خێوەت
Open in Telegram
کاناڵێک بۆ بڵاو کردنەوەی بەرهەمه فیکرییەکانی د. ڕێبەر مەحموودزاده https://youtube.com/@dr.rehber
Show more2 198
Subscribers
No data24 hours
No data7 days
-430 days
Posts Archive
2 198
Repost from فێرگەی زمانی کوردیی بەیان
✅ کورتەیەک لە ڕێوڕەسمی بەشکۆی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان لە پێشانگای پەیکەرسازیی مامۆستا ڕێبین حەیدەری
بۆ ئاگاداریی دۆستان و هاوڕێیانی خۆشەویست، لە ڕۆژانی داهاتوودا وتارەکان و مووزیک و ... لێرە بە ڕێکوپێکی بڵاو دەکرێتەوە.
🆔 @fzkbeyan2017
2 198
Repost from فێرگەی زمانی کوردیی بەیان
مامۆستا موحسین جەڵدیانی یەکێکی دیکە لە وتاربێژانی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بوو.
ناوبراو باسی لە دەوری ڕووناکبیرانی کورد لەسەر گەشەی زمانی کوردی، باسی یەکەم قۆناغی فێرکاریی زمانی کوردی بە پێشەنگایەتی عەبدولڕەزاق بەدرخان، ڕۆڵی مەلا محەممەدی تورجانیزادە لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕۆژی کورد، ڕۆڵی دەسەڵاتی پەهەلەوی لە بەرگریکردن لە خوێندن بە زمانەکانی غەیرەفارس، هەوڵی ڕووناکبیرانی کورد لە ساڵانی ۱۳۰۵ تا ١٣٢٠ بۆ گەشەی زمانی کوردی لەهەمبەر هێرشی پەهلەوییەکان بۆ لەناوبردنی زمانە غەیرەفارسەکان، گەشەی زمانی کوردی لەنێوان ساڵانی ١٣٢٠ تا ۱۳۲۵، خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی چەند شاری کوردستان، زەبروزەنگی پەهلەوی لە دوای ساڵی ١٣٢٥ لەسەر شارە کوردییەکان بۆ بەرگریکردن لە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی و هەروەها باسی لە هەوڵی ڕووناکبیرانی کورد لەو سەردەمەدا بۆ گەشەی زمانی کوردی کرد.
شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ و دەوری ئەو بڕگە زەمەنییە لەسەر شوناسی نەتەوەیی و گەشەی زمانی کوردی، دەوری گۆڤاری سروە وەک ناوەند و ئاکادیمیایەک بۆ فێرکاریی زمانی کوردی لەسەر کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەوری ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ پەرەسەندنی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی کرد.
لە بەشێکی تر لەم ڕێوڕەسمە پڕشکۆیەدا، بڕوانامەی ڕێنووسی شیرینی زمانی کوردی پێشکەش بە بەشێک لە دەرچووانی خولێکی فێرکاریی کرا و ڕێزی تایبەتیان لێ گیرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، ڕێزنامە پێشکەش بە وتاربێژان و بەشێک لە شاعیر و نووسەران و گرووپە تایبەتەکەی کاک مەسعوود یارە کرا و ڕێزی شیاو و شایانیان لێ گیرا.
شایانی باسە ئەرکی بەڕێوەبەری و پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، بە ئەستۆی خاتوو سوێسنە ئیسماعیلنەژاد و کاک ئەفشین شەریفیان بوو، کە گوڕوتینێکی تایبەتیان بە ڕێوڕەسمەکە دابوو.
جێی ئاماژەیە ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، لە ساڵی ١٣٩۶ی هەتاوی، بە مەبەستی خزمەتی خۆبەخشانه بە زمان و وێژەی کوردی، لە شاری بۆکان دامەزرا و بەختەوەرانە ئێستا وەکوو چالاکترین ناوەندی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانه بە سەدان کەس فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی دەکا.
🆔 @fzkbeyan2017
2 198
Repost from فێرگەی زمانی کوردیی بەیان
✅ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی تایبەت بە ٢١ی فێورییە(٢ی ڕەشەمە) ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، لە شاری بۆکان
دۆینێ ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمە، ناوەندی فەرهەنگی فێرکاریی بەیان، بۆ ڕێزگرتن لە ٢١ی فێورییە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆیان لە پێشانگای پەیکەرسازیی مامۆستا ڕێبین حەیدەری بەڕێوە برد.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداری زۆربەی شاعیران و نووسەران و ئەدیبان و ئەندامان و نوێنەرانی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان، لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو، لەسەر گرینگی زمانی دایکی وتار پێشکەش کرا و ئەو هەنگاوە گرینگەی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیانیان بەرز نەخشاند.
وتاربێژانی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوون لە: دوکتوور ڕەهبەر مەحموودزادە، مامۆستا ئاسۆ، ناسر ناسری، دوکتوور شەماڵ ئیسماعیلپوور، مامۆستا یۆنس ڕەزایی و مامۆستا موحسین جەڵدیانی، کە هەرکام لە مامۆستایان بە نۆبەی خۆیان بە چڕی لەسەر گرینگی زمانی دایکی دووان.
سەرەتا دوکتوور ڕەهبەر مەحموودزادە باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە ئاستەکانی فێرکاریی زمانی کوردی کرد و فەرموویان:
هەتا ئێستا له فێرگەکانی زمانی کوردیدا سێ ئاستی فێرکاریی زمانی کوردی هەبووه. له ئاستی یەکەمدا فێرخوازان فێری ڕێنووسی کوردی کراون. له ئاستی دووەمدا فێری ڕێزمانی کوردی کراون و له ئاستی سێهەمیشدا مێژووی ئەدەبیاتی کوردی بە دەرس گوتراوەتەوە.
ئەوەی ڕاستی بێت دوای ئاستی ڕێزمان و پێش ئاستی مێژووی ئەدەبیاتی کوردی، ئاڵقەیەکی ون هەیه کە پێویستە فێرگەکانی زمانی کوردی له پڕۆگڕامی فێرکاریی خۆیاندا بیگونجێنن. ئەو ئاڵقه ونە بریتییه له فێرکاریی زاراوەی دووەمی زمانی کوردی. هەر فێرخوازێکی کورد کە ئاستە جۆراوجۆرەکانی خوێندنی کوردی تێپەڕ دەکات، پێویستە لانی کەم له زاراوەیەکی کوردی جیا له زاراوەی خۆی شارەزایی وەدەست بێنێ. ئەو شارەزاییه بەشێوەی مەنتیقی زەمینە بۆ شارەزابوون له مێژووی ئەدەبی کوردی خۆش دەکات. لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر له مێژووی ئەدەبی کوردی بە زاراوەی گۆرانییە و بەشێکی زۆریشی به زاراوەی کرمانجی سەرووه. ئەگەر فێرخواز جگە له زاراوەی خۆی لانیکەم لە یەکێک لەو زاراوانەشدا ڕابهێندرێ و ناسیاویی سەرەتایی لەگەڵ زاراوەکانی تریش هەبێ، ئینجا دەتوانێ بە سەرکەوتوویییەوە بۆ ئاستی خوێندنی مێژووی ئەدەبیاتی کوردی بپەڕێتەوە.
کەوابوو ئەم پڕۆگرامه سێ ئاستییه وا باشه ببێتە پڕۆگرامێکی چوار ئاستی بەم شێوەیه:
۱ـ ڕێنووس ۲ـ ڕێزمان ۳ـ زاراوەی دووەمی کوردی ٤ـ مێژووی ئەدەبیاتی کوردی.
لە بڕگەیەکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا مامۆستا ئاسۆ دوای خوێندنەوی شێعرێکی تایبەت، باسی لە ئەرکی نووسەران و قەڵەمبەدەستانی کورد و میدیاکان و هەواڵنووسەکان بۆ نووسینی دەقی کوردی دوور لە هەڵەوپەڵەی مانایی کرد و فەرموویان ئیدی نۆرەی نووسەران و گۆرانیبێژانە بە دەقی بەهێز و هونەری زمانەکە دەوڵەمەندتر بکەن.
دواتر ناسر ناسری ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان باسی مردنی زمان و سیاسەتەکانی زمانی لە سەردەمی پەهلەوی یەکەم و دووەم و کۆماری ئیسلامیدا کرد و هەروەها ئەزموونی ڕزگارکردنی ئەو زمانانەی کە مەترسی مردنیان لەسەرە هێنایە بەر باس.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا گرووپە جوان و لەبەردڵانەکەی کاک مەسعوود یارە بە خوێندنی سروودی شیرین و خۆشە زمانی کوردی ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاوەتر کرد.
دواتر مامۆستا یۆنس ڕەزایی دوای پێشکەشکردنی شێعرێکی تایبەت بە ڕۆژی زمانی دایکی، لە وتارە بەنرخەکەیدا ئاوڕی لە ڕەوتی گرینگیدانی داهێنەرانی بواری ئەدەبیات لە خانییەوە تا هەنووکە بە زمانی دایکی دایەوە. هەروەها بەڕێزیان باسی گرینگیی زمان لە ڕەوتی شوناسسازی نەتەوەیی کرد و ڕۆڵی پەروەردەی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی بۆ ڕاگوێزتن و فێرکردنی سازدەرە شوناسسازەکان بە گرینگ هەڵسەنگاند.
دواتر دوکتور شەماڵ ئیسماعیلپوور لە وتارەکەیدا باسێکی پوختی سەبارەت بە زمانی کامڵ و پێناسەی زمانی کامڵ و پێگەی زمانی کوردی لە ئێستادا کرد و گوتی هەرچەند بۆ پێناسەی زمانی کامڵ پێوانەیەکی زانستی بوونی نییە، بەڵام زمانی کوردی چ لە بواری دەوڵەمەندی و چ لە بواری زانستەوە دەتوانێ وەڵامدەر بێت و هەر بەم پێیە ئەم زمانە دەچێتە ڕیزی زمانە زیندووکان و زمان داهاتوودارەکانی جیهانەوە. بە شەرتێک ئێمەی کورد لە هەموو بوارەکاندا پێی بنووسین و زانست و مەعریفە و دەقی ئەدەبی داهێنەرانەی پێ بەرهەم بێنین. دوکتور شەماڵ لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە دژبەرانی زمانی کوردی بۆ تێکدانی ئەم زمانە دەیان پیلانیان بەکار بردووە و بۆ پووچەڵکردنەوەیان دەبێ بەرنامە و پلانی تایبەتمان هەبێت و هەروەها بە تۆمارکردنی دەقەکان لە فەزای دیجیتاڵدا لە کاروانی ژیری دەسکرد وەدوا نەکەوین.
لە بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا کاک فوواد یارە بە دەنگە بەسۆزەکەی هاوڕێ لەگەڵ کاک ڕەشید حەیدەری کۆڕەکەیان ڕازاوەتر کرد.
⬇️⬇️⬇️
🆔 @fzkbeyan2017
2 198
دڕێژەی پۆستی پێشوو
بۆ نموونه وای دابنێین لەکاتی ڕووداوی هاتوچۆدا دەنگی گۆرانی حەسەن زیرەک لەو ماشێنە هاتووە که لە تەمەنی هەشت ساڵاندا خۆی لە دووچەرخەکەی من داوە. ئینجا مێردی پوورێکم هەیە که دەنگی حەسەن زیرەکی پێ خۆشە و ئەو خزمەمان لە کاتی خزمەتی سەربازیدا فڵانه ڕووداوەی لێ ڕووداوە. ئەو پاژانە هەموویان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی مێشکماندا تێک هاڵاون. لە کاتی بیرهێنانەوەی بیرەوەرییەکدا، چیرۆکبێژی ناو مێشکمان سەرەتا دەچێ لەناو ژوور و داڵانه بێئەژمارەکانی مێشکماندا پارچه پێوەندیدارەکان دەدۆزێتەوە و لە پارچه هاوشێوەکانیان هەڵداوێرێ و دوایێ دێ پێکیانەوە دەنێ و دەیانکا به گێڕانەوەیەکی واحید و لەبەر چاوی ئێمەی ڕادەنێ.
جا لێرەدا چیرۆکبێژی ناو مێشکمان ڕەنگه بە دوو شێوە هەڵە بکا. هەڵەی یەکەم ئەوەیە ڕەنگه لە کاتی لێک هەڵاواردنی پارچه بیرەوەرییە هاوشێوەکاندا هەندێک پارچه بیرەوری دیکە که پێوەندییان به فایلەکانی دیکەی بیرەوەرییەکانمانەوە هەیه هەر لەناو ئەم فایلەدا جێیان بۆ بکاتەوە واته زانیاریی پێوەندیدار به بیرەوەرییە جۆراوجۆرەکان تێکەڵ بکا. هەڵەی دووەمیش ئەوەیە لە کاتی پێکەوە لکاندنی ئەو پارچه پەرژوبڵاوانەش چیرۆکبێژی ناو مێشکمان ڕەنگه زۆر پارچەش هەر لەخۆڕا ساز بکا و بۆ زۆرتر کردنی ترش و خوێی بیرەوەرییەکە پێیانەوە زیاد بکا.
هەرچەندەی ئەو چیرۆکبێژەی ناو مێشکمان، لە کاری چیرۆکبێژیدا کارامەتر و لێوەشاوەتر بێ، بۆ درۆ کردن بە نیازی بە تام و چێژتر کردنی گێڕانەوەکە خۆی بە دەستئاوەڵاتر دەزانێ. ئەم شێوه شێواندنی ڕاستی و درۆ کردنەش جاری وایه بەئاگایانەیە و جاری واشه نابەئاگایانەیە. کاتێک نابەئاگایانەیە ئێمە بەڕاستی نازانین ئەوە خەریکین چیرۆکێکی ساخته ساز دەکەین و پێمان وایه خەریکین گوزارش لە واقیعێکی بێخەوش دەکەین.
لە تاقیکارییەکدا هەندێک لە دەروونناسان لەبارەی بیرەوەری دەورانی منداڵی هەندێک لە خوێندکاراندا کۆمەڵە زانیارییەکیان لە خوێندکارەکان و لە کەسوکاریان کۆ کردەوە. له دانیشتنێکی جودا لەگەڵ هەر کامە لەو خوێندکارانەدا پسپۆرەکان لەپاڵ هەموو زانیارییە ڕاستەکان چیرۆکێکی هەڵەشیان دەئاخنییە ناو فایلی ڕووداوەکانی سەردەمی منداڵیی خوێندکارەکان . پێیان دەگوتن گوایه لە تەمەنی پێنج ساڵاندا ئەوان له ناوەندێکی شتکڕین دا ون بوونه و خۆیان و بنەماڵەکانیان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوونه و دوایێ پیرەمیردێک ئەوانی دۆزیوەتەوە به خێزانەکانی گەیاندوون. کاتێک پسپۆرەکان ئەو چیرۆکە ساختەیەیان بۆ خوێندکارەکان دەگێڕاوە لە سەرەتادا گشتیان دەیانگوت ئێمە هیچ بیرەوەرییەکمان لەو ڕووداوە نییە بەڵام لە دانیشتنەکانی دواتردا کاتێک باسی ناوەندی شتکڕینەکە دەکرا، لە سەتا بیست و پێنجیان دەیانگوت ڕووداوەکەیان لەبیرە و نەک هەر چیرۆکی ساختەی پسپۆرەکانیان دەگێڕایەوە بەڵکوو بۆخۆشیان هەندێک وردەکاریی سەرنجڕاکێشیشیان به چیرۆکەکەوە زیاد دەکرد و چیرۆکەکەیان زیادتر دەخەمڵاند.
#ڕەهبەر_مەحموودزادە
https://t.me/dr_rehber
2 198
* ساتێک بۆ پرسیار ۱۶
مێشکی ئێمە چۆن چیرۆک بەرهەم دەهێنێ؟ ئایا له زانستدا لێکدانەوەیەکی زانستی بۆ ئەم پێواژۆیە هەیه؟ئایا مەیلی مرۆڤ بۆ گێرانەوە هەر بەتەنیا مەیلێکی سایکۆلۆژیکه یان ئێمە لەباری فیزیۆلۆژیکیشەوە به چەشنێک ڕێکخراوین که بەشێوەی بەردەوام چیرۆک بەرهەم بهێنین؟ لێکۆڵینەوە نۆرۆلۆژیکە تازەکان بژاردەی دووەم پشتڕاست دکەنەوە. مێشکی ئێمە بەچەشنێک گووراوە هەتا جلی گێڕانەوە دەبەر هەموو ڕووداوێک بکا. مێشکی مرۆڤ لە دوو نیوە تۆپەڵ پێک هاتووە. نیوە تۆپەڵی ڕاست و نیوە تۆپەڵی چەپ. هەر کام لەم نیوە تۆپەڵانه کاری تایبەت به خۆیان دەکەن. لە مێشکی مرۆڤی ساغدا ئەو نیوە تۆپەڵانە پێوەندییان پێکەوە هەیە و لەگەڵ ئەوەی هەردووکیان ئەرکی تایبەت به خۆیان بەڕێوە دەبەن، ئاگایان لە کاروباری یەکتریش هەیە و لێک دابڕاو نین. بۆیه به تاقیکاری لەسەر مێشکی مرۆڤی ساغ ناتوانین ئەرکی جودای هەر کام لەم نیوە تۆپەڵانه دەستنیشان بکەین. بەڵام هەندێک کەسی نەخۆش هەن که پێوەندیی نێوان ئەم دوو نیوە تۆپەڵانه لە مێشکیاندا پچڕاوە. ئەوانه خاوەنی مێشکی دوولەتن. تاقیکاریی زانستی لەسەر مێشکی ئەو نەخۆشانه دەری خستووە که یەکێک لە ئەرکەکانی نیوە تۆپەڵی چەپی مێشکی مرۆڤ ئەوەیە که زانیاری پەرژوبڵاو وەربگرێ و به ڕستی گێڕانەوە بیانهۆنێتەوە و ڕێکخیان بخا. به زمانی خوازه دەکرێ بڵێین مەداری چیرۆکبێژی و گێڕانەوە له مرۆڤدا لەناو نیوە تۆپەڵی چەپیدا دانراوە. یان بڵێین لەناو ئەم نیوە تۆپەڵە لە مێشکی هەر کامێکماندا شێرلۆک هۆلمزێکی قوڵەخڕەی بستەباڵا دەژی که کاری هەر بەتەنیا ئەوەیە چیرۆک بەرهەم بهێنێ و زانیارییە پەرژوبڵاوەکان لە گێڕانەوەدا تەکووز بکا و ڕێکیان بخا. بەڵام تاقیکاریی زانستیی نۆرۆلۆژیستەکان تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو کابرا بستەباڵا چیرۆکبێژەی ناو مێشکی ئێمەشیان ئاشکرا کردووە. ئەو کابرایە ئەگەر زانیاریی بڵاوی وەرگیراو لە واقیعی پێ بدرێ، هەر ئەو زانیارییە بڵاوه ڕاستانه ڕێک دەخا و دەیانکا به چیرۆک، بەڵام ئەگەر زانیاری لەبەر دەستیدا نەبوو، بیدەنگ نابێ و لە گێڕانەوە ناوەستێ بەڵکوو هەر لەخۆوە دەست دەکا به داهێنانی گێڕانەوەیەکی خەیاڵی و ناڕاست. به دەربڕینێکی دیکه ئەو چیرۆکبێژەی ناو مێشکمان ناتوانێ بێکار دانیشێ و لە وڵامی هیچ پرسیارێک دا پێت ناڵێ نازانم، ئینجا ئەگەر زانیاری ڕاستی لەبەر دەستدا بوو چیرۆکێکی ڕاستت بۆ دەگێرێتەوە و ئەگەر هیچ زانیارییەکیشی لەبەر دەستدا نەبوو، دەست دەکا به گێڕانەوەی درۆ و هەڵبەستراو. واته بۆ ئەو چیرۆکبێژەی ناو مێشکمان ئەوەی بنەمایە خودی گێڕانەوەیە نەک ڕاست بوون یان درۆ بوونی گێڕانەوەکە. ئەو چیرۆکبێژەی ناو مێشکمان ئەرکی ئەوەیە به هەر شێوەیەک بۆی دەڕەخسێ چێرۆکێکمان بە باشترین شێوە بۆ بگێڕێتەوە، جا چیرۆکەکە ڕاسته یان درۆیە، لە ئەستۆی ئەو نییە. ئەگەر چیرۆکەکەی درۆ بوو شێرلۆک هۆلمزی ناو مێشکت بەخۆیدا ناشکێتەوە و لە شەرمان سوور هەڵناگەڕێ، بەڵکوو پێت دەڵێ زانیارییەکانم بۆ ڕاست کەوە با ئەمنیش گێڕانەوەیەکی ڕاستترت ڕادەست بکەمەوە. پێت دەڵێ من دەربەستی ڕاست بوون و درۆ بوون نیم، بەڵکوو دەربەستی گێڕانەوەم. بەڵام ئەوەی لەبارەی چۆنیەتی کارکردنی حافزەی چیرۆکبێژی ئێمە زۆر گرینگه ئەوەیە کە ئەم حافزەیە ناچێ بیرەوەرییە جودا جوداکان لە شوێنێکی دیاریکراوی ناو مێشکمان بهێنێتە دەر. بۆ نموونە وای دابنێین ئێمە لە تەمەنی هەشت ساڵاندا به دووچەرخه تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بووینه. ڕەنگه پێمان وابێ ئەم بیرەوەرییە لە مێشکی ئێمەدا لەناو فایلێکی جودا و سەربەخۆ بەناوی "فایلی ڕووداوی هاتوچۆ به دووچەرخه لە تەمەنی هەشت ساڵان"دا پاشەکەوت کراوە و حافزەی چیرۆکبێژمان لە کاتی پێویستدا دەچێ دەستی دەداتێ و دەیهێنێ و دەیکاتەوە و ناواخنەکەیمان بۆ زیندوو دەکاتەوە؛ بەڵام وا نییە. بەشە جۆراوجۆرەکانی بیرەوەرییەک وەک ئاردی نێو دڕووان لە مێشکی ئێمەدا بڵاوە. لە ڕووداوێکدا بیرەوەرییەکانی تایبەت به وێنە لە شوێنێکی مێشک هەڵگیراون، بیرەوەرییەکانی تایبەت به دەنگ لە بەشکی دیکە، بیرەوەرییەکانی تایبەت به بۆن و تامیش هەر کامە لە بەشێکی دیکەی مێشکدا پاشەکەوت کراون. ئینجا له هەر شوێنەی مێشکیشدا هەرکام لە بیرەوەرییەکانی پێوەندیدار به وێنە و دەنگ و تام و بۆن پێوەندییان به بیرەوەرییە هاوشێوەکانی دیکەوە هەیە که لە دەرەوەی ئەم بیرەوەرییەن. درێژەی بابەتەکە له پۆستی خوارەوەدایه 👇👇 https://t.me/dr_rehber
2 198
Repost from کردستان نامه
🔹هەیاسە لە دیوەخان چ باسە؟
✍ئیسماعیل شەمس
🔺ئایا جیاوازی زمانی تەنیا لە ناو کوردە و تەنیا خەڵکی کوردستانن کە لە زمانی یەک تێناگەن؟دیارە ئەگەر مازەندەرانی بە زمانی خۆی قسە بکا، گیلانی لێی تێناگا و هەردوویان لە زمانی تالێشی کە دراوسێیانە تێناگەن و هەر سێیان لە تاتی کە چەند کیلوومتر ئەولاترە تێناگەن و هەر چواریان نازانن لۆڕی چییە و هەر پێنجیان زمانی پیرەژنێکی خەڵکی قشم فام ناکەن. تۆزێک بڕۆمە بەرۆ،خەڵکی گۆندی ئەبووزەیدئاباد لە کاشان ئەگەر بە زمانی دایکیان قسە بکەن هیچ کاشانیێک لێی تێناگات و ئەگەر خەڵکی گۆندێکی ئابادەی لای شیراز بە زمانی خۆی بدوێت شیرازیەکە هەر نازانێ چی دەڵێت.
🔺لە ناو تورکیش کاتێک سەرۆکی ئۆزبەکستان تەک ئەردووغان وتوووێژ دەکات پیویستیان بە وەرگێڕە و کاتێک ئەو دوانە تەک قەزاقێک بدوێن هەر لە یەک تێناگەن، و کاتێک هەر سێ تەک تورکمەنێک بئاخەون دەبێ وەرگێڕ لە نێوانیان بێت و ئەگەر هەر چوار بڕۆن بۆ قرقیزستان وادەزانن بۆ وڵاتێکی غەریبە ڕۆییشتوون و ئەگەر ڕۆژێک بێت و هەر پێنجیان بیانهەوێ سەردانی داغستان بکەن و تەک لەزگی و چەرکەس گفتووگوو بکەن حەتمەن دەبێ وەرگێڕێکیان ببێ کە هەر پێنج زمانەکە بزانێت و ئەگەر هات و هەر شەشیان هاتنە تەورێز ئەوە ئیدی لە زاری تورکی ئەوێ هەر تێناگەن. ئەرێ براگیان بۆ بە هەمووی ئەوانە دەڵێن تورک و بە زمانەکەشیان دەڵێن تورکی؟ با بێینە سەر عەرەب ؛ گوندیێکی عەرەبی ئەنباری عەڕاق لە زاراوەی خەڵکی عەرەبی بەسرە تێناگات و هەردوویان لە زمانی دایکێکی فەلەستینی تێناگەن و هەر سێیان هەر نازانن کاتێک میسریێک دەڵێت گەمال مەبەستی جەمالە و هەر چواریان لە زمانی دایکیی خەڵکی توونس تێناگەن و هەر پێنجیان کاتێک بڕۆن بۆ دیداری جەولانی ئەگەر بیهەوێت بە زاری عەرەبی جەولان قسان بکات هەر نازانن چی دەڵێت و ئەگەر هەر شەشیان سواری تەیارە بن و لە بادیەی عەرەبستان دابەزن و عەرەبێکی بەدەوی بە خێرهاتنیان بکات وادەزانن جنێویان پێدەدات. دەی چ خەبەرە بەمانە هەموو دەڵێن عەرەب و بە زمانە جیاوازەکانیان دەڵێن عەرەبی؟ دەی خۆ ئەگەر زمانی فەرمی و نووسراوەی عەرەبی کە زمانی قۆرئان و دینە نەبایە هیچ عەرەبێک لە زمانی عەرەبی وڵاتێکیتر تێنەگەییشت. لە ئێرانی سەردەمی قاجاریشدا ئەگەر زمانی فارسی کە زمانی شانامەی فردەوسی و زمانی دەوڵەت و دیوان بووە، نەبووبایە وەڵڵاهی گۆندیێکی تاتی ناوچەی فەشەم لە سی کیلوومێتری تاران هەر نەیدەزانی خەڵکی ڕەی بە چ زمانێک دەئاخەون. بە داخەوە من لەم جۆرە باسانە پارادۆکسێک دەبینم کە هۆگەلی دیارە. کورد هیچ کات نە خاوەنی دینێکی ئاسمانی بووە تا زمانێکی دینی پێوەری بۆ درووست بکات و نە هەرگیز خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێز وەک سەلجووقی و سەفەوی و پەهلەوی بووە کە بە زەرب و زۆر یا پارە و دەسەڵات و فێرکردنی مەدرەسەیی و میدیایی زمانێکی نێوانجی بۆی پێکبێنێت.
🔺شتێکی سەیری دیکە کە ئەو جۆرە کەسانە هەر نایبینن ئەوەیە کە بۆ لە نێوان خۆیان بە شوێنی خاڵی هاوبەشن؛ تەنانەت ئەگەر وشەیکیش بێت، بەڵام لە ناو کورددا تەنیا خاڵی جیاواز دەبینن؟ دیارە کوردیش هەر وەک تورک و عەرەب و فارس زاری جیاوازی هەیە و ئاخێوەرانی لە بڕێک جێگا ڕەنگە لە یەک تێنەگەن،بەڵام بۆ ئەو هەموو خاڵە هاوبەشە نابینن؟ بۆ جلووبەرگ و هەڵپەڕکە و جێژن و تەعزیە و ئەفسانە و ئۆستوورە و ڕەسم و ڕسووماتی لە دایکبوون و مردن و زەماوەند و جیابوونەوە و کشتووکاڵ و ئاژەڵداری و هەروەها مێژووی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش و دەیان شتی هاوبەشیتر نابینن؟ کاکە گیان فەرموون بە من بڵێن کوردی ئابدانان و کرماشان و هەورامان و بوکان و وان و بادینان و بابان و ئەردەڵان و حەڕڕان بێجگە جیاوازی زمانی چ جیاوازیێکی تریان هەیە؟ دەی بۆ لەزگی و تەورێزی و قرقیز و قەزاق و ئۆزبەک و تۆرکمەن و زەنجانی و ئیستانبوولی و چەرکەس کە هەر لە یەک تێناگەن هەموویان تورکن و زمانیشیان تورکییە، بەڵام کورد چەند زمان و نەتەوەی جیاوازە؟ بە داخەوە کوردی ئێمە هەمیشە وڵامدەداتەوە و خۆی تا ئاستی تاوانبارێک کە هەمووکات پرسیاری لێدەکرێت دێنێتە خوار؛ لە حاڵێکدا دەبێ لەم کەسانە پرسیار بکرێت کە وڵامی فرە زمانی و فرە کەلتووری لە ناو تورک و عەرەب و ... و ئەڵبەت لە هەمان کات ناسینیان بە یەک نەتەوە و یەک زمان بدەنەوە. منی هەورامی باشتر لە هەموو کەس دەزانم کە دایکی گۆندی و بێسەوادم لە فەیلی و سورانی و کورمانجی تێناگات، بەڵام ئەمە بۆ من ئاساییە، چوونکە دەزانم دایکی ئەردووغان و دایکی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان و دایکی گۆندیێکی ئۆزبەک و قرقیزیش لە یەک تێناگەن و لە هەمانکاتدا پێیان دەڵێن تورک و بە زمانەکشیان دەڵێن تورکی.
🔺من لەم یەک بان و دوو هەوایە تێدەگەم، بەڵام هیوادارم ئەو کەسانە کە بانگەشەی فرە زمانی و فرە نەتەوەیی لە کوردستان دەکەن پێمان بڵێن ئەرێ هەیاسە لە دیوەخان چ باسە و ڕوونی کەنەوە کە وڵامیان بۆ فرە زمانی ناو گەلانی دراوسێ چییە؟
@kurdistanname
2 198
درێژەی پۆستی پێشوو
جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەو کەسەی وا ئاشق دەبێ و گیڕانەوەیەکی تێروتەسەلی له ئاشق بوونی خۆی هەیە لەگەڵ ئەو کەسەی که هەر بەتەنیا ئاشق دەبێ و پاژەکانی زۆروزەبەندی ئەزموونی ئاشق بوونی وەک ئاردی نێو دڕووان پەرژوبڵاوە.
گێڕانەوە بۆ پارچه جودا جوداکانی ئەزموونی مرۆڤ کارێکی وەک بەنی تەسبێح دەکا که هەموو مورووەکان لە ڕستێکدا پێکەوە کۆ دەکاتەوە و ناهێڵێ لێک بڵاو بن. گێڕانەوە هەم وێنایەک لە ڕابردوو دەدا به مرۆڤ، هەم نەخشەی داهاتووش به شێوەی چەندین سێناریۆی جۆراوجۆر لەبەر چاوی وێنا دەکا هەتا بتوانێ باشترین گێڕانەوەی خەیاڵی وەکوو نەخشەی هەڵبژێردراو و پڕۆژەی ئایدیال و سێناریۆی دڵخواز بۆ پاشەڕۆژ هەڵبژێرێ و کاری لەسەر بکا.
جگه لەمە هەر کارێک مرۆڤ بیکا ئەگەر بزانێ ئەو کارە لە پاشەڕۆژدا لەلایەن خۆیەوە یان لەلایەن کەسانی دیکەوە دەگێڕدرێتەوە، به شێوەیەکی جیاواز دەیکا. گێڕانەوە نەک هەر بیرەوەریی ئێمە لە ئەزموونەکانمان به شێوەیەکی نوێ ڕێک دەخا بگره خودی ئەزموونەکانیشمان و چۆنیەتی جێبەجێ بوونیان به تەرزێکی تازه ڕێک دەخاتەوە.
سەرەڕای ئەو شێوە مانابەخشییە بۆ ئێستا و ڕابردوو و ئەم چەشنه نەخشە دارشتنه بۆ پاشەڕۆژ، گێڕانەوە بۆ تاکه جوداجوداکان و بۆ کۆمەڵە هاوکارەکان لە حوکمی دەزگای پڕۆپاگەندە و ڕاگەیاندندایه. جیاوازیی مرۆڤێک که به گێڕانەوە تەیاره، لەگەڵ مرۆڤێک که لە گێڕانەوە بێبەرییە وەک جیاوازیی حیزبێکه که دەزگایەکی ڕاگەیاندن و تەبلیغاتی بەهێزی هەیە لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوێکی خەنیم که دەزگایەکی هاوچەشنی نییە.
#ڕەهبەر_مەحموودزادە
https://t.me/dr_rehber
2 198
درێژەی پۆستی پێشوو
وای دابنێن هەر بەتەنیا دوو هۆزی مرۆڤ لەسەر عەرزدا دەژین. ئەو دوو هۆزه بۆ دەستڕاگەیشتن بەم سەرچاوە سنووردارانەی لە ژینگەی دەوروپشتیاندا هەیە پێکەوە لە ڕکەبەرایەتیدان. ناوی ئەو دوو هۆزه دەنێین جەماعەتی کار و جەماعەتی چیرۆک.
هەڵبەت پێمان وا نەبێ جەماعەتی چیرۆک، کار ناکەن. هەر دووک هۆز لە بەشی سەرەکی ژیان و گوزەرانیاندا وەکوو یەک کار دەکە و هەڵدەسووڕێن، ڕاو دەکەن، خورادەمەنی کۆ دەکەنەوە، بۆ دۆزینەوەی جووت و هاوسەر تێدەکۆشەن و کە دیتیشیانەوە به ئێرەییەوە بۆخۆیانی ڕادەگرن. منداڵەکانیان بەخێو دەکەن. لەناو خۆیاندا سیستمێکی ساکاری دەستەڵات دادەمەزرێنن. لەم بارانەوە هەر دوو هۆزەکە هیچ لێک نامێننەوە و وەکوو یەکن. تەنیا لە خاڵێکدا نەبێ که دوو نەریتی جیاوازیان هەیە، لە گشت بوارەکانی دیکه وەک یەکن. ئەو خاڵەش ئەمەیە: جەماعەتی چیرۆک کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ ئەشکەوتەکانیان خەریکی گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە دەبن که بەدرێژایی ڕۆژ لەگەڵیاندا بەرەوڕوو بوونەتەوە. لەم گێڕانەوەیەدا ڕاست و درۆ تێکەڵ دەکەن. خۆیان هەڵدەنێن و خەنیمەکانیان سووک دەکەن. شته ڕاستەکان دەگێڕنەوە جارجاریش تێکەڵ به فڕوفیشاڵی دەکەن. ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیش لە کاری گێرانەوەدا کارامەتر دەبن و ڕووداوەکان، وەستایانەتر و خۆشتر و به تامتر دەگێرنەوە. ئەوە بەرە بەرە لەناو جەماعەتی چیرۆکدا دەبێتە نەریتێکی چەسپاو.
بەڵام جەماعەتی کار وای بە باشتر دەزانن ئەوەندەی دێنەوە ناو ئەشکەوتەکانیانەوە، ئیدی کاتی خۆیان بۆ گێڕانەوە خەسار ناکەن و خەریکی پشوودان دەبن هەتا بۆ سبەینێ بەوپەڕی هێز و دەماخەوە هەمیسان خەریکی کاروباری خۆیان بنەوە.
داخوا کۆتاییی ئەم چیرۆکه چۆنه؟ لە ڕکەبەرایەتیی نێوان ئەم دوو هۆزەدا کامەیان دەیبەنەوە و کامەیان دەیدۆڕێنن. ولامەکە ڕوونه. ئێمەی مرۆڤ تۆرەمەی جەماعەتی چیرۆکین نەک جەماعەتی کار. ئێمە به گشتی خوووخدەی هۆزی چیرۆکمان بۆ بەمیرات ماوەتەوە، به هەموو ڕاست و ناڕاستەکانیانەوە، به هەموو درۆودەلەسە و فڕوفیشاڵ و خۆڕانان و سینگ ڕەپێش خستنەکانیانەوە.
گێڕانەوە لەمانەوەی بەرەی مرۆڤدا دەوری گێڕاوە. ئەو هۆزەی به چەکی گێڕانەوە تەیار بووە، کەڵکی له تێکنۆلۆژییەکی وەها پێشکەتوو وەرگرتووە که خەنیمەکەی به هۆی بێبەری بوون لەم تێکنۆلۆژییە تێداچووە. بۆچی گێڕانەوە لە مانەوەی مرۆڤدا هێندە گرینگ بووە؟ وڵامی ئەم پرسیارە دەتوانێ زۆر دوورودرێژ بێ. بەشێک لە وڵامەکە ئەوەیە که گێرانەوە به گشتی مانا دەدا به جیهان و هەرچی لە جیهاندا یە، لە شەڕ و ئاشتی و ڕکەبەرایەتی و هەڵسووڕان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان و ئاشق بوون و خەیانەت و بەڵێنی دان و پەیمان شکاندن و هەر شتێکی دیکه کە ئێمە دەتوانین بیری لێ بکەینەوە.
درێژەی باسەکە له پۆستی خوارەوەدایە👇👇
https://t.me/dr_rehber
2 198
* ساتێک بۆ پرسیار ۱۵
ئایا لەباری بایۆلۆژی و فیزیۆلۆژییەوە لێکدانەوەیەکی زانستی بۆ مەیلی زۆری مرۆڤ بۆ گێڕانەوە هەیه؟ئەو دۆخەی ئێمە ئێستا تێیداین له روانگەی زانستی بایۆلۆژییەوە ڕوونکردنەوەی تەکامولی هەیە. هەر خەسڵەتێکی گشتیی مرۆڤ لە ڕوانگەی تەکامولەوە ڕوونکردنەوەی تایبەت به خۆی هەیە. بۆ نموونه مرۆڤ بەشێوەی ئاسایی له هەندێک شت دەترسێ، لە هەندێک شت ئێشی پێ ڕادەگا و لە هەندێک شتیش چێژ وەردەگرێ. مرۆڤ به کەم ڕازی نابێ و هەر هەڵپەی شتی زۆرتر و باشترێتی و زۆر خەسڵەتی دیکەش لە بەرەی مرۆڤدا هەبووە. ئەو تایبەتمەندییانه هەموو تەتەڵەی تەکامولیان لەپشته. به گوێرەی تیۆری تەکامول مرۆڤ له ئەنجامی زنجیرەیەکی زۆر دوورودرێژ له پێواژۆ بایۆلۆژیکەکان پێک هاتووە. بەشێکی یەکجار زۆروزەبەند لەو پێشینیانەی ئێمە که نەیانتوانوە خۆیان لەگەڵ ئاقاری دەوروپشتیان بگونجێنن دەستە دەستە تێدا چوونه و ئەوانەی توانیویانه خۆیان لەگەڵ ژینگەی خۆیان ڕابهێنن ماونەتەوە و زاوزێیان کردووە و وەچەیان لێ کەوتووەتەوە. مرۆڤ ئێستا بۆ دەترسێ و ئێشی پێ ڕادەگا و چێژ دەبینێ و بەتەماعه و هەڵپەی شتی زۆرترێتی؟ بەگوێرەی ئەو تیۆرییە ئەو بەشە لە پێشینیانی مرۆڤ که بۆ نموونە ئێشیان پێ ڕانەگەیشتووە یان نەترساون لەبەر ئەوەی زۆر کەم خۆیان لە مەترسیییەکان لا داوە و ئازایانە و بوێرانه چوونەتە ناو گەرووی کارەساتەکان و له هیچ مەترسییەک نەپرینگاونەتەوە بەرە بەرە لەناو چوونه و وەچەیان بڕاوەتەوە. ڕەنگه ئەوە ڕاستییەکی زۆر تاڵ و ناخۆش بێ کە ئێمەی مرۆڤ بەعام وەچەی پێشینیانی ترسەنۆکترین و ئەو بەشە له مرۆڤ کە نەیانزانیوە ترس چییە و نەیانزانیوە ئێش بەری بە کوێوەیە لە ڕکەبەرایەتی لەگەڵ باپیران و داپیرانی ترسەنۆکتری ئێمەدا پێشبڕکێکەیان دۆڕاندووە و تێدا چوونه و ئاسەواریان نەماوە. بەڵێ ڕاسته لەناو بەرەی ئێستای مرۆڤیشدا هەندێک لە هەندێک ئازاترن و هەموو وەک یەک نین، بەڵام قسە لەوەدایه بە شیمانیەیەکی زۆر بههێز دەیان هەزار ساڵ پێش لەناو بوونەوەری شێوە مرۆڤدا تاقمی وا هەبوونه بەگوێرەی پێکهاتەی سایکۆلۆژیکیان ترسێکی کەمتریان هەبووه یان به گوێرەی پێکهاتەی فیزیۆلۆژیکیان لە ئەنجامی بریندار بووندا ئێشی کەمتریان وێڕانەگەیشتووە. سروشت ئەوانەی وەخۆ نەگرتووە و لە پێواژۆی تەکامولدا حەزفی کردوون. بۆیە ئێستا ئێمە لەباری ژێنێتیکەوە ژێنی ئەو باپیر و داپیرانەمان بۆ بەمیرات ماوەتەوە که هەم ترسیان له دیاردەی جۆراوجۆر هەبووە و هەم ژان و برکیان پێ ڕاگەیشتووە و هەر بۆیەش لە زۆر شت پرینگاونەوتەوە و دەستیان لە زۆر کار پاراستووە و بەم خۆپاراستن و خۆ لادانە خۆشیان پاراستووە و مانەوەی وەچەی خۆشیان دەستەبەر کردووە. تایبەتمەندییەکانی دیکەش هەر بەم چەشنه تەتەڵە دەکرێن. ئەو بەشه لە پێشینیانی ئێمە که هەڵپەیان نەبووە و بەوەندەی هەیانبووە قانع بوونه لەچاو ئەوانەی زیاتر دڵخورتی داهاتوو بوونه و هەڵپەی پاشەکەوت کردنیان هەبووە، کەمتر توانیویانه لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان خۆیان ڕێک بخەن و بەرە بەرە تێدا چوونه و ئاسەواریان بڕاوەتەوە. گێڕانەوەش وەک ئەو تایبەتمەندییە سەرەکییانەی مرۆڤ هەر بەم چەشنه بەشێوەی ژێنێتیک لەناو سایکۆلۆژی و فیزیۆلۆژی ئێمەدا ماوەتەوە. جاناتان گاتشاڵ له کتێبی یەکجار بەنرخی خۆی بەناوی "ئاژەڵی چیرۆک بێژ"دا باسی تاقیکارییەکی فیکری و خەیاڵی دەکا و دەڵێ بەخەیاڵ بچوونەوە بۆ هەرێمە تەمومژاوییەکانی بەر لە مێژوو. درێژەی باسەکە لە پۆستی خوارەوەدایه👇👇 https://t.me/dr_rehber
2 198
درێژەی پۆستی پێشوو:
کاتێک بەرهەمێکی فرەمانا بەشێوەی "به هی خۆ کردن" تاکمانا کرا، ڕۆڵان بارت دەڵێ دەبێ پێوەندیی نێوان "دال" و "مەدلوول"ەکه له خوێندنەوەی تاکمانادا هەڵوەشێنینەوە و بیکەین به پێوەندیی نێوان "فۆرم" و "دەلالەت" له خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەنددا.
ئەم ڕاسپاردەیه شتێکی وەک ئەوەمان پێ دەڵێ: دەفرێک کە له ئاو پڕ کراوه، بەتاڵ دەکەینەوه و دوایێ لەجیاتی ئەوەی دەفرەکە دیسان له ئاو پڕ کەینەوە، له لێواری ڕووبارێکی دادەنێین و دەڵێین هەر کاتێک ویستمان دەتوانین دەفرەکە له ئاوی هەر جێگایەکی ڕووبارەکە هەڵێنین. بەم شێوەیه دەفرەکە له ئاوێکی تایبەت پڕ ناکەین بەڵام هەموو ڕووبارەکەش دەکرێ به ئاوی ناو دەفرەکە ئەژمار بکرێ.
کاتێک ڕاڤەیەکی سەرەڕۆش لاقی به ملی بەرهەمێکی تایبەتدا شۆڕ کردەوە، ڕاڤەکە وەلا دەنێین و دەقەکە لەناو خەرمانەیەک له ڕاڤەکاندا جێگیر دەکەین؛ واته بەرهەمه بەزۆر تەمسیلی کراوەکە دەکەینەوە به بەرهەمێکی هێمایی. لەم کارەدا گرینگایەتییەکی زۆرتر دەدەین به مانای دیاری دەقەکە؛ نەک لەبەر ئەوەی له ئاستی مانا ڕواڵەتییەکەی دەقەکەدا بمێنینەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەی ئەم مانا دیارەمان وەک دەفرێک له لێواری ڕووبارێک دانابێ.
سەردەمانێک هەندێک خوێنەر کە "خەوەبەردینە"ی سوارەی ئیلخانیزادەیان دەخوێندەوە مەدلوولەکەیان له مانای "ماسییە ڕەشە بچکۆڵەکە"ی سەمەدی بێهرەنگی دەبەستەوە و پێیان وا بوو ئەم دەقە بڕیاری شۆڕشگێڕانەی سووژەیەکی شۆڕشگێڕ وێنا دەکا و بەم خوێندنەوەیه ئەم چامه بەرزەیان له هەموو مانا ڕێتێچووەکانی تر بەتاڵ دەکردەوە.
لێرەدا دەقی خەوەبەردینە دەبوو به دال، پێشڕەو بوونی سووژەی شۆڕشگێڕ دەبوو به مەدلوولێکی تاکی سەرەڕۆ. بۆ ئەوەی دەستەڵاتی ئەم مەدلووله تاکە بڕەوێنینەوە ڕوو له دیارترین ڕووبەری ئەم چامەیه دەکەین:
کانیاوێکی بەجووڵە، وەکوو گەرووی تامەزرۆی تێچریکاندنی کەوێک کە لەناو قەفەسەوه چاوی له دیمەنی بناره، وەکوو تینی خوێن تێزانی کوڵمی بووکێکی شەرمن کە ڕوانینی خوازیارانەی زاوا سووری هەڵگێڕاوە، وەکوو پەلەی هەنگاوی لاوێک کە گراوییەکەی بەڵێنی ژووانی پێ داوه و پێی گوتووە خێرا وەره، وەکوو تامەزرۆیی دەستێک که بۆ بەرۆکی خۆشەویستەکەی درێژ کراوە بەڵام دەستی وەبەر هاتووه، ئاوا بەگوڕ و بەلەز خۆی به دیواری ئەشکەوتێکدا دەدا و لەگەڵ گاشەبەرددا شەڕیەتی هەتا له زیندانی ئەشکەوتی بەردین ڕزگاری بێ و ڕێگایەک بۆ دەرەوە بدۆزێتەوە و ...
فۆرمی شێعرەکە لەگەڵ ئەو مانایه کە له دیارترین ڕووبەری شێعرەکەدا خۆی ئاشکرا دەکا، دەبن به دەفرێک کە دەکرێ بە دەلالەتی نوێترەوە پڕ بکرێتەوە.
ئەم وێنانه دەلالەتی جۆراوجۆر به خوێنەر پێشنیار دەکەن؛ خوێنەر با بۆخوی بۆ هەڵبژاردنی دەلالەتێکی ڕێتێچوو سەرپشک بێ.
* objective corelative
#ڕەهبەر_مەحموودزاده
https://t.me/dr_rehber
2 198
* ساتێک بۆ پرسیار ۱٤
بۆچی خوێنەر مەیلی ئەوەی هەیه دەقێکی هێمایی بکا به بەرهەمێکی تەمسیلی؟ ئەگەر ڕاڤەیەکی تایبەت، دەقێکی هێمایی و فرەمانای بەسوودی خۆی تاپۆ کرد و کردی به بەرهەمێکی تەمسیلی، چۆن دەتوانین ئەو ڕاڤه داسەپاوه هەڵوەشێنینەوه؟کاتێک خوێنەر دەقێکی ئەدەبی دەخوێنێتەوە چ ڕوو دەدا؟ خوێندنەوە پێواژۆیەکی پێچەوانەی نووسینە. له نووسیندا نووسەر دیاردەکانی ناو جیهانی۲ (واته ئەو شتانەی هەر بەتەنیا لەناو زەینی خۆیدان و سووبژێکتیڤن) دەهێنێتە ناو جیهانی۳ (واته جەستەیەکی زمانییان پێ دەدا و ئۆبژێکتیڤیان دەکا) و لەبەر چاوی خەڵکی دیکەشیان ڕادەنێ. تی. ئێس. ئەلیۆت، شاعیر و ڕەخنەگری ئینگلیسی ناوی هاوپێوەندیی بابەتیانه* لەسەر پێواژۆی گۆڕینی دیاردەکانی ناو جیهانی۲ به دیاردەکانی جیهانی۳ دادەنێ. ئەلیۆت دەڵێ ئەگەر هەست و سۆزێکی تاکەکەسی له دەروونی شاعیر و نووسەردا هەبێ، نووسەری شارەزا دەبێ بتوانێ ئەو هەستە له حالەتی تاکەکەسی بهێنێتە دەر و وەها لەناو زماندا بەشێوەی ئەدەبی دایبڕێژێ که ئەگەر خوێنەرێک نووسینەکەی ئەوی خوێندەوە، هەست و سۆزێکی هاوشێوەی ئەوەی نووسەر له دەروونی خۆیشیدا دروست ببێ. جا جاری وایه هەستوسۆزی دەروونی نووسەر ڕەنگە شتێکی لێڵ و تەمومژاویش بێ، نووسەری دەستڕەنگین، هەستەکە هەر بەم لێڵاییەوە دەگوازێتەوە بۆ زەین و دەروونی خوێنەر. گۆران وەختایەک نووسی: هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم قسەی دەروون لێکدانەوەی زمان بۆچی وەها دوورن له یەک نازانم هەر خوێنەرێک ئەم شێعرەی گۆران بخوێنێتەوە، پێویست ناکا بزانێ گۆران بیری له چی کردووەتەوە کە نەیتوانیوە ڕایگوێزێ، بەڵام گۆران بەشێوەیەکی پارادۆکسیکال، توانیویەتی خودی ئەم نەتوانینە، ڕاگوێزێ بۆ خوێنەر. کاتێک ئێمەی خوێنەر ئەم شێعرەی گۆران دەخوێنینەوە هەستێکی ئەوەنده ئاشنامان له لا دروست دەبێ وەک ئەوەی خۆمان شێعرەکەمان هۆندبێتەوە؛ گۆران توانیویەتی نەتوانینی خۆی بنووسێتەوە. لەویش گرینگتر توانیویەتی ئەم نەتوانینە بۆ ناو زەین و دەروونی خوێنەریش ڕاگوێزێ. ئەمە ئەو شتەیه کە ئەلیۆت پێی دەڵێ هاوپێوەندیی بابەتیانە. کاتێک ئەم حالەته بۆ خوێنەر ڕوو دەدا، ئەو شتەی پێشتر نووسەر له جیهانی۲ ڕا هێنابوویه ناو جیهانی۳، سەرلەنوێ خوێنەر له جیهانی۳ ڕا دەیباتەوە ناو جیهانی۲ی خۆی. ئەگەر ئەم پێواژۆ پێچەوانەیه ڕووی نەدابا، هاوپێوەندیی بابەتییانەش سەری نەدەگرت. بەدەربڕینێکی دیکه، خوێنەر بەم جووڵه پێچەوانەیە بەرهەمەکە دەکا بە هی خۆی. ئەم "کردنە هی خۆ"یه له تاک مانا کردنی بەرهەمی چەندمانادا به دەستی خوێنەر، دەورێکی زۆر شوێندانەر دەگێڕێ. کاتێک خوێنەرێک لەناو هەموو ڕاڤه ڕێتێچووەکانی بەرهەمێکی دیاریکراودا، ڕاڤەیەک بەرهەم دەهێنێ و بژاردەیەک لەناو بژارده ڕاڤەییەکانی دیکە هەڵدەبژێرێ، لەبەر ئەوەی ئەم "بەرهەم هێنان" و "هەڵبژاردنە" هی خۆیەتی کەوابوو، بەم شێوەیه دەقەکە دەکا به هی خۆی. کاتێک خوێنەرێک بەرهەمێک له جیهانی۳ ڕا دەباتە ناو جیهانی۲ی خۆی، لەگەڵ ئەزموونە تاکەکەسییەکانی دیکەی خۆی لێکیان دەبەستێتەوە. جا ئەم ئەزموونە تاکەکەسییانە دوو دەستەن: ـ دەستەیەک ئەزموونەکانی ژیانی ڕاستەقینەی خۆیەتی. ـ دەستەیەکیش ئەزموونی خوێندنەوەکانی پێشووی خۆیەتی. بەم لێک بەستنەوەیه پێواژۆی "کردنە هی خۆی بەرهەمی ئەدەبی" تەواوتر دەبێ. بۆ نموونە "حەسار و سەگەکانی باوکم" وەک مافی نووسین مافی شێرزاد حەسەنی پێوەیه. بەڵام کاتێک خوێنەری یەکەم دەیخوێنێتەوە لەگەڵ ئەزموونەکانی ژیانی ناو خێزانی خۆی لێکی دەبەستێتەوە ، خوێنەری دووەم لەگەڵ ئەزموونی ژیان له وڵاتێکی تۆتالیتێردا لێکی دەبەستێتەوە و خوێنەری سێیەمیش بۆنموونە لەگەڵ ئەزموونی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی میلان کۆندرا و ڕێژیمه داپڵۆسێنەڕەکانی ناو ئەم ڕۆمانانه لێکیان دەبەستێتەوە؛ هەر سێکیش بە سێ شێوەی جودا دەقەکە دەکەن به هی خۆیان. درێژەی بابەتەکە له پۆستی خوارەوەدایە👇👇 https://t.me/dr_rehber
2 198
٥ـ ئەگەر دەقێک لەبەرانبەر وەسوەسەی وەپاڵ دانی ڕاڤەیەکی یەکجارەکیدا پارێزگاری لێ کرا، ئەو دەم دەتوانین پرسیار بکەین کە ئایا ئەم دەقه له هەموو بەشەکانی خۆیدا هێمایییه یان له هەندێک شوێنیدا؟
دیسان باسەکە ڕێژەیییه؛ واته من پێم وایه هەندێک دەق زیاتر بەو لایەدا دەشکێنەوە که خوێنەر گشتایەتی دەقەکە وەکوو دەقێکی هێمایی بخوێنێتەوە. له دەقی بیانی دەتوانین نموونەی "دادگایی" کافکا بهێنینەوە. له دەقی کوردیشدا دەتوانین نموونەی "حەسار و سەگەکانی باوکم" له نووسینی شێرزاد حەسەن بهێنینەوە.
بەڵام من پێم وایه هێمایی بوونی ڕومانێک هەمیشه بەو مانایه نییه ڕۆمانەکە له گشتایەتی خۆیدا هێمایی بێ. ئەگەر دەقەکە له هەندێک بەشیشیدا سیمای دیاری سیمبۆلیکی هەبێ، دەکرێ بە دەقێکی هێمایی ئەژمار بکرێ.
ئەم باسه هەر بەتەنیا تایبەتمەندی هێمایی بوون ناگرێتەوە. بۆ زۆر تایبەتمەندیی دیکەش دەتوانین پرسیارێکی هاوشێوە بهێنینە گۆڕێ. بۆ نموونە دەتوانین بپرسین چ ڕۆمانێک دەکرێ به ڕۆمانێکی سەر به شێوازی شەپۆلی زەین ئەژمار بکرێ؟ بۆ ئەوەی دەقێک سەر بەم شێوازه حیسێب بکرێ دەبێ هەموو بەشەکانی بەم شێوازه گێردرابنەوه یان ئەگەر هەندێک بەشیشی بەم شێوازە گێردرابێتەوه، هەر له ژێر چەتری ئەم شێوازەدا حیسێبی بۆ دەکرێ؟
ڕۆمانێکی وەک "هەرا و تووڕەیی" له هەموو بەشەکانیدا به شێوەی شەپۆلی زەین ناگێڕدرێتەوە، بەڵام به ڕۆمانێکی سەر بەم شێوازه ئەژمار دەکرێ.
بەرهەمی سیمبۆلیکیش ئاوایه، واته ڕەنگه له هەموو بەشەکانیشیدا هێمایی نەبێ بەڵام سیمبۆلیک بوون یەکێک له سیما دیارەکانی ڕۆمانەکە بێ.
باسەکە له ساتێکی دیکەدا درێژه پێ دەدەین.
#ڕەهبەر_مەحموودزادە
https://t.me/dr_rehber
2 198
* ساتێک بۆ پرسیار ۱۳
گێڕانەوەی سیمبۆلیک، سروشتەکەی چۆن دەستنیشان دەکرێ و به چ ستراتێژییەک دەخوێندرێتەوە؟ ئایا بەرهەمی سیمبۆلیک هەتاسەر هەر سیمبۆلیک دەمێنێتەوە؟لەبارەی گێڕانەوەی سیمبۆلیک چەند خاڵێک هەن که شیاوی لێوردبوونەوەن: ۱ـ ناکرێ بڵێین بەرهەمەکان بەشێوەی بنەبڕ و یەکجارەکی یان سەر به جەمسەری گێڕانەوەی تەمسیلین یان سەر به جەمسەری دەقی هێمایین. جارێ ئەو گێڕانەوانەی خاوەنی دوو ڕووبەر نین، له باسەکەمان هەڵدەپەرتێوین؛ واته ئەو دەقانەی وا نەبێ ڕووبەرێکیان لە توێژی سەرەوەدا و چەند ڕووبەرێکیشیان له توێژە نادیارەکاندا هەبێ، له باسەکەمان وەلا دەنێین، چونکە ئەوانە نە تەمسیلین و نە هێمایین. ئەو چیرۆکە دوو ڕووبەرانەی دەمێننەوە بەشێوەیەکی ڕێژەیی له نێوان دوو جەمسەری تەمسیلی ـ هێماییدا جێگیر دەبن. هەندێک کەمتر تەمسیلین و زیاتر هێمایین و هەندێکیش بەپێچەوانەن. واتە باسەکە باسێکی ڕێژەیییه. ۲ـ چۆنیەتی خۆێندنەوەی خوێنەران له دیاری کردنی چارەنووسی دەق ـ لێرەدا له وەرگیرانی دەقەکە وەک دەقێکی تەمسیلی یان هێمایی ـ شوێنی بەرچاوی هەیه. خوێنەر دەتوانێ هەندێک مەدلوولی یەکجارەکی و دیاریکراو بۆ هەندێک دالی ناو دەق دەستنیشان بکا و مۆرکی تەمسیلی بوون ـ هەر نەبێ لەلای خۆی ـ له نێوچاوانی دەقەکە بدا. بەتایبەت ئەگەر ئەم خوێنەره له جیهانی ئەدەبیاتدا خوێنەرێکی خاوەن ئۆتۆریتە بێ و بۆچوونی ببیسرێ و قسەی بڕوا، خوێندنەوەی ئەو له دیاری کردنی چارەنووسی دەق، دەورێکی گرینگ دەگێڕێ. بۆ نموونە ساڵانێکی زۆر له ئەدەبی داستانیی فارسیدا دوو ئۆتۆریتەی دیار و خاوەن دەستەڵات، بۆچوونیان لەسەر شێوازەکان و دەقەکان و نووسەرەکان، بۆچوونی یەکلاکەرەوە بوو. ئەو ئۆتۆریتانه بریتی بوون له هووشەنگی گوڵشیری و ڕەزا بەراهەنی. ساڵانێکی زۆر مەیدانی ئەدەبیاتی داستانی له ئەدەبی فارسیدا له دەوری ڕکەبەرایەتی و مشتومڕی ئەو دوو جەمسەرەدا شکڵی دەگرت. داوەری کردنی یەکێک لەو ئۆتۆریتانه لەسەر بەرهەمێک یان نووسەرێک وەک بڕیارێکی شوێندانەر چاوی لێ دەکرا. ۳ـ خاڵی سەرەوە دەلالەتێکی شاراوە و ناڕاستەوخۆی بۆ بابەتێک تێدایه که گرینگە. بابەتەکە ئەوەیه که له مەیدانێکی ئەدەبیدا ئەگەر ئۆتۆریتەکان زۆر بن و له چەند کەسێکی دیاریکراودا بەرتەسک نەبنەوه، چارەنووسی بەرهەمەکانیش زۆر نابەسترێتەوه به بۆچوونی کەسێک و دووان. واته به زۆر بوونی ئۆتۆریتە ئەدەبییەکان چەشنێک پلۆڕالیسمی ئەدەبیش لەم مەیدانه ئەدەبییەدا بیچم دەگرێ. ٤ـ ئۆتۆریتەی ئەدەبی هەبن یان نەبن، زۆر بن، یان کەم بن، هەندێک خوێنەر "بڕیار"ی خۆیان دەدەن و چارەنووسی دەقێک دیاری دەکەن. جا یا شوێندانانی ئەو ئۆتۆریتانەیان لەسەر بێ یان نا. نموونەیەک له ڕۆمانێکی بەختیار عەلی واتە "دەریاس و لاشەکان" دەهێنمەوە. لەو ڕۆمانەدا سێ لایەنی سەرکردە هەن: بنەماڵەی قەمەرخانی و بنەماڵەی تەلارانی و لایەنی ئەشکزاد. خوێنەر دەتوانێ بەگوێرەی هەندێک نیشانە دەستەڵاتی وەسفکراو لەناو ئەم ڕۆمانه لەگەڵ دەستەڵاتی ئێستای باشوور بە یەک بزانێ و ناوی "قەمەرخانی" به ناوێکی دیکە بۆ بنەماڵەی بارزانی بزانێ و بنەماڵەی تەلارانیش به بنەماڵەی تاڵەبانی بزانێ و له کاراکتێری بیلالی ئەشکزادیشدا سیمای نۆشیروان مستەفا ببینێتەوە. بەکردەوە ئەم خوێندنەوەیه بۆ ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان" کراوه. ئایا بەڕاستی ئەو ناوانه هەندێک ناوی خوازراون که ئاماژه بۆ ئەم ناوه ڕاستەقینانە دەکەن؟ ئایا هێنانەوەی تەرمی ئەو سەرکردەیەی له لاپەڕەی یەکەمی ڕۆماندا وەسفی کراوه، ئاماژه بۆ هێنانەوەی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی بۆ باشوور دەکات؟ دەکرێ له وڵامدا بڵێین بەڵێ، دەکرێ بڵێین نا. واته ئەو خوێنەرەی وڵامی "ئەرێ" دەداتەوە، دەتوانێ هەندێک نیشانەی پشتڕاستکەرەوە بۆ وڵامەکەی ببینێتەوە، ئەوەی وڵامی "نا"ش دەداتەوە دەتوانێ نیشانەی ئەوتۆ لەناو دەقی ڕۆماندا ببینێتەوه. دەمهەوێ بڵێم بۆ ئەو خوێنەرەی وا ئەو ناوانە، ئاماژه به ناوی خوازراو بۆ هەندێک ناوی ڕاستەقینە دەکەن، دەقی ئەو ڕۆمانه ئیدی دەقێکێ تەمسیلییه. بۆ ئەو خوێنەرەش که لەبەرانبەر وەسوەسەی ئەم بە یەک زانینەدا خۆڕاگری دەکا، دەقەکە سیمبۆلیکتر دێتە بەرچاوی. درێژەی ئەم باسه له پۆستی خوارەوەدایه👇👇 https://t.me/dr_rehber
2 198
* ساتێک بۆ پرسیار ۱۲
چیرۆکی تەمسیلی و چیرۆکی هێمایی چ جیاوازییەکیان پێکەوه هەیە؟نموونەیەکی وەک "مەزرای ئاژەڵان" یان چیرۆکەکانی "کلیله و دێمنه" کە پێشتر باسیان کرا، زیاتر بەلای چیرۆکی تەمسیلیدا دەشکێنەوە. بەڵام جگە له چیرۆکی تەمسیلی، چیرۆکی سیمبۆلیک یان ڕەمزی یان هێمایی ـ ش هەن. چیرۆکی تەمسیلی و چیرۆکی هێمایی هەندێک وێکچوون و هەندێک جیاوازییان هەیه. وێکچوونەکەیان لەوەدایه هەردووکیان دوو ئاستی ماناییان هەیه. له ئاستێکدا مانایەکی ڕواڵەتییان هەیه و له ئاستێکی تردا دەکرێ هەندێک مانای شاردراوە و قووڵتریان لێ هەڵبهێنجرێ. یەکێک له جیاوازییەکان ئەوەیه که مانای دووەمی چیرۆکی تەمسیلی مانایەکی تاکە و زووتر و ساناتریش دەدۆزرێتەوە. چێرۆکی هێمایی له ڕووبەره قووڵترەکەیدا چەندین ڕاڤەی ڕێتێچوو هەڵدەگرێ و دۆزینەوەی ئەم مانایانەش زۆر سانا نییه. جیاوازییەکی دیکه ئەوەیه که مانای دووەمی چیرۆکی تەمسیلی پێش ئەوەی گەڵاڵەی چیرۆکەکە ڕێک بخڕێ، بەڕوونی له زەینی نووسەرەکەیدا هەیه و نووسەر گەڵاڵەی چیرۆک بەچەشنێک ڕێک دەخا کە ئەو مانایه هەر بەو شێوەی خۆی له مێشکیدایه شکڵ بگڕێ. بەڵام ئەو جیهانە دووەمەی چیرۆکنووس له چیرۆکێکی هێماییدا دەیهەوێ وێنای بکا، هەموو دیوەکانی بۆ خودی نووسەریش ئاشکرا نییە؛ وەک ئەوەی کەسێک له ئاسماندا کلکەستێرە یان نێزەکێکی* زۆر پڕشنگداری ڕەنگاوڕەنگ بەدی بکا و دوایێ بۆ ئەوەی ئەو شیهابه پڕشنگداره پێشانی ئێمەش بدا، به قامک، ئاماژەی پێ بکا و ئاڕاستەی ئەستێرەکەمان بۆ دیاری بکا. لەم نموونەیەدا ئەم ئاماژه پێکردنە به مانای ئەوە نییه کەسه ئاماژەپێکەرەکە به ڕوونی و بە وردی دەزانێ ئەو تەنه* تیشکهاوێژه چییە. ئەم ئاماژە پێکردنە هەر ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەو کەسە ئەزموونێکی تازەی تەمومژاوی هەیه و به ئەنگوستی ئاماژه تارمایی ئەزموونەکەی پێشانی ئێمەش داوه؛ وەک ئەوەی کەسێکی لاڵ خەونێکی سەیروسەمەرەی دێبێ و بیهەوێ ئەم خەونه بۆ کەسانێکی دیکه بگێڕێتەوە. من گنگ خواب دیده و عالم تمام کر من عاجزم ز گفتن و خلق از شنیدنش له چیرۆکی هێماییدا مانا و تەمومژی مانا بەسەر نووسەردا زاڵه بەڵام له چیرۆکی تەمسیلیدا نووسەر بەسەر مانادا زاڵه. یەکێک له بەناوبانگترین چیرۆکه تەمسیلییەکان له مێژووی تێفکرینی مرۆڤدا بریتییە له تەمسیلی ئەشکەوت که ئەفلاتوون له کتێبی "کۆمار"دا دایڕشتووه. بەگوێرەی ئەم تەمسیله هەندێک مرۆڤ له سەرەتای ژیانیانەوه لەناو ئەشکەوتێکدا بەند کراون و ناتوانن جیهانی دەرەوە ببینن. ئەو کەسانە ئەم سێبەرانەی دەکەونه سەر دیواری ئەشکەوت، به بوونەوەری ڕاستەقینە دەزانن، بەڵام ئەگەر کەسێک له بەند ڕزگایان بکا، دەزانن جیهانی ڕاستەقینە له دەرەوەیه و ئەوەی ئەوان دیبوویان هەمووی سێبەر بوون. ئەفلاتوون گەڵاڵەی ئەم تەمسیلەی بۆ پێسەلماندنی تیۆریی جیهانی میسالەکان ڕێک خستبوو. بەگوێرەی ئەم تیۆرییه، ئەم جیهانەی ئێمە تێیداین، وەک سێبەری جیهانێکی ڕاستەقینەی دیکە وایه کە ناوی جیهانی میسالەکانە. کاتێک ئەفلاتون ئەو تەمسیلەی گەڵاڵه کردووە، ویستوویە پاژ به پاژی چیرۆکە تەمسیلییەکەی له خزمەتی تیۆرییه مێتافیزیکییەکەیدا بێ. چیرۆکە تەمسیلییەکانی دیکەش بەگشتی ئاوان. نێزەک: کلکەستێره: شهاب تەن: جـِرم #ڕەهبەر_مەحموودزادە https://t.me/dr_rehber
2 198
*ساتێک بۆ پرسیار ۱۱
چیرۆک چ شوێندانانێکی ئەوتۆ لەسەر زەین و دەروونی مرۆڤ بەجێ دەهێڵێ کە بەرهەمێکی غەیری چیرۆک ناتوانێ ئەم شوێندانانەی هەبێ؟هەر چی چیرۆکە جیهانێک لە چوارچێوەی خودی دەقەکەدا دروست دەکا و دەلالەت بۆ جیهانێک له دەرەوەی دەقەکەش دەکا. واته خوێنەری چیرۆک هاتوچۆیەکی بەردەوام له نێوان ئەو دوو جیهانانەدا دەکا: جیهانێکی ڕۆنراو و داستانی و جیهانێکی ڕاستەقینە و مەوجوود. ئەو دەلالەتەی چیرۆک بۆ جیهانی دەرەوە دەیکا ڕێژەیییه. وا هەیه دەلالەتەکە بۆ دەرەوە بەگوێرەی ئاماژەی ڕوونتر و ئاشکراتر بکرێ و جاری واشه جیهانی ڕۆنراوی ناو خودی دەقەکە هێندە چڕوپڕ و چەسپاو و دامەزراوه که سەرنجی خوێنەر لە ناو خۆیدا ڕاگیر دەکات و پێش به تێپەڕینی سەرنجی بۆ دەرەوەی دەق دەگرێ. هەندێک چیرۆک له بنەڕەتەوە بۆ ئەوە نووسراون، سەرنجی خوێنەر بگوازنەوە بۆ پێوەندییەکانی ناو جیهانی دەرەوەی خۆیان؛ وەک چیرۆکەکانی "کلیله و دێمنە" له ئەدەبی کۆندا و وەک "مەزرای ئاژەڵان" له ئەدەبی نوێدا. کەسایەتیی چیرۆکەکانی هەردووک بەرهەم ئاژەڵن، بەڵام پێوەندیی نێوان ئەم ئاژەڵانه وێناکەری هەندێک موناسباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی له جیهانی واقیعدایه. بەڵام پرسیارێکی گرینگ ئەوەیه ڕۆماننووسێکی وەک جۆرج ئۆرۆویل ئەگەر دەیویست باسی نەریته سیاسییەکان له وڵاتێکی شێوە کۆمۆنیستیدا بکا، بۆچی له جیاتی خولقاندنی جیهانێکی وەک ئەوەی له مەزرای ئاژەڵاندا وێنای کرد، هەر ڕێک وڵاتێکی ئەوتۆی وەک شوێنی ڕۆمانەکەی هەڵنەدەبژارد؟ ڕەنگە بتوانین له وڵامدا بڵێین جیهانه ڕۆنراوه ئەدەبییەکە زۆر له جیهانە مۆنە واقیعییەکە شیرنتر و بیرەوەریخولقێنتره. ئەگەر مەزرای ئاژەڵان وەرگێردرابایه سەر زمانێکی غەیری تەمسیلی، وەک ئەوە بوو لەباتی چایەک بە قەندەوە، چایەکی تاڵمان خواردباوه. بە دەربڕینێکی دیکە دەکرێ بڵێین پێوەندیی نێوان دووباره ئافراندنێکی ئەدەبی لە ڕووداوێکی واقیعی لەگەڵ خودی ڕووداوەکە وەک پێوندی نێوان چای شیرن و چای تاڵ وایه. بۆ ئەو کەسەی "مەزرای ئاژەڵان"ی خوێندووەتەوە بیرەوەریی هەندێک کاراکتێری دەستکردی وەک "سنۆبال" و "ناپێلئۆن" و "باکسێر" و ... شیرنترە لەو ئاگادارییەی لە کەسایەتییه ڕاستەقینەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبری ۱۹۱۷ ی سۆڤیەت دەیبێ. کە دەڵێین "مەزرای ئاژەڵان" وەک بەرهەمێکی ئەدەبی له ڕاپۆرتێکی مێژوویی یان سیاسی شیرنتره، با نەختێک قووڵتر بیر لە چەمکی "شیرن" بوونی بەرهەمێکی ئەدەبی بکەینەوە. دۆناڵد دەیویدسۆن باسێکی لەسەر "خوازە" هەیه، دەڵێ خوازه بەهۆی مانا خوازەییەکەی و دەلالەتە شاراوەترەکەیەوە له زەیندا نامێنێتەوە. بۆ نموونه ئێمه کاتێک دەڵێین "جوامێر پڵینگێکە لەو بەرزاییانەدا لە بۆسەی ئەو عەسکەرانەدایه وا دوو ڕۆژ پێش هەموو خێزانەکەیان قەڵاچۆ کرد"، لەم ڕستەیەدا، مانەوەی خوازەی پڵینگ له زەینی ئێمەدا لەبەر گەیاندنی مانای "زۆر ئازا" نییه که له پشت وشەی پڵینگدا خۆی شاردووەتەوە، بەڵکوو لەبەر شوێندانانێکە کە هەیبەتی خودی پڵێنگ لەسەر زەینی ئێمەی دەبێ. ئەم قسەیەی دەیویدسۆن لەبارەی ئەدەبیات له گشتایەتی خۆیدا وەڕاست دەگەڕێ. ئەم گوتەیه بەم مانایه کە شێعر و چیرۆک و بەگشتی ئەدەبیات هەر به هۆی ماناکانیانەوە له زەینی ئێمەدا نامێننەوە. بەڵکوو زۆر جار وەک تابڵۆیەکی وێنەگەری یان وەکوو پارچە مۆسیقایەک بەهۆی ئەو شوێنەی لەسەر دەروونی مرۆڤی دادەنێن له یاد و بیرەوەری مرۆڤدا دەمێننەوە. تابڵۆیەکی وێنەگەریی زۆر جوان یان پارچە مۆسیقایەکی زۆر بەرز مانایەکی دیاریکراو ناخەنە زەینی ئێمەوە بەڵکوو " کاریگەرییەکی دیاریکراو" لەسەر ئێمه بەجێ دەهێڵن. ئەو کارەی شێعرێکی بەرز یان چیرۆکێکی هونەری لەگەڵ مرۆڤی دەکا وەک ئەو شوێندانانە نییه کە پاراگرافێکی کتێبی "مێتافیزیک"ی ئەرەستوو لەسەر زەینی مرۆڤی دەبێ، بەڵکوو هەتا ڕادەیەک وەک ئەو کارەیه کە خواردنەوەیەکی سەرخۆشکەر لەگەڵ هەست و نەستی مرۆڤی دەکا. واتە: ـ دەقی غەیری ئەدەبی مانا ڕادەگوێزێ و زەینی خوێنەر دەکاتە بەردەنگ. ـ دەقی ئەدەبی ماناش ڕادەگوێزێ، شوێنیش دادەنێ. واتە زەینی خوێنەر و هەست و سۆزی هەردووک دەکاتە بەردەنگ. بۆیه کاتێک دەڵێین خوێندنەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی بۆ مرۆڤ له خوێندنەوەی ڕاپۆرتێکی سیاسی یان مێژووییی ڕووت شیرنتره، ئەم شیرنتر بوونە ڕێک پێوەندیی بەو شوێندانانەوە هەیه که بەرهەمێکی ئەدەبی واوەی مانا و مانادارییەکەی لەسەر دڵ و دەروونی خوێنەر دەیبێ. ئەدەبی داستانی سیحرێکی تێدایه کە شوێندانانەکەی لەسەر مرۆڤ ڕێک وەک شوێندانانی ماددەی سڕکەر وایه. گوێبیس بوونی گێڕانەوەیەکی خۆش و نوقم بوون لەناو ئەم گێڕانەوەیەدا وەها مرۆڤ کاس دەکا وەک ئەوەی بەردەنگەکە بەنگی کێشابێ. بۆیه ئەو مانایەش که له دووتوێی ئەم کاس بوون و سڕبوونەدا ڕادەگوێزرێ زۆر زیاتر له زەینی خوێنەردا دەمێنێتەوه. #ڕەهبەر_مەحموودزاده https://t.me/dr_rehber
2 198
* ساتێک بۆ پرسیار ۱۰
نووسەری چیرۆک چۆن واقیع و خەیاڵ پێکەوە کۆ دەکاتەوە؟ درێژەی باسی پێشوو.ئورهان پامووک برەوەی تورکی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی بەشێک له کتێبی "وانەوتارەکانی چیرۆکنووسی" تەرخان کردووە بۆ وڵام دانەوە بەم پرسیاره که ڕۆمان چەندە تەعبیر له ژیانی ڕاستەقینەی نووسەرەکەی دەکات و چەنده ڕۆنراو و خەیاڵییه؟ پامووک زۆر باسی تازه و سەرنجڕاکێشی لەم بەشەدا هێناوەتە بەر باس. کورتەیەک لەم باسانە لێره دەگێڕینەوه. دەڵێن فلۆبێر گوتوویه "کەسایەتی مادام بوواری هەر خۆمم". چۆن دەکرێ مادام بوواری هەمان فلۆبێر بێ؟ مادام بوواری ژنه و فلۆبێر پیاوه. دەکرێ دوو تەعبیر لەم گوتەیەی فلۆبێر بکەین: یەکەم. سەرەڕای جیاوازیی ڕەگەزی نێر و مێ، زۆر تایبەتمەندی مرۆڤەکان، چ ژن و چ پیاو، دەکرێ هاوبەش بن. بۆ نموونە یاخی بوون و نەریتشکێن بوون تایبەت به ڕەگەزێکی تایبەت نییه. ڕەنگه فلۆبێر یاخی بوونی مادام بوواری له هەناوی خۆیشیدا بەدی کردبێ. دووەم. فلۆبێر وەکوو نووسەری ڕۆمانی مادام بوواری بۆ ئەوەی بتوانێ کەسایەتیی ئەو ژنه وێنا بکا دەبێ بتوانێ بچێته قالبی ئەو ژنەوە، به هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە. کەوابوو فلۆبێر له کاتی نووسینەوەی مادام بوواریدا بەڕاستی مادام بوواری بووه ئەگینا نەیدەتوانی ئەم ڕۆمانە بنووسێتەوە. نووسەرێک نەتوانێ بچێته قالبی کاراکتێرەکانی چیرۆکەکەی ناتوانێ ببێته چیرۆکنووسێکی باش. دەڵێن خوێنەرانی شێعرەکانی ئەبوونوواس بەهۆی خوێندنەوەی هەندێک له بەرهەمەکانی ئەو شاعیره پێیان وابوو ئەبوو نوواس کابرایەکی هاوڕەگەزخوازه. بەڵام بەڕاستی وا نەبوو. هەر ئەوەنده بوو کاتێک ئەبوو نوواس دەچووە قالبی کاراکتێری چیرۆکە شێعرەکانییەوە، زۆر شارەزایانه دەرەقەتی ئەو کاره دەهات. کەوابوو هەر دوو ڕستەی خوارەوە لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ یەک ناتەبان، ڕاستن: ـ چیرۆک بەرهەمێکی خەیاڵکرده ـ چیرۆک بەرهەمێکی ڕاستەقینەی وەرگیراو له ئەزموونی نووسەرەکەیەتی پێکەوە وەڕاست گەڕانی ئەو دوو ڕستەی سەرەوە "دۆخێکی ئاوێنەیی" ساز دەکا. کاتێک نووسەر چیرۆکەکەی دەنووسێ ئاگاداری ئەوەیه خوێنەرەکەی ئەو چیرۆکەی بە خەیاڵیش تێدەگا، به ئەزموونی ڕاستەقینەی ژیانی نووسەریشی تێدەگا. خوێنەریش دەزانێ کە نووسەر ئاگای لەم پێشگریمانەی خوێنەره. نووسەریش دەزانێ خوێنەر ئاگای لەم ئاگا لێ بوونەی ئەوه و .... ئەمە دۆخێکی ئاوێنەیییه. پامووک دەڵێ بوورخێس "دۆخی ئاوێنەیی" وەکوو چیرۆکێک له وەسیەتەکەی کافکا بۆ ماکس برۆدی هاوڕێیدا دیتبوو. دەڵێن کافکا له ئاخروئۆخری ژیانیدا لەلای ماکس برۆد، نزیکترین هاوڕێی وەسیەتی کردبوو دوای مردنی هەموو بەرهەمە بڵاو نەکراوەکانی بسووتێنن. ئەوانەی بەرهەمەکانی بوورخێسیان خوێندووەتەوه دەزانن ئەو نووسەره هۆگری وێنا کردنی دۆخه پێچەڵاوپێچ و تێکچندراوەکانه. بوورخێس هاتووه دۆخی ئەم وەسیەتەی کافکای له گێڕانەوەی خۆیدا ئاوا داڕشتووەتەوە: ـ کافکا دەزانێ ماکس برۆد وەسیەتەکەی ئەو جێبەجێ ناکا ـ ماکس برۆد دەزانێ کافکا ئاگاداری ئەوەیه ئەو، وەسیتەکە جێبەجێ ناکا ـ کافکا دەزانێ ماکس برۆد ئاگاداری ئەم ئاگادار بوونەی ئەوە و ..... ئەمە دۆخێکی ئاوێنەیییه. جا پامووک دەڵێ زەینی نووسەری چیرۆک و زەینی خوێنەری چیرۆکیش ڕاست ئاوا وەک ئاوێنه لەبەرانبەر یەکدا ڕاوەستاون. بەڵام ئەم زەینه ئاوێنەییانه هەر بەتەنیا پێشگریمانەیەک لەناو خۆیاندا تەکسیر ناکەنەوە، بەڵکوو له هاوئاهەنگییەکی سەرنجڕاکێشدا هەر جارەی قەوانی تەکسیر کردنەوەی یەکێک له پێشگریمانەکانیان لێ دەدەن و دوایێ قەوانەکە دەگۆڕن و پێشگریمانەکەی دیکە تەکسیر دەکەنەوە. بەم شێوەیە: سەرەتا قەوانەکە ئەم ئاوازه ئاوێنەییه بڵاو دەکاتەوە: ـ خوێنەر کە چێرۆکێک دەخوێنێتەوە، ئەم چیرۆکە بە ئەزموونی ڕاستەقینەی ژیانی نووسەر تێدەگا ـ نووسەر دەزانێ خوێنەر تێگەیشتنێکی ئاوەهای هەیه ـ خوێنەر دەزانێ نووسەر ئاگاداری ئەم تێگەیشتنەی ئەوە و .... بەڵام ئەگەر ئاوازی ئاوێنەیی سەرەوە لەگەڵ ئەم ئاوازه ئاوێنەییەی خوارەوە تێکەڵ نەبێ، سەمفۆنیای داهێنانی داستانی سەر ناگرێ. ـ خوێنەر کە چیرۆکێک دەخوێنێتەوە ئەم چیرۆکە بە بەرهەمێکی خەیاڵکرد دەزانێ ـ نووسەر دەزانێ خوێنەر وەک بەرهەمێکی خەیاڵی چاو له چیرۆکەکەی ئەو دەکات ـ خوێنەر ئاگای لێیه نووسەر ئاگاداری ئەم تێگەیشتنەی ئەوە و .... کەچی دواجار من پێم وایه لەم سەمفۆنیایەدا، ئاوازی دووەم دەنگی ڕەسەر ئاوازی یەکەم دەکەوێ. واته چیرۆک دواجار بەرهەمێکی خەیاڵکرده. هەرچی نووسەر و خوێنەر له مەنتیقی چیرۆک شارەزاتر بن، دەنگی ئەم ئاوازەی دووەمیان زیاتر دێتە گوێ و بەپێچەوانه هەر چەندەی تێگەیشتنێکی سەرەتاییتر دەرحەق به ئەدەبی داستانی لەگۆڕێدا بێ، ئاوازی یەکەم دەنگی بەرزتره. #ڕەهبەر_مەحموودزاده https://t.me/dr_rehber
2 198
* ساتێک بۆ پرسیار ۹
ئەو جیهانه مەجازییەی چیرۆکنووس دەیخولقێنێ، چەنده خەیاڵییه و چەنده واقیعییه؟ کەسایەتییەکانی چەنده تەعبیر له کەسایەتی خودی نووسەر دەکەن و چەندە کەسایەتیی ڕۆنراون؟کاتێک "هاوارەبەره" چاپ بوو و ماوەیەک دوای ئەو "میرزا"ش بڵاو بووەوە کەشوهەوایەکی سەیر و خۆش لێره له کوردستانی دیوی ڕۆژهەڵاتدا ساز ببوو. خوێندنەوەی ڕۆمان بۆ ئێمه ئەزموونێکی نامۆ نەبوو بەڵام خوێندنەوەی ڕۆمانی کوردی بۆ بەرەی ئێمه ئەزموونێکی زۆر نوێ بوو. ڕۆمانی کوردی هەبوو بەڵام ئێمە لەم دیو نەماندەدیتن. لەبیرمه من خۆم "ژانی گەل"ی برایم ئەحمەدم دوای هاوارەبەره خوێندەوە؛ ئەگەرچی زۆر پێش ئەو چاپ و بڵاو ببووەوە. کە "هاوارەبەره" و "میرزا" بڵاو بوونەوه زۆر کەس دەیانکوت کاک فەتاحی ئەمیری کەسایەتیی "میرزا"ی بەگوێرەی کەسایەتیی خۆی داڕشتووه. له گوتوبێژێکدا کە خوالێخۆشبوو کاک مارف ئاغایی لە گۆڤاری سروەدا لەمەڕ ڕۆمانی هاوارەبەره لەگەڵ کاک فەتاح کردبووی، نووسەری ڕۆمان ئەو قسەیەی ڕەت نەکردەوە. دەنگۆیەکە بۆ ئەوە نەدەبوو ڕەتی کەیەوه. میرزا عاقڵترین پیاوی دنیا بوو. خەڵکی دیکەش پێیان خۆش بوو میرزا بان. کەوابوو ڕای گشتیی خوێنەران هاتبوو سەر ئەوە کە بەشێک له کەسایەتیی میرزا خودی کەسایەتیی نووسەری ڕۆمانە و بەشێکیشی ئەو کەسەیه که نووسەر پێی خۆشه وا بێ. قەیدی ناکا ئەوەش هەر تەعبیر له کەسایەتیی نووسەر دەکا. مرۆڤ هەر ئەوە نییه کە هەیه، ئەوەی ئارەزووشی دەکا هەر بەشێکه له کەسایەتیی خۆی. زۆر دواتر زانیم ئەو دەنگۆ و پرسیار و باسوخواسانە هەر له لای ئێمە ساز نەبووه. ژانری ڕۆمان چووبووه هەر وڵاتێک ئەو باسانەشی لەگەڵ خۆیدا بردبوو. خوێنەران له هەر شوێنێک ڕۆمانێکیان خوێندبووەوە لەناو ڕۆمانەکەدا بەدوای پارچۆڵکەکانی ژیانی نووسەردا گەڕابوون. ئورهان پامووک دەگێڕێتەوه کاتێک ڕۆمانی "مۆزەی پاکیزەیی" نووسیبوو، بەشێکی زۆر له خوێنەرانی پێیان وابوو چیرۆکی دڵداریی ناو ئەم ڕۆمانه چیرۆکی ژیانی نووسەره و کەسایەتی یەکەمی چیرۆکەکە واته "کەماڵ"یش خودی ئورهان پامووکه. دانیەل دێفۆ کە ڕابینسۆن کرۆزۆی نووسیبوو زۆر به داکۆکییەوە باسی ئەوەی کردبوو ڕووداوی ناو ئەم چیرۆکه هیچی خەیاڵی نین و هەمووی کوتومت ڕوویان داوه. گوایه دواتر ڕوون ببووەوە دێفۆ ڕاستی نەگوتووه. هەتا ماوەیەک نووسەران بۆ ئەوەی بتوانن خوێنەران چاکتر ده ڕووداوەکانی چیرۆکەکەیانەوه بگلێنن داکۆکییان لەسەر ئەوە دەکرد چیرۆکەکە ڕووی داوه. دواتر مەیلەکە گۆڕا؛ چونکه بەشێک له ڕۆمان له واقیع وەردەگیرا، ڕۆماننووس بۆ ئەوەی کەس بە هۆی ئەوەی چیرۆکی ژیانی ئەو گێڕدراوەتەوە، دەنگی لێ هەڵنەبڕێ داکۆکی لەسەر ئەوە دەکرد که چیرۆکەکە خەیاڵکرده. مامۆستا ئیبڕاهیم یوونسی له سەرەتای ڕۆمانی "دلدادەها"دا ئەم تێبینییەی نووسیوە: "ئەم چیرۆکه بەرهەمێکی خەیاڵکرده و هەموو ڕووداو و کەسایەتییەکانی بەرهەمی خەیاڵی نووسەرن و سووکترین ئاماژەی بۆ کەسانی زیندوو یان مردوو تێدا نییه. بەم حاڵەشەوە ئەگەر وێکچوونێک لەگەڵ هەندێک کەس تێیدا بەدی دەکرێ، ئەمە بابەتێکی بەهەڵکەوته. ئەگەر خوێنەر لەمە ئارخەیان بێ، کەس ڕووداوەکان بەخۆیەوە ناگرێ." له سەرەتای ڕۆمانی "گورستان غریبان"یشدا بابەتێکی لەم چەشنە دووپات بووەتەوە. بەڵام بەشێک له ڕووداوەکانی ڕۆمانی "دلدادەها" له شنۆ ڕوودەدەن و من کە شنۆییم له پیرەپیاوانی ئێرەم بیستووه زۆریەک له ڕووداوەکان و کەسایەتییەکانی ناو ئەم ڕۆمانه ڕاستەقینەن. ئایا یوونسی قسەیەکی ناڕاستی گوتووه؟ ڕاستییەکەی ئەوەیه بابەتەکه لەوەی ئێمه بیری لێ دەکەینەوه زۆر تێکچندراوتره. هیچ چیرۆکنووسێک نییه له کاتی نووسینەوەی ئەزموونی کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکەی چاوێکی له ئەزموونە ڕاستەقینەنەکانی ژیانی خۆی نەبێ. هیچ چیرۆکێکیش نییه تایبەتمەندیی "فیکشێناڵ" بوون یان ڕۆنراو بوونی تێدا بەدی نەکرێ. واته هاوشێوەی ئەو حالەت یان ڕووداوانەی له چیرۆکدا دەنووسرێنەوە، کەموزۆر له ژیانی نووسەرەکەشیدا یان له نزیکیی ژیانی ئەودا ڕوویان داوه. بەڵام ئەوەی چیرۆکنووس دەینووسێتەوه، به مەنتیقێکی داستانی "داڕێژراوەتەوه"؛ ئەگینا نەدەبوو به چیرۆک. "داڕێژراوەتەوە" واته تێک هەڵشێلدراوه و لەسەرڕاوه ساز کراوەتەوه؛ وەک ئەوەی قوتوویێکی سێحراوی هەبێ ناوی لێ بنێین "قوتووی چیرۆک". کاری ئەو قوتووە ئەوە بێ له لایەکەوه ئەو ڕووداوانەی له واقیعدا ڕوو دەدەن وەربگرێ و له لایەکەی دیکەدا ئەو ڕووداوانه به ڕیزبەندییەکی تەواو تازه و به گۆڕانکارییەکی بەرچاو و به مەنتیقێکی جیاوازەوە بداتەوە دەر. درێژەی ئەم باسه با بمێنێتەوە بۆ ساتی دەیەم. #ڕەهبەر_مەحموودزاده https://t.me/dr_rehber
2 198
👆👆 بەگوێرەی بۆچوونی فیلسووفی هاوچەرخ کارل پۆپەر ئەو جیهانەی چیرۆک و ڕۆمان دروستی دەکەن سەر به جیهانێکە که خۆی ناوی جیهانی ۳ی لەسەر دادەنێ. پۆپەر دەڵێ سێ جیهانمان هەیە. جیهانی ۱ جیهانی له هەموو شته فیزیکییەکانی دەوروپشتی ئێمە پێک دێ؛ وەک دار و بەرد و مێز و کورسیله. جیهانی ۲ جیهانی ناو زەینی مرۆڤەکانه. کەوابوو دیاردەکانی ناو جیهانی ۱ ئۆبژێکتیڤن و دیاردەکانی ناو جیهانی دووەمیش سۆبژێکیڤن. جیهانی ۳، جیهانی تیۆرییەکان و بەرهەمه هونەرییەکانە. تیۆرییەکانی ئەرەستوو و نیوتۆن و ئەینیشتەین و هاوکینگ، سەر به جیهانی ۳ی پۆپەرن. ئەو جیهانەی داستایۆفسکی له "تاوان و سزا" دا وێنای دەکا یان تۆلستۆی له "ئاناکارنینا"دا دەیخولقێنێ سەر به جیهانی ۳ی پۆپەره.
پۆپەر دەڵێ بوونەوەرەکانی ناو جیهانی ۳ ئەگەرچی ڕواڵەتێکی مەجازییان هەیه بەڵام وەک بوونەوەرەکانی ناو جیهانی ۱، ئۆبژێکتیڤن. واته بەشێکن له زانیاریی هاوبەشی کۆمەڵێک له مرۆڤەکان و هێزی شوێندانەریان هەم لەسەر جیهانی ۲ هەیه و هەم لەسەر جیهانی ۱. ئەم قسەی پۆپەر بۆیه بۆ ئێمه گرینگە چونکە پێمان دەڵێ ئەو جیهانەی چیرۆک و ڕۆمان دروستی دەکەن، بەشێکن له جیهانی ئێمه.
بەشێک له شوناسی مرۆڤەکان بەهۆی ئەو چیرۆک و ڕۆمانانەی دەیانخوێننەوه شەقڵ دەگرێ. ئەدەبی داستانی ئاواهی جیهانی ئێمه گەورەتر دەکات و شوناسێکی تازەمان پێ دەدا. بۆ ئەوەی شوناسی کەسێک باش بناسی بزانه چی خوێندووەتەوە.
* بەجەستە کردن: مجسم کردن
#ڕەهبەر_مەحموودزاده
https://t.me/dr_rehber
