دەرووناسی و پەروەردەی منداڵ
Open in Telegram
1 075
Subscribers
No data24 hours
+37 days
-330 days
Posts Archive
عیشق خاڵی لاوازی مرۆڤە
...............................
پێش ئەوەی تیرەکە بدرێت لە پاژنەی (ئەخێڵس) تیرەکە درابوو لە دڵی ، هەرشتێک دڵ بیبات ئەوانی تر تێیدا دەبن بە دەستی دوو بە پەراوێز ، بە کەنار ، بە چەمەر.
خاڵی لاوازی (ئەخێڵس) پاژنەی نەبوو ، بەڵکو دڵی بوو ، دڵ عاریف و زاهید و شێخی گەورەی زۆری لە پەرستگا هێناوەتەوە دەرەوە لەناو بازاردا وەک سەرگەردان گێڕاوێتی ، دڵ سوپاسالار و قوماندار و سەرلەشکری لە خۆبایی زۆری ، شەوان بردۆتە دەرەوە بەتەنها و بێ چەک و دەموچاوی هەڵپێچراوەوە ، تا ریسوا و ئابڕو تکاو نەبێت
(دڵ کە مەیلی دولبەری بێ موشتەری پەیدا ئەکات
دڵ کە کەوتە سەرگەردانی ساحێبی ڕیسوا ئەکات)
دڵ ئەتخاتە ناو ئەسپی تەروادە ، نازانیت ئەسپەکە ئەسوتێنرێت یان ئەبرێتەوە بۆ ماڵی یار ، دڵ ڕسوات ئەکات، کارێکت پێئەکات ئاشتی نێوان (تەروادەیی)ەکان و (ئاکایی)ەکان دەکات بەجەنگ ، تەرمی (هکتۆر)ی برات بە بەرچاوەتەوە دوای ئەسپدا ڕادەکەێشن ، پاشایەک ناجار ئەکات بکەوێت بەسەر دەست و پێی دوژمنەکانیدا تا بە عیشقەوە تەرمی کوڕەکەی بنێژێت.
دڵ (خەرقە) و (جبە)ی زۆری لە شانی شێخ داگرت و کردی بەشوانی بەراز ، دڵ (زوننار) و (کۆشتی) ی زۆری لە کەمەری قەشە و پیرەوە داگرت و خستیە سەر بەرماڵ.
(حەڵقەیی زونناری زوڵفی بوو بە میحرابی دوعام
تورکی کافرکێش و یاری موسوڵمانم نەهات )
..............................
شتێک لە ناوەی مرۆڤدا هەیە دەشکێت ، دەپێکرێت ، جیاوازترە لە بڕبڕە و بەستەرە و ئێسقان بە زەحمەت چاک دەبێتەوە ، ئەویش دڵە ، مرۆڤ پێش ئەوەی لە پاژنەی بدەن لە دڵی ئەدەن ، ئەوەی لەنێو چیرۆک و ئەفسانە و ئاینەکاندا ونە دڵی جەنگاوەر و عابیدە، نەک شمشێر و پاژنە و بەستەرە و خەرقە و زوننار.
(قەسابێک گریا
چونکە عاشقی دەنگی
کەناریەکی بچووک بوو )
قەساب بەو دڵڕەقیە و جەنگاوەر بەو بێڕەحەمییە و شێخ بەو خواناسیە و مرۆڤ بەو خۆبەگەورەزانیەی هەرهەموویان دەپێکرێن ، هەموو سیستەمێک خاڵی لاوازی هەیە ، خاڵی لاوازی مرۆڤ عیشقە نەک پاژنەی ، دڵێتی نەک بڕبڕەی ، ئەخێلس بەشداری دەیان شەڕی کرد و نەکوژرا تا عاشقی خزمەتکارێکی پەرستگا نەبوو ، ئەوەی ئەخێڵسی خست لەناو چیمەنەکەدا دڵی بوو نەک پاژنەی.
سیاسییەکان لەوەدا بەختەوەرن کە عاشق نابن ،ئەگەر عاشق بوونایە ، بەسەر دیواری تەروادەی دوژمنەکانیاندا سەر دەکەوتن و هەرچیان لێبهاتبایە دەیانکرد بۆ مەعشوقەکەیان بۆ هاوڵاتیەکانیان تا نەمرن و رزگاریان کەن ، ئەگەر چی پاژنەشیان بپێکرایە ، ئەوان تەنها عاشقی روخان و کۆکردنەوەی سامانن ، لە کۆتایدا هەر ئەو پارە و سامانە دەبێتە خاڵی لاوازیان و دەیانکوژێت
.........................
ئێژن گورگ کە پیر ئەبێت ، هەموو ڕۆژێک ددانی خۆی ئەژمێرێت ، تا بزانێت لەو ڕسواییەی کە ژیان بەسەریدا هێناویەتی و لەو دۆزەخەی کە ماوییەتی چەندی تر ئەژی و بەرگە ئەگرێ ، مرۆڤیش هەر بەو چەشنە کە دڵبەند و دڵبەست و عاشقی هەرشتێک بوو، ئەبێت هەموو ڕۆژێک ڕسوایی خۆی بژمێرێت تا بزانێت چەندی تر بەرگە دەگرێت و دەکەوێت.
(ئەڵێن بارێ بەکاغەز شەرحی ئەحواڵت بنووسە بۆی
لە سوننەت چی بکەم ، بۆمن بەجێ نایێ کە جارێ فەرز)
هەموو دەستەوانەو زرێ و قەڵغان و ڕم و ناوبانگ و پۆست و پلەو پایە و پارە و بنەماڵە و ئازایەتیەک سوننەتن ، مرۆڤ کاتێک خاڵی لاوازی دڵی یان عیشقی دەبێتە فەرز.
بۆیە هەمیشە فەرز سوننەت ئەخات ، هەروەکو چۆن عیشق یان دڵ هەموو ئەوانی تر دەخات.
نوقتە سەری دێڕ ....
ـــــــــــــــــ
*لە داستانی ئیلیادەدا (ئەکلیس) ئەو منداڵەیە کە دایکی لە ئاوی ڕوباری (ستیکس) هەڵی دەکێشێت ، ئەو ڕووبارە دەشێت مرۆڤ لە نەمری بپارێزێت ، بەڵام تەنها شوێنێک کە (ئەکیلیس) بە ئاوی ئەو رووبارە تەڕ نابێت بریتیە لە پاژنەکانەی ، هەر ئەمەشە دەبێتە خاڵی لاوازی ئەکلێس، هەتا ئەو کاتەی تیرێک بەر پاژنەی دەکەوێت لە شەڕی (طەروادە) دا و دەکەوێت
شەڕ و خۆشەویستی هەردوکیان لە یەک دەچن چونکە ڕێگایەک هەر دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ڕوبدەن .
"برێخت"
...............
ئەگەر هەموو کارێک پێویستی بە بیانویەک هەبێت، تەنها شەڕ و خۆشەویستییە کە هیچ بیانویەکیان ناوێت، چونکە خۆیان لەبنەڕەتدا باشترین بیانون.
"هێمن عەبدولقادر"
نیشانە ئاگادارکراوەکان لە دواکەوتنی گەشەکردنی زمان و پەیوەندیکردن لە منداڵدا:
منداڵان بە ڕێژەی جیاواز زمان فێر دەبن، لەبیرت بێت ئەگەر منداڵەکەت هەر جۆرە دواکەوتنێکی هەبوو، زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی گرفتەکەزۆر گرنگە، لەهەبوونی حاڵەتەکە هەرچی زووترە لەڕێگەی پسپۆڕی تایبەت ڕاهێنانی گوفتاری پێبکرێت، دوای دڵنیابوون لەحاڵەتەکە.
لەم بابەتەدا دەتوانن زانیاری لەسەر حاڵەتەکان و نیشانە ئاگادارکراوەکانی بزانین:
-لە تەمەنی چوار مانگیدا.
-لە شەش مانگیدا.
-لە تەمەنی حەوت مانگیدا.
-لە تەمەنی هەشت و نۆ مانگیدا.
-لە تەمەنی ١٢ مانگیدا.
-لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ مانگ.
لە تەمەنی چوار مانگیدا:
* ئەگەر منداڵەکەت بەم جۆرەیی خوارەوەبوو:
نیشانت نادات کە دڵخۆشە یان دڵتەنگە.
نەبوونی گڕوگاڵکێ کردن واتە دەنگی نایە.
لە شەش مانگیدا
ئەگەر منداڵەکەت هەریەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەی هەبوو:
پێناکەنێت و هاوار نەکات.
بزوێنەکانی وەک "ئە، ئا، و ئۆ" دەرنەبڕێت.
لە تەمەنی حەوت مانگیدا:
ئەگەر منداڵەکەت هەریەکێک لەمانەی خوارەوەی هەبوو:
لاسایی ئەو دەنگانە ناکاتەوە کە مرۆڤەکانی تر دەریدەبڕن.
ئاماژە بەکارناهێنێت بۆ ئەوەی سەرنجت ڕابکێشێت.
لە تەمەنی هەشت و نۆ مانگیدا:
هێشتا دەستی بە بێژەکردنی بزوێن نەکردووە.
وەڵامی ناوەکەی ناداتەوە.
ناوەکانی وەک "مامە" یان "بابە" دەرنابڕێت
سەیری ئەو شوێنە ناکات کە تۆ ئاماژەت پێدەدەیت.
لە تەمەنی ١٢ مانگیدا
ئەگەر منداڵەکەت هەریەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەی هەبوو:
دەنگی دایکی و باوکی جیای ناکاتەوە .
ئاماژەی دەست وەک خواحافیزی، سەر لەقەندن، یان پەنجە ئاماژەکردن بەکارناهێنێت.
بەکارهێنانی لانیکەم چەند بزوێنێکی وەک "پ" یان "ب" دەرنابڕێت.
لە وشەکانی وەک "نا" یان "بای-بای" تێناگات و وەڵامی ناداتەوە.
ئاماژە بەو شتانە ناکات کە سەرنجی ڕادەکێشن، وەک باڵندەیەک یان فڕۆکەیەک کە گوێی لێ بووە.
ناتوانێتووشەی سادە بڵێت.
لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ مانگ
ئەگەر منداڵەکەت ئەم نیشانانەی خوارەوەی هەبوو:
قسە ناکات واتە: ڕستەی زۆر سادە ناتونێت دەربڕێت.
تۆ لە هەموو کەسێک باشترمنداڵەکەت دەناسیت، بۆیە وەک یاسایەکی گشتی باشتر وایە لەگەڵ پزیشک یان پسپۆڕێکی تایبەتی قسەکردن قسە بکەیت، ئەگەر گرفتێک هاتەگۆڕێ، زۆر گرنگە ئاگات لەگەشەی زمان بێت، هەرمندااڵێک قسەکردنی پێش بکەوێت هێمای زیرەکی و ژیری منداڵەکە دەردەخات، بەڵام مەرج نییە هەرمنداڵێک قسەی دوابکەوێت، منداڵێکە دواکەوتنی ژیری لەگەڵ بێت، هۆکارەکانی دواکەوتنی قسەکردن زۆرن، یەکێک لەگریمانەکان لایەنی مەعریفەی منداڵەکەیە، بەڵام بەبێ گشتاندن ....
بەهیوای سود
ئیدریس نوری
چەند ئامۆژگارییەکی بەسوود:
یەک: هەوڵ بدە دانایانە مامەڵە لەگەڵ رابردووت بکەیت، وەک مامۆستایەک تەماشای بکەیت ولێی فێر بیت..
دوو: لە داهاتوودا ڕووداوی خۆش وناخۆش هەیە، بۆیە ڕەشبین مەبە..
سێ: دەکرێ نەگەیتە هەموو ئامانجەکانت لە ژیان، ئەوەش بە ئاسایی وەربگرە..
چوار: کەموکورتی خۆت قبوڵ بێ وکار لەسەر بەرەوپێش بردنیان بدە..
پێنج: ئەرکی تۆ گۆڕینی کەسانی تر نییە، بەڵکو گۆڕینی خۆتە..
شەش: بۆ هەر کێشەیەک زیاتر لە چارەسەرێک هەیە، قبوڵکردنی کێشەکە یەکێکە لە چارەسەرکان..
حەفت: باری قورس مەخەرە سەر شانت، و لە کوێ پسا، لەوێ گرێیدەوە.
هەشت: کاتت بۆ خۆت هەبێ، وتاموچێژ لە سروشت وەرگرە...
نۆ: هەستە ناخۆشەکانت دەرببڕە، یان بیانووسەوە.
دە: هەوڵ بدە وەرزش بکەیت، بە بەردەوامی...
یازدە: باش بخەوە...
دوازدە: ئەگەر کەسێکی ئیمانداریت، پەیوەندیت بە خوا پتەو بکە..
(پێش سێ ساڵ)
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤ لەسەر حەق بێت یان شادو کامەران بێت ؟ وەڵامەکەی ئەوەیە دیسان هەموو بەهەشتێک ماری خۆی هەس.
نوقتە سەری دیڕ ...
..........................................
تێبینی
*هاوپیچ وێنەی غەوس بەرزان Barzan Ayub Namiq و هەموومان کە دەمانەوێت بە حیوار و گفتوگۆ قەناعەت بە چواردەورەکەمان و کۆمەڵێک ماری کوبرا بکەین کە تەداخولی ژیانمان نەکەن.
**ماری کوبرا لەماوەی پێنج چرکەدا ژەهرەکەی دەتکوژێت ، بەڵام حیوار و گفتوگۆ جاری وایە مانگ و ساڵی پیویستە ، بۆیە سیاسەت و گفتوگۆ و ئاشتەوایی پێویستیبە دانایی و وریایی و تاقەت هەیە ، شەری گەرەک و ماڵ و حیزبیش پیویستی مناڵ و کوبراو بە کۆمێنت و پەیج و تیکتۆکباز و لایڤچی هەیە و سەرەنجام دوای کارەکە هەمووان دەکوژێت.
کوبرامژی، خێزان کوژ
.........................................
بوکێک تەلەفۆنی بۆ خەسووی کردبوو ، وتبووی حەزەکەم ئێوارە بێن بۆ ماڵی ئێمە بۆ نانخواردن ، برنجێکم لێناوە ، هەر دەنکەی لە شوێنێک وەستاوە لەناو مەنجەڵەکە ، خەسووشی پێی وتبوو جا ڕۆڵە برنج چییە ؟ تۆ تایەفەیەکت وا لێکردووە هەر یەکەی کەوتوونەتە شوێنێکەوە.
لە دیندا جیاوازی نێوان (جمال و حسن ) و (جوانی و باشە) هەیە ، جوانی سەروکاری لەگەڵ برژانگ و برۆ و قەد و کەمەر و گێسوو و ئەگریجە و باڵادا هەیە ، هەرچی حوسنە دەجێتەوە سەر مامەڵە، گوفتار ، قسەکردن ، بیرکردنەوە ، ڕەفتار.
زۆرجار ئەبینیت جوانترین ژن و پیاوەکانی دونیا جیا دەبنەوە ، کە زۆرینەی خەڵک تەمەنایان ئەکرد کچە یان کوڕەکە هاوسەری ئەوانبوایە ، کەس دیوی ناو مەنجەڵ و برنجەکە نابینێت.
......................
ژن و مێردەکان ئەتوانن پێکەوەبن ، بە پێوەر و قیاسی خۆیان ، نەک پێوەر و قیاسی خەڵکی
(بەمەجوونیان گووت خۆ لەیلی ڕەشە
گوتی گیا لەدەمی پەزا خۆشە)
تۆ لە چاوی مەجنوونەوە لەیلیت نەبینیوە ،بۆیە هەر چاڵ و چۆڵ و کێماسی و عەیبەکان دەبینیت ئەگینا خۆ گیا لە دەمی ئێمەدا زۆر قێزەون و ناخۆشە ، کەچی مەڕ شانی بۆ دا ئەدا ئەڵێی برا قەرەخەرمان ئەخوا ،
جاران کورد ئەیگوت (لە بووکی زمان نەبوو ، لە خەسووی ویژدان نەبوو)
ئێستا زمانی هەمووان وەکو یەک درێژە لە ئاستی بچوکترین گرفت و ویژدانی هەمووان کورت و خەڵانە و خەشین.
..................................
نێرینەی زۆرینەی زیندەوەر و باڵندە و مرۆ لە سروشت ڕەق و توندوتیژ و بێ پەروا و ئیهمال و شت بیرچۆوە ، مێینەی زۆرینەی زیندەوەرەکانی تریش ، قسەهێن ، قسە هەڵگر ،تەعلیقدەر و وتی وتیکەر ، ئێ لەم دوو کیمایە چۆن خامێکی نوێ دروست ئەکەیت ، ئەم هاوکێشە لاسەنگە چۆن هاوسەنگ دەکرێت ئەگەر دوو ئاسن بکێشن بەیەکدا هەر چەخماخە و برق و تەقە تەق دروست دەبێت ،دوو شتی ڕەق ناکرێت چاوەرێی نەرمونیانی بیت ، پێویستە یەکێکیان هێمنتر ، لەسەر خۆتر ، تا دارستان بە تەواوی کڵپە نەسێنی.
..........................
ژیان وەک هەنارمژ
خۆشترین شێوازی هەنار خواردن داوڵین و دا تەکاندن و قاش کردنی نییە ، بەڵکو بریندار کردن و دەمتێهەڵسوینێتی کە پێی ئەڵێن (هەنارمژ) ئەمە بۆ ئەو کەسە خۆشە کە ئەیخوات بەڵام بۆ هەنارەکە نا
هەڵکیشە خەنجەر ، خەنجەر کوژمکە
دەمخەرە خوێنم ، هەنار مژم کە
خێزان مژ شێوازێکە لە پەیوەندیکردن لەناو خێزانی کوردا ، توێکڵی پەیوەندی و بنەمالەکە و چرچ و لۆچ ئەکەن ئەوەندە دەم ئەخەنە برین و پەیوەندیەکانیانەوە ،هیچی تیا ناهێڵنەوە دواتر تڵپەیەک ئەمێنێتەوە بۆ یەکتر فڕێدان دایکت وای وت ، باوکت وای وت ، ئەوەم ئەوێ ، ئەوەم ناوێ ، ناچین بۆ ئەوێ ، ئەچین بۆ ئەوێ ، ئەوە مەکڕە ، ئەوە بکڕە ، ئەوە لەبەر مەکە ، ئەوە مەڵێ ، وای لێدێت مانگ بەتاقی ئاسمانیشەوە بێت ڕەشی دەکەن .
..................................
یەکێک لە خوێندکارەکانی سوقرات پرسیاری لە مامۆستاکەی کرد ، تێگەیشتن و دانایی ئێمە کەی کامڵ دەبێت ؟
سوقرات گوتی ؛- (هەرکاتێک بە پیاهەڵدان زۆر دڵخۆش نەبن و بە لۆمەکردنیش زۆر نیگەران نەبن)
قوتابیەکان گوتیان مامۆستا کەی وامان لێدێت ؟
سوقرات گوتی (کاتێک واتان لێدێت ، کە دوو گوێتان هەبێت قسەی بەنرخی پێببیستێت و دوو گوێشتان هەبێت لە ئاستی قسەی خراپ و بێکەڵکدا هیچ نەبیستێت)
پیاهەڵدان و شیعر و شانامە شاگەشکەتان نەکات چونکە مرۆڤ دیوی تر و رێگای تر و مەزاجی تر و پەیوەندی تری هەیە ، لۆمەکردن و تانە و توانجیش زۆر نیگەرانتان نەکات ، چونکە هەردوو دۆخەکە کاتییەو وتێدەپەرێت.
هەموو بەرە و ژووریەک بەرەو خواریەکی هەس ، هەموو شادییەک دڵتەنگیەکی هەس ، هەموو باوەش و خۆشەویستییەک پشتلێکردن و دڵتەنگیەکی هەس ، هەموو بەهەشتێک ماری خۆی هەیە ، هیچ مرۆڤێکی عاقڵ و ژیر لەبەر یەک دوو مار بەهەشتی خۆی جێناهێلێت ، فێری رێگاکانی مامەلە کردن لەگەڵ ماردا دەبێت .
بیستنی باش و خۆگێلکردن لە شتی خراپ هونەری دانایی گەرەک ، ئەگەرنا دەتکەن بە سەپایە و خەڕەک.
....................
(ئەگەر بۆم نەکەیت لەو چیتە مۆرە
حاشات لێئەکەم مشتەریم زۆرە)
بیانوو بەیەک مەگرن رەنگە مشتەری زۆر بێت وەلێ کەس نرخی راستەقینەی خۆی نادات ،
ئەڵێن زەوی سەختە و گا لە گا ئەگرێت تاوان ، ژیان خۆی سەختە ، و پێویست ناکات ئەو دوانەی پێکەوە جووتی ژیان ئەکەن بیانوو بەیەک بگرن لەسەر شتی بچووک و تێپەڕ.
..........
(گوێ دەڕوشێنێ دڵدەشەمزێنێ
قسە تا حەق بێت ڕەقتر دەنوێنێ)
ئەوەی لەسەر حەقە دایم ڕەقتر دەردەکەوێت ، بەڵام پێویست ناکات هەمیشە لەسەر حەق بین ، بڕێکجار باشترە ، شاد و کامەران بین وەک لەوەی لەسەر حەق بین یان بمانەوێت حەق بسەلمێنین ، بەتایبەت ئەوانەی کە لەگەڵیان دەژین و خۆشمان دەوێن و خۆشیان دەوێین.
(ئاشنایە دەست بەتەپڵی سەر لەوەختی حەسرەتا) دەست لە کاتی حەسرەتدا خۆی ئەزانێت دەبێت بە کوێی جەستەدا بکێشێت کە سەرو قوڕ پێوانە ، دڵیش لە کاتی تەنهایی و بێکەسی و دڵتەنگیدا دەزانێت ،لە کوێدا بنیشێت ، کە پەنجەرە و هیندستان و گەرانەوەیە بۆ ئەوشتانەی لە دەستمان چوون.
نوقتە سەری دێڕ...
فیل کە دڵی تەنگ دەبێت خەو بەهیندستانەوە دەبینێت!
.....................................
ئەلێن فیل کە دڵی تەنگ ئەبێت و سەر دەنێت بە شیشی باخچەی ئاژەڵانەوە خەو بەهیندستانەوە دەبینێت ، خەو بە مێرگ و سەوزایی و دارستانەوە دەبینێت ، خەو بەو ڕۆژگارەوە دەبینێت کە لەگەڵ کەسوکار و دایک و باوک و هاورێ و خوشک و براکانی لە روبارەکان یاری ئەکرد و یەکتریان ڕاو ئەنا.
ئێستا فیل چییە ؟ جگە لە چوار قاچی بەهێز و دوو شفرەی درێژ و کۆمەڵێک شیش و زیندانی کە ناتوانێت تیایدا بجوڵێت ، فیلێکی گەروە لە باخچەی ئاژەڵاندا چی بۆماوەتەوە ؟ جگە لەوەی خەڵک دەستە دەستە بێن بۆ تەماشای و گەڵای کاهو و سەوزەی تێبگرن ، قامچی ڕۆژگار و راهێنەری سێرک ،لەسەر یەک قاچ لەسەر تەنافی گەورە بیوەستێنن و یاری پێبکەن ،
...............................
ئەڵێن
(گا کە زەوی ئەکێڵێت ،تەنها خۆی ئەزانێت ئازاری نیرەی سەر مل و نەقیزەی لاڕانی چۆنە)
وەختێک (گا) لەبەر سورەی هەتاودا دەیەوێت بوەستێت پشوویەک بدات ، بێ ڕەحمی جوتیار و لێدان و نەقیزەی بەس خۆی ئەزانێت چۆن لە تاوا گێرەئەکات و جەنجەڕ و مۆشەنە و ناعور و جەرچەڕە رادەکێشێت ، ئێوارەش کە ئەگەرێتەوە (پشتیر) و گەوڕەکەی ، تەنها ئەوەندە کاتی هەیە ، خەون پووش و پاوانەوە ببینێت ،
ئاخر هەرشتێک هەتا گەورەتر بێت زیاتر بەند دەبێت ، بەندەی گەورەبوونەکەی ، بەندەی ناوبانگەکەی ، دیلی بەهیزییەکەی.
ئەوەی لە قوڕی خەستدا زۆرتر پەلبکوتێ و بجوڵێتەوە زیاتر نوقم دەبێت ، مرۆڤ هەتا گەورەتربێت ، بەناوبانگتربێت ، بەدەستی خۆی داو بەداوی ڕەشمە و هەوساری بەستنەوەی دەچنێت و تەڵ بەتەڵی شیشی قەفەس و بەندینخانەی خۆی دەچنێت.
ئەو کات ناچارە خەیاڵ بکات ، پوشێکی بچووک ، گوریسێکی کورت ، پێکەینینێکی ڕابردوو ، گریانێکی شیرین ، کۆبوونەوەیەکی کورت و کەم لەقەفەس یان لەو قوڕە دەری بهێنێت کە تێیکەتووە.
....................
چاو تەنها ئەتوانێت بینین ئەنجام بدات بەڵام دڵ پێکگەیشتن دەکات ، بینین لەکوێ و سەرنان بەدلەوە لەکوێ ؟
مورید بەهۆی هیمەتی پرەکەیەوە لە دوورەوە بەناو ئاگردا دەروات ، پیر لە بوخارایا و مورید لەسەمەر قەند ، ئەوەی پێکیان دەگەیەنێت هیمەتی دلە نەک بینین
بینینی دڵ لە بینینی چاو قوڵترە ، دڵ کەتەنگ دەبێت گەشت بە مرۆڤ و فیلیش دەکات بۆ ئەو شوێنانەی کە چاو ناتوانێت پێی بگات و بیبینێت.
(دلم از وحشتِ زندان سکندر بگرفت
رخت بربندم و تا ملکِ سلیمان بروم)
ئەسکەندەر لە کۆشکی خۆیدا دەمانهێڵێتەوە و دڵ خەیاڵی فڕینی هودهودی بچکۆلەئەکات
..........................................
پرسیاریان لە (مارگرێت مید) (ئەنثرۆپۆلۆجیست -مرۆڤناس)ی ئەمریکی کرد ، یەکەم نیشانەی شارستانی بوونی مرۆڤ کە دۆزراوەتە چی بووە ؟ هەموان چاوەڕێ ئەوە بوون باسی قەڵغان و ڕم و ئامێری ڕاوکردنیان بۆ بکات بەڵام ئەو گوتی :-
یەکەم نیشانەی شارستانییەت لە کولتوری کۆندا ئەو بەڵگانەن کە دۆزیمانەوە، کە ئێسکی کەسێکە کە تووشی شکانی ئێسکی ڕان بووە، بەڵام چاک بووەتەوە، و... بەردەوام بوو لە ژیان.
لە شانشینی ئاژەڵان بە گشتی ئەگەر قاچت بشکێنیت، بە ناچاری دەمریت، بەو پێیەی ناتوانیت لەو مەترسییە ڕزگارت بێت کە لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووت دەبێتەوە یان بچیتە ڕووبارەکە بۆ خواردنەوە ئاو یان گەڕان بەدوای خۆراکدا، جگە لەوەش دەبیتە نێچیرێکی ئاسان بۆ ڕاوچییەکان، لە جەنگەڵدا هیچ گیاندارێک کە قاچی شکاوە لە ژیاندا نامێنێت، چونکە کات نییە بۆ چاکبوونەوەی ئێسکەکە.
ئەو بڕبڕەی پشتی شکاوە و چاککراوەی دۆزیمانەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەسێکی تر کاتێکی بۆ تەرخان کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسە بریندارەکە بمێنێتەوە و بیپارێزێت و گرنگی پێبدات تا چاک دەبێتەوە.
یارمەتیدانی کەسێک بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکانی ژیان خاڵی دەستپێکی شارستانییەتە؛ (شارستانیەت واتا هاوکاری کۆمەڵگا لەگەڵ یەکتری)
.................
مرۆڤ زۆرجار کە دڵی تەنگ دەبێت پارە و ناوبانگ و دەسەڵات کۆمەکی یەک چرکەی دڵتەنگیەکەی ناکات ، مرۆڤ جگە لەسەر مایەی مادی پێویستی بەسەرمایەی ڕەمزیش هەیە بۆ ئەوەی بژی ، ئەوەی کە کاسنێک بەچوار دەورتەوەن ، ئەوەی کە ئاوێک دەدەیت بە ئاژەڵێک ، مشتێک گێلاس ئەکەیتە جنگی منداڵێکەوە ، هێلانەی باڵندەیەک دەپارێزیت ، لەخۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ چواردەورتدا دەبیت ، وەک فیلێک لە کاتی دڵتەنگیدا دەتگەیەنێت بەهیندستان ، وەک مرۆڤ دەتگەیەنێت بە ئارامی.
لەودیوی ژوری نوستن و مێزی ئۆفیس و ژمارەی بانکی و ئیگۆی ناوبانگ و بڕوانامەو و پۆست و پلەو پایەوە زۆر لەوە تەنها تر و دڵتەنگترین کە دەیزانین.
گا کە زەوی ئەکێڵێت ،تەنها خۆی ئەزانێت ئازاری نیرەی سەر مل و نەقیزەی لاڕانی چۆنە.
حەمدی وتەنی
دکتۆرێکی دەرونی ئەگێڕێتەوە ئەڵێ جارێك نەخۆشێکی ئافرەتم هەبوو، هاتبوو بۆ چارەسەر وەرگرتن..
قسەیەکی ئەکردەوە دووبارە و دووبارە ئەیووت:
من جواننیم..
من باشنیم..
هاوسەرەکەم وام پێ ئەڵێت تۆ جوان نیت
تۆ باش نیت وەکو ئافرەتەکانیتر نیت
وتی من پرسیارم لێ کردووە تۆ ڕات چییە لەسەر ئەم بابەتە..؟!
ئایا تۆ وایت؟!
ئەیوت ئەو بەردەوام سوربوو لەسەر ئەوەی
من جوان نیم
من باشنیم
ئاخر هاوسەرەکەم وام پێ ئەڵێت
تۆ جوان نیت
تۆ باش نیت
تۆ جسمت جوان نییە و ...هتد
ئەیوت من هەر دووبارەم دەکردەوە ئایا تۆ وایت؟!
ئەو بەردەوام قسەی هاوسەرەکەی دووبارە ئەکردەوە..
کەواتە کێشەی ئێمە ئەوەیە هەموو ئەو قسانەی بەخۆمانی ئەڵێین هی دەوروبەرە
دەوروبەریش بە پێی ئەوەی ئەیانەوێت ئەمانبینن، بۆیە نابێ لەچاوی کەسێکیکەوە بڕوانینە خۆمان و حکوم بەین
قسەی خۆت بۆ خۆت باشترین پاڵنەرو هەستی خۆناسییە بۆ مرۆڤ
هەرکەسێک نامەکانی نێوان (فروغی فروغ زاد) و (پەروێز شاپوور)ی هاوسەری خوێندبێتەوە ، تێدەگات ، کەژیانی هاوسەرانی خوێنەواریش بێکێشە و گرێ و گۆڵ نین ، ئەسڵەن ژیانکردن لەگەڵ ژن و پیاوی خوێنەوار کێشەی ورد و تایبەتی خۆی هەیە ، وەک درەخت بەبێ دەنگی دەبرێنەوە و وەک تاقتاقکەرە بە هۆی زۆر قسەکردن و پرسیارکردنەوە تێکدەچێت ، بێ ئەوەی لێدان و ناپاکی و ئاڵودەبوون و دڵپیسی و رەزیلیشی تێدابێت.
...............
کورد ئەڵێت (هەر جادەیەک دز لێی بدات تا چل ڕۆژ ئەمینە) هەم خەڵک پیایدا ناروات و هەم دزیش لەترسا دزی تێدا ناکات نەوەک ئاشکراببێت، هەر مالێک کە کێشەیەک ، دەمەقاڵەیەک ، گرفتێک لێی ئەدات ، تا هەفتەیەک مانگێک ، بێ کێشەیە ، بێ قسەیە ، ئا لەو هەفتەیەدا لەو مانگەدا دووبارە بیر بکەنەوە ، دووبارە یەکتری بناسنەوە.
ئەگەر کوێریش بووین و یەکتری نابینین خۆ مەولەوی گوتەنی
(باز هەر تەسکینەن ، گۆش وە ئاوازم) ، برا خوشکم ، خۆ هێشتا گوێمان ماوە گوێمان لە چیرۆک و ئازار و بیانووەکانی یەکتری بێت.
نوقتە سەری دێڕ ......
.....................................................
*(در انتهای شب- لە کۆتایی شەودا) ناوی درامایەکی ئێرانییە ، کە پێویستە هەموو کەس بیبینێت ، باسی قوربانیەکانی منداڵم نەکردووە لە فیلەمەکەدا بیبینن
(لە کۆتایی شەودا) ،نەژن دەبێت بە دایک بۆ پیاو، نە پیاو دەبێت بە باوک بۆ ژن
.............................
(خیانەتی لێئەکردیت؟ نا ،ئالوودە بوو؟ نا ، لێی ئەدایت ؟ نا ، ئەو ئەیویست من دایکی بم نەک هاوسەری)
......
کە ژنێک وەڵامی غەریزەی سێکسی پیاوێک دەداتەوە ، دوای پڕۆسەکە نائاگاهیمان دەمانکاتەوە بە منداڵ ، ئیتر پیاوان حەز ئەکەن ژنەکان وەکو دایکیان بن ،ئاخر ژنیش تەنها لەو کاتەدا دەتوانێت بەبێ مەرج و پێداویستی خۆشەویستی و قوربانی بدات کە دەبێتە دایک بۆ مندالەکانی نەک بۆ هاوسەرەکەی، بەلام کاتێک دەبیتە هاوسەر و هاوژینی کەسێک ناتوانێت ئەمە بکات ، پیاو حەز ئەکات ئەگەر درەنگ ڕۆشتەوە ژنەکەی وەکو دایکی نیگەرانی بێت ، نەک لێی بپرسێتەوە ،
بۆیە مامەلەکە نادروست دەبێت و ئیتر دەست ئەکرێت بە کێشە ، ئاخر ژن ناتوانێت بۆ پیاو ببێت بە دایک ، کارەکە دیسان پێچەوانە دەبێتەوە.
کاتێک پیاوێک وەڵامی (غەریزە -رەمەک)ی سێکسی ژنێک دەداتەوە ، ئیتر ژنەکە حەز ئەکات پیاوەکە ببێت بە باوکی ، پیاویش ناتوانێت بۆ هاوسەرەکەی ببێت بە باوک ، باوک تەنها بۆ کچەکەی دەتوانێت بەبێ مەرج ببەخشێت ، زۆرینەی کچەکان نازداری باوکیانن ، هەروەکو چۆن زۆرینەی کوڕەکانیش نازداری دایکیانن ،کاتێک ژن بەردەوام داوا ئەکات داوای چونە دەرەوە داوای ماڵ ، داوای سەفەر ، مەرج و مەرج کاری ، پیاو ناتوانێت ئەمە بکات ، ئەمانە تەنها بۆ منداڵ بە بێ مەرج دەکرێت ، دیسان کێشە سەر هەڵدەداتەوە.
.........................................
(ڕۆشنبیر کە سێکە کە هۆشیاری زیاترە لە زانین)
زانین بەرکەوتنە لەگەڵ کەڵکە بوون، بەڵام هۆشیاری کشانە بەرەو ڕوناکی ، ئامێرێکی مۆسیقی لە ماڵدا دەتکات بە خاوەنی ئامێرەکە ، بەڵام ناتکات بەژەنیار ، مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێتە ژەنیارێکی باش تەنها ناسینەوەی نۆتە و ژێ بەس نییە ، دەبێت ئەزموونی هەبێت ، ئازاری هەبێت ، شادی هەبێت ، گریانی هەبێت ، پێکەنینی هەبێت.
هەبوونی پارجەیەک کاگەز وەک بڕوانامە، دەیسەلمێنێ کە ئێمە خوێنەوارین بەڵام نایسەلمێنێ کە ئێمە هۆشیارین ،بزنس و سەرمایەیەکی گەورە دەیسەلمێنێ تۆ پارەداریت ، وەلێ نایسەلمێنێ کە تۆ خاوەن ویژدان و ئاکاریت ، تاج و نەجمەیەک دەیسەلمێنێ سەربازیت ، بەڵام نایسەلمێنێت سەرکردەیت ، سەرکردە کەسێکە کە لەسەر سفرەی مالەکەی دواین کەسە نان دەخوات ، سەرکردە کەسێکە تا ئەوانی تر تێر نەبن ، دەست نابات بۆ نان ، لەم غەریزەیەدا زۆرجار ئاژەڵەکان لە ئێمە فامیدەتر و هۆشیارترن ، سەرکردەی گەلە گورگێک یان رەوە باڵندەیەک کە کۆچ دەکەن هۆشیاری و ئەزموونەکەی دەیخاتە پێش کاروان ، نەک لە دواوە خۆی بپارێزێت.
ڕۆشنبیر کەسێک نییە پارێزەرە یان توێژەرە، یان پزیشکە ، یان دکتۆرای هەیە ، یان خەریکی شیکاری چەمکە گەورەکانی فەلسەفەیە، ئەمانە بەرهەمی زانین ، ئەمڕۆ براوسەرێکی وەک گوگڵ هاردێکی کۆمپیوتەر ، ئەشێ لە هەموومان توانای زیاتر بێت ، هەر بۆیە پیشەسازی نوێ بوکەڵەی پلاستیکت بۆ دروست ئەکات ، تا چێژ ببینین نەک ئەزموون بکەین ، زانین چێژە ، کورت و تێپەڕە بەڵام هۆشیاری قورس و سەنگینە دەزانێت درێژخایەنە ، تەنهایی و دڵتەنگی و شادی دوای بوکەڵە دەست پێدەکات، هۆشیاری دوای زانین دەست پێئەکات.
بەکورتی مەرج نییە ئەوانەی بروانامەی بەرزیان هەیە ،نازناو و پاشناوی جۆراو جۆریان هەیە ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانیان جێگیر بێت ، کێشەکە ئەوەیە زانین سەر بەگۆبەنە ، خاوەنەکەی دەکاتە مرۆڤێکی فوتێکراو ، لەهەموو وردەکاریەک دەپرسێتەوە ، بەڵام هۆشیاری نا ، هۆشیاری تێڕادەمێنێت و بیر دەکاتەوە.
....................
(ئەگەر گفتوگۆی نێوانمان کۆتایی هات ، ئەگەر رێگاکان دووبارە داخران ،، ئەگەر جیابووینەوە و بەیەکتری نامۆبووین ، دوبارە با یەکتری بناسینەیەوە)
دوبارە بیری یەکتری بهێننەوە ، کاتێک لەناو هەزاران کەسدا ئێوە یەکتریتان هەڵبژارد ، کاتێک پارەتان نەبوو بەڵام دڵشاد بوون ، کاتێک خەریکە بەیەکتری نامۆ دەبن ، دووبارە دانیشتن بیر بکەنەوە چیتان چەشت ؟ چەندتان بەڕێکرد ؟ چەندتان ماوە ؟ چی لەدەست ئەدەن ؟ چی بەدەست ئەهێننەوە؟ ئەوکاتە باشتر لە شتەکان تێدەگەن.
...............................
درەختێک هێلانەی (تاق تاقکەرە)ی لەسەر بوو ، کۆمەلێک منداڵ درەختیان بڕیەوە.
پرسیان (هۆ درەختی بە ئەزموون و پیر بۆچی بڕایتەوە؟)
درەخت وەڵامی دایەوە (نەمتوانی هیچ قسەیەکیان لەگەڵ بکەم)
پرسیان (هۆ تاقتاقکەرە، هێلانەی تۆ بۆچی کاولکرا؟)
تاقتاقکەرە وەلامی دایەوە لەبەر ئەوەی (شەو و ڕۆژ قسەم ئەکرد)
ئەڵێن وشە و قسە وەکو باران وایە یەکەمجار باری زۆر گەورە و پیرۆزە ، دووەمجارە باشە ، سێیەمجار ئیتر ناجاریت بەرگەی بگریت ، چوارەمجار دەبێتە کێشە.
مرۆڤی ژەهراوی ئەو کەسەیە کە بوونت لەناو دەبات!!
کەسانێکن کە حەز دەکەن خۆبەگەورەزانین و کەرامەتت کەم بکەنەوە و ژەهراویتان پێ بکەن.
مرۆڤە ژەهراویەکان نەرێنی و ئیرەیی دەبەن، حەز دەکەن کەسانی دیکە شکست بهێنن، نائەمنی و هەستکردن بە کەمتەرخەمییان وایان لێدەکات هەوڵی کەسانی دیکە تێکبدەن بۆ ئەوەی دڵخۆش بن.
مرۆڤ بەهۆی هەردوو میراتی بۆماوەیی و بارودۆخی ژیانی، یان تێکەڵەیەک لە هەردووکی ژەهراوی دەبێت. خراپی کەسانی ژەهراوی ئەوەیە کە خراپترینەکان لە باقی ئێمەدا دەهێننە دەرەوە.
کەواتە نەک هەر کێشەمان بۆ دروست دەکەن، بەڵکو وامان لێدەکەن دژ بە خۆمان مامەڵە بکەین.
زۆرجار مرۆڤە ژەهراویەکان: کۆنتڕۆڵکەر، دڕندە، خۆپەرست، ئیرەیی، هەموو شتێک دەزانن، گاڵتەجاڕ، دوو ڕوو، ناپاک، هەلپەرست، درۆزن، بێ وریا، وردبین و نەرێنی. لە ژیانتدا بلۆکیان بکە، لێت دوور بخەرەوە و سەرنجت لەسەر دەورەدانی خۆت بێت بە کەسانی ئەرێنی کە پاڵت پێدەنێن.
هەموو ئەو کەسانەی کە سەرکەوتن و بەختەوەری ڕاستەقینە بەدەست دەهێنن بە پاڵپشتی و هاوکاری کەسانی تەندروست بەدەستی دەهێنن.
مرۆڤی تەندروست ئەو کەسەیە کە بۆ تۆ باشە، ڕێگەت پێدەدات بەهرە و تواناکانت بە ڕێزگرتن لە خۆت و دەستپاکی و کەرامەتی خۆتەوە بەکاربهێنیت و ئامادەیە بۆ خۆت و کەسانی دیکە "میلی زیادە ببڕیت".
سەرەتا بە دوورخستنەوەی ئەو خوێنمژە ژەهراوییە دەست پێ بکە کە تەنها دەیەوێت چاکە و وزەت بڕژێنێت و تەنها بە کەسانی باش خۆت دەورە بدەیت.
باوەڕ بکەن مرۆڤە ژەهراویەکان شایانی ئەوە نین و کات بەفیڕۆدانی تەواوە کە شتی باشیان تێدا وەبەربهێنیت، ئەوان بەقەد تۆ بەهای بۆ نادەن!
وە ئەگەر سەختیش بێت و ئازاریشی هەبێت: بڕۆ بیر لە خۆت بکەرەوە ❣️
ئامانجم گۆڕين و خزمهت كردنه به كۆمهڵگا تهنانهت ئهگهر يهك كهسيش بێت ؛ ئێوهش دهتوانن به كۆمێنت يا شهيركردنى ئهم پۆسته له گۆڕينى كۆمهڵگادا پشكى ئێوهشيتێدا بێت و بهشداربن.
بۆبابەتی زیاتری خێزانی وهۆشیارکردنەوەی تاکی کۆمەڵگە دەتوانن سەردانی ئەم دووگرووپەی لای خوارەوەبکەن ....... •┈┈•◈◉✹❒❒✹◉◈•┈┈•
https://www.facebook.com/groups/413614903157498/?ref=share
https://www.facebook.com/groups/571640233958872/?ref=sharep
ئیدی دوایە کە گەورە دەبین خێزان و ژینگە سیستێمی خوێندن و کارکردن و سەختی ژیان و ئاڵۆزییەکان کاریگەری زۆر نەرێنیان لەسەر ئاگامەندیمان دەبن و ئەو پێوەرەی کە بە سروشتی هەمانە و دەکرا ئاسانتر ژیانی خۆمانی پێ بخەینە سەر ڕێگای ئارامییەکی درێژخایەن و بەوەش پاسەوانی ئەو ئارامیی و ئاسودەییەی پێ بکەین، بە پێچەوانەوە ژینگەکەمان بە شێوەیەکی تر ئەوەمان پێ دەناسێنێ، ڕاستی دەتوانین بڵێین:
بەزۆری ژینەگە و کۆمەڵگە سەر لە سروشتی منداڵ و مرۆڤ دەشێوێنێ!
ئیدی هەر خێزان و خێڵ و ناوچە و کۆمەڵگەیەک وەکو ئەوەی تاکو ئەوڕۆ هێناویانە و بنەماکانی قوڕمیشکردنی ئەو پێوەرە بۆ خۆیان دەناسن، ڕێک ئەوە وەکو خۆی و جاریوایە خراپتریش دەگوازنەوە بۆ منداڵ و خوێندکار و کارمەند و هاوڵاتی و هتد.
دەنا بە دڵنیاییەوە هەر یەک لەئێمە گەر کەمێک ڕاهێنان بکەین دەتوانین هەست بە پێوەرە ڕەسەنەکەی نێو ناخی خۆمان بکەین، دەتوانین هەرچی تەپووتۆزیی ژینگەیە لەسەری لاببەین و ڕوون هەستی پێ بکەین کە ئێمە لە بنەڕەتدا چیمان دەوێ و چیش ئێمە ئارام و ئاسودە دەکات!
ئەوەندەی کار لەسەر ئەم بابەتی ئاگایی و نائاگایی و ناخی مرۆڤ و پرسی شکۆ و ئینتێگریتی دەکەم زیاتر ئەو بڕوایەم لا دروست دەبێ کە نەتوانم باوەڕ بەوە بکەم مرۆڤ بوختان بۆ کەسێکی تر بکات، ماڵی ئەوێکی تر بخوات، فێڵ لە کەسێکی تر بکات، لەسەر حیسابی کەسێکی تر خۆی پێ بگەێنێت یان ئازاری ئەوانی تر بدات، بەڵام لە قووڵایی نێو ناخی خۆیەوە ئاسودە بێ!
بەدڵنیاییەوە گەر ئەوڕۆش بە ڕووکەش و چاولێکەریی و ئێگۆی ساختە دوای ئەو دۆخانەش خۆمان هەڵبخەڵەتێین یان هەڵخەڵەتاندبێ، ئەوا ڕۆژێک ئەو پێوەرەی نێوەمان لێمان دێتە دەنگ، ئیدی ئەوە بەزۆری وەکو فرۆید دەڵێ: بە ئازارێکی جەستەیی یان دەروونی لێمان ڕاست دەبێتەوە، ئێ ئەو هەموو خەفەکردنە لە ژیاندا قابیلە بۆ کوێ دەچێ؟
بێگومان ئەو حەوزە لە شوێن و وێستگەیەکی تری ژیاندا هەر پڕ دەبێت و سەرەڕێژە دەکات!
هەر لەسەر زیرەکی جەستەی خۆمان و هەستپێکردن، کاتێک ئێمە ماسولکە یان جومگەیەکمان دەست بە ئازار دەکات، ڕاستیەکە ئەوەیە کە جەستەی ئێمە پێشتر هەموو هەوڵێکی داوە کە ئەو ئازارە نەگاتە هەستپێکردن، بەڵکو خۆی بە سروشتی چارەسەری کێشەکە بکات، بەڵام کاتێک ئازارەکە دەگاتە هەستپێکردن لە ڕاستیدا ئەوە بۆ ئەوە نییە ئێمە حەبێکی ئازار بخۆین و ئیدی لە کار و هەر شتێکی تر وەکو پێشتر بەردەوام بین نا، بەڵکو دەبێ ڕێک لەوێدا بوەستین و لەگەڵ خۆماندا بکەوینە گفتوگۆکردن و بەخۆداچوونەوە، دەبێ ڕێک لەوێدا هەست بەخۆمان بکەین، بە مێشکی خۆمان و ئاگایمان سکانێکی ژیانی ئێستا و ڕۆژانی ڕابوردوومان بکەین، دەبێ یەک ڕیز پرسیار لەخۆمانن بکەین، چ کارێکمان کردووە؟ لە کوێ بووین؟ ڕۆژانە چەند کاتژمێر بەپێ دەڕۆین؟ چەندێک دادەنیشین،؟ چۆن دادەنیشین؟ چیمان خواردووە و خواردۆتەوە؟
ئەو ئەگەرانە چین کە وایکردووە ئەو ئازارەمان هەبێ، دەتوانین گۆڕانکاریی لە چیدا بکەین و هتد.
ئەمە نەک هەر بۆ ئازاری جەستە، بەڵکو بۆ ناخێکی نائارام و دەروونێکی ناجێگیریش هەر هەمان شتە!
خۆی دەبێ بڕوانین و لەوە تێبگەین کە جەستە و مێشک و ناخی مرۆڤ بە سروشتی هێجگار زیرەکە، ئەو تەلێفۆنە زیرەکەی لەنێو لەپی دەستەکانمادا لەچاو زیرەکیی و لێهاتوویی خۆماندا هەر هیچ نییە هیچ! بەڵام ئێمە بەهۆی بوونی ژینگەی قەرەباڵغ و شار و ڕاکە ڕاکەی ژیان و بازاڕی سەرمایەداریی چاوچنۆکەکانەوە سروشتی خۆمانمان لەیاد کردووە، ناکەوینە هەڵەوە گەر بڵێین:
کەم نین ئەوڕۆ ئەوانەی لە دنیای زانستدا هەموو وزە و توانای زانستی خۆیان بەکاردێنن تا خەڵکی زیاتر و زیاتر بکەنە کاڵا، کاڵای ساخکردنەوی بەرهەمەکانی خۆیان، ئێمە ڕۆژانە لە جەنگێکی قووڵی نێوان وەرگرتنەوەیی خۆمان و لەدەستدانداین، ڕەنگە کەسمان نەتوانین بە تەواوەتی و لە هەموو کاتێکدا خۆمان لەدەست ئەو دۆخە وەربگرینەوە، بەڵام دەیهێنێ کە هەرچی وزە و کاتی خۆمانە لەوەدا دابنێین کە تەنها جاروبار و کاتێکی کەمیش بێ هەست بەو ناخە سروشتیەی خۆمان و پەیوەندیگرتنمان لەگەڵ شکۆی خۆماندا هەبێ!
بێگومان کە ئەوڕۆ گڵۆپی سووری نێو ناخمان هەڵبوو، دەبێ لەگەڵ خۆماندا دانیشین و سکان و پشکنینێکی وردی خۆمان بکەین، داخۆ خەلەلەکەمان لە کوێدایە و چۆن چارەسەری بکەین، ڕەنگە ئەمە لە یەکەم هەستپێکردندا چارەسەری ئاسانتر بێ، تا بەرانبەری بێباک بین و دوایە لەوسەرەوە پێویست بکات پزیشکە جەستەیی و دەروونییەکان بۆمان بکوژێننەوە گەر هەر بشتوانن!
بەهیوای ئاگامان لە گڵۆپەکانی نێو ناخمان بن و لێیان بێباک نەبین!💐
نەریمان ئاغالی
_____________________
#پۆدکاستی #ژیان_و_بەرکەوتن
#کۆمەڵایەتی #دەروونی #پەروەردە #دەرونناسی #ژیان #بەرکەوتن #پۆدکاست #خۆناسین #تێگەیشتن #ژیانسازیی
جارێکیان سەیارەی کەسێکی ئەزیزمم لە کوردستان بۆ گەشتەکەم وەرگرت، هەر کە یەکەم ڕۆژ چوومە نێو ئۆتۆببێلەکە و پێمکرد وەکو هەر سەیارەیەکی تر ئەودیوی سوکانەکەی بووە چراخان و ئیدی یەک یەک ئیشارەتەکان بێجگە لەوەی مەکینەکە گوژانەوە!
ئەوە ئاگادارکردنەوەی گرفتێکی ئۆتۆمبێلەکە بوو، دەبوو دابەزمەوە و تەلێفۆنێک بۆ ئەو ئەزیزەم بکەم!
پێم گۆت: کە شتێکی ئاوا هەیە، ئەو بە پێکەنینەوە گۆتی: نا خەمت نەبێ ئەوە دەمێکە وایە، بەنزینی ئێرە پیسە دیارە هی ئەوەیە!
وتم ئاخر داگیرسانی ئەو ئیشارەتە لەخۆوە دروست نەبووە، کەواتە نابێ لێی بخوڕین، دەبێ سەرەتا چارە بکرێ، ئەو وتی: چەندین جار هەر لەسەر ئەوە بردوومە بۆ لای فیتەر و شتیوا، لە کۆمپیوتەری دەدەن و دەڵێن: ئاها ئەوە و ئەوەی شکاوە یان سوتاوە، سەد دۆلارێکم لێ وەردەگرن و دوایە وای لێ دێتەوە! بەکورتی ڕازی کردم کە دەبێ ئاوا لەسەری بڕۆم و بەحیسابی ئەو هیچ کێشەی نابێ!
دانی پێدا دەنێم کە سەرەڕای هەڵبوونی ئیشارەتی مەکینەکە منیش بە قسەی ئەو لەسەری دەڕۆشتم، بەڵام هەرگیز بۆم ئاسایی نەبوو، ئەوەتا ئێستاش دوای چەند ساڵێک بیرم نەچۆتەوە و لێرە باسی دەکەم!
ئەوە بۆ لەم بابەتەدا باس دەکەم؟
لە ڕاستیدا ئەوە بۆم جوانترین وێنایە تا ئێمە لە هەڵبوونی مەکینەکەی جەستە و دەروونی خۆمان تێبگەین!
چۆن کاتێک ئۆتۆمبێلەکەمان کێشەیەکی دەبێ و گڵۆپی مەکینەکەی دادەگیرسێ، ئێمەی مرۆڤیش خزمەتگوزاریی لەوەش باشترمان هەیە بۆ ئەو کاتانەی کە جەستە یان دەروونمان گرفتێکی ڕووبەڕوو دەبێتەوە یان پێویستمان بە پشوویەک هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەین پێویستمان بە کەمێک ئاگامەندی زیاترە، چونکە ئەو گڵۆپەی ئێمە لەنێوەوەی خۆماندایە و لەڕێگای هەست و ئاگاییمانەوە درکی پێ دەکەین!
با پێکەوە سەیرێکی هەڵبوونی گڵۆپەکانی نێوەوەی خۆمان بکەین، کە چۆن ئێمەش گڵۆپی جیا جیامان وەکو ئەوەی سەر داشبڵی ئۆتۆمبێلێک هەن وەلێ گڵۆپی داگیرساوی ئێمە تەنها لە ڕێگەی هەستکردن و ئاگاییمانەوە بۆ نمونە وەکو: ترس، نائارامیی، ئازار، تووڕەیی، خەمباریی، ئیرەیی، بێزاریی و برسیبوون و تینووبوون و ئازار و هتد پێشانمان دەدرێتەوە، ئیدی هەندێک لەو ئیشارەتانەی ئێمەی مرۆڤ وەکو تینوویەتیی و برسیبوون و هتد زۆر ئاسان هەستیان پێ دەکەین، بەڵام ئیشارەتی ترمان هەن کە ڕەنگە هەموو ژیانمان بخەنە مەترسییەوە کەچی گڵۆپەکە نابینین یان هەستی پێ دەکەین بەڵام نامانەوێ کاری پێ بکەین، چونکە ڕەنگە فێرنەکرابین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆماندا بکەین، زۆر جار ئەو درکپێکردن و دانپێدانانە کەمێک پاڵنانی بەو ئێگۆ ساختەیەوە پێویستە کە نۆڕمەکانی کۆمەڵگە و پەروەردەیەکی هەڵە تێماندا گەورەیان کردووە، بێگومان ئەو پاڵپێوەنانی ئێگۆیەشمان گەڕانەوە بۆ نێو ناخێکی ڕەسەنتری خۆمانە کە ئارامیی و ئاسودەیی زیاتری تێدا، ئەوە ڕاهێنان و دیسیپلین و ئەوجا هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی دەوێ!
لە ناخی هەر یەکێکماندا بە سروشتی و تەنانەت لە یەکەم ڕۆژی هاتنە دنیاوە و لەوکاتەی کە منداڵێک مەلۆتکەیە، لەوکاتەی نە زمان دەزانین، نە لەهیچ تێ دەگەین، نە هەستەکان دەناسین، وە نە دەزانین کە داخۆ ئەسڵەن بوونمان هەیە یان نا، تەنانەت لەو کاتەشدا پێوەرەکەی نێو ناخمان بوونی هەیە، بەڵام ئەوکاتە باسەکە ئەخلاق و ئێتیک و مۆڕاڵ نین، بەڵکو هەستە سەرەکیەکە هەستکردنە بە برسیبوون و تینووبوون و ئازار، بەڵام لە قووڵاییدا پێوەرێک لە ناخی ئەو مەلۆتکەیەدا هەیە، پێوەرێک کە ئەو شتانەی لە ژینگەی ئەو منداڵەدا ڕوو دەدەن و پەیوەندیان بەوەوە هەیە تۆماریان دەکات، دەتوانین بەو پێوەرە بڵێین: شکۆی مرۆڤ، بۆ نمونە ئەگەر دایک و باوکێک بە هاتنی منداڵەکە دڵیان خۆش بێ و بتوانن باوەشێکی ئارامی پێشکەش بکەن و لەگەڵیدا میهرەبان بن و لێ نەگەڕێن برسی بێ، هەستی قووڵی ئەو مەلۆتکەیە ئەوە تۆمار دەکات کە "هەموو شتێک باشە و لەشوێنی خۆیدایەتی، بەڵام بە پێچەوانەوە، گەر منداڵێک بە میهرەبانییەوە پێشوازیی ئەو ژیانەی لێ نەکرێ و باوەش و هەستێکی ئارام و دڵنیایی پێشکەش نەکرێ و لێی بگەڕێین بگریی ئیدی بە هەر هۆکارێک بێ، ئەو پێوەرە بەو منداڵە ساوایە دەڵێ:
هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا نییە و بوونی مەترسی لە سەر گرنگیپێدان و پێدانی هەستی خۆشەویستی میهرەبانی هەیە، ئیدی ئەم هەستە نەرێنییە لەناخی قووڵی ئەو مەلۆتکەیەدا تۆمار دەبێ، بێگومان ئەو نازانێ بۆ یان ئەوە چییە کە لەشوێنی خۆیدا نییە، بەڵام دەزانێ کە شتێک لە شوێنی خۆیدا نییە، ئەوەندەش بەسە کە ڕەنگە بۆ هەموو تەمەنی بەدوای شتێکدا بگەڕێ کە نەزانێ چییە؟!
بابەتێکی سەرنجڕاکێش
لە يابان، لە کاتی جەنگی جیهانیدا کوڕێک برا مردووەکەی لەپشتی هەڵگرتبوو هەتا بگاتە شوێنێکی ئارام و بینێژێت ،
سەربازێک کوڕەکەی بینی داوای لێیکرد مناڵەکەی پشتی فڕێدا هەتا ماندوو نەبێت ، کوڕەکە وەڵامیدایەوە گووتی ئەو قورس نیە ، ئەو برامە !
سەربازەکە تێگەیشت ودەستی کرد بەگریان .
لەو کاتەوە ئەو وێنەیە بووە هێمای یەکگرتوویی لە یابان "
خۆزگە ئەبووە دروشمی ئێمەش:
"ئەو قورس نیە ئەو برامە ... ئەو خوشکمە ".
ئەگەر کەوت بەرزی ئەکەمەوە ،
وەئەگەر ماندوو بوو یارمەتی ئەدەم ،
وەئەگەر لاواز بوو پاڵپشتی ئەبم ،
وەئەگەر هەڵەی کرد لێی ئەبوورم ،
وەئەگەر هەموو جیهان دەستبەرداری بوو لەسەر پشتی خۆم هەڵیئەگرم ئەو قورس نیە ئەو برامە ..
لە زمانی عەرەبییەوە وەرمگێڕاوە
Mamosta Galawezh
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی
پێش ئەوەی گوڵ بمرێت
..................
مێشکی مرۆڤ لە دوو نیوەگۆ پێک دێت لای ڕاست کە پەیوەستە بە سۆز و هەست و شیعر و گۆرانی و مۆسیقا و بابەتە ڕۆحییەکان ،
لای چەپ کە بەرپرسە لە ژمارە و ماتماتیک و لۆجیک ،
لەدەرەوەی مرۆڤیش چیرۆکەکە دوو نیوەگۆ هەیە کە یەکێکیان نوێنەرایەتی لایەنە مادی و سەختی و توندیەکە دەکات و یەکێکیان نوێنەرایەتی ماڵ و هاوژین و منداڵ و بەزەییەکان دەکات .
لەگەڵ ماتریاڵ و مادەدا دەبێت لۆجیکی بین ، بەڵام لەگەڵ کەسەکاندا نابێت بە ژمارە و ماتماتیک و لۆجیک مامەلە بکەین ،
ئەگەر بمانەوێت شاخێک بروخێنین ، دەبێت دەقاق و شۆفڵ و تەقینەوە بێنین ،هیچ هۆنراوەیەک ناتوانێت تونێلێک دروست بکات ، تونێلەکان بەرهەمی پڕگاڵ و ڕاستە و ژمارەن ، هەروەکو چۆن هیچ لێکدان و دابەشکردن و لێدەرکردنێک ، ناتوانن دڵێکی غەمگین یان شاد بلاوێننەوە ،
ئەگەر بمانەوێت لە ماڵێکدا بژین ، دەبێت هەستەکانمان بخەینە کار ، لۆجیک کاری ڕۆبۆت و کارگە و تاقیگەکانە .
ـــــــــــــــــــ
لێرەوە کێشەکە سەر هەڵدەدات ، هاوسەرەکان ، سیستەمە سیاسی و دەولەتیەکان ، مرۆڤ دەخەنە بەردەم تەنها یەک نیوەگۆ ، ئەو ژنانەی پیاوەکانیان تەنها وەک بانک و پارە و ئوتومبیل و بنەمالە و ڤێلا دەبینن و ئەو پیاوانەشی کە تەنها ژنان وەک بابەتێکی لەشولار و جوانی و سێکسواڵێتی دەبینن ، پاش ماوەیەک کارەکەیان دەبێتە ڕۆتین.
گەورەترین کیشەی خۆشبەختی ئەوەیە کە وەک شتەکانی تر دەبێت بە ڕۆتین ،ڕۆتینێکی ڕۆژانە ،
هیچ باڵندە و ئاژەڵێک لە ناو ماڵدا ڕاوچی نیین ، باڵندە لە ئاسمانەوە ، دوری نێچیرەکەی و ژمارەی لێکدانی باڵەکانی و خێرایی جوڵەی با و جوڵەی نێچیرەکەی حساب دەکات ، کە هاتە مالەوە بۆ بێچوەکانی دەخوێنێ ، وشکیان ئەکاتەوە یاریان لەگەڵ دەکات.
هایدگەر دەیگوت (نیگەرانی بەشێکی دانەبڕاوە لە وجودی مرۆڤ)
چونکە مرۆڤ ئەمە ناکات بۆیە بگاتە هەر پلەو ئاستێکی ئیداری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ، هێشتا هەر نیگەرانە.
..........................
لێرەوەیە کە هەمیشە وەها خەیاڵ دەکەینەوە کە ژیانی پێشهاوسەرگیری و دەستگیرانداری خۆشتر و باشتر و بێکێشەتر بوو بەڵام لە راستیدا پێش هاوسەرگیری هەموو (تەرکیز-کۆڕوانینی) ئێمە لەسەر دەنگ و نامە و چاو و لەشولار و سۆزە ، بەڵام دوای هاوسەرگیری دۆخەکە تەواو دەگۆڕێت هەموو تەرکیز دەگۆڕێت بۆ سەر مامەڵە.
هەروەک چۆن پێش هەڵبژاردنەکان دۆخەکە تەنها تەرکیزی لەسەر بەڵێنەکانە ، شەقامتان بۆچاک ئەکەین ، داتان دەمەزرێنین ، بیمەتان بۆ ئەبڕینەوە ، کە هەڵبژاردنەکان تەواو دەبێت ، لۆجیک دەڵێت بودجە بەش ناکات ، ناتوانین ئەم هەمووە دابمەزرێنین ، پەیوەندییەکە لێرەوە دەست ئەکات بە ساردبونەوە و بێ متمانەیی ، جا ئەو پەیوەندییە تاکە کەسی بێت لە نیوان دوو مرۆڤ ، یان دەستە جەمعی بێت لە نیوان گروپ و پارت و کۆمەڵگاکان.
مامەڵەش دۆخێکە سەر و سەدای لەگەڵ لۆجیک و بیرکاری و لێکدانەوە هەیە ، مرۆڤ کە کەوتە دۆخی لێکدانەوە دەست بەجێ دەبێتە هاوەڵی نیگەرانی .
چەندی تر بێم بەشوێنتا حازر ئەبیت ؟ کەی سەرێک لە ماڵی فڵان بدەین ؟ ئەم مندالە چۆن وابکەین داهاتوویەکی هەبێت؟ ئەمانە نیگەرانین ، نیگەرانی پاش پڕۆسەکە.
.............................
هەر بینایەک بۆ ئەوەی بە پێوە بوەستێت ئەبێت بەرزی و قوڵی پێکەوە وەربگرین ، هەر درەختێک بۆ ئەوەی بەرگەی زریان و شەختە بگرێت ، چەندێک گەڵا و گوڵ لە دەرەوە دەردەدات ، دەبێت ئەوەندەش لە ناوەوە ڕەگ دابکوتێت ،ئەوەی ڕەگی نەبێت جوانییەکەی با دەیلەرزێنێت و بەرگەی وەرزێک زیاتر ناگرێت ،
ئەوەشی گەڵا و گوڵی نەبێت و تەنها ڕەگ بێت وەک پەتاتە و سێوی بن عەرز دەجێتە ژێرخاک و هەمیشە لە تاریکیدا دەژی ، ئەوانەی تەنها وێنە و ڤیدیۆ و کاغەزی مۆرکراویان هەیە لەسەر بچوکترین شت دەبێت بە کێشەیان ، ئەوانەشی تەنها لۆجیک و لێکدانەوە و ژمارەی بانک و کۆشک و ئوتومبیل و ڤێلا و بارەگایان هەیە ، هەویا و ئاڵهە و نائومێدی بە بێدەنگی دەیانکوژێت.
..........................
هەور بەسەر گوڵێکی وشکدا بارانی باراند و پێی گوت باشترین دڵۆپە ئاوی شیرینم هەڵگرت و هێنام بەسەر تۆدا ڕشتم بۆ ئەوەی کەمێک تەپ و تۆزت بشۆمەوە و جوانیت دەرکەوێت ،
(خندید گل که دیر شد این بخشش و عطا
رخسارهای نماند، ز گرما گداختم)
گوڵ گیانی ئەدا کەمێک پێکەنی و گوتی :-
درەنگ کەوتیت قوربان ، گڕە و گەرما هەموو جوانییەکی ژاکانم و سوتاندی وا لەسەرمەرگی پەیوەندی نێوان چیرۆکی گوڵ و باراندایت.
ببارێن ، پێش ئەوەی درەنگ کەون ، بگەن پێش ئەوەی دڵ ، گوڵ ، پەیوەندییەکان بۆ هەتا هەتایە بمرێت .
نوقتە سەری دێڕ .....
..........................................
*هۆنراوەکە هی (پەروینی ئیعتیصامی)ە
سڵاو بەڕێزان
چەن تێبینیەک دەربارەی بەدەست هێنانی نمرەی بەرز وڕێژەی دەرچوون لە تاقیکردنەوەکان بەگشتی ....
۱. ئەگەر لە قوتابخانەیەک زۆربەی قوتابیانی لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون ونمرەی بەرزیان بەدەست هێنا وە ئاستی زانستیان زۆر باش بوو ئەو کات ئەبێت بڵێن قوتابخانەیەکی زۆر باشە و کارگێڕی قوتابخانەو مامۆستایانی ئەکتیڤ وچالاکن وە جێی دەستایان دیارە ، چونکە هەر قوتابیەک لە هەر ئاستێکدا بووبێت بچێتە ئەو قوتابخانەیە گرنگی پێ ئەدرێت هەتا ئاستی زانستی بەرز ئەکەرێتەوە ئەبێتە قوتابیەکی چالاک .
۲. ئەگەر لە قوتابخانەیەک یەک قوتابی یان دوو قوتابی نمرەی بەرزیان بەدەست هێنا ئەوە ئاماژە نیە بۆ ئەوەی ستافی ئەوقوتابخانەیە هۆکاربووبێت ، لەوانەیە قوتابیەکە خۆی زیرەک بووبێت وئاستی تێگەیشتنی لە بابەتەکان بەرزبووبێت ، بە هەوڵ وماندوو بوونی خۆی دەرچووبێت و نمرەی بەرزی بەدەست هێنابێت .
۳. ئەگەر لە چەن بابەتێک زۆربە قوتابیەکان نمرەی بەرزیان بەدەست هێنابێت وە زۆرترین ڕێژە دەرچوون هەبووبێت لەو بابەتانە ئەوە بەڵگەیە لەسەر لێهاتوویی وماندووبوونی مامۆستای بابەتەکان .
هیوادارم مامۆستایان وکارگێڕی قوتابخانەکان قوتابیان بە مناڵ وکەس وکاری خۆیان بزانن لە سەرەتای ساڵەوە پلانی باش وئامادەکاری باش بکەن بۆ ئەوەی قوتابیان بگەیەننە ئاستێکی زانستی زۆر باش شێوازو ڕفتار وهەڵسوکەوت وانەوتنەوەیان بە پێی جیاوازی تاکەکەسی بێت ئەوەی پێویست بێت بۆیان بکرێت بۆ سەرکەوتنی قوتابخانەکەیان و قوتابیان .
بە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک
Mamosta Galawezh
بۆ خۆتان کەرتان نییە ؟
.....................
عەزیز نەسین لە چیرۆکی (بۆچی لە وڵاتی خۆتان کەر نییە؟) چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشمان بۆ دەگێڕێتەوە :-
لەگەڵ پرۆفیسۆرێکی ئەمریکی ئاشنایەتیم پەیدا کردبوو ، ڕۆژێک لە گوندەکانی لای خۆمان بەدوای شتی دەگمەن و کۆنە و ئاسار و عەتیقەدا دەگەڕاین ، باسی ئەوەی بۆ دەکردم چەند وڵات گەڕاوە ، چۆن فەرشی کۆنەی کڕیوە بە دە دۆلار و پاشان فرۆشتویەتیەوە بە پێنج هەزار دۆلار.
زۆر شوێن گەڕاین شتێکی وامان دەست نەکەوت دڵ بکاتەوە ، هەتا لە گوندێک بۆ ئاو خواردنەوە لەسەر کانییەک لاماندا ، بینیمان پیرە پیاوێک کەرێکی لاوازی پێییە و پارچەیەک فەرشی دڕاوی داوە بەسەر پشتی کەرەکەیدا ، پرۆفیسۆر دەست بەجێ چاوی پەڕییە پشتی سەری ئەمە ئەو شتەیە کە من چەند ساڵە بەدوایدا دەگەڕێم ، لە یەک سانتیمەترێک ١٢٠ گرێی تێدایە ، نرخەکەی لەسەروو ١٠٠ هەزار دۆلارەوەیە.
ئای بابە جا خۆ ئێستا راستەوخۆ بلێین ئەو فەرشەمان پێ بفرۆشە کابرا لەبەرچاوی ئەبێت بە ئەڵماس و گەوهەر ، چار چییە؟ هیچ ، سەرەتا ئەڵێین ئەو کەرەمان پێبفرۆشە ، دواتر کە دور کەوتینەوە داوای فەرشەکەی لێئەکەین بۆ سەر پشتی کەرەکە بەڵکو بمانداتێ .
دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر و داواکردنی نرخێکی زۆر و گوتنی هەموو عەیب و عاری کەرەکە ، لە پێنج هەزار لیرەوە ، ڕێککەوتن ، بە ٢٥٠٠ لیرە کەرەکە بکڕن ، ئەمە پارەی ئەسپێکی عەرەبی باش بوو.
دای جەند هەنگاوێک گەراینەوە وتمان کاکە ئەو فەرشەمان بەرێ بۆ سەر پشتی کەرەکە ، ئەمە ناگاتە سەر جادەی سەرەکی سەرما و گەرما ئەیکوژێت ، کابرای بەتەمەن گوتی ، هەموو خەزێنەی دنیام بدەنێ ئەو فەرشەتان پێنادەم ، پرۆفیسۆر چاوی پەریە پشتی سەری ، کابرای بەتەمەن گوتی قەینا ئەم نەقیزەیەتان پێدەدەم ، بۆ ئەوەی لە رێگا ئەگەر نەرۆشت بەم نەقیزەیە بەڕێی کەین ، دوای بێ هیوابوون لە فەرشەکە ، کابرای بەتەمەن بە گاڵتە پێکردنەوە ، هاوارێکی لێکردین ، هۆۆۆۆۆ کابرا ئەزانم ئێوە کەر کڕ نین و لەرێگا بەرەڵای ئەکەن ، هەر لێرە کەرەکە بەجێ بهێڵن ، با فەرشەکە بدەمەوە بەسەر شانیا و (بەکەرێکی تری بفرۆشم) من ئەمزانی ئێوە کەر ناکڕن ، (ئەگەرنا بۆ لە وڵاتی خۆتان کەر نییە؟)
پرۆفیسۆر لە کاتی ماڵئاوایی کردن و گەرانەوەی بۆ ئەمریکا ، نەقیزەکەی لەگەڵ خۆی بردەوە ، بۆ یادگاری لەبری ئەو ٢٥٠٠ لیرەیەی کە تێی سرەوێندراوبوو ، بۆ ئەوەی هەرکات نەقیزەکەی بینی بزانێت ئەو جارە خۆی مامەڵەی پێوە کراوە نەک کەرەکە
.........................................
*چینییەکانیش هەمان چیرۆکیان هەیە ، دەڵێن (هەرگیز ئەو دەفرە مەفرۆشە کە ڕۆژانە بەهۆی ئەوەوە چەند پشیلەیەکی پێ ئەکڕیت و دەفرۆشیت )
**هەرگیز ئەو فەرشە مەفرۆشە کە بەهۆیەوە ڕۆژانە یان سالانە چەند کەرێکی پێ ئەفرۆشیت
***هەرگیز دەستبەرداری ئەو شتانە مەبە ، کە گشت جارێک کۆمەڵێک خەڵکی پێ لەخشتە ئەبەیت
**** کورد دەڵێت (شوێنی کەروێشک لە وشکانیدا هەڵدەگرین و ئەوان دەیانەوێت لەسەر بەفرا لێمان وون بکەن)
*****زۆرینەی خەڵکی تۆیان ناوێت ، هەمووان هەڵوەدای فەرشەکەن ، وەڵامی فەرش فرۆشیش بۆ فەرش کڕ هەر ئەوەیە بلێی قوربان (بۆلای خۆتان کەر نییە؟)
حەمدی گوتەنی :-
(پێشەنگی قافڵە کەکەر بوو مەتاعی دیارییە
بۆ جەردەیەک زڕاندی کە ناوەخت وەکوو جەڕەس)
ئەوەی گوێدرێژێک دەکات بە پێشەنگ ، دەبێت چاوەرێ بێت فەرش و بارەکانی بە دەنگ بەرزکردنەوە و زەرەزەر بە دیاری ببرێتەوە بۆ لای جەردە و رێگر.
نوقتە سەری دێڕ ....
ــــــــــ
هیچ گورگێک لەبەر ڕەزای خوا ڕاوناکات بەڵکو لەبەر پێویستی خۆیەتی و هیچ کەسێکیش لەبەر کەری داماو پارە نادات تا لەرەنج و بار و ئاو کێشان رزگاری بکات ئەگەر فەرشێکی جوان و دانسقە بەسەر پشتیەوە نەبێت.
شەکری خەڵکی لە شەکری تۆ شیرینتر نییە !
- ئەو ژنەی تۆ شێت و شەیدای بوویت تەنها بۆ یەکجاریش بووبێت دەستت لە دەستی بخشێت، ڕۆژانە بە بەردەمی مێردەکەیدا دێت و دەڕوات بەبێ ئەوەی هەستی بجوڵێنێت، لەوانەیە سەیرکردنی شاشەی مۆبایلەکەی پێ خۆشتر بێت وەک لە سەیرکردن ژنە جوانەکەی.
- ئەو باخەی تۆ خواخواتە یەک جار گوزەرێکی تێدا بکەیت، خاوەنەکەی سەدان جار بەناویدا دەڕوات و هەست بە بوونی سێبەری هیچ دارێک ناکات، بۆنی هیچ گوڵێکی نایەت بە لوتیدا، گوێی لە جریوەی هیچ چۆلەکەیەکی سەر چڵەکانی نابێت، لەوانەیە هەر هەست بە بوونی باخەکەش نەکات.
- ئەو ئۆتۆمبیلەی تۆ خۆزگە دەخوازیت وێنەیەکی لە پەنادا بگریت، خاوەنەکەی ڕۆژانە سولفی لێدەدات و دێت و دەڕوات، لەوانەیە تەنها وەکو ئامێرێکی گواستنەوە تەماشای بکات و هیچ هەست بە جوانییەکەی نەکات.
٭٭٭
٭ مرۆڤ چەندە دڵنیاتر بێت لەوەی شتێک بە تەواوەتی هی خۆیەتی، هێندەش هەست و پێزانینی بۆی کەمتر دەبێتەوە.
٭ موڵکداریی بەهای ڕاستەقینەی شتەکان دەشارێتەوە بەڵام لەناویان نابات، هەرکاتێک موڵکدارییەکە نەما، بەهای ڕاستەقینەش سەردەردێنێتەوە.
- مرۆڤ هەمیشە پێی وایە سێوی باخی خەڵکی تامی خۆشترە لە سێوی باخەکەی خۆی، لەوانەیە جیاوازییەکیان هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکی خاوەندارییە نەک جیاوازی تام، نەبوونی قەناعەتە نەک نەبوونی شتەکە.
------------------------
د. ماکۆک محمد
