۆ ئەوەی لەو بچم یەکڕەنگم، [کورد دەڵێ بە یەکڕەنگی خوا قەسەم]، دواتر دەڵێ هەر وەکو ئەو بێ ڕەنگم، واتە ئەو نە ڕەنگی هەیە نە شێوە، دواتریش دەڵێ ڕەنگین بە هەموو ڕەنگێ، واتە ئەو ڕەنگی هەموو ڕەنگەکان دەگرێ، هەمان تێڕوانینە یارسانییەکەیە کە خودا ڕووناکییە و جیهان ئاوە، کە ڕووناکی چووە ناو ئاوەوە دەدرەوشێتەوە بە هەموو ڕەنگەکان. دواتر نالی دەڵێ ئا بەم شێوە دەتوانین ڕەنگ بدەین بە عیشقی هەق، عیشقی هەقیقی. واتە ئەمە ڕێی دۆزینەوەی یارهەقە.
#لاهووتی
تابلۆیەکی دەگمەنی هێرشی (سوپای مەغۆل) بۆ کوردستان و تۆقدانی (قەڵاتی هەولێر) لەنێوان ساڵانی ۱۲٥٨ ـ ۱۲٥۹دا. دانەی دیگیتاڵیی تابلۆکە، لە وارگهی (پێنترێست)ی ئەرشیفی دانراوە. ئەم تابلۆیە لە نیگارکارییەکانی مێژوونوس (ڕەشیدەدین هەمەدانی)یە لە کتێبی [جمع التواریخ]دا، دانەی ڕاستینەی تابلۆکەش لە مۆزەخانەی گشتیی فرەنسا پارێزراوە. هەروەتر لە کتێبی تابلۆکانی مۆزەخانەی مێترۆپۆلیتان (Metropolitan)ی هونەریی ئەمەریکا، جێگیر کراوە.
هاتنی سوپای مهغۆل به ڕێبهرێتی هۆلاگۆخان، هێرشه لهسهریهكهكانی ئیمپڕاتۆریهتی ئێلیخانی بۆ سهر مێزۆپۆتامیا، هەرێمی زاگرۆز و پێدەشتی کوردستان، له سهرچاوه باوهڕپێكراوه مێژووییهكان تۆمار كراون.
قهڵاتی شاری هەولێر بۆ ماوهیهكی درێژ لهلایهن سوپای مهغۆلهكان تۆق دهدرێت، خهڵكهكهی به ههموو شێوهیهك بهرگری دهكهن، دهست دهكهنهوه، شهڕ دهكهن. تا ئەوساتەی ههردوولا به ڕێككهوتن ئاگربهست ڕادهگهیهنن. بەڵام جاری یەکەم لە نکاری مەغۆلەکان ئاگرەبەستەکە دەشکێنرێ، کەچی دیسان سوپای مەغۆلان تێکدەشکێنرێ. جاری دووەمیش سوپای هەولێر لە شار دەچنە دەر، خۆیان دەچنە پێش و ڕێ نادەن هێزەکەی هۆلاگۆ پێشڕەوی بکەن.
مێژوونووس و گهریدهیهكی بهناوودهنگی وهك (زهكەریای قهزوینی _1283مردووه و لهو سهردهم ژیاوه) له كتێبی ( آثار البلاد وأخبار العباد)دا وهها وهسفی ئهم ڕۆژانهی قهڵاتی ههولێر دهكات: قهڵاتی ههولێر، قهڵغان بوو. بهرگریی خهڵكهكهی بێئهندازه بوو، تا ئەوە بوو توانیان هێرشهكانی تهتهر و مهغۆل بۆ سەر ههولێر تێكبشكێنن و مهغۆلهكان نهیانتوانی ههولێر داگیر بكهن. (قلعة أربيل كانت حصينة وكانت مقاومة أهلها شديدة حتى استطاعوا دحر هجمات التتر والمغول على أربيل ولم يستطيعوا من احتلال أربيل).
ئهوهی شایهنی لهسهر وهستانیشه، سهرچاوه مێژووییهكان کە گوفتاری ئهوسای سهرانی سوپای مهغۆل و تهنانهت خیلافهتی ئیسلامی لهسهر ئاكاری خهڵكهكه دههێننهوه، ههنگینێش دانیشتووانی قەڵاتێ و خەڵکەکەی دامێنی قەڵات، بە (کورد) ناو دەبەن. بۆ پتر زانیاری و زێترزانین، بۆ كتێبی (تاريخ العراق الحديث 1258-1918 تأليف الدكتورة: ايناس سعدي عبد الله) بگهڕێوه.
*The Mongols besieging 1258 Erbil (miniature from the 15th century). [The Metropolitan Museum Of Art]
*Erbil under belägringen av mongolerna som del av Ilkhanatet under 1258–59, avbildat i Jami' al-tawarikh av Rashid-al-Din Hamadani Bibliothèque Nationale de France, Département des Manuscrits, Division Orientale
لە ڕوانگەی مەشائییەکانەوە بۆ خودا سدوور بەکار براوە. واتە یاسای هۆ و بەرهۆ. لای ئەفلۆتین سەرڕێژ هەیە، لای ئیشراقییەکان زهوور و دەرکەوتن، لای ئیبن عەرەبی تەجەلی هەیە، دێتەوە لای ئاینی یاری و ئەمە پیرۆزە و دەرکەوتنی یەزدانییە و دەبێتە وێنەی دەرکەوتنە. سەیر لەوایە ئەوەی قوتابخانەی ئیشراق و ئاینی یاری هەر یەکن.
پەروەردەی کوردی
هەمیشە گلەیی لە ڕابردوو و ئێستای خۆمان دەکەین بێ ئەوەی هیچ پلانێکی ئەوتۆمان هەبێ بۆ ئایندە، ئەوەی ئێستە لەدەست بدات ئایندەیش لەدەست دەدات، پەروەردە میکانیزمی بەرگرییە، میکانیزمی بەرگرییە بۆ مانەوە، پەروەردە نەخشەکێشانە بۆ ئایندە، هەر گەل و نەتەوەیەک بیر لە پەروەردە نەکاتەوە نابێ باسی ئایندەی خۆی بکات و گلەیی لە ئێستای بکات، مافی نییە بڵێ بۆ وام لێ هاتووە و بۆ لێم قەوماوە.
دیارە منداڵەکانمان بانکی زانیاریین و دەبێ زۆر بە وردی ئاگامان لێیانبێ و داهاتووی ئێمە ئەوانن و لە دەستی ئەواندان. وەزارەتی پەروەردە، ئەوقاف، ڕۆشنبیری و هتاد ئەرکی سەرشانییەتی کە بە وردی پلانی بۆ ئەم دۆخە هەبێ و بە سادەیی سەیری نەکات، سیاسی دەتوانێ قەیرانەکان بداتە دەم یەک و گرێیان بدات، بەڵام نابێ پەروەردە وابێ، پەروەردە دەبێ بە ئەرکی ئەخلاقی خۆی بزانێ کە کۆمەڵگەکە و ناوەندی خوێندن و میدیا بەرەو کوێمان دەبەن و چیان لە هەگبەدایە. بەڵام لە مەملەکەتی بێ حاڵ و ماڵدا هەموو شتێ بۆتە پرسی نان و ئاو و هێشتا قۆناغی برسێتیمان تێنەپەڕاندووە و لەوێدا ماوینەتەوە، ئەمە بەشێکی بێ پلانی خۆمانە و بەشێکی تریشی دوژمن و نەیاری ئەم گەلەن کە دەرفەتمان نادەن بیر بکەینەوە و بیر لە ئێستە و ئایندەی خۆمان بکەینەوە.
کەناڵی «هورمای میدیا» لە یوتوب کە بەڕاستی نازانم کێ لە پشتیەوەیە، کێن دەستەی بەڕێوبەر و پلان، بەڵام دەزانم کە یەکێکە لە جوانترین چەنەڵەکانی یوتوب بۆ گۆرانی منداڵان، بۆ پەروەردەی منداڵان. چونکە گۆرانی و بابەتەکانی پڕن لە
هەستی نیشتمان پەروەری
عیشقی گەڕانەوە بۆ زێد، نۆستالیژیای زێد و نیشتمان
تێگەیشتن لە بێ حاڵ و ماڵی
ئازاری شاراوەی گەلێک
عیشق بۆ ژینگە و ژینگە پارێزی
وشەی جوانی ڕەسەنی کوردی
پاراستی بەها جوان و ڕەسەنەکانی کوردەواری
پاراستنی میلۆدی کوردی و هتاد.
ئەم چەنەڵە فۆڵۆ بکەن و هەوڵ بدەن مناڵەکانتان گوێیان لێ بگرن، لە جێی ئەو کەناڵانەی کە کۆپی گۆرانی عەرەبین و لە دەستی ئەمیندا نین و بە پلان دەیانەوێ منداڵەکانمان بەو شێوە پەروەردە بکەن کە هیچ دەردی ئێمە نییە و بە کەڵکی ئێمە نایەت، نەیارەکانی کورد لە کەمیندان بۆمان و دەیانەوێ لە ڕەسەنایەتی خۆمانمان دابڕن، مەکەن و وشیار بن!
بەرهەمی «ماسی سوور» یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی ئەم کەناڵە کە نەک منداڵەکان بەڵکو گەورەکانیش فێری زۆر شت دەکات.
لینکی چەنەڵەکە:
https://youtu.be/KP5RneHc_g8?si=HJtA0ECo8CDUJTfS
#تەماشا
جوانترین شت لای من ئەوەیە بچمە جێیەکی ئارام، بێ ژاوەژاو بێت و دانیشم و سەیری ئەم جیهانە بکەم، تەنها بۆم هەبێ سەیر بکەم. تەنها و تەنها تەماشا.
گەورەترین مەقام لە عیرفاندا لای من «تەماشایە». تەنها تەماشاکردن و ڕامان، جا چ هی ئینسان بێ چ هی سرووشت. بێ قسە، بێ جووڵە، بێ هیییچ کردەیەک. تەنها تەماشا و تێڕامان.
لەم خاڵەیا هەم مەولانا لوتکەیە هەم نالی. هەست بەوە دەکەم زۆر باش لێیان تێگەشتووم.
مەولانا دەڵێ
از منظر جمالی کو حسن آفریده
باللە یکی نظر کن، کآن در نظر چ آید.
نالیش دەڵێ:
ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا
سەرڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە حاشا.
«جیهان هەمان خودایە لە پلەی دەرکەوتندا». بۆیە لێرەیا لە غەزالی دەبڕێم، چونکە پێم وایە زهوور لە بوون جیا نابێتەوە، بوون ئەزەلییە و دەرکەوتەی ئەویش ئەزەلی، غەزالی کە باسی حدووس دەکات فۆڕمی نوێی زهووری بوونی پێ حادیسە، وای زانیوە ئەم فۆڕمە خۆی نەگۆڕیوە، بۆیە دەڵێ: کل مصور حادث والعالم مصور، اذن العالم حادث. ئەو باسی جیهان دەکات، ڕاستەکات، جیهان بەم فۆڕمە قەدیم نییە، بەڵام خۆ جیهان کە زهووری بوونە، تەنها یەک جل لەبەر ناکات. جلی نوێ دەپۆشێ. هەقیقەتەکەی کۆنە، بەس جلەکانی نوێن. «کل یوم هو في شأن»، یان «بل هم فِي لَبْسٍ، مِنْ خَلْقٍ جَدِيدٍ ».
لاهووتی
عیشق، ڕووناکی
عیشق لە گیاندا ڕووناکییە، لە نەفسدا ئاگرە، ئاگر لە دواتردا هەر دەبێتەوە بە ڕووناکی. بەڵام تا نەسووتێی ڕووناک نابیتەوە.
مەحویش دەڵێ:
«إذ الأنوار من ذي النار تنشأ».
قیامەت قامەتت، قامەت قیامەت
قیامەت وا دەهێنێ قەد و قامەت
ئەگەر بانگوێژ ببینێ قامەتی تۆ
لە «قەد قامەت» بمێنێ تا قیامەت.
شیعر: مەولانا
و: #لاهووتی
#غەزەل
بڕوانە لە یار عیشوە دەکا، سەیری چ شەنگە!
بڕوانە لە گوڵ غیرە دەکا بەو ڕوخ و ڕەنگە!
ئەو قەددە کە وەک سەروە لە توخمێکی نیانە
ئەو سینە کە وەک ڕەحمەتە، دەریاییەکی مەنگە
گەوهەر لە دەر و دیارت شەبەنگیین و دەبارێن
چۆن باسی بکەم ئەم هەموو بارانی شەبەنگە؟
نێرگز کە وەها مەستە، دەڵێن چاوی لە تۆ کرد
عومرێکە لەپای لێوی ئەتۆس، غونچە کە تەنگە!
هەرچەندە کە وەک «نای»ە هەرا و بەزمی دڵی من
سەد ساڵی بە زار وەسفی بکەم هێشتە درەنگە
وەک چاو و برۆتن کە غەزەل ڕێک و ڕەوانن
کێ زاتێ دەکا بێژێ کە ئەو قافییە لەنگە!
#لاهووتی لە بەر میهری ئەتۆ شاد و سەرەفراز
سەیریکە چلۆن بازی دەکا، ژیرە، چەلەنگە.
٢٤/ ٣/ ٢٧٢٦ ی کوردی
١٤/ ٦/ ٢٠٢٦ ی زاینی
تاوانی فەیک
(بیخوێنەوە، با بزانی کە چ غاباتێکە)
یەکێ لەگرفتە زۆر گەورەکانی ئەم وڵاتانەی دەووروبەرمان ئەوەیە کە یاساکانیان زۆر خراپە، وێڕای ئەوەیش و سەرەڕای ئەوەی کە دەستوورەکانیان خراپە و نامرۆڤانەیە، کەچی پابەندیش نین پێیەوە، بەم هۆیەوە ئایدۆلۆژیا زاڵە بەسەر بنەما و دەستووردا و هەرکەس دژی ئایدۆلۆژیاکە قسەیەکی کرد یان هەنگاوێکی نا بەندێک و تەبسیرەیەکی قانوونی بۆ ڕێک دەخەن و بە تاوانێک دەیکوژن یان لەسێدارەی دەدەن.
هەڵبەت ئەمە لە ئێراندا زۆر زۆرە، لە ئەفغانستان و تورکیا و سعوودیەیش هەیە، پێشتریش و تا ئێستەیش بە کەمی لای خۆشمان دۆخی نەخوازراو هەیە، زیندانی هەیە کە زۆر بۆ خەڵک و خوا ڕوون نییە لەبەر چی دەگیرێن و بە چ بەندێکی دەستووری گیراون، لای خۆمان تا سەرۆکی دەزگا و حیزبیشی تیایە.
کێشە هەر ئەوە نییە کە کەسێ تاوانێکی گەورە دەکات و ئاپۆڕای جەماوەر هاوار دەکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان «با بکوژرێ، بیکوژنەوە، ملی بپەڕێنن، سەری لە لاشەی بکەنەوە» بێ ئەوەی لە وردەکاری ڕووداوەکان و کەیسەکان تێ بگەن، کێشەکە تەنها هەر ئەوە نییە کە تۆ دەرگات بۆ ئیعدام و کوشت و بڕ کردەوە بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە دەرگا بۆ زۆر شتی تریش دەکەیتەوە لەوانە گیران بە تۆمەتی تاوانێک کە لە بنەڕەتدا فەیکە و هۆکارەکە بۆ پاراستنی نیزامێکی دیاریکراوە.
بۆ گەلانی ئەم ناوچە هێشتا دەستوور شتێکی نامۆیە، هێشتا پێمان نەناوەتە ناو پابەندی بە بەها کۆمەڵایەتییەکان و ڕێزگرتنی یاسا و بەهای دیموکراسی و هتاد، خەڵکانی ئەم ناوچە بە زۆری پابەندی کەلتووری وای کردووە کە یەکتر قڕ ناکەن، دەنا زۆر کارەساتی تر ممکن بوو ببینین.
ئێران خۆی یوکێکە لەو وڵاتانە کە لە م فێڵ و فرتانەیا درێغی نەکردووە، بە هەزاران لاوو کچ و کوڕی کوردی بە تۆمەتی لابەلا و ئەخلاقی لە سێدارە داوە کە لە بنەڕەتیشدا وا نەبووە. دوێنێ گوێم لە محمد هەورامی گرت پاساوی بۆ ئێران دەهێنایەوە، ئەوێ ڕۆژێش بۆ کوشتنی خەزاڵ دەیوت گەر ببرایە مەریوان نەدەکوژرا، بێ ئەوەی بیر بکاتەوە کە هەر لە ناو دڵی تارانا دەسەڵات دەچووە نەخۆشخانەکان و بریندارەکانی بە فیشەک لەسەر تەختی نەخۆشخانەکان دەکوشت، ئەویش نەک دانە و دووان، بەڵکو بە هەزاران. ئەی کەسێ نەبوو بڵێ کاکە حەمە ئەمەیشت بیر نەچێ!
ئێران و وڵاتانی ئەم ناوچە مێژووی زۆر ڕەشیان هەیە لەم ڕووەوە، جەلادەکانی سعوودیە تا ئەستەمبوڵ ڕۆشتن بۆ لەتلەتکردنی خاشقچی و دەوترێ خەڵکێکی زۆریشی بە تۆمەتی لابەلا زیندانی کردووە و کوشتووە، تورکیا ئەوە هەرکەس فزەی بێ و بە دڵی سوڵتان نەبێ بە سەدان ساڵ زیندانی دەکا.
وەک وتم کوشتن بە تاوانی فەیک شتێک نییە حاشای لێ بکرێ، هەر لەم ڕۆژانەیا دەیان و سەدان کەسایەتی گرتووە، ئاپۆڕایەک کەسایەتی زیندانی دەکات لە پڕێکا کە ناوی وای تیایە سەرت سووڕ دەمێنێ، بەس مەرام لەمە بۆ زیاتر لێڵکردنی پڕۆسەکەیە، (بۆ نموونە زیباکەلامی گرتووە، مەلا عەبدولرەحمانی سلێمانیشی گرتووە، کەچی لە پڕ مەلایەکی سنە لە سێدارە دەدا، ئەمەی بۆ ناسری سوبحانیش کرد کاتی خۆی، ئەگەریش دەستی پێی نەگا وەک قاسملو تا نەمسا دەچێ بۆ کوشتنی). نموونەی تر بە تاوانی قسەکردن بە نیزام سەد کەس دەگرێ، دواتر شەستی بەر دەدا، لە بنەڕەتا ئەو شەستەی بۆ لێڵکردنی پڕۆسەکە گرتووە و ئیشی بەو سی چل کەسەیە کە دە دانەیان بە زیندانی هەتاهەتایی و هەندێکیشی لە سێدارە دەدا.
وەک وتم ئەمە سیستەمی ئایدۆلۆژییە و مێژووی هەیە، هەر لە زەمانی محمد خانی قاجاری کاتێ خۆی و سوپاکەی چوونە ناو کرمان سی هەزار کەسیان گرت و چاویان دەرهێنان، دواتر دۆخێ خوڵقابوو شارەکە بە ناوی شاری کوێران بۆ ماوەیەکی زۆر ناوی دەهات. یان لە زەمانی ئەفشارییەکان نادر هاتۆتە شارەزوور و دەشتی عێراق دەوترێ مناڵی بێشکەشی بە تەور کوشتووە.
ئەم وڵاتانەی کە ئایدۆلۆژین، بە مانایەکی تر شتێکی تر هەیە لە دەستوور گەورەتر، ئەوە ئیتر خێری ببەخشەوە، نەبوونی شەفافیەت و نەبوونی زانیاری لەسەر کەیسەکان و پابەندنەبوون بە دەستوور و یاساوە کارەساتە. لەوەیش کارەساتبارتر نەبوونی دەستوورە، بۆ نموونە من سبحەی لە خەو هەستم و لەم هەرێمە بگیرێم نازانم بە چ بەندێکی یاسایی گیراوم، واتە هیچ متمانەیەک نییە کە تاک تێیدا هەست بەوە بکات خاوەن نیشتمانەکەیە و لە کوێدا تاوانبارە و لە کوێدا بێتاوان. هەڵبەت نەبوونی هێزێکی نیشتمانیش هەروا، بۆ نموونە لە بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی کەسانی وا بێ مۆراڵ و بێ مەعریفە دادەنێن دەڵێی دەیانەوێ بە ئانقەست هاوڵاتیان ئازار بدەن، گەنجێکی داناوە هیچ شارەزای لە هیچ نییە و هەر بۆ بێ ڕەوشتی ئازاری هاونیشتمانیان دەدا و کەسیش نییە گونی بگرێ. بڵێ تۆ سی ساڵ ئەزموونی بەڕێوەبردنی شەق و شڕت هەیە دە دوو کەسی بە ئەزموون دانێ وەک هەر بازگەکەت داناوە، با لانیکەم بەڕێز و ئیحترامەوە هاوڵاتیان بەڕێ بکات.
یانی قەیران و قۆرتەکان ئەوەندە زۆرن مرۆڤ نامۆ دەبنەوە کە لێیان ڕادەمێنێت.
وێنە و وێنا
#مانی، پێغەمبەری کوردان
دەگوترێ مانی پێغەمبەری کوردە -لەمبارەوە بەڵگە زۆرن و لێرە دەرفەتی باسی نییە- دەگوترێ لە ناوچە کوردییەکان سەری هەڵداوە و دەرکەوتووە، دەگوترێ پەرتووکەکەی ناوی «#ئەرژەنگە» و هاوڕێیەکی زمانزانم دەڵێ ناوی ئەم پەرتووکە بە واتای وێنە دێت، بەڵام ئێرانییەکان سووک و ئاسان دەڵێن نەخێر هی خۆمانە.
دەڵێن مانی کاتێ بۆ یەکەم جار خۆی دەبینێ ئەو کاتەیە کە دەچێتە کەنار ڕووبارێک و لە جێیەکی مەنگی ڕووبارەکەدا سەیری ئاوەکە دەکات، لەو دەمەدا خۆی دەبینێتەوە، کاتێ خۆی دەبینی بۆ یەکەم جار وێنەی خۆی دەبینێ و ساتێ دۆش دادەمێنێ، مانی ئەو دەمە ڕوو لە خۆی دەکات و سەرسام و واقوڕماو بە دیار خۆیەوە ڕادەمێنێ، دەنگێک پێی دەڵێت: مانی تۆ لەمەوپاش خاوەن پەیامی، لەمەولا هەر شتێکت حەز لێکرد وێنەی بکێشە، خوازریای هەر شتێ بووی، حەزت لێبو هەر شتێ بەدەست بێنی سەرەتا وێنەی بکێشە تا بێت.
مانی پاش ئەوە هەستی کرد بۆتە خاوەن پەیام و پەیامەکەیشی هیچ نییە جگە لە وێنە، جگە لە گواستنەوەی ئەوەی لە کەتواردایە بۆ ناو زیهن و پاشان گێڕانەوەی بۆ ناو کەتوار هیچی تر نییە، لێرەیایە کە وێنە دەچێتەوە سەر وێنا.
پڕۆسەکە بڵم شێوەیە: وێنەکە وەرگرە، پاشان بیهێنەوە ناو خۆت و ئەوجا وێنای بکە و بیکێشەوە، یان بینەخشێنەوە. ئەم نەخشاندنە لەوێوە تا قوتابخانە و تەریقەی نەقشی شۆڕ دەبێتەوە، واتە لە کوردەوە دێتەوە لای کورد.
لای ئەرستۆ چیڕۆکی لۆژیک، چیرۆکی لۆگۆس لە #وێناوە دەست پێ دەکات، لەوێوە کە زانست یان وێنایە، یان وەڕاستگەڕانی وێنا، واتە وێناکردنی کەتوار، پاشان خستنەوە ناو زیهن و پاشان هاوپێکبوونەوەی لەگەڵ کەتوار کە ئەگەر هاوپێک بوویەوە لەگەڵ کەتوار ئەو دەمە وەڕاستگەڕان ڕوو دەدات، ئەگەر نەبوویەوە ئەوا وەک وێنایەک دەمێنێتەوە لە زیهنا. لێرەیا شتێ ونە، ئەگەر وێنایەک هەبوو وەڕاستنەگەڕا ئەوە تا وەڕاستنەگەڕێ ساویرە (وەهمە) واتە شتێ سایەی لەسەر بیر کردووە، چونکە لە کەتوارا نموونەی نییە، بەڵام ئەگەر وێنەیەک هەبوو وەڕاستنەگەڕا ئەو وێنە نەک بەها لەدەست نادات، بەڵکو هەڵدەکشێ، وێنە هەتا بێ وێنەبێ خودایی تر و لاهووتی ترە، وێنە چەند بێ وێنە بوو باڵاترە، مەزنترە، ئاسمانی ترە، زەیدانی ترە، لەم پنتەدا ڕێک مانی و ئەرستۆ لەیەک دەبڕێن، یەکەمیان پێغەمبەری کوردی و دووەم پێغەمبەری یۆنانی. ڕەنگە لێرەیا شیعر و زانستیش لێک ببڕێن، فەلسەفەی ئیشراق و فەلسەفەی مەشائییش یەکتر ببڕن.
مانیگەری پانتاییەکی زۆر ڕۆیشت و بێجگە لە ناوچە کوردییەکان ناوچەکانی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاستیشی تێپەڕاند. دەگوترێ زۆرێک لەو نەخش و نیگاراتەی کە شارستانێتی ئیسلامییان پڕ کردووە و تەنانەت کتێبە پیرۆزەکانیان پێ ڕازاندۆتەوە و نوسخە خەتییەکانیان پێ جوان کردووە، بەهرەکەیان لە ئاینی مانییەوە وەرگیراوە. بەم بۆنەوە مانی ڕۆڵێکی زۆری هەبووە لەسەر نەخش و نیگار و دەستڕەنگینی ناو شارستاتێتی ئیسلامی.
جاران کەلتوورەکان، شارستانێتییەکان، تازەکان لە کۆنەکان بەهرەکان لە یەکتریان وەردەگرت و کێبڕکێی فێربوون بوو لەم ناوچانە، بەڵام دواتر وردە وردە هەموو شتێ ناشیرین هەژمار کرا و بە شمشێری فیقهی ڕواڵەتی ملی زۆر جوانی پەڕێندرا.
ئەو چیرۆکەی مانی دەچێتەوە لای مەولانا و لە یەکێ لە چیرۆکەکانی خۆیا باسی دەکات، گۆیا کەسێ دەیەوێ ئەسپەکەی لە جۆگەیەک بپەڕێنێتەوە، بەڵام هەرچی دەکات ناپەڕێتەوە، دواتر کەسێک لە نزیک جۆگەکە بە خاوەن ئەسپەکە دەڵێ ئاوەکە لێڵکە تا ئەسپەکە بپەڕێتەوە و خاوەنی ئەسپەیش وا دەکات و ئەسپە دەپەڕێتەوە، دواتر لە کابرای غەوارە دەپرسێ نهێنی ئەم بابەتەم فێرکە، ئەویش دەڵێ: ئەسپەکە خۆی لە ئاوەکەدا دەبینێتەوە و دڵی نایەت پێ بەخۆیدا بنێ. مەولانا بەهرە لەم چیرۆکە وەردەگرێ و دەڵێت عاریف تا پێ بەخۆیا نەنێ ناپەڕێتەوە و ناگاتە ئەوبەر. ئیبن عەرەبیش لە تەفسیری ئایەتی «ان في ذلک لعبرة» دەڵێت: عیبرە هەمان عبوور و پەڕینەوەیە، لە وێنەیەک بۆ وێنەیەکی تر تا دەگەیتەوە بە بێوێنە، واتە لە مەجازەوە بۆ وێنە کە هەر مەجازێ پردێکە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت.
#نالییش لە وەسفی دەستڕەنگینی مانیدا دەڵێت:
مانی نیەتی قووەتی تەسویری برۆی تۆ
ئەم قەوسە بە دەستی موتەنەففیس نەکشاوە
واتە مانی سەرەڕای ئەو هەموو توانایەی کە هەیبووە لە وێنە کێشان، هێشتا توانای کێشانی برۆی تۆی نییە، نە ئەو و نە هیچ گیانلەبەرێکی تر توانای نییە وێنەی وا بکێشێ، چونکە بە تیغی برۆی تۆ لەت دەبێ و بەرگەی ئەم جوانییە ناگرێ، واتە هەر دەڵێی نالی باش ئاگای لەو چیرۆکەیە کە مانی توانای نییە برۆی یار بکێشێ و بۆیە نابێتە خاوەنی برۆی یار.
✍🏻ئیدریس لاهووتی
«ئیدریس لاهووت، تاران٬ ٤/٦/٢٠١٨»
بە دڵی پڕ لە کوڵی بێ دەر و دارم، چ دەکەی؟
بە دەمی پڕ لە غەمی عومری خەسارم، چ دەکەی؟
بە دزی دێی و عەجەب تێکی دەدەی ماڵی هەناو،
بە لەبی هیشک و تەڕیی چاوی خومارم چ دەکەی؟
هاتی و هەرچی نەشێ گیانە بە یەغما بردت
بە تەنی بێ چەمەنی سست و هەژارم چ دەکەی؟
لە سرووشتی وەتەنی جیسم و تەنم دێنی خەزان
بە گوڵی باغی دڵی چەشنی بەهارم چ دەکەی؟
پێی گوتم کانی شیعر ڕۆژێ لە پڕ دەیبێ خەڵاس
پێم کە گوت تۆ لە دڵەی بولبولی زارم چ دەکەی؟
هەمدەمی ڕۆحێ نەبوو جارێ بە مەعشووقه بڵێ:
گەر ئەتۆ بێت و نەبی ڕۆژێ بە یارم چ دەکەی؟
وەرە دەر شیعر ی سرووش، هەستە وەکو مورسەلی هەق
تا بەکەی گۆشەیی غەم دەگری، لە غارم چ دەکەی؟
لێرەدا و بینا لەسەر کڵێشە ئیشراقییەکە یەکگرتن هەیە لە نێوان ڕووناکییەکاندا و جیهانیش دەرکەوتەی ئیلاهییە و شتێ نییە جیا لەو. بۆیە هەمەخودا باوەڕی لە ئیشراقدا زۆۆر قووڵ و سیستماتیکی ڕێکخراوە.
لاهووتی
شارەزووری و غەزالی
کرۆکی ئیشی غەزالی لەوێدایە کە پێی وایە لە دڵدا ڕووناکییەک هەیە و عەقڵ لێی تێ ناگات. ئەو دەڵێ هەستەکان ناتوانن جێی متمانە بن، لەمەیا هاوڕای مەشائیەکان و ئەرستۆ نییە، پێی وایە هەستەکان نزمترین ئاستی زانیاریمان دەدەنێ و بە ئاسانی دەمانخەڵەتێنن و جێی متمانە نین، بۆیە هەرچی پتر هەڵکشێین زیاتر بۆمان دەردەکەوێ کە هەستەکان ئەکرێ چەواشەمان بکەن. بنەمایەکی داناوە کە زۆر سەرنجڕاکێشە و زۆر بە کەڵکم هاتووە، ئەو دەڵێ: «کلما ارتفع عن الحس فهو سمائه» واتە هەموو ڕوانینێ بۆ سەرووی هەستەکان هەڵکشانێکە. دواتر دەڵێ عەقڵ حاکمە بەسەر هەستەکانەوە، لێرەیا زۆر بە وردی ئەمە ڕوون دەکاتەوە و زۆریش بەهێزە بەڵگەکانی. دواتر دەڵێ کێ چووزانێ پێدەچێ سۆفییەکان ڕاست بکەن و عەقڵ کۆتا حاکم نەبێ، ڕەنگە حاکمێکی تر هەبێ لەسەرووی عەقڵەوە. ئا لێرەدایە باسی ڕووناکی دڵ دەکات.
لێرەیا دەبێ بوەستین، چونکە لێرەیا یەکەم پزیسکی ئیشراق لە غەزالی دەدات. غەزالی لێرەیا باس لە حاکمی دڵ دەکات و باسی ڕووناکی، دەشڵێ ئەم ڕووناکییە بە ئارگیۆمێنت و بەڵکەی عەقڵی بەدەست نایەت بەڵکو نوورێکی خودادادییە و لەسەر دڵ هەڵدێ. لێرەیا ئیلهام و ڕووناکی یەک دەگرن. ئەو دەڵێ ئەم ڕووناکییە ئیلاهییە، یان خۆڕسکە و لە دڵ هەڵدێ، «بل بنور یقذفه الله في قلوب من یشاء» لێرەیا غەزالی پێ دەنێتە ناو ئیشراقەوە. دواتریش لە کتێبی مشکاة الانوار کڵێشەی پێ دەدا و هەنگاوێکی زۆر باش دەچێتە پێش. تا ئێرە بێ وێنەیە.
بەڵام دوو سێ کێشە هەیە کە چارەی نییە لای غەزالی.
یەکەم ئەو پێی وایە ئەو ڕۆشناییە لە ڕێی فەلسەفەوە دەستەبەر نایەت، یان با بڵێین هەندێ ونە و هەرچی دەکات ناتوانێ لە فەلسەفەدا ئەم ڕووناکییە بدۆزێتەوە.
دووەم: پێی وایە ئەو ڕووناکییە پشکێکی ئیلاهییە و پەیوەندی بە عەقڵەوە نییە.
سێ: بڕوایەکی قووڵی هەیە بە سۆفیگەری و تا سنوورەکانی هەمەخوداباوەڕی (وحدة الوجود) دەڕوات، بۆ وێنە لە کتێبی «جواهر»دا دەڵێ: (ما في الوجود الا الله و افعالە)، کەچی دێت خودا و جیهان لێک جیا دەکاتەوە، کە ئەمە لای عاریفانی وەحدەتی شیرکە. چونکە چۆن دەتوانی دان بە شتێکدا بنێی لە دەرەوەی خودا، لێرەیا دێتەوە ناو کڵێشە ئەشعەرییەکەو تا ئەوێ ئەوێرێ بڕوات.
چوار: عەقڵ بە ڕووناکی نازانێ، لانیکەم لێرەیا و لە کتێبی «منقذ»دا عەقڵ وەک ڕووناکی نابینێ، ئەگەر پێشی ڕووناکی بێ پێی وایە لە چاو هەستەکاندا ڕووناکییە.
لێرەدا شارەزووری پتر لە غەزالی دەڕوات و لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدەم:
یەکەم: شارەزووریش پێی وایە کە هەموو شتێ بە هەستەکان یەکلا نابێتەوە، بەڵام هەستەکان سەرچاوەی مەعریفەی پێشەکی مرۆڤن و سەرچاوەی عەقڵی ئیستدلالین.
دوو: عەقڵ تەنها یەک عەقڵ نییە، بەڵکو خودان پلەبەندییە، عەقڵی بورهانی و ئارگیۆمێنتی ئەو عەقڵە مەشائییەیە کە غەزالی لێی دەدا و شارەزووریش ڕەخنەی دەگرێ، بەڵام فەلسەفە تەنها کورتبوونەوە نییە لە فەلسەفەی مەشائی و عەقڵیش تەنها بریتی نییە لە عەقڵی نەزەری و ئیستدلالی. ئالێرەیا شارەزووری هەم غەزالی چەک دەکات، هەم ئیبن سینا و هەم ئیبن ڕوشدیش.
سێ: شارەزووری دەڵێ عەقڵی دیکەی ترمان زۆرە، تۆ دەتوانی تانە لە عەقڵی ئیستدلالی بدەی و بڵێی ئەمە ئەکرێ بە شێوەی سیستماتیکی بکەوێتە ناو هەڵەوە، بەڵام ئەمە سیستەمێکە و دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ تا ئەو جێیەی کە لە چوارچێوەی فەلسەفەی دۆزەکی و حیکمەتی کنەکردندا کاری خۆی دەکات. گەر تۆ بتەوێ ڕەخنەی بگری دەبێ لە کۆی سیستەمەکەی بگری. لێرەیا شارەزووری بە بوێری و بە بێ ترس و کێشە ڕەخنە لە سیستەمە مەشائییەکە دەگرێ.
چوار: شارەزووری پێی وایە عەقڵ هەمان ئەو ڕووناکییەیە کە دێتە ناو مرۆڤەوە، بەس ئەم ڕووناکییە سۆفییەکان ناوی دەنێن دڵ، بەس دڵ ناوێکی تری هەمان پرۆسەی ڕووناکییەکەیە. ئەو بۆ ئەوەی نەچێتە ناو کڵێشەی سۆفییەکان و کڵێشەی مەشائییەکان کڵێشەی ئیشراقی خۆی هەیە و دەڵێ عەڵ ڕووناکییە و بەشێکە لە ڕووناکییە پەتییەکان.
پێنج: لە سیستەمە ئیشراقییەکەیا عەقڵ سەرەتا و بنەتا ڕووناکییە،جا لە عەقڵە تفوولییەکەوە بیگرە تا دێتەوە عەقڵی کردەیی و تیۆری و هەڵدەکشێ بۆ عەقڵی ئیستدلالی و دواتر عەقڵی وەگەرخراو (مستفاد). بەڵام پشکیان لەم ڕووناکییە بە ئەندازەی هەڵکشانەکەیە، یان بە پێچەوانەوە بە ئەندازەی هەڵکشانەکە پشکیان لە ڕووناکی زیاد دەکات، هەرچی ڕووناکی پتر هەڵکشانی پتر.
شەش: عەقڵ لە چوارچێوەی هەبووە پەتییە داڕنراوەکاندایە، لێرەدا هەم خودا ڕووناکییە هەم عەقڵ و هەم نەفس (یان ڕۆح)، لەم کڵێشە ئیشراقییەدا لە نێوان ڕووناکییە پەتیبەکاندا یەکگرتن هەیە (اتحاد انوار المجردة).
لە زنجیرەی هێما لاهووتییەکان بە وردی باسی ئەم یەکگرتنەی ڕووناکییەکانم کردووە و خوێنەر دەتوانێ بۆی بگەڕێتەوە.
دین واتە ڕێگا.
فۆڕمی دینداری زۆرن، بەڵام لە مێژووی سۆفیگەریدا لانیکەم دووانیان زۆر زەقن، یەکیان پێی دەڵێن دینداری زاهیدانە و ئەوی تریان پێی دەڵێن دینداری عاشقانە، پرسە گرنگەکە ئەوەیە کە دینداری کورد چۆنە و سەر بە کام جۆری دینداریبە؟ ئەی بۆ ئەمێستا دینی ڕواڵەتی ڕەواجی پێ دەدرێ و تا چەند بە ڕۆحی دینداری ئێمە تەبایە؟
کە دەگوترێ سۆفیگەری ئەشێ هەردوو جۆرەکە لەخۆ بگرێ، بەڵام بەم دواییانە پتر عیرفان بڕا بەسەر دینداری عاشقانەیا و کەمتر بە سۆفییە زاهیدەکان دەوترا عاریف.
هەم مەحوی عاشقە هەم نالی، بە زۆری دینداری کوردی علشقانەیە و ڕیشەیەکی ئیشراقی تیایە، بەڵام بڕێک غەزالی هاوکێشەکەی گۆڕیوە و ئیبن تەیمیەش کاریگەری هەبووە. غەزالی نوێنەرایەتی دینداری زاهیدانە دەکات و بێ عیشقیش نییە، سوهرەوەردی و مەولانا و ئیبن عەرەبیش نوێنەرایەتی دینداری عاشقانە دەکەن، بەڵام مەولانا مەستە، سوهرەوەردی مەستێکە دەتوانێ مەستی شرۆڤە بکات، ئیبن عەرەبیش پێڕەوی لە سوهرەوەردی کردووە و سەرەڕای ئەوەیش موجتەهیدێکی گەورەی ناو ترادسیۆنی ئیسلامییە.
بۆدکاستی ئەم جارەمان لە ڕووداو باسێکی ئەم پرسانەمان کرد، هەرچەند کەمتر دەرفەت هەبوو پەنجە لەسەر هەموو ئەمانە دابنێم، بەڵام مشتێ لە خەوارێکتان لە لینکی یەکەم بۆ دادەنێم. لە خولەکەکانی کۆتاییدا گەرم دەبم و باسی بێ حیکایەتی خۆمان دەکەم، ئاماژە بە فۆڕمی دینداری خۆمان و ئەو دابڕانە مەعریفییەیش دەکەم کە تووشی ئێمە هاتووە.
ــــــــــــــــــــــــــــ****
https://youtu.be/eFPrkopGRX8?si=vdmIBjG6MzypVaP4
مرۆڤ واتە وێناکردن.
ئیبن سینا دەڵێ:
«تَخَیُّلُ المَرَضِ مَرَضٌ، وَتَخَیُّلُ الصِّحَّةِ شِفَاءٌ، لَوْ أَنَّ إِنْسَاناً صَحِیحاً مَشَى عَلَى جِذْعٍ مَرْفُوعٍ فِی الهَوَاءِ لَسَقَطَ؛ لِأَنَّ خَیَالَهُ یَتَصَوَّرُ السُّقُوطَ، فَــتُطِیعُهُ الأَعْضَاءُ.» وێناکردنی نەخۆشی خۆی دەبێتە نەخۆشی، و وێناکردنی تەندروستیش دەبێتە شیفا... ئەگەر مرۆڤێکی ساغ بەسەر قەدەمەدارێکی بەرزدا بڕوات کە لە هەوادا ڕاگیرابێت، دەکەوێتە خوارەوە؛ نەک لەبەر ئەوەی ناتوانێت بڕوات، بەڵکو لەبەر ئەوەی خەیاڵەکەی وێنای کەوتن دەکات، و ئەندامەکانی جەستەشی گوێڕایەڵی ئەو خەیاڵە ترسناکە دەبن.
ئیبن سینا
النفس من كتاب الشفاء
عەبدولعەزیز ئومێد
