en
Feedback
Perrenûs

Perrenûs

Open in Telegram

پەڕەنووس: مەکۆی نیشتمانپەروەران ـ سەکۆیەک بۆ خزمەتکردنی کوردستان و کورد ـ لاپەڕەیەک بۆ گەیاندنی زانیاری و پەرەپێدان بە هۆشیاریی تاکی کوردستانی. بۆ پەیوەندی: @Kar1kurdistani

Show more
1 052
Subscribers
No data24 hours
-67 days
-2130 days
Posts Archive
📝 ئێرانشاری و چەمکە ساختەکانی ✍ فریا یوونسی ئەو دروشمە ساختانەی ئەم ڕۆژانە، بە بیانووی شەڕەوە لە ئێرانییەکانی دەبیستین، بۆ من - لانی کەم - لە دوای شۆڕشی ژیناوە، شتێکی سەیروسەمەر نییە. لە بیرم ناچێتەوە لە "جوانڕۆ" تیربارەکان بە فارسی دەیانپێکاین، کەچی بە کوردی بریندار دەبووین، بە کوردی دەمردین. نەمدی لەگەڵ ئەو هەموو گوللەیەی کورد و بەلووچی دەپێکا، ڕۆشنبیرێک، نووسەرێک، هۆزانڤانێک و هونەرمەندێکیان دەنگ هەڵبڕێت و دژی بێت. بیانناسی، دەزانی کە لە هەموو قۆناغێکی ئامادە بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لەو جوگرافیا ساختەیەدا، هەموویان بەناوی "تەمامیەتی ئەرزی"، کێچ دەکەوێتە کەوڵیان و دەست ئەکەن بە سڕینەوەی ناسنامەی ئەوی تر. من خۆم لە تەمەنی شانزە ساڵیمەوە هاتوومە نێو دنیای ئەدەبیات و ئاسایییە منیش سەردەمێکی زۆر شەیدای ئەدەبیات و زمانی فارسی بووێتم و ئەم شەیدایییەش ڕێگر بووبێت لە داهێنانم بە زمانی دایکیم، کە تا زیاتر لە هەموو باڵەکانی قووڵ دەبمەوە و بەرانبەر بە زمانێکی دیکە دایدەنێم، زیاتر دەزانم چیم لەکیس خۆم بردووە. بەڵام ئێستە لە سەرێکیشەوە خۆشحاڵم کە ئەو ئەزموونەی سەردەمی نزیکبوونەوەم لە زمان و ئەدەبی ئێرانی، زیاتر ئەو ڕێبازە ڕاسیستییەی بۆ ڕوون کردوومەتەوە. ئێستە ئەزانم چەندە بە دزین و داتاشینەوەی وشە و دەستەوشەکانی زمانەکانی دیکە، چەمکی سەیروسەمەریان بۆ خۆیان داتاشیوە و واش پێیان فرۆشتووینەتەوە، تومەز لە جیهانێکی دیکەوە بەتایبەت بۆیان نێردرابێت کە ڕێنوێنیی مرۆڤایەتیی پێ بکەن. "مرۆڤی ئێرانی"، "مێژووی ئێرانی"، "زمانی ئێرانی"، "هونەری ئێرانی"، "کولتووری ئێرانی"، "هزری ئێرانی"،  "عیرفانی ئێرانی"، "ئەدەبیاتی ئێرانی" و هەرچییەکی دیکە کە ئەو پاشناوەی پێوە دەلکێنرێت، یەکسەر دەچنە بەستێنی ڕاسیزمێکی ئێرانییەوە. ئەم چەند ڕۆژە لە سەردێڕی ڕاگەیاندنەکانیانەوە، هێندەی سەردەمی ڕەزا خان و کوڕەکەی، وشە و دەستەوشەی سەیروسەمەرە داهێنراون بۆ ئەوەی خاکی ساختەیان، لێک پچڕپچڕ نەبێت.  بۆ نموونە "ترۆمای نەتەوەیی (ملی)" یەک لەو سەردێڕانە بوو لە ڕۆژنامەیەکی بەنێوبانگیاندا کەوتە بەر چاوم و دواتر کە خوێندمەوە، بینیم هەیهوو، خەریکە زانستی دەروونناسیشم یەکسەر لەبەر چاو ئەخات. نووسەری وتار، بە هەندێک چەمکی ساختەی وەک "هەمزیستی" و "هەمدێلی" و هەمنازانم چییەوە، کە هیچ ئێرانییەک باوەڕی پێی نییە، کەوتبووە پەلەقاژە بۆ پاراستنی قەوارەیەک کە خۆی دەزانێت، ساختە و داسەپێنراوە و هەربینا هەڵوەشایەوە. جا ئەگەر تۆ بەم هەموو ئەزموونەی کە بەدرێژاییی ئەم سەد ساڵەدا کۆمان کردووەتەوە و هێشتا بوخچەی نەکراوەیە - چونکە قەت بەکارمان نەهێناوە -؛ بەو هەموو داواکارییە ئاسایییانەی وەکوو زمانێکی جیا لەنێو ئەو جوگرافیا بەزۆر دروستکراوەدا دەرمانبڕی و لە وەڵامدا، دایانبڕین لە ژیان و مان و نیشتمان و هەموو ئەو چەمکانەی مانا بە "مان" دەدەن. بەو هەموو خوێنەی لە شۆڕشی ژینا، لە دەستپێکی مودێڕنترین شۆڕشی جیهان - شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی - ڕژایە سەر شەقامەکانی سەقز، جوانڕۆ، بۆکان، سنە، مەهاباد، کرماشان و ..؛ بەو دایکانەوە کە هێشتاش سەریان لەسەر بەرماڵەکان هەڵنەگرتووە - کۆسپکەوتووانی گڕگرانی ڕۆژهەڵاتم -؛ هێشتا هەوڵی پاراستنی ئەو چەمکە ساختەیە دەدەیت، داوەشێی باشترە ... 💎 @Perrenus

📝 دەرفەتێک لە ماوەی سەدەیەکدا؛ ئایا ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە؟ ✍ د. قادر وریا ئەم دەرفەتەی لە ئەنجامی شەڕی ئێران و ئیسرائیل خەریکە بۆ خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراو دەخولقێت، لەوانەیە لە ماوەی سەدەیەکدا هەر جارێک یان دوو جار بێتە پێش. ئەم جۆرە دەرفەتانە ئەگەر بەباشی سوودیان لێ وەرنەگیرێت، ئەگەر ئێمە وەک کوردستانی و وەک حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی سوودوەرگرتن لەو دەرفەتەدا نەبین، زیانێکی گەورە بە داهاتووی خۆمان دەگەیەنین. ئێستە کاتی ئەوەیە ناکۆکییەکان، ڕقەبەرایەتیی ناسالم و کارە لاوەکییەکان وەلا بنێین، بە خێرایی چوارچێوەیەک، یان ئۆرگانیزاسیۆنێک لە سەر بناغەی ئامانجە هاوبەشەکان پێک بێنن. ئەم ئۆرگانیزاسیۆنە دەتوانێت ببێتە مەرجەعێک بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەم هەلومەرجەدا، بۆ خۆڕێکخستن و شوێندانان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان هاندەر و ڕێنیشاندەریان بێت، لە قۆناغی لەبەریەکهەڵوەشانی دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی دەوڵەتی ئێران پێشی دروستبوونی ئاڵۆزی و هەرکەس هەرکەسی بگرێت.  ئەم ئۆرگانیزاسیۆنە چ ڕوو بە هێز و لایەنە ئێرانییەکان، چ ڕوو بە دنیای دەرەوە، دەتوانێت وەک نوێنەری نەتەوەی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێست بگرێت. بۆ نموونە دەتوانێت لە ئەگەری ڕووخان و لەبەریەکبڵاوبوونی ڕێژیمی ئێستەی دەوڵەتی ئێران بەشداری و ڕۆڵی هەبێت لە دیاریکردنی دەسەڵاتی جێگرەوە، یان ئەو ئەنجومەن و شورایەی ئێران لە قۆناغی تێپەڕیندا بەڕێوە دەبات. لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەی ئێران لەسەر بناغەی خاڵە هاوبەشەکان ڕێک بکەوێت و هاوهەنگاوی لەنێوان کوردستان و ئێران دروست بکات بۆ ئامادەکردنی بناغەکانی هەر ئەگەرێکی داهاتوو، هەروەها دەتوانێت لەگەڵ دەوڵەتەکان بکەوێتە وتووێژ بۆ ڕاکێشانی پشتیوانییان لەم نوێنەرایەتییەی کوردستان و چەسپاندنی ستاتوویەکی تایبەت بۆ ڕۆژهەڵات لە داهاتوودا.  ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بوونی پێشینەیەکی لەمێژینەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی، رابردووی دوورودرێژەی خەبات لەگەڵ داگیرکەری ئێرانی، جێکەوتنی حیزبایەتی و دیاردەی فرەحیزبی، هەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەزموونی دەسەڵاتدارەتی و بەڕێوەبردنی ناوچەکانی کوردستان لە نەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەردا، لە هەمووی ئەوانەش گرنگتر هەبوونی بەرنامەی مودێڕن بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتی فرەنەتەوە، فرەزمان و فرەئایینی بەناو ئێران، هەم شیاوی ئەوەیە و هەم خاوەنی ماتەوزە (پتانسیەل)ێکی ئەوتۆیە کە ڕۆڵێکی دیار و گەورە و کارای دوای نەمانی ڕێژیمی ئیسلامیی دەوڵەتی ئێرانیدا هەبێت. نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و چالاکە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، زۆر گرنگە لە جیاتیی ئەوەی لە دوورەوە سەیری ڕووداوەکان بکەن و بزانن ڕووداوەکان و یاریکەرانی دیکە، ئەوان  بەرەو کوێ دەبەن، خۆیان ببن بە بەشێک لەو هێزەی بناغەی داهاتووی کوردستان و ناوچەکە دادەڕێژێتەوە. 💎 @Perrenus

📝 لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکیەتیی نەتەوەیی، بە کوردستانتەوەری دێتە دی ✍مەلا سەعید کاکەڕەش سەرەتای باسەکەم بەم پرسیارەوە دەست پێ دەکەم: لەم چرکەساتە هەستیارەدا چ پرەنسیپێک دەتوانێت تەواوی حیزب و هێز و لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە گرێ بدات و یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکیەتیی نەتەوەیی دروست بکات؟ بە بۆچوونی من ئەو پرەنسیپەی کە دەتوانێت هەموو حیزب و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بە هەموو جیاوازە هزری و ئایدیۆلۆژیکییەکان و ڕوانگە سیاسییەکانیانەوە پێکەوە گرێ بداتەوە، "کوردستانتەوەری و کوردستان‌ئەندێشییە" کە پێویستە سێ لقی زۆر گرینگ لە خۆ بگرێت: ــ کوردستان بۆ کورد ــ یەکسانی بۆ گەل ــ ئازادی بۆ هەمووان. ئەم سێ لقە شرۆڤەی زۆری دەوێت بەڵام لێرەدا دەتوانین تەنیا ئەوندە بڵێین کە خاکی کوردستان دەبێت بۆ کورد بێت و لە داگیرکاری ڕزگار بکرێت؛ سیاسەتەکان بەرەو یەکسانی و بەرابەری بڕوات و ئازادییش بۆ هەموو تاک، کۆمەڵ، گرووپ، ڕێکخراو و لایەنێک مسۆگەر بکرێت. کەوایە دروشمی یەکڕیزی و یەکیەتی و یەکگرتوویی کە ئێستە لە ئارادایە هەمووان دەیڵێن و ئێستەیشی لەگەڵدا بێت بەدی نەهاتووە، تەنیا بە کوردستانتەوەری و بەرژەوەندیی نەتەوەیی دێتە دی، ئەگینا هەر کەس و لایەنێک بەرەو ئایدیۆلۆژیی خۆی ڕایدەکێشێت و ئەمە هیچی بۆ نەتەوە وەک گشتییەتێک لێی شین نابێت؛ کوردستانتەوەری هەموو حیزب و لایەنێک لەخۆ دەگرێت و بۆی نییە کەس وەلانێت. ئایدیۆلۆژی‌ئەندێشی و دەستڕاگرتن بەسەر دۆخەکەدا ناتوانێت تێگەیشتنێکی گشتگیر مسۆگەر بکات کە هەمووان باوەڕ و قەناعەتی پێ بێنن، مەگەر بە کوردستانتەوەرەی و کوردستان‌ئەندێشی بەو وردەکارییەی کە ئاماژەیەکی کورتم لەسەرەوە پێ داوە و ئەگەری ئەوەش هەیە زۆر کەسی دیکەیش پێش لە من بیری لێ کردبێتەوە. لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێم: دۆخەکە هەستیارە و کوردستان چاوەڕوانە ... 💎 @Perrenus

📝 کوردستان، هەلەکان و مەترسییەکان ✍ د. ئەمحەد محەممەدپوور دروستکراوەی ڕەگەزی  - زمانیی ئێرانی واتە فارسی، لە حاڵی لێکترازان یان لانی کەم لاوازبووندایە، سیستەمێک کە لەسەر بنەمای پیرۆزیی ڕەگەز و ناسنامەی سەروەر ساز کراوە و ماوەی سەدەیەکە لەسەر جەستەی داگیرکراو و کیانی کاولکراوی نەتەوە نافارسەکان، بەتایبەتی لە کوردستان بنیات نراوە و جیهانیش لە بەرانبەریدا بێدەنگی هەڵبژاردووە؛ ئێستەشی لەگەڵدا بێت ئەو ترسەی کە دەوڵەت ـ کۆمەڵگەی فارس لە تاک بە تاکی کوردستانیی هەیە، چی وای لە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا کەمتر نییە. ئێستەش بەر لەوەی نیگەرانی تەقینەوەی بۆمبێک لەسەر سفرەکەیان بن، نیگەرانی ئەوەن سەروەرییەکەیان لەدەست بچێت و کوردیش ببێتە مرۆڤێکی هاوشان و هاوپێگەی ئەوان. ئاخر ئەوان لە پێگەی کۆیلەدارێکەوە سەیری کورد و تاکی کوڕدستانی دەکەن، کۆیلەدار مردنی پێ خۆشترە لەوەی کە نانێک لەگەڵ کۆیلەدا بەشدا بکات. ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن و بەس مەبەست سڕینەوەی توانای ئەتۆمیی ئێران نەبێت و ڕووخانی ئێرانی لێ بکەوێتەوە، پرسیاری سەرەکی ئەوە دەبێت کە نەتەوە نافارسەکان و بەتایبەت کوردستان چ پلان و بەرنامە و هێز و ڕێدۆزێکیان هەیە و چۆن بەرەوڕووی ئەو ئاڵوگۆڕە دەبێتەوە و خۆی لە سەد ساڵ بندەستی و کۆلۆنیالیزم و چەوسانەوە ڕزگار دەکات؟ ڕووی من لە کوردستانە، چون ڕاستییەکەی کوردستان و بەلووچستان ئەو مێژووە سیاسییە و ڕێکخستن و ڕۆڵی ژیۆپۆلیتیکییەکی کوردستان هەیەتی، ئەوانی تر نییانە. لەسەر لوڕ و تورکیش بە چەندین هۆکار - کە لە لێرە کات و شوێنی نییە – هیچ حیسابێک بۆ هاوکاری و هاودەنگی ناکرێت. کەواتە کوردستان پێویستە خۆی لەبیری خۆیدا بێت و مەبەستیشم لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە دەردی باکوور و ڕۆژاوا نەچێت و بەرگی تواندنەوەی برایەتیی گەلانی بە بەردا نەکرێت. ئەگەر حکوومەتی ئێستەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی نەڕووخێت و بەس لاواز بکرێت و لە کۆتاییدا دانوستان و خۆڕادەستکردنێت لە ئارادا دەبێت کە ئەوش بەدوور نەگرین، ئەوا دیسان کوردستان دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ بەرگری لە خۆی لە بەرانبەر سەرکوت و هێرشێکی سیستەماتیک و هۆڤانە لەلایەن حکوومەت و کۆمەڵگەی سەردەست و نوخبە و ڕۆشنبیرەکانی بۆ سەر ڕۆژهەڵات. لەوێدا گومانم نییە کە دەوڵەتی ئێرانی و خەڵکەکەی کوڵوکۆی خۆیان بە کوردستان دەڕێژن، هەر وەک چۆن هەمیشە لە کات و ساتی لاوازبوون و دۆڕاندا دیواری کورتتر لە کوردستانیان نەدۆزیوەتەوە. بە ڕای من، ئەگەر دەوڵەتی ئێرانی خۆی دەرباز بکات، دەورانێک لە سەرکوتی ناوخۆیی دەست پێ دەکاتەوە. هەر ئەو خەڵکەی ئێستە لە حاڵی هەڵاتندان یان بە شانازییەوە پشتی هێرش بۆ سەر "ئێرانی بۆزۆرگ" و مێژووی پڕشەنگداری دەکەن و بوونەتە سیخوری نیزامی و تۆڕی کۆمەڵایەتی و چاوەڕوانن لە دەرەوەڕا ئازادی و دێموکراسی بە تامی فارسییان بۆ بە دیاری بهێنن، لە قڕکردن و سڕینەوەی کوردستانی و کورددا یەک تۆزقاڵیش تێ نافکرن! دیسانەوە ئەوە پێویستیی کوردستان بە یەکگرتن و هۆشیاریی هەزار بەرانبەر دەکات. هەنووکە پرسیار ئەوەیە: ئایا کوردستان لەو شەڕەی ئێستەدا هیچ دەستکەوتێکی دەبێت؟ مێژووی سیاسیی هاوچەرخ سەلماندوویەتی کە کوردستان بەگشتی لە کاتی قەیران و پێکدادانی هێزەکاندا لە قازانجدایە و دەتوانێت شتێکی وەچەنگ بکەوێت. ئەڵبەتە ئەگەر هۆشیار بین و ڕۆڵ و گرینگیی خۆمان لە هاوکێشەکاندا لەبەر چاو بێت و بشیخەینە ڕوو، دەنا لەخۆیدا هیچی تێدا بەستە نابێت. سەبارەت بە داهاتووی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ... ڕوانگەی خۆم هەیە کە ناکرێت بەکورتی باسی بکەم، بەڵام بەگشتی بەشێکی زۆری لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژییەکی "ئاخیرۆزەمان"ی ئایینی – ڕەگەزیدا دەیبینم و ئەگەری هەیە وێستگەی دواتر تورکیە و پاکستان بێت. جارێکان ئەوانە کێشەی ئێمە نین. کێشەی ئێمە سازکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانییە چ بۆ قۆناغی پاش ڕێژیمی ئێستەی دەوڵەتی ئێرانی و چ بۆ ئەگەری هەستانەوە و سەرکوتی دوبارە. 💎 @Perrenus

📝 کوردستان و شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل ✍ کاردۆ کوردە ئەگەرچی ئێران و ئیسرائیل لەمێژە سەرقاڵی جۆرەکانی شەڕی یەکترن، بەڵام شەڕی ئەم جارەیان ڕاستەوخۆیە، هەنووکە پرسیار ئەوەیە، ئەم شەڕە چیی بە ناوچەکە و کوردستان هەیە؟ هەر چۆنێک بێت ئەم شەڕە نەخشەیەکی نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنت و ئیتر هێزەکانی ئەم ناوچەیە هیچیان وەکوو خۆیان نامێننەوە و تەنانەت هەندێکیان دەبن بە مێژوو و هەندێکیشان بۆ دەیان ساڵی تر باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشن. دەبێت ئەوە بزانین کە دوای شەڕی غەزە، دەبینین شەڕی ئیسرائیل و ئێران پێیی نایە قۆناغێکی جیددیتر و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی تەکنۆلۆژیاییی سەربازی و دەبێت یەکێکیان بەلایەکدا بکەون و براوە بن. ئەگەر ئەم شەڕە بەردەوام بێت، هیچ گومانێک هەڵناگرێت کە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە و دووریش نییە کە شەڕی جیهانیی سێیەمی لێ بکەوێتەوە و گشت جیهان بگرێتەوە. بەردەوامیی ئەم شەڕە کاریگەریی سیاسی و ئابوری و ژینگەییی خراپ لەتەک خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتی ئەگەر چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنرێت؛ چونکە زۆرینەی شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بێگومان ئەم کاریگەرییانەیشی بۆ کوردستان زۆرتر دەبێت. لە لایەکی دیکەوە پێشبینی دەکرێت ئەم شەڕە لە کورتترین کاتدا کۆتایی بێت و ئامانجێکی سیاسی و دیپلۆماسییانەی هەبێت بۆ وتووێژەکانی ئێران و ئەمریکا.  هەر چۆنێک بێت ئەم شەڕە داهاتووی ناوچەکە هەمووی دەگۆڕێت، بۆیە دەبێت ئێمەش لە کوردستانی گەورە و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر هەستیار و وشیارانەتر لە جاران مامەڵە بکەین، چونکە بەشێک لە خاکی کوردستان لەنێو جوگافیایەی دەستکردی ئێراندای. باشترین و گونجاوترین هەنگاوی ئەم قۆناغەی کوردستان بەهێزکردنی یەکگرتووییی نەتەوەیی و یەکڕیزیی نیشتمانییە، چونکە هەلومەرجێک هاتووەتە پێش کە هەموومان لەم قۆناغەدا دەبێت هەست بە گرینگیی کات و ساتەکە و دۆخەکە و هەروەها بەرپرسیارەتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی زۆرتر بکەین. لەم کات و قۆناغە ئەگەر یەک نەگرین و یەکهەڵوێست نەبێن، لە ماوەی داهاتوویەکی کورت و فرە نزیکدا دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی هەموومان. بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان و گشت کەسایەتییەکان و هەموومان بەگشتی، بە سەرجەم بیرکردنەوە و ڕوانگە و ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکانمانەوە بزانن ئەم شەڕە شەڕی چارەنووسسازە بۆ ناوچەکە و ئێران و بەتایبەت بۆ کوردستان و بەتایبەتیتر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە گۆڕانکارییەکی خێرا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر نەجووڵینەوە، لەم گۆڕانکارییانەیش بەجێ دەمێنین. دەبێت لەوە تێ بگەین کە ئەم شەڕە بۆ گۆڕینی هەندێک دەوڵەت و لەنێوبردنی هەندێک گرووپی جیاوازە؛ بۆیە نابێت هیچ لایەک هەڵە بکات و بۆچوونی بێناوەڕۆک و دژەنیشتمانی و بەپێچەوانەی یەکیەتیی نەتەوەییمان دەرببڕێت و خەڵکی کوردستان بێهیوا بکرێت، ناڵێم هیوای زیادەیش بدەین بە خەڵک، خەڵک خۆی تێگەیشتوو و وریایە و لە دۆخەکە تێ دەگات. بە جۆرێک دەکرێت بێژین سیاسەت تێگەیشتنە لە ڕاستییەکان وەکوو خۆی و ڕاستییەکانیش ئەوەمان پێ دەڵێن کە بەرەی ناوخۆییی کوردستان پێویستی بە یەکانگیری و یەکوێژمانی و یەککرداری و یەکهەڵوێستیی جیددی هەیە. دەبێت لەوەش تێ بگەین کە کوردستان هەنووکە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئورووپا و زلهێزەکان و لە هەمووشیان گرینگتر ئەمریکا و ئیسرائیل گرینگییەکی ستراتیژیکی هەیە و خۆشیان دەیان جار دانیان بەم ڕاستییەدا ناوە، کەوایە با ئێمەش لەم دۆخ و دەرفەتە کەڵکی خۆمان وەرگرین و بیکەینە هەلێک بۆ قازانجی بەرژەوەندیی خۆمان کە تۆرپکی بەرژەوەندیی ئێمەیش، ڕزگاریی کوردستانە. کورد خوێندنەوەی بۆ نیشتمان و پێگە و باردۆخی خۆی هەبێت و لەم شەڕە وەک هەلێکی گونجاو کەڵک وەرگرێت، دەبێت ئامانجەکانمان ڕوون و یەکێک بێت تاکوو بتوانین دەستکەوتی گەورە بۆ داهاتووی خۆمان و نیشتمانمان بەدەست بهێنین، بێگومان وا نەبێت، دیسان بۆ گەلێک ساڵی دوورودرێژی تر دەکەوینەوە دواوە و لە گەلانی تر بەجێ دەمێنین. تێبینی ١ـ وێنەکە لە دەزگای ڕاگەیاندنی "وشە" وەرگیراوە. ٢ـ ناوی چەند شارێک بە هەڵە نووسراوە و لێرەدا ڕاست دەکرێنەوە. خوڕەماوا، مەهاباد، ئورمیە، ئیسفەهان دروستترە. 💎 @Perrenus

📝 دەبێت ئامادەكاری بۆ دروستكردنی قەوارەیەكی تری کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بکرێت ‌✍ مەیسەم مورادی لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ئەو پرسە زیاتر زەق بووەتەوە كە لەم دۆخەدا زیاتر زیانی بۆ كوردستان هەیە یان قازانج؟ چاودێران پێیان وایە ئەم دۆخانە هەموو جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی ئیسرائیلە، ئەویش گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە بێگومان ئەم گۆڕانکارییانە زۆر بە قازانجی كوردستان  دەبینێت.  بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم شەڕە، دەبێت بگەڕینەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦ ز. كاتێک بنیامین نیتانیاهوو لە كتێبەكەی خۆیدا باسی ئەوەی كرد كە سووریە، ئەفغانستان و چەند وڵاتی تری ناوچەكە، بەتایبەت ئێرانی وەک سەرچاوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی ناو بردووە. لە كۆی هەموو ئەو وڵاتانەی كە نیتانیاهو باسی كردبوون، تەنیا ئێران مابوو كە لێی نەدرێت، بەڵام دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣، بەستێنی لەناوبردنی هەموو ئەو یەكە سیاسییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش کرا، كە بەشێوەی نەریتی حوكمڕانییەكەیان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بوو؛ حەماس لە غەزە، حیزبوڵڵا لە لبنان، بەشار ئەسەد لە سووریە، ئێستەش كاتی ئێران هاتووە.  ساڵی ٢٠٢٤ نیتانیاهو لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، وێنەی نەخشەیەكی بەرز كردەوە كە ئێران، عێراق و سووریەی بە ڕەنگی ڕەش پێشان دابوو و وەک بەرەی "نەفرەت" باسی لێوە كرد. دوای داڕمانی بەرەی مقاوەمەت و لاوازبوونی ئێران، ئەو دەرفەتە بۆ ئیسرائیل هاتە پێش بۆ ئەوەی پلانی خۆی كە لەمێژە چاوەڕوانی بوو، جێبەجێ بكات. پلانەكەش ئەوەیە لە ئێران بدرێت و بەم جۆرە كۆتایی بە هەموو مەترسییەكان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بهێنرێت. لێرەدایە كە دەتوانم بیژم، بەڵێ، ئەوەی كە ڕوو دەدات لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، تەنیا شەڕێک نییە بۆ كۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمیی ئێران، بەڵكوو پلانێكی گەورەترە بۆ ناچەكە و یەكێک لە دواقۆناغەكانی چەسپاندنی نەزمێكی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنەوەی دووبارەی ناوچەكەیە. هەنووکە پرسیار ئەوەیه کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەم شەڕەدا بەرەو كوێ دەچێت؟ دەشێ ئەویش وەکوو ڕۆژاوا و باشووری کودستان ببێتە خاوەن کیانێکی خۆبەڕێوەبەری؟ ئیسرائیلییەكان لە سەرەتای گۆڕانكارییەكانی سووریەوە باسیان لەوە دەكرد كە لەگەڵ كوردەكان پێوەندییان باشە، تەنانەت وەک "هاوپەیمانی سروشتی"ی خۆیان ناوی كوردیان دەهێنا. یەكێک لە هۆكارەكانی ئەم باسانە، ئەوە بوو كە جوگرافیای كوردستانی گەورە بەشێک بوو لەو پلانە گەورەیەی كە ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتبوو کە بێگومان ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش بەشێكە لەم پلانە.  نزیكترین جوگرافیا بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەی نفووز بكاتە نێو ئێران، ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. ئیسرائیل لە دوو ڕۆژی پێشوودا هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی كۆریدۆرێكی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ نێو قووڵاییی خاكی ئێران بكاتەوە. لەم ئاراستەیەدا هەموو سیستمە بەرگرییەكانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرانە ئامانج و ئەو كۆریدۆرە ئاسمانییە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە كرایەوە. هەروەها وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پەیامێكدا وتی: "لە ڕۆژاوای ئێران كە مەبەستی (ڕۆژهەڵاتی كوردستانە) تاکوو دڵی تاران، ئیسرائیل ڕێگەیەكی ئاسمانی دروست كردووە و فڕۆكەكانیان بە ئاسانی هاتوچوو دەكەن".  ئەمە بە واتای ئەوەیە كە جوگرافیای كوردستان بەشێكە لەم شەڕە و دەتوانێت وەک خاڵی وەرچەرخان بێت بۆ ئیسرائیل. بوون بە بەشێک لەم شەڕە، دەتوانێت گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە دۆخی كوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت دروست بكات، بەڵام ئەمە پێوەندیی بە ئامادەگیی كوردستان و کورد لە ڕۆژهەڵات هەیە و یەكگرتووییی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە هاوكاری و هاواهەنگی لەگەڵ هەولێر و قامیشلۆ، دەتوانێت تەنانەت ببێتە هۆی ئەوەی كە ئێمە باس لە دروستكردنی قەوارەیەكی تری كوردستانی، ئەم جارە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكەین.  باوەڕم وایە کە دۆخی ئێستەی ئێران بەئاسانی كۆ ناكرێتەوە و ئێران تەنانەت دەتوانێت وەک بەشار ئەسەد لە سووریەی بەسەر بێت، بۆ نموونە چۆڵكردنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، وەک چۆن بەشار ئەسەد لە سەرەتای بەهاری عەرەبی و هاتنی داعشدا نەیتوانی ڕۆژاوای كوردستان بپارێزێت و كورد ئەو ناوچانەی بەدەستەوە گرت، ئەمەش دەتوانێت یەكێک لە سیناریۆكان بێت بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان. تێبینی ئەم بابەتەی کاک مەیسەم، بەشێک لە زەنجیرە وتووێژێکی دەزگای ڕاگەیاندنی "وشە"یە لەگەڵ کۆمەڵێک چاوەدێر و شرۆڤەکاری سیاسیی کوردستانیدا. @Perrenus

📝 ئێمە کوردستانی تاکوو دەوڵەتمان نەبێت، لە دەرەوەی بازنەی مێژوو و مرۆڤایەتیین ✍ نیشتمان کوردستانیزادە کە نەتەوە داگیرکەرەکان و بەتایبەت دەسەڵاتەکانیان باسی "تەجزیەتەڵەب"ی دەکەن، وای وێنا دەکەن کە کوردستان دەخەینە نێو کۆڵەپشتی و هەڵی دەگرین دەیبەین و دەڕۆین. نەخێر، بۆ دڵنیاییی هەموو داگیرکەران، دەبێت بوترێت کە نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی، هەتاهەتایە هەر لەو ناوچەیەی خۆمان دەمێنینەوە و نە نیشتمانمان چۆڵ دەکەین و نە دەشتوانن لەنێومان ببەن، چونکە لەو نیشتمانەدا ڕیشەی خوێنیمان هەیە. کەوا بوو ساویر و خەیاڵپڵاوی سازکراوی بێبنەمای فاشیستانەی فارسی ـ ئێرانی، ناژیرانە و نالۆژیکییە. هەنووکە پرسیار ئەوەیە: خەڵکی کوردستان کە بڕیارە هەتاهەتایە لە نیشتمانی خۆماندا بژین و چۆڵی نەکەین، چۆن خۆمان ڕێک دەخەین و خوازیاری چین؟ ئایا خوازیاری سیستەمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی ئەم جوگرافیا ئایدیۆلۆژییە سیاسییەیانەی ئێستەداین؟ خوازیاری کۆنفیدراڵزمین؟ یان سەربەخۆییخوازین و لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا دەبینە هاوسێی چاک؟ یان دەبینە نموونەیەکی وەکوو یەکیەتیی ئورووپا کە لە دوای دوو شەڕی جیهانی، گەیشتنە ئەو باوەڕ و قۆناغەی کە دان بە سەرەوەریی یەکتردا بنێن و بەوپەڕی هاوکاری و ئاشتییەوە پێکەوە بژین. سەرەڕای ئەوەی کە بنەمای داڕشتنی سیاسەت، خەیاڵات و دەمارگیریی بێبنەمای مێژوویی نییە و بۆ ئێمە کورد ڕزگاریی نیشتمانی داگیرکراومان و دابینکردنی ژیانە بۆ منداڵەکانمان؛ نەوەی ئێستە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە و لەو بارودۆخە قەیراناوی و کارەستابارەی لەو وڵاتە دەستکردانەدا هەیە، هیچ داهاتوویەکی ڕوون بۆ خۆیان نابینن. ئەم نەوەیە داگیرکردنی کوردستانە بە کێشەی بنەڕەتی دەبینێت و زۆر باش لەو کێشە گەورەیەش تێ گەیشتووە و هەوڵ بۆ دۆزینەوە ڕێگەچارە و هەنگاوی کرداری دەدەن. نەوەی ئێستە تێ گەیشتووە کە وێڕای بانگەشە چەواشەکارانە و بێبنەماکانی داگیرکەرانی کوردستان، منداڵی کورد وەک منداڵێکی کوردستانی، هاوشێوەی منداڵانی فارس و تورک و عەرەب لەو وڵاتە دەستکردانەدا نەک تەنیا لە ڕێکخستن و کاروباری سیاسیدا ڕێگەیان پێ نادرێت و دەرفەت و هەلی دەستپێڕاگەیشتن بە ژیانی شایستەیان نییە، بەڵکوو وەک مرۆڤیش لەقەڵەم نادرێن. کەوایە کوردستان و بەتایبەت منداڵانی کورد تاکوو لەم حاڵ و دۆخەی ئێستەدا بین، لە دەرەوەی بازنەی مرۆڤایەتین، چونکە نەتەوەی بێدەوڵەت لەنێو بازنەی مرۆڤایەتیدا نییە. باری دێموگرافیای کوردستان نیشان دەدات کە لاوان و منداڵانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خوازیاری سەروەریی نیشتمانیی وڵاتی خۆمان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانیی دێموکراتیک و شایستەن کە لە ژیانی ئابووری و سیاسیی خۆیاند وەک مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت، هەست بە بوون بکەن. بەخۆشییەوە ئەم ڕەوتەش بەردەوام گەشە دەکات و زیاتر بەرەو بەهێزتربوون دەڕوات؛ ئەوەی زیاتر دڵخۆشمان ئەکات ئەوەیە کە لاوان و ئەم نەوەیە بەگشتی، بە خوێندەواری و هزرین و خوێندنەوە پەرە بەم ڕەوتە نیشتمانییە دژەداگیرکەرە دەدەن. بۆیە ئەو لایەنانەی نەوەی سەردەم پەراوێز دەخەن، پێویستە خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم ڕاستییە ئامادە بکەن کە یان دەبنە هێزی کۆنەپەرستی دژی مێژوو و بێ داهاتوون، یان دەست لەنێو دەستی لاوان و نەوەی سەردەم بەرەو داهاتووی شایستە و ڕوون هەنگاو دەنێن. چونکە لاوانی ئێستەن چارەنووسی داهاتوو دیاری دەکەن و ئەو لایەنە کوردستانییانەی کە بایەخ بە لاوان بدەن، داهاتوو بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن. بۆ ئامادەکردنی گۆڕەپانی سیاسەت بە مەبەستی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەم بوارەدا، پێویستە نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی خۆیان بەهێز بکەن تاکوو دەنگی کوردستان بگاتە دنیا و بەرانبەرەکانی. ئەم خۆبەهێزکردنە فرەلایەنەیە، مەرجی یەکەمی بوونی تێگەیشتنی هاوبەشە لەنێو کورد و کوردستانییەکاندا. جۆری بیرکردنەوەی هاوبەش (مایندسێت)، بەردی بناغەی هەنگاونانە بۆ بەرەوپێشچوون، بۆیە پێویستە هەموو هێزی خۆمان بۆ بەهێزکردنی کوردستان و چالاکبوون لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستانیدا تەرخان بکەین. ئەگەر ئێمە بەهێز و یەکگرتوو بین، ئەو نەتەوانەی کە هاوچارەنووسی ئێمەن، بۆ هاوکاری و هاوفکری و هاوڕاوێژی، بەرەو ئێمە هەنگاو دەنێن. بەڵام مەلەکردن لە گۆڕەپانی داڕێژراو لەلایەن بەرانبەرە ناحاڵییەکانمانەوە، ئەویش بە پەرشوبڵاوی، سیاسەتێکی  نەزانانە و ناژیرانەیە. 💎 @Perrenus

📝 گەورەترین کێشەی کوردستان داگیربوونە، دەبێت بۆ ڕزگاربوونی هەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر                   ✍ وریا هۆشیاری نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی، ئازار و کێشەیەکی گەورەی هاوبەش و هەروەها چارەنووسێکی هاوبەشیشمان هەیە. کێشەکە داگیربوونی خاکی کوردستان و نیشتمانی ئێمەی کوردە و چارەنووسەکەیش گرێدراوی چۆنیەتیی تێڕوانین و تێهزرین و کرداری خۆمانە. لەم بارەیەوە دوو خاڵ دەکرێت وەک بنەمای سەرەکی ئاماژەی پێ بکەین، یەکەمیان هزری نیشتمانی و هۆشیاریی نەتەوەیییە و دووهەمیشیان یەکڕیزی و یەکگرتووییی نەتەوەیی و یەکهەڵوێستیی نیشتمانییە. داگیرکەران بە زەبەر و هەڕەشە و گوشار هەوڵ ئەدەن لە ڕێگەی جۆربەجۆر و بەتایبەت لەنێوبردنی نەتەوەی کورد، خاکی کوردستان بچووک بکەنەوە و هاوکاتیش لە سیاسەتی بە ئێرانیکردن و عەرەبکردن و تورککردنی کوردستانییان بەردەوامن؛ هەروەها هەموو سنووورە دەستکردەکانیش لەنێو دڵی کوردستاندا تەنراون لە پاسداری ئێرانی داگیرکەر و جەندرمەی تورکیەی داگیرکەر و حەشدی شەعبیی عێراقی داگیرکەر و جەیشی سووریەی داگیرکەر، ئەمەش پەرژینی ئەو داگیرکەرانەیە لەنێوان نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەیدا، کە سەرەڕای دابەشکردن و خەسارەکانیان لە کوردستان، بۆ ڕێگریکردنە لە تێکەڵبوونی کوردی پارچەکانی کوردستان و یەکڕیزیی کرداریی نیشتمانی و تەنانەت پەیوەندی و هاوڕاوێژیی کۆمەڵایەتییش. ئەوەی ئەم داگیرکەر و دوژمنە دڕندانە پێمانیان کردووە، تاکوو ئێستە دژ بە هیچ نەتەوەیەکی تر لە جیهاندا نەکراوە و زۆر کەموێنە و دەگمەن بووە، هیچ کارەسات و بەڵایەک نەماوە بەسەر تاکی کوردستانیدا نەهێنن و هیچ زیان و تاڵانێکیش نەماوە لە کوردستان نەیکەن. لە کۆمەڵکوژیی لوڕەکان بگرە تاکوو بارزانییەکان، لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی دێرسم و مەرعەش و زیلان بگرە هەتا کیمابارانی سەردەشت و زەردۆیی و هەورامان، لە کۆمەڵکوژیی کەفێر و عەفرین بگرە تاکوو کیمیابارانی هەڵەبجە، لە کۆمەڵکوژیی شەنگال (ئێزدییەکان) و قاڕنێ و قەڵاتان بگرە تاکوو کۆشکونار و سنە و جوارنڕۆ و ... هەروەها داگیرکەران هەر لە سەرەتای داگیرکردنی کوردستانەوە لە کاولکاریی نیشتمانمان تا هەنووکە تێر نەبوون و ئێستەش هەر بەردەوامن. داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنانی نەتەوەی کورد بەدرێژاییی مێژوو بە بیانوو و پاساوی بێبنەمای جۆربەجۆر وەک دابەشخوازی (تجزیەطلبی)، تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و وێرانکەر (مُخرب)، یاغیبوون و تیرۆریستبوون، دژی یەکپارچەییی خاکی جوگرافیای دەستکردنی داگیرکەران (تمامیت ارضی ایران ـ عراق ـ ترکیە ـ سوریە)، کافربوون و دژایەتیی ئایینی ئیسلام (کفار) (هەرچەند بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان موسڵمانن) و ... یان لەژێر ناوی ئایینی ئیسلام یان لەوپەڕی فاشیستبوونیاندا لەژێر ناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ـ تورکی ـ عەرەبی، ڕۆژانە بۆ لەنێوبردنی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد هەموو هەوڵێکیان، هەر لە پەلاماری سەربازی تاکوو هێرشی وێژمانی و پیلانی جیاواز، خستووەتە گڕ. بەڵام ئەوەی هەر ما و دەمێنێت، کوردستان و کورد بوون و ئەوەش نەمان و دەبێت بڕۆن، داگیرکەرانن. هەموومان باش دەزانین کە تاکوو ڕزگاریی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان، ئەم ڕەوتە مێژوویییە تاڵ و کارەساتبارە بۆمان هەر بەردەوام دەبێت و ئەوانیش باش دەزانن کە ئێمەی خەڵکی کوردستان تاکوو نیشتمانمان لەژێر چنگیان ڕزگار نەکەین، هەر کۆڵ نادەین و لەسەر ڕێگە و ڕێچکە و ڕێبازی پێشنیانمان بەردەوامین؛ بەڵام تاکوو بەدیهاتنی ئەم ئامانجە پیرۆزە، باشترین و کاریگەرترین ڕێگەچارەی بەرپرچدانەوەی ئەم هەوڵانەی داگیرکەران، پەرەپێدانی هەستی نەتەوەیی و گەشەپێدانی هزری نیشتمانیمانە بۆ گەشتین بە ئاکام و دامەزرندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. لەبیرمان نەچێت، سەرەکیترین کێشەی کوردستان داگیربوونە و ئەم کێشەیەش هەرگیز چارەسەر ناکرێت ئەگەر خۆمان نەتوانین یەکگرتوو بین و بە یەک وێژمان و یەک هەڵوێستەوە ڕووبەڕووی داگیرکەران و دوژمانانمان ببینەوە و لە کوردستان وەدەریان بنێین و خۆمان نیشتمان و سەروەری و بڕیار و ژیان و ...ی خۆمان بگرینە دەست. دەبێت لەوەش تێ بگەین کە داگیرکەران هەرگیز بە ئاشتی خاکی کوردستان بەجێ ناهێڵن، هەر کاتێکیش هەست بە ترس لە بیر و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بکەن، گشت کێشەکانیان وەلا دەنێن و لەسەر پرسی کوردستان و کورد، وەک بابەتێکی هاوبەش، یەک دەگرن بۆ لەنێوبردنمان و لەگۆڕنانی ئەو بیر و ئامانجە پیرۆزەمان و تەنانەت لە هیچ هەوڵێکی نامرۆڤانە و هۆڤانەش دەستپارێزی ناکەن (وەک پێشتر ئاماژە بە نموونەکان کراوە). خەڵکی کوردستان و بەتایبەت نەتەوەی کورد دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسکرێکە گەورەیە و ڕزگاریی نیشتمان، هەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر و لە هەموو شتێکیش وەک ئامراز و هەروەها لە گشت دەرفەتێکیش کەڵک وەرگرین. 💎 @Perrenus

📝 گەورەترین کێشەی کوردستان داگیربوونە، دەبێت بۆ ڕزگاربوون هەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر                   ✍ وریا هۆشیاری نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی، ئازار و کێشەیەکی گەورەی هاوبەش و هەروەها چارەنووسێکی هاوبەشیشمان هەیە. کێشەکە داگیربوونی خاکی کوردستان و نیشتمانی ئێمەی کوردە و چارەنووسەکەیش گرێدراوی چۆنیەتیی تێڕوانین و تێهزرین و کرداری خۆمانە. لەم بارەیەوە دوو خاڵ دەکرێت وەک بنەمای سەرەکی ئاماژەی پێ بکەین، یەکەمیان هزری نیشتمانی و هۆشیاریی نەتەوەیییە و دووهەمیشیان یەکڕیزی و یەکگرتووییی نەتەوەیی و یەکهەڵوێستیی نیشتمانییە. داگیرکەران بە زەبەر و هەڕەشە و گوشار هەوڵ ئەدەن لە ڕێگەی جۆربەجۆر و بەتایبەت لەنێوبردنی نەتەوەی کورد، خاکی کوردستان بچووک بکەنەوە و هاوکاتیش لە سیاسەتی بە ئێرانیکردن و عەرەبکردن و تورککردنی کوردستانییان بەردەوامن؛ هەروەها هەموو سنووورە دەستکردەکانیش لەنێو دڵی کوردستاندا تەنراون لە پاسداری ئێرانی داگیرکەر و جەندرمەی تورکیەی داگیرکەر و حەشدی شەعبیی عێراقی داگیرکەر و جەیشی سووریەی داگیرکەر، ئەمەش پەرژینی ئەو داگیرکەرانەیە لەنێوان نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەیدا، کە سەرەڕای دابەشکردن و خەسارەکانیان لە کوردستان، بۆ ڕێگریکردنە لە تێکەڵبوونی کوردی پارچەکانی کوردستان و یەکڕیزیی کرداریی نیشتمانی و تەنانەت پەیوەندی و هاوڕاوێژیی کۆمەڵایەتییش. ئەوەی ئەم داگیرکەر و دوژمنە دڕندانە پێمانیان کردووە، تاکوو ئێستە دژ بە هیچ نەتەوەیەکی تر لە جیهاندا نەکراوە و زۆر کەموێنە و دەگمەن بووە، هیچ کارەسات و بەڵایەک نەماوە بەسەر تاکی کوردستانیدا نەهێنن و هیچ زیان و تاڵانێکیش نەماوە لە کوردستان نەیکەن. لە کۆمەڵکوژیی لوڕەکان بگرە تاکوو بارزانییەکان، لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی دێرسم و مەرعەش و زیلان بگرە هەتا کیمابارانی سەردەشت و زەردۆیی و هەورامان، لە کۆمەڵکوژیی کەفێر و عەفرین بگرە تاکوو کیمیابارانی هەڵەبجە، لە کۆمەڵکوژیی شەنگال (ئێزدییەکان) و قاڕنێ و قەڵاتان بگرە تاکوو کۆشکونار و سنە و جوارنڕۆ و ... هەروەها داگیرکەران هەر لە سەرەتای داگیرکردنی کوردستانەوە لە کاولکاریی نیشتمانمان تا هەنووکە تێر نەبوون و ئێستەش هەر بەردەوامن. داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنانی نەتەوەی کورد بەدرێژاییی مێژوو بە بیانوو و پاساوی بێبنەمای جۆربەجۆر وەک دابەشخوازی (تجزیەطلبی)، تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و وێرانکەر (مُخرب)، یاغیبوون و تیرۆریستبوون، دژی یەکپارچەییی خاکی جوگرافیای دەستکردنی داگیرکەران (تمامیت ارضی ایران ـ عراق ـ ترکیە ـ سوریە)، کافربوون و دژایەتیی ئایینی ئیسلام (کفار) (هەرچەند بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان موسڵمانن) و ... یان لەژێر ناوی ئایینی ئیسلام یان لەوپەڕی فاشیستبوونیاندا لەژێر ناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ـ تورکی ـ عەرەبی، ڕۆژانە بۆ لەنێوبردنی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد هەموو هەوڵێکیان، هەر لە پەلاماری سەربازی تاکوو هێرشی وێژمانی و پیلانی جیاواز، خستووەتە گڕ. بەڵام ئەوەی هەر ما و دەمێنێت، کوردستان و کورد بوون و ئەوەش نەمان و دەبێت بڕۆن، داگیرکەرانن. هەموومان باش دەزانین کە تاکوو ڕزگاریی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان، ئەم ڕەوتە مێژوویییە تاڵ و کارەساتبارە بۆمان هەر بەردەوام دەبێت و ئەوانیش باش دەزانن کە ئێمەی خەڵکی کوردستان تاکوو نیشتمانمان لەژێر چنگیان ڕزگار نەکەین، هەر کۆڵ نادەین و لەسەر ڕێگە و ڕێچکە و ڕێبازی پێشنیانمان بەردەوامین؛ بەڵام تاکوو بەدیهاتنی ئەم ئامانجە پیرۆزە، باشترین و کاریگەرترین ڕێگەچارەی بەرپرچدانەوەی ئەم هەوڵانەی داگیرکەران، پەرەپێدانی هەستی نەتەوەیی و گەشەپێدانی هزری نیشتمانیمانە بۆ گەشتین بە ئاکام و دامەزرندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. لەبیرمان نەچێت، سەرەکیترین کێشەی کوردستان داگیربوونە و ئەم کێشەیەش هەرگیز چارەسەر ناکرێت ئەگەر خۆمان نەتوانین یەکگرتوو بین و بە یەک وێژمان و یەک هەڵوێستەوە ڕووبەڕووی داگیرکەران و دوژمانانمان ببینەوە و لە کوردستان وەدەریان بنێین و خۆمان نیشتمان و سەروەری و بڕیار و ژیان و ...ی خۆمان بگرینە دەست. دەبێت لەوەش تێ بگەین کە داگیرکەران هەرگیز بە ئاشتی خاکی کوردستان بەجێ ناهێڵن، هەر کاتێکیش هەست بە ترس لە بیر و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بکەن، گشت کێشەکانیان وەلا دەنێن و لەسەر پرسی کوردستان و کورد، وەک بابەتێکی هاوبەش، یەک دەگرن بۆ لەنێوبردنمان و لەگۆڕنانی ئەو بیر و ئامانجە پیرۆزەمان و تەنانەت لە هیچ هەوڵێکی نامرۆڤانە و هۆڤانەش دەستپارێزی ناکەن (وەک پێشتر ئاماژە بە نموونەکان کراوە). خەڵکی کوردستان و بەتایبەت نەتەوەی کورد دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسکرێکە گەورەیە و ڕزگاریی نیشتمان، هەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر و لە هەموو شتێکیش وەک ئامراز و هەروەها لە گشت دەرفەتێکیش کەڵک وەرگرین. 💎 @Perrenus

📝 گەورەترین کێشەی کوردستان داگیربوونە، دەبێت بۆ ڕزگاربوون هەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر                   ✍ وریا هۆشیاری نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بەگشتی، ئازار و کێشەیەکی گەورەی هاوبەش و هەروەها چارەنووسێکی هاوبەشیشمان هەیە. کێشەکە داگیربوونی خاکی کوردستان و نیشتمانی ئێمەی کوردە و چارەنووسەکەیش گرێدراوی چۆنیەتیی تێڕوانین و تێهزرین و کرداری خۆمانە. لەم بارەیەوە دوو خاڵ دەکرێت وەک بنەمای سەرەکی ئاماژەی پێ بکەین، یەکەمیان هزری نیشتمانی و هۆشیاریی نەتەوەیییە و دووهەمیشیان یەکڕیزی و یەکگرتووییی نەتەوەیی و یەکهەڵوێستیی نیشتمانییە. داگیرکەران بە زەبەر و هەڕەشە و گوشار هەوڵ ئەدەن لە ڕێگەی جۆربەجۆر و بەتایبەت لەنێوبردنی نەتەوەی کورد، خاکی کوردستان بچووک بکەنەوە و هاوکاتیش لە سیاسەتی بە ئێرانیکردن و عەرەبکردن و تورککردنی کوردستانییان بەردەوامن؛ هەروەها هەموو سنووورە دەستکردەکانیش لەنێو دڵی کوردستاندا تەنراون لە پاسداری ئێرانی داگیرکەر و جەندرمەی تورکیەی داگیرکەر و حەشدی شەعبیی عێراقی داگیرکەر و جەیشی سووریەی داگیرکەر، ئەمەش پەرژینی ئەو داگیرکەرانەیە لەنێوان نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەیدا، کە سەرەڕای دابەشکردن و خەسارەکانیان لە کوردستان، بۆ ڕێگریکردنە لە تێکەڵبوونی کوردی پارچەکانی کوردستان و یەکڕیزیی کرداریی نیشتمانی و تەنانەت پەیوەندی و هاوڕاوێژیی کۆمەڵایەتییش. ئەوەی ئەم داگیرکەر و دوژمنە دڕندانە پێمانیان کردووە، تاکوو ئێستە دژ بە هیچ نەتەوەیەکی تر لە جیهاندا نەکراوە و زۆر کەموێنە و دەگمەن بووە، هیچ کارەسات و بەڵایەک نەماوە بەسەر تاکی کوردستانیدا نەهێنن و هیچ زیان و تاڵانێکیش نەماوە لە کوردستان نەیکەن. لە کۆمەڵکوژیی لوڕەکان بگرە تاکوو بارزانییەکان، لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی دێرسم و مەرعەش و زیلان بگرە هەتا کیمابارانی سەردەشت و زەردۆیی و هەورامان، لە کۆمەڵکوژیی کەفێر و عەفرین بگرە تاکوو کیمیابارانی هەڵەبجە، لە کۆمەڵکوژیی شەنگال (ئێزدییەکان) و قاڕنێ و قەڵاتان بگرە تاکوو کۆشکونار و سنە و جوارنڕۆ و ... هەروەها داگیرکەران هەر لە سەرەتای داگیرکردنی کوردستانەوە لە کاولکاریی نیشتمانمان تا هەنووکە تێر نەبوون و ئێستەش هەر بەردەوامن. داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنانی نەتەوەی کورد بەدرێژاییی مێژوو بە بیانوو و پاساوی بێبنەمای جۆربەجۆر وەک دابەشخوازی (تجزیەطلبی)، تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و وێرانکەر (مُخرب)، یاغیبوون و تیرۆریستبوون، دژی یەکپارچەییی خاکی جوگرافیای دەستکردنی داگیرکەران (تمامیت ارضی ایران ـ عراق ـ ترکیە ـ سوریە)، کافربوون و دژایەتیی ئایینی ئیسلام (کفار) (هەرچەند بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان موسڵمانن) و ... یان لەژێر ناوی ئایینی ئیسلام یان لەوپەڕی فاشیستبوونیاندا لەژێر ناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ـ تورکی ـ عەرەبی، ڕۆژانە بۆ لەنێوبردنی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد هەموو هەوڵێکیان، هەر لە پەلاماری سەربازی تاکوو هێرشی وێژمانی و پیلانی جیاواز، خستووەتە گڕ. بەڵام ئەوەی هەر ما و دەمێنێت، کوردستان و کورد بوون و ئەوەش نەمان و دەبێت بڕۆن، داگیرکەرانن. هەموومان باش دەزانین کە تاکوو ڕزگاریی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان، ئەم ڕەوتە مێژوویییە تاڵ و کارەساتبارە بۆمان هەر بەردەوام دەبێت و ئەوانیش باش دەزانن کە ئێمەی خەڵکی کوردستان تاکوو نیشتمانمان لەژێر چنگیان ڕزگار نەکەین، هەر کۆڵ نادەین و لەسەر ڕێگە و ڕێچکە و ڕێبازی پێشنیانمان بەردەوامین؛ بەڵام تاکوو بەدیهاتنی ئەم ئامانجە پیرۆزە، باشترین و کاریگەرترین ڕێگەچارەی بەرپرچدانەوەی ئەم هەوڵانەی داگیرکەران، پەرەپێدانی هەستی نەتەوەیی و گەشەپێدانی هزری نیشتمانیمانە بۆ گەشتین بە ئاکام و دامەزرندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. لەبیرمان نەچێت، سەرەکیترین کێشەی کوردستان داگیربوونە و ئەم کێشەیەش هەرگیز چارەسەر ناکرێت ئەگەر خۆمان نەتوانین یەکگرتوو بین و بە یەک وێژمان و یەک هەڵوێستەوە ڕووبەڕووی داگیرکەران و دوژمانانمان ببینەوە و لە کوردستان وەدەریان بنێین و خۆمان نیشتمان و سەروەری و بڕیار و ژیان و ...ی خۆمان بگرینە دەست. دەبێت لەوەش تێ بگەین کە داگیرکەران هەرگیز بە ئاشتی خاکی کوردستان بەجێ ناهێڵن، هەر کاتێکیش هەست بە ترس لە بیر و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بکەن، گشت کێشەکانیان وەلا دەنێن و لەسەر پرسی کوردستان و کورد، وەک بابەتێکی هاوبەش، یەک دەگرن بۆ لەنێوبردنمان و لەگۆڕنانی ئەو بیر و ئامانجە پیرۆزەمان و تەنانەت لە هیچ هەوڵێکی نامرۆڤانە و هۆڤانەش دەستپارێزی ناکەن (وەک پێشتر ئاماژە بە نموونەکان کراوە). خەڵکی کوردستان و بەتایبەت نەتەوەی کورد دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسکرێکە گەورەیە و ڕزگاریی نیشتمان، هەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر و لە هەموو شتێکیش وەک ئامراز و هەروەها لە گشت دەرفەتێکیش کەڵک وەرگرین. 💎 @Perrenus

📝 باشترین ڕێگەچارە بۆ پاراستنی کوردستان، پەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی کوردستانییە ✍ دیمەن ڕۆژهەڵاتی زۆر جار لەلایەن ئەو کەسانەوە کە نەزانن و فریوی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستانیان خواردووە، گوێمان لێ دەبێت کە خەڵکی کوردستان شایەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نین و ناتوانن خۆیان بەڕێوە بەرن و لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن. ئەم قسە و باسانە ئەو بالۆرانەن کە دوژمنان و داگیرکەران بەردەوام جاڕی دەدەن بە گوێی تاکی کوردستانیدا؛ ئەمەش بەشێکی بچووکە لە پیلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و یەکێک لە ئامانجەکانیشیان ئەوەیە کە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و هەروەها هزر و ڕامانی کوردایەتی کە بنەماکانی ناسیۆنالیزمی کوردستانین، لەنێو ببەن و خەڵکی کوردستان لە نیشتمان، نەتەوە، ڕەچەڵەک، مێژوو، ڕزگاری، ویستی دیرۆکی و ... خۆیان دوور بخەنەوە و لەنێو خۆیاندا بیانتوێننەوە. لێرەدا دەبێت هەموو کوردستانییان ئەو لەو ڕاستییە تێ بگەین کە لاوازبوون و لەناوبردنی ناسیۆنالیزمی کوردستانی، ئەو ئامانجە سەرەکییەیە کە دوژمنانی کوردستان و کورد خەونی پێوە دەبینن تاکوو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت نەتەوەی کورد بیر لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نەکەنەوە کە سەدان ساڵە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی و قوربانیی بۆ دەدەن؛ چونکە پەرەگرتنی ناسیۆنالیزمی کوردستانی، بەتایبەت لەنێو لاوانی کوردستاندا، دژی پیلانەکانی داگیرکەرانە و ڕاستەوخۆ دەبێتە دژەپیلانی سەرجەم بەرنامەکانیان. بە واتایەکی تر، خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لاوان هۆشیار و وریا دەبنەوە و داگیرکەران هەر بەرنامە و پیلانێک داڕێژن، خەڵکی کوردستان دژەکەی دادەڕێژن و پیلانەکانیان پووچەڵ دەکەنەوە و بەرنامەکانیان سەر ناگرن، ئەمەش بە جۆرێک بەرانبەرە بە دۆڕان و بەرەو هەڵدێربردنی داگیرکەرانی کوردستان و ئاکامەکەشی دەبێت دەرکردنیان و ڕزگاری و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. هەر بەو هۆیەشەوە داگیرکەرانی کوردستان دەیان ڕەوتێکی جۆربەجۆریان لە کوردستان دامەزراندووە و بەردەوام تەیاری ماڵی و هزری دەکرێن بۆ ئەوەی ببنە جێبەجێکاری پیلانە سەرەکییەکانی خۆیان (واتە داگیرکەران) و ئامانجەکانیان بەدی بهێنن. بەشێک لە کارەکانی ئەم ڕەواتانە پەرەپێدانی بێهیوایی لەنێو خەڵک، بەلاڕێدابردن و دوورخستنەوەی لاوان لە ناسیۆنالیزمی کوردستانی، ئاژاوەگێڕی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان، لەنێوبردنی یەکڕیزیی کوردستانی، بڵاوکردنەوەی نەزانی و نەیارشەیدایی و داگیرکەرپەرەستییە و ... لەنێو خەڵکی کوردستاندا. یەکێک لە پیلانەکانی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان کە شتێکی نوێ نییە و خراپ نییە بۆ نموونە ئاماژەی پێ بکرێت، بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکانە لەنێو لاوانی کوردستاندا بەمەبەستی لەنێوبردنی ئەو لاوانە و لەباربردنی وزەی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان؛ هەروەها ئەو لاوانەش کە ناکەونە نێو داو و تەڵەی داگیرکەران و فریوی پیلانەکانیان و بەتایبەت ئەو پیلانەیان ناخۆن، یان بەلاڕێیاندا دەبەن و دەیانکەنە مۆرەی خۆی و لە کۆتاییی مۆرەبوونەکەشیاندا لەنێویان دەبەن و دەیانکوژن یان بە هەر بیانوویەک دەیانفەوتێنن و ژیانیان لێ تاڵ دەکەن و لە گشت ئاوات و ئازەرووەکانیان دووریان دەخەنەوە، لە باشترین دۆخدا بە هەندێک شتێکی لاوەکی کە قازانجیشی بۆ خودی ڕێژیم هەبێت، دەیانخڵەتێنن و سەرگەرمیان دەکەن. بۆیە دەبێت لاوانی کوردستان بە خوێندن و خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن، هۆشیاری و وریاییی خۆیان زۆرتر پەرە پێ بدەن. ئەوەی لەو ساڵانەی دواییدا بەڕوونی ڕوویان داوە، چاوەری (شایەتی) لەسەر ئەو ڕاستییانە ئەدەن. مەخابن جاروباریش هەندێک کەس دەکەونە داوی داگیرکەران و ڕۆژانە ڕاستەوخۆ و بەئەنقەست یان ناڕاستەخۆ و نەزانانە، پیلانەکانیان جێبەجێ دەکەن. ئەو جاش و بەکرێگراوانەش کە بە ویستی خۆیان (لەبەر هەر هۆکارێک) ڕێگەی جاشایەتی و نیشتمانفرۆشییان گرتووەتە بەر، ڕۆڵی سەرەکییان لە بەڕێوەبردنی پیلانەکانی داگیرکەران لە کوردستان هەیە. باشترین ڕێگەچارە بۆ پاراستنی کوردستان و ڕۆڵەکانی لە پیلانەکانی داگیرکەران، پەرەپێدانی زیاتری ناسیۆنالیزمی کوردستانییە کە وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، هەم دژەپیلان و کردەوەی داگیرکەرانە و هەمیش وەک وزەیەکی بەهێزە بۆ پارێزگاریکردن لە نیشتمان و نەتەوەکەمانە و هەروەها ئاکامەکەشی دەبێتە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. 💎 @Perrenus

📝 ئامانجی ناسیۆنالیزمی کوردستانی، دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردستانە ✍ ئارمان کوردستانی ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کوردستان و بەتایبەت شۆڕشی ڕزگارخوازیی گەلەکەمان بدەینەوە، زۆرینەی هەرە زۆری ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەکان لەسەر بنەماغە و بنەمای خاک و نیشتمان بوون؛ بەڵام مەخابن لە ماوەی پەنج دەیەی ڕابردوودا ئەو بنەما و بناغەیە بەتەواوەتی دابەزیوە بۆ ئاستێکی نەزمی کولتووری و فەرهەنگی و هەندێک وردەمافی تر و بەرەو لێواری ترازان و بەلاڕێدا چووە. بێگومان تاکوو ئەم دۆزە ڕەوایە کە گەلێک قوربانی لە پێناویدا دراوە، دیسان نەبەسترێتەوە بە خاک و نیشتمانەوە، چارەسەر ناکرێت. لەوانەیە ڕواڵەتی پەردەپۆش بکرێت یان بە زوانێکی سادەتر، هەندێک مافی سەرەتایی وەک خوێندن بە زمانی کوردی، ئازادیگەلێکی سەرەتایی و تەنانەت دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەریی ئاستنزمی جوگرافیایەکی بەرتەسک کە داگیرکەر بۆت دیاری دەکات، هەبێت، بەڵام بێگومان پرسکرێکی کوردستان بە واتای ڕزگاربوونی نیشتمان و نەمانی هەژموونیی داگیرکەر، چارەسەر ناکرێت. بە واتایەکی ڕوونتر، ئەبێت ناسیۆنالیزمەکەمان کە تاکوو ئێستە ناسیۆنالیزمی کوردییە، گرێ بدرێت بە خاک و نیشتمانەوە و بکرێتە ناسیۆنالیزمێکی هزریی ـ کرداریی کوردستانی. هزری ناسیۆنالێرمی کوردستانی لەسەر بنەمای دۆزی مێژووییی کوردستانە و بەرەو ئەو ئاراستە دەبێت کە خاک و نیشتمان وەک جوگرافیای مێژووییی دیاریکراوی کوردستان، تێیدا کورد خاوەنی سەرەکیی ئەو نیشتمان و جوگرافیایەیە و سەروەریی سیاسیی خۆی لە دەستی خۆیدا و سەربەخۆ حوکمی سیاسیی خۆی بکات؛ ئەگەر ڕێبوارانی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان بەپێچەوانەی ئەمه بجووڵنەوە، لەم هزرە سیاسیی مێژوویی ـ ڕەوایە تێ نەگەیشتوون. واتە لە ناسیۆنالیزمی کوردستانیدا خودی کوردستان ئامانجەکەیە، نەک وەکوو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیکەی وەک لێدان لە سەرمایەداریی و دەوڵەت ـ نەتەوە بەکار بهێنرێت. چارەسەری ئەم پرسە نابێت بە شێوازێک بێت کە سەر بە سروشتی پرسەکە نەبێت و بەرەو ڕێگەیەک بمانبات کە پەیوەندی بە پرسکرێکی پێشینیانەوە نییە. لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی کوردستانی، گرێدانەوەی پرسی خاک و خەڵکە و کورد وەک خاوەنی سەرەکیی ئەم نیشتمانە، خاوەنداریەتیی ئەم پرسە دەکات؛ بەڵام هاوکات هیچ کەمینە نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی و ... تێیدا پەراوێز ناخرێت و هەموو تاکێکی کوردستانی بە هەموو جیاوازییەکانەوە کوردستان بە نیشتمانی خۆی دەزانێت و خۆی تێدا دەبینێتەوە. کەوایە لووتکەی ئامانجی ناسیۆنالیزمی کوردستانی، دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردستانە. 💎 @Perrenus

📝 لووتکەی ئامانجی ناسیۆنالیزمی کوردستانی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردستانە ✍ ئارمان کوردستانی ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کوردستان و بەتایبەت شۆڕشی ڕزگارخوازیی گەلەکەمان بدەینەوە، زۆرینەی هەرە زۆری ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەکان لەسەر بنەماغە و بنەمای خاک و نیشتمان بوون؛ بەڵام مەخابن لە ماوەی پەنج دەیەی ڕابردوودا ئەو بنەما و بناغەیە بەتەواوەتی دابەزیوە بۆ ئاستێکی نەزمی کولتووری و فەرهەنگی و هەندێک وردەمافی تر و بەرەو لێواری ترازان و بەلاڕێدا چووە. بێگومان تاکوو ئەم دۆزە ڕەوایە کە گەلێک قوربانی لە پێناویدا دراوە، دیسان نەبەسترێتەوە بە خاک و نیشتمانەوە، چارەسەر ناکرێت. لەوانەیە ڕواڵەتی پەردەپۆش بکرێت یان بە زوانێکی سادەتر، هەندێک مافی سەرەتایی وەک خوێندن بە زمانی کوردی، ئازادیگەلێکی سەرەتایی و تەنانەت دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەریی ئاستنزمی جوگرافیایەکی بەرتەسک کە داگیرکەر بۆت دیاری دەکات، هەبێت، بەڵام بێگومان پرسکرێکی کوردستان بە واتای ڕزگاربوونی نیشتمان و نەمانی هەژموونیی داگیرکەر، چارەسەر ناکرێت. بە واتایەکی ڕوونتر، ئەبێت ناسیۆنالیزمەکەمان کە تاکوو ئێستە ناسیۆنالیزمی کوردییە، گرێ بدرێت بە خاک و نیشتمانەوە و بکرێتە ناسیۆنالیزمێکی هزریی ـ کرداریی کوردستانی. هزری ناسیۆنالێرمی کوردستانی لەسەر بنەمای دۆزی مێژووییی کوردستانە و بەرەو ئەو ئاراستە دەبێت کە خاک و نیشتمان وەک جوگرافیای مێژووییی دیاریکراوی کوردستان، تێیدا کورد خاوەنی سەرەکیی ئەو نیشتمان و جوگرافیایەیە و سەروەریی سیاسیی خۆی لە دەستی خۆیدا و سەربەخۆ حوکمی سیاسیی خۆی بکات؛ ئەگەر ڕێبوارانی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان بەپێچەوانەی ئەمه بجووڵنەوە، لەم هزرە سیاسیی مێژوویی ـ ڕەوایە تێ نەگەیشتوون. واتە لە ناسیۆنالیزمی کوردستانیدا خودی کوردستان ئامانجەکەیە، نەک وەکوو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیکەی وەک لێدان لە سەرمایەداریی و دەوڵەت ـ نەتەوە بەکار بهێنرێت. چارەسەری ئەم پرسە نابێت بە شێوازێک بێت کە سەر بە سروشتی پرسەکە نەبێت و بەرەو ڕێگەیەک بمانبات کە پەیوەندی بە پرسکرێکی پێشینیانەوە نییە. لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی کوردستانی، گرێدانەوەی پرسی خاک و خەڵکە و کورد وەک خاوەنی سەرەکیی ئەم نیشتمانە، خاوەنداریەتیی ئەم پرسە دەکات؛ بەڵام هاوکات هیچ کەمینە نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی و ... تێیدا پەراوێز ناخرێت و هەموو تاکێکی کوردستانی بە هەموو جیاوازییەکانەوە کوردستان بە نیشتمانی خۆی دەزانێت و خۆی تێدا دەبینێتەوە. کەوایە لووتکەی ئامانجی ناسیۆنالیزمی کوردستانی، دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردستانە. 💎 @Perrenus

📝 خوێندنەوەکانی بێدەوڵەتی ✍ هیوا خاکپوور بە بۆچوونی من و بەپێی خوێندنەوەکانی کەم تا زۆرم لەسەر هەلومەرجی ژیان و هزری نەتەوەگەلێک وەک کورد یان ئەمازیغ و ... بە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری دەبینم کە ئەم نەتەوانە جیا لە هاوکاری و هاوبیریی سیاسی، فەرهەنگی و ڕێکخراوەیی و ... بەرەو داڕشتنی فیلدێکی زانستی وەک خوێندنەوە خۆجێییەکان (indigenes studies) بە ناوی بۆ نموونە "خوێندنەوەکانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان" (الدراسات فی الشعوب بلادولە / statless nations studies) بڕۆن. بەگوێرەی خوێندنەوەی نێوانڕشتەیی و دەکارکردنی میتۆدی گونجاو و کەڵەکەکردنی مەعریفە و ئەرشیڤ لەسەر ئەو نەتەوانە لە هەژموونی و کۆنترۆڵی زانستیی نەتەوە دەوڵەتدارەکان دەرچن و بنیاتی زانستێک بنێن کە باشتر تایبەتمەندییەکانی دۆخی نەتەوە بێدەوڵەتەکان شەنوکەو بکات و لە نەبینراوی و پەراوێزخراوەیی تا ئاستێک ڕزگاریان بکات. لەم بوارەدا یەکجار کەم کار کراوە و خوێندەوارانی سەر بەو نەتەوانە، تەنانەت بە چاوەریی خۆیان (شهوودی خۆیان) و ئەزموونی ژیانکراویان  پێویستی و گرینگیی وەها توێژینەوەیەک بەباشی تێ دەگەن. بەشکوو بە هەوڵی بێوچانی ئاکادمیسییەن و خوێندکار و خوێندەوار و ڕۆشنبیری کورد ئەم بوارە بەزوویی چێ بکرێت و پڕۆژەی لەسەر ڕۆ بنرێت. تێبینی ئەم باسوخواستە بە مانای پیرۆزکردنی دامەزراوەی دەوڵەت نییە. پڕ ڕوونە کە دەوڵەت سازێندراوێکی مۆدێڕنە، هاتووە و دەبێت ڕۆژێک هەر تەواویش بێت، بەڵام ئەو نەتەوانەی ئەم دامەزراوەیان نییە بەباشی لەم قسەی "پۆل ڕیکۆر" تێ دەگەن کە وتوویەتی: "دەوڵەت دەتوانێت جڤاکێکی مێژوویی ڕێک بخات و گەرەنتیی مانەوەیشی دەستەبەر بکات. تیۆرییە مارکسیستییەکان تەنیا لایەنی سوڵتەی دەوڵەت زەق دەکەنەوە ..." جا بەم پێیە هەوڵمان داوە بە زمانی کوردی، بە نووسین و بە وەرگێڕان، لەم بوارەدا هەندێک کار پێشکەش بکەین تا چەند مەڵۆی بچووک بۆ ئەو خەرمانە مسۆگەر بکرێت. @Perrenus

📝 زۆر بەکورتی لەسەر ناسیۆنالیزم ✍ کوردۆ شابان ناسیۆنالیزم بریتییه‌ له‌ جیهانبینی له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كگرتووییی تایبەتمەندییەک
📝 زۆر بەکورتی لەسەر ناسیۆنالیزم ✍ کوردۆ شابان ناسیۆنالیزم بریتییه‌ له‌ جیهانبینی له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كگرتووییی تایبەتمەندییەکانی یەک نەتەوە و لەنێو جوگرافیایەکی دیاریکراودا سەرچاوە دەگرێت. ناسیۆنالیزم، ڕێز لە نەتەوە دەگرێت و خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیییە بە تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە. مرۆڤی ناسیۆنالیست، بێڕێزی بە هیچ نەتەوەیەکی دیکە ناكات، به‌ڵام ته‌نیا كار بۆ نەتەوە و نیشتمانی خۆی ده‌كات. پێناسه‌ی ناسیۆنالیزم به‌ شێوه‌ی ئه‌رێنی و نه‌رێنی، پێوه‌سته‌ به‌و نه‌ته‌وانه‌ی پێڕه‌وی لێ ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی، له‌ فه‌له‌ستین داوای خاكی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام پێی غه‌دره‌ كورد له‌ كه‌ركووک داوای خاكی خۆی بكات. ناسیۆنالیزمی كوردستانی یه‌كێكه‌ له‌ جوانترین ناسیۆنالیزمه‌كان له‌ جیهاندا، چونکە هه‌رگیز هێرشی بۆ هیچ سەر نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانی هیچ نەتەوەیەکی تر نه‌بردووه‌ و مافی هیچ نەتەوەیەکی زه‌وت نه‌كردووه‌، ته‌نیا هه‌وڵی داوه‌ خاک و نه‌ته‌وه‌ی خۆی بپارێزێت؛ به‌ڵام چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی دروست بووه‌ یه‌كگرتوو نه‌بووه‌، هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئامانجه‌کانی بگات. 💎 @Perrenus

📝 ناسیۆنالیزمی کوردستانی وەک بنەمایەکی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران      ✍ ئامانج ڕۆژهەڵاتی بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان ببینەوە، دەبێت هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لە دڵ و دەروونی هەموو تاکێکی کوردستانی گەشە بکات و تەنانەت بگاتە لووتکە. باشتر وایە کە هەر لە قۆناغی منداڵییەوە هەستی ناسیۆنالیزمی ڕەسەنی کوردستانی لە دڵی زارۆک و مناڵە وردیلەکانمان بڕوێنین تاکوو لە ڕەوتی تێپەڕبوونی تەمەنی و گەورەبوونی، زیاتر هەستکردن بە بەرپرسیارەتیی نیشتمانی و نەتەوەیی لە تێڕامان و بیر و هزرینیدا چەکەرە بکات و بێت بە کەسایەتیی نەتەوەویست و نیشتمانپەرەوەر. زۆر لەوە دڵنیام کاتێک مرۆڤ خۆی و ڕیشە و ڕەچەڵەکی خۆی بەباشی بناسێت، هەروەها ئەگەر بزانێت پێشینیانی بۆ چ مەبەستێک خەبات و شۆڕشیان کردووە و نەتەوەکەمان چ کارەساتگەلێکی بەسەردا هاتووە و قوربانیمان داوە، هەرگیز ناکەوێتە تەڵە و داوی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان. ئەگەر تاکەکانی کوردستان، لە گرینگیی ڕامان و بیرکردنەوەی کوردستانی تێ بگەین، نەیار و دوژمن و داگیرکەر زەفەرمان پێ نابەن و بەئاسانی دەتوانین بەرەنگاریان ببینەوە و نیشتمان ڕزگار بکەین؛ بەڵام ئەم تێگەیشتنە دەبێت کۆیی ـ گشتی بێت. بیری ناسیۆنالیزمی کوردستانی، ئەو سیاسەتانەی کە لەژێر سێبەری ئەم هزر و ڕامانەدا ڕەچاو دەکرێت، هۆشیاریی نەتەوەیی کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر پاراستنی بنەماکانی نەتەوەکەمان و مانەوەی نیشتمان و لەوەش گرینگتر، سەرخستنی ئامانجە لەمێژینەکەمانە کە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە؛ بۆ گەیشتن بەم ئامانجە سەرەکی و پیرۆزەش، بەهێزبوون و پێشکەوتوویی و گەشەکردووی نەتەوەکەمانە کە ئەوەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە کۆیی ـ گشتییە و ئەمەش بنەما و بنەڕەتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانە. دەبێت ئەوەش بوترێت کە ڕێبازی ناسیۆنالیزمی کوردستانی لە ڕابردوودا بە جۆرێک لە لووتکەدا بووە کە بەرهەمی دەوڵەتە سەربەخۆکانی مەلیکایەتیی کوردستان، دەسەڵاتی سمکۆی شکاک، کۆماری ئارارات و کۆماری کوردستان بووە، بەڵام مەخابن لە ساڵانی ١٩٧٠ ز. بەرانبەر بە ١٣۵٠ هـ. ناسیۆنالیزمی کوردستانی بەهۆی زاڵبوونی بیری چەپی ڕادیکاڵ و جیهانوەتەنی، دالەنگا و تەنانەت ماوەیەک گەیشبووە ئاستێک کە ڕۆڵەکانی کوردستان نەیاندەوێرا ناسیۆنالیستوونی خۆیان بەئاشکرا دەرببڕن، بەڵام جێی دڵخۆشییە کە لەم دە ساڵەی ڕابردوودا دیسان ناسیۆنالیرمی کوردستانی وا خەریکە بەرەو لووتکە دەڕواتەوە و نەوەکانی شێخ مەحمووی نەمر و ئیحسان نووری پاشا و سمکۆی قارەمان و پێشەوای کوردستان ڕێبازەکانیان زیندوو دەکەنەوە و ڕزگاریخوازی و دەڵەتخوازیی نەوەی ئەمڕۆ جێی هیوا و دڵخۆشییە. هەنووکە لە ئاکامی شۆڕشە ناسیۆنالیستەکانی شێخ سەعید و قەدەمخێر و جافر خانی کانیسانان و داود خانی کەڵهۆڕ کە نەیانهێشت بیری ناسیۆنالیزمی کوردستان لەنێو ببرێت و خەونی داگیرکەرانیان بۆ فەوتانی ناسیۆنالیزمەکەمان و کوێرکردنەوەی هەستی دەوڵەتخوازیی ڕۆڵەکانمان، پووچەڵ کردەوە. بۆیە ئێستە هزر و ڕامانی ناسیۆنالیزمی کوردستانی زیاتر لەچاو جاران ڕوو لە گەشەیە و وەک باس کرا، نەوەی ئەمڕۆ خەریکە دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکە و ڕەچەڵەکی شۆڕش و خەباتی ئەژداد و پێشینیانی خۆی کە ئەمەش ئیرادە و هێزی ڕووبەڕوونەوە و دەکردنی داگیرکەر و ڕزگارکردنی نیشتمان و هیوای گەیشتن بە ترۆپکی ئامانج و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان زیاتر دەکات. 💎 @Perrenus

📝 چۆن کوردێک ده‌توانێت دژی ناسیۆنالیزم و سه‌روه‌ریی سیاسیی کوردستان بێت؟ ✍ د. کەماڵ سلێمانی ئه‌گه‌ر کوردێک به‌ شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و وه‌کوو پره‌نسیب کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه‌ی کوردستان هه‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت، لە بازنەی ناسیۆنالیزمی داگیرکەرانی کوردستانە (یان تورک یان فارس یان عه‌ره‌ب). چونکه‌ ئێستە هیچ قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی ئیداره‌ی‌ خه‌ڵک، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه له‌ دنیادا بوونی نییه‌. بۆیه‌ ئەگەر هەر تاکی کوردستانی دژایەتیی ناسیۆنالیزم و سەروەریی سیاسیی کوردستان بکات، بێ ئه‌وه‌ی بزانێت، له‌ خۆیەوه‌ ئاڵای ڕەوابوونی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌ی داگیرکەر و ناڕەوابوونی ناسیۆنالیزمی کوردستانیی هه‌ڵگرتووه‌. به‌پێی وته‌ی "مایکڵ بێڵیگ" (یه‌کێک له‌ تیۆریسییه‌نه‌ ناوداره‌کانی ناسیۆنالیزم)‌: جۆرێک ناسیۆنالیزمی له‌ خۆیەوه‌یی و ڕۆژانه‌یه‌ (Banal). زۆربه‌ی ئه‌و کوردانه‌ی دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی کوردستانی ده‌که‌ن (یان ته‌نانه‌ت‌ لایه‌نگریشین) له‌ بواری ڕامان و زەینییەوە حاڵیبوونێکی که‌ماڵیستی یان په‌هله‌ویستی و ژاکۆبه‌نیان له‌ ناسیۆنالیزم هه‌یه‌؛ پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه‌ی کوردستانی بوونی هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌ویش بتورکێنێت یان بفارسێنێت یان بعەرەبێنت و لە ناوەڕۆکی کوردستانیبوون بەتاڵ بێت. واتە ده‌بێت ده‌وڵه‌تێک بێت، یه‌ک زمان، یه‌ک شێوەزار و هه‌موو  ناکوردەکانی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی بکات به‌ کورد و هه‌موو کوردیش یان بێنێتە بازنەی کوردیی ناوەندی یان بازنەی کوردیی ژوورین و هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی تری زمانی کوردی له‌نێو به‌رێت. ئه‌وه‌ جۆریک شۆڤینیزمه‌، گرینگیش نییه‌ کێ پشتیوانی لێی ده‌کات. له‌ دنیادا وڵات هه‌یه‌ زمانی فه‌رمیشییان نییه (وه‌کوو ئه‌مریکا)،‌ یان وڵات هه‌یه‌ چه‌ندین زمانی فه‌رمیی تێدایه‌ و ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه‌شه‌، نموونه‌ی سوئیس و ئه‌فریقای باشوور و ... کێشه‌که‌ زیاتر له‌ وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، دیتنه‌وه‌ی ڕێگەچارەی سه‌روه‌ریی سیاسییه‌ بۆ کوردستان. به‌ڵام هه‌ر جۆره‌ ئیداره‌یه‌ک و به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کی کوردستانیی دێموکراتیک، ده‌بێت فره‌کولتوور و فره‌زشێوەزار (تەنانەت فرەزمان ـ زمانی کەمینە ناکوردەکانی کوردستان) و فره‌ئایین و فره‌ڕه‌نگ‌ بێت. دیاره‌ ئێستە تورک و فارس و عەرەبی داگیرکەرانی کوردستان، بەیارمه‌تی و هه‌وڵی هەندێک ده‌سته ‌و تاقمی کۆلۆنیزه‌کراو‌ و سه‌ر به‌و داگیرکەرانە ده‌یانهه‌وێت قه‌واره‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و پلۆرالی نه‌ته‌وه‌ی کورد دژ به‌ خۆی به‌کار بێنن و کورد بکه‌ن به‌ گه‌لۆکه‌ و مێگه‌لۆکه‌ و شتی وا ... کە وزە و ئیرادەی نه‌ته‌وه‌یی لێی بستێننەوە. هەموو شێوەزار و بنزارەکانی زمانی کوردی که‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی کوردایه‌تین، بکه‌ن ‌به‌ شتێکی نەرێنی و هه‌ر یه‌کیان بکه‌ن به‌ "ئه‌وی تر"ی ئه‌و شێوەزارانە. ئه‌و تاقمه‌ کورده‌ به‌ناو پێشڕه‌و و ناکلاسیکانه‌ش، نه ‌کێشه‌یه‌کیان هه‌یه‌  له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ته‌فریس، ته‌تریک و ته‌عریب و نه‌ ستراتیژییه‌کیشیان هه‌یه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری سیاسه‌تی سه‌د ساڵه‌ی ئاسیمیله‌کردنی نەتەوەی کورد و ئاسیمیلاسیۆن لە کوردستان. "ئه‌وی تر"ی کوردستان ئاخێوەرانی هیچ شێوەزارێکی زمانی کوردی نییە، "ئه‌وه‌ی تر"ی کوردستان ئه‌و بیرۆکە و تێفکرینەیە که دژی پلۆرالیزم و فرەشێوەزاری و فره‌کوولتوورییه‌ که‌ چ وه‌کوو کردوه و چ وەکوو دژکردوه‌؛ یان داژیه‌تیی سه‌روه‌ریی سیاسیی کوردستان ده‌کات و ده‌یهه‌وێت کولتووری کۆلۆنیالیزمی سەردەست کۆپی بکات   سه‌‌روه‌ریی سیاسیی کوردستان به‌پێی شێوازێکی سه‌قه‌ت و ژاکۆبه‌نی کۆلۆنیال دابڕێژێته‌وه‌. 💎 @Perrenus

📝 چەمکی "ئێرانی" هەوڵێکی نەزۆکە بۆ سەپاندنی شوناسێکی یەکدەست لەنێوان چەند پێکدژدا ✍ ماردین ڕەحیمنژاد پێشەکی چەمکی ئێران، بەپێچەوانەی تیۆریسییەنی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی کە هەوڵ ئەدات وەک جۆگرافیایەک پێناسەی بکات، خۆی هەڵگری جۆرە مانایەکی هزریی دەستکردە کە نوێنەرایەتیی عەقڵانیەتی فارس دەکات بۆ داڕشتنی سیستەمێکی سیاسی کە بەدرێژاییی مێژووە کورتەکەی، هەموو هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی تیۆرییەک کە پارێزەری باڵادەستی خۆی بێت؛ چونکە چەمکی "ئێرانی" لە بنەڕەتدا بۆ سەپاندنی زۆرەملێی شۆناسێکی یەکدەست لەنێوان چەند پێکدژدا بنیات نراوە. چەمکی "ئێرانی" کە پارێزەری باڵادەستی فارس و چۆڕاوی عەقڵانیەتەکەیەتی، دەبێت بە شێوازێک بدرێتە دەرخواردی خەڵکەوە کە فەرمانڕەوایییەکەیشی ڕەواییی (مشرووعیەت) هەبێت، لەبەر ئەوە لە ڕێگەی خودا و سروشتەوە پێگەی باڵادەستی خۆیان دەپارێزن. جین همپتەن، ئاماژە بە دوو جۆر سەرچاوەی فەرمانڕەواییی سیاسی دەکات کە لە هەردووکیاندا کۆیلەداری و ستەمکاری دەگاتە لووتکە؛ ئەو دوو جۆرە بریتین لە: سیستەمی فەرمانڕەواییی ئیلاهی و بندەستیی سروشتی. سیستەمی فەرمانڕەواییی ئیلاهی ئەم جۆرە خۆی دەبێتە سێ شێواز کە بریتین لە: ١ــ فەرمانڕەوایەک کە خۆی دەڵێت من خودام. لە سەردەمی فیرعەونەکاندا ئەم جۆرە فەرمانڕەوایانە زۆر بوون. ٢ــ حوکمڕانێک کە ناڵێت خودام، بەڵام وابێژی دەکات پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ خودادا هەیە و بەشدار و هاوپشکی حوکمڕانی خودایە. ٣ــ جۆری سێیەم کە لە هەموویان باوترە ئەوەیە کە حوکمڕان مرۆڤە بەڵام خودا ڕێگەی فەرمانڕەواییی خۆی پێی بەخشیوە کە لەسەر زەویدا بە نوێنەرایەتیی ئەوە فەرمانڕەوایی دەکات. بابەتێک کە "جین" بۆ ڕەخنە لە سیستەمی ئیلاهی ئەیهێنێتە ئاراوە ئەوەیە کە: "بۆچی خودا تێکڵاوی فەرمانڕەوایی دەکرێت؟ ئایا بۆ ئەوەیە خودا هێمای دەسەڵاتی بێسنوور و قەهر و غەزەب و شاوەتییە؟ یان خودا هێمای خەیر و خۆشی و ئاسایشی بێسنوورە؟" بۆچی تاکوو ئێستە فەرمانڕەواییی خوداکان یان فەرمانڕەواییی نوێنەرانی خودا هیچ جۆرە خۆشی و ئاسایش و ئارامییەکی بەدوای خۆیدا نەهێناوە؟ خودا لە بیر و هزری مژۆڤدا قەهاری بێسنوورە یان ڕەحمانی بێسنوور؟ بندەستیی سروشتی جین همپتەن، بۆ بندەستیی سروشتی و قەبووڵکردنی سوڵتەی باڵادەست دەڵێت: مرۆڤەکان، خۆیان بە خاوەنی ئاژەڵەکان دەزانن (سەگ، پشیلە، ئەسپ، مەڕ، بزن و ...) و مافی هاوسانی مرۆڤ بۆ ئاژەڵەکان لە بەرچاو ناگرن. هەروەها جین دەڵێت: دوو جۆر تێڕوانین بۆ دیاریکردنی پەیوەندیی نابەرابەری مرۆڤ و ئاژەڵ هەیە. تێڕوانینی یەکەم ئەوەیە کە مرۆڤەکان، سەرپەرشتیار و داڵدەدەر و پارێزەری ئاژەڵەکانن. تێڕوانینی دووهەم ئەوەیە کە مرۆڤەکان، بەهۆی تایبەتمەندییەکانیانەوە شایستەی باڵادەستین بەسەر ئاژەڵەکاندا. جین ئەم بارودۆخە وەکوو "ژێردەستەییی سروشتی" نێو دەبات و دەڵێت: "سروشتی هەندێک بوونەوەر وەهایە کە وەکوو شتێکی غەریزی لە بوونەوەرەکانی دیکە فەرمان وەردەگرن و ڕادەستی ئیرادەیان دەبن و ئەبێت ڕادەستییش ببن، چونکە سروشتیان شایەنی سوڵتە و فەرمانبەرییە". هەروەها "جین" دەڵێت: لایەنگرانی ئەم بۆچوونانە (بەزۆری لە سەدەکانی ڕابردوودا باو بوون) پێیان وایە ۆە هەر وەکوو چۆن بە حوکمی سروشت لەنێو هەنگەکاندا یەکێکیان مەلەکەیە و فرمانڕەوای ئەوانی دیکەیە، لەنێو مرۆڤەکانیشدا کەسانێک هەن فرمانڕەوای ئەوانی دیکەن و ئێمە ناتوانین لۆمەی ئەم دۆخە سروشتییە بکەین. هەروەها پێی وایە قەبووڵی ژێردەستەییی سروشتی لەلایەن ژێردەستەکانەوە ئەگەر ئەو ژێردەستەیییە بە قازانجیان بێت، ئەرکە و دەبێت مل بەو دۆخە بدەن. ئاکام عەقڵانیەتی فارس لەم یەک سەدەیەدا کە دەیهەوێت هزری دەوڵەت - نەتەوە بسەپێنێت، بەردەوام لە بازنەی ئەم دوو هێڵە هزرییەدا خولاوەتەوە و بەردەوام هەوڵی داوە بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەواییی خۆی، دەستەوداوێنی خودا و سیستەمی ئیلاهی و باڵادەستی سروشتی خۆی و بندەستیی سروشتی نەتەوە نافارسەکان، ببێتەوە و نەیتوانیوە و ناشتوانێت لەو هێڵە هزرییانە دەربازی ببێت و بیر لە پۆلۆراڵیزمی سیاسی بکاتەوە، چونکە وەکوو پێشتر ئاماژەم پێ دا، چەمکی "ئێرانی" خۆی لە خۆیدا هەوڵێکی نەزۆکە بۆ سەپاندنی شوناسێکی یەکدەست لەنێوان چەند پێکدژدا. 💎 @Perrenus

📝 گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردستانی لە سەردەمی شۆڕشی سمکۆ و کۆماری کوردستاندا ✍ هیوا کوردستانی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوو تاکوو ئێستەش، بەردەوام یار و نەیار هەوڵی شێواندنی مێژووی پڕکارەسات و حەماسەی نەتەوەکەمان دەدەن. لە هەستیارترین قۆناغی ژینگەی سیاسیی کوردستان بەگشتی و لە بازنەی کۆلۆنیالیزمی نوێی جیهانی (١٩٠٧) پەیماننامە نگریسەکانی سایکس ـ پیکۆ و لۆزان و ... ڕەنگدانەوە و کاریگەریی نەرێنی و دابەشکردنی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە. پاش داگیر و دابەشکردنی کوردستان، کورد هیچ کاتێک لە خەبات و شۆڕش لەپێناو ڕزگاریی نیشتمان و سەروەریی نەتەوەیی و تەنانەت پاش هاتنەئارای دەوڵەت ـ نەتەوەش، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کۆڵی نەداوە و لەم پێناوەشدا لە هیچ قوربانیبوودان و لەخۆبردوویی و گیانبازییەک سڵی نەکردووە؛ بەدڵنیایییەوە لەم ئاراستەیەشدا هەندێک کەسایەتیی کوردستانی هەبوون کە پێشەنگی مۆدێڕنکردن و بەڕۆژکردنی ئەو ئامانجە پیرۆزە بوون، بۆ نموونەش سمکۆی شکاک و پێشەوا قازیی سەرۆککۆماری کوردستان. سمکۆی نەمر ئەندازیاری مۆدێڕنیزەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردستانی بوو کە بنەما و بناغەی ناسیۆنالیزمێکی دەوڵەتخوازیی بەڕۆژی کوردستانی و ڕزگاریخوازیی نیشتمانی داگیرکراوی داڕشت. هەروەها دەکرێت بوترێت سمکۆی نەمر یەکێک لە دەوڵەتە سەربەخۆکانی مێژووی کوردستانی (١٩١٨ - ١٩٢٢ زایینی) دامەزراند و کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازیی نەمر درێژەدەری هەمان ڕێچکە و ڕێبازی دەوڵەتەکەی سمکۆ لەقەڵەم بدرێت، بەڵام مۆدێڕنتر، سەردمیانەتر و گشتگیرتر. وێڕای ئەوەی تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر کورتماوە بوو، کەچی بەبەراورد لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی دەوروبەری خۆی، هەم زۆر پێشکەوتووتر و هەمیش دێموکراتیک بوو. ئەو مێژووە پڕشنگدار و درەوشاوەیە بێگومان هزر و ڕامانێکی سەربەستیخواز و دژەژێردەستەبوون و هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕامانی نیشتمانیی لەپشت بوو، کە پێشەنگایەتیی ئەم هزر و ڕامان و هۆشیارییەش سمکۆ و پێشەوا قازی بوون و ئاکامەکەشی بوو بە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی؛ بەڵام نابێت ڕۆڵ و کاریگەریی بلیمەت و کەسایەتییە بیرمەندەکانی ئەو دوو سەردمەی نەتەوەکەشمان لەبیر بچێت کە یارمەتیدەری ئەو دوو ڕێبەرە کاریزماتیکەمان بوون.  ئەم دوو شۆڕشە ناسیۆنالیستییە و دامەزراندنی ئەم دوو دەوڵەتەی کوردستان، نەک هەر لە ڕۆژهەڵات کە لانکەی سەرهەڵدانیان بوون، بەڵکوو لە هەموو کوردستانی گەورە هەوێن و بنەمای گەشەسەندنی شۆڕشی نەتەوەیی و پەرەگرتنی ڕامان و هزری کوردستانی بوون کە هەنووکەش ڕێبوارانی ڕێگەی ڕزگاریی نیشتمان و سەربەخۆییخوازیی کوردستان، میراتگرانی ڕاستەقینەی ڕێبازەکەی سمکۆ و پێشەوان. سەرەڕای ئەوەی کە داگیرکەرانی کوردستان بەرەدوام هەوڵی لەنێوبردن و شێواندنی ئەو مێژووە پڕشکۆیە دەدەن و بە هەموو ئامراز و کەرەستەیەک لەسەر مێشکی تاکی کوردستانی کار دەکەن بۆ بەلاڕێدابردن و هەڵگەڕانەوە لە ڕەچەڵەک و شوناس و هزری ڕاستەقینەی خۆیان، بەڵام ئەو بناغەیەی کە سمکۆ بۆ ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردستانی دایڕشت و پێشەوا قازیی سەرۆککۆماری پارێزەر و بووژێنەری بوو، ئێستە لە سەرانسەری کوردستان ڕیشەی داکوتاوە و بە داگیرکەران و هیچ دوژمن و ڕەقیبێکی تر، قەد لەنێو نابرێت. 💎 @Perrenus

📝 قەیرانی ماناییی پانئێرانیزم و ترس لە زمان و شوناسی کوردستانی ✍ عیرفان ڕەهنموون کۆی ئاماژە و ڕووداو و هەڵسوکەوت و جووڵەکانی ئێرانی ـ فارسی فاشیست، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پانئێرانیزم بە دەمامکی وێژمانیی فاشیزمی فارسەوە، تووشی قەیرانی قووڵی مانایی بووەتەوە و دەستی ساختەکاریی فاشیزمی فارس بە کۆی مێژوو، هونەر، ئەدەب و شوێنەوارناسیی ئێرانی و ... بەئاشکرا دەرکەوتووە و ئەمەش واتە پوچەڵبوونەوەی جادووی فاشیزمی فارس و هاڕەکردنی تەلاری لمینی بەناو ژیاری ئێرانی. بۆیە پەلاماردان و سووکایەتیی فاشیستی ئێرانی ـ فارس، بە زمانی کەوناری کوردی کە ڕەگی ناسیۆنالیزمی کوردستانییە و هەروەها شوناس و ناسنامەی خەڵکی کوردستان، لەم قەیرانە وێژمانییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئێمەیش لە باتیی ئەوەی کە پێی قەڵس بین، پێویستە بەم هیستریا و هەڵچوونانەی فاشیزمی فارس، خۆشحاڵ بین و بە نیشانەی وەرچەرخانی گرینگی بزانین. هەمیشە تووڕەیی و هیستریا لە لاوازی و داماوییەوە سەرچاوە دەگرێت و یەکگرتنی چەپ و ڕاست و ورد و گەورەی فاشیزمی ئێرانی ـ فارس بۆ پاراستنی چوارچێوەی بەزۆرلکێنراوی بەناو ئێران و درێژەکێشانی هیژموونیی سیاسی و ئابووری و کولتووری نەتەوەی داگیرکەری فارس بەسەر نەتەوە نیشتمانداگیرکراوەکانی تری نێو ئەو چوارچێوە جوگرافیایە، ئاماژەیەکی ڕوونن کە ژیاری ساختەی بەناو ئێرانی ـ فارس، کەوتووەتە بەر باهۆزی هەڵوەشێنەری ڕاستی و ڕمانی لە ئانوساتدایە. باشترین پەرچەکرادر بە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی ـ فارس، کوردستانیڕامان و کوردستانیهزرین و هەروەها کوردینووسین و کوردیقسەکردنە و لە سەرترۆپکی هەمووشیانەوە، خۆپەروەردەکردن وەک تاکی کوردستانی و ڕۆنانی نەتەوەیەکی سەربەست و ئازاد و جەنگاوەرە. 💎 @Perrenus