Perrenûs
Open in Telegram
پەڕەنووس: مەکۆی نیشتمانپەروەران ـ سەکۆیەک بۆ خزمەتکردنی کوردستان و کورد ـ لاپەڕەیەک بۆ گەیاندنی زانیاری و پەرەپێدان بە هۆشیاریی تاکی کوردستانی. بۆ پەیوەندی: @Kar1kurdistani
Show more1 052
Subscribers
No data24 hours
-67 days
-2130 days
Posts Archive
1 052
📝 خەڵاتی قەڵەمی هەژار و چەند وتەیەک
✍ کامیل شەریفپوور
پێم خۆش بوو بچم بە دەم ئەو بیرە مووقڵیشێن و ئەندێشە چڕەوە کە هەندێک لە خوێندەوارانی کورد وەک حیسام (هیوا) خاکپوور ورووژاندوویانە، کە ئەویش بریتییە لە شیکردنەوەی دووفاقەییی کەسایەتیی مرۆڤی کوردستانی بەگشتی و دەستەبژێرەکانی بەتایبەت و ئەو هەڵسوکەوتە ناهاوسەنگ و لەتکەرانەی سیستەمی زاڵ دەیکات لەگەڵ مرۆڤی کوردستانی، کە بە جۆرێک دەکرێت وەکوو ئەمرێکی پارادۆکسیکاڵ چاوی لێ بکرێت، کە لە یەک کاتدا هەم لە باوەشی دەگرێت و هەم دەیبرووزقێنێت و دەیتارێنێت.
ئەمە تایبەتمەندیی جۆری ناسیۆنالیستی زاڵی لەخۆگرە، واتە لەخۆگرتنی تارێنەرانە (دوکتۆر فاتیح سەعیدی) (exclusionary Embracing). هەرچەند بەشێک لە ناسیۆنالیستە زاڵەکان تارێنەرن، بەڵام ئەم جۆرەیان، لە جێی تاراندن، لەخۆگری نەوازشگەری داشکێنەرانەیە کە سیستەم لە ڕێگەی کوردی ناسیاسییەوە دەیکات.
مرۆڤ کە لە دوو ڕەهەندی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی پێک هاتووە، جاری وایە کێشەکە هەردوو ڕەهەندەکە دەگرێتەوە و لەژێر گوشاردایە و جاری وایشە هەر کێشەی ڕەهەندێکی هەیە کە ئەویش ڕەهەندی تاکەکەسی یان کۆمەڵایەتییە. بێگومان ڕەهەندی تاکەکەسی گرێدراوی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی (سیاسی) و لە دەرەوەی بازنەی سیاسی، تاک ناتوانێت وەکوو کەسێکی تەواو هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆیدا بکات. هەر وەک ئەرەستو دەڵێت: مرۆڤ لەنێو کومەڵگەدا مرۆڤە و لە دەرەوەی کۆمەڵگە ناتوانێت مرۆڤبوونی خۆی بپارێزێت؛ مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە.
هەرچەند زێدەڕۆیی و کەمڕۆیی لە هەردوو ڕەهەندەکەدا نەشیاوە، بەڵام ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، بەستێنێکە کە مرۆڤ ناتوانێت خۆی لێ ببوێرێت. دیارە لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیشدا، لایەنی سیاسی زۆر پڕڕەنگە، چونکە ئەو لایەنانەی دیکەیش لەژێر کاریگەریی ئەم لایەنەدان. ئەم بابەتە لە دوو جەمسەری مرۆڤی و نەتەوەیییەوە جێی شیکردنەوەیە، کە دەبێت جارێک وەکوو مرۆڤ بە شێوەی ڕەها خوێندنەوەی بۆ بکرێت و جارێک لە ڕووی نەتەوەیییەوە. کە هەر کامێکیان تایبەتمەندی و پێداویستیی خۆیان هەیە.
هەرچەند مرۆڤ وەکوو مرۆڤ، دەکرێت هەر بیر لە لایەنی تاکەکەسی بکاتەوە، یان ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، بێ ئەوەی لایەنی سیاسی بۆی گرینگ بێت، کە ئەگەر بیرتیژ بێت ناتوانێت خۆی لە لایەنی سیاسی ببوێرێت، چونکە هەموو بوارەکانی ژیانی بەستراوەتەوە بەم بابەتە و بەردوەام کاریگەرییان لەسەر دادەنێت، بەڵام مرۆڤ وەکوو نەتەوە، ناکرێت خۆی لە ئەندێشەی سیاسی و پراکتیکی سیاسی ببوێرێت. بە واتایەکی دیکە ئەمری سیاسی، بۆ نەتەوە وەکوو هەواو و ئاو وایە کە ناتوانێت بەبێ ئەوە بژی. یانی ئەمری سیاسی، وەکوو پرسێکی ئونتۆلۆژی وایە، کە لە دەروەی بازنەی ئەندێشەی سیاسی و کردەوەی سیاسی، بوونێک بۆ نەتەوە بەدی ناکرێت و لە پانتایییی سیاسەتدایە کە فاکتەکانی پێکهاتەی نەتەوە وەکوو خاک و مێژو و زمان و کەلتوور مانا پەیدا دەکات و بە نەتەوە هەستی دەبەخشێت.
کەوا بوو دەستەبژێری نەتەوەیی، دەبێت لە بەها و ئەرزشە باڵاکان و لەم ئەندێشە گەورانە تێ بگات و لە خۆی و ئەندێشەی خۆی دووری نەخاتەوە و خۆی لێ نەبان نەکات. دەبێت ئەوەیش بزانێت کە بەبێ ئەندێشەی سیاسی، ناتوانێت وەکوو دەستەبژێری نەتەوەیی هەناسە بکێشێت؛ بەتایبەت بۆ دەستەبژێری نەتەوە ژێردەستەکانی وەکوو کورد و ئەمازیغ و کاتالۆن و ... کە ئەم بابەتە لەڕادەبەدەر حەیاتییە، چونکە مان و نەمانی نەتەوە بەمەوە بەستراوەتەوە. واتە ناکرێت و ناشێت باس لە خاک و زمان و مێژو و کەلتوور و... بکات مەگەر لە ڕوانگەی سیاسی و لەنێو بەستێنی سیاسیدا نەبێت. سیاسەتسڕینەوە (Depoletization) بۆ نەتەوە ژێردەستەکان وەک ژاری مار وایە کە زۆر بەداخەوە بەگشتی دەستەبژیری کوردی تەنیوەتەوە.
ئایا ئەم هەموو فێستیڤاڵە لە کۆمەڵگەی ئێمەی کوردستانیدا لە دەرەوەی ئەندێشەی سیاسی، بۆ ڕێز لە کولتووری کورد و دەستەبژێری کورد بەڕێوە دەچێت بە چ مەبەستێک لە ئارادایە؟ ئایا جۆرێک لە سەرگەرمکردنی سەرکوتکەرانە و خۆلەبیربردنەوەی مرۆڤی کوردستانی و دەستەبژێری کورد نییە؟ کە لە یەک کاتدا هەم ماچ و هەم شەقەزلەی تێدایە، هەم لەخۆت دەگرێت و هەم تەڕدت دەکات، هەم باوەشێنت دەکات و هەم دەتتارێنێت. لە حاڵێکدا پێیشت دەڵێت کورد، ئەمە کوجا بە کوجایە؟ یانی تۆ مرۆڤیت بە تایبەتمەندیی نەتەوەیییەوە کە دووجار بە ئەمری سیاسی و ئەندێشەی سیاسی چ وەک مرۆڤ و چ وەک کوردستانی، پێویستی هەیە.
ئێستا خەڵاتی قەڵەمی هەژار، بۆ دەستەبژێری کورد، بەم شێوازەی کە بەڕێوە چوو، هەر زۆر پاردۆکسیکاڵترە، چونکە هەژار خۆی مرۆڤێکی کوردستانی بوو، کە بۆ ئەمری سیاسی و لەپێناو ئەندێشەی سیاسیدا ئاوارە بوو، قەڵەمی خستە گەڕ و بۆ خاکی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی کولتووری نەتەوەیی و زیندوکرنەوەی مێژووی کوردستان و کورد و خزمەتی زمانی کوردی، ئەو هەموو هەوڵەی دا و چەرمسەرەی دی.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی وتارەکە لەسەر ئەم بەستەرە کرتە بکەن.
💎 @Perrenus
1 052
📝 تۆماس هۆبز: سەروەری ڕۆحی دەستکردی دەوڵەتە
✍ مەیسەم مورادی
یەکێک لە باسە پەیوەندیدارەکان بە "دەوڵەت، پرسی سەروەرییە. بەبێ سەروەری، هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت وابێژیی ئەوە بکات کە خاوەن ئازادی، کەرامەت و تەنانەت گەرەنتی مانەوەیە و سێبەری سڕینەوە بەسەریەوە لادەچێت. دەوڵەت لە ڕێگەی بریکار و دەستوورەوە دەتوانێت سەروەری بۆ خۆی بخولقێنێت.
کەواتە پرسی دەوڵەت و سەروەری قەت ناتوانن لە یەکتر جیا بکرێنەوە. هەرکەس و نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، ئەگەر باس لەوە بکات بەبێ سەروەری و دەوڵەتی خۆی، دەتوانێت ئازاد بێت، بێگومان ئەوە سەروبن لە پرسی دەوڵەت تێ گەیشتووە. بۆیە دەبێت لەو وتەیەی "تۆماس هۆبز" تێ بگەین کە ئەیژێت: "سەروەری ڕۆحی دەستکردی دەوڵەتە".
💎 @Perrenus
1 052
📝 بۆچی بهکارهێنانی کوردناسی / کوردۆلۆجی ههڵهیه؟
✍ د. بێهروز چهمهنارا
پێشەکی
وشەی «کوردناسی» بەردەوام لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاماژەدان بە خوێندنەوەی زانستیی زمان، کولتوور، مێژوو و کۆمەڵگەی کوردستان بەکار هاتووە. هەرچەند، هاوکات لەگەڵ گەشەی ئەم بوارە زانستییە، بەئاشکرا دەردەکەوێت کە ئەم دەستەواژەیە بەتەواوی ناتوانێت قووڵایی، جیاوازی و گرنگیی بنچینەییی لێکۆڵینهوهی کوردستان بەرجەستە بکات.
لەم پێشنیارەدا، ئێمە بهمهبهستی گۆڕینی ناوی «کوردناسی / کوردۆلۆجی» بۆ «لێکۆڵینهوهی کوردستانی»، کەڵک لە بنەماکانی قوتابخانهی نوێی پاشکۆلۆنیالیزم و ڕۆژهەڵاتناسی وەردەگرین و هەوڵ دهدهین ئهوه پیشان بدهین کە چۆن ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت یارمەتیدەری توێژینەوە لە بواری ڕەهەندە جۆربهجۆرهکانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە نەتەوەی کورد و وڵاتی کوردستان بێت.
ههروهها ئهوه ڕوون دهکهینهوه که چۆن ئەم گۆڕانکارییە نەک تەنیا بوارەکە نوێ دەکاتەوە، بەڵکوو زیاتر لە جاران لەگەڵ بنەما و پێوەرە زانستییەکان دەگونجێت و پەرە به شکۆی بواری لێکۆڵینهوهی کوردستان دهدات.
پاشخانی مێژوویی و زمانناسانەی «کوردناسی / کوردۆلۆجی»
ڕهچهڵهکی وشەی «کوردناسی / کوردۆلۆجی» دهگهڕێتهوه بۆ نەریتی کۆلۆنیالیستی و ڕۆژهەڵاتناسانانەی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم کە تێیدا لێکۆڵەرانی ڕۆژاوایی، فهرههنگه ناڕۆژهەڵاتییەکانیان لە چاویلکهیهکی دهرهکی، لایهندارانه و بچووککهرهوه سەیر دەکرد. ئەم چوارچێوە مەعریفییە هەندێک جار بەهۆی ئەوەی فهرههنگ و کولتووری ڕۆژهەڵاتی، لێرەدا فهرههنگی کوردستانی، نزم نیشان دەدات و لە بەرانبەردا فهرههنگی ڕۆژاوایی بەرز دەنرخێنێت، جێی ڕهخنهی بیرمهندان بووه.
پاشگری «لۆجی / لۆژی» زۆربەی جار ئاماژە بە توێژینەوەیەکی زانستی لە ڕوانگەیەکی دەرەکییەوە دەکات. ئەم ڕهههنده ئەو بۆچوونە نازانستییە کە فەرهەنگی کوردستانی وەک «شتێک» بۆ توێژینەوە نەک خاوهن کهسایهتییهک که خۆی شوێنی زانینه لهقهڵهم دهدات. لە بەرانبەردا، دەستەواژەی «لێکۆڵینهوهی کوردستانی» لەگەڵ چهمک و ناوه زانستییەکانی دیکەدا وەکوو «لێکۆڵینهوهی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، «لێکۆڵینهوهی ئاسیایی»، یان «لێکۆڵینهوهی ئەمریکایی» و «لێکۆڵینهوهی عەرەبی» دەگونجێت.
ئەم گۆڕانکارییە لێکۆڵینهوهی کوردستانی دەخاتە پێگهیهکی هاوسهنگ لەگەڵ بەرنامەکانی دیکەی لێکۆڵینه ئەکادیمییهکان، هەر بۆیە لهنێو جڤاکی ئهکادیمیکی جیهاندا دەتوانێن زانستیانەتر سەبارەت بە گرنگیی فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردستان پێداگری بکات.
کردهیهکی ڕۆشنبیرانه و ڕاستکردنهوهیهکی فهلسهفی و کۆمهڵایەتی
گۆڕینی «کوردناسی / کوردۆلۆجی» بۆ «لێکۆڵینهوهی کوردستانی» تەنیا گۆڕانێکی وشەیی نییە؛ بەڵکوو پیشاندهری گۆڕینی ئاراستهیهکی بنهڕهتییه له بوارەکەدا. ئەم گۆڕانکارییە دانپێدانانە بە بەشداریی چالاکانه و کاریگهریی لێکۆڵهره کوردهکان لە پێکهێنانی زانستێکی سهربهخۆ و هاوبهشییان له ئهکادیمیای جیهانیدا. واتە ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە سەیر بکرێت، بواری لێکۆڵینەوەی کوردستانی دەرفەتێک بۆ ڕزگاربوون لە کۆلۆنیالیزمێکی ئاکادیمییانه دەڕەخسێنێت کە تاکوو ئێستە کوردستانی له زانستی خۆی دوور خستووهتهوه و لە ڕوانگەی ئەوی ترهوه پێناسەی کردووە.
تیۆریی پاشکۆلۆنیالیزم گرنگی بە پێناسەکردن و دیاریکردنەوەی ئەو ناسنامانە دەدات کە لەلایەن هێزە کۆلۆنیالەکانەوە داڕێژراون. لە بابەتیی نەتەوەی کورد کە لە ڕووی زانستییەوە هەوڵ دراوە بخرێتە پهراوێزهوه و له دەوڵهتێکی سهربهخۆ بێبهش کراوه، دهکرێت وشەی «کوردناسی» وەکوو شێوازێکی بیرکردنەوەی کۆلۆنیالی ببینرێت کە کوردی نەک وەک بکهرێکی چالاک و سهرچاوهی تێگهیشتن له مێژووی خۆی، بهڵکوو وەکوو بابەتی توێژینەوە له بهرچاو گرتووە.
گۆڕینی بوارەکە بۆ «لێکۆڵینهوهی کوردستانی» کردارێکی ڕۆشنبیرانهی دژهکۆلۆنیاڵیستییه کە دەیەوێت دژ بەو کۆلۆنیالیزمە ئهکادیمیکە بوەستێت کە لەلایەن ئهکادیمیای داگیرکەرانی کوردستانەوە بە سەریدا سهپێنراوه. لەم ڕێگەیەوە لێکۆڵەرانی کورد بۆ دیاریکردنی گێڕانهوهیهکی نیشتمانی لە فهرههنگ و مێژووی کوردستان و کورد دەستیان ئاوەڵا دەبێت و دەتوانن بەشدارییەکی چالاکتریان لە وێژمانی ئەکادیمییانهدا هەبێت.
ئەم گۆڕانکارییە ئهو چوارچێوە ڕۆژهەڵاتناسییانهی که بهسهر کوردستاندا سهپێنراوه و فهرههنگهکهی وەکوو دواکهوتوو یان پێشمۆدێڕن وێنا کردووه، دەخاتە ژێر پرسیارهوه. ههروهها وەک چۆن کۆمەڵگەی کوردستان بەردەوام دهگۆڕێت و بەها دێموکراتیکەکان و مافەکانی مرۆڤ تیایدا گەشە دەکهن، بواری ئەکادیمیکیش پێویستە نوێنهر و پاڵپشتی بەها دێموکراتیک و مرۆڤییەکانی بێت.
بۆ خوێندنەوەی دێژەی وتارەکە لەسەر ئەم بەستەرە کرتە بکەن.
💎 @Perrenus
1 052
📝 شۆڤینیزم چییە و بۆچی کوردایەتی شۆڤینیزم نییە؟
✍ هیوا خاکپوور
دەستەواژەی شۆڤینیزم لە ناوی "نیکۆلا شۆڤین"، سەربازی گیانفیدای "ناپلیۆن بۆناپارت" وەرگیراوە و لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە واتای نەتەوەپەرستیی توندئاژۆ، تێکەڵ لەگەڵ بەچووکەزانین و نەفرەت و ڕق لە نەتەوەکانی دیکەیە.
ئێستە بەم مانایە کوردایەتی چ وەک قەومخوازی پێش لە مۆدێڕن، چ وەک ناسیۆنالیزم بە واتای مۆدێڕن و هەر هەمووی هەوراز و نشێوەکانی مێژووی مۆدێڕنی کوردایەتی و خەباتی کوردستانی، هێچ کات نکۆڵی لە ئەوانی دیکە نەکردووە و خۆی بە گەورە و ناوەندی بازنەی ئیمکانی جیهان نەزانیوە و زمان و ڕەگەزی خۆی بە سەرتر نەکردووە و بە ڕەگەزپەرستیی کوێرکوێرانەی خۆی و خەڵکانی دیکەی کوێر نەکردووە، بەڵکوو تەنیا خوازیاری ئەوە بووە مافی ئەخلاقی و ڕەوای مرۆڤیی کوردستانی و سەروەریی سیاسی بەسەر خاک و نیشتمانیدا نکۆڵی لێ نەکرێت و بەم شێوە هیچ کات "فاشیست و بەدخوازی خەڵکی تر" نەبووە ...
دەتوانین ئەم بانگەشەیە بکەین کە چ لە کوردانی دنیای کۆن و چ لە سەردەمی مۆدێڕندا، یەک دەقی شۆڤینیستی نادۆرێتەوە. ئەمە ئاوا، با بۆ نموونە نەک قوتار، بڕوانینە ئەم دەقەی جەمال نەبەز کە یەکێک لە کۆڵەکە ئەستوورەکانی کوردایەتییە و بزانین چۆن دەڕوانێتە نەتەوەکانی دیکە و ئایا ئەمە شۆڤنیزنە؟!
"... بەڵام لە پاش ئەم خوێندنەوە زانستییە وردە ھەمەلایەنە کە بە بەڵگەنامەی قەناعەتپێھێنەر و شایەتگەلی یەکلاییکەروە پشتڕاست دەکاتەوە، دەمھەوێت سەرنجی خوێنەرانی بەڕێزم بۆ ئەو خاڵە ڕاکێشم کە من لەگەڵ ھیچ نەتەوە و ڕەگەزێکی ئەم دنیایە ڕق و کینە و بۆغزم نییە. من بەبێ ویست و ئیرادەی خۆم، کورد ئافرێندراوم و بەناچار دەبێت بەمە ڕازی بم و ڕەزایەت بدەم و سپاسی خودا بکەم بۆ ئەم نیعمەتە و ئەونەی کە لە ھێزمدا ھەیە بێ ئەوەی لە سەرزنشتی ھیچ سەرزەنشکەرێک بترسم، بەرگری لە میللەتەکەم بکەم.
ئەم وشانەیش کە ئاستی لێھاتووییی من ڕێکی خستوون، شتێک جگە لە بەرھەمی ئەزموونگەلێکی زۆر و تاڵ و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ و ڕۆحپڕووکێنی مرۆڤێکی ھەستناسک نییە کە ئاگایە لەوەی بەخت خەیانەتی کردووە لە نەتەوەکەی و مێژوو زۆڵمی لێ کردووە، کەوایە لەگەڵ ئەو نەتەوە بەشمەینەتە دانوستان و ھەڵسوکەوتێکی ویژدانی و ھەستیارانەی ھەبووە و ھەستاوە کە بە چەکی زانست و ھێزی باوەڕ بەرگرییان لێ بکات و توانیویەتی پەردە لەسەر زۆریەک لەو ڕاستییانە ھەڵ بداتەوە کە تاکوو ئێستە نەناسراو مابوونەوە.
لەم بۆنەدا تەنیا دەتوانم لە قووڵاییی دڵمەوە ئارەزووی خێر و خۆشبەختی و خۆشەویستی بۆ نەتەوەی عەرەبی دراوسێ بکەم، بەڵام بەو مەرجەی کە بەختەوەریی خۆی لەسەر بەدبەختی و بەشمەینتکردنی نەتەوەی من بنیات نەنێت".
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین "کوردایەتی"، نەک تەنیا شوڤنیزم نییە، بەڵکوو لە سەردەمی قەیرانی مانا و نهیلیزمی ڕووحپڕووکێنی سەردەمی مۆدێڕندا، دەتوانێت مانایەکی قووڵی ڕزگاریخوازانە و مرۆڤانە بە ژیانی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی مرۆڤیی کوردستانی بدات.
ت: دەقی بۆچوونەکەی جەماڵ نەباز، لە "کتێبی سەبارەت بە کێشەی کورد" وەرگیراوە.
💎 @Perrenus
1 052
📝 نەتەوەییبوونی میراتگرانی کۆماری کوردستان
✍ ئەیوب شەهابیڕاد
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەحەق سەلماندوویەتی کە میراتگەری ڕاستەقینەی کۆماری کوردستانە. ئەم کۆمەڵگەیە جگە لەوەی کە خولقێنەری یەکێک لە دەوڵەتە نەتەوەیی و نیشتمانییە سەربەخۆکانی کوردستانە، بەردەوام لە خەمی پارچەکانی تری کوردستاندا بووە و بێگومان گەلێک وانە و ئەزموونی بەنرخیشی پێ بەخشیون. تانەنەت لەڕووی تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی سیاسییشەوە لە ئاستێکی بەرز بەرانبەر بە ماف و داخوازییەکانی خۆیدایە و نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە هەر کاتێک بیهەوێت توانایی و ئامادەگیی ئەوەی تێدا هەیە کە بێتە مەیدان و دەنگی خۆی هەڵبڕێت.
بەڵام خاڵی هەرە گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە ئاکام و ئاراستەکانی ئەم ڕەوتە مێژوویییە تا هەنووکەش کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەندەی لە خەمی پارچەکانی تری کوردستاندا بووە، کەمتر لەوە لە خەمی پرسەکانی خۆیدا بووە. (ڕەنگە ئەمە بۆ بەهێزبوونی ناسیۆنالیزمی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات لێک بدرێتەوە)، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم هاوخەمییە زیاتر چووەتە جانتای حیزبە سیاسییەکانی پارچەکانی تر و ئەوان زیاتر سوودیان لێ بینیەوە و بێگومان ئەم سوودلێوەرگرتنەش تەنیا لە چوارچێوەیەکی تەسکی حیزبیدا بووە نەک بۆ پانتاییی کۆمەڵگەی کوردستان کەڵکی لێ وەرگیرابێت.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە بەڕاستی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی هیچ گرفت یان ویستێکی سیاسیی نییە یان ئەوەی کە دەرفەتی دەربڕینی ویستەکانی خۆی نەبووە یان هێزێکی سیاسی - شۆڕشگێڕیی جیددی لە مەیداندا نەبووە کە ئەم هەمووە توانا و وزەیە کۆ بکاتەوە و ڕێکیان بخات و لە خەمیاندا بێت؟
لیرەدا دوو ئەرکی زۆر گرینگ دێتە ئاراوە:
١ـ کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بە شێوەیەکی جیددی ئاوڕ لە پرسەکانی خۆشی کە تا ڕادەیەک بەدەر نین لە پرسی گشتیی کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بداتەوە. واتە پێویست ناکات پێش ئەوەی کە باسی کێشە و ویستەکانی خۆی بکات، باز بەسەر هەموو پرسەکانی خۆیدا بدات و تەنیا خۆی لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمێکدا ببینێتەوە کە تاکوو ئێستە لە چواچێوەی بەرژەوەندی و تیۆرییە ناڕوون و لیڵەکانی حیزبەکانی پارچەکانی تر دەرباز نەبووە.
٢ـ بێگومان پشکی هەرە زۆری ئەم دۆخەی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەبەر بزووتنەوەی سیاسیی ئەم پارچەیە دەکەوێت کە تا هەنووکەش هیچ بەرنامە یان داتایەکی ڕوون و بەرچاویان بۆ کۆمەڵگەی خۆیان پێ نییە. کێشەکە لەوەدا کە پەرتەوازەییی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات گەیشتووەتە ئاستێک کە هەم ڕێگری لە کار و چالاکیی ڕەوتێکی چالاکی سیاسیی نوێ دەکەن و هەم تا ڕادەیەکی زۆر پرسی کوردستان لە ڕۆژهەڵات بەبیانووی جۆراوجۆر بەلاڕێدا دەبەن و مەودای زیاتری لەنێواندا بۆ دروست دەکەن.
هەرچەند بەشیکی زۆر لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتاڵن لە هەر جۆرە هزر و تیۆرییەک، بەڵام پێویستە ئاراستەی هزری و چالاکیی خۆیان دیاری بکەن و خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە ئەگەر کات و وزەی خۆشیان فیڕۆ دەدەن، لانی کەم با چیتر پرسی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگوێ و پەراوێز نەکەوێت.
💎 @Perrenus
1 052
📝 زانیارییەکی کورت لەسەر کوردبوونی لوڕەکان: لوڕەکان کوردن؟
✍ عەبدوڵڵا ئیبراهیمی
لوڕ ناوی خۆی له ناوی شارێکی بهو ناوه وهرگرتووه که له ناوچهی "دێزفوول" بووه. "یاقووتی حهمهوی" لەم پەیوەندییەدا نووسیویەتی: "لوڕ هۆزێکی کوردن که له کوێستانهکانی نێوان خووزستان و ئیسفههان نیشتهجێن". هەروەها "زوبدهتهتتهواریخ" نووسیویەتی: بۆیه به لوڕەکان دهڵێن لوڕ، چونکە له ههرێمی مانروود گوندێک ههیه به ناوی "کورد"، له نزیکیی گوندهکه دهربهندێک ههیه که به زاری لوڕی پێی دهڵێن "کوول"، ئهو دهربهنده شوێنێکی لێیه به ناوی لوڕ، له بنهڕهتدا ئهوانه لهوێوە هاتوون، ناوی لوڕیان لهسهر دانراوه.
هەندێک ڕۆژههڵاتناس بههۆی کۆمەڵێک جیاوازیی زاری و شێوەزاری، لوڕهکانیان به کورد دانهناوه. ئەگەری هەیە ئهو ڕوانگه ههڵهیهش کاری کردبێته سهر دانهرانی نهخشهی کوردستانی گهوره که وهک دهبینین لوڕهکانیان لێ جیا کردووەتەوە. بهڵام زۆرێک له مێژوونووسان و مێژووزانان کوردبوونی لوڕەکانیان سهلماندووه و بههۆی پهیوهندیی ڕهگهزی و زمانهوانی و مێژوویی، به بهشێک له نهتهوهی کوردیان لەقەڵەم داوە.
هەر لەم بارەیەوە یاقووتی حهمهوی ئەیژێت: لوڕهکان له نەتەوەی کوردن که له ناوچهکانی نێوان خووزستان و ئیسفههان دهژین و وڵاتهکهشیان ناوی لوڕستانی لهسهر دانراوه. هەروەها پ. محهممهد ئهمین زهکی دەڵێت: "لوڕهکان له چوار هۆز پێک هاتوون: مامهسانی، کۆهگیلوویهیی، بهختیاری و لوڕی سهرهکی. ئاینی فەرمییان شیعهیه و بهشی ههره زۆری هۆزی لهک (که هیچ گومانێک له کوردبوونیاندا نییه) پێڕەوی ئایینی یارسانن و تیرهکانی سهگوهند و گهلهوهند و پاپی و بهدراییش له لایهنگرانی ئهو ئاینهن.
بهڵام جیاوازیی باسکراوی زاری و شێوەزاری له نێوان کورد و لوڕدا و ئهوهی که پێیان وایه چونکه شێوەزاریان تۆزێک له فارس نزیکتره، دهبێت فارس بن، ئەم وابێژی و چەواشەکارییە به زۆر هۆکار ناتوانێت ڕاست بێت، چونکه:
١ـ چوارهمین لکی لوڕهکان که لوڕی سهرهکیین، زمانیان زۆرتر له کوردی نزیکه تاکوو لە فارسی و خۆشیان خۆیان به کورد دهزانن.
٢ـ له ساڵی ١٩١٦ ز. که به ڕاسپاردهیهکی فهرمی چووبوومه لوڕستانی بچووک (پشتکوێ)، له مانهوهیهکی ده ڕۆژهدا له بناری کهبری کوھ (عامله) بووم و له زمان و ڕهگهزی لوڕهکانم دهکۆڵییهوه، زۆرتر به زمانی کوردی لهگهڵیان دهدوام و وتووێژهکهم بهئاسانی بۆ دهکرا و ئهو جیاوازییهی له زار و شێوەزاری لوڕهکان و هیی خهڵکی سلێمانیدا دیتم، هیچ زیاتر نهبوو لهوەی نێوان بەهدینی و سلیمانی.
لێرەدا پێویستە بۆ ڕوونکردنەوە، بابەتێکی مێژوویی لەسەر زمانی ئێستەی فارسی باس بکەم؛ دوای داگیرکردنی وڵاتی بەردەسی هەخامەنشییان لەلایەن ئەسکەندەر و زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ مانەوەی لە ژێردەستی سلووکییەکاندا، نزیک بەتەواوی زمانی فارسی لەناو چوو و تەنیا دەوری ٥٠٠ وشەی لێ مابووە. وەک دەزانین بەهۆی ٢٠٠ ساڵ بێسەروبەرەیی (کە بە دوو سەدە بێدەنگی) ناودێر کراوە و ٢٠٠ ساڵ فەرمانڕەواییی ئەشکانی (کە مێژوونووسانی ئێرانی بە بێگانەیان دادەنێن) و پاشان ٤٠٠ ساڵ فەرمانڕەواییی ساسانییەکان (کە ئەوانیش بێگومان کورد بوون) و دوایيش داگیرکارییەکانی عەرەب و تورک لە ئێران، ئەو زمانە فارسییەی ئێستە لە تێکەڵەیەکی پەهلەویی ئەشکانی، پەهلەویی ساسانی، تورکی، عەرەبی، فارسیی دەری، کوردی و هەندێک شێوەزاریی ناوچەیی ساز بووە.
بۆیە لە ئاکامدا دەتوانم بێژم ئەگەر زمانی فارسی تۆزە وێکچوونێکیشی لەگەڵ لوڕیدا هەبێت، ئەوە هیی ئەو دەورە مێژوویییەیە و بەو واتایە نییە کە ئەو لوڕی بەشێکە لە زمانی فارسی یان لوڕەکان کە بێگومان بەشێکن ڕیشەیین لە کوردستان و نەتەوەی کورد، فارس بن، ئەم وابێژی و چەواشەکارییە، بە هەموو شێوەیەکی زانستی و توێژینەوەیی و مەیدانی ڕەتکراوەیە.
💎 @Perrenus
1 052
📝 وزە یەکێک لە بنەڕەتە سەرەکییەکانی گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە بۆ سەربەخۆییی کوردستان
✍ عەتا جەماڵی
وزە یەکێک لە هەرە بنەڕەتە سەرەکییەکانی سەربەخۆییی نیشتمانییە بۆ هەر وڵاتێک. هەر وڵاتێک کە توانای بەرهەمهێنانی وزەی پێویستی خۆی هەبێت، دەتوانێت ئاستی خێرایی و قووڵایی و قەبارەی گەشەی پیشەسازی، سەربازی و کۆمەڵایەتیی خۆی کۆنترۆڵ بکات. وابەستەبوون بە وزەی هاوردە، دەبێتە هۆی وابەستەیی لە هەموو کەرتە سیاسی، ئەمنییەتی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا.
یەکێک لە بایەخەکانی سەربەخۆیی لە بواری وزەدا ئەوەیە کە وڵاتێک لە پێگەی بەرخۆر و بەرکاربوونەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنەر و کاریگەربوون لە ڕووی سیاسییەوە و هەر ئەمە، وزە دەکاتە یەکێک لە کارت و ئامرازە هەرە گرینگەکانی هێز لە بواری دیپلۆماسیدا.
بە سەرنجدان بە ستراتیژیی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئاستی هەناردەکاری وزە بۆ وڵاتانی وەک عێراق، سووریە، ئێران، ئوردن و لوبنان و ...، مانای ئەوەیە کە ئامانج لە پڕۆژەی وەبەرهێنانی گاز و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، زۆر لە ئامانجێکی تەنیا ئابووری گەورەترە و ئامانجەکە دەتوانێت نەک تەنیا بەهێزکردن و هێزمەندکردنی کوردستانە، بەڵکوو کۆنترۆڵی ئیرادەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتانە و بەگشتی گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە لە ناوچەکەدا.
💎 @Perrenus
1 052
📝 چەپ و کۆمۆنیست
✍ قەرەنی قادری
لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمەدا، دوو زاراوەی "چەپ" و "کۆمۆنیست"، هیچ سنوورێکیان نییە و هەمیشە لە بری یەکتر بەکاری دێنن و تێکەڵ دەکرێن. گەرچی ئەو دوو زاراوەیە خاڵی وێکچوویان هەیە، بەڵام خاڵی ناکۆکیشیان زۆرە.
وشەی "چەپ" بۆ شۆڕشی فەرانسە (١٧٨٩) دەگەڕێتەوە. هەر لەو سەردەمدا، ئەو کەسانەی کە لایەنگرییان لە چاکسازیی ڕیشەیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سیستەمی کۆماری، لائیسیتە و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتییان دەکرد، لەناو پەرلەمان لە لای چەپەوە دادەنیشتن. هێزەکەی تر کە لایەنگری سیستەمی پاشایەتیی نەریتی و دژ بە چاکسازیی ڕیشەیی بوون، لە لای ڕاستەوە دادەنیشتن.
لە ڕەوتی مێژووی ململانێی سیاسیدا، ئەو "چەپ" و "ڕاستـ"ـە لە فەرانسەوە بۆ ئورووپا و ئەمریکا گوازرایەوە و تەنانەت بوو بە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی مەیل و هزری گشت هێزە سیاسییەکان لە جیهاندا و گۆڕانێکی جۆرییش بەسەر زاراوەکەدا هات.
زاراوەی "کۆمۆنیزم" و "کۆمۆنیست" بۆ ساڵی ١٨٤٨ ز. دەگەڕێتەوە، کە مارکس و ئێنگێلس هزری خۆیان لە کتێبی "مانیفێستی کۆمۆنیست"دا گەڵاڵە کرد و لە ئورووپادا بڵاو کرایەوە. "مانیفێستی کۆمۆنیست" باس لە خەباتی چینایەتی، دیکتاتۆریهتی پڕۆلتاریا، باڵادەستی و سەروەریی چینێک لە کۆمەڵگەدا، نەهێشتنی چین لە کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکی یەکدەست و سڕینەوەی ئاسەواری سەرمایەداری دەکات.
کۆمۆنیزم و کۆمۆنیست بۆ هزری مارکس و ئێنگێلس و مێژووی کۆمۆنیستەکانیش بۆ ساڵی ١٨٤٨ ز. واتە ساڵی بڵاوکردنەوەی "مانیفێستی کۆمۆنیست" دەگەڕێتەوە، بەڵام تەمەنی زاراوەی "چەپ" بە تایبەتمەندییەکانییەوە، لە تەمەنی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان زۆرترە.
لە پۆلێنبەندیی سیاسیی کلاسیکدا کە تا ئێستەیش هەر برەوی هەیە، لە سیاسەت و مەیدانی سیاسەتدا (بەرژەوەندی)، باس لە دوو جەمسەری سەرەکیی "چەپ" و "ڕاست" دەکرێت. دوو جەمسەر کە پانتایییەکەی لە هیی سەردەمی شۆڕشی فەرانسە بەرفراوانترە، چونکە گرووپی جۆراوجۆر جێگەیان لەو دەستەواژانەدا دەبێتەوە؛ بۆ نموونە بەرەی چەپ: کۆمۆنیستەکان، سۆسیال دێموکراتەکان، ئانارشیستەکان، لایەنگرانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی، چاکسازیی ڕیشەیی و ... لەخۆ دەگرێت. بەڵام کۆمۆنیستەکان گرووپێکی چڕ، تۆکمە، داخراو و وێکچوون لە هەموو شتێکدا و جێگە و بوار بە هزری تر نادەن.
هەر وەکوو مارکس بە کەڵکوەرگرتن لە سۆسیالیزمی فەرانسە، فەلسەفەی ئاڵمان و ئابووریی ئینگلتهرا، ئایدیۆلۆژیی کۆمۆنیزمی بنیات نا، "چەپ"یش بۆی هەیە و دەبێت سەرلەنوێ و سەردەمییانە خۆی پێناسە بکاتەوە! "چەپ"، بەپێی ئهو پێکهاتە هزری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فرەیییەی کە هەیهتی، دەتوانێت بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵام لادان، یان چاکسازی لە بنەما هزرییەکانی کۆمۆنیزم کە خۆیان پێی دەڵێن "ڕیڤیزیۆنیزم"، جێگەی نابێتەوە.
کەس یان گرووپ دەتوانێت چەپ بێت و لایەنگری لە ڕیفۆرم، سەروەریی یاسا، بەرانبەری لە نێوان ژنان و پیاوان، ئازادیی ڕادەربڕین و نووسین و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بکات و بەبێ هیچ شک و گومانێکیش دەبێت نیشتمانپەروەری (پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازی) یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی کاری بێت، بەڵام دەتوانێت کۆمۆنیست نەبێت و کۆمۆنیستیش نییە!
📎 سەرچاوە: پیاسەیەک بەناو کۆڵانەکانی سیاسەت و میدیادا
(دیوی ناوەوەی ئایدیۆلۆژیا، حوکمڕانی و میدیا)
💎 @Perrenus
1 052
📝 کۆماری کوردستان دەستکەوتێکی مێژوویی یان ڕووداو؟
✍ قەرەنی قادری
کۆماری کوردستان نەک تەنیا دەستکەوتێکی گرینگی مێژوویییە، بەڵکوو سامانێکی بەرزی نەتەوەییشە. بوونی کۆمار وەکوو ڕووداوێکی مێژوویی، تەنیا یەکێکە لە لایەنە هەرە بچووکەکانی ئەم سامانە. بوونی سوپای سوور لە بەشێکی ئێران و سوپای بریتانیایش لە بەشێکی دیکەی ئێران، بۆشایییەکی سیاسی و جوگرافیایی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمار و بەتایبەت پێشەوا (١٩٠٠-١٩٤٧) ڕەخساند و ئەوی بۆ ئەو چەمکە گرینگەی سیاسەت گەڕاندەوە، دەرفەت مێژوو دەخولقێنێت. کەڵکوەرگرتن لە بوونی سوپای سوور بۆ جاڕدانی کۆماری کوردستان، ئەمە یەکێکە لە خاڵە هەرە بەهێزەکەی پێشەوا.
هەر دیاردە، یان ڕەوتێکی سیاسی و مێژوویی، بە ڕێگەی دوو هۆکارەوە گەشە دەکات و سەر هەڵدەدات. هۆکارە ناوخۆیییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە لە ئاکامی ململانێی دژەناوخۆیییەکاندا، کێشەکە بە لایەکدا دەشکێتەوە. هۆکاری دووهەم کە یارمەتیدەری یەکەمە، لە فەلسەفەدا بە هۆکاری دەرەکی ناوی دەبەن. گەرچی زۆرینەی فەیلەسووفەکان لەسەر ئەوە ساخ بوونەتەوە، کە هۆکاری دەرەکی دەتوانێت ڕەوتی ڕووداوە ناوخۆیییەکان خێرا یان خاو بکاتەوە، تەنانەت دەتوانێت دەوری پێچەوانەیشی هەبێت. کۆماری کوردستان ڕێک بە ڕێگەی ئەم دوو هۆکارەوە (ناوخۆیی و دەرەکی) لەدایک بوو و ئەمەش لێهاتووییی بنیاتنەرانی کۆمار دەگەیەنێت.
ئەوانەی ئاستی کۆماری کوردستان تەنیا بۆ "ڕووداو"ێکی مێژوویی یان بۆ بوونی سوپای سوور دەگەڕێننەوە و لە بایەخی کەم دەکەنەوە، نە ئاگایان لە دەوری هۆکارە دەرەکییەکان هەیە و نە لە سیاسەتیشدا بڕوایان بە دەرفەتی دەرەکی هەیە، کە ئەگەر کەڵکی لێ وەربگیرێت، دەتوانێت ڕەوتی مێژوو بگۆڕێت.
ئەو کۆمۆنیستانەی فۆندەمێنتالیستن، کە بێشک دەمارێکی دینیشیان هەیە، لە لای ئەوانەوە لە سیاسەتدا شتێک بە ناوی دەرفەت بوونی نییە، بەتایبەت ئەگەر دەرفەتەکە دەرەکی بێت. لای ئەوان، کەڵکوەرگرتن لە دەرفەت واتە ئۆپۆرتۆنیزم. یان ئەگەر سەرکردە و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەیەک کە بەرهەمێکی مێژووییی هەبێت وەکوو کۆماری کوردستان، جا ئەگەر سەرکردەکانی شێخ، ئاغا، مەلا و دەوڵەمەندی ئەستوور بن، ئەوە خێرا "هێڵێکی ڕەش"ی بەسەردا دێنن!
ئەوانەی "تەنیا و تەنیا" پشت بە هێزی گەل دەبەستن، سەرچاوەی هزرییان بۆ کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی دەگەڕێتەوە، کە گوندێک لە بواری ئابوورییەوە (ماست، پەنیر، شیر، شیرێژ، سۆڵکە، خوری، کەشک، دۆ، برینج، کەنم، نیسک، هەرزن و دەیان شتی دیکە)ی بەرهەم دەهێنا و پێویستی بە گوندی دراوسێی نەبوو، چونکە هەر بۆ خۆی ئاشی خۆی دەگەڕاند. بەڵام هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستان و لە بواری سیاسییەوە، ئەم تێڕوانینە خێڵەکی و نەریتییە ڕەت کرایەوە و پانتایییەک دۆزرایەوە، کە دەبێە سوود لە هەموو هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان وەربگیرێت.
بەشداریی نوێنەرانی ناوچە و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەر لە ڕۆژی یەکەمی کۆمارەوە تا کۆتاییی تەمەنی، ئەو هەرەوەزە نەتەوەیییە بوو، کە لە مێژووی کوردستاندا تاکوو ئێستەش نموونەی نەبووە و مۆرکێکی تەواو نەتەوەیی بە بەرۆکی کۆماری کوردستانەوە هەڵواسی. گەرچی کۆماری کوردستان لە نزیک بە (٣٠%)ی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵێنا، بەڵام بەشداریی ناوچە و پارچەکانی دیکەی کوردستان، سنووری نەتەوەییبوونی ئەو کۆمارەی بەرفراوان کرد و هاوکاتیش سنووری "فەرمی"ی چوار دەوڵەتی داگیرکاری کوردستانیشیان بەزاند.
بوونی سەرککۆمار، سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب"، ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چوار کۆڵەکە و پێناسەی هەرە سەرەکین، کە نیشتمانیبوون و نەتەوەییبوونی ئەو کۆمارە دەسەلمێنن!
💎 @Perrenus
1 052
📝 کوردستانی بهزرین: ئەوەی پیرۆزە، خاک و نیشتمانە
✍ هەڵمەت مەعرووفی
لە نووسین و ڕادەربڕینمان، لە باتیی وشەی "کورد"، وشەی "کوردستان" بەکار بهێنین و دەبێت کوردستانی بهزرین. چونکە شۆڕش و خەباتی ئێمە بۆ خاکە، خاکێک کە هەر کەسێک لەسەری ژیا، بەختەوەر بژی. کورد وەکوو تاک و کۆمەڵەخەڵک، دەکرێت خائین بێت، دەکرێت کۆچ بکات، دەکرێت بمرێت و .... کەواتە شۆڕش و خەبات بۆ خاکە نەک خەڵک. کاتێک خاک ڕزگات بوو، هەر خەڵکێک لە نەوەی ئەمڕۆ و داهاتوو و داهاتووی دوور لەبان ئەم خاکە بژیت، بەختەوەر دەژیت و ئیتر ناچار نابێت کۆڵبەر بێت، بەندکراوی سیاسی بێت، بکوژرێت، ڕاو بنرێ و ...
ئێمە تاکوو خاکتەوەر نەبین و خەباتەکەمان نەکەین بە کوردستانی، ناتوانین بناغەی هزری نیشتمانی، نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم دامەزرێنین. خەڵکانی وڵاتانی بەختەوەر، ئەمڕۆی خۆیان بۆ سبەینێی خاکەکەیان و لە ئاکامدا ئەو نەوەیەی کە دواڕۆژ لەبان خاکەکەیان دەژیت، بەختەوەر دەکەن ... ئەگەر شۆڕش و خەبات بۆ خاک نەبووایە، پێشمەرگەبوون و شەهیدبوون، بێواتا بوون.
بۆ نموونە لە نۆروێژ و فینلاند و سوید کە پێشتر مەترسیی هەڕەشەی ڕووسیە لەسەریان بوو، خەڵکانی ئەمڕۆ، پارەی خۆیان دەدەن تاکوو نیشتمانەکەیان پڕچەک بێت و توانای بەرنگاربوونەوەی بێت و داڕۆژی خاک و نیشتمانەکەیان نەکەوێتە ژێر مەترسی و هەر ئەگەرێکی تر ...
جووەکان، فرەیەکیان لە ئیسرائیل ناژین و ئیسرائیلی نین، لێ بۆ هەبوونی خاک و نیشتمانێک ئەڕا سەهیۆنیزم، لە بەشێک لە داهاتی ڕۆژانەی خۆیان خۆش دەبن و تەرخانی دەکەن بۆ خاک و نیشتمانێک کە قەت تێیدا نەژیاون و ناژین و ڕەنگە نەیشبینن.
لە کۆتاییدا مەبەستی ئەم کورتەنووسینە ئەوەیە کە: ئەوەی پیرۆزە خاک و نیشتمانە ... ئەم پەندە کوردییە لەخۆڕا نەوتراوە کە دەڵێن "خاک توانای کۆچی نییە".
💎 @Perrenus
1 052
📝 توێژینەوەیەک لەسەر سروودی نیشمانیی "ئەی ڕەقیب"
توێژەر: د. قادر وریا
کۆکردنەوە و ئامادەکار: ڕەحمان نەقشی
💎 @Perrenus
1 052
📝 چارەسەری دێموکراتییانەی ئوجەلان: ڕەخنەگرەکانیش دژی دێموکراسین
✍ د. محەممەد حوسێنزاده
پێشنیاری مودێلی "چارەسەری دێموکراتیاینە"ی پرسی کورد لە تورکیە لەلایەن عەبدوڵا ئوجەلانەوە پێشنیارێکی تازە و تایبەت بەم دوایییانە نییە. لانی کەم لە ۲۵ ساڵی ڕابردوودا ئەو باسانەی بە شێوازی جۆراوجۆر کردووە و ڕوونی کردووەتەوە لە بازنە و چوارچێوەی "نوێکردنەوەی کۆمار" و "چارەسەری دێموکراتییانەی پرسی کورد" لە "تورکیەی دێموکرات"دا بیر دەکاتەوە. ئوجەلان پێی وا بووە ئەو تورکیە دێموکراتەش بەدی نایەت مەگەر ئەوەی پرسی کورد چارەسەر بکرێت. واتە چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوازی دێموکراتییانە هەم بنەما و پێشمەرج و هەم تەواوکەری تورکیەی دێموکراتە.
بەپێی نووسراوەکانی عەبدوڵا ئوجەلان ئەو مودێلەی پێشنیاری دەکات، زیاتریش بە قازانجی تورک و بەرژەوەندییەکانی تورکیەیە. خۆی دەڵێت "کورد" دەتوانێت یارمەتیدەرێکغ سەرەکی بێت بۆ سەرکەوتنی سیاسەتەکانی تورکیە و ڕابەرایەتیی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگرە تا ناوچەی قەفقاز و ئاسیای ناوەندی.
ئوجەلان پێی وایە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەتوانێت کێش و قورسایی و ڕێزی تورکیە لای ئورووپایییەکانیش زیاتر بکات. نموونەگەلێکیش لە سەرکەوتنەکانی تورکیه لە مێژوودا دێنێتەوە و دەڵێت بەبێ کورد نەدەکرا ئەو سەرکەوتنانە تۆمار بکرێن. بۆیە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هەموو سیاسەتەکانی تورکیه دژ بە کورد بە جۆرێک لێدان لە خودی تورک و توانا و نفوزی ئەو وڵاتە بووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدایە کە ئوجەلان دەڵێت تورکیە نابێت بە بیانووی سەربەخۆییخوازی و هەوڵدان بۆ جیابوونەوە، سیاسەتی کوشتوبڕ و نەکوڵیکردنی کورد بگرێتە بەر وەک چۆن پێشووتر ئەو هەوڵەی داوە و سەرکەوتوو نەبووە. دەڵێت ڕێگەدان بە کوردەکان بۆ ئەوەی بتوانن زمان و کولتووری خۆیان بپارێزن (مانەوە وەک بوونەوەری زمانی - کولتووری)، نەک هەر کێشەیان چارەسەر دەکات، بگرە تورکیەیش بەهێز دەکات. ئەو ئاگادارییەش دەدات و دەڵێت ئەگەر وا نەبێت کوردیش وەک کاردانەوە بەرانبەر نەتەوەخوازیی تورک، نەتەوەخوازی هەڵدەبژێرێت و کێشەکە هەر وا بەردەوام دەبێت. بۆیە لە ڕوانگەی ئوجەلانەوە بینینی کورد وەک "بوونەوەری کولتووری و دیاردەیەکی کۆمەڵناسانە" زیاتر بە قازانجی تورکە.
ئوجەلان ڕەخنەکانیشی پێشبینی کردووە و پێشوەختە دەڵێت ڕەنگە هەندێک ناوەندی نەتەوەگەرای کورد (مەبەست ناسیۆنالیستەکانە) لەو پێشنیارانەم قەڵس و تووڕە بن و تەنانەت وەک "خیانەتی نەتەوەیی لە خەباتی سەد ساڵەی کورد"یش ناوی بهێنن، بەڵام ئەوانیش هێندەی نەتەوەگراییی دەوڵەتی تورکیە ڕێگرن لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد. بە کوردی و کورتی دەڵێت: ئەو ڕەخنەگرانەش کە لەو پێشنیارە قەڵسن دژی دێموکراسین.
هەڵبەت ئوجەلان پێی وا بووە بەدیهێنانی ئاوا سیستەمێکی دێموکرات لە تورکیە پێویستی بە یاسای بنەڕەتی یان دەستوورێکی نوێیە کە لانی کەم ڕێگە بە حیزبەکان بدرێت بتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە چالاکی بکەن و هەڵبژاردنی دادپەروەرانەش مسۆگەر بکرێت. بەگشتی یاسایەک کە ڕەنگدانەوی ئیرادەی "خەڵک" بێت.
ئەمانە هیچیان شارەوە و ناڕوون نەبوون. ئەوەی ئێستە ناڕوونی دروست دەکات، ڕەنگە ئەوەندە بێت کە لە کاتێکدا بەپێی نووسراوەکانی خودی ئوجەلان هەڵوەشانەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە "بەرگریی ڕەوا" پێویستی بە فەرمان یان حوکمی لێبوردنی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەت و بەستێنی ناساندنی "خەڵک"ی کورد وەک بوونەوەرێکی کولتووری - زمانییە، بۆچی لە پەیامەکەی و لە ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکەدا بەڕوونی ئاماژەیان پێ نەکراوە. مەگەر هەر خودی ئوجەلان پێشتر جەختی نەکردووەتەوە کە بەبێ ئەو مەرجانە، پەکەکەش نەبێت هەمیشە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕێکخراوێکی تر لە ئارادایە؟
ناڕوونی و دژواریی پێشبینی داهاتوو کاتێک فراوانتر دەبێت کە ئوجەلان یەکەم جارە (لانی کەم بەبۆچوونی من) بەئاشکرا هەموو مودێلەکانی فیدراڵیزم و فیدراسیۆن بە ئاشکرا دەخاتە پاڵ دەوڵەت وەک دەرکەوتەی ناسیۆنالیزمی توندڕۆیانە و ڕەتیان دەکاتەوە. کەوا بێت، چۆناوچۆن دەکرێت کورد تەنانەت وەک بوونەوەرێکی کولتووری - زمانییش دانی پێدا بنرێت.
وتراوەکان ڕوون و ئاشکران، مشتومڕ و دەمەقڕەکان لەسەر نەوەتراوەکانن. من پێم وایە تەنانەت خودی بەرپرسانی قەندیلیش هێندەی ئەوانەی لەم چەند ڕۆژەدا بێ سێ و دوو باسی "ئاشبەتاڵ" یان بەپێچەوانەوە "سەرکەوتنی مسۆگەر" دەکەن، لەسەر داهاتوو بەرچاوڕوون نین!
💎 @Perrenus
1 052
📝 شۆڕشی گەلی کوردستان و پێویستیی قۆناغێکی نوێ
✍ شیلان محەممەدی
گەلی کوردستان و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە پێش و دوای شەڕی چاڵدێران، خەبات و تێکۆشانی لێبڕاوانە و چەکدارانەی لە دەستووری کاردا بووە و بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییی خۆی و سەوەریی نیشتمانیی خاکە داگیرکراوەکەی، چەندین شۆڕشی گەورەی وەڕێ خستووە کە بەداخەوە کۆمەڵێکیان بە ئامانجی دیاریکراو نەگەیشتوون، بەڵام هاوکات هەموو ئەو ڕەنج و قوربانییانە بوونەتە هۆی پێشکەوتنی دۆزی ڕەوای کوردستان و ئەزموون و دەستکەوتی گەورەی بۆ نەتەوەکەمان وەدی هێناوە.
لە دوای دابەشبوونی کوردستان، لە هەریەک لە پارچەکاندا، بە شێوازێکی جیاواز و بەرفراوان شۆڕش و ڕاپەڕین بوونیان هەبووە لە پێناوی بەدەستهێنانی مافی بەدەستەوەگرتنی سەروەریی نیشتمانی و نەتەوەیی و ڕزگاربوونی خاکی کوردستان لە ژێرچەپۆکی داگیرکەردا، بەپێی جۆری دەسەڵات و سەرەڕۆییی داگیرکەران، لە هەر پارچەیەکی کوردستان فۆرم و شێوازی شۆڕشەکان گۆڕاون.
لە دنیای سیاسەتدا، دانوستان و وتووێژ بناغەکانی دێموکراسین و خاڵی ئەرێنین بۆ نەهێشتنی ناکۆکییە نێودەوڵەتی و سیاسییەکان و جێگەی تێفکرینە وەک شێوازێکی چارەسەر ئەگەر عەقڵێکی دێموکراسیخوازی و مەبەستی پاکانەی لەپشت بێت.
کورد لە سێ بەشی کوردستان وا خەریکە بەدامەزراوەیی و گەیشتنی ڕێژەییی مافەکانی ئەگات، وا خەریکە لە باکووری کوردستانیش پرۆسەیەک لەژێر ناوی ئاشتی دەست پێ دەکات؛ وێڕای ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام هاوکات پێویستە نوێنەرانی کوردستان بەوریایییەوە مامەڵە بکەن و نابێت بە هەموو تێچوویەک واژۆ لەسەر پەڕەی ڕێککەوتن بکەن ...
قۆناغی ئاشتی و بابەتی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) خاڵێکی زۆر نەرێنیی مێژووییە بۆ کوردستان، بەڵام لە باکووری کوردستان ڕەنگە دۆخەکە جیاواز بێت، دەبێت بەوریایی و چاوکراوەیییەوە ئەو پرۆسەیە بەرنە پێشەوە و هەوڵ و شۆڕشی چوار دەیەی ئەو حیزبە لە پێناوی هەندێک بەنا، دەستکەوتی بچووک بەفیڕۆ نەدەن ...
هەرچەند تاکوو ئێستە شۆڕشی کوردستان بە خەباتی چەکداری تا ئێرە هاتووە و ئەو مێتۆدە بەشێک بووە لە شوناسی نەتەوەی کورد، تا ڕادەیەکیش باش ڕەوڕەوەی خەباتی کوردستانی بەرەوپێش بردووە، بەڵام هەرگیز نابێت بەوە نیگەران بین ئەگەر مەجالی تێدا بێت بە ئاشتییانە پرسی کورد چارەسەر بێت و نەتەوەی کورد بە مافەکانی شاد بێت، هەرچەند چارەسەریی پرسی کورد چارەسەریی کێشەی کوردستان نییە، بەڵام دەکرێت هەنگاوێکی سەرەتایی بێت بەرەو داهاتوویەکی ڕوونی پرسی کوردستانیش.
هیوادارم قۆناغی نوێی شۆڕشی کوردستان لە باکوور قوناغێکی پڕدەستکەوت بێت بۆ نەتەوەکەمان لەو بەشە.
💎 @Perrenus
1 052
📝 نەتەوە چۆن بە زمان زیندووە و بێ زمان دەمرێت؟
✍ ڕەسووڵ سوڵتانی
دەستپێک
لە کۆتایییەکانی سەدەی پازدەیەمدا ئورووپایییەکان گەیشتنە نێو خاکی کەنەدا. ئەوکات کۆمەڵێک هۆز لەو وڵاتەدا ژیاون کە ئێستە کەمتر لە یەک میلیۆنیان لێ ماوەتەوە. ئورووپایییەکان کە دەستیان بەسەر ئەو وڵاتەدا گرت، منداڵی خەڵکە خۆجێییەکانیان لە بنەماڵەیان جیا کردنەوە و ناردیاننە خوێندنگەکانیان و قسەکردن بە زمانی خۆیان، لەبەرکردنی جلوبەرگ و هەموو کولتوور و کەلەپوور و ڕێوڕەسمێکی خۆیانیان لێ قەدەغە کردن، بۆ ئەوەی لە ڕابردوویان داببڕن. ئەوان دەیانزانی تەنیا ڕێگەی دابڕینیان لە ڕابردوو سڕینەوەی زمانە.
لەو پڕۆسەیەدا وەک دەوترێت، نزیک بە پازدە هەزار منداڵ تێدا چوون، بەبێ ئەوەی تەرمیان بدرێتەوە با بنەماڵەکانیان. لەو ساڵانەی دواییدا پاپای ڤاتیکان و دەوڵەتی کەنەدا داوای لێبوردنیان لە بنەماڵەی قوربانیان کرد.
زمان و کاریگەریی سیستەمی پەروەردە
کاریگەریی سیستەمی پەروەردەی ئورووپایییەکان لەو پێنسەد ساڵەدا هێندە قووڵە، کە ئێستەش خەڵکی خۆجێیی کەنەدا، خاوەنە ئەسڵییەکانی ئەو خاک و وڵاتە بە چاوێکی سووک سەیریان دەکرێت. ڕاستە کۆمەڵێک ئیمتیازاتیان پێ دراوە، بەڵام پڕۆسەی توانەوە و لەناوچوونیان لە دواقۆناغی خۆیدایە. ئیتر ئێستە تەنیا پیرەکانیان زمانی خۆیانیان لەبیر ماوە.
دەوڵەتی کەنەدا ئەگەرچی داوای لێبوردنی لێ کردن، بەڵام هیچ بەرنامەیەک دانەنرا بۆ زیندووڕاگرتنی زمانی فێرستنەیشنەکان.
وێکچووییی کورد و خۆجێییەکانی کانادا و ئەمریکا
مایایی و ئینکایییەکان لە مەکزیک و برازیل یەکسەر تواونەوە و چوونەتە نێو لاپەڕەکانی مێژوو. ئێستە ئیتر ئەوان بە ئیسپانی، پۆرتۆگالی دەئاخڤن. هۆزە خۆجێییەکانی کەنەداش وا لە دواقۆناغی توانەوە و لەناوچووندان. دیسان دەڵێم، نەتەوەکان لە زمانەکەیاندا زیندوون و ڕۆحی نەتەوەیەک لە دەماری زمانەکەیدایە.
کە لە خۆجێییەکی کەنەدی دەپرسم بۆچی هەوڵ نادەن قوتابخانە وەرگرن و بە زمانی خۆتان بخوێنن؟ دەڵێن کام زمان؟ هەر هۆزەی شێوەزاری ئاخاڤتنی جیاوازە.
زمانی کوردی و کوردستان
ماوەی پێنج ساڵێک دەبێت کە دیاردەی شەڕفرۆشتنی کۆمەڵێک قەڵەمفرۆش بە زمانی کوردی دەستی پێ کردووە. جارێکیان کەسێکی کۆمۆنیستی کوردزمان بە زاریدا هات و کەرەگەلی قەڵەمفرۆش کەوتنە گێرەکردنی جەنابیان، کە فەرمووبووی (شۆڤێنیزمی سۆرانی).
پاش ئەوەی ئەو کەسە تووناوتوون چوو، کۆمەڵێک قەڵەمی چەپنووس پەرەیان بەو باسە دا، کە لە ڕاستیدا کامڵکردنی سیاسەتی تاران و ئەنکارا بوو. ئاخر کە لای فارسە شۆڤێنیستەکان دەڵێی زمانی کوردی، دەسبەجێ دەڵێن کام زمان؟ سەیر کە پرسیاری شۆڤێنیستەکان و ئەو قەڵەمفرۆشە چەپانە چەندە لێک دەچن؟
ئاکام
بەکورتی: ئەگەر لەسەر پرسی زمان هەستیار و هۆشیار نەبین و لە ڕوانگەیەکی شوناسخوازانە و نەتەوەیییەوە لە زمان نەڕوانین و وەکوو بەهێزترین و یەکلاکەرەوەترین فاکتەری شوناس لێی نەڕوانین، بە مەرەدی ئەو خەڵکە خۆجێییەی کەنەدا دەچین کە ئێستە لەسەر خاک و مڵکی باب و باپیرانیان بە سووک سەیریان دەکرێت و لەگەڵ هەموو شتێکی خۆیان نامۆن و لە سەرەولێژیی نەمان و لەناوچووندان.
💎 @Perrenus
1 052
📝 ژنان و لاوان؛ فەرهەنگ و زمان
✍ بێگەرد ساڵح
لە ڕۆژی زمانی کوردی، کاتێک دەنگەکانمان دەبنە درێژەدەری فەرهەنگ و ناسنامە، ژنان و لاوان وەک دوو باڵی پرشنگداری کوردایەتی پێکەوە دەفڕن و دەتوانن ڕۆڵی هەرە گرینگیان هەبێت. من لام وایە ژنان، وەک چاوگی ژیان و بناغەی زمانن، بۆ ئەوەی دەتوانن چیرۆکە کۆنەکان، لاوکە پڕسۆزەکان و هەروەها گۆرانییە فۆلکلۆرەکان بگوێزنەوە بۆ منداڵان و بەرەی داهاتوو. ئەوانەن وشەکان وەک گوڵێکی ڕەنگین لە دڵی منداڵەکاندا دەچێنن، تا زمانی کوردی وەک ڕەگێکی قووڵ لە ناخی نەوەکاندا بمێنێتەوە.
لە بەرانبەردا، لاوان کە پڕن لە وزە و خەونەکانی سەردەم، دەتوانن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک پردێک بەکار بهێنن کە زمانی کوردی پێی دەگاتە هەر سووچێکی جیهان. پۆستێک، ڤیدیۆیەک، یان هەشتەگێک لە ژێردەستی لاوان دەبێتە چەکێک بۆ پاراستن و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی کوردی. بەڵام ئەمە تەنیا دەستپێکە؛ با هەر دەرفەتێک بکەینە گۆڕەپانێک کە تێیدا وشەکان دەبنە توو و دەچێتە ناودڵی کەسێکی دیکە.
ڕاگەیاندنەکان، وەک پادکێستی کوردی یان یوتووب کە بە زمانی کوردی دروست دەکرێن، دەتوانن پلاتفۆرمێک بن بۆ ئەوەی لاوان زمانی کوردی بە شێوەیەکی سەردەمیانە بەکاربهێنن و بە جیهانی نیشان بدەن. هەر یەک لە ئێمە دەتوانێت ببێتە دێژەدەری زمانی کوردی. با لە ماڵەکانمانەوە دەست پێ بکەین، بۆ منداڵەکانمان چیرۆکێکی کوردی بگێڕینەوە یان دەنگی گۆرانییە کوردییەکان ئاوێتەی ماڵەکانمان بکەین و منداڵەکانمان گۆچ بکەین و ڕا بێنین بە مۆسیقای کوردی ...
لە کۆتاییدا، زمانی کوردی تەنیا وشە نییە، ئەو دڵۆپەیە لە ڕۆحی کورد، کە لە دڵی ژنان و لاوانەوە دەتکێت و دەبێتە ڕووبارێکی پڕ لە ژیان. با پێکەوە ئەم ڕووبارە بکەینە دەریایەکی بێ کۆتایی، کە نەوەکانمان تێیدا سەرشۆڕ نەبن و بە فەرهەنگی کوردی و بە زمانی دایکییانەوە سەربەرزی بەکەن.
💎 @Perrenus
1 052
📝 لێکەوتەکانی خۆبەدەستەوەدان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە
✍ عیرفان ڕەهنموون
ئوجەلان بەتەواوی لە یەخسیری ئازاد ناکرێت، بەڵکوو ڕەوشی ژیانی کەمێک باشتر دەکرێت و لە باتی بەندکردن، لە ماڵێکدا دەستبەسەر دەکرێت و ڕێگەی کۆبوونەوەی بەرین و سیاسەتکردنی پێ نادرێت.
ڕەنگە ڕەوشی خوێندنی زمانی کوردی کەمێک باشتر بکرێت، بەڵام خوێندن لە سەرەتایییەوە بۆ زانکۆ لە باکووری کوردستان نابێت بە کوردی.
ڕێگە بە پارتی دەم (Dem partî) نادرێت ببێتە پارتی یەکەم یان دووهەم لە تورکیە، بە چەشنێک کە بتوانێت بە پێکهێنانی بەرە لەگەڵ جەهەپە، دەسەڵاتی ئاک پارتی و دەوڵەت باخچەلی بخاتە مەترسییەوە. ئاک پارتی تەنگی بە جەهەپەی پارتی ئەتاتۆرک هەڵچبیوە، ئێستە چۆن پێدەشتی سیاسەت بۆ کورد و پارتی دەم دەکاتە چراخان؟
تورکیە هێزەکانی لە باشووری کوردستان ناکێشێنێتەوە، بەڵام پاش دڵنیابوون لە پرۆسەکە، ژمارەی سەربازەکانی کەم دەکاتەوە.
تورکیا بۆ یەک ڕۆژیش دەست لە دژایەتیی ڕۆژاوای کوردستان هەڵناگرێت تاکوو دڵنیا دەبێتەوە کە ڕۆژاوای کوردستان هێڵی سوورە بۆ تەناهیی ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژاوایی.
ئوجەلان ٧٦ ساڵیەتی و بەندکرانی بە ماوەی ٢٦ ساڵ، لاوازی کردووە. پاش کۆچی دواییی ئەو، بزاڤی باکوور تووشی چەنددەستەیی دەبێت تا ڕێبەرێکی کاریزماتیکی دیکە سەر هەڵبدات.
ئامانجی سەرەکیی ئەردۆغان لە پرۆسەی بەناو ئاشتی ئەوەیە کە پارتی دەم پشتی بگرێت و بۆ هەتاهەتایە سەرککۆمار بێت، ئەگەر پارتی دەم گوێڕایەڵ نەبێت، هەر وەک ئێستە بەندکردن و دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەکان، چاوەڕوانییان دەکات.
پاش دۆڕانی برایەتیی گەلان و تورکیەی دێموکراتیک! بەدووری نازانم لە باکووری کوردستان، بزاڤی نەتەوایەتیی ڕادیکاڵ سەر هەڵبدات و ئەوەی کە سوڵتانی کوردکوژ ڕستوویەتی، بیکاتەوە بە خوری.
💎 @Perrenus
1 052
📝 قەیرانی ڕەوابوونی پەکەکە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە
✍ حەسەن قارەمانی
لە کۆنگرەی ١٢ی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دا. بڕیارێک کە لە دەرەوە وەک هەڵبژاردنی ڕێبازێکی مێژوویی لە گەشەسەندنی بزووتنەوەکەدا دەخرێتەڕوو؛ بەڵام لە پشت لێدوانی ڕەمزییەوە زنجیرەیەک ئالنگاری پێکهاتەیی و ستراتیژی هەیە. بڕیارەکە پرسیار لەسەرە وەواییی ڕێکخراوەیی، لەنگەری نێوخۆیی و مانای ڕاستەقینەی گۆڕانکاری لە بەرانبەر بەردەوامی لەنێو بزووتنەوەیەکدا دەوروژێنێت کە لەمێژە بە کۆنترۆڵی ناوەندی و ڕەقبوونی ئایدیۆلۆژی تایبەتمەندە.
ڕەواییی ستراتیژی لە سێبەری ڕێبەری بەندکراودا
لە بنەڕەتدا کێشەدارە کە بڕیارێکی وەها هەمەلایەنە لەژێر ڕێبەریی سەرکردەیەکی بەندکراودا (عەبدوڵڵا ئوجەلان) کە دەرفەتەکانی بۆ هەڵسوکەوت لە سەردەمی ئێستەدا بەتوندی سنووردارە، بێتواناییی سەرکردایەتی لە بەشداریکردن لە شیکاریی کاتی ڕاستەقینە و وتووێژی کۆمەڵایەتی و کاری ڕێکخراوەیی ڕاستەوخۆ بەو مانایەیە کە بزووتنەوەکە زیاتر مەترسی لەسەر بنەمای هێماسازیی ئایدیۆلۆژی هەیە نەک لەسەر بنەمای ستراتیژیی پراگماتیک. ئەمەش توانای بزووتنەوەکە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی دیمەنە سیاسییەکان و لەگەڵ ئەو پێداویستییە ڕاستەقینەیانەی کە لەنێو چالاکانان و هاوسۆزاندا هەن، تێک دەدات.
کەموکۆڕییەکان لە لەنگەری دێموکراسی و بەشداریکردندا
گۆڕانکارییە ڕێکخراوەیییە ڕەواکان لە بزووتنەوە دێموکراسییەکاندا پێویستی بە شەفافیەت و وردبینیی ناوخۆیی و بەشدارییەکی بەرفراوانی ئەندامان بنەڕەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. نەبوونی ڕاوێژ یان وتووێژی بەڵگەدار لەنێو تۆڕی بەرفراوانی کوردستانیدا وا دەکات بڕیارەکە وەک فەرمانێک لە کەسایەتییە پێشەنگەکەی (عەبدوڵڵا ئوجەلان)، سەرکردایەتی دەرکەوێت نەک وەک هەڵبژاردنی ڕێبازێکی دێموکراسیی لەنگەری بەستراو.
ناڕوونی لە بەکارهێنانی زاراوەی هەڵوەشاندنەوە یان داڕشتنەوەی دووبارە؟
پێ دەچێت گێڕانەوەی فەرمی لە نێوان دوو پەیامی دژبەیەکدا دەلەرزێت؛ لە لایەک باس لە هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەکە دەکرێت و لە لایەکی دیکەوە باس لە بەردەوامیی خەبات لە فۆرمی نوێدا دەکرێت. ئەمەش ناڕوونییەکی مانادار دروست دەکات کە لە خراپترین حاڵەتدا دەتوانرێت وەک ڕێگەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرپرسیاریەتی یان دروستکردنی دووکەڵی ئایدیۆلۆژی هەست پێ بکرێت.
هەنووکە پرسیارەکە ئەمەیە کە لە ڕاستیدا چی جێگەی پێکهاتەی ڕێکخراوەییی کۆن دەگرێتەوە و ئەم بڕیارە چۆن ستراتیژی و ئامانجەکانی بزووتنەوەکە دەگۆڕێت؟ کە هێشتا بەبێ وەڵام ماوەتەوە!!
هەڵوەشاندنەوەی ڕاستەقینەی ڕێکخراوێک پێویستی بە پچڕانێکی ڕوون هەیە لەگەڵ پراکتیک و پێکهاتە و فۆرمەکانی سەرکردایەتیی پێشوو. کاتێک گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە بەبێ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕاستییە ڕێکخراوەییە هاوچەرخەکان و بەبێ لەنگەری نێوخۆییی فراوان ڕوو دەدات، باسکردن لە زیندوویی یان نوێبوونەوە قورس دەبێت!! دەتوانرێت وەک نیشانەی دوگماتیزمی ئایدیۆلۆژی و بێتوانایی لە گونجاندنی ستراتیژییەکان لەگەڵ پێداویستی و بارودۆخی ڕاستەقینەدا هەستی پێ بکرێت.
💎 @Perrenus
1 052
📝 بزووتنەوەی نەتەوەیی؛ وێناسازیی پەروەردەکراو بەرانبەر بە ڕیالپۆلیتیکی بەرهەڵستکارانە
✍ بێهزاد خۆشحاڵی
وێناسازیی پەروەردەکراو توانای بنیاتنانەوە و دووبارە دروستکردنەوەی وێنایەک لە نەتەوە، خاک، ڕابردوو، داهاتوو و خودی نەتەوەیی نەک تەنیا لەسەر بنەمای واقیعە هەبووەکان و ئەمری واقیع، بەڵکوو لەسەر ئەگەر و ئیمکانە خوازراو و ئەخلاقییەکان چالاک دەکات.
گێڕانەوەی نەتەوەیی و یادەوەریی کۆ چێ دەکات، گێڕانەوەیەک لە مێژووی هاوبەش و ئازارەکان و قارەمانەکان و هیواکان دەخولقێنێت، ئەندامانی نەتەوە پێکەوە دەبەستێتەوە، بڕبڕەی پشتی ناسنامەی نەتەوەیی پێک دەهێنێت، ئاسۆی داهاتوو دروست دەکات و وای لێ دەکات باوەڕپێکراو بێت، ئەخلاق و عەقڵی تاک و کۆی نەتەوە لە قاڵب دەدات و بە دامەزراوەیی و بڕوامەندیی دەکات، دەبێتە هۆی پێناسەکردنەوەی ناسنامەی چالاک، بەسیجی ئەخلاقی و سۆزداری و پاڵنەرانە دروست دەکات، ڕێگری لە فانتازیای کاڵ دەکات.
"ئەوەی دەتوانێت ببێت" بە "قبووڵکردنی ئەوەی ئێستە هەیە" دەگۆڕێت، "داهاتووسازی، ماناسازی، ئێستەناوەندی و چورتکەخستن" بەپێچەوانەی "هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییە دەستبەجێیەکان و پاراستنی مانەوە" بەرنامەدار دەکات، هەوڵ دەدات "ئاسۆی هاوبەش، متمانەی بەکۆمەڵ، ناسنامەی گێڕانەوە و یەکیەتیی ئەخلاقی" دروست بکات لە بری "مامەڵە و سازشی پاسیڤ و تاکتیکی کورتخایەن و تەنیا ئەمری واقیع"، لە جیاتی "هێشتا کاتی نەهاتووە"ی ڕیالیزمی بەرهەڵستکارانە، دەستەواژەی "ئەگەر ئێستە نابێت، ئەی کەی؟" باس دەکات.
بە جێگەی "پاسیڤبوون بەرانبەر بە دۆخی هەبوو"، "گرژیی داهێنەرانە" دروست دەکات، ئازادیی نەتەوەیی و مافی چارەنووس دەکاتە ئامانج لە بری ئەوەی سەقامگیری و مەسڵەحەت بە سەراتی بکات. بەپێچەوانەی ڕیالیزمی بەرهەڵستکار، ڕادیکالیزمی بنیاتنەر سنووردار ناکات و نابێتە هۆی وەرینی ئیرادەی نەتەوەیی، داواکارییە نەتەوەیییەکان داناشکێنێت بۆ داواکاریگەلی بچووکتر، لە جیاتی ئەوەی پەنا بۆ گێڕانەوەگەلی پاسیڤ یان بەرژەوەندخواز ببات، گێڕانەوەی نەتەوەناوەند دروست دەکات.
💎 @Perrenus
1 052
📝 بە ئایدیۆلۆژیکردنی دێموکراسی
✍ شاهین کەریمی
ڕوانگەیەکی دوگماتیزمی داخراو سەبارەت بە پرسی دێموکراسی لەنێو کورددا هەیە کە گشت ڕێگەچارەکان دەگەڕینێتەوە بۆ دێموکراسی. ئەگەرچی دێموکراسی شێوازێکی باش و تاکوو ئێستەش باشترین شێوازە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، بەڵام بەکارهێنانی وەک شاکلیلێک لە هەر هاوکێشەیەکدا، بەتایبەت ئەو هاوکێشانەی بەڕاستی دێموکراسی ڕێگەچارەیان نییە، جگە لەوەی خزمەت بە خەڵک و دێموکراسی ناکات، بەڵکوو بە دژی دێموکراسی و ئاسایش و ئازادیی خەڵک دەوەستێتەوە.
یەکێک لەم حاڵەتانەی دێموکراسی بە شێوەی ڕەها بەکار دێنێت، ڕوانگەی کەسانی وەک د. عەباس وەلییە کە پێی وایە پرسی کورد و کێشەی کوردستان بە شێوەی دێموکراسی چارەسەر دەبێت. هەر ئەم ڕوانگە ئێستە لە باکووری کوردستان لە لووتکەدایە و بەپێی ڕێچکەی دێموکراسی، خەریکی خۆهەڵوەشاندنەوەن.
لە باشووری کوردستانیش پرسی دێموکراسی ئەو هاوکێشە سەقەتەی لێ کەوتووەتەوە کە پڕۆژەکان بە قازانجی هەرێمی کوردستان بلۆک دەکات.
د. وەلی پێی وایە کە دۆزی شارێکی وەک ئورمیە تەنیا دەبێت بە دێموکراسی چارەسەر بێت و هەر کەس لەم ڕوانگە لا بدات و جگە لەمە شتێکی تر بڵێت، لە پلەی ئەقڵانییەت دەکەوێت و تاوانی کردووە و مەترسیی خوڵقاندووە.
لێرەدا، دێموکراسی دەبێتە ئایدیۆلۆژی و پیرۆز دەکرێت. بەڵام هەمیشە دێموکراسی ڕێگەچارە و باشترین ڕێگەچارەی پێ نییە. بەڵکوو ڕاستی، بەڵگە مێژوویییەکان، هاوکێشەی هێز، سووربوون و خۆڕاگری، باجدان، خوێندنەوە و خۆئامادەکردن، هاوپەیمانی و هێزی دەرەکی و چەندنین فاکتەری تر، دەتوانن دیاریکەر بن.
هەڵبەتە ئەو دێموکراسییەی د. وەلی باسی لێ دەکات، ڤێرژنێکی تایبەت لە دێموکراسییەتە لەگەڵ دێموکراسیی باو و ناسراوی لیبراڵی ڕۆژاوایی زۆر جیاوازە. دێموکراسییەکەی د. وەلی جەوهەری خۆی لەو دێموکراسییە وەرگرتووە کە ئێستە خەریکی دروستکردنی تورکیەی دێموکراتی بەهێزە، بەبێ ئەوەی هیچ پێناسە و چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ کوردی تێدا بێت.
تێبینی: پرسی دێموکراسی ناوخۆیییە و بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و چەسپاندنی ئیرادەی خەڵکی وڵات لە حکوومەت و دەسەڵاتدا کار دەکات، نەک بۆ بڕین و بەخشین لە مافی نەتەوەیی، جوگرافیای نیشتمانی و بەرژەوەندیی نەوەکانی ئێستە و داهاتوو.
💎 @Perrenus
1 052
📝 بۆچی ڕووناکبیران لە سیاسەتمەداران خۆشەویستترن؟
✍ ئارام کەیخوسرەوی
سیاسەت پانتایییەکی ڕەقوتەقی هەیە، زیاتر لەوەی پانتاییی حەزەکانی ئێمە بێت، پانتایی ئەگەرەکانە. لۆژیکی تایبەت بە خۆی هەیە؛ سەرچاوەی ئەم لۆژیکە لە هێز و توانایییەوە دێت. زمانی سیاسەتمەدار و کردە و هەڵوێستەکانی پەیوەندییان بەم هێز و توانایییەوە هەیە. بەم پێیە سیاسەتمەدار ڕووبەرێکی بێسنووری لە بەردەستدا نییە؛ کردەکانی، وشەکانی و زمانی ئاخاوتنی بەپێی لێکدانەوەی لە هێز و توانایییەکانی هەڵدەبژێرێت.
ئێمە سیاسەتمەدارەکانمان خۆش ناوێن، چونکە هەمیشە بە دڵی ئێمە قسە ناکەن، ڕەنگە بە دڵی خۆشیان قسە نەکەن، بەڵام نموونەی ئاوارتەش هەیە. جاری وایە سیاسەتمەدارێک لە فیگۆری کەسایەتییەکی کاریزماتیک سەرهەڵدەدات، گرنگترین تایبەتمەندیی کەسایەتی کاریزماتیک ئەوەیە ئەم مەودایە کەم دەکاتەوە. گەورەیی و خۆشەویستنی ئەم کەسایەتییە حەزەکانی ئێمە لەنێو خۆیدا دەتوێنێتەوە. سیاسەتمەدارێکی وا دەتوانێت کەلێنی نێوان حەزەکان و کردەکان، ئاواتەکان و زمانی ئاخاوتن پڕ بکاتەوە. ئەو شکۆیەک بە ئەو پانتایییە دەدات کە خەڵک دەتوانێت زیاتر لێی تێ بگات و هەستی پێ بکات.
ڕووناکبیر لە پانتاییەکی تردایە، ڕووبەرێکی بەرفراوانتر لەبەر دەستیدایە. ئەوەی سیاسەتمەدار ناتوانێت بیڵێت، ڕووناکبیر دەتوانێت باسی بکات. ڕووناکبیرەکان لە سیاسەتمەدارەکان خۆشەویستترن، چونکە زیاتر لە حەز و خولیا و خەونەکانی ئێمە دەدوێن. ڕووناکبیر لە قەڵەمڕەوی بەرتەسکی ئەگەرەکاندا نییە، ئاسۆیەکی بەرفراوانتری هەیە، بۆیە ڕووناکبیر بە پێچەوانەی سیاسەتمەدار دەرفەتیکی زیاتری بۆ هەڵەکردن هەیە. سیاسەتمەدار نابێت هەڵە بکات، ڕەنگە هەڵەی سیاسەتمەدار کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە، بەڵام ڕووناکبیر دەتوانێت هەڵە بکات، دەتوانێت پاشگەز ببێتەوە، بەبێ ئەوەی لێکەوتەیەکی کارەساتباری لێ بکەوێتەوە.
ڕووناکبیر دەتوانێت ئاواتەکان بپارێزێت، خەیاڵکردی سیاسیی کۆمەڵگەکەی چالاک بکات و دەتوانێت سنووری ئەگەرەکان بۆ سیاسەتمەدار زیاتر بکات. ئەم جیاکارییە بۆ بزاڤێکی ڕزگاریخواز ڕەنگە بڕێک ئاڵۆز بێت، بەڵام ئاڵۆزتر لەوە ئەوەیە کە ڕووناکبیر بە زمانی سیاسەتمەدارەوە قسە بکات. ئەوەی دەبێت سیاسەتمەدارێک بیڵێت (ئەگەر پێویست بێت بیڵێت) لە زاری ڕووناکبیرەوە ببیسترێت. لە دۆخی وادا، ئاواتەکان و یۆتیوپیاکان دەبنە قوربانی ڕاستیی داسەپاو.
💎 @Perrenus
