en
Feedback
Perrenûs

Perrenûs

Open in Telegram

پەڕەنووس: مەکۆی نیشتمانپەروەران ـ سەکۆیەک بۆ خزمەتکردنی کوردستان و کورد ـ لاپەڕەیەک بۆ گەیاندنی زانیاری و پەرەپێدان بە هۆشیاریی تاکی کوردستانی. بۆ پەیوەندی: @Kar1kurdistani

Show more
1 052
Subscribers
No data24 hours
-67 days
-2130 days
Posts Archive
📝 دوو پارادایمی یەکتربڕ بە پانتاییی سیاسەت لە کوردستاندا ✍ ئەفراسیاب گرامی پوختە دوو پارادایمی یەکتربڕ بە پانتاییی سیاسەت لە کوردستاندا تێپەڕ دەبێت کە بە شێوەیەکی مێژوویی و لە بەستێنی ژیۆپۆلیتیکی دژواری کوردستاندا هەمیشە ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. ئەم دوو پارادایمە، کاراکتەرەکانی کوردن و لەناو ڕیزەکانی کورددان. سەرەتا پارادایم لە سادەترین واتادا، واتە کۆی باوەڕ، ڕوانگە، بەستێن و وێژمانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری کە بەستراوەتەوە بە قۆناغێکی دیاریکراوی زەمەنییەوە. پارادایم بەقەولی "توماس کۆهەن"، بە پارادایمی دیکە لەناو دەچێت کە ئەو ناوی نا: پارادایم شیفت؛ واتە جێگۆڕکێی پارادایم. یەکەم: پارادایمی ناوەندگەرا ناولێنان لەم پارادیمە بریتییە لەوەی کە لە ناوەندەکانی تاران، بەغدا، ئەنقەرە و دیمەشقەوە سەیری کوردستان بکرێت. لەو ڕوانگەیەدا کوردستان پەراوێزە، کوردستان حاشیەیەی دەسەڵاتی ناوەندییە. کوردستان پرس نییە، بەڵکوو کێشەیەکە. سەیری ئەم وشانە بکە: (قوم، فرهنگ محلی، قائله، مشکل، بحران، قومگرایی، مناطق کردنشین، استان آذربایجان، مرزنشینان، لباس محلی، بخشی از ایران فرهنگ، فرهنگ غیورو ...). لای کوردیش ئەم وشانە سەیر بکە: "جلی کوردی، هەڵپەڕکێ، زمانی دایک، نەورۆز، ئوستانداری کورد، هەڵبژاردن، نمایەندەی ئیسلاحتەلەب، ئەنجومەنی فەرهەنگی، کاناڵی سەحەر، فیلمی نوون خ و ..." تا دەگاتە ئەوەی لاپەڕەکانی ئینستاگرام، بەراوردی زمانی کوردی به فارسی دەکەن و زۆر جاریش بۆ نموونە دەڵێن: "مەڵێ دایی، بڵێ خاڵۆ ... ". بۆیە لەم ڕوانگەیە، کولتوور سەتحییە و ڕووکەش و چەندایەتییە. لەم پارادایمەدا، کورد نەتەوە نییە، قەومیش نییە، تەنیا خێڵێکی پەراوێزی مێژوون کە ئەگەر ڕەحمیان پێ بکرێت و لەبەر خەلایەقی مێژوو، کەرامەتی فارس دەتوانن زمانەکەیان و فەرهەنگەکەیان بپارێزن و لە کۆتاییدا ببن بە "قەوم کورد" و فێری فەرهەنگی مودێڕن بن. ئەم پارادایمە، ڕۆژهەڵاتناسانەیە و ڕوانگەی داگیرکارییە. بەقەوڵی کریس کۆچیرا: خۆکۆلۆنیالیزەکردنەوەیە. یان وەک داگیرکەر، خۆت داگیر بکەیتەوە بەو عەقڵ و ئاوەزەی ئەو بۆی داناوی. لەم ڕوانگەیە زۆرن لەناو کورددا کە لە بەرەی پێشمەرگەشدا شەهید بوون. بەداخەوە ئیدی چارەنووسی کورد وەهایە. مەسعوود محەممەد چاکی پێکاوە، دەڵێ: «کورد تووشی نەزیفی ئابووری بووە، واتە خوێنی لەبەر دەڕوات». ئەوەندە سەرمایەی ئابووریی کورد بەناو شادەماری ئابووریی وڵاتانی دەوروبەردا دەڕوات، بەناو خودی کوردستاندا ناگەڕێت. منیش ئێژم، کورد تووشی نەزیفی کولتووری و سیاسی و ئابوورییش بووە. لە پانتاییی سیاسەتدا ناوەند بە سەرچاوە دەزانێت، لە پانتاییی کولتووردا بە هەمان شێوە و پەراوێزە. خراپیی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە، کە خۆخواردنەوە، لە پەراوێزدامان هەمیشەیییە. گرینگە بزانین کە ژیۆپۆلیتیکی ناوچە و جیهانیش بە ئاراستەی ئەمەدا دەڕوات و سەرمایەگوزاری لەسەر دەکرێت. گرینگیشە بزانین سەرچاوە ئابوورییەکانی کوردستان دەکەوێتە خزمەتی ئەو ڕوانگەیەوە و زۆر جاریش سڕینەوەی نەتەوەی کوردیش. دووهەم: پارادیمی کوردستانی لەو پارادایمەدا، کوردستان فەزایەکی جوگرافیایی، مێژوویی، کولتووریی و سیاسیی واتادارە کە پەیوەستە بە ناسنامەی خەڵکی کوردستانەوە بە هەموو دانیشتووانییەوە، بە هەموو کەمایەتییەکانییەوە و بە هەموو کولتوورە جیاوازییەکانییەوە. پارادایمی کوردستانی، لە کوردستانەوە سەیری ناوەند دەکات. سنە و کرماشان و مەهاباد و ئورمیە پەراوێز نین، بەڵکوو ناوەندی بڕیاری سیاسی و چارەنووسی سیاسیی کوردستان و کوردن. کورد نەتەوەیە و خاوەنی پرسی سیاسییە. زمانی کوردی و فەرهەنگی کوردی ناسنامەیە. لەو روانگەیە، کولتوور شاخی سەهۆڵینە. هەڵپەڕکێ و نەورۆز و جلی کوردی، سیمایەکی دیاری کولتووری کوردین نەک بەهای ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و جەوهەری کوردبوون. کولتوور ناسنامەی من و جیاکەرەوەی ئەوی ترە لە من. پلاتفۆرمێکی دینامیکە و دروستکەری پەیمانی کۆمەڵایەتییە، نەک ئەوەی وەک گەلێک لە مێژوو بەجێ مابێت سەیر بکرێت. لەم ڕوانگەیە، کولتوور بەرهەمهێنەرە و ئەیهەوێت پێگەیەکی دنیایی هەبێت. پارادایمی کوردستانی، سنوورنشین نییە، بەڵکوو سنووری دەستکردی هەیە کە خەونی کوردستانیبوونی تێک داوە. کاراکتەری سیاسیی کورد سەرۆک عەشرەت و خێڵ نییە، بڵکوو هەڵگری پرسێکە کە ئەیهەوێت دەسەڵات و حکوومەت لە کوردستاندا بەهێز بێت. بۆیە پارادایمی کوردستانی واتە: دەیهەوێت پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان کە چ لە چوارچێوەیەکی دەوڵەت - نەتەوە یان نەتەوە - دەوڵەتدا، بگەیەنێتە ئاستی خۆی کە پشتی بەندە بە خاک و خەڵک. بۆ خوێندنەوەی درێژەی وتارەکە، لێرە کرتە بکەن. 💎 @Perrenus

📝 وەرزش و نەرمەهێز: سەرکەوتنی پیرۆزی یانەی تۆپی پێی دهۆک دەستکەوتێکی کودستانییە ✍ چرا کوردستانی ئێمەی کوردستانی و بەتایبەت نەتەوەی کورد پێویستە لەوە تێ بگەیین کە وەرزش کاریگەری و ڕۆڵێکی کارای هەیە لە "نەرمەهێز"دا. ئەم چەمکە باس لە توانای کاریگەریدانان لەسەر ئەوانی تر دەکات بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازی یان زۆرەملێ کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ستراتیژیی سیاسیدا. هەروەها وەرزش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پتەوکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی و یەکڕیزیی نیشتمانیدا بۆ دروستکردنی هەستی شوناسی هاوبەش. کاتێک هاووڵاتییان پشتگیریی تیمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان دەکەن، هەستی شانازی و پێکەوەبوون بەهێز دەبێت، هاوکات دەبێتە تێکەڵبوونی دوو سێکتەری کۆمەڵایەتی و وەرزش کە خەڵکی لە پێشینە و کەلتووری جیاواز پێکەوە دەهێنێت بۆ پشتگیریکردنی ئامانجێکی هاوبەش. جیا لەوەی کە وەرزش دەتوانێت نوێنەرایەتیی نەتەوەییی نەتەوەیەک و نیشتمانیی وڵاتێک لە ئاستی جیهانی بکات، دەبێتە هۆی ناوبانگی نەتەوە و وڵاتێکیش. هاوکات دەبێت بە پردی نێوان ناکۆکییە سیاسییەکان؛ هەندێک جاریش وەرزش دەتوانێت کۆمەڵگە یەک بخات تەنانەت لە کاتی ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتییشدا. ئەم سەرکەوتنەی یانەی تۆپی پێی دهۆک و ئەم دەستکەوتە مێژوویی و مەزنەی یانەی دهۆک، پێویستە هەستی شانازیمان بە دەستکەوتەکانمان زیاتر بکات و چاومان لە دەستکەوتی زۆرتر بێت؛ هەروەها لە کوردستان زیاتر برەو بە وەرزش و جومگەکانی دیکەی نەرمەهێز بدرێت. پێویست و گرنگە پشتگیریی تەواوی یانە کوردستانییەکان بکەین و بکەن. بەو هیوایە لە داهاتوودا ببن بە نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە و؟نیشتمانەکەمان. 💎 @Perrenus

📝 خەڵکی کوردستان هۆشیارن و ئیتر فیروی چەپی نابەرپرسیار و نەیارشەیدا ناخۆن ✍ د. ئەحمەد محەممەدپوور پەتای چەپی نابەرپرسیار، دەیان ساڵە جەستەی نیشتمانی نەخۆش کردووە و خەریکە هەلاهەلای دەکات، بەڵام جەستە و ڕۆحی نیشتمانپەرستانی کوردستان هەر بەسەریدا زاڵ بووە.  چەپ سەردەمانێک پێشەنگی دژەداگیرکەر و داگیرکاری بوو، بەڵام هەندێک بەناو چەپی کورد هەر لە سەرەتاوە بوو بە هێمای ئاشبەتاڵ و تەکریم و تەقدیسی داگیرکەر و هەرزانفرۆشکردنی مێژوو و کولتووری نیشتمان، بەو جیاوازییەوە جاران خۆی لەژێر دروشم و وێژمانی دژەداگیرکەری چەپی جیهاندا شاردبووە و ئێستە کە چەپی جیهانی بڕست و هەناسەی لەبەر بڕاوە، چەپی کورد پەردەی لە ڕوخساری خۆی لاداوە و تەواو حەیای تکاوە. ئەو پەتایە کە هەنووکە لە باکوور و ڕۆژئاوای نیشتمان تاقی کراوەتەوە و هەرەسی هێناوە، درەنگ یان زوو شەڕێکی قورس بە ڕۆژهەڵاتەکەمان دەفرۆشێت. چەپی نابەرپرسیاری کوردی و بەتایبەت چەپی ڕۆژهەڵاتی، سوێندی خواردووە کە هەرگیز تێ نەگات و فێر نەبێت؛ سوێندی خواردووە دژایەتیی لەگەڵ نەتەوەخوازی خۆی، لە پێش شەڕی گرنگی سەرمایەداری بخات و مارکس و تڕۆتسکی بە کوردی چەوساوە و ژێنۆسایدکراو بفرۆشێت و تیۆرییەکانی ئەوان بە کۆڵکێشە بێدەرەتانەکانی گەردەنەی تەتە پراکتیزە بکات. ئەو چەپە چەپگەڕە دەبێت ئەوەی لەبیر بێت، کە کوردستان هۆشیارە و چیی دیکە ناتوانن خۆیان لە پشت ئەو چەمکە بێکەڵک و بێبنەمایانە بشارێتەوە. برایەتیی خۆتان لە تاران و ئانکارا و بەغداوە دەست پێ بکەن، بۆ کووبا و وێنێزۆئلای ڕایگوێزن، چۆن هەر گەنج و لاوێک کە لەسەر براتی و خوشکاتیی گەلان بەکوشتی دەدن، ئەوە خەیانەتە و قازانجەکەی دەچێتە سەر سفرەی داگیرکەران. کوردستان پێویستی بە سەید عەلی و سمایل سەردەشتییەکانە، نەک مارکس و ترۆتسکی، کاکی چەپ. ڕاست وەبن. 💎 @Perrenus

📝 ئورمیە و ئەرکی نەوەی ئەمڕۆ و حیزبی کوردستانی ✍ ئیبراهیم جەهانگیری کورد لە جوگرافیای دەستکردی سیاسیی ئێراندا دوو دوژمنی هەیە، دەوڵەتی داگیرکەرانی و تورکی فاشیست؛ هەمووشمان دەزانین کە بەدرێژاییی مێژوو دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی تورکی بە دژی کورد بەکار هێناوە و زۆربەی سەرکوتکەکانی خەڵکی کوردستان هەر بە دەستی تورکەکان ئەنجام دراون. هیچ کوردێک نییە ئورمیە بە کوردستان نەزانێت، بەڵام ئایا بە دروشمی "ئورمیە کوردستانە" کە دەبێت قسەی دڵی هەموو کوردێک بێت، ئەو کێشەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ تورکی فاشیستی چاوچنۆک چارەسەر دەبێت؟ ئایا ئەوانیش وەکوو ئێمە هەموو ئەو شوێنانەی بەناحەق و بۆ دژایەتیی کورد ناوی پارێزگای "ئازەربایجانی ڕۆژاوا" لەسەر داندراوە، بە ئازەربایجان نازانن؟ چارەی ئەو کێشە یەکجار مەترسیدار و هەستیارە و لەدەست هیچ تاکێکی کورددا نییە؛ ئەگەر بەوان با، لەمێژ بوو ئەو ناوە داگیرکارییە لەسەر ئەو بەشە لە کوردستان لادەچوو و دەخرایە نێو زبڵدانی مێژوو. بەداخەوە بەشێک لە کوردستان بەپێی دابەشکارییە ئێدارییەکان و بەمەبەستی دوژمنکارانە ناوی "ئازەربایجانی ڕۆژاوا"ی لەسەر داندراوە و ئەوەش ڕێک کێشە هەرە مەترسیدارەکەی کوردستان دەخاتە بەرچاومان. مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و بۆکان خۆ پەنج لەسەد یان دوو لەسەدیشی تورکیان تێدا نییە!! دەی ئەو ناوە بۆ دەبێت لەسەر ئەو بەشە لە کوردستان دانرابێت؟ ئەگەر لە ئورمیە کورد و تورک پێکەوە لەو شارەدا دەژین، خۆ لەو شارانەی ناوم هێناون، بەتایبەتی لە هەندێکیان یان تورکی هەر تێیدا نییە یان ئەوەی هەبووە بە ویستی خۆی و بەهۆی تێکەڵاوبوونی چەندین ساڵەیان لەگەڵ کوردەکان لە کوردەکان کوردترن؛ نموونەش لەو بارەوە زۆرن. ئێستە چارە چییە؟ ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی هەر کێشەمان هەبێت و لەگەڵ تورکیش هەمانبێت، لەناو خۆشماندا هەر کێشەمان هەیە، ئەدی ئەو گرێیەکوێرە چۆن دەکرێتەوە؟ خۆ تورک بەتایبەتی "حیزبی سەربەخۆییخوازی ئازەربایجانی باشوور" نەک تەنیا وابێژی و پڕوپاگەندای هەموو ئورمیە دەکات، تەنانەت پڕوپاگەندا لەسەر سنەش دەکات!!! باشە ئێستە پرسیار ئەوەیە، ئایا بە دروشم و بێڕێزیکردن بە تورک کێشەکەمان چارەسەر دەبێت؟ کوردستانە داگیرکراوەکەمان لەژێر تەوژمی بیری داگیرکاریی ئەو چاوچنۆکە فاشیستانە ڕزگار دەبێت؟ پێم وایە ئەرکی نەوەی سەردەم و حیزبەکان ئەوەیە کە لە هیچ هەوڵێک بۆ ڕرگاریی کوردستان درێغی نەکەن و ئەوە هەوڵانەش بکەن بە بنەما، چونکە تا ئەو دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی هەبێت، هیچمان بۆ ناکرێت. لەژێر سێبەری ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەدا هەموو گۆرانکارییەک نەلواوە! پاش ڕزگاریی کوردستان ئەرکی حیزبە کوردستانییەکانمان ئەوەیە کە دەوڵەتێکی دێموکراتیک دامەزرێنن کە باوەڕی بە ئازادیی حیرب و پلۆرالیزمی سیاسی و سیستەمی پارلەمانی هەبێت. حیزبە کوردستانییەکان یەکەم کاریان دەبێت ئەوە بێت کە لە خەباتێکی سیاسی و مەدەنیدا هەوڵ بۆ لاچوونی ئەو نێوە کە فەلسەفەی داگیرکاری و ئاژاوەگێڕانەی لەپشتە و نێوان دوو نەتەوەی تورک و کوردی ئاڵۆز کردووە، بدەن و ئەمەش دەبێت ستراتیژیی کوردستانیی بۆ داڕێژرێت. قەرەباغ و شەڕی ئازەربایجان و ئەرمەنستانتان لەبیرمان بێت؛ بەپێی هەندێک بەناو سیاسەتمەداری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دواڕۆژ دەبێت لە شەڕی تورک و کورددا چاوەری (شایەتی) وەڕێخستنی دەریای خوێن بین. شەڕێک کە بەدڵنیایییەوە ئێمە براوەی نابین! سیاسەت لە هیچ کوێی دنیادا شتێکی کۆنکرێت و دوگم و وەستاو نییە؛ سیاسەت گەمە و کایەی شەترەنجێکە و هەرچی زیاتر بجووڵیت و جووڵەی لایەنی بەرانبەرت بخوێنییەوە، زیاتر ئەگەری سەرکەوتنت هەیە. خوێندنەوەی ڕووداوەکان لەسەر بنەمای حەز و ئارەزوو زەرەرمان پێ دەگەیەنێت، هەروەها لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی و پۆزی سیاسەت، تووشی هەڵدێرمان دەکات. هەر لەو دوو ـ سێ ساڵەدا لە خوێندنەوەی ڕووداوەکان هیچمان سەرەدەری دروستمان دەرنەکردووە، هەرچی گومانمان لێی بووە و دەستمان پێ داداوە، دەمانناوە! خاک گەورەترین و بنەماترین سەرمایەی نەتەوەیە، هیچ نەتەوەیەک بێ خاک بوونی نەبووە و نییە. ئێمە لەگەڵ تورک کێشەی خاکمان هەیە و زۆریش ئاڵۆزە، ئەوە ئەرکی حیزب و ناوەند و بلیمەتە کوردستانییەکانە لەو کیشە و قەیرانە دژوارەدا ڕێگەچارەیەکی دروست بدۆزنەوە و کوردستان دەربا بکەن، چونکە بێگومان ئەو کێشەیە بێ دەستێوەردانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئێران و تورکیەش نابێت. پێکوەرکردنی کورد و تورکی ئازەری هەمیشە قازانجی داگیرکەرانی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە تورکە توندڕەوەکان ئەمڕۆ هیچ دیدێکی ژیربیرانە و خوێندنەوەیەکی دروستیان بۆ ئەو بابەتە نییە کە ئێمە هەردوو نەتەوەی تورک و کورد نیشتمانمان داگیر کراوە. 💎 @Perrenus

📝 ئەم نەوەیە پێی وایە دەبێت لە پارادایمی دێموکراسیخوازی، بەرەو "سەربەخۆیی" هەنگاو هەڵگرێت ✍️ ئارام کەیخوسرەوی یەک لە تایبەتمەندییەکانی د. قاسملوو ئەوەیە کە، هەندێک جار لە کات - شوێنی مێژووییی خۆی دێتە دەر و ڕوو بە داهاتوو قسە دەکات. بۆ میناک لە وتووێژێکدا د. قاسملوو نەوەی خۆی بە نەوەی خودموختاریخواز پێناسە دەکات، بەڵام نەوەی داهاتوو سەرپشک دەکات چ ڕێگەیەک هەڵبژێرێت. ئەم نەوەیە چ لەنێو حیزبەکاندا و چ لە دەرەوەی حیزبەکاندا لە ئێستەدا کۆمەڵێک تێبینی و پرسیاری هەیە. نموونەی ئەو پرسیارانە: ئایا دێموکراسی دەتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات؟ بۆچی لە حەفت دەیەی ڕابردوودا و لەنێو پارادایمی دێموکراسیخوازی هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان بەدی نەهاتووە؟ ئەو ئەرکە مێژوویییە ئێمە بەئەستۆمان گرتووە، بۆ گەشەسەندنی دێموکراسی لە ناوچەکەدا کێ لەسەر شانی ئێمەی ناوە؟ دەستکەوتەکانی ئەم پارادایمە بۆ سەر بزاڤی نەتەوەییی ئێمە چی بووە؟ ئەم نەوەیە بە گومانەوە پارادایمی دێموکراسیخوازی کە لە حەفت دەیەی ڕابردوو پاژێکی سەرەکیی بزووتنەوەی کوردستان بووە، دەخوێنێتەوە. لێرەدا مەبەست جەوهەری دێموکراسی و بایەخەکانی کە لە سەدەی ١٨ و ١٩ ز. بەدواوە وەک بایەخێکی گشتی و مرۆیی دەناسرێن نییە، بەڵکوو مەبەست ڕێگەچارەی دێموکراسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستانە. واتە لە ڕوانگەی ئەم نەوەیەدا بایەخە مرۆیی و گشتییەکانی دێموکراسی لە جێی خۆیدایە، بەڵام دێموکراسی دەبێت لە کات - شوێندا بخوێنرێتەوە. بۆیە ئەو دێموکراسیخوازییە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە. نەوەی ئێستە بە شێوەیەکی دروست دەپرسێت: ئەگەر نەتەوەی سەردەست ئامادە نەبوو دێموکراسی قەبووڵ بکات، پلانی ئێمە چییە؟ دەبێت ئەو ئەرکە مێژوویییە درێژە بدەین یان بیر لە ستراتیژییەکی تر بکەینەوە؟ ئەم نەوەیە پێی وایە دەبێت لە پارادایمی دێموکراسیخوازی، بەرەو "سەربەخۆیی" هەنگاو هەڵگرێت، بەڵام نەوەی پێشوو ئەم هەنگاوە بە "خەونی شاعیرانە و خەیاڵێکی جوان" پێناسە دەکات. لەم ڕوانگەیەدا "سیاسەت لاقی لەسەر زەوییە و لە ئاسمان نییە." بەڵام دیسان نەوەی سەردەد ئەم تێبینییە گەڵاڵە دەکات: ئەگەر سەربەخۆیی پێی لەسەر زەوی نییە، دێموکراسییش لە ژینگەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێی لەسەر زەوی نییە. واتە ئەگەر سەربەخۆیی خەیاڵە، دێموکراسییش هەر خەیاڵە. لانی کەم ئەزموونی سەد ساڵەی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، نیشانی داوە خاوەنی کولتوورێکی کۆمەڵایەتیی دێموکراتیک نین؛ لە سەد ساڵی ڕابردوودا یەک لە دەوڵەتە نادێموکراتیکەکانی ناوچە بوون. ئەم کولتوورە نادێموکراتیکە بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەم دەوڵەتانەیش دەگرێتەوە. بۆ نموونە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە وێژماندا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە. بۆیه دوورەدیمەنی گەیشتن بە دێموکراسییش لە ئێستەدا تەنیا خەیاڵ و ساویرێکی ڕازاوەیە. بەپێی ئەو لۆژیکەی سەربەخۆیی بە خەیاڵێکی جوان پێناسە دەکات، دێموکراسییش تەنیا خەیاڵێکی جوانە. بەو جیاوازییەی خەیاڵی دێموکراتیزەبوونی ئێران هەشتا ساڵ ئەزموونی کردەییمان لێی هەیە و پێی نەگەیشتووین و سەربەخۆیی هێشتا خەیاڵێکی ئەزموون نەکراوە. 📎 سەرچاوە: ڕوانگە میدیا 💎 @Perrenus

📝 ئەم نەوەیە پێی وایە دەبێت لە پارادایمی دێموکراسییخوازی، بەرەو "سەربەخۆیی" هەنگاو هەڵگرێت ✍️ ئارام کەیخوسرەوی یەک لە تایبەتمەندییەکانی د. قاسملوو ئەوەیە کە، هەندێک جار لە کات - شوێنی مێژووییی خۆی دێتە دەر و ڕوو بە داهاتوو قسە دەکات. بۆ میناک لە وتووێژێکدا د. قاسملوو نەوەی خۆی بە نەوەی خودموختاریخواز پێناسە دەکات، بەڵام نەوەی داهاتوو سەرپشک دەکات چ ڕێگەیەک هەڵبژێرێت. ئەم نەوەیە چ لەنێو حیزبەکاندا و چ لە دەرەوەی حیزبەکاندا لە ئێستەدا کۆمەڵێک تێبینی و پرسیاری هەیە. نموونەی ئەو پرسیارانە: ئایا دێموکراسی دەتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات؟ بۆچی لە حەفت دەیەی ڕابردوودا و لەنێو پارادایمی دێموکراسیخوازی هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان بەدی نەهاتووە؟ ئەو ئەرکە مێژوویییە ئێمە بەئەستۆمان گرتووە، بۆ گەشەسەندنی دێموکراسی لە ناوچەکەدا کێ لەسەر شانی ئێمەی ناوە؟ دەستکەوتەکانی ئەم پارادایمە بۆ سەر بزاڤی نەتەوەییی ئێمە چی بووە؟ ئەم نەوەیە بە گومانەوە پارادایمی دێموکراسیخوازی کە لە حەفت دەیەی ڕابردوو پاژێکی سەرەکیی بزووتنەوەی کوردستان بووە، دەخوێنێتەوە. لێرەدا مەبەست جەوهەری دێموکراسی و بایەخەکانی کە لە سەدەی ١٨ و ١٩ ز. بەدواوە وەک بایەخێکی گشتی و مرۆیی دەناسرێن نییە، بەڵکوو مەبەست ڕێگەچارەی دێموکراسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستانە. واتە لە ڕوانگەی ئەم نەوەیەدا بایەخە مرۆیی و گشتییەکانی دێموکراسی لە جێی خۆیدایە، بەڵام دێموکراسی دەبێت لە کات - شوێندا بخوێنرێتەوە. بۆیە ئەو دێموکراسیخوازییە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە. نەوەی ئێستە بە شێوەیەکی دروست دەپرسێت: ئەگەر نەتەوەی سەردەست ئامادە نەبوو دێموکراسی قەبووڵ بکات، پلانی ئێمە چییە؟ دەبێت ئەو ئەرکە مێژوویییە درێژە بدەین یان بیر لە ستراتیژییەکی تر بکەینەوە؟ ئەم نەوەیە پێی وایە دەبێت لە پارادایمی دێموکراسیخوازی، بەرەو "سەربەخۆیی" هەنگاو هەڵگرێت، بەڵام نەوەی پێشوو ئەم هەنگاوە بە "خەونی شاعیرانە و خەیاڵێکی جوان" پێناسە دەکات. لەم ڕوانگەیەدا "سیاسەت لاقی لەسەر زەوییە و لە ئاسمان نییە." بەڵام دیسان نەوەی سەردەد ئەم تێبینییە گەڵاڵە دەکات: ئەگەر سەربەخۆیی پێی لەسەر زەوی نییە، دێموکراسییش لە ژینگەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێی لەسەر زەوی نییە. واتە ئەگەر سەربەخۆیی خەیاڵە، دێموکراسییش هەر خەیاڵە. لانی کەم ئەزموونی سەد ساڵەی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، نیشانی داوە خاوەنی کولتوورێکی کۆمەڵایەتیی دێموکراتیک نین؛ لە سەد ساڵی ڕابردوودا یەک لە دەوڵەتە نادێموکراتیکەکانی ناوچە بوون. ئەم کولتوورە نادێموکراتیکە بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەم دەوڵەتانەیش دەگرێتەوە. بۆ نموونە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە وێژماندا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە. بۆیه دوورەدیمەنی گەیشتن بە دێموکراسییش لە ئێستەدا تەنیا خەیاڵ و ساویرێکی ڕازاوەیە. بەپێی ئەو لۆژیکەی سەربەخۆیی بە خەیاڵێکی جوان پێناسە دەکات، دێموکراسییش تەنیا خەیاڵێکی جوانە. بەو جیاوازییەی خەیاڵی دێموکراتیزەبوونی ئێران هەشتا ساڵ ئەزموونی کردەییمان لێی هەیە و پێی نەگەیشتووین و سەربەخۆیی هێشتا خەیاڵێکی ئەزموون نەکراوە. 📎 سەرچاوە: ڕوانگە میدیا 💎 @Perrenus

‍ ‍📝 فۆرمەکانی پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی ✍ شاهۆ حوسێنی شوناسی نەتەوەیی وەک پرۆسەیەکی لێکگرێدەرەوەی سووژەکان و بەکۆمەڵکردن و کۆمەڵگرکردنی سووژەکان لەناو جەغرێکی مانایی بەرهەم هاتوو کە بەهۆی ئیرادەی سووژە سەربەخۆکان، بەگشتی بە دوو شێوە بەدی دێت کە بریتین لە: ١ـ مێتۆدی ڕۆژاوایی کە لەسەر بنچینەی ڕەواییدانی سوژەی سەربەخۆ و پلۆرالیزمی سووژەکان وەک بنەما و بنیاتنەری فۆرم و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و ... بنیات نراوە. لەو مێتۆد و شێوەیەدا شوناسی نەتەوەیی لە دەوری کەسایەتیی هزری و مەعریفییەکان بیچم دەگرن و دەبنە ڕایەڵ و هارمۆنیبەخشی شوناسی گشتی و نەتەوەییی کۆمەڵگە مرۆڤییەکان؛ بۆ وێنە هەڵکەوتە هزری و مەعریفییەکان، بیرمەندانی بوارە جۆراوجۆرە زانستییەکان، دەبنە بنەما و رایەڵی هارمۆنیبەخشی تاکەکان لەناو فۆرماسیونێکدا بە ناوی نەتەوە. دیارە نەتەوە لێرەدا هەم مەبەست فۆرمی هزرییە، واتە وەڵامی مەعریفانە بە پرسیار لە ئانتۆلۆژیی بوونەکان و هەم مەبەست فۆرمی ڕواڵەتییە. ٢ـ مێتۆدی ناڕۆژئاوایی کە لەو مێتۆدەدا، نەک تەنیا سووژە کە پلۆرلیزامیش وەک بەرهەمی ڕەواییدانی سووژە جیاواز و سەربەخۆکان ڕەواییی نییە و دەسەڵاتێکی ڕواڵەتی و ڕووت لە سەرەوە بۆ خوارێ بەهۆی هێز و دەسەڵات، فۆرم دەدات بە شوناسی تاک، کۆمەڵگە و نەتەوە. بەپێی خوێندنەوە و ویستی خۆی وەک تاکە ڕەهەندی مافی موتڵەق، لەو مێتۆدەدا هەڵکەوتە هزرییەکان لەلایەن هەڵکەوتە کەرەستەییەکانەوە بە خزمەت دەگیرین؛ ئەڵبەتە نەک هزر و فکرەکانیان کە بوونەکانیان بۆ کەڵکی کەرەستەیی. لە وەها دۆخێکدا هەڵکەوتە هزری و مەعریفییەکان، ناتوانن لێکگرێدەرەوە و هارمۆنیبەخشی کۆمەڵگە بن؛ ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە لە قەیرانی بەردەوامی شوناسەکان و یەک لەوان شوناسی نەتەوەییدا قەتیس دەمێننەوە و بەردەوام پاوانخوازیەتی و دیکتاتۆربوون ئەزموون دەکەنەوە. بۆ نموونە کورد هەم خەڵاتی نۆبێلی بیرکاری بەهۆی کۆچەر بیرکار وەرگرتووە و هەم خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل لەلایەن نادیا موراد. بێگومان پێشتریش خەڵاتی باش و گەورە لەلایەن هۆنەران و نووسەرانی کوردستان وەرگیراوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی کورد و خەڵکی کوردستان نایتوانیوە و ناتوانێت لە دەوری ئەو هەڵکەوتە هزری و مەعریفییانە بنیاتنەری شوناسی نەتەوەیی بێت؟ کێ و چ ڕەوتێک پێشی گرتووە؟ بێگومان وەڵامێکی لۆژیکی و زانستی لەلایەن لایەنی سەربەخۆ بەو پرسیارانە دەتوانێت ڕێگەنیشاندەر بێت. 💎 @Perrenus

‌‌📝 لە پەراوێزی بەیاننامەی ئێرانییەکان: کورد لە نێوان "هێشتا نا" و "ئیتر نا"دا ✍ ئارام کەیخوسرەوی ئارێنت لە وتارێکیدا لەسەر ڕۆمانی «مەرگی ڤێرجیل» لە نووسینی هێرمان برووخ، دوو چەمکی «هێشتا نا» و «ئیتر نا» بەکار دەهێنێت،کە شیاوی ئاوڕدانەوەن. مرۆڤ بەردەوام لە نێوان ئەم دوو کاتەدا قەتیس ماوە؛ «ئیتر نا» ڕابردووە و مرۆڤ ناتوانێت بیگۆڕێت، «هێشتا نا» داهاتوویەکە کە هێشتا نەهاتووە. ئەکت و داهێنانی نوێ لە پانتاییی نێوان ئەم دوو زەمەنەدا ڕوو دەدات، خەیاڵکرد لەم پانتایییەدا چالاک دەبێت. هەر مرۆڤێک یان نەتەوەیەک دەتوانێت لە بڕگەیەکی ژیانی کەسی و سیاسیی خۆیەوە ئەم پانتایییەی نێوان ڕابردوو و داهاتوو هەست پێ بکات. وەستان لە نێوان ڕابردوویەک کە تێپەڕ بووە و چیی دیکە ناگۆڕدرێت و هەروەها داهاتوویەک کە هێشتا نەهاتووە و مرۆڤ یان نەتەوەیەک دەتوانێت لە داڕشتنیدا چالاک و ڕۆڵگێڕ بێت. ئەم پانتایییە، پانتایی خەیاڵکرد و کرداری نوێ و داهێنانە. جووەکان تاکوو پێش هۆلۆکاست، سەرەڕای ئەو بێڕێزی و سووکایەتییە کە پێیان دەکرا، لە پارادایمی «هێشتا نا» دەژیان. هۆلۆکاست هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی؛ کەسێک ئیتر نەما باوەڕی بە «هێشتا نا» مابێت. لەو ڕۆژەوە جوو لەنێو «ئیتر نا»دا دەژیت. ئەوەی ڕاستی بێت، ئێمەش دەبوایە پاش ئەنفال و هەڵەبجە و فتوای جیهاد و ...، دەستمان لە هەموو شتێکی ئێرانی و تورکی و عەرەبی شۆردبا، کە نەمانشۆرد! د. قاسملوو لە وتووێژێک و هەروەها لەسەر مێزی وتووێژ لەتەک ئێرانییەکاندا، چەند خولەک پێش ئەوەی شەهید ببێت، بە لایەنی ئێرانییەکانی وت: "من خودموختاریم دەوێت"، واتە «هەڵای نا». بەڵام هێندە دووربینیشە کە دەرفەتێک بۆ «ئیتر نا»ی نەوەی نوێ بهێڵێتەوە و وتی: "نەوەی داهاتوو سەرپشکن". هەمتر شەهیدبوونی د. قاسملوو دەبوایە کۆتاییی بە پارادایمی «هێشتا نا» هێنابا. شەهیدبوونی ئەو ڕێبەرە مەزنە سەلمێنەری بنبەستیی ئەو ڕێگەیە بوو کە خۆی لە «هێشتا نا»دا دەبینییەوە. نەوەی نوێ، ئەو نەوەیەی د. قاسملوویش سەرپشکی کردبوو لە هەڵبژاردنی ڕێگەکەی، مافی خۆیەتی بڵێت «ئیتر نا». «هێشتا نا» وەرگێڕانی پێکەوەژیان بوو، بەڵام «ئیتر نا» وەرگێڕانی دوو دەراوسێیە؛ ئێمە دەتوانین دوو جیران بین، نەک لە ماڵێکی هاوبەشدا بژین. 💎 @Perrenus

📝 چەکی مەزنی نەورۆز و ترسی پانئێرانییە فاشیستەکان ✍ سۆران حەمەڕەش نەورۆز گەورەترین سامانی کولتووری و نیشتمانیی کورد و کوردستانە. هێندەی من بیرم بێت، هیچ ساڵێک نەمبینیوە ئەو سامان و چەکە هێندەی ئەمساڵ ژیرانە لەلایەن کوردەوە بەکار بهێنرێت. تەنیا بە ئاگرکردنەوە و ئاهەنگێڕان و جللەبەرکردن، کورد بەهێزترین پەیامی بە جیهان و نەتەوە دراوسێیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە خۆشی دا. نەتەوە بە دەوری چیرۆک و جەژن و سیمبولە نەتەوەیییە گرنگەکانی خۆیدا دەبێتە نەتەوە و دەتوانێت بە یەکگرتوویی و بەهێزی بمێنێتەوە. ئەمساڵ نەتەوەی کورد، لە لوڕستانەوە هەتا عەفرین و دیمەشق و تاران، خاوەنداریەتی لە نەورۆز کرد؛ خاوەنداریەتییەک کە دەبوو زۆر زووتر بەم شێوەیە بیکردایە. لە ڕاستیدا هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد خاوەنی نەورۆز نییە و ئەمساڵیش بە کردار ئەو ڕاستییە مێژوویییە سەلمێنرا. لەبەر ئەو کاریگەرییە مەزنە، کۆمەڵێک ئێرانیگەرا ترسیان لێ نیشتووە. لە ئەنجامدا، ٨٠٠ بەناو "ڕۆشنبیری ئێرانی" بەیاننامەیەکیان لە دژی کورد واژۆ و بڵاو کردووەتەوە. بەیانامەکە دەخوازێت نەورۆزی درۆینەی فارسی / ئێرانی بسەپێنرێت بەسەر نەورۆزی کوردی و کوردستانیدا و ترس و نیگەرانیی خۆیان لە نەورۆزی کوردستانی دەخەنەڕوو. ڕاستییەکەی، کاتێک کورد نەورۆزی کردووە، هێشتا فارس ناوی لەناو تۆماری مێژوودا نەبووە؛ هەر بۆیە نەورۆزکەشمان بەتەواوەتی جیاوازە. نەورۆزی کوردستانیی ئەمساڵ و ئەو بەیاننامەیەی ئێرانگەراکان دەرخەری ئەوەن کە جەژنەکە چ چەکێکی سەردەمیی بەهێزی کورد و کوردستانە. لە ڕێگەی ئاگر و ئاهەنگێڕان و جلی کوردی و نەورۆزە، دەتوانرێت شۆڕشێکی سەردەمی بەرپا بکرێت. شۆڕشێک کە هەمووان تێیدا دڵخۆش دەبن، جگە لەوانەی کە خۆیان کردووەتە نەیاری کورد. بەو هیوایەی نەورۆزی داهاتوو مەزنتر لە ئەمساڵ بێت! 💎 @Perrenus

📝 ئێران وڵاتێکی دەستکردی فرەنیشتمانە و لە داهاتوودا شتێک بەو ناوە نامێنێت ✍ قەرەنی قادری ئێران، تەنیا وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەزمان و فرەکەلتوور نییە، بەڵکوو وڵاتێکی دەستکردی فرەنیشتمانیشە و هەر نەتەوەیەکیش، خاوەنی خاکی خۆیەتی. ناکرێت باس لە نەتەوە بکرێت، بەڵام ئاماژە بە خاکەکەی نەدرێت. لە باکووری وڵاتی دەستکردی ئێراندا ئازەربایجان هەیە، کە هاوسنووری بەشەکەی تری ئازەربایجان واتە کۆماری ئازەربایجانە. هەر لەو بەشەی ئێرانی سیاسیدا، تورکمەنسەحرا هەیە، ئەویش دراوسێی کۆماری تورکمەنستانە. لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەستکردەشدا بەلووچستان هەیە و بەشەکانی دیکەی بە پاکستان و ئەفغانستانەوە لکێندراون و هاوسنوورن. لە باشووریشیدا خوزستان هەیە کە زۆرینەیان عەرەبن و جیرانی عێراق و وڵاتە عەرەبییەکانە. هەر لەو بەشەی ئێرانی سیاسیی دەستکرددا، کوردستان هەیە و سێ بەشەکەی تریشی بە تورکیە، عێراق و سووریەوە لکێندراون و لەگەڵ یەکتردا هاوسنوورن. ڕێک لەبەر ئەوە، ئێران، وڵاتێکی دەستکردی زۆریش فرەنەتەوە، فرەزمان، فرەکەلتوور و فرەنیشتمانە. بەپێی ئەو پازڵ (ڕاستییە) بێت، شتێک بە ناوی ئێران لە داهاتوودا نامێنێتەوە. ناکرێت بە نەتەوەکانی کۆماری تورکەمەنستان یان کۆماری ئازەربایجان بوتریت نەتەوەی تورکەمەن و نەتەوەی ئازەری، بەڵام بە تورکەمەن و ئازەرییەکانی ئێران بگوتریت، "قەوم"!؟ یان لە پانتایییەکی بەرفراواندا بە ٨۵ میلیۆن مرۆڤ لە ئێران بوتریت قەوم، بۆ ئەوەی "ملت ایران" (نەتەوەی ئێران) کە هزری باپیری ڕەزا پەهلەوییە، بیسەپێنن! پرسی کورد لە ئێران تەنیا پرسێکی سیاسی – شوڤێنیستی نییە کە پەیوەندیی بە دەسەڵاتدارانەوە هەبێت، بەڵکوو پرسێکی ئاوز و هزرییە و بە ڕێگەی حوکمڕانە جۆراوجۆرەکانەوە (پاشایەتی و ئیسلامی) بۆ ناو جڤاکی ئێرانی شۆڕ بووەتەوە و تەنانەت کەسی ئاسایی، نووسەر یان نەخوێندەواریش لە ئێراندا کە "خۆی پێ ئێرانی بێت"، دژ بە پرسی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ترن، تەنانەت بۆیان "هەرس" (هضم) ناکرێت، کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێرانی سیاسیدا لەسەر بنەمای "ناچڕ" (Decentraliserat) دروست ببێت. ئەوان دژی هەر چەشنە تێڕوانینێکن کە باس لە فیدراڵیزم و شێوەکانی، هەروەها ئۆتۆنۆمی/ خودموختاری یان باس لە سیستەمێکی ناناوەندی بێت. ئێرانییەکان وا ڕاهاتوون، گۆش کراون و بووەتە پێناسەیان کە تەواوی دەسەڵات دەبێت لە کووچە و کۆڵانەکانی تاراندا چڕ ببێتەوە و لەوێوە ئێرانی دەستکردی ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆری، کە ڕەنگ و سنوورەکانی زۆر تۆخن و باس لە فرەیی دەکات، بە مستی ئاسنین بەڕێوەی بەرن. تەنانەت پرسی خوێندن بە زمانی دایکیش (یان زوانی نەتەوەییی نەتەوەکان) هەڕەشە بۆ سەر "یەکپارچەییی خاکی ئێران" دەزانن و لە "ئاسایشی نەتەوەییی تاراننشینـ"ـانەوە گرێی دەدەدن. با هەر خۆمـان مێژووی خۆمان بنووسینەوە! 💎 @Perrenus

📝 نووسین بە زمانی کوردی و چەند پەراوێزێکی نەخوازراو ✍ ئەنوەر عەباسی (هەرەس) کاتێک بە فارسی ئەنووسن، بە زاری پێوەری ئەکادیمیا و فەرهەنگسەرای فارسی ئەنووسن و بە موو لێی لانادەن و هیچ بە لایانەوە کێشە نییە کە ئەم زارە ستانداردە جگە لە کوردی و تورکی و عەرەبی، دەیان زاری تری فارسیشی فەوتاندووە هەتا بووە بە زاری پێوەر؛ ئەوەی بە لایانەوە گرنگە ئەوەیە کە پەیامەکەیان بگات و زمان تەنیا ئامرازە و ... کاتێکیش بە کوردی ئەنووسن، ئەبێ ئیلا بە زار و شێوەزار و بنزاری شار و ناوچەکەی خۆیان بنووسن و بوونی زاری ستاندارد نەک بە هەلی یەکگرتوویی، بەڵکوو بە مەترسیی سەر خۆیان ئەزانن. بێگومان نووسین بە زار و شێوەزارە جیاوازە کوردییەکان زۆریش باشە و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و من خۆیشم زۆر جار وشە و دەربڕینی باوی ناوچەی سەقز و شار و ناوچەکانی تر دێنمە نێو دەقی نووسینمەوە، پێم وایە ئەمە لە خزمەتی دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردیدایە؛ بەڵام ئەم دەبڵستانداردی و مان و مۆن و ڕقکردنە لەگەڵ زاری کوردیی ناوەندی، پێم وایە لە لایەکەوە تەنیا دژکردەیەکی ناوچەگەرانەیە و لە لایەکی ترەوە پاساوهێنانەوەیە بۆ فارسینووسین. ئەگەر کابرای فارسیش پێمان ئێژێت قەبیلە و هۆز و قەوم و ... پێمان ناخۆشە و بە زمانی فارسی مێژووی بۆ هەڵەدەینەوە هەتا بیسەلمێنین وا نییە و ئاوایە ... یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کاراکتەری نەریتی ئەوەیە کە کاتێک باسێکی لەگەڵ دەکەی کە بەدڵی نییە یان ڕەخنەیەکی لێ دەگریت کە پێی ڕازی نییە، بابەتەکان تاکەکەسی دەکاتەوە و بە هەڕەشە بۆ سەر شوناسی خۆی دەبینێت (چون پێی وایە بیروبۆچوونی ئەو شوناسی ئەوە و هەر کەس بۆچوونی ئەوی پێ هەڵە بێت، ئەوە شوناسی ئەوی ڕەت کردووەتەوە) و خێرا دەچێتەوە بەردرگای خۆی و دەیکات بە هاتوهاوار و ''ئای فریام کەون کوشتمیان'' و لای سەرووی بابەتەکە ئەگرێت و چوار قسە دەگشتێنێت و کۆمەڵێک شتی تریش دەخاتە سەر یەک و کۆمەڵێک قسەی نەکراو و تۆمەتی نەبێژراویش بە دەمی کابراوە دەنێت، خۆی ڕادەتەکێنێت و تەپوتۆزێک هەڵەستێنێت چاو چاو نەبینێت بەشکەم دوو کەسی لێ پەیدا بن و دڵی بدەنەوە و دوو پلار لە کابرای بەرانبەری بگرن و برینی ساڕێژ بکەن. دەی ئەم ساڕێژانە زۆر کورتماوەن ئازیز! لە کۆتاییدا کێشەکە هەر لە جێگەی خۆیەتی. ئازادی جادەیەکی یەکلایەنە نییە. واتە ئاوا نییە کە هەر تۆ ئازاد بیت هەرچی دەکەی بیکەی و دەڵەی بیڵێی، نا، خەڵکیش ئازادە هەرچی دەیهەوێت بیکا و بێژیتی. سنووری ئازادیی تاکەکەس تەنیا ئەوەندەیە کە ئازادیی دیتران سنووردار نەکاتەوە. بۆ وێنە بەڵێ تۆ ئازادی شێعری بێمانا بنووسی و کەس ئەم ئازادییە لە تۆ ناستێنێتەوە، بەڵام کەسێکی تریش ئازادە لەسەر بێمانابوونی شێعرەکەت قسە بکات. ئێمە لە پانتایییەکی کۆمەڵایەتیدا تەنیا قسە بۆ یەکتری ناکەین؛ٚ واتە بڕیار نییە ئەگەر من و تۆ لەسەر بابەتێک مشتومڕمان کرد لە کۆتاییدا بگەینە ئەنجامێکی دیارییکراو، نا. ئێمە مشتومڕ دەکەین بۆ ئەوەی ئاپۆڕای دەوروبەریش باسەکە ببینێت و ببیسێت و هەرکامەیان خۆی بڕیار بدات کام لایەنی پێ ڕاستە. بۆیە کەمترین کارێک کە دەتوانی بیکەی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئەخلاقی مشتومڕ بکەیت با داوەرییەکی دروستیشی لەسەر بکرێت؛ دەنا دەبێت بە خۆڵکردنە چاوی خەڵک و شانتاژ و چەواشە. هەرچەن لەوەشدا ئازادی کە چەواشە بکەی، بەڵام بەرانبەرەکەشت لەوەدا ئازادە کە چەواشەکەت لەقاو بدات. بەختەوەرانە هەموو ئەم بابەتانە پێشتر و لە هەزاران ساڵ لەمەوپێشەوە لە زاناییی مەنتقدا دیاری کراون و ناویان لەسەر دانراوە. بەکورتی ببڕمەوە: کاتێک لە سەدەی بیست و یەک لەنێو گەلێکدا هێشتا ئەم مشتومڕانە هەن، واتە ئەو گەلە مەگەر بە ئەمریکا و خودایانی هاوشێوەی ڕابگیرێت، دەنا سەداسەد ئەفەوتێت و تۆزیشی نامێنێت. وەهایش کە لە شێعرێکدا وتوومە: ئەمریکا دوورە دوور باوان! 💎 @Perrenus

📝 ناسیۆنالیستەکان بێدەنگ ناکرێن ✍ حیسام دەستپیش یەکەم کارێک کە نیشتمانپەروەرەکان لە کوردستان کردیان ئەوە بوو کە نەهێڵێن ناسیۆنالیستبوون بە جنێو لەقەڵەم بدرێت. لە ڕاستیدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی چەپی بوونەوە کە لە ڕێگەی بەربەستسازکردن بۆ دەربڕین بتوانن دووانەیەک لە کۆمەڵگەدا بچەسپێنن. دوانەی پێشکەوتوو و دواکەوتوو. ئێمە لە ژینگەیەکی لەم شێوەدا گەورە بووین و فێری سیاسەت بووین. ژینگەیەکی ساختە کە ئەگەر چەپ نەبی، دواکەتووی، ئەگەر چەپ نەبی، فاشیستی، ئەگەر چەپی نەبی، دژەژنی، ئەگەر چەپ نەبی، نەخوێنەواری، ئەگەر چەپ نەبی، کاپیتالیستێکی خاوەن کابارەی و هتد. لەم ژینگەدا کولتووری سیاسیی ئێمە بە ناو و ناتۆرە ئاوس کرا. بە شێوەیەک کە جیا لە داگیرکەر، سیستەمێکی خۆمالییش هەبووە کە ناسیۆنالیزمی کوردستانی وەک بڤە، داوێنپیس، دواکەوتوو، عەشیرەی، ئاغاوات، گەنکاو و ... وێنا دەکرد. بیرەوەرییەکانی ئەو ژینگەیە نیزامێکی هزری و سیاسییە کە هێشتا لە دەلاقەی دووانەی پێشکەوتوو و دواکەوتوو دەیهەوێت بەر بە زمان سیاسیی ناسیۆنالیستەکان بگرن. بەڵام لە ئەمڕۆی کوردستاندا شەپۆلی ناسیۆنالیستییە کە گەلی دەوێت نەک گەلان، نیشتمانی دەوێت نەک نیشتمانی جیهانی، یەکگرتنی کوردستانییانی دەوێت، نەک کرێکارانی جێهان و هتد. بەگشتی تێگەیشتن لە بیرەوەرییەکان گرنگن تاکوو بۆمان ڕوون ببێتەوە کە ئەقڵییەتێک ناسیۆنالیستەکانی بە سەربڕ لەقەڵەم دەدا و ئەقڵییەتێکیش وەک دەسدرێژیکەر ناوی دەهێنا. ئەم دوو مەکینە دژ بە یەکبوون، بەڵام لە بێدەنگکردن و پاکتاوکردنی ناسیۆنالیستەکان هاوپەیمان بوون. 💎 @Perrenus

📝 کێ لە سووریە سەرکەوتوو بوو، دەبێتە حاکمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەگەرەکان بۆ کوردستان ✍ مەیسەم مورادی ئیسرائیل لە سەرەتای گۆڕانکارییەکانەوە بە پلان و قۆناغ بە قۆناغ هاتە پێشەوە؛ خوێندنەوەی ئیسلامییە سیاسییەکان لەسەر ڕووداوەکان هیچی دروست دەرنەچوو، بەڵکو ئەوەی کە ئیسرائیل تاکوو ئێستە ویستوویە، بەوردی هەمووی پێکاوە. داڕمانی پەیکەرەی حەماس و حیزبوڵڵا، داڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و زیندووبەچاڵکردنی حوسییەکانی یەمەن، هەمووی بەو جۆرە چووە پێشەوە کە ئیسرائیل دەیویست. لە ئێستەدا و دوای نەمانی هەژموونیی (محور مقاومت)، ئیسرائیل بەفەرمی پلانی خۆی بۆ غەززە خستووەتە بەردەست؛ حەماس نابێت بە هیچ شێوەیەک لە غەززە بوونی بمێنێت. هاوکات کە ئیسرائیل خەریکی جێبەجێکردنی ئەم پلانە توکمەیە لە غەززە، لە سووریەش بە پلانێکی جیاوازتر خەریکی جێبەجێکردنی پلانەکانی خۆیەتی؛ لە سەرەتای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل ئەو ناوچە ستراتیژییانەی سووریەی بەدەستەوە گرت کە هەموو کات خەونی دەوڵەتانی ئیسرائیل بووە لەوێوە کۆنترۆڵی سووریە، لوبنان و تەنانەت عێراقیش بکەن. بەریەککەوتنی ئیسرائیل و تورکیە لە سووریە، شەڕی هەژموونیی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ کامیان سەرکەون، دەبن بە حاکمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. باڵانسی هێز، جوگرافیای مانۆڕدان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەوەمان پێ دەڵێت کە سەرکەوتن بۆ تورکیە ئاسان نییە، مەگەر ئەوەی کە تورکیە هاوکێشەکان بە جۆرێکی دیکە بگۆڕێت و بیهەوێت لە جیاتیی دۆڕاندن، درێژەپێدەری دۆخی ئێستە بێت ۆ ئەم هاوکێشەگۆڕینەی تورکیەش، بە دەستگرتنی ئێران دەتوانێت سەر بگرێت. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێتو کە خاڵی هاوبەشی ئێران و تورکیە بۆ دژایەتی، بێجگە لە کوردستان و کورد، ئیسرائیلیشە. ئەردۆغان لە ژیانی سیاسیی خۆیدا زۆر قوماری سیاسیی کردووە و تا ئاستێک بۆی چووەتە سەر؛ لە کڕینی سیستەمی بەرگری لە ڕووسیە کە ئەمریکا دژی بوو، تا پەلهاویشتنەکانی بۆ وڵاتان و تاکوو گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی تورکیە؛ ئەم جارەش ئەگەر ئەردۆغان بزانێت لە سووریە دەدۆڕێت، قومارێک دەکات بۆ ئەوەی کە ئەم دۆڕاندنە لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە بەش بکات و سەرکەوتن بۆ ئیسرائیل قورستر بکات. واتە ئەردۆغان پێی وا بێت ئەگەر بڕیار بێت بدۆڕێت، نابێت سەرکەوتنی ئیسرائیلیش ئاسان بێت، ئەم قومارەی تورکیە بەو جۆرە دەتوانێت بێت کە دەستی ئێران لە سووریە بکاتەوە. لەبیرتان نەچێت: لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هیچ دۆست و دوژمنێک تا سەر نییە، هاوکێشەکانە کە دۆست و دوژمنی کاتی دیاری دەکات، بۆیە ئەگەری هەموو سیناریۆیەک کراویە. تەنانەت جیا لەوەی کە تورکیە لەگەڵ ئێران هاوکاری بکات، کوردستانیش ئاگادار نەبێت، دەچێتە ناو گۆڕەپانێک یاری دەکات کە تورکیە داڕێژەرەکەیەتی. 💎 @Perrenus

📝 كاریزماكان ڕووگە نین و ڕێگەن ✍ ژیوار ڕەسووڵی ھەموو كتێبەكانی جیھان بخوێنیتەوە، ناتوانی ببیت بە كاریزما، ھیچ بڕوانامەیەكی زانكۆش، كاریزمای پێ دروست نابێت. ھەموو چەكوچۆڵی سەر ئەو گۆی زەوییە ناتوانێت تاقە یەک كاریزما بەرھەم بھێنێت. بە ھیچ پارە و پووڵێک كاریزمایەک نە دروست دەبێت و نە دەشكردرێت. كاریزماكان كار بە ھزریان دەكەن، نەک بە ھێزیان، ھەر بۆیە كاریزماكان دەرەنجامی ئازار و ئاواتی گرووپ یان نەتەوەیەكن. مێشكی كاریزماكان گرێدراوی دڵی خەڵكە، لە ھەستی خەڵكەكە تێ دەگەن، بەڵام نابنە دیلی ئەو ھەستە؛ جیاوازیی كاریزما و خەڵک ئەوەیە، كاریزما پێی وایە دڵ و ھەست تەنیا بۆ دڵداری و شێعر و خەیال نییە، بەڵكوو دووانەی گەیشتن بەوپەڕی شكۆمەندین، بۆیە كاریزما ھەردووكیان لە جەستە و تەنانەت لاپەڕە شێعرییەكان دەردەھێنێت و دەیانكاتە مانیفێستی ڕزگاری. بە وتەی ماكس وێبەر، كاریزماكان بەر لەوەی گۆڕانێكی ئۆبژەكتیڤ بكەن، بە كوردییەكەی بەر لەوەی كەسێک یان بەرپرسێک بگۆڕن، زەینییەت و تێڕوانینە باوەكان دەگۆڕن، یان بە دیوێكی دیكەدا بۆچوونە دینامیكە لەبیركراوەكان زیندوو دەكەنەوە. كاریزما لەوەش ناترسێت، ھەموو ئەوانەی كراون و ئەنجامی پێچەوانەیان ھەبووە، لە پڕێكدا فڕێ بدات. ھەر بۆیە كاریزمابوون ئەوەندەی عاقڵبوونە، ئەوەندە قارەمانبوون نییە. جیاوازیی ئەو عاقڵە لەگەڵ ئەوانی تر ئەوەیە كە كارسیرەر وتەنی: كاریزماكان بێ ئەوەی بزانن دەبنە ئوستوورە، بەڵام قارەمانەكانی دیكە لەوپەڕی گەشبینیدا دەبنە سەركردە. كاریزماكان پێشڕەو نین و ڕێبوارن. كاریزماكان ڕووگە نین و ڕێگەن. ئەوان ڕێرەوەكانیان ناترسێنن، دەیانبزوێنن. بەپێچەوانەی بۆچوونی باو، كاریزماكان ڕێبەرێكی سەرەتا كۆمەڵایەتین، چونكە ھێڵی گەیشتن بە سەركەوتن بە ھەناوی كۆمەڵگەدا دەكێشنەوە، ھێڵەكەش بە داروپەردووەكانی سەر ڕێگە درووست دەكات. ئامانجەكان كاریزماكان بە جیھانی دەكەن نەک ڕێگەكان، بۆیە ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان لە ڕێگەكانی دیكە ناچێت. ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان ڕێک ئەو ڕێگەیەیە كە پێشەوا دروستی كرد، مانای پێدا و لەپێناویدا گیانی بەخت کرد بۆ ئەوەی ھەرگیز كوێرە نەبێتەوە. پێشەوا ھەم كاریزماكەی وێبەرە و ھەمیش ئوستوورەكەی كارسیرەرە ... 💎 @Perrenus

📝 ئاخۆ وێنەی تیپیکاڵی «مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری» چلۆن بووە؟ ✍ د. ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و نووسەر و توێژەر   ئاخۆ "مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری"، خاوەنی چ جۆرە خوو و خدە و چ چەشنە ئاکارە و کردەوەیەک بووە و چ بیرۆکە و نەریت و کولتوورێکی لا پەسند بووە و چ تایبەتمەندیگەلێکی هەبووە کە مامۆستایەکی ئایینی - تەنانەت مامۆستایەکی زیندوو لە چاخی ئێستەدا - بە هەبوونی ئەو تایبەتمەندییانە لە وێنەی تیپیکاڵی ئەودا دەژمێردرێ؟ ١ـ مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری، خۆی قانع و هێدی و هێمن و هەژار بوو و خاوەنی ئەو خوو و خدە و تایبەتمەندییانەش بووە، هەر بەو هۆیەوە گشت "قانع و هێدی و هێمن و هەژار"ەکانی گەل ‌و هەموو هۆنەرانی نێودێر بەو ناسناوانەی لەڕادەبەدەر خۆش دەویست! ٢ـ مەلای ساڵی ساڵان، هاوکات نەتەوەییش بوو و ئایینییش بوو؛ هەردووک لایەنی دینی و نەتەوەیی پاراستبوو و تەرازوو و پێوەر و پێوانەکەی بە هیچ‌ لایەکدا لاسەنگ نەبوو! ٣ـ مەلای ساڵی ساڵان، بۆ نان و نێو و ئیزم و ڕەسم و هیچ پاساو و بیانوویەکی تر (عَضُدُالدَّولَه) = (دەسەڵات‌خواز) نەدەبوو؛ گەر (وَجیەُالمِلَّە) = (خەڵک‌خواز)یش بایە، بەهۆی گەلویستی و نەتەوەدۆستی بوو، نەک ئەوەی کە لە سۆنگەی کردەیەکی بەرژەوەندیخوازانە و پۆپۆلیستییەوە، (وَجیەُالمِّلَە)بوونەکەی بکاتە دووکان و بازار و کەرەستەی بەڕێچوون و سێنەرکۆکردنەوە. ڔوون و ئاشکرایە "لە دڵی خەڵکدابوون"، لە درێژاییی مێژوودا دەردەکەوێت و بە کردەوەی هەلپەرستانە و بە هەلقۆستنەوە بۆ (ارتزاق) لە دین و لە گەل، مەیسەر نابێت؛ بەڵکوو پتر و پێشووتر لە هەموو شتێک "ئیخلاس"ی گەرەکە! ٤ـ مەلای ساڵی ساڵان، (مُذَبذَب)، واتە ”وازوازی“ نەبوو و هەر ڕۆژەی لەسەر ئایینێک و مەرامێک و هەڵوێستێک نەبوو بۆ بەرژەوەندیی تاقی یان تاقمی یان ئۆپۆرتیۆنیستی و هەلپەرستانەی خۆی؛ بەڵکوو قایم و پتوون و ڕاوەستاو و خۆڕاگر بوو لەسەر بنەمایەک و هەڵوێستێک و ئایینێک و مەرامێک! ۵ـ مەلای ساڵی ساڵان، تاقمچێتی و خۆمانخۆمانەی نەدەکرد و تەنیا  بەرژەوەندیی ئایین و گەل و نیشتمان و ڕاستەقینەی مەبەست بوو، نەک بەرژەوەندیی تاقمچییانە و مەرامییانە و کاسبکارانە! ۶ـ مەلای ساڵی ساڵان، کتێبی زۆر خۆش دەویست و بەتایبەتی تامەزرۆی زانین و زانیاری و موتاڵا و خوێندنەوە بوو و بۆ زانیاریکۆکردنەوە و موتاڵای بەردەوام و تێگەیشتن و پێگەیشتنی پتر، کۆڕی پرسیار و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی زانستیی پێک دەهێنا! ٧ـ مەلای ساڵی ساڵان، کوردیزان و کوردیخوێن و کوردینووس بوو و بە  هەست و سۆزەوە هونراوەی تەرز و بەرزی شاعیرانی بەرەی پێشووتری ”مەلای ساڵی ساڵانی“ دەخوێندەوە و وتاردان و خوتبە و خیتابەکەشی پێ دەڕازاندەوە! ٨ـ مەلای ساڵی ساڵان، باوەڕی بە فرەتوێژیی کۆمەڵایەتی و ئایینی هەبوو و ڕوانگەیەکی تەواو مرۆڤدۆستانەی هەبوو و ڕێزی بۆ کافر و جوو و فەلەش دادەنا؛ هەر وەک لە ژیاننامەی عەللامە مەلا عەلی قزڵجیدا، زۆربەمان خوێندوومانەتەوە کە چلۆن پێشەوای ئایینیی جوولەکانی لە سەرووی خۆی داناوە! ٩ـ مەلای ساڵی ساڵان، زۆر بەقنیات و  بەرزەدەماغ (عزیزالنفس) و دڵئاوا (کریم‌الطبع) و نەفسبەرز و ڕەوشتبەرز و بەڕەگ و دەمار و خاوەن‌ شکۆی ئایینی و ئەخلاقی بوو! ١٠ـ مەلای ساڵی ساڵان، خاوەنی چێشکەیەکی جوانیپەرستانە و جوانیناسانە بوو و هەموو دیاردەیەکی جوانی پێ جوان بوو، بە بەڵگەی: ”اللە جمیل و یحب الجمال“. چۆن چێشکەی هەستیاری چەواشە نەببوو و وتێک‌ نەچووبوو، هەوڵی خەتخۆشبوونی دەدا، دەنگی خۆشی پێ خۆش بوو و شێعری پاراو و تەڕی کوردیی پێ جوان بوو و بیرگەی لێوانلێو بوو لە لیزگە شێعری تەڕ و پاراوی کوردی؛ پەخشانی ڕازاوەی کوردیی پێ موتورفەیەکی باییدار بوو و لە خوێندنەوەی تێر نەدەبوو و کۆمەڵی هان دەدا بۆ چێژوەرگرتن لەو جوانییە خوداکردانە! ١١ـ مەلای ساڵی ساڵان، ”مەلایەتی“ وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شوناسخوازانە و ڕووناکبیرانە سەیر دەکرد و وەک هەل و دەرفەتێکی باییدار بۆ پێشخستنی باری ئەخلاق و ئایین و شوناس و هەروەها سەربەخۆییی بیروبڕیار دەیقۆستەوە! ١٢ـ مەلای ساڵی ساڵان،”مەلایەتی“، وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و سەربەست سەیر دەکرد، نەک وەک پاشکۆی ڕێکخراوە و تاقمچیەتی و مەرامچیەتی و هەڵپەهەڵپی بەرژەوەندخوازانە. مەلای ساڵی ساڵان هەرچەند لەڕادەبەدەر دەستکورت بوو، بەهۆی ئەو مەعریفەیەوە هیچ کات وەک کەرەستە و ئامرازی بەڕێوەچوون و پیشە سەیری مەلایەتی نەدەکرد، بەڵکوو ئەوەی بۆ ئەو سەرەتی هەبوو بەرپرسیاریەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئەخلاقی و ڕاپەڕاندنی بەبێمشە و خۆڕاییی تێکڕای ئەم ئیش و چالاکییانە بوو وا پێوەندی بەو بەرپرسیاریەتییە فرەلایەنەوە هەیە! بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم وتارە بەپێزە، لێرە کرتە بکەن. 💎 @Perrenus

📝 زمانی کوردی و وشەی تازەی بیانی ✍ د. بەختیار سەجادی ئەم بابەتە بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دواییی مەسعوود محەممەد، زانا و بلیمەتی کوردستانەوە نووسراوە. ئەگەر نیوکاتژمێر بەناو بەشێکی زۆری ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنە کوردییەکاندا بگەڕێین‌، کۆمەڵێکی زۆری وشە و دەستەواژەی تازەی بیانیمان بەر گوێ و چاو دەکەوێت. ئەو وشە و دەستەواژانە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە و بە واتایەکی تر، "بەرهەم ئەهێنرێنەوە". ئەمەش دەوری سەرەکیی هەیە لە مسۆگەربوونیان لە زمان و نەستی کوردیدا. ئەم جۆرە ڕەگداکوتاندنە لە ناهۆشیاری و لە ڕەوتێکی درێژخایەندا وا کار لە ئاخێوەری کورد دەکات کە لە ئەنجامدا دەبێتە بەشێکی پێکهێنەری ناسنامەی. وێڕای ئەمەش، زۆرینەی خەڵکی کوردئاخێوەر لەو پەیڤ و وشانە ناگەن و بەکارهێنانیان لە لایەکەوە دابڕانی نێوان نەوەکان زیاتر دەکات و لە لایەکی تریشەوە، کوردی پارچە لێکدابڕاوەکانی کوردستان زیاتر لە یەک دوور دەکاتەوە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە زۆربەی ئەو وشە و کۆوشە بیانییانەی ئەوڕۆکە بە شێوەیەکی فرەپات بەکار ئەهێنرێن، خاوەنی هاوواتان لە کوردیدا. من لایەنگری پەتیگەریی تۆخ نیم؛ بەکارهێنانی وشەی بیانییش لە هەموو زمانەکاندا ئاسایییە، بەڵام نەک لەو ئاستەدا و بەو زەقییەی ئێستە هەمووان هەستی پێ دەکەن. شارەزایانی زمان و فەرهەنگ لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات چەندین جار ئاماژەیان بۆ ئەم بابەتە کردووە، بەڵام مخابن دەستگە و ڕایەڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردی، بە هەرسێ بەشی بینراو و بیستراو و خوێندراوەوە، بایەخ بەم پرسە هەستیارە نادەن کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕەوتی پێکهینان و مسۆگەربوونی ناسنامەوە هەیە. بۆیەش لەم ڕووەوە پێویستیان بە پێداچوونەوەی ورد هەیە. گەر وا بڕوات - واتە، گەر ئەم بابەتە بە جیددی وەرنەگیردرێت و سووژەی کورد، چ وەک تاکی ئاسایی یان وەک بەڕێوەبەری ناوەندێکی پەروەردەیی، ئەکادیمیک و ڕاگەیاندن، بە پارێزەوە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارەدا مامەڵە نەکات و ڕەچاوی ڕێنمایییە زانستی و ڕووناکبیرییەکان نەکات - کارەساتی گەورە لە قۆناغی دادێدا ڕوو دەدات. واتە، سڕینەوەی سووژەی کورد لە بەستێنی مێژووییی خۆی و لە ناسنامەی کوردیی خۆی، چ وەک تاک و چ وەک گرووپی ئەتنیک و چ وەک نەتەوە. هەندێک لەو وشە و کۆوشانەی هەموومان ئێستە لە ڕاگەیاندن و لە ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمیکەکاندا بەرەوڕوویان بووینەتەوە و بۆ ئێمەمانان بە زەقی دەردەکەون و بۆ منداڵان بە ئاسایی، بریتین لە: فیچەر، ئینتێرتەینمێنت، مەگەزین، ستایل، دۆکیۆمێنتەری، داونتاون، کیدز هەپی زۆن، تاوەر، ستی تاورز، بزنس سەنتەر، لیریکس، کوالیتە، ستار سۆلەر، مەڵتیمیدیا، گرەند مۆڵ، چانس، مەیکەب ‌ئارتیست، ڕۆیال هاسپیتاڵ، پرۆداکشن، پرۆدیوسەر، ئەپڵیکەیشن، مۆندیال تایم، باڵانس، شۆمەن، کامیرامەن، سپیشەڵ ڕیپۆرت، میدیا نێتوۆرک، دیزاینەر، تۆپ، مارکێت، ئۆفیس، سەیلز‌ مەنەیجر، سابسکرایب، ڕێکلام، پەکیج، بزنس کلاس، سایت، ئەپ، پرێس کۆنفرانس، ستاف، کولتوور، بی توێڵڤ، سۆسیال میدیا، ئەندرپاس، ئۆڤرپاس، دراما، لینک، ئۆرگان، فەیس، ئایدیا، فۆندەیشن، پۆینت، های، دیتەیڵ، ئۆڤێرئۆڵ، کۆنسێپ، پێرفێکت، فیلەر، براڤۆ، ئێکسێسوار، ستایلیست، پاوێر، پانۆراما، سترێس، وۆرکشۆپ، ئەتێند، نەوتینگ، کینەوت، پانێل، پرۆسیدینگ، پیێر ڕیڤیو، داتاشۆ، جۆین، لیڤ، پابڵیش، پەیپێر، ئارتیکڵ، فاکتێر، ڕیسێرچ، ئیمپەکت فەکتێر، پلەیجێریزم، لیترێچر ڕیڤیو، ئەبسترەکت، ئیندێکس، سابمیشن، ڕیجێکت، ئەی‌ئای، یووئێن، بیزنس، ستۆپ! با ساڵیادی دواکۆچی بیرمەند و زمانزانی گەورە، مەسعوود محەممەد، بکەینە بۆنەیەک بۆ دوورەپەرێزی لە بەکارهێنانی بەلێشاوی وشەی بیانی. 💎 @Perrenus

📝 کوردایەتیی ژیاری: ڕەچەڵەکناسیی نەتەوەخوازیی کوردستانی ✍ شاهۆ حوسێنی دەستپێک چەمکی نەتەوەییبوون و شوناسی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی ناڤین سووژەیەکی ئاڵۆزە کە لەژێر کارتێکەریی مێژوویەکی دوورودرێژی داگیرکاری، ئیمپراتۆری و سەپاندنی زۆرەملێی دیاردە کولتووری و ئیتنیکێکاندایە. دەشێ بوترێت کە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەردەوام هێرشکاریی فارس و عەرەب و تورکی بە خۆیەوە دیوە. یەکیان لە باشووری ئێرانی ئەمڕۆ (وڵاتی ئەنشان) دەرکەوتووە و بە هێرشکاری و هێزی سەربازی پەرەی بە دەسەڵاتی خۆی داوە و هێژمۆنیی خۆی سەپاندووە؛ ئەوی‌ تر لە عەرەبستانەوە بە هۆکاری ئایینی و بەمەبەستی پەرەی ئیسلام بڵاو بووەتەوە هێژمۆنیی خۆی سەپاندووە و تورکیش لە مەغولستانەوە هێرشی هێناوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دەسەڵات و پاوانخوازیی خۆی سەپاندووە. واتە بەکورتی دەشێ بوترێت کە هەرسێ نەتەوەی باڵادەستی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکەوتەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و مێژوویەکی دوورودرێژی داگیرکارین. ئەم دەرکەوتانە بەبەردەوامی سنوورەکانی شوناسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕیوە و ئەم ئاڵوگۆڕانەش هیچ‌ کاتێک لەگەڵ ڕاستەقینەکانی کولتوور، شوناسی ئیتنیکی و میژووی نەتەوەکانی ژێردەسەڵاتی ئەم سێ دەسەڵاتە هێژمۆنسەپێنە کۆک نەبووە و بەزۆر بەسەریاندا سەپاوە. هەر بۆیەش نەتەوەخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەردەوام ئاوێتەی کێشە و قەیران بووە، چونکە بەرهەمی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم بووە.   نەتەوەخوازیی کوردستانی لە بەرانبەر ئەم دیاردە هێژمۆنخوازانەی فارس، عەرەب و تورک کە خاوەن توخمەکانی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمە، نەتەوەخوازیی کوردستانی دەرکەوتووە کە خاوەن توخمی مەدەنی، ژیاری و مۆدێڕنە. نەتەوەخوازیی کوردستانی، بەمەبەستی دەرخستنی سووژەیەکی کوردستانی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی حاکم و داسەپاو و بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی شوناسی کۆلۆنیالیستانەی دەسەڵاتی حاکم بەسەر کۆمەڵگەدا، لە هەناوی ناوەندە ڕووناکبیرییەکانی وەک کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان، ڕۆژنامەکان، زانکۆکان و ناوەندە کولتوورییەکان دەرکەوتووە و لە ڕێی زەقکردنەوەی شارستانیەتی کوردایەتی و کوردبوون، بانتر و بەربڵاوتر لە ویستی حکوومەتێکی کوردی و دەسەڵاتێکی کوردی دەرکەوتووە. لە ڕاستیدا نەتەوەخوازیی کوردستانی، نەتەوەخوازیی ژیارییە؛ ئەم چەمکە لەخۆگری جیهانێکی زەینیی بەربڵاو و بانتر له دەسەڵاتخوازییە کە لەسەر بنەمای بەها، دیاردەی کولتووریی شارستانیی هاوبەشی سووژەی کوردستانی دامەزراوە. هەروەها ئامانج و مەبەستی ئەم فۆرم لە نەتەوەخوازییە بنیاتنانی شوناسێکی نەتەوەیی لەسەر بناغە و بنەمای بەها مێژوویی، کولتووری و مەعریفییەکانە؛ واتە سنوورەکانی ئەم فۆرمە نەتەوەخوازییە سەرەتا لە زەین و ئەندێشەدا دەردەکەوێت و سووژەیەک بنیات دەنێت کە لە جیهانێکی زەینیی جیاواز لە جیهانی زەینیی داسەپاوی فارس، عەرەب و تورکدا سەیری خۆی وەک فۆرمی بوون دەکات و پێناسەی خۆی و ئەوی‌ تری ناکورد بەرهەم دەهێنێت. گرنگترین دیاردەی نەتەوەیخوازیی کوردستانی، دژەکۆلۆنیالیستبوونە و ئەمەش تەنیا بەو مانایە نییە کە دژەکۆلۆنیالیزمە لە دەرەوە، واتە ڕەوتی کۆلۆنیالیزمی فارسی، عەرەبی و تورکی قەبووڵ ناکات؛ دژەکۆلۆنیالیزمە لە ژوورەوەشدایە، واتە هەوڵی کۆلۆنیکردنی هیچ نەتەوە و بوونێکی‌ تر نادات، سووژەی‌ تر لە دەرەوەی سوژەی کوردی بە ڕەوا دەزانێت و بەفەرمیی دەناسێت. هەر لەم پەیوەندییەدا دوو تایبەتمەندیی نەتەوەخوازیی شارستانیی کوردستانی دەخەینە بەرباس. دژایەتیی کۆلۆنیالیزمی دەرەوە بەربەرەکانێی کورد بەدرێژاییی مێژوو لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، هۆکارێکی گرنگە کە بزاڤە نەتەوەخوازییە کوردستانییەکان لە سەدەکانی ١٩ تا ٢١ بکاتە دژەکۆلۆنیالیزم، کوردستان لە سەردەمی نوێدا بەبەردەوامی لە قەیرانی شوناس و بەتایبەتی شوناسی نەتەوەییدا بووە و کورد بەردەوام لە خەبات و بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا بووە کە هەوڵیان داوە شوناسێکی ناکوردستانییانە بەسەریدا بسەپێنن، هەروەها بەبەردەوامی لە شەڕی دژی فارس و عەرەب و تورکدا بووە بەهۆی تایبەتمەندیی کۆلۆنیالیستیی ئەم سێ نەتەوە باڵادەستە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین. دژەکۆلۆنیالیزمبوون لە دەرووندا نەتەوەخوازیی کوردستانی، هیچ‌ کاتێک دەستی بۆ بەرهەمهێنانی شوناس بۆ نەتەوەکانی‌ تر نەبردووە بەمەبەستی کۆلۆنیکردنیان و سەپاندنی شوناسێکی دەستکرد بەسەریاندا لە خزمەت هێژمۆنیی خۆی. واتە کورد هیچ‌ کاتێک مەیلی بە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەتەوەکانی‌ تر و سوڵتەخواز نەبووە. لە هەر شوێنێکی کوردستان دەسەڵاتێکی هەرچەند دیفاکتۆش هەبووبێت، نەتەوەکانی‌ تری ناو بازنەی ئەو دەسەڵاتە لەوپەڕی ئازادیدا ژیاون. هەر بۆیەش نەتەوەخوازیی کوردستانی، مەدەنی، شارستانی و مۆدیڕنە، چونکە مەبەستی سەپاندنی خۆی بەسەر ئەوانی‌ تردا نییە؛ بوونی خۆی لە نەبوونی‌ ئەوانی‌ تردا نابینێت و لە فەلسەفە و گەوهەردا دژەکۆلۆنیالیزمە. 💎 @Perrenus

📝 ناسنامەی نەتەوەیی و دابەشبوونی کوردستان ✍ شارام قادر ناسنامە ڕاستەقینە و ڕاستیی بوونی مرۆڤ لەو دنیایە نیشان دەدات. سەرزەوین و نیشتمان و خاکێک هەیە بە ناوى کوردستان کە جوگرافیایەکى دیاریکراوەی هەیە و نەتەوەی من (نەتەوەی کورد) و هاوپێکهاتەکانى دیکە لەگەڵ کورد تێیدا ژیاون و ئەژین. ئێمە پێگەیشتنی مرۆڤایەتیمان مۆرکى ئەم ناوچەیەى پێوەیە لە زمان و جلوبەرگ و شێوەى کار و جۆرى داهێنانەکانى هونەریمان، لە هونەریشدا مۆسیقا و تەلار و هتد ... هەرچەند لە سەردەگەلێک و لە بارودۆخگەلێکى دژوار و نامرۆڤانەدا کوردستان دابەش کراوە بە چوار بەش و لەلایەن چوار داگیرکەرەوە دەستی بەسەردا گیراوە؛ جارى یەکەم بە دوو کەرت و دواتر بوو بە چوار. ئەو چوار پارچەیە ئێستە سەد ساڵى بەسەردا تێپەڕ بووە (دوو پارچەیییەکە زیاتر لە پێنج سەد ساڵە). خۆ لە بنەڕەتدا ئێمە بە چوار نەتەوە نەخەمڵاوین، یەک نەتەوە بووین و هەنووکەش هەر یەک نەتەوەین، بەڵام کاتێک کە کۆمەڵگەکان یان نەتەوەکان زۆر بەدژواری گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەوەی ساڵیانى بەسەردا تێپەڕ دەبێت، کارى خۆى لەسەر ژیانى ئەو نەتەوانە دەکات و کاریگەر دەبێت. بۆیە ئێستە کە قسە دەکەین، لە شێوەزاری یەکدی ئەزانین کە کێ خەڵکی کام پارچەی کوردستانە، ئەوە دەراویشتەی ئەم دابەشکرانەیە. ئەوی دیکەیان هەر دەوڵەتە بۆ خۆى لەو چوار وڵاتەى کە کوردستانى بەرکەوتبوو  هەوڵى تواندنەوەى نەتەوەی کوردى داوە لە ڕێگەی گۆڕینی زمان، کولتوور و بە گۆڕانکارىی ئابووری و لایەنی شارستانی و ... بۆ ئەوەى تێکەڵی نەتەوەی سەردەست، واتە خۆیان بکەن. گەرچی ئەو پرۆسەیەش (پرۆسەى شێواندن) بە زمان و کولتوور و شێوەى کارکردنى کوردانى هەر چوار پارچەوە دیارە. ئەمە پێی دەوترێت ئەو لەتمە یان زیانەی کە لە پرۆسەى پێگەیشتنی نائاساییدا بەر ژیانى نەتەوەی کورد کەوتووە؛ وەک ئەوەیە کە مرۆڤێکی تەندروست لە ڕووداوێکدا قاچى لەدەست داوە و دوایی بە شەلى دەڕوات بەڵام هەر مرۆڤە و هەمان ئێش و ئازار بۆ گەیشتن بە پلەیەکى باشی ژیان هەڵدەگرێت، کەچی بارى گرانتر بووە و قاچێکیشی نەماوە. ئەم دابەشبوونەی کوردستان دەکرێت بە جۆرێک ئەوەهاى بشوبهێنین کە ئێش و ئازارى بۆ کورد زۆر کردووە، بەڵام بەشێک نییە لە پێناسەی پێکهاتە و ناوەڕۆکى بوونى نەتەوەی کورد. 💎 @Perrenus

📝 قازی محەممەد سەرکردەیەکی درەوشاوەی کوردستان ✍ دیاکۆ هاشمی ئەم چەند دێڕە بەبۆنەی١٠ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، لەسەر کەسایەتیی قازیی نەمر نووسراوە. لە دڵی مێژووی کوردستاندا کەسایەتییەکی نەمر دەژی، کەسێک کە بووەتە سیمبولی هیوا و یەکڕیزی، قازی محەممەد. پێشەوا قازی بە باوەڕە چەسپاوەکەی بە دادپەروەری و خۆشەویستیی نەگۆڕ بۆ نەتەوەکەی، لە سەردەمی تاقیکاری و خەباتدا، کوردی سەرکردایەتی کرد، بوو بە سەرکردەیەکی ئەفسانەیی کە ناوی بە زێڕ لە داستانی کوردستاندا نووسراوە. قازی محەممەد، چرایەکی ئازایەتی و هیوا، دژی ستەمکاری و دیکتاتۆری وەستا، دەنگێک بوو بۆ بێدەنگەکان. سووربوونی بەردەوامی بۆ ڕزگاری، ئازادی و کەرامەت بۆ کورد، بوێریی ئەوەی پێ بەخشی کە دژی ملهوڕان بوەستێتەوە و بە شانازی و کەرامەتەوە بۆ مافی کوردستان خەبات بکات. قازی محەممەد تەنیا سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، ڕاهێنەرێکی ئیلهامبەخش و هێمای گۆڕانکاری بوو؛ بە شێوازێکی بێوێنە، کوردی فێر کرد نەک تەنیا خەون بە داهاتوویەکی باشترەوە ببینێت، بەڵکوو ورەی پێ دان تاکوو بەپشووەوە کار بکەن بۆ بەدیهێنانی خەونە مەزنەکەیان. ڕوانگەی قازی، خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری، بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو و ئاوەدان لە دڵی هەموو کوردێکدا دەژی. هەرچەند قازی محەممەد لە ڕووی جەستەیییەوە لەگەڵمان نەماوە، بەڵام بیرەکەی لە دڵ و مێشکماندا دەژی؛ وەک سەرچاوەی ئیلهام و پاڵنەرێک دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵ دەدەن جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر و کوردستان بکەنە بەهەشتێکی ڕازاوە. قازی، سەرکردەیەکی درەوشاوە و هێمایەکی هەتاهەتاییی خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستانە. لە گشتی گرنگتر، پێشەوا قازی محەممەد فێرمانی کرد کە پەت و سێدارە بەهێزتر و یەکگرتووترمان دەکات. 💎 @Perrenus

📝 ئازەربایجان لە وڵاتی کوردەوە بۆ وڵاتێکی نامۆ بە کورد ✍ سۆران حەمەڕەش چەند ڕۆژێکە بابەتی ئورمیە بابەتێکی گەرمە و تورکەکان وەک هەمیشە، کورد بە میوان دادەنێن. بەڵام بەپێی سەرچاوەکان ئازەربایجان پێش ئەوەی کە ناوی ئازەربایجان بێت، بە وڵاتی مانایییەکان دەناسرا. دوو هەزار و نۆ سەد (٢٩٠٠) ساڵ لەمەوبەر، پاشایەکی مانایییەکان ناوی ئازا بووە و دەسەڵاتدارێکیان ناوی بەگداتی (بەگزادە) و شوێنێکیان ناوی (شوانەدۆڵ) بووە. بە کوردییەکەی مێژووی دێرینی ئازەربایجان مێژوویەکی کوردییە. بەڵام لەسەدا نەوەد و نۆی (٩٩٪) ئێمە، ئاشنای ئەو ڕاستییە نین و نە خۆمان و نە نەتەوە نەیارەکانمان بەو ڕاستییە ئاشنا نەکردووە؛ لەبەر ئەوە تورکێک کە یەکەم جار وەک شەڕکەری بەکرێگیراو میرە کوردەکان نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئازەربایجان بەکاریان هێناون، ئەمڕۆ کورد لە ئورمیەدا بە میوان دەبینن. نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر کورد لە باکۆی پایتەختی دەوڵەتی ئازەربایجاندا شەڕی لەگەڵ ڕووسەکان کردووە. تۆماری ئەفسانەییی شەڕی کورد لەگەڵ ڕووس لە ئەبخاز هەیە کە ئەمڕۆ دەکەوێتە سنووری نێوان جۆرجیا و ڕووسیە. شاری دەربەند (دەربەنت) کە ئەمڕۆ بەشێکە لە ڕووسیە، لەلایەن مەسعوودییەوە بە شوێنی کوردنشین دانراوە. ئەمڕۆ منداڵی کورد لە خوێندگەکانی بەشەکانی کوردستان، چیرۆکی داگیرکەر دەخوێنن کە داڕێژراوە بۆ بەردەوامیدان بە ژێردەستەییی کورد. لە باشووریش مێژووەکە زۆر جیاواز نییە. تاکوو ئەمڕۆ مێژووی ئازەربایجان وەک بەشێک لە مێژووی کورد نەخوێنراوە و لەم هەلومەرجە وێرانەی باشوردا کە کچە مۆدێڵی پلاستیکی کراون بە نموونەی باڵای کۆمەڵگەکە، کەس لەوە ناچێت بۆی گرنگ بێت کە منداڵ و گەورەمان ئاگامان لەو ڕاستییە بێت. هەموو جارێک دەیڵێم کە ڕەشبین نیم و گەشبینم، بەڵام گەر ڕووداوەکان بەو جۆرە بڕوات، تورکەکان نەک ئورمیە و تەورێز، بەڵکوو مەهاباد و بۆکانیش بە خاکی تورک دادەنێن و هەوڵی داگیرکردنی دەدەن. بەشێکی گرنگی هەڵسوکەوتی تورکەکانی ئازەربایجان لە ئورمیە و خاوەندارەتییان لە شارەکە، لەبەر هۆکاری نائاگاییی ئێمە و ئەوانە لە ڕاستیی مێژووی خاوەندارەیەتیی ئێمە بۆ ئازەربایجان. لە بەرنامەیەکدا دێرۆکی ئەو مێژووە لە سەرەتای دروستبوونییەوە هەتا سەدەی بیستەم خراوەتە ڕوو. بۆ بینینی هەموو بەرنامەکە، لێرە کرتە بکەن. 💎 @Perrenus