Perrenûs
Open in Telegram
پەڕەنووس: مەکۆی نیشتمانپەروەران ـ سەکۆیەک بۆ خزمەتکردنی کوردستان و کورد ـ لاپەڕەیەک بۆ گەیاندنی زانیاری و پەرەپێدان بە هۆشیاریی تاکی کوردستانی. بۆ پەیوەندی: @Kar1kurdistani
Show more1 052
Subscribers
No data24 hours
-67 days
-2130 days
Posts Archive
1 052
📝 کاتی ئەوەیە لەپێناو یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکیەتیی نەتەوەییدا پێکەوە بیر بکەینەوە
✍ د. مەجید حەقی
هەموو ئەوانەی "وابێژی"ی خەبات بۆ ڕزگاریی نیشتمان دەکەن و خۆیان بە "شۆڕشگێڕ" دەزانن، ئامانجی سەرەکییان ڕزگاریی نیشتمان و گەیشتن بە ئامانجەکانی مرۆڤی کوردستانی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوڕدستانە. لەو ڕووەوە هیچ بۆچوونێک نە لە بۆچوونی دیکە "پیرۆز"تر و نە لە بۆچوونی دیکە ڕاستترە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانێکە بەدەست دەردێکی مێژوویییەوە دەناڵێنێت کە بە "دەردەکورد" نێو دەبرێت و قووڵاییی ئەو قەیرانەش کاتێک دەردەکەوێت کە جیابیری لە پێوەندی لەگەڵ پرسە سیاسییە ڕۆژەڤەکاندا هەبێت، ئەوکات نەیاری سەرەکی لەبیر دەچێت و کوردستان و بزاڤە سیاسییەکەی دەکەوێتە گیانی یەکتر و خۆخۆری.
سەرەڕای ئەوەی حیزبە کوردستانییەکان کۆنفرانس و سمیناری هاوبەشیان پێک هێناوە و پێداگری لەسەر وتووێژ و پێکەوەکارکردن دەکەن، بەڵام بە کردەوە بەهۆی ڕووداوەکانی دوای کۆبوونەوەکەی "جۆرج تاون" کەشی داسەپاو بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان شایەتی جۆرێک لێکترازانە و ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هاوپەیمانییە نێوخۆیییەکانی کوردستان بنەماکانیان زۆر لاوازن. هۆکارەکەشی نەبوونی ستراتیژییەکی ڕوونی نشتیمانی و هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان و دیارنەبوونی هێڵە سوورەکانی نشتیمانە. بەم جۆرە دەرکەوت ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوە نیشتمانداگیرکراوەکانی دیکەی نێو جوگرافیای دەستکردی ئێران دەبێت یەکگرتوو و یەکڕیز ببینرێت و هاوپەیمانییەکان نابێت ببێتە هۆی مەترسیی یەکیەتیی نەتەوەییی کورد و یەکڕیزیی نیشتمانیی کوردستان.
کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی دابەشکراو و پلۆرالە و چارەسەرەکانیش زیاتر لە یەک دانەن. واتە هیچ بۆچوونێک تەنیا ناتوانێت بەدیل بێت. ئەوەی یەکمان دەخاتەوە بایەخە نەتەوەیییەکان و ئاواتە بەرزە نیشتمانییەکانە. مێتۆد و جۆری گەیشتن بەو ئاواتە لەوانەیە جیاواز بێت، بەڵام جیاوازیی بیرکردنەوە نابێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کوردستان وەک تەواوییەتێکی یەکگرتوو لە بەرچاو نەگیرێت و هاوپەیمانە تاکتیکییەکان زیان بە ستراتێژی نەتەوەیی بگەیەنن. قووڵاییی ستراتێژیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەوە نیشتمانداگیرکراوەکانی نێو جوگرافیای دەستکردی ئێرانە و هەر هاوپەیمانییەک کە فرەنەتەوەییبوونی ئێران و نەتەوەبوونی کورد بباتە ژێر پرسیار، نەک تەنیا سەر ناکەوێت، بەڵکوو زیان بە یەکڕیزیی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەگەیەنێت.
کاتی ئەوە هاتووە پێکەوە بیر بکەینەوە. پێکەوە دەست بکەینەوە بە وتووێژێکی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی نیشتمانی و بەکارهێنانی هەموو تواناکانی نێو کۆمەڵگە. پێکەوە بیرکردنەوە کارێکی ئاسان نییە، زۆربەی ئێمە نەک ئامادە نین بیر لەو ڕێگەیە بکەینەوە، بگرە دەمانەوێت بە "سڕینەوە" و لە گۆڕەپاندەکردنی لایەنەکانی دیکە تەنیا خۆمان بیر بکەینەوە؛ ئاکامی ئەوەش لەنێوبردنی هەموو هێزەکانمان دەبێت.
لە زانستی فیزیکدا فێر کراوین "ماددە" لە ئەتۆم پێک هاتووە. ئەتۆمەکانیش بە ڕادەی یەک میلیارد بچووکتر لەو ئاستەن کە تەنانەت بە میکرۆسکۆپیش ببینین. ئەتۆمەکان لەنێو ماددەدا بە خێرای دەجووڵێن و جاری وایە وێک دەکەون و ماددە تووشی تەقینەوە یان گۆڕانی کیمیایی دەکەن. هەمان وێنە لە پێوەندی لەگەڵ کێشەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا دەبینرێت، خێرایی و قووڵاییی کێشەکان بە ئاستێکە کە مرۆڤی کوردستانی بەئاسانی لێک دەکەون. کاتێک دوو ماددە لێک دەکەون ئاکامەکەی دەبێتە بەریەککەوتن و ئەم بەریەککەوتنەی نێو کۆمەڵگە دەبێتە هۆی بەرانبەر یەکتروەستانی کۆمەڵگە و دواجار بەفیڕۆچوونی هێز و تواناکانمان.
ئێمە تاک و ڕێکخراوە کوردستانییەکان چۆن فێری جۆرە چالاکی و خەباتێک بین کە وتووێژ و لێکگەیشتنمان زیاتر بکات؟ چۆن دەتوانین ئێکۆلۆژیی سیاسیی خۆمان بەرەو ژینگەیەکی سالمی پڕگەشەونەشە بگۆڕین؟ چۆن دەتوانین پێشی گەڕانەوە بۆ دواوە و ژیان لە ڕابردوودا بگرین؟
هەنگاوی یەکەم بۆ دەسپێکی پرۆسەیەکی وا بریتییە لە: ١ـ هەڵسوکەوتی لۆژیکی و دوورکەوتنەوە لە دەمارگرژی و گەشەسەندنی توانای هەڵسوکەوت و کردار بە شێوەی نوێ و جیاواز لە ڕابردوو؛ چونکە ئەو شێوازە وەڵامدەر نەبووە. ٢ـ گەشەپێدانی نەرمینواندن و گوهەربارتر بۆ تێگەیشتن لە یەکتر بەبێ ئەوەی پێویست بە تاوانبارکردن بێت. ٣ـ مەجال و دەرفەتی شیکردنەوە و شرۆڤەکردن بۆ یەکتر بەجێ بێڵین بۆ ئەوەی نەبینە قوربانیی کەشی هەستی لەناکاو.
سەرمایە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و مرۆڤییەکانی ئێمە گرینگتر و بەڕێزتر لەوە دەبێت ببن کە ئێمە بە دەستی خۆمان بیانڕووخێنین. جۆری بیرکردنەوەی ئێمە شێوازی قسەکردن و دەربڕینی ئێمە دیاری دەکات. ئێمە دەبێت هەموومان توانای پێکەوەبیرکردنەوەمان گەشە پێ بدەین و بتوانین لە شێرپەنجەی خۆخۆری و یەکترشکاندن ڕزگارمان بێت. ئەو نەخۆشییە گشتییە هەموو هێز و توانایەکی لێمان ئەستاندووە.
💎 @Perrenus
1 052
📝 شێخ ئەحمەد: ئێمەی خەڵکی کوردستان مافی خۆمانە دەوڵەتمان هەبێت
✍ شیخ ئەحمد کاکە مەحموود
با دوژمنان و داگیرکەرانی كوردستان ئەوە باش بزانن كە ئێمە هیچ کاتێک دەست لە مافە ڕەواکانی خۆمان هەڵناگرین و مافانێک كە خودا پێمانی بەخشیوە، هەر ئەو خودایەش فەرمانی پێمان کردووە كە دەبێت بەرگری لە مافە ڕەواکانی خۆمان بكەین و هەروەها ژین و وڵات و فەرهەنگی خۆمان بپارێزین.
هەر ئەو خودا گەورەی كە نەتەوەی كورد و خەڵکی کوردستانی خولقاندووه و هەر ئەویش تەواوی مافەكانی ژیان و مان و نەمانی پێمان بەخشیوە، بۆیە دەبێت ئێمەش خاوەنی دەوڵەت و سەروەریی نیشتمانیی خۆمان بین و لەژێر ئاڵای یەكگرتوویی و یەکڕیزیماندا هەتاهەتایە شێرانە و هەڵۆئاسا سەربەرزانە بژیین.
نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان پارچەپارچە کراوە و هەر ڕۆژێک بێت، دەبێت وەک نەتەوەکانی جیهان و گەلانی دنیا ناو و ماف و دەوڵەت بۆمان بگەڕێتەوە، جا بە ئاشتی بێت یان بە چەک.
مافەکانی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بە یەکێک لە "واجیبات"ی ئیسلامی دەزانم و دەبێت هەموومان بەرگری لێ بکەین و لە چاومان باشتر بیپارێزین.
💎 @Perrenus
1 052
📝 فرەفەرهەنگی و فرەئایینی و فرەکانی تر لەژێر چەتری کوردستانیبووندا
✍ فەهمی کاکەیی
هەنووکە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا باسی فرەفەرهەنگی دەکرێت وەک دیوێکی درەوشاوەی شارساتانی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگ. ڕەنگە بێ ویست و حەزی خۆشمان بووبێت، بەڵام بمانەوێت یان نەمانەوێت کوردستان نیشتمانێکی فرەفەرهەنگە بە هۆکاری ئەوەی فرەکەمینەیە. ئێمە جگە لە فەرهەنگی خۆمان وەک کورد لە فەرهەنگەکانی عەرەب، فارس، تورک، تورکمان، کلدانی، ئاشووری، ئەرمەنی، سرێیانی و ... بەهرەدارین، چونکە ساڵانێکە لە جوگرافیای کوردستاندا نیشتەجێن. ئیتر فرەشێوەزاریی زمانی کوردیی خۆششمان بەهرەیەکی تایبەتە، چونکە کۆمەڵێک شێوەزاری ڕەنگاڵەی هەیە و ئەمەش نیشانەی دەوڵەمەندیی زمانەکەمانە.
دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە ئەم بەهرەداربوونە لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنیی خۆی هەبێت. ئەرێنی لەوەدایە کە بەهرەداربوونمان لەو فەرهەنگانە وەک دەوڵەمەندییەک وەربگرێن و بیخەینە ژێر ڕکێف و کاریگەریی فەرهەنگە سەرەکییەکەمان کە فەرهەنگی کوردییە لەژێر بنەما و چەتری کوردستانیبووندا. نەرێنیی لەوەدایە ئەگەر بهێڵین فەرهەنگەکانی دیکە دەسەڵاتیان بەسەر فەرهەنگەکەماندا بشکێت و پێشێلی بکەن و جێی بگرنەوە، ئەو کاتە بە شێوەیەکی خراپ کاردانەوەی لەسەر ناسنامە کوردسانییەکەمان دەبێت و ناسنامەیەکی دیکەمان پێ دەبەخشێت کە فەرهەنگی زمانە سەردەستەکە بۆمانی دەگوێزێتەوە.
لێرەدا زمانە سەردەستەکە وەک زمانی دەسەڵات و بگرە داگیرکەر خۆی بەسەرماندا دەسەپێنێت، بەڵام ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی فرەناسنامەیی. ئەمەش بەو واتایە نییە کە ئەو کەمینانەی کوردستان پشتگوێ بخەین، هەرچەند لەوەش تێ دەگەم کە فارس و تورک و عەرەب داگیرکەری کوردستانن، بەڵام جیاوازیی کوردستان لەوەدایە کە هەمیشە ڕێزی لە فرەجیاوازییەکان گرتووە، پاش وەدەرنانی داگیرکەران و ڕزگاریی کوردستانیش دەبێت ئەم خاڵە باشەشمان هەر بەردەوام بێت، بەڵام بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو کە خەساری لێ نەکەوێتەوە بۆ ئێمەی کورد وەک خاوەنی سەرەکیی ئەم خاک و نیشتمانەی کە کوردستانە.
باشە، ئایا دەکرێت تاکێک چەند ناسنامەیەکی هەبێت؟ بەڵی بێگومان ئەوە دەکرێت، بەڵام دەبێت هەمیشە ناسنامە ڕەسەن و سەرەکییەکەی بناغە و بنەما بێت کە بۆ ئێمە کوردستانیبوونە، ناسنامەکانی دیکە وەک ناسنامەی دووەم تەنیا بۆ بەپێوەڕاگرتن و دەوڵەمەندکردنی ناسنامە سەرەکییەکە بن. ناسنامە دەکرێت ئایینی و ... بێت، گرنگ ئەوەیە بەسەر ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەدا زاڵ نەبێت و ناسنامەی کوردستانیبوونمان سەرتر لە هەموو شتێک بێت.
بۆ نموونە: کەسێک دانیشتووی کوردستانە و سەر بە نەتەوەی کورد نییە، بەڵام چونکە لە کوردستان دادەنیشیت دەکرێت ناسنامەیەکی کوردستانیی هەبێت وەک ئەرمەنییەکی کوردستان یان تورکمانێکی کوردستان، بەڵام کوردێک کە لەنێو سنووری دەوڵەتانی عێراق، سووریە، ئێران و تورکیەدایە، هەستی وابەستەگیی بەو وڵاتانە نییە یان ئەگەر ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەمیش کوردی وا هەبێت، وابەستەگییەکەی کەمترە، چونکە کوردستان بە زۆری زۆرداری داگیر کراوە و بەو وڵاتانەوە لکێنراوە، بۆیە ناسنامە "نیشتمانییەکەی" لەنێو ئەو جوگرافیانەدا نییە، چونکە کورد ئەو جوگرافیانە بە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆی نازانێت.
جۆرێکی تری ناسنامە، ناسنامەی ئایینییە. بۆ نموونە کوردستانییەکی موسڵمان یان کوردستانییەکی ئێزدی یان کوردستانییەکی یارسانی ئەگەر باوەڕمەند بێت ئەوە ناسنامەیەکی ئایینیشی هەیە، یان کوردستانییەکی جوو، مەسیحی، زەدەشتی، بەهایی و ... لێرەدا گرنگە ئاگامان لەوە بێت ناسنامە ئایینییەکە بەسەر ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەدا زاڵ نەبێت، چونکە ئەو کاتە تاکەکە وابەستەگیی ئایینی یان تایفەگەریی بەلاوە گرنگتر دەبێت تاکوو وابەستەگیی نەتەوەیی و نیشتمانی.
💎 @Perrenus
1 052
📝 کورد دەبێت لەپێناو ئامانجە گەورەکەی، واز لە خێڵەکیبوون و وێنا بچووکەکان بێنێت
✍ جەماڵ (کۆچەر) فەتحی
هەر نەتەوەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانی و ئەو دۆخەی خۆی مەبەستییەتی، ناچار بووە بە ڕێڕەوێکی سەخت و دژواردا تێ پەڕێت. یەکێک لەو ڕێڕەوە دژوار و کارەساتبارانەی کە نەتەوەکانی دیکە گەلێک ساڵە تێیان پەڕاندووە، دۆخی خێڵەکیبوونە، لەم دۆخەدا پرسپێکتیڤی سەرۆکی خێڵ و ئەندامانی خێڵ زۆر بەرتەسکە و هەتا کەوشەنێک بڕ دەکات کە خۆیان دیارییان کردووە، واتە هێڵی سووری خێڵەکان ئەوەیە کە ڕانەمەڕی خێڵی دیکە کەوشەنەکەیان نەبەزێنن. ئەم نەریتە وا دەکات بیر لە سڕینەوەی ئەو کەوشەنە بەرتەسکانە نەکرێتەوە و بەتێکڕا کەوشەنە سەرەکییەکە کە خێڵی دوژمن بۆسەی لێ گرتووە، لەبیر بچێتەوە.
کورد کە نەتەوەیەکە بەدرێژاییی مێژوو هێرش و پەلاماری سەر خاک و نیشتمانەکەی دراوە و ئەگەر بۆن بە مێژووەکەی دەکەی بۆنی مەرگ و خوێنی لێوە دێت، سەدان ساڵە هەڵدەستێتەوە و هەوڵی پاراستنی خاک و نیشتمان و کەوشەنی خۆی دەدا، بەڵام بەداخەوە بیری خێڵەکیبوون و چەندین هۆکاری دیکە کە لێرە تەنیا ئاماژە بە ئەم خاڵە دەکرێت، ڕێگەی لە ڕزگاریی خاک و سەربەستیی کوردستان گرتووە.
بۆیە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و گەیشتن بە ئامانجە گەورە و سەرەکییەکەمان کە ڕزگاریی نیشتمانی داگیرکراومان و سەربەستیی کوردستانە، پێویستە ئەم نەریتە (خێڵەکیبوون) لە چاڵ بنرێت و بەرجەوەن و پرێسپێکتیڤی وەک نەتەوەکانی تر بەرین بکەینەوە و خەونی گەورە و هەروەها وێنا و وێنەی گەورە لە داهاتوو ببینین.
💎 @Perrenus
1 052
📝 وانەکانی شەڕی ئیسرائیل و ئێران بۆ کوردستان
✍مەلا سەعید کاکەڕەش
ئەم کورتەبابەتە بەشێک لە یادداشتەکانی دەمودەستمە بە کاتی شەڕ کە لە کۆمەڵێک خاڵدا دەیانخەمە بەر باس. ئەم شەڕە پێمانی نیشان دا:
١ــ چەپ و ڕاستی ئێرانی هەموویان ناسیۆنالیستن و وەتەنپەرەست و بە شێوەی نەرم "سیاسەتی ناسنامەیی" ڕەچاو دەکەن و ژێردەستەکان و بەتایبەت مرۆڤی کوردستانی پێ دەستەمۆ دەکەن. بەڕوونی بینیمان چلۆن سوپێرڕادیکالی چەپ ببووە ناسیۆنالیستی دەستەڕاستی بە گڕوتین.
٢ــ واقعی چەقبەستوو و قووڵاییی ستراتیژیک کە بەربەستی بۆ هەر جۆرە بیرێکی ڕزگاریخوازی و یۆتۆپیای ئازادیی ساز دەکرد، ئەوندەش قاییم نەبوو کە گۆڕانی مەحاڵ بێت.
٣ــ کوردستان لە شەڕی گێڕانەوەکاندا دۆڕاوە چونکە بۆ وێنە تیڤی یان ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆی نییە کە بەرژەوەندییەکانی بانگەشە بکات و گێڕانەوەی کوردستانیی خۆی بۆ جیهان ئاراستە بکات.
٤ــ ڕووداوی بنیاتتێکدەر و بنیاتنەری بانئاسایی وەک ئەم شەڕە، سێگۆشەی "سەرمایە و سێکس و سەرگەرمی" باندەستانی، هەر خێرا گۆڕا بە سێگۆشەی "فەرار و فەوت و فەنا"؛ کەوایە کاخی ئەوانەش ئەزەلی ئەبەدی نییە و هەردەم بۆی هەیە بێتە دووکەڵو بچێت بە ئاسماندا ...
۵ــ بەشێک زۆر لە کۆمەڵگەی کوردستان لە "مەیل بۆ ژیانی نۆرمال"دا قەتیس بوونەتەوە و "مەیل بۆ ژیانی شۆڕشگێڕانەیان" لێ زەوت کراوە، بەشێکی زۆر لە خەڵک لە بیری "گرانی و گیرفان و گەمارۆ"ی خۆیاندا دەستەوسان بوون.
۶ــ حیزبی کوردستانی لە ڕقابەرایەتیی پێشامۆدێرندا ، ناتوانێت پەل بکێشێت بۆ ڕقابەتی مۆدێڕن و هاواهەنگیکردن لە کاتی تەنگانە و فەرحانەدا. وێدەچێت حیزبی کوردی کە لە قەڵیشتی بێدەولەتیدا ساز بووە، ناتوانێت سیاسەتێکی کوردستانی سەرووحیزبایەتی بگرێتە بەر.
٧ــ خوێندەواری کورد لە ئایدیا و تیۆریگەلی زریقەوبریقەداری ناسک ـ نارنجی وەک دێموکراسی و برایەتی ماوەتەوە، هێشتا زۆر بە کەمی دەتوانێت لەوە تێ بگات کە دەوڵەت بەگشتی چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن ئیش دەکات و لەم بارەوە بە چ شێوەیەکە کە ئەکتەری نادەوڵەتی لاواز و دەستەوستان دەمێنێتەوە. بە واتایەکی تر خوێندەواری کورد کەمتر لە "ئایینی دەسەڵات" لە دنیای مۆدێرندا تێدەگات.
٨ــ دابڕانی کوردستان لە عەجەمستان بەتایبەت لە ناوەند لە خاڵی سنووری شەڕ و پێکدادانیشدا زیاتر وەدەرکەوت و کوردستان کەمترین هێرشی بۆ کرا جگە لە کرماشان نەبێت. ئەمە تەنیا جیاوازییەکی سیاسیی ــ کۆمەڵایەتی نییە، ئەمە جیاوازییەکی قووڵتری ئۆنتۆلۆژیکیشە. لەبیرمان بێت عەجەمستان لە شۆڕشی ژینادا دەحەسایەوە، ئەمجار نۆبەی کوردستان بوو کە هەندێک بحەسێتەوە. ئەم جیاوازییانە یەکجار جیددییە و زانستی شیکارییانەی تایبەتی دەوێت.
٩ــ هێزی دیپلۆماسیی نەتەوە بێدەوڵەتەکان لەوانە کورد، یەکجار لاوازە و نەیتوانی ڕێکخراوەیەکی دروست و حەساوی هەبێت، بەتایبەت بۆ کاتی قەیرانەکان.
١٠ــ بەگشتی هێشتا مرۆڤی کورد نازانێت بە چی یەکڕیزی و یەکیەتی دروست دەبێت و ئەو قسانە لە ئاستی قسە و دروشم و لێدواندا ماوەتەوە. هێشتا کوردستان نەبووەتە ناوەندی فەلسەفەی ڕزگاری.
١١ــ کوردستان لە شەڕی نوێی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، چیی هەیە بۆ وتن؟ پێویستە ئەم بابەتە ببێتە وانەی عیبرەت و لێفێربوون.
١٢ــ مرۆڤی موسڵمانی کوردستان نابێت بە فریوی ئیسلامی سیاسی، دژایەتیی ئیسرائیل بەناو شەڕ لەگەڵ جوولەکە بکات. ئەوە شەڕی ئایین نییە، شەڕی دوو دەوڵەتە کە پێکدادانیان و لاوازبوونی سەردەستانی کوردستان بە سوودی کوردانی موسڵمانیشە و دەتوانن لە فەزایەکی ئازادتردا ئایینداریی خۆیان بەڕێوە ببەن.
١٣ــ کوژانەوەی کایەی ڕیفۆرمخوازەکان (اصلاحطلبان) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش ئەم شەڕە. کایەیەک کە خەریک بوو سیستەم لە ڕێگەی هەندێک خەڵات و بۆنەوە لە کوردستان ڕێکی دەخست و دەستی ئاشتی بۆ لای خەڵک بە نێوەنجگیریی هەندێک کەسایەتیی خونسای فەرهەنگی ڕادەکێشا. ئەم کارە بۆ پڕکردنەوەی قەڵیشتی نێوان خەڵکی کوردستان و سیستەمی باندەست بوو لە پاش شۆڕشی ژینا.
١٤ــ بەکورتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەمووی ئەو کایە داگیرکارییانەی ئێرانییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوەشاندەوە ... هەروەها فرەیەک شتی تر کە لە یادداشتەکانی ئەم ماوەمدا نووسیبووم ... هیوامە بتوانم وەک کارێکی زانستی زیاتر بیخەمڵێنم.
💎 @Perrenus
1 052
📝 کوردستان وەک گەوهەر و هەستی
✍ شاهۆ حوسێنی
کوردستان وەک گەوهەر ئاماژە بە ژیۆپۆلەتیک، جوگرافیا، شوێن و ژینگەیەکی سروشتییە کە لەخۆگرتنی شاخ، چۆم، زەریا و زەوی و باخ و... هتدە. چ بۆ کورد، چ بۆ ئەوی تری وەک فارس، تورک و عەرەب کوردستان وەک گەوهەر یەک دیاردەیە و هەموو وەک دیاردەیەکی ئوبژەکتیڤ بە یەک فۆرمی ڕواڵەتی دەیبینن، بەڵام کوردستان وەک هەستی (Existence) ئیتر بۆ کورد، فارس، عەرەب و تورک دیاردەیەکی هاوشێوە و فۆرمێکی هاوشێوە نییە. کوردستان بۆ کورد نیشتمان، خاک، سەروەری، جیهان و ژینگەیەکی بۆ دەرکەوتنی کورد وەک سوبژە و نەتەوەی کورد وەک مێتاسوبژەیە.
کوردستان لە تەنیشت بوونێکی گەوهەری (substance)، بۆ فارسەکان، تورکەکان و عەڕەبەکان خاوەن هەستییەکە، ئەوان کوردستان بە بەشێک لە جیهانی دانەبڕاوی دەسەڵات، هێژموونی، شوناس و بەرژەوەندیی خۆیانی دەزانن؛ ئەوان هەستییەک بە کوردستان دەبەخشن کە ئەم هەستییە داڕێژڕاو و داهێنراوی خۆیانە لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی کورد وەک خاوەن، سەرچاوە و بەرهەمهێنی ئەم گەوهەرەیە و لە خزمەت سەروەری و باڵادەستی خۆیاندایە.
لە ڕاستیدا کوردستان وەک هەستییەک بۆ فارس، تورک و عەرەب لە پێوەندی لەگەڵ جیهانی زەینی، شوناس و عەقڵییەتی ئەوان، بوون و مانا دەگرێت. فارس کوردستان وەک هەستییەک لە درێژەی جیهانی ئێرانیزم و هێژموونیی عەقڵی پانئێرانیی خۆیدا مانا دەکاتەوە. تورکێک کوردستان لە درێژەی جیهانی تورکیی خۆیدا و وەک بەشێک لە عەقڵی پانتورکیزمی خۆی مانا دەکاتەوە. بۆ عەرەبێک کوردستان درێژی بوونی عەرەبی و جیهانی پانعەرەبییە.
هەستیی کوردستان و کورد بۆ ئەوی ترمان لە ڕاستیدا لە دەلاقەی هەستیی فارس، تورک و عەربەوە پێناسە دەکرێت، بۆیەش بە هیچ شیوەیەک ڕازی بە هەستییەکی جیاواز لە خودی فارسی، تورکی یان عەرەبی نین و لە هەر شوێن و کاتێکیشدا کە هەستیی کوردستان و کورد شیمانە ئەوی لێ دەکرێت کە دابەڕاو و جیاواز لە خودی فارسی، تورکی و عەرەبی بێت، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەنێوبردن، پاکتاوکردن و سڕینەوەی ئەم هەستییە دەدەن.
بەکورتی دەشێت بوترێت کە کێشەی کورد لەگەڵ ئەوی تری فارس، تورک و عەرەب کێشەی هەستییە. کورد لە پێوەندی لەگەڵ ژینگەی سروشتیی کوردستان پێناسە، شوناس و فۆرمێکی مانایی و زەینی لەخۆی دەردەخات لە دەرەوەی ژینگەی سروشتیی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە وەک گەوهەری فارس، تورک و عەرەب کە فۆرمێک پێناسە، شوناس، مانا و مێنتاڵیتە لەخۆ دەگرێت لە دەرەوەی ئیرادە و ئەکتی کورد.
هەستیی کوردستان بەرهەمی پێوەندیی کوردە لەگەڵ کوردستان وەک گەوهەر کە تەواو جیاوازە لەگەڵ هەستیی کوردستان وەک بەشێک لە گەوهەری ئێران، تورکیە، عێڕاق یان سووریە؛ جیاوازییەکەش لەمەدایە کە هەستیی کوردستان بەرهەم و ڕەنگدانەوەی هەستیی کوردە کە بەرهەمی هۆشاری و تێگەیشتوویی تاکی کورد و خەڵکی کوردستانە. واتە تاکی کورد لە ڕێی وشیارییەوە هەستییەک لە کورد و خود وەک کورد دەردەخات و لە درێژەشدا هەستییەک لە کوردستان دەخاتە ڕوو، بەڵام تاکی فارس، تاکی تورک و تاکی عەرەب وەک ناکورد، هەستییەک لە خۆیان دەردەخەن و لەسەر بنەمای ئەم هەستییە فارسییە، تورکییە و عەرەبییە هەستییەک لە کوردستان دەردەخەن و ئەم هەستییە لە کوردستان بە هیچ شێوازێک ناتوانێت هەستییەکی ڕەسەن بێت، بەڵکوو هەستییەکی دەستکرد و چەواشەکارانەیە.
بەهۆی ئەوەی کە تاکی فارس، تورک و عەرەب وەک گەوهەر هیچ پێوەندییەکی ڕۆحییان لەگەڵ کوردستان وەک گەوهەر نییە؛ واتە هیچ پێوەندییەکی گەەوهەرییان بەیەکەوە نییە، بۆیەش دەرکەوتی زەینی ئەوان لە کوردستان وەک هەستی چەواشە و دەستکردە، بەڵام تاکی کورد وەک گەوهەر لە پێوەندیی ڕۆحی و گەهوەریی لەگەڵ کوردستان وەک گەوهەردایە، بۆیەش دەرکەوتی زەینی تاکی کورد لە کوردستان وەک هەستی دەتوانێت ڕەسەن بێت.
💎 @Perrenus
1 052
📝 ئایا خەباتی نەتەوەیی دەیباتەوە یان خەباتی نێونەتەوەیی؟
✍ پێشڕەو محەممەد
مۆزس هێس، کە بە باوکی کۆمۆنیزم ناسراوە و خوێندکاری هێگل بوو و ماوەیەکیش وەکوو مامۆستای مارکس بوو، لە سەرەتادا زۆر دژی ویستی نەتەوەییی جوو بوو، بەڵام لە کتێبەکەی بە ناوی «ڕۆم و ئورشەلیم» لە ساڵی ١٨٦٢ ز. وەڵامێکی «مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست» دەداتەوە و نووسیویەتی: "مێژوو دەیسەلمێنێت خەباتی نەتەوەکان پێش خەباتی چینایەتی دەکەوێت و بە زەرووریی خەباتی چینایەتی بەرانبەر خەباتی نەتەوەیی دەدۆڕێت".
سۆران ئازاد لە نووسینەکانیدا زۆر گرینگی بە دەوڵەت وەک "بەرهەمی نەتەوە" دەدات و پێی وایە چونکە چەمکە باننەتەوەیییەکان لە هەموو حاڵەتەکاندا دەخاتە دوای بەرژەوەندیی نەتەوەیی. جا دوو نموونە هەن کە دەیسەلمێنن چ کۆمۆنیزم و چ هەموو بیرۆکە نێونەتەوەیییە هاوشێوەکانی تر، توانای خۆڕاگرتنیان بەرانبەر بە هەستی نەتەوەیی نییە.
یەکیەتیی سۆڤیەت، وەک یەکەم و دوا ئیمپراتۆریی کۆمۆنیستی، هەڵبەت وەک سەروەریی گەلی ڕووس بەسەر گەلانی دیکەوە، کە لە ڕۆحی مارکسەوە لەدایک ببوو، وای دەنواند بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی تێ پەڕاندووە، بەڵام لە دوو حاڵەتی قەیران و ترس و دڵەڕاوکێ و هەژانی دەروونییدا، واتا پەلاماری هێزە ئیمپریالیستییەکان بۆ سەر یەکیەتیی سۆڤیەت، لینین باسی «گەلی مەزنی ڕووس»ی دەکرد دژی ئیمپریالیزم. کاتێکیش هیتلەر هێرشی کردە سەر یەکیەتیی سۆڤیەت بە ئامانجی سڕینەوە و بەکۆیلەکردنی ڕووسەکان، ستالین ڕووی کردە ڕووسەکان و وتی: «گەلی ڕووس دەبێت بەرانبەر بەم دێوەزمەیە یەکگرتوو بێت و بیبەزێنێت»، گرینگە، ناڵێت «پرۆلیتاریای ڕووس»!!
نەتەوە وەک خێزان و ئەندامانی خێزان وایە، وا بیر بکەوە منداڵێکی سەربەخۆیت و بۆ دەیان ساڵ لە ماڵ دوور دەکەویتەوە، دنیایەک پەیوەندیی هاوڕێیەتی دروست دەکەیت، هەرکات لێت دەقەومێت یەکەم کەس بە مێشکتدا بێت پەنای بۆ بەریت، دایکت، باوکت، خوشک و براکانتن. ئەوانەی دەیانەوێت هەستە نەتەوەیییەکان سەرکوت بکەن، هەمیشە لە نەست و ناهۆشیارییاندا دەگەڕێنەوە.
💎 @Perrenus
1 052
📝 زمان و ناسنامەی هەڵسازراو
✍ د. بەختیار سەجادی
ناسنامه بەهۆی زمانەوە و لەنێو زماندا و لە ڕێگەی زمانەوە هەڵەسازێنرێت. ئەم وتەیە پوختەی بەشێکی زۆری ئەو ڕوانگە تیۆریکانەیە کە دەچنە خانەی پێکهاتەخوازی و پاشپێکهاتەخوازییەوە. بەم پێیە سوبژێکتیڤیتە لە سەرەتاوە لە ئارادا نەبووە و ئەوەی ئێستە هەیە "هەڵسازراو"ە.
هەڵسازان زاراوەیەکی (چەمک) نوێیە لە زمانی کوردیدا و زیاتر لە دۆخی بەرکاردا و بە شێوەی "هەڵسازراو" بەکار ئەهێنرێت. هاوواتاکەشی لە فارسیدا، (برساخت) بەکار ئەهێنرێت. بەگشتی، زاراوەکە نوێیە و تەمەنی برەوپێدانی ناگاتە چارەکە سەدەیەک. هەڵسازان نزیکە لە پێکهێنان، بنیاتنان، چاندن، دروستکردن و چێکردن، بەڵام هۆی بەکارهێنانی لەم پارادایمەدا ئەوەیە کە دەخوازرێت بوترێت ناسنامە و تەنانەت ڕەگەزیش بەهۆی کاریگەریی لەڕادەبەدەری کۆمەڵێک پێکهاتەوە وەک زمان، ئایدیۆلۆژی و نائاگایی دروست دەکرێن؛ نەک ئەوەی وا بزانرێت لە سەرەتاوە هەر بە هەمان شێوەی ئێستە لە گۆڕێدا بوونە؛ بۆیەش "هەڵسازراو"ن.
لە ئینگلیزیدا ڕەگی زاراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ (construct) و لە فەرەنسیدا بۆ (construire) دەگەڕێتەوە. زاراوەکە سەرەتا لە هزری پێکهاتەخوازانەدا بایەخی پێ درا و واتاکەی جیاوازە لە مانا ئاسایی و تەنانەت زیندەوەرناسانەکەی. لە پێکهاتەخوازیدا ناسنامە لە درێژماوەدا و بەهۆی پێکهاتەکانەوە دەسازێنرێت و بیچم دەگرێت و نەشونما دەکات، کەواتە هەڵەسازێنرێت. زاراوەکە لە پاشپێکهاتەخوازیشدا هەمان واتای هەیە، بەڵام بە هەندێک گۆڕانکارییەوە.
"پێکهاتە" لە کوردیدا هەڵگری مانای جیاوازە. لە باشووری کوردستاندا لە باتیی پێکهاتە بەم مانایەی لێرە باسی لێ دەکەم کەڵک لە "بنیاد" وەردەگیردرێت. بۆیەش لە باشوور زۆر جار بە پێکهاتەخوازی دەوترێت بنیاتگەری. بونیاد، بنیاد و بنیات نزیکن لە هەندێک وشەی تر وەک بن، بنج، بناوان، بنەچە، بنچینە، بنەڕەت و هتد. دیارە هەمووشیان جیاوازن لە ستروکتوری فەرانسەیی و ستراکچێری ئینگلیزی. بۆیە پێم وایە بنیاتگەری هاوواتایەکی باش نییە بۆ ئەو شەپۆلە گەورە فیکرییەی بە پێکهاتەخوازی دەیناسین.
ئەوەی کە وشەیەک هەڵگری چەندین مانای جیاواز بێت ئاسایییە. پێکهاتەش کۆمەڵێک واتای فرەپاتی لە کوردیدا هەیە کە سەرەکیترینیان لە باسوخواسی کۆمەڵناسانەدا بەکار ئەهێنرێت، وەک چۆن دەوترێت پێکهاتەی تورکمان، پێکهاتەی ئاشووری و هتد. گرنگ ئەوەیە زاراوە زانستییەکان بە شێوەی هەڵە وەرنەگێڕدرێن، چونکە دواتر چەوتتێگەیشتنی لێ دەکەوێتەوە و کۆمەڵێک ڕوانگە و بۆچوونی نادروست بە دوای خۆیدا ئەهێنێت.
💎 @Perrenus
1 052
📝 زمان و ناسنامەی هەڵسازراو
✍ د. بەخیتار سەجادی
ناسنامه بەهۆی زمانەوە و لەنێو زماندا و لە ڕێگەی زمانەوە هەڵەسازێنرێت. ئەم وتەیە پوختەی بەشێکی زۆری ئەو ڕوانگە تیۆریکانەیە کە دەچنە خانەی پێکهاتەخوازی و پاشپێکهاتەخوازییەوە. بەم پێیە سوبژێکتیڤیتە لە سەرەتاوە لە ئارادا نەبووە و ئەوەی ئێستە هەیە "هەڵسازراو"ە.
هەڵسازان زاراوەیەکی (چەمک) نوێیە لە زمانی کوردیدا و زیاتر لە دۆخی بەرکاردا و بە شێوەی "هەڵسازراو" بەکار ئەهێنرێت. هاوواتاکەشی لە فارسیدا، (برساخت) بەکار ئەهێنرێت. بەگشتی، زاراوەکە نوێیە و تەمەنی برەوپێدانی ناگاتە چارەکە سەدەیەک. هەڵسازان نزیکە لە پێکهێنان، بنیاتنان، چاندن، دروستکردن و چێکردن، بەڵام هۆی بەکارهێنانی لەم پارادایمەدا ئەوەیە کە دەخوازرێت بوترێت ناسنامە و تەنانەت ڕەگەزیش بەهۆی کاریگەریی لەڕادەبەدەری کۆمەڵێک پێکهاتەوە وەک زمان، ئایدیۆلۆژی و نائاگایی دروست دەکرێن؛ نەک ئەوەی وا بزانرێت لە سەرەتاوە هەر بە هەمان شێوەی ئێستە لە گۆڕێدا بوونە؛ بۆیەش "هەڵسازراو"ن.
لە ئینگلیزیدا ڕەگی زاراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ (construct) و لە فەرەنسیدا بۆ (construire) دەگەڕێتەوە. زاراوەکە سەرەتا لە هزری پێکهاتەخوازانەدا بایەخی پێ درا و واتاکەی جیاوازە لە مانا ئاسایی و تەنانەت زیندەوەرناسانەکەی. لە پێکهاتەخوازیدا ناسنامە لە درێژماوەدا و بەهۆی پێکهاتەکانەوە دەسازێنرێت و بیچم دەگرێت و نەشونما دەکات، کەواتە هەڵەسازێنرێت. زاراوەکە لە پاشپێکهاتەخوازیشدا هەمان واتای هەیە، بەڵام بە هەندێک گۆڕانکارییەوە.
"پێکهاتە" لە کوردیدا هەڵگری مانای جیاوازە. لە باشووری کوردستاندا لە باتیی پێکهاتە بەم مانایەی لێرە باسی لێ دەکەم کەڵک لە "بنیاد" وەردەگیردرێت. بۆیەش لە باشوور زۆر جار بە پێکهاتەخوازی دەوترێت بنیاتگەری. بونیاد، بنیاد و بنیات نزیکن لە هەندێک وشەی تر وەک بن، بنج، بناوان، بنەچە، بنچینە، بنەڕەت و هتد. دیارە هەمووشیان جیاوازن لە ستروکتوری فەرانسەیی و ستراکچێری ئینگلیزی. بۆیە پێم وایە بنیاتگەری هاوواتایەکی باش نییە بۆ ئەو شەپۆلە گەورە فیکرییەی بە پێکهاتەخوازی دەیناسین.
ئەوەی کە وشەیەک هەڵگری چەندین مانای جیاواز بێت ئاسایییە. پێکهاتەش کۆمەڵێک واتای فرەپاتی لە کوردیدا هەیە کە سەرەکیترینیان لە باسوخواسی کۆمەڵناسانەدا بەکار ئەهێنرێت، وەک چۆن دەوترێت پێکهاتەی تورکمان، پێکهاتەی ئاشووری و هتد. گرنگ ئەوەیە زاراوە زانستییەکان بە شێوەی هەڵە وەرنەگێڕدرێن، چونکە دواتر چەوتتێگەیشتنی لێ دەکەوێتەوە و کۆمەڵێک ڕوانگە و بۆچوونی نادروست بە دوای خۆیدا ئەهێنێت.
💎 @Perrenus
1 052
📝 خەونی کورد سەربەخۆییی کوردستانە
"کوردەکان خەون بە دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەکەوە ئەبینن لە باکووری ئێرانەوە تا بەندەری ئەسکەندەرونە درێژ ئەبێتەوە". ئەوە سەردێڕی لاپەڕەی یەکەمی هەواڵێکی ژمارەی ٢٠٢٨ی ڕۆژنامەی (ألبرید السوري)ی ڕۆژی هەینیی ساڵی ١٩٤٦ ز. هەر هەمان ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە بە پایتەختیی شاری مەهاباد.
تورک و عەرەب و فارس لە هەموو سەردەمێکدا ئەو ڕاستییەیان زانیوە، کە گەورەترین هەوڵ و ئاواتی نەتەوەی کورد لە سنوورەکانی مێژوویی و ژیانی سروشتیی باوک و باپیرانیدا، سەربەخۆیی و ڕزگاربوونیانە لە دەسەڵاتی ئەوان. لەبەر ئەوەیە کە دوژمنانی کورد لە هەر چوار بەشە داگیرکراوەکەی کوردستاندا، هەموو دەم ئەو ترسەیان لە بەهێزبوون و سەرهەڵدانی کورد هەبووە و بە هەموو هێزی خۆیان بەرەنگاری بوونەتەوە.
ئەم هەواڵەی ڕۆژنامەی (البرید السوری ـ پۆستەی سووری)ی عەرەبی، ئەو ترسە شۆڤێنزمییەی عەرەبەکانی سووریە بە عەرەبزوانەکان ڕائەگەیەنێت؛ ئەو نیازەی کورد هەیەتی، مەترسییەکی گەورەیە، نەک هەر بۆ سەر ئێران، بۆ سەر نیشتمانی عەرەبییش.
هەواڵەکە بە کوردی: "لەندەن – ئەمشەو لە ئێرانەوە برووسکەی زۆر گرینگ گەیشتوون، تێیاندا هاتووە کە هێزە نافەرمییەکانی کوردەکان گەمارۆی سەربازگە ناوچەیییەکانی حکوومەتی ئێرانیان لە پێنج شاری گرینگی کوردستان داوە. ڕۆژنامەی "دەیلی تێلێگراف" برووسکەیەکی لە هەواڵنێرەکەیەوە لە تاران پێگەیشتووە، سبەینێ بڵاوی ئەکەینەوە، تێیدا هاتووە، کە هەواڵنێرەکە بە فڕۆکە بەسەر سێ شاردا سووڕاوەتەوە، کە میراوا و سەردەشت و ڕەبەتن و چاوی لە گەمارۆدەرەکان بووە کە شارەکان لە چەمەر ئەکێشن و گەمارۆکەیان بە توندوتۆڵی کونبڕ ئەکەن. ئەوەشی زانیوە کە دوو شارەکەی تر، سەقز و بانەن.
هەواڵنێرەکە ئەیژێت: کوردەکان تەقەیان لە فڕۆکەکەی کردووە، بەڵام زیانی پێ نەگەیشتووە، گومانی تێدا نییە، حکوومەت بەشی ئەوەندە هێزی هەیە، ئەو پێنج شارە ڕزگار بکات، بەڵام سوپا ئەو فەرمانەی حکوومەتی تارانی لە بەردەستدایە، کەوایە پێویست ئەکات لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە تا وتووێژی نێوان حکوومەت و سەرۆکی دیمۆکرات محەمەد قازی تەواو ئەبێت، کە سەفەری پایتەختی کردووە.
هەواڵنێرەکە لە درێژەدا ئەیژێت: شارە گەمارۆدراوەکان ترسی برسیبوونیان لەسەرە. ئەوە حەفتەیەکیشە هێزە فەرمییەکانی ئێران کەوتوونەتە ڕێگەکردنەوە بۆ ئازووغە دابینکردن. هێزەکانی ئێران داوای ڕێککەوتن و ئاگربڕیان کردووە، بەڵام کوردەکان جارێکی تر شارەکانیان گەمارۆ داوەتەوە.
کوردەکان کە لەگەڵ دیمۆکراتەکانی ئازەربایجان لە دژی حکوومەتی ناوەندیی ئێران ڕاپەڕیون، باسی فراوانخوازی و بنیاتنانی دەوڵەتێکی گەورە بۆ کورد ئەکەن، سەرزەمینی ...".
ئەو هەواڵە لەوێدا تەواو نابێت و پاشماوەکەی، کە لەوە ناچێت زۆر و گرنگ بێت، کەوتووەتە لاپەڕە ٤ی ڕۆژنامەکەوە، کە بۆم نەدۆزرایەوە.
📎 سەرچاوەی دەقە وەرگێڕدراوەکە: لاپەڕەی ئەرشیڤی کوردستان (kurdistan Archive).
💎 @Perrenus
1 052
📝 خەونی کورد سەربەخۆییی کوردستانە
"کوردەکان خەون بە دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەکەوە ئەبینن لە باکووری ئێرانەوە تا بەندەری ئەسکەندەرونە درێژ ئەبێتەوە". ئەوە سەردێڕی لاپەڕەی یەکەمی هەواڵێکی ژمارەی ٢٠٢٨ی ڕۆژنامەی (ألبرید السوري)ی ڕۆژی هەینیی ساڵی ١٩٤٦ ز. هەر هەمان ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە بە پایتەختیی شاری مەهاباد.
تورک و عەرەب و فارس لە هەموو سەردەمێکدا ئەو ڕاستییەیان زانیوە، کە گەورەترین هەوڵ و ئاواتی نەتەوەی کورد لە سنوورەکانی مێژوویی و ژیانی سروشتیی باوک و باپیرانیدا، سەربەخۆیی و ڕزگاربوونیانە لە دەسەڵاتی ئەوان. لەبەر ئەوەیە کە دوژمنانی کورد لە هەر چوار بەشە داگیرکراوەکەی کوردستاندا، هەموو دەم ئەو ترسەیان لە بەهێزبوون و سەرهەڵدانی کورد هەبووە و بە هەموو هێزی خۆیان بەرەنگاری بوونەتەوە.
ئەم هەواڵەی ڕۆژنامەی (البرید السوری ـ پۆستەی سووری)ی عەرەبی، ئەو ترسە شۆڤێنزمییەی عەرەبەکانی سووریە بە عەرەبزوانەکان ڕائەگەیەنێت؛ ئەو نیازەی کورد هەیەتی، مەترسییەکی گەورەیە، نەک هەر بۆ سەر ئێران، بۆ سەر نیشتمانی عەرەبییش.
هەواڵەکە بە کوردی: "لەندەن – ئەمشەو لە ئێرانەوە برووسکەی زۆر گرینگ گەیشتوون، تێیاندا هاتووە کە هێزە نافەرمییەکانی کوردەکان گەمارۆی سەربازگە ناوچەیییەکانی حکوومەتی ئێرانیان لە پێنج شاری گرینگی کوردستان داوە. ڕۆژنامەی "دەیلی تێلێگراف" برووسکەیەکی لە هەواڵنێرەکەیەوە لە تاران پێگەیشتووە، سبەینێ بڵاوی ئەکەینەوە، تێیدا هاتووە، کە هەواڵنێرەکە بە فڕۆکە بەسەر سێ شاردا سووڕاوەتەوە، کە میراوا و سەردەشت و ڕەبەتن و چاوی لە گەمارۆدەرەکان بووە کە شارەکان لە چەمەر ئەکێشن و گەمارۆکەیان بە توندوتۆڵی کونبڕ ئەکەن. ئەوەشی زانیوە کە دوو شارەکەی تر، سەقز و بانەن.
هەواڵنێرەکە ئەیژێت: کوردەکان تەقەیان لە فڕۆکەکەی کردووە، بەڵام زیانی پێ نەگەیشتووە، گومانی تێدا نییە، حکوومەت بەشی ئەوەندە هێزی هەیە، ئەو پێنج شارە ڕزگار بکات، بەڵام سوپا ئەو فەرمانەی حکوومەتی تارانی لە بەردەستدایە، کەوایە پێویست ئەکات لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە تا وتووێژی نێوان حکوومەت و سەرۆکی دیمۆکرات محەمەد قازی تەواو ئەبێت، کە سەفەری پایتەختی کردووە.
هەواڵنێرەکە لە درێژەدا ئەیژێت: شارە گەمارۆدراوەکان ترسی برسیبوونیان لەسەرە. ئەوە حەفتەیەکیشە هێزە فەرمییەکانی ئێران کەوتوونەتە ڕێگەکردنەوە بۆ ئازووغە دابینکردن. هێزەکانی ئێران داوای ڕێککەوتن و ئاگربڕیان کردووە، بەڵام کوردەکان جارێکی تر شارەکانیان گەمارۆ داوەتەوە.
کوردەکان کە لەگەڵ دیمۆکراتەکانی ئازەربایجان لە دژی حکوومەتی ناوەندیی ئێران ڕاپەڕیون، باسی فراوانخوازی و بنیاتنانی دەوڵەتێکی گەورە بۆ کورد ئەکەن، سەرزەمینی ...".
ئەو هەواڵە لەوێدا تەواو نابێت و پاشماوەکەی، کە لەوە ناچێت زۆر و گرنگ بێت، کەوتووەتە لاپەڕە ٤ی ڕۆژنامەکەوە، کە بۆم نەدۆزرایەوە.
📎 دەقی عەرەبیی ڕۆژنامەکە.
📎 سەرچاوەی دەقە وەرگێڕدراوەکە: لاپەڕەی ئەرشیڤی کوردستان (kurdistan Archive).
💎 @Perrenus
1 052
📝 چەپی ڕادیکاڵی ئایدیۆلۆژیی هاوردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان سیستەم و وێژمانی ئەوی تردا
✍ د. ئەحمەد محەممەدپوور
کورتکردنەوی بنەما بوونناسییەکانی وێژمانی فارسی - شیعی، بە کۆمەڵێک ڕەخنەی سیاسی و ئابووری لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پەهلەوی یان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەری ئێرانی، نەک تەنیا هەڵەیەکی میتۆدناسانەی گەورەیە، بەڵکوو کردەوەیەکی ئاکاریی ئێجگار مەترسیداریشە. ئەم جۆرە شیکردنەوانە ژینۆساید و ئەتنۆسایدی ئەوی تر تەنیا (یان تا ڕادەیەکی زۆر) لە دەلاقەی خەسارناسیی سیاسەتی کۆمەلایەتییەوە دەبینێت و پێی وایە جێگە و ڕێگەی گۆڕانکاری و چاکسازی هێشتا کراوەیە.
ئەگەرچی لێکدانەوە و هەڵدانەوەی لایەنە جۆربەجۆرەکانی چەوسانەوەی ئەوی تر - بۆ نموونە ڕەگەز، توێژ، چین و ... - گرینگییەکی تایبەتیان هەیە، بەڵام دەبێت لەبیرمان بێت کە هەمووی ئەو بوارانە لە پانتاییی پارادایمێکی سەرەکی، داسەپاو و گشتگیر، واتە پارادایمی وێژمانیی فارسی ـ شیعیدا مانای خۆیان دەدۆزنەوە. کەواتە مادام کەشوهەوای بوونناسانە و مەعریفیی تاک و کۆ لە ڕووی وێژمانییەوە ئاوێتە و تێکەڵاوی ئەم پارادایمە زاڵەیە، لێکدانەوەی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک بە ورد و گەورەوە بەندە بە لێکدانەوەی ئەو پاردایمەوە.
هەنووکە پرسیار ئەوەیە: ئایا مەترسیی سەرکیی ئێمە وەکوو کوردستانی، سیستەمی سەرمایەدارییە یان وێژمانی پاوانخواز و دڕەندەی داگیرکەری سەقامگیر؟ ئایا کێشەی ڕەگەزی و چین زاتیی کۆمەڵگەی کوردستانن؟ بەرهەمی سەرمایەداریی سەردەمن یان دەکرێت بە شیوەیەکی دیکەش و لە پەیوەندی لەگەڵ پارادایمی زاڵی داگیرکەری سەقامگیر لێک بدرێنەوە؟
لە کۆتاییدا با بیر لەوەش بکەینەوە، چەپی ڕادیکاڵ پێڕەوی ئایدیۆلۆژیی هاوردەی هەنووکە کورد - خوازراو یان نەخوازراو - لە بازنەی کێدا کایە دەکات و بەڕاستی ئێمە لە کوردستان چ جۆرە چەپێکمان پێویستە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەهێڵمەوە بۆ تێفکرین و بیرکردنەوەی خوێنەر!
💎 @Perrenus
1 052
📝 نەتەوە ئەوی دیکەی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی نیشتمانی دەستنیشان دەکات
✍ مەسعوود بابایی
زۆر دەبیستین و دەوترێت کە ناسیۆنالیزمی کوردستانی نابێت "ئەوی تر"ی خۆی دەستنیشان بکات، چونکە دەگات بە فاشیزم!! ئەمە بەتەواوەتی بێبنەما و ناڕەوایە. کاتێک مەودایەک لە جوگرافیادا هەیە، "دراوسێ"مان هەیە، دراوسێ یان دۆستە یان دوژمن! یان لەگەڵیدا لە شەڕداین یان ئاشتی و دۆستایەتی یان یەکتری نادوێنین!
ڕێسایەکی سادە هەیە کە هەمیشە ئەوی تر هەیە؛ "نەتەوە" ئەوی تری خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی نیشتمانەکەی دەستنیشان دەکات. ئەگەر کۆمەڵەخەڵکێک "ئەوی تر"ی خۆیان لەنێو سنوورەکانی خاکەکەی خۆیاندا دەستنیشان بکەن، ئەوە هێشتا نەتەوە نین و خێڵن! کەوایە ئێستە پرسیار ئەوەیە: ئەوی تری ئێمەی خەڵکی کوردستان کێیە؟ ئێمە لە کێ دەترسین؟ کێ داگیرمانی کردووە؟
وەڵامەکە هەندە سادەیە کە ئەگەر "ترسنۆک" نەبین دەتوانین وەڵامی بدەینەوە! کەسانێک هەن تەنیا لەبەر ئەوەی کە گۆیا مرۆڤدۆستن و لە ناتۆرەی فاشیزم دەترسێن، خۆیان لە وەڵامەکە دەدزنەوە! کەسانێکیش هەن کە هێشتا بیر لە پووش و پاوان دەکەنەوە، ئەوان ئەوی تری خۆیان تەنیا لە "پاوان" و دەرەوەی "پاوان"یاندا دەبیننەوە. ئەمانە کۆمەڵەخێڵێکن کە سنووریان "ئەمدیو" و "ئەودیوە"، نە دەزانن "ئەمدیو" چییە و نە بیر لەوە دەکەنەوە "ئەودیو" دەبێت چی بێت؟!
هەمیشە بڕوام بەوە هەبووە کە ئێمە زیاتر گیرۆدەی "خێڵی زەینی"ن! وای دەبینم "نەتەوە" هەمان ئایدیای یەکگرتووە، نەک کۆمەڵەخەڵکێک لەسەر خاکێکی دیاریکراو؛ ئایدیا مانا بە "خاک"، "من" و "ئەوی تر" دەبەخشێت. ئایدیاکەم پێ بێژە تاکوو "دەوڵەت"ت پێ ببەخشم؛ ئەمەیە نەتەوە!
💎 @Perrenus
1 052
📝 کوردایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردستانی و ئێرانشاریی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی
✍ کاروان مێراوی
پێشەکی
ئەم بابەتە ئاماژەیەکی کورتە بە دووانەی دژیەک و یەکتربڕی کوردایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردستانیی خەڵکی بێدەوڵەتی کوردستان کە بۆ ڕزگاریی نیشتمان لەژێر چنگی داگیرکەران تێ دەکۆشین و هەروەها ئێرانشاریی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی کە هەوڵ دەدات خەڵکی کوردستان وەک بەشێک لە ئێرانی دەستکرد لەناو خۆیدا بتوێنێتەوە و شوناس و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆمان لێ وەرگرێت.
کوردایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردستانی
دەکرێت بێژین کوردایەتی بە جۆرێک وەک ناسۆنالیزمێکی ڕزگاریخوازی ڕەسەن کە پێشینیانی ئێمە لەسەر ئەو ڕێچکەیە شۆڕشیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان کردووە باس بکەین. کوردایەتی وەک میراتێکی هزریی زێڕینی مێژووی کوردستان کە هەموو دەرکەوتەکانی نیشاندەری هەوڵی نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد بووە بۆ مانەوە، ڕزگاریی نیشتمان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کە باشترین نموونەشی کۆماری کوردستانە و ئەم نموونەیەش وەک ترۆپکی کوردایەتی لە مێژووماندا دەدرەوشێتەوە. هەنووکەش ئەم میراتە هزرییە، نەوە بە نەوە گواستراوەتەوە تاکوو ئەم سەردەمەش هەر ڕێنیشاندەری نیشتمانپەروەری و سەربەستیخوازیمان بووە.
بەڵام بەپێی خوێندنەوەی سەردەم، کوردایەتی کە پێشتر لە بازنەی ناسیۆنالیزمی کردیدا پێناسە دەکرا، هەنووکە بەرگێکی نوێی بە بەردا کراوە و خەریکە لە بازنەی ناسیۆنالیزمی کوردستانی و لەژێر ناوی کوردستانیبوون پێناسە دەکرێتەوە. کوردستانیبوونیش بەپێچەوانەی پێناسە کۆنە باوەکانی کوردایەتی، تەنیا نەتەوەی کورد ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی ناو جوگرافیای دێرینی کوردستان سەرەڕای جیاوازیی ئایین، کولتوور، باوەڕ و ... دەگرێتەوە.
ئێرانشاریی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی
دەکرێت بێژین ئێرانشاری بریتییە لە هەوڵێکی ئایدیۆلۆژیک و ڕێکخراوە (سیستەماتیک) بۆ سڕینەوە و تواندنەوەی کۆمەڵێک نەتەوەی نیشتمانداگیرکراو لە جوگرافیای دەستکردی ئێران، لەنێو پێکهاتەی فارس و لەژێر ناوی ئێرانیبوون بە مێژوویەکی دروستکراو و چەواشەکارانە و لە ڕێڕەوێکی فاشیستیدا بە هەردوو دیوی ئێرانیزمی پەهلەویی و ویلایەتی فەقیهی خومەینی ـ خامنەیی کە دوو دیوی دراوێکی بێبایەخن.
داگیرکەری ئێرانی لە ڕاستای ئێرانشاریدا کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک: "ئێمە هەموومان ئێرانین"، "کوردەکان ئێرانیی ڕەسەنن"، "کوردەکان سنوورپارێزانی دلێرن"، "لە هەر شوێنێک کورد بێت، ئەوێ ئێرانە" و ... گەلێک دەستەواژەی بێنەمای هاوشێوەی تری خستووەتە نێو خەڵک کە جیا لەوەی چەواشەکارانە و بێناوەڕۆکن و بۆ هەڵخەڵەتاندنی تاکی کوردستانییە، بەڵکوو ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین، خودی ئەم دەستەواژانەش ئەوپەڕی بێڕێزییە بە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ئەو ڕێژە کەمە کوردانەی فریو دراون و خۆیان بە ئێرانی دەزانن.
یەکتربڕیی کوردایەتی و ئێرانشاری
ئەگەر بەو شێوەیەی کە پێشتر باسمان کرد، ئێرانشاری هەوڵی ئایدیۆلۆژیکی خۆسەپاندنی داگیرکەری ئێرانی بەسەر نەتەوە نیشتمانداگیرکراو و بێدەوڵەکانی نێو ئەو جوگرافیا دەستکردە و بەتایبەت نەتەوەی کورد بێت، هەروەها کوردایەتی شێوەیەکی ڕەسەنی ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان بێت کە ئاکامەکەی دەگاتە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئەم دوو دەستەواژەیە تەنیا دوو چەمکی سەر کاغەزی پێچەوانەی یەکتر نین، بەڵکوو بە کردەوەش دوو کرداری دژیەک و یەکتربڕ و هەروەها هەوڵی نەتەوەیەکی دروستکراوی خەیاڵیی بێناوەڕۆکی داگیرکەر و نەتەوەیەکی دێرین و مێژووییی خاکداگیرکراوی ڕزگاریخوازە بە دژی یەکتر کە بۆ مانەوەی خۆیان دەبێت یەکیان بەسەر ئەوی تریاندا سەرکەوتوو بێت.
بەپێچەوانەی ڕوانگەی ئەو کەسانەی کە پێیان وایە خەڵکی کوردستان لە چوارچێوی ئێرانێکی دێموکراتیکی دیسانتراڵ و ناناوەندیدا (لە هەر جۆر و شێوازێکیدا بێت) دەتوانین بە مافەکانی خۆمان بگەین و ئەمەش بە کوردایەتی لەقەڵەم ئەدەن، نەک تەنیا کوردایەتی نییە، بەڵکوو تواندنەوەی کوردایەتیشە لەژێر چەتری ئێرانیبوون و لەنێو ئێرانشاریدا.
ئاکام
کەواتە ئەو ڕێژە کەمە کوردانە و هەر تاکێکی کوردستانی کە خۆی بە ئێرانی دەزانێت، ڕاستەوخۆ دەکەونە بەرەی داگیرکەر و نێو بازنەی هەوڵی دوژمنان بۆ خۆسەپاندن بەسەر خاک و نیشتمانەکەی و سڕینەوە و لەنێوبردنی نەتەوەکەی.
ناکرێت وەک تاکێکی کوردستانی خۆت بە ئێرانی بزانیت یان پێت وا بێت لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی دێموکراتیکی ئێراندا (کە قەت دێموکراتیک نابێت) خەڵکی کورستان بە مافەکانمان دەگەین، پاشان ئەمەش بە کوردایەتی لەقەڵەم بدەیت.
دواڕستە: دەبێت هەر تاکێکی کوردستانی خۆی یەکلایی بکاتەوە، یان ئێرانییە و پشتی لە نەتەوە و نیشتمانەکەی کردووە کە ئەمەش خیانەتە، یان کوردستانییە و کوردایەتی تەنیا بە هەوڵدان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆییی کوردستان دەزانێت.
💎 @Perrenus
1 052
📝 بەشێک لە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی لە کوردستان
ئەم ڤیدیۆ ٣٠ چرکەیییە، نیشاندەری بەشێکی زۆر کەمی تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانییە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی داگیرکراومان کە سەرکردە تیرۆریستەکانیان بە تیرۆرکردنی ڕێبەرانمان، خەیاڵی بێبنەمای لەنێوبردنی شۆڕشی ڕزگاریخوازی و ئیرادەی سەربەخۆییخوازیی خەڵکی کوردستان لە مێشکیاندا بوو.
ئەگەرچی ئەمە تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە زەریای تاوانەکانی داگیرکەرە و زۆر تاوانی جۆربەجۆری تریان لە کوردستان کردووە، بەڵام نە پیلانەکانی ئەوان سەری گرت و نە توانییان شۆڕشەکەمان و نەتەوەی کورد لەنێو ببەن، نە ئێمەش ئەو تاوانانە لەبیر دەکەین و نە کۆڵیش دەدەین.
خوێنی ڕێبەرانمان دەبنە هەوێنی ڕقی پیرۆز بۆ ورەی خۆڕاگری و باوەڕی سەربەستیخوازیمان، ڕێبازیان هەتا گەیشتن بە ئامانجی پیرۆزمان کە ڕزگاریی نیشتمانی داگیرکراومان و سەربەخۆییی کوردستانە، هەر درێژەی هەیە.
دڵنیاین لە ئاکامدا ئەوەی هەرمان دەمێنێت کوردستانە و ئەوانەش دەبێت نەمێنن، داگیرکەرانە.
تێبینی: ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگیراوە.
💎 @Perrenus
1 052
📝 پرسی کوردستان و تێڕوانینی فاشیستانەی داگیرکەران
✍ قەرەنی قادری
پرسی کوردستان لە ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە تەنیا بابەتێکی سیاسیی ڕووتوقووت نییە، بەڵکوو پرسێکی تەواو ئاوەزی و هزری و حوکمڕانانی ئەو چوار "وڵات"ە، هەروەها بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەیش بۆیان هەرس نابێت کە ئەو چوار دەوڵەتە تەنانەت بە شێوەیەکی فیدراڵییش (دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری، سوپایی، دیپلۆماسی و پارادیپلۆماسی بەسەر ناوچە فیدراڵییەکان) بەڕێوە بچن، جا چ بگات بەوە کە داواکاری و خەبات بۆ دەوڵەتی کوردستان بکەیت!
مێژووی ئەو دەوڵەتانە پڕە لە سەرکوت، چەواشەکاری، شێواندنی مێژووی کوردستان و کورد، هەر بەو پێیەیش هاووڵاتییانی خۆیان گۆش کردووە کە کوردستان بەشێکی جیانەکراوەیە لە خاکی ئەوان و ئەمەیش بە ئایدیۆلۆژیک کراوە.
چەمکی "پاراستنی یەکپارچەییی خاک" لە لای ئەوان هاوشانە لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیییان، بۆیە هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی مافخواز (فیدراڵیخواز یان سەربەخۆییخواز) بە خەستترین شێوە سەرکوت دەکەن و بوونی ئەو بزووتنەوانەیش بە هەڕەشە بۆ "سەر ئاسایشی نەتەوەیی" و "یەکپارچەییی خاکی خۆیان" دەزانن. لەو بوارەیشدا تەنیا کەڵک لە هێزی ڕەق وەرناگرن، بەڵکوو هێزی نەرمی خۆیان هەم بۆ چەواشەکردنی مێژووی کوردستان و هەمیش بۆ بەلاڕێدابردنی زەینی هاووڵاتییانی خۆیان بەکار دێنن و وەکوو خۆیان لێ دەکەن، هەروەها بۆ نانەوەی ئاژاوەیش لەناو کوردستانییاندا کەڵکی لێ وەردەگرن!
تەنانەت ڕێکخراوێکی ئورووپانشین وەکوو (شورای مدیریت گذار)، یەکێک لە مەرجەکانی کارکردن لەو شورایەدا دەبەستێتەوە بە "پاراستنی یەکپارچەییی نەتەوەیی و تەواویەتیی خاکی ئێران". ئەمە ئیتر بەڵگەیەکی تەواو فاشیستی و شۆڤێنیستییە. جاران هێزە ئێرانییەکان باسیان لە "پاراستنی یەکپارچەییی خاکی ئێران" دەکرد، بەڵام (شورای مدیریت گذار) زیاتر لەوان دەڕوانێت و "پاراستنی یەکپارچەییی نەتەوەیی" (نەتەوەی ئێران و ئێرانیبوون)یشی لێ زیاد کردووە، کە ئەمەیش یانی سڕینەوەی جیاوازییەکانە لە ئێرانی فرەنەتەوە و فرەنیشتماندا!
تا دێت بارودۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر و ترسناکتر دەبێتەوە. بەڵام بەداخەوە بارودۆخی کوردیش لە هەر چوار پارچە ئەوەندە باش نییە کە بتوانێت ڕووبەڕووی شەپۆلی فاشیزم و شۆڤێنیزم، پیلان و میلیتاریزمی ئەو دەوڵەتانە ببێتەوە. خاڵی لاوازمان زۆرە، تەنیا یەکگرتوویی، بە دادمان دەگات.
ئاڵۆزیی دۆخەکە گەرچی مەترسییە، بەڵام بە کۆدەنگی و یەکگرتوویی دەکرێت هەڕەشەکان بکەین بە دەرفەت و بە کەمترین تێچوو ئەو قۆناغەیش دەرباز بکەین، بەو مەرجەی جیاوازییە ناوخۆیییەکان نەکەین بە ناکۆکی! لە یەکگرتووییدایە کە دەبین بە هێز و هاوکێشە. تەنیا بە یەکگرتوویی و هێزەوە دەتوانین ببین بە بەشێک لە یارییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان!
هەر ڕاوەستاو بێت کوردستان!
💎 @Perrenus
1 052
📝 فێڵی شەهیدکردنی شێرعەلیمەردان خانی بەختیاری، ڕووپەڕێکی تر لە تاوانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی
✍ حوسێن یەزدانپەنا
شۆڕشی شێرعەلیمەردان خانی بەختیاری، هاوکات لەگەڵ شۆڕشی سمکۆی مەزن، شۆڕشێکی چەکداریی جەماوەری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی بەختیاری دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی، یەکێک لاپەە زێڕینەکانی مێژووی کوردستانە.
لەو کاتەدا کە ڕەزاشا تازە دەوڵەتی بەناو مۆدێڕنی ئێرانی بنیات نابوو، لەپێناو فارسیفیکاسیۆن و سەپاندنی ناسنامەی فاسیزم ــ ئێرانییبوون بەسەر نەتەوەی گەورەی کورد و هەموو ناسنامە و حوکمڕانییە نافارسییەکانی ناو «مەمالکی مەحرووسەی ئێران»، کەوتبووە پەلامار و لەشکرکێشی و داگیرکردن، شێرعەلیمەردان خانی بەختیاری، ڕاپەڕی و ئەم زوڵم و زۆرە ناڕەوای پێ قەبووڵ نەکرا.
سەردار شێرعەلیمەردان خان، پاش زنجیرە قارەمانەتییەکی بێبڕاوانە و ڕاماڵینی لەشکەری داگیرکەری فارسی ـ ئێرانی، بە فێڵی وتووێژ، سمکۆئاسا لە داو خرا و سەرەنجام لە بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ٢٦٣٤ک (١٩٣٤ ز)، لەگەڵ پۆلێک لە کەسایەتییەکانی بەختیاری، لە پایتەختی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە سێدارە درا.
سەرەڕای ئەم تاوانە فێڵبازانەی ئێرانی داگیرکەر و نامرۆڤانەیەی ڕەزاشا، کە بەشێکە لە فەرهەنگ و مێژووی ڕەشی ئێرانییە، هەر وەکوو چۆن لە هەبوونی گڵکۆیەک بۆ سمکۆی مەزن دەترسان و پێیان ڕەوا نەبینی، شێرعەلیمەردان خانیشیان گۆڕنادیار کرد و مەخابن هەتاکوو ئێستەش گۆڕەکەی نادیارە، بەڵام یاد و ناو و ڕێبازەکەی لە هزرماندا هەر زیندوو و لەسەرپێیە.
هەنووکەش نەوەکانی شێرعەلیمەردان خان و سمکۆی ڕێبەر لە ڕیزەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستانن لەپێناو ڕزگاریی خاک و سەربەستیی نیشتمان و سەربەخۆییی نەتەوکەماندا ڕێبازە پیرۆزەکەیان ئاوەدانە و هەتا کوردستانییەک سەنگەریان چۆڵ نەکراوە و ناکرێت. ئێستاکانەش داگیرکەری ئێرانی لە درێژەی ڕێڕەوی فێڵبازانەی خۆیاندا تێ دەکۆشن جیاوازییە ناوچەیی و شێوەزاری و ئاینییەکانی نێوان پێکهاتەکانی نیشتمانە پان و بەرینەکەمان واتە کوردستان بکەنە کەلێن و هەوێنی پێکدادانی نێوانمان و سەرخستنی سیاسەتی پەرتەوازەیی و زاڵبوونی خۆیان.
ئەوەی دیار و ڕوونە، پاشەڕۆژی ئێمە نەوەکانی سمکۆی مەزن، شێیرعەلیمەردان خانی بەختیاری، سەردار عێوەز خانی کورمانج، عەلیمەردان خانی بەیرانڤەند، داود خانی کەڵهۆڕ، شا محەممەدی یاری، قەدەمخێڕ و پێشەوا قازی محەممەدی سەرۆککۆمارە کە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی فاشیزمی فارس ـ ئێرانی و شۆڤینیزمی تورکدا، لە گرەوی یەکبوونی ناسنامەیی و شوناسی نەتەوەییمان و یەکبوون و یەکگرتووییماندایە.
ناو و یاد و ڕێبازی شێرعەلیمەردان خانی بەختیاری لە هزری شۆڕشگێڕانی کوردستان و تێکۆشەرانی نەتەوەکەماندا هەردەم زیندووە و ڕێگەی پڕسەروەرییەکەی و ئامانجی پیرۆزی لەپێناو خاکی نیشتمانماندا درێژەی هەیە.
💎 @Perrenus
1 052
📝 کۆماری کوردستان، وێنایەکی ڕوون لە ڕزگاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
✍ د. هیوا سەلام
پرسیارێکی گرینگ و بنەڕەتی لەسەر کۆماری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی نیشتمان هەیە دەبێت هەموومون ڕۆژانە لە خۆمانی بپرسین: تەنیا بە یازدە مانگ، کۆماری کوردستان چ جۆرە مرۆڤێکی بەرهەم هێنا؟ ئاخۆ ئەگەر ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی داگیرکراومان هەناسەیەکی ڕزگاری و ئازادی هەڵبمژێت، دەبێت چۆن داری کوردەواری و کوردستانی گەورەمان تێراو بکات؟!
کۆماری کوردستان لەو ماوە کورتەدا هێمنی بەرهەم هێنا کە کەم شاعیری کورد هەن تۆزی پێی بشکێنن. حەسەن زیرەک و ماملێی بەرهەم هێنا کە دوای دەیان ساڵ لە کۆچی دوایییان، هیچ ڕۆژێک نییە گوێیان بۆ نەگرین! لە پێشهاتێکی دەگمەندا کە هەرگیز ڕووی نەدایەوە، ئەفسەرانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک بوون بە ڕێبەری سەربازی لە مەهاباد و بۆکان و سەردەشت و ئەمڕۆش کوردستان شانازی بە شەهیدان مستەفا خۆشناو و هاوڕێیەکانییەوە دەکەن.
کۆمارە ساواکەی کوردستان لەو کورەتەماوەیەدا یەکەم گۆڤاری بۆ منداڵان چاپ کرد و فێری کردین کە منداڵی ئێمەش دەکرێت بە کوردی پێ بکەنن و بیر بکەنەوە. مرۆڤی گەورە و مەزنی وەکوو قازی و کاپیتان حەمەدی پێ ناساندین و هەروەها بێگومان خەڵکانێکیشی پێ ئاشنا کردین کە خیانەتیان لە نەتەوە و نیشتمانی خۆشیان کرد و دەیان دەستکەوتی دیکە.
ئێمەی تاکی کوردستانی، با ساتێک ڕا بمێنین و بیر بکەینەوە، ئاخۆ ئەگەر تەنیا لەو ناوچە بچووکەی موکریان، کۆماری کوردستان تەنیا بە یازدە مانگ و لەناو ئەو هەموو ئاڵۆزیانەی تێیدا بوو ئەمەی بەخشیبێت بە هەموومان و بە نیشتمان و نەتەوەکەمان، ئەگەر ڕۆژهەڵات هەناسەیەکی ڕزگاری و ئازادی هەڵبمژێت، دەبێت چۆن داری کوردەواری و کوردستانی گەورەمان تێراو بکات؟!
لەپێناو داهاتووی منداڵەکانمان، لەپێناو هەڵمژینی هەوای ڕزگاری و ئازادی، لەپێناو سەربەرزیی کورد و سەربەستیی کوردستان، لەپێناو سەربەرزی و دژی ژێردەستەبوون، پاڵپشتیی ڕۆژهەڵاتین و دژی داگیرکەری ئێرانین بەسەر خاکی باب و باپیرانمانەوە. هەر کەسێک، تەنانەت ئەگەر شەیتانیش لە داگیرکەرانی کوردستان بسرەوێنێت، من دەستخۆشی لێ دەکەم.
💎 @Perrenus
1 052
📝 تێکڕووخانی هەموو هێما و سیمبولە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران
✍️ شاهۆ حوسێنی
دوازدە ڕۆژ شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران لە کۆتاییدا لێکەوتەکەی ئاگربڕێکە کە لە هەناو و گەوهەری خۆیدا مەرگی هەموو سیمبول و هێما ئایدیۆلۆژییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی لێ کەوتەوە.
یەکەم: خۆڕادەستکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی بوو. هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەشێت بوترێت کە بەشی هەرە زۆری توانای هاژەکی، سەربازی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی و بەگشتی ئەتۆمیی ئێرانی خاپوور کرد؛ ڕێژیمی ئیسلامی و ئێرانچییەکان کە هەستیان بە مەترسیی ڕووخانی ئێرانی ژیۆپۆلەتیکی و ئێرانی ئایدیۆلۆژیی کردبوو و لەوە باش تێ گەیشتبوون کە ڕووخان نزیکە، بەناچاری ملیان بۆ ویستەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا شۆڕ کردووە و ناچار بە خۆڕادەستکردن و دانیشتن لەگەڵ ئەو دژبەرانە بوون کە هێمای شەڕ و شەیتان بوون لە ئایدیۆلۆژیی بناژوێخوازی ڕێژیمی ئیسلامیدا.
دووەم: بە قەبووڵی ئاگربڕی ڕێژیمی ئیسلامیی دەوڵەتی داگیرکەری ئیرانی دەستی لە گریگنترین دروشم و هێمای تری خۆی کە لەناوبردنی ئیسرائیل بوو هەڵگرت، ئێران ئیتر نە خۆی ئەم توانایەی هەیە هەڕەشە بۆ سەر ئەهوەنیی ئیسرائیل بێت و نە بریکارەکانی (نیابتی) دەتوانن بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربڕەکە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دروست بکەن.
سێیەم: ئێران گرینگترین هێمای و سیمبولی خۆی دۆڕاند بەهۆی ئەم ئاگربڕە، بەهۆی ئەوەی کە ئێستە دەبێت لەگەڵ ئیسرائیلێک ئاگربڕ بکات کە هەتا ئێستە بەفەرمی نەدەناسی و دانوستان و ئاگربڕ لەگەڵ ئیسرائیل بە مانای بەفەرمیناسینی ڕاستەوخۆیە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
چوارەم: ڕێژیمی ئیسلامیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی، بەبەردەوامی خۆی وەک "حکوومەتی مەملەکەتی ئیمامی زەمان و ئیسلام و بەرەی حەق" پێناسە دەکرد و دروشمی پارێزراوی خۆی لەلایەن خوا و ئەئیمەوە دەدا، بەڵام لەم شەڕەدا دۆڕا و هیچ پشتیوانێک و یاریدەدەر و یارمەتیدەرێکی غەیبیی بۆ نەهات.
پێنجەم: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی کە بەردەوام خۆیان بە ئاڵاهەڵگرانی مەکتەبی شەهادەت پێناسە دەکرد، بەخۆشاردنەوە و خۆحاشاردانی بەرپرسان و یەک لەوان خامنەییی ڕێبەر نیشانیان دا کە باوەڕەیان بە هیچ کام لە دروشمەکانی خۆیان نییە.
لە کۆتاییدا ئەوەی لەم شەڕەدا ڕێژیمی ئیسلامیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی دۆڕاندنی، نەک تەنیا شەڕی سەربازی، دیپڵۆماسی و ڕاوەیی لەناوخۆ و لە جیهانی دەرەوە بوو، بەڵکوو دۆڕاندنی هێما و سێمبولە ئایدیۆلۆژییەکانی بوو.
💎 @Perrenus
1 052
📝 بەرەو ڕووخانی دیکتاتۆری ئێران و داگیرکەری کوردستان
✍ زریان کوردستانی
دوای هێرشی ڕەوا و گورچبڕی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کە زۆربەی بنکە سەربازی، ئەمنیەتی، ئەتۆمی و هەروەها کەسایەتی و فەرماندەرەکانی کرانە ئامانجی ڕەحمەت و تێدا چوون؛ ئەو خەون و خەیاڵە بێناوەڕۆکەی سەدان ساڵە (بەتایبەت دوای هاتنی خومەینیی جەلاد) دەیانڕێژایە نێو منداڵانی نەتەوە نیشتمانداگیرکراوەکانی نێو جوگرافیای دەستکردی ئێران، بە چەند ڕۆژ لێدانی سوپای ئیسرائیل، بوو بە بڵقی سەر ئاو و وەک پووشی پووشپەڕ با بردی.
ئەم لێدانە، جیا لەوەی کە ئەو خەونەی ئیمپراتۆریی ئێرانشاریی پانئیرانیستەکان و فەرمانڕەواییی ئایینزیمی شیعەییی ئاخوندە بێکەڵکەکان بەتاڵ کرایەوە، بەڵکوو شکۆ و کەرامەتی تاکی ئێرانی شکا و شکۆیان خاپوور کرا؛ شکۆیەک کە لەسەر شووشەیەکی ناسک ڕۆ نرابوو و ژێرەکەشی بەتاڵ بوو، بەرگەی دە (١٠) ڕۆژی نەگرت و خێرا تێکڕووخا.
تارانی پاتەختی دەوڵەتی داگیرکەری نیشتمانی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، ئازەری، تورکمەن، عەرەب و ... و هەروەها دیکتاتۆری ئێرانییەکان کە خۆی بە هێمای هێز و دەستەڵاتی خوا لەسەر زەوین پێناسە دەکرد، ئەمڕۆ لە ئاگردا دەسووتێت و ڕابەرەکەشیان کە خۆی نوێنەری خوا لەسەر زەوی دەناساند و وابێژیی ئەوەی دەکر کە "خوا لە زاری ئەوەوە قسە دەکات"، لە کونەمشکدا خۆی شاردووەتەوە و ناوێرێت سەر دەربێنێت.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە دەوڵەتی داگیرکەر و کاولکاری ئێرانی کە دیاریی دەستی بۆ خەڵکی کوردستان مەرگ، سێدارە، کۆمەڵکوژی، فەتوی جیهاد، شکاندنی کەرامەت، ڕووخانی شکۆ، پەلامار، ئەشکەنجە، ڕفاندن، تیرۆر، کۆڵبەری، هەژاری و ... هەروەها بۆ نیشتمانەکەشمان داگیرکاری، هێرش، کاولکاری، تاڵان، لەنێوبردن، گۆڕینی دێموگرافیا، سڕینەوە، میلیتاریزەکرد و گەورەترین مەترسییەکانی سەر ژینگە و گواستنەوەی ئاو و ... بوو، بەرەو نەمانە و وا لە لێواری ڕووخان و چوونە نێو زبڵدانی مێژووە.
سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕووخانە کات دەبات و لەوانەیە ماوەیەک بخایەنیت، وەک ئەوەی ئەزموونی ڕووخانی سەدام لە عێراق و بنەماڵەی ئەسەد لە سووریە نیشانی داوە؛ گەرچی ئەو دوو داگیرکەرەی کوردستان پێشتر لاواز کرابوون، بەڵام ڕووخانی سەدام ٢١ ڕۆژی خایاند و ڕووخانی بەشار ئەسەد کەمتر لە حەفتەیەکی خایاند. کەوا بوو پێویستە هەندێک پشوودرێژ بین و پەلە نەکەین، بەڵام ئەم پشوودرێژییەمان نابێت بەو واتایە بێت کە کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت حیزبەکانمان ئامادەگی، ڕێکخستنی پێویست، یەکگرتوویی، بەرنامە و ستراتیژیی دیاریکراومان نەبێت.
دەبێت ئەوەشمان لە بەرچاو بێت کە یەک هەڵەی بچووک بکەین، چارەنووسی کوردستان دیسان بەرەو ئاراستەی نادیاریی زیاتر دەڕوات و دیسان وەک م. جەلال مەلەکشا وتی: "هەمان ڕێگە کۆنەکەی پار" دەگرینە بەر. کەواتە ئەگەر وریا نەبین و فریوی داگیرکەر بخۆینەوە، خۆمان، بزووتنەوەکەمان، کۆمەڵگەمان، نەتەوە و نیشتمانەکەشمان تێدا دەچێت. لەم قۆناغەدا حیزبەکان دەبێت زیاتر لە جاران و بەتایبەت لە دۆخە ئاسایییەکان هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و ناکۆکییە حیزبی و تاکەکەسییەکانیان وەلا بنێن و لەگەڵ یەکتر پێک بێن، دەبێت بە زووترین کات کۆ ببنەوە و بکەونە وتووێژێکی خێرا بۆ لانی کەم پێکهێنانی یەکوێژمانییەکی کوردستانی و ئەوەی کەی خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی دەکەن.
لەم قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەی ناوچەکە کە کوردستان لە چەقی گرژییەکاندایە، ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا یەک ـ دوو حەفتەی تر هیچ هەڵوێستێکیان نەبێت و هەر بەو شێوەیە تەنیا سەیر بکەن و چاوەدێر بن، دڵنیا بن خەڵکی کوردستان قەت نایانبەخشێت و بەسەریاندا تێپەڕ دەن و دەبنە مێژوویەکی تاڵ؛ ئەم جارە مەترسییە هەمەجۆرەکانی سەر کوردستانیش زیاتر لە جاران دەبێت و داگیرکەرانیش مێخی سەرکەوتنی خۆیان دەچەقێنن و بە خوێنی ڕۆڵەکانی کوردستان دەیڕەنگێنن.
💎 @Perrenus
