en
Feedback
کەناڵی کــوردســتــانەکـەم

کەناڵی کــوردســتــانەکـەم

Open in Telegram

داگیرکەری دڵ پڕ لە قین دڕندەی بێ‌ ویژدان و دین ناتوانی واکەی کورد نە‌بین هه‌ر کورد بووین و هه‌ر کورد ئە‌بین

Show more
490
Subscribers
No data24 hours
-17 days
No data30 days
Posts Archive
خەوزڕان سەرما بە بێدەنگی خۆی خزاندە نێو شار. گەڵای داران بە دەم باوە، ئاوارەی کۆڵانان و شەقامان بوون. شار لەنێوان ساردی و بێخەبەرییەکی قورسدا نووستبوو. لەو ڕۆژانەدا نامەیێکی نهێنی گەیشتە دەستی بەرپرسان و فەرماندە باڵاکان. لە نامەکەدا ئاگادار کرابوونەوە کە لەم ساڵانەدا ژمارەیەک کتێب چاپ کراون کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لێهاتوویی فەرماندەکان لە شەڕ و دەستەڵاتیان  بەسەر وڵاتدا دەخەنە ژێر پرسیار. لەو کتێبانەدا شکست نە بە هۆی دوژمن، بەڵکوو بە هەڵە و ناشارەزایی فەرماندەکان و گەندەڵی بەرپرسان گرێدرابوو. دەیانگوت ئەوەی وا ئێوە ناوتان ناوە سەرکەوتن، بۆ خەڵک هیچ ئاکامێکی باشی نەهێناوە. لای دەستەڵات، ئەم بیرۆکەیە شتێک نەبوو بتوانرێ چاوپۆشی لێ بکرێ. بە زووترین کات لێژنەیەک بە بەشداری بەرزترین پلە سەربازییەکان پێکهات. کاتێ باسی کتێب هاتە ئاراوە، دیار بوو هیچکام لەوانە تەنانەت لاپەڕەیەکیان نەخوێندۆتەوە و هەر یەکەیان خەریکی بەزمی خۆیان بوون. لە کۆتاییدا یەکێک لە بەهێزترین فەرماندەکان بۆ ئەم ئەرکە هەڵبژێردرا. فەرمانەکە ڕوون بوو: کتێبخانەی گشتی شار بە تەواوی بپشکنرێت و ئەوەی زەرەری بۆ مەڕ هەبێت، وەلا بنرێت. ئەم کارە دەبێ لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت و ڕاپۆرتێکی ورد، بێ زیاد و کەم، پێشکەش بکرێت. بەیانییەکی سارد، هێرش دەستی پێکرد؛ وەک ئەوەی لەشکرێک بۆ بەرەی شەڕ بچێت. کتێبخانە گەمارۆ درا. چەند کەسێک لە خەڵکی ئاسایی کە جلی زۆریان لە بەردا بوو هەتا بەرگەی سەرمای نێو کتێبخانە بگرن، وەدەرنران. فەرماندە بە سواری ئەسب هاتە ژوورەوە و سەربازان بە پێڵاوی قوڕاوی وەدوای کەوتن. حیلەو هۆڕ و دەنگی ناڵی ئەسب و هەڵمی دەمی سەربازان کتێبخانەی پڕ کرد. سەرەتا سۆبەیەک دانرا بۆ گەرمکردنی شوێنەکە. دواتر بەرپرسی کتێبخانە فەرمانی پێدرا کە کتێبەکان یەک بە یەک بهێنێتە بەردەم فەرماندە و ئەو سەربازانەی کە سەوادیان هەیە و ڕەش و‌ سپی لێک دەکەنەوە، هەتا کتێبە خراپەکان دیاری بکرێن. بەڵام شتێک بە هێواشی گۆڕا.... سەربازان بۆ هەڵگرتنی کتێب، بە ناچار چەکەکانیان دانا. پاش تاوێک ڕامان لای کتێبیان دەکردەوە. دەستیان لە ئاسنی ساردی چەکەوە دەهاتە سەر نەرمی کاغەز. شانیان لێ شل کرد. کتێبی مێژوو، ئەدەب، هونەر، دیوانی شاعیران و نووسینە زانستییەکان یەک لە دوای یەک دەکرانەوە. هەر لاپەڕەیەک پرسیارێکی نوێی لەگەڵ خۆی دەهێنا: کەی ئەم ڕووداوە، ڕوویداوە؟ ئەگەر ڕابردوو بشارینەوە، بۆ داهاتوومان باشە؟ بۆ سەرکەوتن تەنیا لە خوێنڕشتن مانا دەکەنەوە؟ سەربازێک کە هیچی سەبارەت بە مێژووی گەلەکەی خۆی نەدەزانی ناوی شارەکەی خۆی دیت. بە دیتنی ناوی چەند گەورە پیاوێک کە تەنیا لە باپیری بیستبووی، دڵی هاتە لەرزین. چەند جار ئەو ناوانەی خوێندەوە. بەرپرسی کتێبخانەش لە وڵامی هەر پرسیارێکدا، کتێبێکی دیکەی پێشنیار دەکرد. دەیگوت بۆ خۆت وڵامی ئەو پرسیارەت بدۆزەوە. ڕۆژێک سەربازێک پێی وت: دەزانی تێگەیشتن لە پڵاو خواردن خۆشترە؟  فەرماندە و سەربازان بەو قسه سەریان هەڵێنا و سەیری یەکتریان کرد. وردەوردە، سەیری کتێب جێگای ڕق و قینی گرتەوە. قسەیان لەسەر کتێبەکان دەکرد، لەسەر تێگەیشتن ، نەک فەرمانبردن. کاتێ کارەکە کۆتایی هات. فەرماندە بە یارمەتی بەرپرسی کتێبخانە ڕاپۆرتی خۆی دەنووسی. بەرپرسی کتێبخانە هەر پێدەکەنی و دەیگوت ئەوان بۆ چی دەگریان و تۆ بە چی ژیریان دەکەیتەوە؟ دەزانی دەست بۆ چزی دووپشک دەبەی کاتێ دەتەوێ پێیان بڵێت ساڵەها بەبێ زانست شەڕیان کردووە؟ لەشکر گەڕایەوە بارەگا و فەرماندە ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش کرد: «بە فەرموودەی ئێوە، تەواوی کتێبخانە پشکنین کرا. هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ نەدۆزرایەوە.» پاش چەندین چرکە بێدەنگی، فەرماندە سەیری مەداڵەکانی سەرسینگی خۆی کرد و وتی: سەیرە! ئێمە لە کتێب دەترساین، بەڵام لەوانەیە  مەترسی ڕاستەقینە نەخوێندنەوەی کتێب بێت. بەداخەوە درەنگ زانیم گەلێک کە ڕابردووی خۆی ناخوێنێت، داهاتووەکەی دوژمن دەینووسێت.... ئێوەش ڕەنگە بە سەرخەڵکدا زاڵ بن، بەڵام تێگەیشتن شەڕی لەگەڵ ناکرێ.... فەرماندەکان قسەکەیان پچڕاند: «تۆمان بۆ پشکنینی کتێب نارد، نەک بۆ پشکنینی فەرمانەکە.» بڕیار درا سزا بدرێن، بەڵام بە هۆی دۆخی نائاسایی وڵات تەنیا لە کار لابران و جلی سەربازییان لێ وەرگیرا. کۆتایی زستان فەرماندە و چەند سربازێک  بەیانی زوو لەبەر دەرکەی کتێبخانە ڕاوەستابوون. بەڵام ئەمجارە بێ چەک.  بەرپرسی کتێبخانە باوەشی بۆیان ئاوەڵا کرد. پێڵاوەکانیان داکەند و بێدەنگ چوونە  ژوورەوە. لە کتێبخانە تەنیا دەنگی پەڕە هەڵدانەوە دەهات. ئیتالۆ کالڤینۆ/فرزاد همتی خوێنەری خاوەنبیر! کاتێ دەستەڵات دەیەوێ بیر وزانست ڕاگیر بکات، بە ناچاری لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەمەش دەسپێکی گۆڕانە... خوێندنەوە پێش لە‌ وڵام، پرسیار دروست دەکات. #عیسا_ئەحمەدی١٤٠٤/١٢/٠٣

هێندە بێ مەیلی لە گەڵ من وەختە مەیلم کەم دەبێ خەم یەخەم دەگرێ شەوانی هەستی من بێ شەم دەبێ من بە دەم خەونێکی ئاڵۆزا شەوم لێ شەق بووە مۆتەکەی تەنیایی پێخوستی لەسەر سینەم دەبێ هەر دەڵێم جارێکی ڕازی دڵ به گوێتا سرتە کەم ترسی ئەو بێ مەیلییەت دیسان لە سەر من جەم دەبێ دەچمه باوەش خەڵوەتی خولیایی ژوانی دووکەسی نایەیی و بەزمی دڵم بێ تۆ پڕی ماتەم دەبێ دامەپۆشە زۆڵفەکەت با ببنە ئاڵا لەو سەرە کوا وڵاتی سەربەخۆ بێ سێبەری پەرچەم دەبێ من بە پەیکی خەستی بێ تۆیی سەرم هاتۆتە ئێش داوەڵێکی ڕووتم و سایەت لە سەر من کەم دەبێ #فەرهاد_ساڵحی_فەر

دوایین ساتەکان لەو شەوە بێدەنگەدا، سەرم لەبن لێفەکە هێنا دەرێ. ناو ماڵەکەمان بە تریفەی مانگەشەو ڕووناک ببوو. من کە منداڵترین کچی ماڵ بووم، لە پەنای خۆشکەکانم خەوتبووم. چاوم گێڕا، دیتم  بابم لەسەر بەرماڵەکەی دانیشتووە. بەڵام ئەمجارە شتێک جیاواز بوو. بابم جارجارە سەری دەنایە سەر عەرز، جارجارەش دەستی هەڵدەهێنا. پێموابوو لەگەڵ کەسێک قسان دەکات، وەک ئەوەی زۆر لێی نزیک بێت. ئەگەر چاویشم لێکرد خۆ هیچ کەسی دیکەی لێ نەبوو، جگە لە بێدەنگی و نوورێکی بێ هێز کە لە دەلاقەی ماڵەکەمانەوە دەهاتە ژوورێ. وردەوردە وڵات ڕووناک دەبوو، من هێشتا لەنێوان خەو و بێداریدا بووم. چاوم لێ بوو؛ بابم هەستا و زۆر بە هێمنی چووە لای سندووقی لیباسەکانی. ئەو دەستە لیباسەی لەبەر کرد کە هەموو جارێ خۆشکە گەورەکانم دەیانگوت: بابە! ئەو لیباسەت زۆر لێ جوانە. وامدەزانی بابم دەچێت بۆ شایی و زەماوەند. دەی ئەگەر وایە، بۆچی ئێمە لەگەڵ خۆی نابات؟ نەمدەزانی بڵێم چی. بابم پشتێندی سێ‌گرێی بەست. لۆی جامانەکەی هاویشتە پشت‌سەری. بە بێدەنگی وەدەرکەوت. کاتێ ویستی دەرکەی حەوشە بکاتەوە، ئاگام لێبوو دایکم بە دوایدا چوو. وەکوو کەسێک کە لە دوێنێ شەوەوە چاوڕێ بوو. منیش خۆم گەیاندە بەر دەرکەی دیوەکە و ڕاوەستام. دایکم پشتێندەکەی بابمی گرتبوو. بە کوڵ دەگریا. لەبەر گریان نەیدەتوانی هەناسە بدات. لە بابم دەپاڕایەوە: بۆ خاتری خودا مەڕۆ. بابم هیچی نەگوت. هەر ئەوەندە زۆر بە ئارامی دەستی دایکمی گرت و پشتێنەکەی پێبەردا. دایکم هەر دەگریا و دەیگوت: گەڕانەوەت نییە! ئاخر من بە تەنیا ئەو منداڵانە چی لێ بکەم؟ بابم سەری هێنا پێشەوە و وتی: «ئەگەر بڕیارە منداڵێک هەتیو بکەوێ، دەبێ منداڵی ئێمە بێت؛ نابێ هیچ منداڵێکی دیکەی کورد بێ‌باوک بمێنێ… تۆش بڕۆ هەر ئەو دوعایە بکە.» وامدەزانی کە دایکم بەو قسە تۆرا. چوونکا دایکم ئیتر بە تەواوی بێدەنگ بوو. فرمێسک لەنێو چاوانی قەتیس ما. هەروا لەنێو حەوشەکە دانیشت. بابم بەبێ ئەوەی بۆ هیچ لایێک بڕوانێ، ڕۆیی و دەرکەی لە پشت‌سەری خۆی پێوەدا. لەو کاتەدا دەمگوت: خۆزگە‌ دەمزانی بۆ کوێ دەچێت. من هەروا ڕاوەستا بووم. سەرما هەموو لەشمی داگرت. خەمێک لە دڵمدا بوو. نەمدەزانی چییە؟ بەڵام هەستم بە قورسایەکەی دەکرد. هەتاو هەڵات و بە تیشکی خۆی‌ وڵاتی ڕووناک کرد. چاوێکم بە نێو ماڵەکەی خۆماندا گێڕا. لە بێدەنگی نێو ماڵەکەمان تەنیا گوێم لە دەنگی هەناسەی خۆم بوو. بەرماڵەکەی باوکم هێشتا لەنێو دیوەکە بوو. بۆ ئاخرجار کە بابی خۆم دیت، لەو مەیدانەی بوو وا گەورەکان پێیان دەگوت: "چوارچرا". بابم بە سەر سێدارەوە بوو. نەیدەتوانی بانگم بکات: "مونیر گیان! کچە جوانەکەم". (بە ڕوانینێک بۆ بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی خاتوو مونیری قازی کچی پێشەوای شەهید قازی محەممەد) #عیسا_ئەحمەدی ١٤٠٤/١١/٢٣

خەم و زووخاوی ئەم عەشقە لە کام مەیخانە ھەڵڕێژم؟ بەتەنیا ماوم و نامۆ سکاڵای دڵ بە کێ بێژم؟ شکاوە جامی مەی یەکسەر نەماون تاقمی یاران دەری مەیخانە بەستراون بڵاون کۆڕی مەیخاران یەکێ یەخسیری گۆڕی تەنگ یەکێ خەڵتانی خوێناوە منیش رنجیری سەد حەڵقەم لە دەست و گەردن ئاڵاوە #جەلال_مەلەکشا

سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکەتاڵم بۆ چییە؟ دڵ کە هۆشێکی نەبێ، شووشەی بەتاڵم بۆ چییه؟ #مەحوی

گەڕانەوە، پاش هەزار ساڵ چەند ڕۆژ دوای ئەوەی کە سەد کافری مەلعوونیان بە تاوانی بێ‌ئیمانی لە ناوەڕاستی شاردا سووتاند و ئیمانی ئیماندارانیان پتەوتر کرد، حەزرەت تەشریفی هێنا. لە سووچێکی گۆڕەپانی شاردا ڕاوێستا. منداڵان باوەشیان بۆ ئاوەڵا کرد. ژن و مێردێک کە تەرمی منداڵی تاقانەیان بۆ سەرقەبران دەبرد، چوونە خزمەتی و وتیان ئێمە هەر ئەم منداڵەمان شک دەبرد. گەورەیی خۆتمان بۆ دەرخە. حەزرەت دەستی نایە سەر تەرمی نەرمی ئەو منداڵە. منداڵ بە پێکەنینەوە بەرەو ئامێزی دایکی هەڵات. هەر زوو ئەم هەواڵە گەیشتە سەرۆکی زانایانی ئایینی شار. چەند سەربازی نارد بە پەلە قۆڵبەستی بکەن و بیبەن بۆ زیندانی تاکەکەسی. هەتا تەواوی خەڵک بەو باسەیان نەزانیوە. نیوەشەو سەرۆکی زانایانی ئایینی هات بۆ زیندان. کۆت و زنجیر حوکمیان دەکرد. درگای پۆڵای بەندیخانەکەی کردەوە. تۆزێ سەیری یەکتریان کرد. سەرۆکی زانایانی ئایینی وتی باش دەزانم تۆ کێیت. پێویست ناکات خۆتم پێ بناسێنیت. بەڵام ئەوەی که نایزانم ئەوەیە، تۆ پاش هەزار ساڵ بۆ هاتویتەوە؟ ئێمە ئەم جێگە و پێگەمانە بە مفت و مەرحەبا دەست نەکەوتووە کە تۆ بیت و ئێمە و منداڵی ئێمە بکەیت بە هاوماڵی ڕەش و ڕووتان. کاتێ کە بڕیار بوو تۆ لە خاچ بدەن، گەورە پیاوێکی وەکوو شەیتان بەو هەموو زانست و حیکمەت و تێگەیشتوویەوه هاتە لات و وتی کارێکی وادەکەم نانی هەموو خەڵک بە دەستی تۆ بێت، واز لەم بەزمە بهێنە. بەڵام تۆ چیت کرد؟ دژ بە شەیتان وتت دینێک بۆ نان بێت، هەر نەبێت باشترە. نان و بێدەنگی واتە ونکردنی مانای بەرزی ئینسانی. وتت ئازادی لەلای من لە هەموو شتێک گرینگترە. بەڵام من بڕوا ناکەم خەڵک حەز بە ئازادی بکەن! دەزانی بۆ؟ چوونکا ئازادی ڕاستەقینە بەرپرسبوون دێنێت. ئازادی بارێکی قورسە. ئەو خەڵکە نە شانی کێشانیان هەیە و نە قاچی پێوان. تۆ باری ئازادیت نایە سەر شانی خەڵک و ئێمە دامانگرت. ئەگەرچی خۆمیش شەوان بە ئارامی ناخەوم. سەرۆکی زانایانی ئایینی چەند هەنگاو هاتە پێشەوە و وتی: ئێمە درێژەمان بە ڕێبازی تۆ نەدا، بەڵام بە هێواشی و بە خشکە هێنامانە سەر قسەی شەیتان. ئێستا خەڵک ئازادی خۆیان بە نان گۆڕیوەتەوە. ئێمەش کە نانمان بە دەستە، ئاغایی دەکەین. هەر چێکیش دەبێت، پێیان دەڵێین ئەزموونی خوداییە، دۆعا و نزا بکەن. بەڵام تۆ چی؟ تەنیا ناوێکت لێ بەجێ ماوە. ڕەنگە دڵخۆش بە کتێبەکەت بیت. بەڵام لە مێژە ئێمە کتێبەکەتمان ناردووە بۆ سەرقەبران و بۆ مردووەکانی دەخوێننەوە. بڕۆ سەیری ئەو خەڵکە بکە. بزانە چەندین دەستەمان دروست کردووه. بەهەر کامەشمان وتووە هەموو ڕاستییەکان تەنیا لای ئێوەیە و باقی خەڵک لە ژنە عەجەمەکەن. جا هەر دەستەیێک شێوازی قسەکردنیان، جلوبەرگیان، شوێنی دوعا و پاڕانەوەیان تەنانەت شێوازی هاوسەرگیری و هەستیان تایبەت بە حیزبەکەیانە و نیشانەی ئەندامبوونیانە. ڕەنگە وابزانی چوونکا ئەندامانی ئەو دەستە، وەکوو یەک بیر دەکەنەوە، بۆیە هەموو شتێکیان وەکوو یەکە، بەڵام وانییە. ئەو دەستە و گرووپانە هیچ کەسیان بیر ناکاتەوە. ئێمە دەمانزانی بیرکردنەوە ئەستەمترین کاری دنیایە و ڕەنجی بە دواوەیە. بۆیە لە هەر دەستەیێک یەکێکمان دانا کە لەباتی هەموویان بیر بکاتەوە. واتە سپاردنی ئازادی و بیری هەزاران کەس بە دەستی کەسێک. ئێستا زانیت ئێمە چەندە سەرکووتوین؟ ڕێگای بیرکردنەوەمان داخستووە. تەعەسوبمان لەجێی ئیمان داناوە. گوێڕایەڵیمان بە ڕێگای ڕزگاری پێناسە کردووە. وامان کردووە کە خەڵک بە دوای ڕاستیدا نین، هەر حیزب و جەماعەتێک ئەگەر تەنیا بتوانێ سک و ژێر سکیان بۆ دابین بکات، خەڵک ڕووی تێ دەکەن. لە هەمووان گرینگتر، خەڵکی وادەزانن هەرچی کە ئێمە دەیکەین پیرۆز و موبارەکە. جا هەر کەسیش دەیەوێ قسەی حەق بکات، کێشە نییە. بەڵام  دەبێ تاوانەکەی بداتەوە. شەمێک لە سووچی زینداندا دەسووتا. سەرۆکی زانایان سەیری سێبەری لەرزۆکی خۆی بە دیواردا کرد و بۆ دوایین جار ڕووی کردە زیندانی و وتی: ئەم بێدەنگیەت کەڕم دەکات.نازانم بە ڕێبواری هاتووی یان ئیشی دیکەت هەیە. بەڵام ئەوە بزانە ئەو هەموو ناوەندە ئائینییە مووزەخانە نین کە سەیر کەیت و بڕۆی، ئەوانە ئامێرن. منیش ئەم شان و شەوکەتەم لە وردەواڵەفرۆش نەکڕیوە. دڵنیابە ئەگەر سبەینێ لەم شاردا بتبینمەوە، یەکم کەس کە بڕیاری کافربوونی تۆ بدات منم. ئەمجارە مردنێکی تاڵتر لە مردنی سەردەمی ڕۆمیان چاوەڕێتە. جا ئەوکات دەزانی خوداکەی تۆ دەیباتەوە یان شەیتانەکەی ئێمە. حەزرەت هیچی نەگوت. بێدەنگییەک بە قورسایی هەزار ساڵ. فێئودور دەستایێفسکی/ صالح حسینی خوێنەری خاوەنبیر! سەرۆکی زانایانی ئایینی ئاماژە بە چەندین خاڵی گرینگ دەکات. ئازادی ڕاستەقینە بەرپرسبوون دێنێت. بەرپرسبوون پێویستی بە بیرکردنەوەیە، کە ئەویش ڕەنجی لە دواوەیە. ئەوەیە کە زۆرێک لە مرۆڤەکان ئازادی لەگەڵ نان دەگۆڕنەوە. ئەوەش کە ئازادی هەڵدەبژێرێ، لە خاچ دەدرێ، دەسووتێ. #عیسا_ئەحمەدی ١٤٠٤/١٠/١٥

تەنگدەستی ، دەوڵەتی لەدوایە سالم موژدە بێ شادمانی دێ لەگەڵ ئەحواڵی مەحزوون عاقیبەت #سالم       

کرمی ئاوریشمە خەیاڵم، بۆ سەروی ئەو قامەتەت من کە قۆزاخەی خەمێکم، دەوری داوم چاوەکەت ئیشتیاقم : بەحری تینوو، هیجرەتم : سەحرا بە کۆڵ ڕۆحی نالی هەنگی عیشقە و شانەکەیشی ناوەکەت #شێرکۆ_بێکەس

واتم بیستوون تۆ ژە سەنگەنی پەی کی پەشێوحاڵ ، خاترتەنگەنی ؟ وات ڕاسەن سەنگەن ئەسڵ ئیجادم مات نافەهمی فەوت فەرهادم #سەی‌یاقۆ

کە بێباکە لە بێ ڕەنگی لە سەرمای ژین، هەموو ساڵ سەوزە ڕەگی لە دڵتا داری هەستم ، دڵ دەزانێ #هەڵگورد_حەقپەرەست

تا گوارە لە گوێت دێنە لەرین دێتەوە بیرم هەر لاوێ کە لەم خاکە لە سێدارە دراوە! #هێدی

تا گوارە لە گوێت دێنە لەرین دێتەوە بیرم هەر لاوێ کە لەم خاکە لە سێدارە دراوە! #هێدی

چ نەققـاشێ خەتی داوە لە خاڵت؟ وەکوو کام گوڵ دەچێ سەر کوڵمی ئاڵت؟ درەوشانیان وەکوو ئەستێرە وایە لە ژێر تاقی برۆ دوو چاوی کاڵت #هەڵوەدا

دەبارێ بەفر و باران😍 #محەممەد_ماملێ🫠

پیشانگای ڕووناکبیران یەکەم ساڵ کە وەکوو‌ دکتورێک دەستم بە کار کرد، بەپێی دەستوور منیان نارده شارێکی دوور. بە هۆی ئیش و کاری نێو خەستەخانە، لەگەڵ بنەماڵەیێک بوومە ناسیار کە خۆیان بە ناوەندی کەلتوور و ئەدەب و هونەری ئەو شارە دەزانی. ماڵێکی زۆر گەورەیان هەبوو، لە ناوەڕاستی باخێکی دڵڕفێن. پیاوی ئەو بنەماڵەیە پیاوێکی دەوڵەمەند و هەروەها قسەخۆش و میواندۆست بوو. خێزانەکەی چیرۆکی دەنووسی. لەو چیرۆکانەی وا خۆشن بەڵام هیچکات ڕوو نادەن. کچی ئەو بنەماڵەش ژەنیار بوو. هەموو شەوێ ڕووناکبیرانی شار لە ماڵی ئەوان کۆ دەبوونەوە. هەتا نیوەشەو دەنگ و هەرایان بوو. باسی خۆیان دەکرد کە دوێنێ لە فڵانە کۆڕی ئەدەبی بوون و سبەی دەچنە فڵانە کۆڕی تر. لەو نێوانەش بۆنی کەباب و دوکەڵی سیگار و دەنگی پێکەنین جمەی دەهات! من زۆر جار نەمدەزانی ئەمانە چی دەکەن. جارێک لە ساڵیادی فڵانە شاعیر و جارێک لە ساڵیادی فڵانە گۆرانیبێژدا بەشدار دەبوون. هەموو جارێ قسەیان، هەر قسەکانی پێشوو بوو. ڕێک وێنەی قەوڵنامەکۆنەکان، تەنیا جێگەی ناوەکان دەگۆڕدران. ئاخرەکەی نەمزانی ئەرێ ئەوانە وەرگێڕن، شاعیرن، مێژووناسن، هونەرمەندن! دیارە، ڕاوی ڕێوی بۆ کەوڵەکەیەتی. هۆکاری چوونی منیش بۆ ئەو ماڵە نە قسەی خۆشی باوکەکە بوو و نە چیرۆکی دایکەکە. هەموو شتێک لەو ماڵەدا بۆ من، بە کچەکەیان کۆتایی پێدەهات. لە ڕاستیدا ئەو ماڵە ببوو بە لانکەی دڵم. بە بیانووی باسی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی خۆم تێکەڵی ئەوان کردبوو. بەڵام هەموو دەم دڵم تینووی تەماشای ئەو کچە بوو. ئاخری ڕۆژێک لەژێر سێبەری دارێک، لە باخی خۆیان، بەدەم شنەی بای وەرزی بەهار و وەرینی شکۆفەی ناسک، هەروا‌ کە‌ دەستم بە‌سەر دڵمەوە بوو وتم: ببمە نەزرت، ئیزنم بدە بنێرمە خزمەتی باوکت بۆ خوازبێنی... بەڵام وڵامی ئەو کچە خستمیە هەناسەبڕکێ. ئەو وتی: هاوسەرگیری کارێکی بچووکە، بۆ کچێکی ڕووناکبیر. شتێکه وەکوو جلشۆردن. ژیانێک بەو چەشنە بێت، لە چێشتخانە کۆتایی پێ دێت! دەیگوت دەمەوێ بڕۆمە زانکۆی هونەرە جوانەکان و ببمە ژەنیارێکی کارامە. لەو کاتەدا من هیچ وڵامێکم نەبوو. ئاخر چۆن دەمتوانی بەو کچە بسەلمێنم کە هونەری ڕاستەقینە لە ژیان جیا نییە؟ ئەو ڕوانینەی وەکوو کزەبا، شەمی ئاواتی منی کوژاندەوە. هەر قسەیێکم کردبا، دیسان دەبوو بە باسی جل‌شۆردنەکە. زمانم لە زارمدا ماسی و ئەویش تەنیا دەیڕوانی. پاش چوونی ئەو کچە بۆ زانکۆ و بەجێهێشتنی شار، منیش شیرم بە دۆ دەرچوو. بۆیە ئیتر لەوە بەدوا ڕووم لەو ماڵه نەکرد. زۆری خایاند تا هاتمەوە سەر هێڵی جاران. هەر بەو‌ بۆنەوە زۆرتر کارم دەکرد هەتا ئەو بیرەوەرییە کزر بێتەوە. بەیانیان تا لای نیوەڕۆ لە خەستەخانە بووم. پاش‌نۆێژانیش شوێنێکم بۆ خۆم کردبوو بە نووسینگە و مەتەب. چوار ساڵم بەوشێوە ڕابورد. چوار ساڵ ماوەیێکی کەم نییە بۆ پارە کۆکردنەوە بۆ منی سەڵت و ڕەبەن. پاش دابڕان لەو کۆڕە، زۆرتر سەرەنجی خەڵکی ئاساییم دەدا. ئەو کاتە بوو کە شتێکی دیکەم بۆ دەرکەوت. کاتێ باسی پارە و زێڕ و مڵک و ماڵ دەکەی خەڵک گوێقوڵاخ ڕادەوەستن. بەڵام کاتێ باسی کتێب و مێژوو دەکەی، یەکێک سەیری کاتژمێری سەر تاقەکە دەکات و یەکێک خۆی دەخورێنێ و یەکێک دەڵێ چایەکەتان ساردەوە نەبێت و... چاوەڕوانی گەیشتن بە کۆتایی قسەکەن تا گەیشتن بە ماناکەی. پاش چوار ساڵ ڕۆژێک نامەیێکم پێ گەیشت لە لایەن هەمان کچەوە. زانیم ماوەیێکە گەڕاوەتە. داوای کردبوو بچم بۆ ماڵیان و چاومان بە یەکتر بکەوێ. شەوێک چووم بۆ ماڵیان. تازە چراکانیان هەڵ کردبوو. لە دووڕ‌ڕا دەنگی هەرا و‌بەزمی میوانان دەهات. کە چوومە ژوورەوە، هەر ئەو کەسانە، هەر ئەو قسانە. هەر کۆڕنشینی و هەر کەیک خواردن... بۆ چەند ساتێک پێکەوە چووینە نێو باخ. تریفەی مانگەشەو دنیای ڕووناک کردبوو. چوێنە ژێر هەمان دار کە دوایین جار پێکەوە دانیشتین. ئەو کچە لە چاو ساڵان ڕەنگە بڵێم جوانتر ببوو. بەڵام من ئیتر ئەو هەستەم نەمابوو. دەیگوت لە زانکۆ زۆر بیرم لە تۆ کردۆتەوە. وتی منیش هەر ئەوەندە هونەرمەندم، کە دایکم نووسەرە. هونەر و ئەدەب بۆ بنەماڵەی ئێمە و دۆستانمان، تەنیا ڕابواردن و نمایشە. لە کاتی قسەکانی ئەودا من بیرم لەوە دەکردەوە، ئەگەر خودا نەمکوژێ، ئاخۆ چەند ساڵی دیکە دەتوانم خەستەخانەی تایبەت بە خۆم هەبێ؟ بە دەیان دکتۆر و پەرەستارەوە. ئەوین بۆ من بە هێواشی مانای خۆی لە دەست دابوو. ئانتوان چێخوف/ سروژ استپانیان خوێنەری خاوەنبیر! ڕووناکبیر دەبێ بە چەکی ئەدەب و هونەر بێتە مەیدانی خەبات. بۆ گۆڕانی کۆمەڵگایەک کە هەموو پێوەرێکی پارەیە. کەچی کەسانێک ئەدەب و هونەر دەکەنە پردێک بۆ ڕابواردن و لەبیرکردن. ئەوان ڕەنگە مەبەستی خراپیان نەبێت بەڵام بەو کارەیان ئەخلاق و هونەر و ئەدەب دەکەن بە نەمایش و هێما پیرۆزەکان سووک و بێ مانا دەکەن. کورد هەم ڕووناکبیری هەیە و هەمیش کۆڕچی. ئەوانە دوو کەسایەتی جیاوازن. #عیسا_ئەحمەدی١٤٠٤/١٠/٠٣

تۆش بەجێم دێڵی ..! تۆش هه‌ر وه‌کوو کچانی تری شاره‌که‌م با، نیت شنه‌ی، چه‌م، نیت زنه‌ی، شه‌سته‌باران، نیت پڕووشه‌ی، ته‌نیا درۆ و عه‌تر و بۆیه‌ و بووکه‌شووشه‌ی. * من ده‌ڕۆم و تکایه‌ پێی بڵێن ئیتر به‌ دیدارم ناگاته‌وه‌، وه‌ک چه‌م ده‌ڕۆم، چه‌میش ئاوڕ ناداته‌وه‌، بێزارم، بێزارم لێره،‌ له‌ دار، له‌ به‌رد، بێزار له‌ شاره‌که‌ی، له‌ خۆی، له‌ ئاوێنه‌ و ته‌وقه‌ و شانه‌ و قژی نیگرۆی، له‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی ده‌سته‌مۆی. #بەکر_عەلی

بە دەم مەوجی خوێنی ئەشکەوەم، بڕوانە چۆنم بۆت! دەروونم کەیلی زووخی دەرد و غەم، بڕوانە چۆنم بۆت! ڕەقیبی سەگ حەزی بوو، کوشتمت، سەیری کە چۆنی بۆم دوعا بۆ دەست و تێغت من دەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت! بە غەدداری نە وەک ناوت بەرن، بمئەنجنی، قەت من شکاتی جەوری تۆ بەر کەس دەبەم؟ بڕوانە چۆنم بۆت! هەناسەی ئاگرینم بردەوە بەر، تا دەروونم سووت بە ناڵە تا دڵت سەخڵەت نەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت! بیانوو بگرە، شێوەی خۆت بشێوێنە بە من کوشتن وەها چاوی بەدت لێ لا دەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت! بە ئاوی گریە هەر دەم ناوی چاوم ششتووە، نەک جێت بە خوێن ئاغوشتە بێ، تۆ، چاوەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت! غەمی خۆشی نیە مەحوی لە دڵیا، هەر غەمی تۆیە لە عیشقتدا دەکەم غەم بۆ بەغەم، بڕوانە چۆنم بۆت. #مەحوی

شەو چلەتان پیرۆز بێت ئازیزان 🍃🌹

👀 بووینەتە گەمەجاڕ - بەڵا و مەڵای زەمانە. #چرۆ_مەریوان