وڵامێک بۆ پەروانە
کەسەکەم بۆ نایەڵی بێمەوە؟خۆ منی سەرگەردان ئەوەندە سەرفەراز نیم، پێشوازی و شانازی و گاو و گەردوونم بۆبکەن.
کەسی کەسانم! جا چیە قیلە و قودرەت نەماون! دێمەوە دەبمە قیلە، بەڵام نەک قیلی کەوای سپی، دەبمە قیلی قیلەتاوی شەقام و ڕێگا و بان، هەتا پێتانم بخەنە بان.
زێدە لە ئازیزانم! دێمەوە باخی گوڵان دەژێنمەوە، کۆڵەبارێکی نەقاونەقم لە تۆوی گوڵان و خەڵف وڕێشەی دار و دەوەنانم پێیە. گیابەند و خاو و بەیبوون دێنم لە بێستوون،
ڕیحانەڕەشە و وەنەوشە لە نۆدشە، تۆوی خاشخاش و گوڵە هێرۆ لە کێوی شاهۆ، سێو و گێوژ و شێلان و لێمو لە بناری قەندیل، کەما و بیزا و شنگ لە بنار و لاسێبەرەکانی سپی سەنگ، ترشۆکە و نانەحاجیلە و قازیاخە و کووزەڵە لە لێوارەکانی چۆمە پیرۆزەکەی شاروێران و گابازەلە... خەڵفە بەن و دارە توو لە هۆبەتوو، نارنج ، هەنار و لێمۆ لە ئامێد و لە زاخۆ. پەڵک و چنار و بێ و داربووز دێنمەوە لە ڕەواندووز. کیفۆک و مەندۆک لە ئاکرێ و دەهۆک. شیرین بیان و مێمووک لە کێڵگە ڕەنگینەکانی کەرکووک. گۆڵە کاخڵی و شەشپەڕ لە کێوی سێ سنووری داڵانپەڕ. گوڵەباخ و یاسەمەن ونەسرین لە خانەقین و شارەشێرینەکەی قەسری شیرین. دار قەزوان لە مەریوان. شلێر لە دەشتی شلێرێ. ژالە و کەنێر لە پیرە هەولێر. سەیدووکە و ڕێواسان لە هەریر و باتاسان...جاترە و بێژان و مەرزە وبەهارات لە کێوە رەنگینەکەی ئارارات دێنمەوە.
گێوژ و شیلان و هەرمێم وەراندوە لە ورمێ.گۆزەڵە ئاوێکی لێواولێویشم لە زمزمەکەی کانیاوی دم دم و ئاوی ئەرەس و دەجلە و فورات و سیروان و گادەر و جانداران پێ یە.
مەرگم ڕەپێشت کەوێ! دێمەوە دەچمە گڕاوان و تەپ و تۆزی دووری بە ئاوێ دەشۆمەوە و تاقەداربووزی لە خۆم زیز، ئاشت دەکەمەوە.
با بێمەوە خوشکۆڵێ هەڵت بگرم بە کۆڵێ و بە خێرایی دارهەلووکان سەرکەوین لە زاوابووکان، جا دەستبکەین بە تووکان لە دووژمن، لە نەیار، لە تاوانبار، لە جندۆکان.
زێدە لەکەسانم! با وەگەڕێم دەستنوێژێک لە کانیلەکەی مام قەمبەران و تەیەمومێک بە خاكی گۆڕستانی بداغ سوڵتان و کڕنوشێک بەرەو مەرقەدی پێشەوا بگرم، نوێژێکی درێژ دابەستم، ئەوەندە درێژ هەتا هەتا نەیبڕم و چ سڵاوێک بۆ راست و چەپ نەدەمەوە.
بینایی چاوم! لێـم گەڕێ با وەگەڕێم، شیر پاکم و هەڵناگەڕێم و وەرناگەڕێم و هەر هەڵدەگەڕێم.
کەسم! دێمەوە و داری سەرچاکان ئاو دەدەم و کێلە ڕووتەکان بە ئاڵ و واڵی سوور و زەرد و سەوز ئاسای تیشکی ڕۆژێ دەڕازێنمەوە. چلدانە و ملدانەش ناگرمەوە، تازە ئیتر سێ بەردە و حەوت بەردە و چل و چلدانە... بۆچی؟ بۆ کێ بگرمەوە؟
ئاشنای ڕۆشنام! دێمەوە شەو سەڵا بۆ ڕۆژوانی ڕەمەزان ناکەم ، دێمەوە سەڵا بۆ دواڕۆژی ڕۆژان دەکەم.
خانم و خاتوون! دێمەوە دەبمەوە فەقێلە، بەڵام حەڵۆی بە شەقان ناکەم و هەڵوا دەبەخشمەوە.
کەسی خاڵی پەروانە! لە باتی ئاغای حەمەڕەسووڵی ئەیازی خوا لێی بێ رازی، خۆم دەبمە نامەبەر، پەیامی دڵدار بۆ یار و نامەی شادی و مزگێنی ئازادیتان بۆ دێنمە بەر دەروازە.
دیاری دیارانم! نەک هەر لە گەرەک هەرمەنیان لە گەرەکی جوولەکان، شوانان، ڕزگەیان، قوولەقەبران، سێ ئاشان، سەربەرداشان، سەرخڕێ ، پشت قەڵا ، دەباغخانە ، پشت تەپ ، گەڕەکی شوانان، باخی سیسە ، گوومرگ و.... خوان و کەوڵ وسفرە و مەجوعمەی جیژنی شادی سەهۆڵبەندانەکەی مەهابادێ دەڕازێنمەوە و هەموو ساڵی ماڵ بە ماڵ دەیگێڕمەوە.
بەڕێزە زیزەکەم! شەمۆلە دامەگرە کەر نەماوە! وڵات و دونیا پڕ لە کەرە! منیش دێمەوە، دەبمە کەری خۆوڵاتی و دەچمەوە قوڵکەی کەران بۆ لەوەڕان، بەڵام ناچمەوە نێو ئەوان کەران.
.دڵسۆزە بە پاڕێزەکەم! دێمەوە قایەتی سەیر و سەمەرە و دەسکردی داپیرە بۆ منداڵان ناگێڕمەوە، ئەوەندەم قایەت و بەند و بالۆرە و هۆرە و بەسەرهاتی هات ونەهات و کەوتن و هەستانەوە پێن.... مناڵەکان وەها شاگەشکە دەکەم هەتا هەتایە لە بیریان نەچێتەوە.
دێمەوە تیتل وبیبلەکانی دایە فێر دەکەم، دایەی خۆیان باشتر بناسنەوە و فریوی مام گورگە و دانوولەی نەخۆن، چون ئازارە، ژەهرەمارە، تاڵە، کەکرەیە.
دێمەوە چێرۆکی مریشکەقوڵە ومام هۆمەرەی بنکەندی و بە خۆی و بە تووڵە قەندی... بۆ هەموو مریشکەکان و مامەڕان دەگێڕمەوە ئەگەر پێک بێن و ڕێک بێن، مام ڕێوی دەتەڵە خەن و کەوڵی زۆڵی بفرۆشن بە وردە پووڵێ.
کەسەکەم بۆنایەڵی بێمەوە؟ دێمەوە بۆ زاوابووکان سروودی ژیان و بەندی خەنەبەندان دەچڕم، هەر ئەو سروود و بەندانەیان بۆدەچرم هەتا دەمرم.
مامۆستا ژیرەکەم دادە پەروانە ! دێمەوە دەبمە مەلاحوسێن و ماملێ، هەوای بارگەی مەنیجێ و بازی بێریان و چیرۆکە بەرز و رێئالیەکەی "پیرۆت"ی سەرلەنوێ بە هەوا و ڕەنگ و بۆیەکی دیکە وەسەرێک دەنێمەوە جا سەر دەنێمەوە.