گەشە(توسعه): سید هاشم هدایتی
Ir al canal en Telegram
در این کانال یادداشت های شخصی اینجانب حول مباحث توسعە, با تمرکز بر کردستان و گاهی هم اشعار و دلنوشتەها و ...درج می شود. منتظر نظر و پیشنهادهای شما هستم. t.me/KDproblems لینک کانال
Mostrar más603
Suscriptores
Sin datos24 horas
+37 días
+430 días
Archivo de publicaciones
وردە فەرمایشت ( ١٣٥ )
🔹دەڵێن: "بەقەد دەمت تیکە بگرە!:
🔹ئەو مەتەڵەیش دیسان ئاماژە دەکات بە گرینگی "ئەندازە ڕاگرتن". وەک وتوویانە "خۆزگە بەو کەسەی ئەندازەی ڕادەگرێت!"
🔹هەروا کە خالقی زانا و توانا کایەناتی بەئەندازە، خولقاندووە، عیلم و زانستیش لە سەر بنەمای "ئەندازە" دانراوە و پەرەی سەندووە! بۆیە ئەگەر مرۆڤ "ئەندازە "ی لەبەرچاو نەگردایەت، تەکنۆلۆژیایش بەم شێوەیە گەشەی نەدەسەند!
🔹بۆیە تا ئەو ڕۆژەی تاکەکەس و کۆمەڵگەیەک "ئەندازە" نەکەن بەپێوەری بیروڕا و کردەوەی خۆیان، سەرکەوتنیان وەدەست ناکەوێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٣٤ )
🔹ئێژن: " عەقڵی کابرا پارسەنگی دەوێت!"
🔹کاتێک مرۆڤێک نەتوانێت بەپێی مەسڵەحەت و قازانجی خۆی و کۆمەڵگە، ڕەفتار بکات، پێ دەڵێن کابرا عەقڵی پارسەنگی ئەوێت، واتا عەقڵی ناتەواوەو چاکی و خراپی لێک جودا ناکاتەوە!
🔹لەراستیشدا عەقڵ بە گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ دێتە ئەژمار و بێ عەقڵی، هەر مرۆڤێک لە پلەی مرۆڤایەتی دێنێتە خوارەوە.
🔹واقعییەتەکانیش ئەوەمان پێی دەڵێن؛ لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژیانی خەڵک لە پێوەرە عەقڵانییەکان دوورە و کۆنەپەرستی و خورافات ڕێنومایە، ناکرێت بەرەو لووتکەی سەرکەوتن و بەختەوەری هەنگاو هەڵبگریت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٣٣ )
🔹ئێژن: "بانێکەو دوو هەوا"
🔹 کاتێک سەبارەت بە دۆخی یەکسان، بۆ دوو کەسی جیاواز، دوو بڕیاری جیاواز، وە حەتتا دژ بەیەکتری دەر ببڕیێت، ئەو مەتەڵە بەکاردێت!
🔹تەجرەبە پێمان دەڵێت لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا قەزاوەت و بڕیار زیاتر لەسەر بنەمای ڕادەی خۆشەویستی یان ڕق و قینی مرۆڤەکانەوە دەردەبڕێت!
🔹بەداخەوە ئەم بیروبۆچوون و ڕوانگەیە دەبێتە بایسی پێشێلکردنی مافی خەڵکانێک. هەندێجاریش دەبێتە باییس بەشدار کردنی کەسانێک لە بەشێک، کە بەڕاستی مافی ئەوان نییە!
🔹خۆزگە بتوانین خۆمان لە قەزاوەت و بڕیاردانی ناعادڵانە، بپارێزین و کردارمان لە بێ ئینسافی و نابەرانبەری خاوێن بکەینەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٣٢ )
🔹ئێژن: "مەڵا نەوێت کەڵەشێر ئەوێتە بڵقاسم!"
🔹 ئەو مەتەڵە بۆ کۆمەلگەیەک بەکاردەهێنرێت کە کەسایەتییە گەورەکانی خۆی لەدەست دابێت یان ببن و دەسەڵاتیان نەمابێت و لەولاشەوە لە جێی ئەوان کەسانێکی ناقابیل ببنە دەسەڵاتدار و ئیدیعای گەورەیی بکەن!
🔹کاتێک یاسا و داب و نەریتی کۆمەڵگەیەک تێکبچێت و ئاڵۆزی فەرهەنگی بێتە بار، ئەمجۆرە کارەساتانە زیاتر ڕووئەدات!
🔹بەداخەوە ئەوڕۆکە لە نێو کۆمەلگەی ئێمەدا، بەرەو هەرلایەک بڕوانیت نموونەی بڵقاسمەکان زۆرن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٣١ )
🔹دەڵێن: "لەجێی شابازان، کۆرکۆرە وازان"
🔹لەو مەتەڵەدا شاباز وەک نوێنەی توانایی و جوانکاری، کۆرکۆرە، وەک نوێنەی ناتوانی و ناحەزی بۆ ئاماژە بە کۆمەلگە یان ڕێکخراوەیەک بەکار دێت کە ناشایستەکان لەجێی مرۆڤە کارامەو و لێهاتووەکان دانراون.
چ تابلۆیەکی دڵتەزێنە!
🔹لەو سەردەمەیدا، حێزب و دەسەڵاتە سەربە ئایدیۆلۆژیاکان، گەڵاڵە داڕێژ و بەڕێوەبەری ئەو شێوازەن. لەم جۆرە سیستەمانەدا گوێ بە فەرمان بوون پێوەری هەڵبژاردنە نەک توانایی و پسپۆڕی و لێهاتوویی مرۆڤەکان!
🔹بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتوویی هەر کۆمەڵگەیەک پەیڕەوی لەو شێوازە ناحەز و زیانباریە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٣٠ )
🔹دەڵێن: "سەد حەکیم بە قەد دەردەدارێک نازانێت!"
🔹لەوەدەچێ مەبەستی ئەو مەتەڵە نەک هەر بۆ ناسینی دەرد، بەڵکە بۆ دەرمانکردنیش بێت.
🔹بۆ ناسینی هەر دەردێک(جەستەیی، ڕۆحی یان کۆمەڵایەتی) دەکرێت تاڕادەیەک متمانە بە وتەی دەردەدار بکرێت بەڵام ناسینی زۆر لە دەردەکان، پسپۆڕی تایبەت و لێکۆڵینەوەی زانستییان پێویستە.
🔹 بۆ دەرمانیش، دیارە هەرچی حەکیم شارەزاتر بێت یان خۆی لەنزیکەوە هەستی پێ کردبێت، سەرکەوتووتر دەبێت، بەڵام دەبێت بزانین دەورەی "خۆ دەرمانکردن" کۆتایی پێهاتووەو زانست، دوا بڕیار دەدات!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٩ )
🔹دەڵێن: "تۆبەی گورگ مەرگە!"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بە کەسانێک کە بەردەوام دەڵێن لە کردەوەی ناحەزی خۆیان پەشیمانن، بەڵام وازی لێ ناهێنن!
🔹ئەو مەتەڵە دوو نەتیجەی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە:
🔹یەک. کەسانێک وای تێبگەین دەتوانن موخالیفەکانی خۆیان بە گورگ بزانن و ئیدی بڕوایان پێی نەکەن. لەحاڵێکدا متمانە کردن بە یەکتری، لە کۆمەڵگەدا، پێویستێکی ئاشکرایە!
🔹دوو. ڕێگا لە بەخشینی هەموو ئەوکەسانەی دەگرێت کە خەتایان کردووە و رێگا ئەدات بە زۆرداران بۆ کوشتنی ئەوانەی بە خەتاکاریان دەزانن! واتا تۆڵە جێی بەخشین دەگرێتەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٨ )
🔹دەڵێن: "سڵاوی کورد بێ تەماح نییە!"
🔹ئەو مەتەڵە، راست بێ یان درۆ، هین کوردبێت یان نەیار، بەداخەوە بەزمانی کوردی وتراوە و بەردەوام دووپات دەبێتەوە!
🔹سەرەڕای ئەوەی کامیان ڕاست بێت، لە هاووڵاتیان چاوەڕوانی دەکرێت ئەو مەتەڵە دووپات نەکەنەوە. یان بەپێی پێشنیاری هەندێ هاووڵاتیانی هێژا بڵێن:
"سڵاو لە کورد، بێ تەماح نییە"
کە بگرە هەر ئەمیشە دروست بێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٧ )
🔹ئێژن: "لایەلایە ئەزانی بۆچە خەوت پیا ناکەفێت"
🔹ئەو مەتەڵە بۆ کەسانێکەوە بەکار براوە کە لەبارەی هەموو شتێکەوە بڕیار دەردەبڕین، کە چی خۆشیان عەمەلی پێ ناکەن.
🔹بەداخەوه و سەد مەخابن ئەو شێواز و ڕەفتارە ە ناحەزە، کۆمەڵگەی ئێمەی داگرتووە و بووگە باییس لەناوچوونی متمانە بە یەکتری!
🔹دیارە ئەگەر هەرکەس بتوانێت سەرقاڵی ئیش و کاری خۆی بێت و ئەوەی ئەیژێت عەمەلی پێبکات لەوایە بارودۆخی کۆمەلگەی ئێمە بەرەو چاکی بڕوات!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٦ )
🔹دەڵێن: "قسە لە دەم دەرچوو ناگەڕێتەوە"
🔹ڕاستە! قسەیەک لەزاری مرۆڤ هاتەدەر، دەبێتە گولە و ئامانجی خۆی دەپێکێت و تەواو!
چ بەرامبەرەکەی حەق بێت چ ناهەق! چ دۆست بێت چ دوژمن!
🔹 قسەی شیرین، بەهرەی شیرینی دەبێت. قسەی تاڵیش، تاڵی لێ ئەکەوێتەوە!
قسەی ڕاست، بەرهەمی ڕاستیی لێی دێتەبار!
قسەی ناڕاستیش بەرهەمی ناڕاست!
🔹بەهەزاران نموونەی دیارن؛ پشت گوێخستنی ئەم ئامۆژگارییە هەم ژيانی بنەماڵەکانی تێکداوە،
هەم بۆتە باییس ڕەنج و خەسارێکی زۆر لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٥ )
🔹دەڵێن: "گەنم بەهارە، زگ پۆڵای دەوێت!"
🔹گەنمێک کە لە بەهاردا دەوەشێنرێت و زوویش دێیتە بار، زۆریش بە قەوەتە! بۆیە دەڵێن؛ بۆ مرۆڤی لاواز و زایف حەزم ناکرێت!
🔹ئەو مەتەڵە، بە ئیشارە پێمان دەڵێت؛ زەرفییەتی مرۆڤەکان بناسن. هەرکەسێک شیاوی هەر خزمەت و یارمەتییەک نییە!
🔹خزمەت بەناکەس ئاکامی پەشیمانییە، دڵسپاردن و متمانە کردن بە ئەمەگ نەناسیش دڵسەردی بەدواوەیە!
🔹وریا بین لەسەر کام خاک، چ توویەک دەوەشێنین!
س.ه.هیدایەتی
،t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٤ )
🔹دەڵێن: " بەقەد بەڕەی خۆت پا دابکێشە!"
🔹ئەو مەتەڵە وەک زۆربەی مەتەڵە بە نرخەکانی کوردی ئاماژە دەکاتە سەر زەرورەتی ناسینی تواناییەکان!
🔹ئەوانەی بیانەوێت بەردی گەورەتر لە تواناییەکانی خۆیان هەڵبگرن، تووشى کێشەی جەستەیی دەبن!
🔹ئەوانەی بیانەوێت زیاتر لە گیرفانی خۆیان خەرج بکەن تووشی قەرز داری و ڕەنگ زەردی دەبن!
🔹ئەوانەیش بیانەوێت زیاتر لە عیلم و زانیاری خۆیان، لەبارەی شتێکەوە بدوێن، تووشی سەرشۆڕی دەبن!
🔹چ خۆشە بەقسەى پێشینیان بکەین و بەرلەوەى داخوازەکانمان ببەینە سەرەوە، تواناییەکانمان پەرەپێبدەین!
س.ه.هیدایەتی
t.me/kDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٣ )
🔹دەڵێن: " تێر ئاگای لە برسی نییە!"
🔹لەڕوانگەی زانستییەوە تێر بەوکەسەی دەڵێن نیازە مادییەکانی دابین کرابێت و لە داهاتوویش متمانەی هەبێت. برسیش بەوکەسەی دەڵێن نیازە ماددییەکانی دابین نەکرابێت!
🔹لە فەرهەنگی کوردەواریدا ئەگەر دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار لە فەقیر و ژێردەستە بێخەربەر بن وەک شتێکی ناحەز و دوور لە ئینساف و مرۆڤایەتیی ئەبینرێت!
🔹گەرچی ئەم هەستە لەگەڵ واقعیەتی کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا ناخوێنێتەوە بەڵام لەباری مرۆڤایەتی و ئەخلاقییەوە داخوازێکی درووست و جێ ڕێز و پشتیوانییە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٢ )
🔹دەڵێن: "پیاوی دوو ژنه جەرگی کون کونه!"
🔹واتا لە کۆنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا دوو ژنی وەک فەرهەنگ هەبووە، و ئەوانەی خاوەنی مال و سامان و دەسەڵات بوون بەدوایدا چوون، گەرچی تووشی سەختیش بووبێتن!
🔹کە باسی فەرهەنگ دەکرێت مەبەست ئەوەیە زۆرینەی خەڵک لایەنگریی بکەن و پێیان عەیب نەبێت.
🔹بەڵام بارودۆخی ئێستا وەک واقیعییەتێکی حاشا هەڵنەگر، دەلێت؛ فەرهەنگ و داب و نەرێتی کوردەواری گۆڕاوە و ئیدی ڕەسمی دووژنی پەسەندی کۆمەڵگە نییە و، بە عەیبە دەناسرێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/kDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢١ )
🔹ئێژن: " باوک بێ برا و ئامۆزاو فرە !"
🔹ئەو مەتەڵە کاتێک بەکار دەبرێت، کە مرۆڤێک دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار بێت، هەموو کەس، خۆیان دەکەن بە خزم و کەس و دەستەبرای!
🔹بەڵام وەک هەژار وتەنی، خوانەکا نەداری و هەژاری ڕوو بکاتە ئەو مرۆڤە، ئیدی باوکی ئەو، هاوسای باوکی کەس نەبووە و، گشتی خۆی لێی دەشارێتەوە!
🔹بەداخەوە ئەو شێوە ناحەزە، لە نێو کۆمەلگەی ئێمەدا هێشتا هەر بەردەوامە.
🔹خۆزگە پێوەندییەکانمان، لەسەری بنەمای ڕێزگرتن و حورمەتی ئینسانی بوایەت، نەک بەهۆی تەماحی ماڵ و سامان و دەسەڵاتەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١٢٠ )
🔹دەڵێن: " ئاسیاو بە نۆرە "
🔹گەرچی لەو مەتەڵەدا ئاسیاو بە نۆرە وەک نموونەی نەزم و یاسا دێیتە حیساب، بەڵام لە زمانی خەڵکی ئاسایی و جەماوەر وەک ئاماژە بە چاوەڕوانی بۆ تۆڵەی کایەنات، دووپات ئەبێتەوە! و بە ستەمگەر دەوترێت: "سەبر بکە نۆرەی تۆش دەگات!"
🔹ئەم مەتەڵە بۆ ئەو کاتەیش بەکار دەهێنرێت کە خەڵکێک لەبەرانبەر ستەمکردن لە کەسێک چاوی خۆیان دەقووچێنن و قڕوقپ دەکەن. پێیاندەڵێن؛" سەبر بکەن نۆرەی ستەمکردن لە ئێوەیش دێت!
🔹ئەڵبەتە ئەوەشمان لە بیر نەچێت لەژیانی پڕ لە ڕزن و سەفی خۆماندا چەندە لە نۆرەبڕی ناو ڕیزەکان، ئازارمان دیوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١١٩ )
🔹ئێژن: " برامان برایی، کیسەمان جیایی! "
🔹ئەو مەتەڵە بۆ ئەوەیە، حیساب و کتاب لە پێوەندیی عاتیفی و خۆشەویستی و خزمایەتی و دۆستایەتیی جودا بکرێنەوە.
🔹هەندێک ناکۆکی پیشەیی ئێستایش هەر لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەردەوامن و مامەڵەو دادوستەدی بێ حیساب و کتاب، دەبنە بایسی کێشەو دڵێشانی زۆر.
🔹یاسا نوێیەکانیش ئەوە دووپات دەکەنەوە کە "ئاشکراکاری و شەفافییەت لە موعامەلە و کەسب و کاردا پێویستن"، حەتتا بۆ خزم و کەس و کار !
س.ه.هیدایەتی
t.me/kDproblems
وردە فەرمایشت ( ١١٨ )
🔹دەڵێن: " بێگانە وەسە گای دێوانە!"
🔹لەبەر ئەوەی بێگانە تەشبێ کراوە بە گای شێتەوە، ڕەفتاری گای شێت، هیچ زەمانەتێکی تێدانیە و هەرکات لەوایە زیان بگەیەنێت بەو کەسەی بەرانبەری وەستابێت!
🔹بۆیە مەتەڵەکە دەڵێت "متمانە بە بێگانە مەکەن، وشیار بن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی بێگانە، بە پێی یاسا و بە پارێز لەگەڵیان هەڵسوکەوت بکەن!
🔹بەداخەوە لەو ڕۆژگارەیدا متمانە و دڵقایمی بەرانبەر بە خزم و کەسیش جێی پرسیارە، چ بگات بە بێگانە!
بۆیە دەبێ بە وشیارییەوە لەگەڵ دۆست و بێگانە، هەڵسوکەوت بکرێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ١١٧ )
🔹دەڵێن: " ئاشتی کتک و مشک، پرسەی بەقاڵە، (پرسەی قەسابە)!"
🔹ئەو مەتەڵە ئیشارە بەوەیە کە دوو دوژمنی تۆ پێکەو دەس بە یەکێ بن دژ بە تۆ، و مەترسییەک بن بۆ ژیانت!
🔹بگرە مەنزووریشی ئەوە بێت کە هۆگر و دۆستێکی ڕواڵەتی تۆ لەگەڵ دوژمنەکەتدا یەک بگرێت دژ بە تۆ!
🔹وەک ئەوەی تۆ دڵخۆش بیت پۆلیس لە خەتەری دز، یان قازی لە دەست دەستدرێژکەر، بتپارێزێت، بەڵام ئەوان ببنە هاودەستی دز و ستەمگەرەکە!
کە بەداخەوە لە واقعیەتی ژیاندا نموونەیان زۆرن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
