هۆنراوە و پەخشانی کوردی چەم و چیا
الذهاب إلى القناة على Telegram
مەندم و بەندی ئەدەب دەفتەری ئازادی منە بەند بەبەند شێعری دڵم بەندی دڵ و دادی منە شیرنم شەرمی وشەم لایقی فەرهادی منە تۆ نەبی بەژنی تەوارم شەمی بەربادی منە خۆشە ئەو ساتە کە بمبینی لە نێو جامی جەمت #تەوار https://t.me/joinchat/UOM83hO0xtqSb25A
إظهار المزيد2 653
المشتركون
-124 ساعات
+17 أيام
+330 أيام
أرشيف المشاركات
ئاشناکەم! هەر کە شەو دێ و یادی تۆ دەگرێ یەخەم
پەنجەرەی بیرم بە ڕووی بێگانەکاندا دادەخەم
#ڕامان_غەفووری
پێشکەش بکات .
مەرزیە بەڕاستی گوزارشت و سمبولێک بوو بۆ ھونەری ژن و ھەستی ژنان لە موزیکی کوردیدا.
ناسڕی ڕەزازی لە ھەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مەرزیەدا وتویەتی: "من خۆم زۆر ھاوکاریم دەکرد، ئاوازم بۆ دادەنا، تەنانەت فێرم دەکرد چۆن ئاوازدابنێت، بەڵام کێشەیەک ھەبوو کە ئەو سەردەمە زۆرینەی شاعیرەکانمان پیاو بوون، گەرچی چەند ژنێک دەرکەوتن بەڵام نەیاندەتوانی ھەستی ژنانە دەربڕن، کێشەی مەرزیە ھەمیشە ئەوە بوو کە دەیوت: من ئەگەر بمەوێت گۆرانی دروست بکەم دەبێت بگەڕێمەوە بۆ دیوانی شاعیرە پیاوەکان"، لەمەوە دەردەکەوێت کە مەرزیە ھەمیشە چاوی لە دروستکرنی ھونەری موزیکی ژنانە بووە، نەک دووبارەکرنەوەی ھەستی پیاوانە لە زمانی ژنەوە. گەرچی ڕەزازی ھاوڕێی و ھاوسەر و ھاوسەنگەری بووە، کەچی کاریگەری شێوازی گۆرانی وتنی ڕەزازی بەسەر مەرزیەوە بەدی ناکرێت، وەک چۆن (ڕەزازی) خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی، ئەویش بەھەمان شێوە خاوەنی ڕەنگ و دەنگ و ھونەری تایبەت بە خۆییەتی.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە لەو گۆرانییە دوێتانەی کە پێکەوە دەیانوت، ئاوێتەبوونێکی زۆر سەیر لەم دوو دەنگەدا بەدی دەکرا، بە جۆرێک دەنگی مەرزیە و ڕەزازی دەبوونە ڕەنگی چێژێکی تر لە موزیکی کوردیدا. ھونەری مەرزیە ھێندە قوڵە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و تایبەت بە خۆیەتی، مەرزیە زۆر بە سەرکەوتووانە لە ماوەیەکی کورتی تەمەندا زۆرێک لە چەشن و ستایلە میوزیکییە باوەکانی کوردی ئەو سەردەمەی تاقیکردەوە، توانا ھونەری و دەنگییەکانی مەرزیە ئەوەندە زۆربوون ئەگەر تەمەن ڕێگەی بدایە دەیتوانی کاری زۆر ناوازەتر پێشکەش بکات.
بەرهەم
لە یارەوە
هەموو شەو
بەڵێن بدە
ئەگەرچی شەو
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەڤاڵی پێشمەرگە
ئەزیزم بۆچی تۆراوی
هەوری پایز
خۆشم ئەوێی
هیوا مەگری
لە کۆتایی نامەکەتا
بێ تۆ
وەرە یارم
کانی کانی
لەو ڕۆژەوە
کۆچی دوایی
بەھۆی ھەڵەی پزیشکەوە لە کاتی نەشتەرکاریدا لە ڕۆژی 2005\09\18دا لە کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ماڵئاوایی لە مۆسیقا و هونەر کردووە و کرد، لەسەر داوای خۆی لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.
#ژیاننامە
ناوی تەواوی (مەرزیە شەهاب عەبدوڵڵا)یە، لە ڕێکەوتی 1958\05\22 لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بەڵام دایک و باوکی خاتوو مەرزیە لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سنەن، خوشکی هونەرمەندی ناودار لەیلا فەریقییە، تا تەمەنی 17 ساڵی مەرزیە ژیانی لە شاری مەریوان بەسەر بردووە، دواتر بۆ خوێندنی مامۆستایەتی ڕووی کردووەتە شاری سنە و لەوێ خوێندنی مامۆستایەتی تەواو کردووە و بڕوانامەی دیپڵۆمی لە بواری مامۆستایەتیدا بەدەست هێناوە.
ژیانی تایبەتی
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە مەریوان تەواو کردووە، دواتر لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ دا چووەتە شاری سنە و ئامادەیی خوێندنی بوون بە مامۆستایی تەواو کردووە، ھەر دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەست بەکاربووە، لە ساڵی 1977 لە شاری سنە بە هونەرمەند (ناسر ڕەزازی) ئاشنا دەبێت و لە ساڵی 1978دا هاوسەرگیری دەکەن، مەرزیە و ڕەزازی بەھۆی بارودۆخی ڕامیاری ئێران، لە ساڵی 1980 ڕۆژھەڵاتی کوردستان جێدەھێڵن و ڕوودەکەنە چیاکانی کوردستان و دەبنە پێشمەرگە، دواجار ھەر لە چیاکانی کوردستانەوە ژیانی سەخت و وێستگەکانی پڕ تێکۆشانی مەرزیە دەست پێدەکات، ئەگەرچی خەباتی شاخ و ئەو سەردەمە بۆ ژنە ھونەرمەند و مامۆستایەک زۆر سەخت بوو، بەڵام ئەو زۆر سەرسەختترانە بەگژ ڕۆژە دژوارەکانی ژیاندا دەچێتەوە و ھەر لە چیاکانەوە لەگەڵ ڕەزازیدا بە گۆرانی (هەڤاڵی پێشمەرگە) بۆ جۆشدانی برا پێشمەرگەکان و کڵپەسەندنی شۆڕش و ھاندانی ھاونیشتمانان گۆرانی دەڵێن، ئەم خەباتگێڕییەشیان تاکوو ساڵی 1984 بەردەوام دەبێت.
لەسەرەتای ساڵی 1985 بەدواوە لە وڵاتی سوید وەک پەنابەر لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ منداڵەکەی بە ناوەکانی دڵنیا، ماردین و کاردۆ ژیان بەسەر دەبەن.
ژیانی هونەری
هەر لە تەمەنی منداڵیدا هەستی کردووه کە دەنگی خۆشە و بەهرەی دەنگخۆشی تێدایە، لەلایەن باوکییەوە هاندراوه، بەڵام بەهۆی نادروستی کۆمەڵگاوه، ئەوەی لەو رۆژگارەدا ئەستەم بووە ئەوە بووە کە ژن و کچی کورد گۆرانی بڵێن، هەربۆیە ڕێگای هونەری لێگیراوە و لەو پێناوەشدا زۆر بەقورسی ژیانی هونەری خۆی بەسەر بردووه، بەڵام سەڕەڕای کۆسپ و کێشەکان مەرزیەی هونەرمەند هەر بەردەوام بووه، لە جەژنەکان و یاد و بۆنانەی کە لە قوتابخانەدا سازکراون، بەشداری کردووە و بۆ یەکەمین جار لە تەمەنی 9 ساڵیدا چووەتەسەر شانۆی قوتابخانەکەی، یەکەمین گۆرانی کە لەو کاتەدا وتوویەتی گۆرانییەکی (فەتانەی وەلیدی) بووه بەناوی (لەسەر کانی دێتەوە لێو بەکەنی و گۆزەبەشانەوه).
دواتر ھونەری مەزرییە لە ساڵی ١٩٩٤ دا بە گۆرانی وتن و لەگەڵ ڕەزازی ھاوسەریدا بە تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک دەست پێدەکاتەوە. لەم ساڵانە بەدواوە چرای ڕوناکی ھونەری مەزرییە بە جۆرێکی تر و پڕ شەوقتر دادەگرسێت و بە بەردەوام لە ھونەری موزیک و گۆرانی کوردیدا دەبێتە هێمای ژنە کوردێکی ھونەرمەند، لەپاڵ ئەوەشدا دەبێتە نموونەی ژنە شۆڕشگێرێکی نەتەوەیی و داکۆکیکارێکی سەرسەختی سەربەخۆ و دوور لە کۆمەڵە و حیزبایەتی، بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان و منداڵان چالاکانە لە چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەم بوارانەدا بەشداردەبێت.
مەرزیە توانایەکی بێوێنەی لە شێوازی گۆرانی وتندا ھەبوو، لەسەر چینە دەنگی ئاڵتۆ خوێندوویەتی، بەڵام زۆر بەباشی دەیتوانی خۆی لە چینە بەرزەکان بدات، زۆر بەجوانی یاری بە تۆنە میوزیکییەکان بکات و ئاوێتەی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانی ببێت. مەرزیە زۆر کارامەبوو لە سەر تەختی شانۆ، ھیچ دوودڵی و دڵەڕاوکێیەک لە بەرنامە زیندووەکانی تیڤی و کۆنسێرتەکانیدا لە گەروویدا بەدی نەدەکرا، لە گۆرانییە فۆلکلۆری و ڕیتمیکیەکانیدا پێدەکەنی بەڕووی ھەوادارنیدا، لە گۆرانییە خەماوییەکانیدا چاوەکانی دادەخست.
ھەمیشە وەک ھونەرمەندێکی بەئەزموون و ژنە ھونەرمەندێکی بەرگ کوردی، بۆنە نیشتمانی و جیاوازەکانی دەڕازاندەوە. بە زۆرینەی شێوەزارەکانی کوردی گۆرانی دەوت، وەک ھونەرمەندێکی نیشتمانی دەردەکەوت. ئەوەی مەرزیە جیادەکاتەوە لە ژنە ھونەرمەندەکانی تر ئەو لۆجیکیەیەتی کە ھەیبوو بۆ گۆرانی وتن، چونکە نەھات لە ھەستی ھونەرمەندانی پێشخۆیەوە دەست پێبکاتەوە، بەڵکوو لە سەردەمی خۆیەوە دەستی پێکرد و ھەمیشە گوزارشتی لە ھەستە ناوەکییەکانی خۆی دەکرد، ھەمیشە ھەوڵی دەدا ڕەنگێکی تر لە مۆسیقا و هونەری کوردیدا بەرھەم بھێنێت، ھەمیشە دەیویست ھونەری سەردەمیانەی مۆسیقا و ئاوازی کوردی
حوسێن مەولود ئەحمەد ناسراوە بە مەلا عەلی لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی بەردبردی قەزای ماوت سەر بە ناوچەی شارباژێڕ لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٥٨ بەهۆی چەوسانەوەی چینایەتی لە بەردبەردەوە دێنە کۆکە لە ناوچەی سورداش.لە ساڵی ١٩٦٢–١٩٩٣ پۆلەکانی سەرەتای لە سەرچنار و ماوەت و چەرمەگا تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٧١–١٩٧٢ پەیوەندی کردووە بە زەنجیری ڕۆشنبیری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بۆیە لە ساڵی ١٩٧٤ دەکرێت بە لێپرسراوی ڕێکخراوی تۆلەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە ساڵی ١٩٧٦ چووەتە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی ئەدەبیات بەشی کوردی، بۆیە کاتێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت ناچێتەوە بۆ زانکۆ خوێندن تەواو ناکات. لە ڕێکەوتی ٣٠ کانوونی دووەم ساڵی ١٩٧٩ بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتی زانی لە ناوچەی سوورداش لە گوندی کرژە لەلایەن بەعسییەکان پێیان دەزانێت دەستگیر دەکرێت. دوای دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانێکی زۆر لە زیندان و دەزگاکانی ڕژێمی بەعسیدا لە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩ لە دادگای ھەیئەی خاسەی کەرکووک (دەستەی تایبەتی کەرکووک) بە شێوەیەکی نمایشی لە چەند خولەکێکدا بەبێ ئەوەی پارێزەری ھەبێت دادگایی دەکرێ و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت. لەدوای دەرچونی فەرمانی لەسێدارەدانییەوە تا ڕۆژی جێبەجێکردنی حوکمەکەی کە تەنیا ٤٥ ڕۆژی خایاندووە لە شەوی ٢٢ لەسەر ٢٣ تەمووزی ١٩٧٩ لە زیندانی موسڵ لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری بەناوەکانی «ئەڵوەند عومەر حسێن» و «عەلی عالی حسێن» لە سێدارە دەدرێن.
«شیعر و ھەڵوێست» تاکە دیوانی شەھید مەلا عەلییە و ساڵی ٢٠١١ لەلایەن لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کوردەوە چاپ وبڵاوکراوەتەوە و ھەموو شیعرەکان لەو دیوانەوە وەرگیراون.
⚫ ئەوڕۆ ٣١ی پووشپەڕ هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی لەسێدارەدرانی مەلا عەلی، شاعیری کورد و گیانبازی نیشتمان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.
یاد و ناویان هەرمان
قەراری سەر لە ئێوارەت درۆ بوو
درۆ بوو قەولی دووبارەت، درۆ بوو
وتت فرمێسکی تازەت پێ دەڕێژم
بەڵێ؛ هۆکاری ئەو کارەت درۆ بوو!
پەنام هێنا بە ڕاز و ڕەمزی چاوت
پەنا بۆ گیانی ئاوارەت درۆ بوو
لە سەفحەی سەردی گووشیتا دڵم مرد
پەیامی گەرمی ئەمجارەت درۆ بوو
بە نانی خۆشەویستیمان بە ئەڵڵا
زمانی چەوری ئیشارەت، درۆ بوو
بە مەرگی خۆم، بە قەبری خۆشەویستی
بەڵێنی پێش لە سێدارەت، درۆ بوو...
#کەیوان_جامخانە
ـــــــــــ
سەری هەڵداوە تەنیایی لە ناخی هەر هەموومانا بە نەفرەت بێ وەکوو سێبەر هەمیشە دێ بەدوومانا چەنێ تاقەت پڕووکێنە بە پرسەش نەبنە میوانت ئەوانەی هان لە وێرانەی دڵی وێرانەبوومانا #کەیوان_جامخانە
لەگەڵ پیری موغان دوێنێ لە ڕێدا
بە سەد پەیمانە پەیمانم گرێدا
شکاندم جامی تۆبە و زوهد و تەقوا
عەسا و تەسبیح و بەرماڵم فرێدا
هەتا مردن کە دەرناچم لە بەندی
کەمەندی زوڵفی ئەو شۆخەم لە پێدا
نهێنیی جوانی ڕووی تۆم پشکنی بوو
لە دەرسی یێکەمینی ئەلفوبێدا
کە زانیم دێیە لام دەردم دەپرسێ
سەرم هێنا لەژێر پێت خستمە ڕێدا
لە دوو لا پەرچەمت ڕووی گرتە باوەش
منی تۆراند و سامانی بە کێ دا
لە عەونی گەر دەپرسی تەندروستی
ئەتۆ خۆش یەک نەفەس ماوە لە ڕێدا
#عەونی
گریان قەت نەشۆرا وێنەکەت هەرگیز لە چاومدا
دڵۆپێک کەم نەبوو یادت لە دڵ شووشەی شکاومدا
کە دیتم دولبەرم دڵگیرە لێم، پێم گوت کە بمبەخشە
گوتی: ئەبرۆ و موژەم بۆ کوشتنی تۆ تازە ساومدا
وەها چەسپا لە جەستەم خۆشەویستی تان تەماشاکە
نیگاری خۆت دەبینی چۆن لە ناو خوێنی ڕژاومدا
دڵە ڕەنجاوە کەم وەک هاتە لای تۆ بێ سەرو شوێنە
گوتی: لێرە لە ژێر پێم کەوتبوو ئیمڕۆکە قاومدا
هەڵەی دڵ بوو کە ڕەنجا دلبەرم فەرمووی بتڵێن وابێ
هەتا ماوە دەبێ بەندبێ لە چینی پرچی خاومدا
کە دوێنێ نامەکەم دا دەست سەبا بۆ کۆیی دڵدارم
بەیانم کردبوو دەدرم لەگەڵ ڕێز و سڵاومدا
لە کالای بەرهەمم چەند پارچەیێکم برد لە بازاڕا
بە پارە نەیکڕی کەس لێم بە بێ پووڵ و دراومدا
عەونی
عەونی ناوی تەواوی عوسمان کوڕی حەبیب عەبدوڵڵایە و یەکێکە لە شاعیرەکانی نەتەوەی کورد، لە ساڵی ١٩١٤ لە گەڕەکی بەفریقەندی شاری کۆیە لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٩٢ کۆچی دوایی کردووە.
عەونی شاعیر درەنگ چووەتە بەر خوێندن، لە ساڵی ١٩٢٧ دەستی بە خوێندن کردووە. تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە. لەو کاتەدا باوکی کۆچی دوایی کردووە لەبەر ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەی ناچار بووە قوتابخانە بەجێ بھێڵێ و خەریکی بەڕێوەبردنی دوکانی باوکی و خێزانەکەی بێ. سەرەڕای ئەمەش وازی لە خۆ پێگەیاندن نەھێناوە و ھاتوچۆی حوجرەی فەقێیانی کردووە و لە مزگەوتی حەتک لە لای مەلا محەممەدی مەلا برایمی عەوداڵانی ناسراو بە "دلاوەر"ی شاعیر ھەندێ دەرسی ئایینی وەک (العقائد) و (الشرع)ی خوێندووە لەگەڵ ڕێزمانی عەرەبیدا. دوای ئەمەش بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک زمانی فارسی لەلای مەلا ئەحمەدی ڕەش خوێندووە و بە چاکی فێری زمان و ئەدەبیاتی بووە.
دوای دەست ھەڵگرتنی لە خوێندنی مزگەوتیشی ھەندێ لە برادەرە دڵسۆزەکانی وەک (میرزا عەبدولکەریم) و (محەممەد حەوێز)ی ناسراو بە حەمەڕەش کتێبەکانی خوێندنی پۆلی شەشەمیان پێ تەواو کردووە. لە ڕێگەی خۆ پێگەیاندنیشەوە جگە لە زمانی کوردی کە زمانی خۆیەتی، بە چاکی فێری زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئەدەبیاتەکەیان بووە بەھۆی چەند مامۆستایەکی کورد پەروەر و ڕۆشنبیری وەک ساڵح قەفتان و عەلی ئاگا و و عەبدوڵڵا عەزیز و ڕەمزی ڕەحیمی ناودار بە (مامەند کەرکووکی) و خالید سەعید، توانیویەتی ھەست بە مانای کوردایەتی و گیانی نەتەوایەتی بکات چونکە ئەو کوردپەروەرە بەڕێزانە دەورێکی باڵایان ھەبووە لە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی نەتەوایەتی کورد لە ناو قوتابیانی شاریی کۆیە و ھەر شارێکی دیکەی کوردستان کە مامۆستاییان تێدا کردبێت.
ئەوڕۆ ٢٩ی پووشپەڕ هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کۆچیدوایی شاعیری کورد، مامۆستا عەونی.
یاد و ناویان هەرمان
لەم بەندەری غوربەتەوە ئەتانبینم:
لە نێرینەی زەریایەکی ترسا
لەگەڵ نێرە نەهەنگێکی شێتا
کە مێژووی لیخن کردووە و
ئێسکی خۆرەتاو ئەکرۆژێ و
جوانی ئەخوا..
ئەتانبینم: هێشتا لەسەر تەوقی سەری
وەکوو چاوتان، وشەتان پریشک ئەهاوێ و
دەنگتان گڤەی هەڵکردنی هەر پێ ماوە.
ئەتانبینم: چرای ستوونی قەڵەمتان وەک گەردنتان
گەش ئەسووتێ و
چارۆگەی هیوای سپیتان نەژاکاوە.
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
لەم بەندەرە لمینەوە
کە ڕووناکیی ئازارتانی تنۆک تنۆک هەڵمژیوە
ئەتانبینین: حووتی تۆفان بەدەم باداوەی زەردەوە
ئەتانبات و ئەتانهێنێ و
وەک لاشیپانی کەشتیتان
دەرگای لەشتان شەقەشەقی پێ ئەکەوێ و
بەڵام لوتکەی بەجریوەی گیانی شینتان
وەک باڵاتان ڕێک وەستاوە.
ئەتانبینین: لەناو ئابڵووقەی نێزەدا
سەرتان دم دمی تازەیە و
خانی لەپزێڕینی وشەیش
قوللەی خامەی ئەم زمانەی بەرنەداوە.
«سالم»ەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
هاوڕێیان!
تا ئەم تۆفانی نەهەنگە
کڕنووشی نیشتنەوە ئەبا بۆ زەمین و
هەتا تاریکی ئەوەرێ.
هەتا کەشتیەکانتان ئەیکەن بە جەژنی ئاو
هەتا بەندەرمان ئەیکەن بە جەژنی کەشتی
ئەبێ بانگی سەری ئێمە «نەء» و
سەوڵەکانی دەستی ئێوەیش «نەء» و «نەء»بێ
سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
هاوڕێیان!
ئالەم تاقە وشەیەدا
دواڕۆژ هەناسە ئەدات و
هەر لەم تاقە وشەیەشدا
خەون هەڵدێ!
بەڵێنە هەر ئەمشەو لەکەنار ئەو گۆمە
غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی
یەکتری ببینین:
وەک شادی کات کەمە و وەک کسپەیش پرسیار زۆر.
من ئەبێ ئەو «پرس»ە گرنگەم بیر نەچێت! هەر کە دیم
پێی بڵێم:
سەروەرم!
مەراقە.. لە دڵی زمانی کوردیدا.. مەراقە
لەبەرچی دارمێوی شیعری تۆ کۆچی کرد؟
بۆ ژانی بەیارت جێ هێشتین؟ !
بۆ بەسەر تینویەتیی ڕووباری گیانمدا
هەتا سەر دات نەکرد؟
- کوللە بوون تورکان و بەر خۆریان لێ گرتم. هەتاوم نسێی کرد
مەلێ بووم بێ تیشکی ئەو عەشقە ئەمردم. مەهێ بوو وڵاتی
بابانم. لەشەوی دەیجوری تورکاندا کە گیرا
کوشتیان و ئەیانویست بەخوێنی ئەو مانگە ئەز بیشۆم
چاوانم. چی بڵێم؟ نەشمویست لەنێوان، پاشاکان،
برالەی دوژمندا، بۆ عەجەم یان تورکان. من شیربم
یان قەڵغان!
- سەروەرم! دۆزەخی ئەستەمووڵ
هیچ لالە شیعرێکی تیا نەڕوا؟ !
دەریاچەی ئەو خەونە هیچ گەرا ئەستێرەی جێ نەهێشت؟
قەتارەی ئەو هەوری وشانە نەخرۆشان؟
گزنگیان دانەڕشت؟
بۆ جارێک، هەر جارێک، لەو ئاسکی شیعرانە
یەکێکیان ئەگەیشتنە لای ئێمە؟ !
- ئاخر چۆن بسووتێم.. ڕۆشن نیم؟
ئاخر چۆن هەڵوەرێم.. پایزی شیعر نیم؟
ئاخر چۆن شارەزوور.. هەورم بێت
سێڵاوی وشە نیم؟
ئاخر چۆن حەبیبە ئاسکم بێت
من دەشتی پاراوی خەیاڵ و بەستە نیم؟
کەم بووە شەوانە خەم نەزێ و
ئەستێرەی شیعرێکی لێ نەبێ!
کەم بووە ڕۆژانە من نەبم بە هەڵم و
دانەکەم بۆ شەوێ!
زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە. بۆ مژینی خەمی سپی
خۆشەویستیم ئەبێ بە هەنگ، ڕیشی بە باخ.
زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە، هێواش هێواش،
هەردوو کۆترە ساردەکانی دەستی ئەگرم،
هەر بەدەم گمەی شیعرەوە ئەیانخەمە
ناو سنگمەوە. بە گریان دایان ئەپۆشم.
هەوڵیش ئەدەم زەینی خۆم بکەم بە ماسی،
بۆ ئەو بەحرەی لەبەردەمما دانیشتووە.
هەوڵیش ئەدەم تەماشام بکەم بە بەران
بۆ ئەو کێوەی بەرامبەرم ڕاوەستاوە.
دواتر ئەدوێم. ئەبم بە چیمەنی قسە،
بە چوار دەورا ئەتەنمەوە. ئەوسا ئیتر
بەدرێژیی باسی شارو هەناسەکانی بۆ ئەکەم.
باسی سووڕانەوەی مێژووی خوێنی بە دەوری
کوردا بۆ ئەکەم. حیکایەتی بێ کۆتایی
«ڕیس و خوری»ی تفەنگەکانی بۆ ئەکەم.
باسی «تاقمی مومتاز»ی قوربانیەکانی بۆ ئەکەم.
شەڕی نێوان سەری خۆم و دەستی خۆمی
بۆ باس ئەکەم. ڕووناکیی بۆ ئەگێڕمەوە.
تاریکیی بۆ ئەگێڕمەوە.
ئینجا تۆزێ ئەچمە دواوە. ئەو ماچانە و
دیوانە تازەکەی خۆی و ئەو کوڵەباڵەی
بە دیاری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس
بۆی ناردبوو، ئەیان پێچم لە ڕێحانەی
بیارەوە و لەسەر ڕانی بۆی دائەنێم.
ماچەکان ئەخاتە سەرچاو. پڕ بە گیانی
ئاوارەیی بۆنی ڕێحانەکان ئەکات. هەر لەوێدا
کوڵەباڵیش لە بەر ئەکات. دیوانەکە ئەکاتەوە
دەستێک بە ڕیشیا ئەهێنێ. ڕووم تێ ئەکات و
پێم ئەڵێ «ئەم پیرەیشمان چیایەکە وەک
شنروێ.. واصلی کە عەبیری سەلامم
بەو و پێشی بڵێ لە دڵمایە وەک تانجەرۆ»
لەپاش تۆزێ هەڵئەسین و ئەیبەم، ئەچین،
بە گوڵزارەکەی مەسعووددا سوڕێک ئەخۆین.
چاوم لێیە لە هەندێ شوێن دائەنەوێ و
بۆنی گوڵەکانی ئەکات. ڕائەمێنێ، لە سەرتڵی
قسەکانی، شاگوڵێکیان ئەکاتەوە و ئەیخاتە بەر
پشتێنەکەی ئاوڕم لێ ئەداتەوە. پێئەکەنێت و
پێم ئەڵێ «ئەم باخەوانە تێم ئەگات!»
«شیعرێکی بڵاونەکراوەی نالی کە پار زستانێ هەورێکی
شیعر دۆستی قایمکار لە ئەستەمووڵەوە بۆی هێنابووم»
#شێرکۆ_بێکەس
#دەربەندی_پەپوولە
بۆچی هۆنراوە و پەخشانیی کوردی؟
ــــــــــــــــــ
ئەگەر ڕوانینی گەلانی خاوەن دەسەڵات بۆ هۆنراوە زانستییانە بێت، بۆ ئێمەی کورد وا نییه. زمانی ئێمە ئاخرین سەنگەری مان و دوا مەتەرێزی شوناسمانە. هۆنراوە، لە ئاخێزگەی زمانی ئێمەدا، ڕەسەنترین شەپۆلی زیندووبوونە و لە هێرش و هێزی ئەو شەپۆلەدا، گیانمان نوێ دەبێتەوە، بە هێوربوونەوە و نەمانی، خەوی مردن لە چاوماندا هێلانە دەکات و وشکەساڵی هۆنراوە مەرگەساتمانە. هەدادانمان واتە، لە خوڕەم داماڵینی زێ و وەستانی ژین. بۆیه مەحکوومین بە ڕانەوەستان و هەوڵی بێبڕانەوە تا ژیانەوە و زاوزێی وشەکان لە هۆنراوە و گۆرانیی کوردیدا و فراوانکردنی سێبەری بەرینی زمان لە زەویی بووندا.
لە کوێوە داربەڕووی لانەواز
ڕەگ ئەدا بە کۆڵیا و ئەگاتە ئەم ناوە؟
لەکوێیە پرشنگی دەربەدەر؟
لەکوێیە ڕووباری ئاوارە؟
ئەستەمبووڵ، لانکەیە بۆ هەتاو؟
ئیستگەیە بۆ خەونی غەریبان؟
یان تۆڕە بۆ مانگ و چەقۆیە بۆ ملی ئەستێران؟
ئەستەمبووڵ دەروازەی بارانە؟
یان شاری کوللەیە و شمشێری دەس سوڵتان؟
ئەستەمبووڵ سروەیە؟ ! ئارامە؟ ! هەتوانە؟ !
یان خوێیە بۆ زامی گەڕیدەی عاشقان؟ !
لەوێوە نالی دێ و شارەزوور لەگەڵ خۆی ئەهێنێ
لەوێوە قەقنەسی ئەو خەمە باڵ ئەگرێ و هەڵ ئەفڕێ و ئەسووتێ!
ئای عەشقی داروبەرد، وای عەشقی خاک و خۆڵ!
ڕۆژ نییە ئەو نەبێ بەمێرگی خەونێک و
وڵاتیش بە جوانووی غارکەری نواڵەی سەرسنگی!
ئای عەشقی ئاو و گڵ، وای عەشقی گژوگیا و لق و چڵ!
ڕۆژ نییە ئەو نەبێ بەکانیی یادێک و
وڵاتیش بە قاسپەی کازیوەی نێو دەنگی.
ئای عەشقی مەڵکەندی، وای عەشقی کانێسکان
شەو نییە ئەو نەبێ بە چیغی سەربانێ و
شارەکەی بە «مانگ»ی وەریوی هاوینی خەیاڵی.
بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان یەکتری ببینین
تا ئەودێت، تا ئەگات
من ژاڵەی تەماشام لە سیلەی
هەر دێڕە شیعرێکی غەریبدا ئەنێژم.
هێڵ بە هێڵ
هەناوم بە قەڵەم ئەکێڵم
ئازارم چووز ئەکەم لە تیشک و
سەریشم پڕ ئەکەم لە باران.
تا ئەو دێت، تا ئەگات
من چرای دیوارکۆی ملی خۆم
لە حوجرەی «تەکیە»دا هەڵ ئەکەم.
زرێبار ئەهێنمە ڕۆحمەوە و
بە ژێی ئاو کەناری تەنیاییم وەکوو تار لێ ئەدەم.
تا ئەو دێت، تا ئەگات
من ئەبم بە پەیکی شارەزا و بە –بادی خۆش مروور-
لەسووتووی هۆرەکەی هاواری شارەزوور
بە دیدەم مێژوویەک ئەشێلم، ئەیشێلم
تا ئەیکەم بە سەری بڕڕاوی «سالم» و
بۆی ئەبەم!
بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵیی پێک بگەین:
ئەزانم هەر کە هات وەک ئەسپی بوولەرە
ئاپوورەی پرسیاری چون پڕمە و سمکۆڵ و چەپۆکان ئەخرۆشێ.
چون ژانی خەزان و هەڵوەدای زریانی بێداڵدە و بێپەنا
هەناسەی ئەو سینە شەقارە لە مەنفام ئەورووژێ
ئەزانم هەر کە هات
ئەو ئەبێ بە حیلەی سۆراخ و
بڵێسەی ئەداتە چوار ناڵە و
تەپوتۆز لە دەشتی ئەم سیما خۆڵینەم هەڵئەسێ
ئەپرسێ و ئەپرسێ.. ئەپرسێ
ئەمجارە، ئەو بەردی کۆڵانی یادێک و
ئەو داری نێو خەونی باخێکی وڵاتی گوڵ عومەر
نامێنێ هەواڵی نەپرسێ
ئەمجارە ئەو باڵای قەسیدەی نیشانەی پرسیارە و
لەو پەڕی هەر بستە سۆزێکی هەواڵدا
چاو لە ڕێ دایئەنێ!
ئەمجارە سالمی ناو زوڵمەت
یەک گەمیەی چارۆگە سووتاوی شەو نییە.
ئەمجارە «سالم»ی هاوڕێی جێنیشتەی دۆزەخ و
هۆنراوەی داپڵۆخاو، زوخاڵە وشەی شار،
قەڵەمی باڵکراو، ڕێچکەن و کاروانی دووکەڵ و
سێبەری پەرت پەرتی وەیشوومەن.
ئەمجارە –نارەوەن- بەتەنیا
پەنجەرەی حوجرەکەی خانەقا بۆی ناگری
ئەمجارە هەر پردی سەرشەقام
بڕبڕەی پشتێکی شکاوی گۆرانیی شار نییە.
بە تەنیا «کانی با» ئاخێکی گرمۆڵە و
سەرچنار مراویی خنکاو و
بە تەنیا حەبیبەیش یار نییە.
کە گەیشت پێی ئەڵێم: سەروەرم!
سەرکردەی لەشکری خەم و داخ!
مەترسە لە دوای تۆیش سوپاکەی خەمانمان
بەهێزە و سەرکەوتوو،
لەدوای تۆیش نەشکاوین، بۆ بشکێین؟ !
کە شادی ئەوندە لاواز بێ و ترسنۆک
بۆ بشکێین؟ !
کە خۆشی هێندە زوو
لەبەردەم هێرشی کۆستماندا ببەزێ!
***
من دەمێک بوو، وێنەکێشی خولیای سۆفیم، بەرامبەری ئەو ئاسۆیە
ڕاوەستابوو. من دەمێک بوو جووڵەی پەنجەم
بووبوون بە هێڵی باڵای ئەو. تروکەی چاو:
بە نوختەی سەر تەوێڵی ئەو، هەناسەکانم:
بۆشایی و ئازارەکانم ڕووناکی و شەوقم سێبەر.
من ئیستاکە وشەم لەناو دەفری شیعرا ئەگرمەوە،
خەون و سروشت و ڕەنگ و دەنگ تێکەڵ ئەکەم.
وێنەی نالی وا ئەکێشم:
سیمایەکی بەزەڕکەفتی ئەشکەنجە و داخ درەوشاوە
یان گردە تەمێکی تێکەڵ بە زەردەپەڕی ئێواران.
دوو چاوی ڕوون: لە بنیاندا چەوی خەیاڵ تروسکەی دێ؛
دوو گۆی ورشەدارن لەناو دوو کالانەی قووڵ و ماتدا
بزاڤیان تیژ و بێئۆقرە..
بە سەریانەوە دوو برۆی تەنک، پەیوەست
بەردە نوێژی تەوێڵێکیان هەڵگرتووە
کە باران و گوڵ و شیعر
نوێژی لەسەر دائەبەستن.
دوو ڕوومەتی پڕ لە دێراو
بە «جووت»ی ساڵ ڕێ ڕێ بوون و
کەوتوونە بەر چڕیی سێبەر.
کەپوویەکی بەقۆرت، تووڕە.
دەم و لێوێک وەک هەمیشە ئامادە بێ
ماچی خۆشەویستی بکات.
ڕەنگی قژی: تاریک وڕوون.
دەست و پەنجەی بچووک بچووک منداڵانە.
دەنگی: هێور.. وەختێ ئەدوێ
دەستیش ئەبن بە جۆلانە و بە پاڵەکانی ئاخاوتن
دێن و ئەچن.
کە شیعر ئەخوێنێتەوە، لە گەڵیا ئەچەمێتەوە
وەکوو سوجدە بۆ زمانی کوردیی بەرێ وایە.
پالیک و ڕیشی تێکەڵاو
سنووریان زەردیی دووکەڵە.
دەمارەکانی پشتی دەست
وەک جۆگەلەی باریک و شینی سەر نەخشەن.
لە زۆر کەس باڵای کورتترە.
#شێرکۆ_بێکەس
#دەربەندی_پەپوولە
پاییزی ڕوو زەرد، پاییزی غەمگین
دیسان ژیانی باخی کرد بە شین
بەرگی بەسامی ماتەمی پۆشی
لە خوێنی گوڵی گوێ چەمی نۆشی
پۆپەی نەرمی تەڕ شکایە ناو ئاو
وەری، تاڵ تاڵی گوڵی زەرد و خاو
پەڕەی لالەی ناشت لە توێ توێی خاکا
لەگەڵ برووسکە و ناڵەی ناپاکا
پەڵەی هەوری ڕەش ئاسمانی پڕ کرد
ئەو خونچە جوانەی دوێنێ تەڕ بوو، مرد!
ملوانکەی شەونم لە ملی گوڵا
بە بای ڕەنگ زەردی پەشێوی پچڕا
گوڵی زەرد و سوور کەوتە لیتەوە
پاییز ئەڵێ: – دەک هەڵنەسیتەوە –
هوزار، خزایە ناو هێلانەی خەم
خڵتانی خوێنە، بەری چاوی تەم
ئەی بەهار، ئەی گوڵ، ئەی لالەی نازدار
ئەی چڵی نەرم، ئەی مەل و هوزار
خەم مەخۆن گەرچی ئەمڕۆ ماتەمە
پاییزی زەردە، جەخارە، خەمە
ئەگەرچی ڕەنگی بەهار پژاوە
کاسەی شەونمی شیرین ڕژاوە
بەڵام سبەینێ بەهار دێتەوە
ئەو تۆوەی ڕژا هەڵئەسێتەوە
ئەو چڵەی شکا دێتە شنەشن
گژوگیا و گوڵزار ئەڕوێ تا گەردن
خۆرەتاوی زێڕ لەسەر گوڵی جوان
بریسکەی ئەدا لە سنگی ئاسمان
ئەی پاییز، بەسە هەڕەشە و ناڵە
ئەم ژینەی ئەمڕۆ وا ترش و تاڵە!
ناگاتە ئەوەی مردن بخوازین
بە هیوای «گەش و ئاڵمان» ئەنازین
باخی ژین زۆری دیوە لەم چەشنە
بەڵام هەر شادی هاتۆتە شنە
من لەناو دڵما هەر لالەزارە
هەمیشە بەهار ڕۆژی بەهارە
ئاسۆی دڵ گەشە، ڕووناکە، جوانە
پڕ لە ئاهەنگی خۆشی ژیانە!
#کامەران_موکری
#کتێبی#دیاری
بەڵێنە هەر ئەمشەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
من و مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایڵی پێک بگەین:
پێک بگەین وەکوو دوو پەپوولە
پایزەی گیرساوەی سەر دڕکێ!
وەکوو دوو بریسکەی کشانی ئەستێرەی ناو خەونێ.
وەکوو دوو زەمانی ئاوێتەی یەک کۆچ و ڕەوەندێ.
وەکوو دوو قەسیدەی گریاوی یەک دیدە.
وەکوو دوو باڵندەی غەریبی ئاسمانێ.
بەڵام من ئەزانم ئەو زێیەی
لە گیانی بێ ئۆقرەی شیعرمدا بۆی ئەبەم
هەناسەی سوورترە،
زریکەی بەخوڕتر،
فرمێسکی درێژترە،
لە شیوەسوورەکەی سنگی ئەو.
بەڵام من ئەزانم ئەو بێشەی ژوارەی
کە ئەیدەم بە کۆڵی سەیوانما و بۆی ئەبەم
هەنسکی چڕترە
سێبەری وەیشوومەی کڕتر و
قوڵپەکەی بەربینی درەختی پڕترە
لە سارای خاک و خۆڵ.
بەڵام بۆ شیعری جوان، زرنگەی پاوانە
قەسیدەی شۆخ و شەنگ
بۆ کانە پرشنگی هزری ورد، بارانی خەیاڵ و
بریقەی هەستی تەڕ
پێی ئەڵێم:
بێگومان.. سەروەرم! .. بێگومان
وشەی تۆ قووڵترە
حەرفی تۆ گەشترە
دەنگی تۆ پڕترە.. بێ دەعوام، پەتکیش نیم! .
پێی ئەڵێم:
گەورەی من!
پێم ناڵێی ئەو هەودای گزنگی چاوانەت
چۆن ئەکەیت بە دەرزیی حەرفەوە
بۆ ئەوەی خەم بدروویت
بەباڵای حەبیبە و عیشقەوە؟ !
پێی ئەڵێم:
بە گەڵا تەقەڵی پایزان
چۆن هەور دائەدرووی
بە شانی غوربەتدا و چۆن فرمێسک ئەڕوێنی و
هەواری بروسکەت چۆن خستە سەرتەوە؟ !
پێم ناڵێی، سەروەرم! ئەو سڕڕەم پێ ناڵێی
ئەسپی «با»ی زمانت چۆن ڕام کرد؟
لە کوێوە چوویتە ناو دڵۆپی باران و
چۆن توانیت بە تیشکا هەڵگەڕێی؟ !
چۆن توانیت؟
سەرچنار، بەکرەجۆ، خاک و خۆڵ،
خانەقا، هەر هەمووی لە زامی هیجرانت
بار کەیت و ئەو زامەیش
بخەیتە خوێناوی تانجەرۆی دڵتەوە؟
چۆن توانیت بە جومگە و بڕبڕەی شیعرێکی لانەواز
پردەکەی سەرشەقام دروست کەیت؟
چۆن توانیت دەروونت بەدەمی هیلالی لاوازت
هەڵکەنی و دارەکەی پیرمەسوور لە ناویا بنێژیت؟ !
پێی ئەڵێم: گەورەی من!
چۆن توانیت بە تاڵە زوڵفێکی حەبیبە
گردۆڵکەی ژانی خۆت لە قەدی شەوانی تەنیایی
شەتەک دەیت؟
چۆن توانیت بێ سەوڵی دوودەستی نیشتمان
بە گەمیەی نێو مەوجی گەرداوی غەریبی
ئەم ڕێگای نەهاتە وا تەی کەی؟ !
پێی ئەڵێم: سەروەرم! من وەکوو بزانم
ئەو خاکەی کە ژانت تیا پشکووت
بەرکاوی تینویەتی عەشقێکی بەپیت بوو
من وەکوو بزانم
تۆ شەوت بۆ گریەی چاوانت قۆرغ کرد.
سووتایت و ئەوساکە کازیوەت
گوڵ شیعری خۆری گرت!
هەر ئەم شەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
یەکتری ئەبینین
جڤینی غەریبان ئەم شەوە
سووتانی غەریبان ئەم شەوە
ئەو وەختەی ئەگاتە بەردەمم
ئەو ئاوە و من داربی و کڕنووشی بۆ ئەبەم.
ئەیبینم: چڵێکی دارەکەی پیرمەسوور
گۆچانی دەسێتی.
ئەیبینم: ڕێ ئەکا و دوو سێ پۆل چۆلەکەی «کانی با»
بەدەوری دەغڵەکەی ئەو سەروڕیشەدا خول ئەخۆن.
ئەیبینم دووراو دوور ئەیبینم!
پەڵەیەک گوڵجاری گوندەکەی ماڵیاوا
سەرپێچی سەرێتی.
ئەیبینم: ئەڕوات و تانجەرۆ ئەم قاچی و
شیوەسوور قاچەکەی ترێتی.
شانومل دەوەنی لای «تەکیە»ن؟ !
یان مۆم و ژێرپیاڵەی حوجرەکەی
مزگەوتی سەی حەسەن؟
ئەو پەنجەی دەستانە پەلکە گیای
لەرزیوی گوێ زەڵمن؟ !
یان هەنگی نێو شانەی قەسیدەن؟ !
ئەوەندەم پێ ئەکرێ هەر کە هات
تریفەی بۆ بکەم بە فەرش و
لەبەر پێی سیروانیا ڕای بخەم.
ئەوەندەم پێ ئەکرێ
لە دوودی هەناسەی درەختی عەلەم دار
وەک لاکێش
پارچەیەک لە دووکەڵ ببڕم و ئەستێرەی
ئەم دڵەی پێوە کەم بۆ ئەوەی بۆی بکەم
بە ئاڵای پێشوازیی ورشەدار.
پێش ئەوەی ئەو بگات من دێنم
لە هیلال، کەژاوە و لە گریان، ئەسپێکی حیلەدار
زین ئەکەم؛ سووتانم سوار ئەکەم
تا بە غار خۆی بکات
بە گەلیی ئەو کۆچی بەفرەدا و
دووراو دوور بڕوانم، پێش ئەوەی ئەو بگات
بزانم چۆن ئەبم بە هەڵم و
چۆن ئەبم بە قەترەی ئارەقی
سەرگۆنەی شیعرێکی دوور وڵات.
هەر کە هات پێی ئەڵێم: سەروەرم! بۆ پرسیت؟
«زارم وەکوو هیلال و نەحیفم وەکوو خەیاڵ
ئایا بەزاردا دێمەوە و بە دڵدا دەکەم عوبوور؟ !»
پێی ئەڵێم:
قوربان خۆت دارشاتووی وشەیت و
خۆت باڵی دەنووکی گۆرانی و
یەکەمین جۆلانەی «هیلال»ی هەڵبەستی
هەر خۆیشت شمشاڵی لالێوی کەژان و
هەر خۆیشت ئاوێنەی «با»ی سەوزی پێدەشتی.
پێی ئەڵێم:
گەورەم! تۆ
لەدوای خۆت بۆ ئێمە
میراتی خەمێکت بەجێ هێشت
بەردەوام بە هاژە و کەف چڕین، وەک زەڵم و
کەڵەگەت، وەک هێرۆی قژ سووری
گوێ زامی تانجەرۆ!
بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی
یەکتری ببینین!
هەر ئەم شەو، من، نالی، حەزرەتی غەریبان ئەبینم.
ئەو، شەوە لە گزنگ موتوربە کراوە ئەبینم.
ئەو، کێوە کۆچەرە ئەبینم.
ئەو، بەفرە فەرەنجی لەبەرە ئەبینم.
هاوینە و لە ماڵی پایزدا جڤینی غەریبانە ئەم شەوە.
#شێرکۆ_بێکەس
#دەربەندی_پەپوولە
