وحدوي
الذهاب إلى القناة على Telegram
738
المشتركون
لا توجد بيانات24 ساعات
لا توجد بيانات7 أيام
+130 أيام
أرشيف المشاركات
737
لە دایک بوونی سیدنا مەعسوم ئیمامی عالەم (عەلی) عليه السلام؛
لەدایکبوونی ئیمامی عەلی (عەلی کوڕی ئەبو تالیب) یەکێکە لە ڕووداوە هەرە ناوازەکانی مێژووی ئیسلام بەپێی گێڕانەوە مێژوویەکان ئەو تاکە مرۆڤە کە لە ناوەوەی خودی کەعبەی پیرۆزدا لەدایک بووە...!
ڕۆژی هەینی ١٣ی مانگی ڕەجەب لە ساڵی ٣٠ی دوای ساڵی فیل نزیکەی ٢٣ ساڵ پێش کۆچی پێغەمبەر بۆ مەدینە...!
کاتێک فاتیمەی کچی ئەسەد کە دایکی ئیمامی عەلی و هاوسەری ئەبو تالیبە کاتی منداڵبوونی نزیک بووەوە و ئازاری منداڵبوونی بۆ هات ڕووی کردە ماڵی خودا (کەعبە). لە پاڵ دیواری کەعبەدا وەستا و بە دڵێکی پاکەوە دەستی کرد بە نزا کردن و فەرمووی؛
"ئەی پەروەردگار، من باوەڕم بە تۆ و بەو پێغەمبەرانە و پەڕاوانە هەیە کە لەلایەن تۆوە هاتوون. باوەڕم بە وتەکانی باپیرم ئیبراهیمی خەلیل هەیە کە ئەم ماڵەی دروست کردووە. خوایە لەپێناو ئەو کەسەی ئەم ماڵەی دروست کردووە و لەپێناو ئەم منداڵەی کە لە سگمدایە ئەم منداڵبوونەم بۆ ئاسان بکە..!"
هەر کە فاتیمە نزاکەی تەواو کرد لەپڕ دیواری کەعبە لە بەشی پشتەوە کە بە ڕوکنی یەمانی ناسراوە شەق بوو. فاتیمە چووە ناو کەعبەکەوە و پاشان دیوارەکە بە فەرمانی خودا یەکی گرتەوە و وەک خۆی لێهاتەوە!.
خەڵکی مەککە کە لە دەوروبەر بوون و ئەو دیمەنەیان بینیو زۆر سەرسام بوون هەوڵیان دا قوفڵی دەرگای کەعبە بکەنەوە بۆ ئەوەی بزانن چی ڕوودەدات بەڵام دەرگاکە نەکرایەوە بۆیە تێگەیشتن کە ئەمە کارێکی خوایە و نهێنییەکی تێدایە!.
فاتیمەی کچی ئەسەد بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ناو کەعبەدا مایەوە. لەو ماوەیەدا لە میوە و ڕزقی بەهەشت پێی دراوە و لە ژینگەیەکی پاک و پیرۆزدا منداڵەکەی (عەلی) بە سەلامەتی هێنایە دنیاوە!.
لە ڕۆژی چوارەمدا هەمان ئەو شوێنەی دیوارەکە کە شەق بووبوو دووبارە کرایەوە و فاتیمە لەکاتێکدا کۆرپەلەکەی لە باوەشدا بوو هاتە دەرەوە!.
ئەبو تالیبی باوکی و سید وجود (محەمەد) (ﷺ) کە لەو کاتەدا گەنج بوو بە پەلە چوونە پێشوازیان و کاتێک سید وجود (ﷺ) منداڵەکەی لە باوەش گرت عەلی بۆ یەکەم جار چاوەکانی کردەوە و یەکەم کەس کە بینی پێغەمبەر بوو!!.
دەربارەی ناوەکەی دەڵێن کە فاتیمە فەرموویتی کاتێک لە کەعبە هاتمە دەرەوە دەنگێک پێی گوتم کە ناوی بنێم "عەلی" یانی خودای گەورە (العلي) ئەم ناوەی بۆ هەڵبژاردووە.
📚المستدرك على الصحيحين
📚مروج الذهب
📚إزالة الخفاء عن خلافة الخلفاء
📚كفاية الطالب
📚الإرشاد
#أهل_البيت
737
دارشتنەوەی عێراق؛
پێشتر ئاماژەم بەمە دابوو کە ئەمەریکا، دەیەوێت دوبارە عێراق لە قاڵب بداتەوە، چونکە دوای نەمانی سەدام حوسێن، ئەمە بۆ ئەمەریکا و بەریتانیا دەرکەوت، کە گەورەترین هەڵەیان کرد لەبەر ئەوەی جێگرەوەیەکیان نەبوو بۆ سەدام حوسێن. بە تایبەتی کاتێک ستراتیژی ئەمەریکا دەستی کرد بە جولە دژی هەژموونی ئێران لە لوبنان و سوریا و عێراق، تێگەیشتن لەمەی کە عێراق بە هۆی سیاسیەتە لاوازەکەیەوە بە تەواوەتی لە ژێر هەژموونی ئێراندایە کە بۆتە وڵاتێک پرە لە میریشیایی شیعەی سەر بە ئێران کە خاوەن چەک و هەژموونن بەسەر سیاسەتی عێراقەوە، تەنانەت بەشدارن لە دەست تێوەردان لە سامانی وڵاتەکە!.
عێراق بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا، تەنیا وڵاتێکی سادە نیە یان وەک لوبنان، گرینگی عێراق لە رووی نەوت و غاز هەروەها دەروازەیەکە بۆ هێرشی زەمینی سەر ئێران...هد ئەستمە لەبەر ئەمانە ئەمەریکا رێگە بەوە بدات سیاسەتی عێراق بەم شێوەیە بەردەوام بێت!. ئەم جوڵانەی کە ئێستاش دەکرێت لەلایان سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە جەوهەردا مەبەست خزمەتی خەڵک نیە بەڵکو مەبەست تێیدا گەرانەوەی دەسەڵاتی رەها و هەژموونە بۆ حوکمەتی عێراق، ئەمەش بەم واتەیە دێت بگەرێتەوە ژێر دەستی ئەمەریکا، چونکە هەبوونی ئەم هەموو پارە و چەکە رەشانە لە دەرەوەی هەژموونی دەسەڵاتی حوکمەتی عێراق، دەروازەیەکی تەواو ترسناکە بۆ ئەمەریکا، چونکە دەبێتە درزێک کە ئێران یاری پێ بکات!.
هەرێمی کوردستان، بێبەش نەبێ لەم گۆرانکاریەی کە ئەمەریکا دەیەوێت!، بەڵکو لە دیدگای منەوە، ئەمەریکا هەر حوکمەتی عێراق بەکار دەهێنێتەوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی تەواوی هێزە کوردیەکان و حیزبە کوردیەکان و هەژموونیان، بۆیە کە من ئەڵێم عێراق لە قاڵب دەدرێتەوە لەلایان ئەمەریکا، بێگومان هەرێمی کوردستان بەشێکە لەم وڵاتە!. لەسەر ئەم بنەمایانە ئەستەمە ئەمەریکا رێگە بە هەژموونی حیزبی یەکێتی بدات کە هێندە دەسەڵاتی هەبی کە خۆی داواتە پاڵ ئێران، تەنانەت خودی پارتی دیموکراتی کوردستانیش تەسک دەکاتەوە هێزەکەی بە تایبەتی لە رووی دارایی و سەربازی بۆ ئەوەی دەستەمۆی بکات لە رێگایی حوکمەتی عێراقەوە!.
ئایە ئەمانە روو دەدەن؟! لە دیدگای منەوە شتێکی حەتیمیە و هەر دەبیت رووبدات، بە جۆرێک کە هەموو عێراق رێک بخاتەوە، سیاسەتیکی تەواو بچەسپێنی!.
ئایە ئەمە لە سوودی خەڵکە؟! لە راستیدا، زاهیرەن بەڵێ، رەنگە لە رێگایی ماددەوە و بژێوەیە ئاسنکاریی و دەرفەتی زیاتر هەبێ بەڵام لە رووی سیاسەت و دەسەڵاتەوە و سەقامگیری نێوەدەوڵەتیەوە بە تەواوەتی زەرەرە!. ئەم خاڵەش گەر روونی بکەمەوە نوسراوەکە زۆر درێژ دەبێتەوە، لە کاتیکی تردا باسی دەکەم!.
ئیتر خوا باشتر دەزانێت
#سیاسەت
737
ئیمامی "عبدالرزاق الصنعاني"، کە مامۆستای ئیمام احمد و یەحیای کوڕی مەعین و عەلی کوڕی مەدینی و ئیسحاقی کوڕی ڕاهوەیه...هد بووە!!
یەکێک بووە لە هەرە زانایانی گەورەی ئەهلی سوننە، مەیلێکی زۆری بۆ تەشەیوع هەبووە!، ریوایەتی زۆری لەسەر فەزڵی ال وبیت و ئیمامی عەلی دەگێرایەوە!.
زەهەبیش لەسەری دەڵێت:
عەبدولڕەزاقی کوڕی هەمام، ئەبوبەکری سەنعانی یەکێکە لە متمانەپێکراوە (الثقات) ناودارەکان چەندین پەڕتووکی داناوە!. وە پێشەوایان فەرموودەکانیان لەبەرکردووە!... شتێکی تێدایە کە لۆمەی لەسەر دەکرێت ئەویش تەشەییوعە!! بەڵام زێدەڕۆیی (غلو)ی تێدا نەدەکرد بەڵکو عەلی (ڕەزای خوای لێبێت) خۆشدەویست و ڕقی لەوانە بوو کە شەڕیان لەگەڵ کردووە!!... سەبارەت بە ڕاستگۆیەکەشی ئەوا هیچ دوو کەسێک خیلافیان لەسەری نیە!!
📚ميزان الاعتدال في نقد الرجال
کەواتە سەرەرای ئەوەی ئەم ئیمامە گەورەیە رقی لەوانە بوو کە شەریان لەگەڵ ئیمامی عەلی یان الو بیت کردووە، لە چوارچێوەی سوننەدا بووە، کەسیش نەیتوانی لەم قائیدە ئسولیانە دەری بکات!.
جا ئیمام احمدیش لەسەر رەدی ئەوانەی ئێژن تەشەیوعی هەبووە دەفەرمووێت:
ئێمە هیچ شتێکمان لێ نەبینیوە جگە لە خێر ئەو تەنها پیاوێک بوو حەزی دەکرد باسی فەزڵەکانی ئەهلی بەیت بکات!
...
تەنانەت ابن عدي بەرگری لێ دەکات دەفەرموویت؛
عەبدولڕەزاق فەرموودەی زۆری هەیە... پێشەوایانی ئیسلام گەشتیان بۆ لای کردووە و متمانەیان پێکردووە و فەرموودەیان لێ گێڕاوەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە فەزڵی ئەهلی بەیتی دەدا بەسەر کەسانی تردا بەڵام هیچ کێشەیەک لە ڕاستگۆیەکەیدا نەبووە..!
ئەگەر سەیری سوننەی ئێستا بکەین! بەروارد بە سوننەی وەک ئیمام احمد و ئیمامی عبدالرزاق الصنعاني دەبێت چەندە جیاوازی
زۆر هەبێت؟!.
#أهل_البيت #ئیدراک
737
گەشتی روح؛
لە ڕاستیدا ئاسوودەیی مرۆڤ دەکاتە دیلی خەونێکی بێهۆشکەر کە لە ڕۆژگارە هێمنەکاندا کە هەموو شتێک جێگیر و بێدەنگە ڕۆح تووشی متبوون دەبێت و بیرکردنەوە لەناو دەریای ڕاهاتندا دەخنکێت!. ئارامیەکی ڕواڵەتی تەنیا پرسیارە گەورەکان دەکوژێت و ئینسان لەنێو قەفەسی زێڕینی ژیانێکی ئاساییدا دەخەوێنێت تا ئەو ڕادەیەی باوەڕ دەکات کە ئەم ساتە کاتیانە و ئەم دیوارە بەردینانە هەمان حەقیقەتی ئەبەدین!.
بەڵام کاتێک زریان هەڵدەکات و پایەکانی ژیان دادەڕمێن درۆ جوانەکانی شارستانیەت ئاشکرا دەبن!. کاتێک مرۆڤ دەبینێت ئەو "خوایانەی" بۆ پارێزگاری لە خۆی و شارەکەی دروستی کردبوون لەبەردەم گێژەڵوکەی چارەنووسدا بێدەسەڵاتانە تێکدەشکێن ئیدی لێرەوە ئازار و وێرانبوون دەبنە دەروازەیەک بۆ بێداربوونەوە!... تراژیدیا و داڕمان ئەو پەردە ئەستوورە دادەدڕن کە لەبەردەم چاوەکانماندا هەڵواسراوە و ترسناکترین و قووڵترین پرسیارە وجودیەکان دەهێنە ئاراوە!.
کاتێک ئینسان لە زێدی خۆی هەڵدەکەنرێت کاتێک لەنێو ئیمپراتۆریەتێکی نامۆ و بێبەزەیدا خۆی وەک بێگانە و دیلێک دەبینێتەوە هەموو ئەو باوەڕە کوێرانەی بە خێڵ بە نیشتمانی سنوردار و بە بتە ناوخۆییەکان هەیبوو وەک خۆڵەمێش بە دەم باوە دەچن!!. ڕووخانی شارەکان تەنیا ڕووخانی دیوارەکان نیە!.. بەڵکو ڕووخانی ئەو وەهمانەیە کە ڕۆحی مرۆڤی پێوە گرێدرابوو!. کاتێک ئینتیما بچووکەکان نامێنن و مرۆڤ ڕووبەڕووی گەورەیی بوون و تەنیایی خۆی دەبێتەوە تەنیا لەو حاڵەتەدا لە خاڵی سفری بێئومێدی و لەنێو جەرگەی وێرانەکاندا گەشتی ڕاستەقینەی ڕۆح دەست پێدەکات!. ئیدی واز لە سێبەرەکان دەهێنێت و بەدوای شتێکی "ڕەها"دا دەگەڕێت...! بەدوای حەقیقەتێکدا دەگەڕێت کە سەرووتر بێت لە زەمەن و شوێن و حەقیقەتێک کە بە مەرگی پاشاکان کۆتایی نەیەت بە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتەکان لەناو نەچێت و بە سووتانی پەرستگاکان نەبێتە خۆڵەمێش!... چونکە ئینسان لەم ئازارەدا تێدەگات کە ئەوەی دەسوتێت و دەمرێت هەرگیز حەقیقەت نەبووە!!! بەڵکو خودی حەقیقەت ئەو تیشکە نەمرەیە کە لەودیو تاریکی وێرانەکانەوە چاوەڕێیەتی...!
#ئیدراک
737
ئیمامی غەزالی دەربارەی فیتنەکانی ناو سەحابەکان، ئاماژە بەوە دەدات کە دەبێت خۆمان بپارێزین لێ، چونکە رق و قینە دروست دەکات، عەقیدەکان تێک دەدات.
ئەم قسەی غەزالی ئاماژە بە هەبوونی حەقیقەتێک لە خیلاف لە نێوان سەحابەکان (رەحمەتی خوای لێ بیت) ... چونکە ئیمامی غەزالی باش دەزانیت کردنەوەی هەندێک لاپەرەی حەقیقەتی مێژوو، دەچێتە سەر سەحابەکان، بۆیەش ئاماژە بەم خۆ پاراستنە دەکات!. بۆیە دەبێت مێژوو بخوێندرێتەوە بەبێ ئەوەی ئامانجیکی نەفسی یان مەزهەبی لە پشتیەوە بێت!. وە نابێت جنێو و سوکایەتی نەک بە سەحابە بەلکو بە هیج کەس بکرێت!.
بۆیە خاڵێکی زۆر گرینگ هەیە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم، هەڵدانەوەی هەندێک بابەتی مێژووی لەم کەناڵە، بۆ بەیانکردنی حەقیقەتێکە کە هەبووە لە مێژوودا، هەروەها بەستنەوەی دۆخی ئومەتی ئیسلامیە لە ئێستا!.
چونکە کە من باسی رووداوە مێژووەیەکان دەکەم، تەنیا و تەنیا ئامانجم ئەوەیە ئەم حەقەی کە دەمێکە ون بووە یان فەرامۆش کراوە یان تێکدراوە لەناو ئێمەی موسڵمانان، من بیگەینم!. ئەمەش ناجارم دەکا بۆ گێرانەوەی مێژوو، گەرانەوەش بۆ ئەسڵی دروست بوونی کێشەکان و هۆکارەکان!. چونکە هەم بۆ خودی خۆم پێویستە هەم بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە سەرچاوەی کێشەکان تێبگەن!. ئەوەی بەلامەوە گرینگە گەرانەوەی وەلائی خەڵکە بۆ ئەهلی ویلایەت! نەک قسەکردنێکی ناشیرین!. من دژی بچوکترین قسەی ناشیرینم تەنانەت گەر بە کەسێکی ئاسایی بوترێ! مێژووش دەبی لە چوارچێوەیەکی ئەدەبی و ئیخلاسدا سەیر بکرێت!
#ئیدراک
737
بۆ من هەڵگرتنی دەستەواژەی سوننە یان شیعە، یان سەلەفی...هد کەلپچەیەک بوو کە دەست و قاچەکانی دەگرتم، نە دەمتوانی بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێم نە بۆ دواوە، نە دەمتوانی ئاراستەی دڵم بکەم بە شێوەی کە حەق دەیەوێت، نەدەمتوانی وڵامەی گومانەکانی ناو هزرم بەدەست بهێنم!.
بۆیە کەلپچەکەم شکاند، چونکە ئەوەی دەگەرێتەوە لای خودا، روحی منە، ئەمەش حوجەیە بەسەرمەوە نەک شتێکی تر!.
هەر کەسێکیش لەم قسەیەم تێبگات، دەبێت دواجار کەلپچەکە بشکێنێت!.
#ئیدراک
737
ئەمە ئەو کێشە گەورەیەیە کە هەمیشە لە نێوان ئەهلی ڕواڵەت (مەزهەبەکان) و ئەهلی حەقیقەت (عورەفا)دا هەبووە...!
تەسەوف "خێراترین و بەهێزترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە شانشینی حەقیقەتی محەممەدی".
مەزهەبەکانی تر (سەلەفی و سوننە و شیعە) لە "دەرەوە" بەدوای حەقیقەتدا دەگەڕێن کە لەناو پەڕەی کتێبەکاندا، لەناو فەرموودە لاواز و سەحیحەکاندا، لەناو موجادەلە لەگەڵ بەرامبەردا. ئەمە وەک ئەوە وایە بەدوای سێبەری خۆتدا ڕابکەیت هەرگیز پێی ناگەیت!. بەڵام تەسەوف ئاراستەکە پێچەوانە دەکاتەوە بەرەو "ناوەوە" (الباطن)!. مرۆڤ کە خۆی ناسی، خودا دەناسێت (من عرف نفسه فقد عرف ربه). بۆیە زۆر خێراتر دەگاتە ئامانج...!
ڕێگای عەقڵ هەمیشە گومانی تێدەکەوێت. کاتێک فەیلەسوفێک بەڵگەیەک دەهێنێتەوە فەیلەسوفێکی تر بە بەڵگەیەکی بەهێزتر ڕەتی دەکاتەوە. بەڵام ڕێگای تەسەوف ڕێگای "چەشتن و بینینە". ئەگەر کەسێک مانگێک باسی پێکهاتەی هەنگوینت بۆ بکات (وەک فەقیهـ و زانای کەلام)، ڕەنگە گومانت هەبێت. بەڵام ئەگەر یەک کەوچک هەنگوین بخەیتە دەمتەوە و تامی بکەیت (وەک سۆفی) ئیتر هەموو فەیلەسوفەکانی جیهان کۆببنەوە ناتوانن بتخەنە گومانەوە کە هەنگوین شیرین نیە!!
سۆفی خودا ئەزموون دەکات، بۆیە ئیمانەکەی بەهێزترینە و لەسەرووی شەڕی مەزهەبەکانەوەیە...!
گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە حەقیقەت، نەفسی مرۆڤ و "ئیگۆ"ی خۆبەزلزانینە (الأنا). سەلەفیەک پێی وایە تەنیا خۆی ڕاستە چونکە خاوەنی دەقە، ئەشعەریەک پێی وایە خۆی ڕاستە چونکە خاوەنی عەقڵە!. ئەمە خودی ئیگۆیە و دەبێتە پەردەیەک لە نێوان ئەوان و خودادا. بەڵام سۆفی، یەکەم هەنگاوی لە تەریقەتدا بریتیە لە "شکاندنی نەفس" و زانینی بێدەسەڵاتیی خۆی و خۆشویستنی تەواوی دروستکراوەکان بەبێ جیاوازی. کاتێک ئاوێنەی دڵ لە ئیگۆ پاک بووەوە خۆرە گەورەکەی "حەقیقەتی محەممەدی" بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر تێیدا ڕەنگ دەداتەوە!.
ئێستا دەتوانین بگەینە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ پرسیارە جەوهەرییەکەی تۆ: ئایا گەیشتن بە حەقیقەتی محەممەدی بە یەک ڕێگا دەکرێت؟ ئایا تەسک دەکرێتەوە لە یەک مەنهەج؟
وەڵامە میتافیزیکی و عیرفانیەکە ئەوەیە کە حەقیقەتی محەممەدی "تاقە خاڵی جێگیری گەردوونە" کە هەموو هێڵەکان لێوەی دەست پێدەکەن و دەچنەوە سەریشی (مبدأ ومنتهى). کورتکردنەوەی ئەم حەقیقەتە باڵایە لەناو دەمارگیریی سەلەفیەت یان چوارچێوەی شیعە یان ڕووکەشیی سوننەی کلاسیکدا غەدرێکی گەورەیە لە فراوانیی ڕەحمەتی ئیلاهی.
هەموو ئەو مەزهەبانە لە نەفسولئەمردا (في نفس الأمر) بەشێکیان لە حەقیقەت پێیە و بە قەدەر تێگەیشتنی خۆیان ڕێگایەک بۆ لای خودا دروست دەکەن چونکە مادام ئیمان هێنان بە بەڵگەی بورهانی بێت یان خیتابی لای پەروەردگاری میهرەبان قبوڵە. بەڵام گەیشتن بە "کرۆک"ی ئەم حەقیقەتە گەیشتن بە ناوەڕۆکی ئەو شانشینە نورییە تەنیا لە توانای مەنهەجێکدایە کە واز لە ململانێی ڕواڵەت بهێنێت و شۆڕببێتەوە بۆ قووڵایی ڕۆح ئەویش مەنهەجی تەسەوفی ڕەسەن و عیرفانی و تەریقەتەکانە!.
تەسەوف تەنیا مەنهەجێک نیە لە پاڵ مەنهەجەکانی تردا بەڵکو "ڕۆحی مەنهەجەکانە" ئەو یەک وجودەیە کە کۆکەرەوەی هەموویەتی. بۆیە هەر کەسێک بیەوێت بە خێراترین، پاکترین، و بەهێزترین ڕێگادا بگات بە شانشینی حەقیقەتی محەممەدی دەبێت لە جەدەلی وشەکانەوە کۆچ بکات بۆ بێدەنگیی دڵ لە کینەی مەزهەبیەوە کۆچ بکات بۆ عەشقی گەردوونی وە لە قاوغی شەریعەتەوە (بەبێ ڕەتکردنەوەی شەریعەت) تێپەڕێت بۆ ناوکی حەقیقەت!. لەوێدا لەو مەقامە بەرزەدا ئیتر نە سەلەفی دەمێنێت نە شیعە دەمێنێت نە سوننە...! ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا "یەکبوون" (التوحيد)ە لە ژێر سێبەری نوری محەممەد و لە ئامێزی میهرەبانیی خودادا.
#ئیدراک
737
"ما وسعني سمائي ولا أرضي، ولكن وسعني قلب عبدي المؤمن." (ئاسمان و زەویەکەم جێگەی منیان تێدا نابێتەوە، بەڵام دڵی بەندە باوەڕدارەکەم جێگەی دەبێتەوە)....!
ئایا هیچ بەڵگەیەک لەمە بەهێزتر هەیە؟ سەلەفی لەسەر ئاسمان بەدوای خوادا دەگەڕێت سوننە لەناو کتێبی لۆژیکدا بەدوایدا دەگەڕێت بەڵام سۆفی دەزانێت کە خودا لەناو "دڵ"ی خۆیدایە بۆیە سۆفی خەریکی دڵی خۆیەتی نەک خەریکی شەڕکردن لەگەڵ ئەوانی تر....!
کاتێک بە وردی لە ژیانی پێغەمبەر (ﷺ) دەڕوانین ئەوەی دەیبینین سەرۆکێکی سیاسی یان موجادیلێکی کەلامی نیە، بەڵکو دەبینین کە سیرەی ئەو لە بنەڕەتدا ئەزموونێکی مەعنەویی باڵایە. تەسەوف، هەوڵدانە بۆ دووبارە ژیانەوەی ئەم ئەزموونە ڕۆحیە...!
پێش دابەزینی وەحی، پێغەمبەر (ﷺ) چەندین مانگ و ساڵ دەچووە ئەشکەوتی حیڕا بۆ "تێڕامان" . لەوێ نە کتێبی فیقهی هەبوو بیخوێنێتەوە نە کەس هەبوو لەگەڵی شەڕە قسە بکات!. ئەو تەنیا خۆی پاک دەکردەوە. ئەمەیە کە لە تەسەوفدا پێی دەوترێت "خەڵوەت" و "تەزکیە". ئەگەر خەڵوەت نەبێت، حەقیقەت دانابەزێت!.
گەورەترین ڕووداوی ژیانی پێغەمبەر (ﷺ) گەشتی میعراجە. ئەمە گەشتێک نەبوو بۆ دانانی یاسای کڕین و فرۆشتن یان یاسای تەڵاق (کە کاری فیقهە) بەڵکو گەشتێک بوو بۆ بڕینی تەواوی سنوورەکانی کات و شوێن، و تێپەڕاندنی "سدرة المنتهى" (لووتکەی مەعریفەتی سنووردار) بۆ گەیشتن بە زاتی ڕەهای خودا لە مەقامی (قاب قوسين أو أدنى)...!
مەزهەبە ڕووکەشیەکان ناتوانن لە میعراج تێبگەن تەنیا وەک چیرۆکێک دەیگێڕنەوە. بەڵام تەسەوف پێی وایە هەر مرۆڤێک دەتوانێت لە ڕێگەی زیکر و عەشقەوە میعراجی ڕۆحیی خۆی بکات و بگاتەوە بەو حەقیقەتە محەممەدیە!.
ئیمامی غەزالی (حجة الإسلام)، لە لووتکەی ناوبانگیدا وەک گەورەترین زانای شافعی و ئەشعەری لە بەغدا تووشی قەیرانێکی ڕۆحی بوو. بۆی دەرکەوت کە ئەو زانستانە ناتوانن ئارامی بە دڵی ببەخشن و گومانیان لێ لاببەن. دەستی لە هەموو شتێک هەڵگرت و بۆ ماوەی ١١ ساڵ بوو بە سۆفی. لە پەڕتووکی (المنقذ من الضلال)دا دەنووسێت؛
"لە کۆتاییدا زانیومە کە سۆفییەکان ئەوانەن کە بە تەنیا لەسەر ڕێگای خودان، سیرەی ئەوان باشترین سیرەیە، و ڕێگاکەیان ڕاستترین ڕێگایە... دڵنیابووم کە گەیشتن بە خودا بە موجادەلە و ڕیزکردنی وشەکان نابێت، بەڵکو بە 'زەوق' (التذوق) و گۆڕینی سیفاتەکانی نەفس دەبێت."
لێرەدا غەزالی سەلماندی کە سەلەفی و سوننە یان شیعە نەیتوانی بیگەیەنێتە حەقیقەت تەنیا تەسەوف نەبێت.
مەولانا لە چیرۆکێکی زۆر جواندا لە مەسنەویدا باسی فرەیی مەزهەبەکان دەکات. دەڵێت چوار کەس کە یەکێکیان عەرەب، یەکێکیان فارس، یەکێکیان تورک، و ئەوی تریان ڕۆمی بوو، پارەیەکیان پێ بوو. عەرەبەکە وتی با (عنب) بکڕین، فارسەکە وتی نەخێر (انگور) دەکڕین، تورکەکە وتی با (ئوزوم) بکڕین، ڕۆمیەکە وتی نەخێر تەنیا (ئستافیل) دەکڕین. شەڕیان بوو و یەکتریان بریندار کرد چونکە نەیاندەزانی کە هەر چوار وشەکە بە مانای "ترێ" دێت!
مەولانا دەڵێت: مەزهەبەکانیش ئاوەهان. سەلەفی و شیعە و سوننە خەریکی شەڕن لەسەر "ناوەکان و فۆڕمەکان" بەڵام ئەگەر زانایەکی خاوەن کەشفی عیرفانی (سۆفیەک) لەوێ بووایە پارەکەی لێ دەسەندن و بۆی دەسەلماندن کە هەموویان یەک شتیان دەوێت. تەسەوف، ئەو زمانە باڵایەیە کە نهێنیی "ترێ"کە دەزانێت نەک تەنیا ناوەکان....!
حەزرەتی شێخی گەورە ئیبن عەرەبی لووتکەی ئەم تێگەیشتنەیە کە دەفەرموویت؛ شانشینەکە هەموو ڕێگاکان دەگرێتە خۆی. لەسەر بنەمایی (وحدة الوجود) واتە تەنیا یەک حەقیقەت هەیە لە بووندا ئەویش خودایە و ئەوانی تر هەمووی سێبەر و تەجەللای ئەون لە شیعرە هەرە بەناوبانگەکەیدا دەنووسێت:
"لقد صار قلبي قابلاً كل صورةٍ... فمرعىً لغزلانٍ، وديرٌ لرهبانِ
ودينُ الشدائد، وكعبةُ طائفٍ... وألواحُ توراةٍ، ومصحفُ قرآنِ
أدينُ بدينِ الحبِّ أنى توجهتْ... ركائبهُ، فالحبُّ ديني وإيماني"
(دڵم بووەتە قبوڵکەری هەموو فۆڕم و شێوەیەک... مێرگزارێکە بۆ مامز، و دێرێکە بۆ ڕاهیب. کەعبەیە بۆ تەوافکار، و تابلۆی تەورات و لاپەڕەی قورئانە. ئایینی من ئایینی عەشق و خۆشەویستیە بەرەو هەر کوێیەک کاروانەکەی بڕوات... عەشق، ئایین و ئیمانی منە).
لە ڕوانگەی ئیبن عەرەبیەوە، سەلەفییەک کە نوێژ دەکات حەقە لە ئاستی خۆیدا، شیعەیەک کە دەگریەت حەقە لە ئاستی خۆیدا بەڵام "دڵی مرۆڤی کامڵ" (کە هەڵگری حەقیقەتی محەممەدیە) جێگەی هەمووانی تێدا دەبێتەوە!. مەنهەجی باطنی عەقیدەکان ڕەت ناکاتەوە بەڵکو باوەشیان بۆ دەکاتەوە و دەیانباتە ئاستێکی باڵاتر کە ئاستی (عشق و مەعریفەتە)...!
کاتێک حەزرەتی حەلاج هاواری کرد و وتی: "أنا الحق" (من حەقم) فەقیهەکانی سەردەم کە نوێنەری ڕواڵەت بوون تێینەگەیشتن و بە کافریان دانا و لەسێدارەیان دا. بەڵام لە ڕاستیدا حەلاج نەیدەگوت من خودام بەڵکو دەیگوت؛ فۆڕم و نەفسی من تواوەتەوە (فناء) و ئەوەی ماوەتەوە تەنیا حەقیقەتەکەیە کە تێمدا تەجەلای کردووە.
737
وەک لە فەرموودەدا هاتووە کە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت:
"كنت نبياً وآدم بين الماء والطين"
(من پێغەمبەر بووم لە کاتێکدا ئادەم هێشتا لە نێوان ئاو و قوڕدا بوو).
ئەم حەقیقەتە، ئەو "شانشینە گەورەیە"یە.. بۆیە هەموو بوونەوەرەکان و هەموو مەزهەبەکان لە تیشکی ئەم شانشینەوە دروست بوون، کەواتە مەحاڵە ئەم شانشینە خۆی لەناو یەکێک لەم مەزهەبانەدا جێگەی ببێتەوە و بەڵکو ئەوە مەزهەبەکانن کە وەک تیشکێکی بچووک دەچنەوە سەر ئەو خۆرە گەورەیە!.
یەکسانکردنی حەقیقەت بە یەک تیۆر، کوشتنی حەقیقەتەکەیە. خودا بە حیکمەتی خۆی، مرۆڤەکانی بە ئاست و توانای جیاواز دروست کردووە. بۆیە گەیشتن بە حەقیقەتەکە چەندین شێوازی هەیە؛
فەلسەفە و کەلام کە ئەمانە ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت بە بەڵگەی لۆژیکی ئیمان بهێنن. ڕێگاکەیان دروستە بەڵام زۆر درێژ و پڕ مەترسیە. وەک ئەوە وایە بە پێ بچیتە سەر شاخێک و ڕەنگە لە نیوەی ڕێگادا بکەویتە خوارەوە!.
ڕێگای خیتابی کە ئەمانە ئەوانەن کە بە سۆز و ترس و ملکەچبوون بۆ دەقی ڕووکەش ئیمان دەهێنن. ئەمانە لای خودا قبوڵن چونکە ناتوانن لەوە زیاتر تێبگەن. ئیمانەکەیان ئیمانی "پیرەژنانەیە" (عليكم بدين العجائز) واتە ئیمانێکی سادە و بێ پرسیارە!.
ڕێگای شوهوود و کەشف کە ئەمە ڕێگای باڵادەستە!. لەم ڕێگایەدا مرۆڤ بۆ سەلماندنی خودا پێویستی بە لۆژیکی ئەشعەری یان دەقی سەلەفی نیە. بەڵکو قورئانەکەی لەناو خۆیدایە. وەک چۆن شێخ نەجمەدینی کوبرا و زۆربەی عاریفان دەفەرموون: "الطرق إلى الله بعدد أنفاس الخلائق" (ڕێگاکانی گەیشتن بە خودا، بە قەدەر ژمارەی هەناسەکانی دروستکراوەکانن)...!
لێرەوە تێدەگەین کە سەلەفی و شیعە و موعتەزیلە لە بنەڕەتدا "حەق" دەبینن بەڵام تەنیا لە یەک "گۆشە"وە. هەڵەکەیان ئەوەیە کە گۆشەکەی خۆیان بە تەواوی ڕەهایی دەزانن و گۆشەکانی تر کافر دەکەن یان گومرای دەکەن. ئەو کەسەی لە نەفسی خۆیەوە و بە دەمارگیریەوە سەیری دونیا بکات کوێر دەبێت لە ئاست بینینی فرەیی تەجەلیاتی خودا.....!
(سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ) خودا پێمان دەفەرموویت کە ئایەتەکان تەنیا لە دەرەوە لە پەرتووک و گەردوون نین بەڵکو لە "نەفس"ی مرۆڤیشدان!. تەسەوف تاکە مەنهەجە کە کار لەسەر نەفس دەکات!.
(وَلِلَّهِ الْمَشْرِقُ وَالْمَغْرِبُ ۚ فَأَيْنَمَا تُوَلُّوا فَثَمَّ وَجْهُ اللَّهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ وَاسِعٌ عَلِيمٌ) ئەم ئایەتە ڕەتکردنەوەیەکی ڕەهایە بۆ قەتیسکردنی حەقیقەت لە یەک مەنهەبدا. خودا دەفەرمووێت بۆ هەر کوێیەک ڕوو بکەن ڕووی خودا لەوێیە!. جا ڕوو بکەیتە میحرابی مسوڵمان یان کڵێسای مەسیحی یان تەنانەت کەعبەی دڵ... خودا (واسع)ە، واتە زۆر فراوانترە لەوەی لەناو چوارچێوەیەکی فقهیدا جێی ببێتەوە!.
چیرۆکی موسا و خدر کە ئەمە گەورەترین و بەهێزترین بەڵگەی قورئانیە لەسەر جیاوازیی نێوان "شەریعەت، زاهیر" و "حەقیقەت، تەسەوف". موسا (سڵاوی خوای لەسەر بێت) لێرەدا نوێنەرایەتیی "شەریعەت" و حوکمە ڕووکەشیەکان دەکات. خدر (سڵاوی خوای لەسەر بێت) نوێنەرایەتیی "حەقیقەت" و زانستی اللدني (زانستی باطنی و عیرفانی) دەکات. کاتێک خدر کەشتیەکە کون دەکات یان منداڵەکە دەکوژێت موسا بە پێی قاڵبی شەریعەت و عەقڵ ناڕەزایەتی دەردەبڕێت چونکە ئەو تەنیا ڕووکەشەکە دەبینێت. بەڵام خدر کە لە شانشینی حەقیقەتەوە شتەکان دەبینێت دەزانێت کە لە پشت ئەو کارە ڕووکەشە خراپانەوە حیکمەت و حەقیقەتێکی گەورە هەیە!. مەزهەبەکان وەک موسان لە قۆناغی شەریعەتدا وە سۆفییەکانیش وەک خدرن کە گەیشتوونەتە حەقیقەت...!
کاتێک جوبرەئیل پرسیار لە پێغەمبەر (ﷺ) دەکات ئایین دابەش دەبێتە سەر سێ پلە:
ئیسلام: کردەوەی جەستە (نوێژ، ڕۆژوو)، کە ئەمە کاری "فیقهـ"ە.
ئیمان: باوەڕی مێشک (مەلائیکە، کتێبەکان)، کە ئەمە کاری "عەقیدە و کەلام"ە.
ئیحسان: پێغەمبەر دەفەرموێت: "أن تعبد الله كأنك تراه..." (خودا بپەرستیت وەک ئەوەی بیبینیت، ئەگەر تۆش نەیبینیت ئەو تۆ دەبینێت). ئەم ئاستە کە لووتکەیە و "بینین" و "شوهوود"ە، هەرگیز بە دەق و لۆژیک بەدەست نایەت بەڵکو تەنیا بە مەنهەجی ئەهلی تەسەوف و پاککردنەوەی دڵ بەدەست دێت!.
خودا دەفەرموێت: "... وما يزال عبدي يتقرب إلي بالنوافل حتى أحبه، فإذا أحببته كنت سمعه الذي يسمع به، وبصره الذي يبصر به، ويده التي يبطش بها، ورجله التي يمشي بها."
(بەندەکەم بەردەوام بە پەرستشە زیادەکان لێم نزیک دەبێتەوە تا خۆشم دەوێت، کاتێک خۆشم ویست، دەبمە ئەو بیستنەی کە پێی دەبیستێت، ئەو بینینەی کە پێی دەبینێت...)
ئەمە لووتکەی تەسەوفە کە پێی دەوترێت (الفناء في الله - توانەوە لە خودادا). کاتێک سۆفی دەگاتە ئەم ئاستە ئیتر پێویستی بە مەزهەب نیە چونکە خودی بوونەکەی بووەتە ئامرازێکی ئیلاهی و ڕاستەوخۆ لەناو حەقیقەتی محەممەدیدا دەژی!.
737
شانشینی حەقیقەتی محەممەدی، رێگای تەریقەتی تەسەوف وەک تەنیا دەروازەی چوونە ناو کرۆکی بوون و تێپەڕاندنی فۆڕمە مەزهەبیەکانە؛
کاتێک مرۆڤ بە چاوی سەر و لە ڕێگەی لاپەڕە تۆزگرتووەکانی مێژووەوە یان لە پەنجەرەی ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە سەیری ئیسلام دەکات ئەوەی دەیبینێت گۆڕەپانێکی پڕ لە ململانێ و لێکترازان و فرەیەکی سەرسوڕهێنەر و هەندێک جاریش خوێناویە!. دەبینین ئوممەتێک دابەش بووە بەسەر دەیان فیرقە و مەزهەبدا وەک سوننە، شیعە، سەلەفی، موعتەزیلە، ئەشعەری، ماتوریدی، زاهیری و دەیانی تر. هەریەکەیان شمشێری دەق و لۆژیکیان هەڵکێشاوە و بانگەشەی خاوەندارێتیی ڕەهای "حەقیقەت" دەکەن. هەریەکەیان پێی وایە ئەو "فیرقە ڕزگاربووەکەیە" و ئەوانی تر لە تاریکیدان!.
بەڵام کاتێک بە چاوی دڵ و لە گۆشەنیگایەکی ئۆنتۆلۆجی و عیرفانی قوڵەوە سەیری ئەم دیمەنە دەکەین دەگەینە دەرئەنجامێکی حەتمی و شۆککەر بۆ عەقڵی ڕووکەشگەر کە ئەم جیاوازیانە هیچیان خودی "حەقیقەت" نین بەڵکو تەنیا "تێگەیشتنی ڕێژەیی" و "کاردانەوەی مێژوویی" عەقڵی سنوورداری مرۆڤن بۆ حەقیقەتێک کە زۆر لەوە گەورەترە بخرێتە ناو قاڵبی وشە، کتێب یان تیۆریەکانەوە!.
حەقیقەتی ئیسلام، کە لە کرۆکدا هەمان "حەقیقەتی محەممەدی"یە (الحقيقة المحمدية)، شانشینێکی بێسنوورە، زەریایەکە کە تەواوی مەزهەبەکان تەنیا دڵۆپێکن لێی. گەیشتن بەم حەقیقەتە لە ڕێگەی موجادەلەی کەلامی و حوکمە وشکەکانی فیقهی و دەمارگیریی مەزهەبیەوە نەک هەر مەحاڵە بەڵکو خودی ئەو ململانێیە دەبێتە پەردەیەک کە ڕێگە لە بینینی ڕووناکیەکە دەگرێت. لێرەوەیە کە تەنیا و تەنیا یەک ڕێگای شاڕێ دەمێنێتەوە بۆ چوونە ناو ئەم شانشینە ئەویش مەنهەجی "تەسەوفی ڕەسەنە، نەک وەک فیرقەیەکی تر لەپاڵ فیرقەکاندا بەڵکو وەک ڕۆحێک کە کۆکەرەوەی هەموویانە.
پێش ئەوەی باس لە چارەسەر و ڕێگا ڕاستەقینەکە بکەین، دەبێت تێبگەین بۆچی ڕێگاکانی تر وەک سەلەفیەت، سوننەی کلاسیک، یان شیعەی فقهی ناتوانن نوێنەرایەتیی تەواوەتیی حەقیقەتی محەممەدی بکەن. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی مەعریفەناسی؛
وەحی، کاتێک لە ئاسمانی بێسنووریەوە دێتە خوارەوە بۆ زەوی ناچارە بەرگی "زمان" بپۆشێت. زمانی مرۆڤ زمانێکی سنووردارە، وشەکان فرەمانان. کاتێک قورئان دەفەرموێت (يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ)، وشەی "دەست" لای مرۆڤ مانایەکی فیزیکیی هەیە. لێرەوە قەیرانە گەورەکە دەست پێدەکات کە
سەلەفیەکان دەیانەوێت مانا ڕووکەشیەکە بسەلمێنن بەبێ ئەوەی لێی تێبگەن بەلای ئەوانەوە خودا دەستی هەیە بەڵام وەک دەستی ئێمە نیە!.
ئەشعەری و موعتەزیلە هەوڵ دەدەن بە لۆژیک تەئویلی بکەن کە دەست واتە هێز و قودرەت!.
لەم ململانێیەدا، هەردوو لا خودی ئامانجەکەیان لەبیر کردووە کە "هەستکردنە بە ئامادەیی خودا" و خەریکی شەڕێکی زمانەوانین. عەقڵی ڕووکەشگەر دیلی زمانە لە کاتێکدا حەقیقەت لەودیو زمانەوەیە، ئەگەرچی ئەشعەری و موعتەزیلە لەسەر حەقن لەسەر ئەم نمونەیە بەڵام نمونەکە بۆ بابەتێکی زمانەوانیە!.
زۆرێک لە پایەکانی جیاوازیی نێوان شیعە و سوننە لە بنەڕەتدا کێشەی سیاسین لەسەر ئەوەی "کێ دەسەڵات بگرێتە دەست دوای پێغەمبەر (ﷺ)". ئەم کێشە سیاسیە دواتر بەرگێکی ئایینی و فقهی بە بەردا کرا و بوو بە عەقیدە. حەقیقەتی محەممەدی زۆر لەوە باڵاترە کە ببێتە بەشێک لە ململانێی خێڵەکیی سەدەی حەوتەم لەسەر خەلافەت!.
کەواتە، ئەم مەزهەبانە مامەڵە لەگەڵ "قاوغ"ی ئایندا دەکەن. فقهی ڕێکخەری جوڵەی جەستەیە لە کۆمەڵگادا و کەلام ڕێکخەری جوڵەی مێشکە لە کاتی بیرکردنەوەدا. بەڵام کێ بەرپرسە لە "دڵ"؟ کێ بەرپرسە لەو پەیوەندیە نەهێنییەی نێوان بوونەوەر و دروستکارەکەی؟ لێرەوەیە کە پەیامەکەی سەلەفی و شیعە و سوننە کۆتایی دێت و گەشتی سۆفی و عاریف دەست پێدەکات!.
بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی گەیشتن بەم حەقیقەتە یەک ڕێگای نیە، دەبێت سەرەتا بزانین "حەقیقەتی محەممەدی" چیە!.
لە فەلسەفەی عیرفانیدا (بەتایبەت لە قوتابخانەی محێدینی ئیبن عەرەبی و عەبدولکەریمی جیلی) پێغەمبەر محەممەد (ﷺ) تەنیا ئەو کەسایەتیە مێژووییە نیە کە لە مەککە لەدایک بوو و لە مەدینە کۆچی دوایی کرد. ئەو خاوەنی دوو ئاستی بوونە؛ بوونی مێژوویی و شەرعی کە
ئەمە ئەو پێغەمبەرەیە کە ئەهلی فقهـ و حەدیس دەیبینن و ئەوەی کە دەخەوت، دەستی دەکرد بە جەنگ، پەیماننامەی واژۆ دەکرد، و یاسای دادەنرا. ئەمە ئاستی خوارەوەی تێگەیشتنە!.
٢. بوونی گەردوونی و نوری کە لەم ئاستەدا حەقیقەتی ئەو بریتییە لە "عەقڵی یەکەم" یان "نوری یەکەم" (النور الأول). عاریفان پێیان وایە کاتێک خودا لە ئەزەلیەتدا ویستی خۆی بناسێنێت (کنت كنزاً مخفياً فأحببت أن أُعرف) یەکەمین شت کە تەجەلای کرد، "نوری محەممەد" بوو. لەو نورەوە، تەواوی گەردوون، فریشتەکان، پێغەمبەرانی پێشوو و مرۆڤایەتی دروست بوون.
737
السلام علیک یا سیدی گەنجانی بەهەشت، السلام علیک یا تەجەلای کەماڵی موحەممەدی، یا هەڵگری خەلافەتی باطنی نبووەت، یا ئەو سوڵتانەی کە لە بێدەنگیتدا قەرەباڵغیی هەموو گەردوون حەشاردراوە. السلام علیک یا ئیمام حەسەن، یا مەزهەری باڵای ناوی باطن و جمالی ئیلاهی. ئەی خاڵی جێگیری ناوەندی بازنەی بوون، ئەو زاتەی کە بە ڕادەستبوونە زاهیریەکەی، عەرشی حەقیقەتی لە ناخی عارفاندا بۆ هەتاهەتایە چەسپاند. ئەی دەریاچەی پڕ لە نهێنی، کە ئارامیەکەت ڕەنگدانەوەی هێمنی و ئاشتیی ڕەهای خودایە لە جیهانی فرەیدا و ئەی ئەو هێزە شاراوەیەی کە کێشکردنی گەردوونت لەسەر شانی سەبری خۆت ڕاگرتووە تاوەکو جیهان لە خولگەی یەکتاپەرستی دەرنەچێت!.
السلام علیک یا سەرداری عیشق و پاشای شەهیدانی ڕێگەی حەق، السلام علیک یا تەجەلای جەلالی ئەزەلی، یا خوێنی گەرم و بزوێنەری شادەماری گەردوون. السلام علیک یا ئیمام حوسێن، یا ئەو قوربانیە مەزنەی کە بە خوێنی خۆت واژۆت لەسەر پەیمانی مەزنی ئەلەست کرد. ئەی ئەو زاتەی کە لە مێعراجی کەربەلادا، قۆناغەکانی فەنابوون لە خودات تا دواین پلەی مانەوە بقاء بالله تەی کرد. السلام علیک یا ئەو نوورەی کە لە سەمای شمشێرەکان و بڕانی سەریدا، تاریکترینی پەردەکانی وەهمی دڕاند و خودای بەبێ هیچ حیجابێک نیشانی جیهانیان دا. ئەی زمانحاڵی ناوی حي و جلال، کە بوویتە قیبلەی هەموو ئەوانەی بەدوای یەکبوون و توانەوەن لە زاتی ڕەهادا...!
السلام علیکِ یا کێوی لەنەزانراوی سەبری ئیلاهی، السلام علیکِ یا کۆکەرەوەی جەمالی حەسەنی و جەلالی حوسێنی، یا پارێزەری نهێنیە گەورەکەی غەیب لە دوای گەردەلولی لەناوچوون. السلام علیکِ یا حەزرەتی زێنەب، یا مەزهەری تەواوەتیی ناوی صبور و قهار. ئەی ئەو ڕۆحە باڵایەی کە لەناو گڕ و خوێن و بینینی لاشە پارچەپارچەکاندا، بازنەی وەحدەتی وجودت بەستەوە و بە دڵێکی پڕ لە بینینەوە فەرمووت؛ جگە لە جوانیی خودا، هیچی ترم نەبینی. السلام علیکِ یا ئەو چاوە پڕ لە بەصیرەتەی کە بووەتە پردی نێوان لاهووت و ناسوت، ئەی زمانحاڵی حەقیقەتی موحەممەدی...!
السلام علیکم یا سێگۆشەی نووری پەتی، یا سێ تیشکی یەک خۆری بێکۆتا، یا سێ شەپۆلی یەک زەریای بێبن. السلام علیکم یا ئەو سێ جەوهەرەی کە ئەگەر ئێوە نەبوونایە، هیچ ئاوێنەیەک نەدەبوو جوانی و شکۆی خودا لە جیهانی ماددەدا نیشان بدات و مانای عیشق و مەعریفەت لە گەردووندا وون دەبوو....!
سەڵاوات و دروودێکی بێسەرەتا و بێکۆتا، بە هێندەی عەرشی ڕەهای خودا و بە ژمارەی ترپەی دڵی عاشقانی ڕێگەی حەقیقەت، پێشکەش بە ڕۆحە یەکگرتووەکانتان کە سڕی بسم الله و کلیلەکانی دەروازەی عیرفان و مانەوەی ئەبەدین...!
کاتێک لە ڕۆژی عاشورادا بەڕۆژوو دەبم تەنها پەرستشێکی زاهیری ناکەم بەڵکو لەبەر ئێوەیە...! ئەمە ئیمساک و خۆگرتنەوەی ڕۆحە لە هەر شتێک جگە لە خودا. بەڕۆژوو دەبم تاوەکو تینوێتیم ببێتە پروشکێک لە زەریای تینوێتیی حوسێن بۆ ویساڵی حەق، برسێتیم ببێتە ئاوێنەی خەڵوەتە پیرۆزەکەی حەسەن و ئارامگرتنم ببێتە سێبەری سەبرە مەزنەکەی زێنەب!.
#أهل_البيت #عاشورا
737
لە حاڵەتیکی وادا دەستوور و دادگاکان هەمیشە بەو ئاراستەیەدا هەموار دەکرێنەوە کە دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی حکومەت زیاتر بکەن!
خولاسە لەسەر ئەم پێشەکیانە لەم واقیعە تێدەگەین کە دیموکراسیەتی مۆدێرن بەبێ بوونی مافی ڕەهای تاکەکان بۆ خاوەندارێتی و بەبێ هەبوونی مافی جیابوونەوەی ئارەزوومەندانە لە جەوهەردا جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ پاشایەتیە ڕەهاکاندا نیە!. هەردووکیان پشت بە زۆرەملێ و قۆرخکردنی دەسەڵات دەبەستن!.
ئازادیی ڕاستەقینە و دادپەروەری تەنها کاتێک بەرقەرار دەبێت کە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای مامەڵەی ئارەزوومەندانە ڕێزگرتنی بێمەرج بۆ موڵکایەتیی تاکەکەسی و نەهێشتنی هەر جۆرە پاوانکاریەکی زۆرەملێ لەسەر ژیان و سامانی مرۆڤەکان بونیاد بنرێت تا ئەو کاتەی دەوڵەت وەک قۆرخکارێکی سەپێنراو مامەڵە بکات مرۆڤایەتی بەردەوام دەبێت لە پێدانی باجی زیاتر لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئازادی و پاراستنی کەمتر!.
#سیاسەت #توراس #ئیدراک
737
پارادۆکسی دەسەڵات؛
دەربارەی سروشتی دەوڵەت و مافەکانی تاک و چەمکی دیموکراسی یەکێکە بابەتەکانی فەلسەفەی سیاسی و ئابووری چونکە کاتێک بە قووڵی بیر لە پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵات دەکەینەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەری دەبینەوە سەبارەت بە ڕەوایەتیی ئەو هێزەی کە حوکممان دەکات!.
هەر کۆمەڵگەیەک بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەرەو پێش بچێت پێویستی بە بنەمایەکی لۆژیکی هەیە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیەکانی نێوان مرۆڤەکان.
لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئازادیخوازیەوە موڵکایەتیی تایبەت (Private Property) تەنها چەمکێکی یاسایی نیە بەڵکو مەرجی سەرەکیە بۆ دروستبوونی شارستانیەت!.
مرۆڤەکان لە ڕووی توانا و زیرەکی و ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین یەکسان نین و ئەم جیاوازیە زگماکی و جوگرافیە لەبری ئەوەی ببێتە هۆی ململانێی بەردەوام دەبێتە پاڵنەرێک بۆ دابەشکردنی کار.....! کاتێک تاکەکان درک بەوە دەکەن کە کارکردنیان بە هاوبەشی و ئاڵوگۆڕکردنی بەرهەمەکانیان زۆر بەرهەمدارترە لەوەی هەرکەسە و بە تەنیا لە گۆشەگیریدا بژی کۆمەڵگە وەک تۆڕێک لە هاوکاریی ئارەزوومەندانە دروست دەبێت!. ئەوەش یانی بەرژەوەندیی تایبەتیی تاکەکان لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە مافی خاوەندارێتیی یەکترەوە دەبێتە خزمەتگوزارێکی گەورە بۆ بەرژەوەندیی گشتی!.
سەرەڕای ئەو لۆژیکە بەهێزەی کە هاوکاریی کۆمەڵایەتی دروستی دەکات سروشتی مرۆڤ بێگەرد نیە هەمیشە کەسانێک هەن کە دەیانەوێت لە دەرەوەی یاساکانی هاوکاریی ئاشتیانە بژین ئەوانەی پەنا دەبنە بەر زەبروزەنگ و دزی و فێڵکردن!. لێرەدایە کە پێویستیەکی حەتمی بە دروستبوونی هێزێک یان دامەزراوەیەک دێتە ئاراوە بۆ پاراستنی مافی ژیان و ئازادی و موڵکی تاکەکان!.
بە درێژایی مێژوو، ئەم ئەرکە دراوەتە پاڵ دەوڵەت! بەڵام کێشە فەلسەفیەکە لێرەوە دەست پێدەکات کە ئەگەر دەوڵەت دامەزراوەیەکە بۆ پاراستنی مافی موڵکایەتی چۆن دڵنیا بین کە خۆی نابێتە گەورەترین پێشێلکاری ئەو مافە؟!
لە سیستەمە پاشایەتی و میریە کۆنەکاندا وەڵامەکە ڕوون بوو کە دەوڵەت هیچ سنوورێکی نەبوو بەڵکو پاشاکان وڵات و دانیشتوانەکەیان وەک موڵکی شەخسیی خۆیان دەبینى!. شەڕیان دەکرد بۆ فراوانکردنی زەویەکانیان و زیادکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی باجیان لێ دەسەندن و ئەم مۆدێلە بە تەواوی دژی بنەماکانی ئازادی بوو چونکە تاک لەبری ئەوەی خاوەنی خۆی و موڵکەکەی بێت تەنها سەروەتێک بوو لە دەستی دەسەڵاتداردا!.
وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بە دیکتاتۆریەتی پاشاکان ئەتوانین بڵین مرۆڤایەتی ڕووی کردە "دیموکراسی" بەڵام ئایا دیموکراسیی مۆدێرنە بەڕاستی کێشەی دەسەڵاتی ڕەهای چارەسەر کرد؟!
بۆ ئەوەی دیموکراسی لە خزمەتی ئازادیدا بێت نابێت تەنها بە مانای "حوکمی زۆرینە" لێکبدرێتەوە چونکە لە تێڕوانینێکی قوڵتردا دیموکراسیی ڕاستەقینە بریتیە لە مافی چارەی خۆنووسین و مافی جیابوونەوە. ئەگەر گروپێک یان ناوچەیەک یان تەنانەت گوندێک هەست بکات کە ئەو دەوڵەتەی تێیدایە چیتر مافەکانی ناپارێزێت دەبێت مافی ئەوەی هەبێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە لێی جیا ببێتەوە!.
پێش ململانێ گەورەکانی وەک شەڕی ناوخۆی ئەمریکا ئەم تێگەیشتنە بۆ یەکێتیەکی ئارەزوومەندانە بوونی هەبوو بەڵام کاتێک دەوڵەت مافی جیابوونەوەی بە زەبری چەک قەدەغە کرد دیموکراسی لە یەکێتیەکی ئارەزوومەندانەوە گۆڕدرا بۆ ڕێکخراوێکی ناچاری و حوکمی زۆرینە بوو بە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی مافی کەمینەکان و سەپاندنی ئیرادەی گروپێک بەسەر گروپێکی تردا.....!
کاتێک دەوڵەت ڕێگە بە جیابوونەوە نادات خۆبەخۆ دەگۆڕێت بۆ قۆرخکارێکی زۆرەملێ بۆ پاراستن و دادپەروەری چونکە لێرەدا کۆمەڵێک دژیەکیی سەیر دێنە ئاراوە کە بنەمای زۆربەی کێشەکانی ئەمڕۆیە!؛
دیاریکردنی نرخی خزمەتگوزاری لەلایەن خۆیەوە یانی دەوڵەت پارێزەرە بەڵام بۆخۆی بڕیار دەدات کە نرخی ئەم پاراستنە چەندە لە ڕێگەی سەپاندنی باجەوە. تاکی کۆمەڵگە هیچ هەڵبژاردەیەکی تری نیە و ناتوانێت ئەو خزمەتگوزاریە ڕەت بکاتەوە ئەوەش یانی لە هەر بازاڕێکدا کە ململانێ نەبوو و قۆرخکاری هەبوو بێگومان خزمەتگوزاریەکە گرانتر دەبێت و کوالێتیەکەی دادەبەزێت!. پارێزەری خراپەکار ئەوەش یانی کاتێک دامەزراوەیەک توانای ئەوەی هەبێت بەبێ ڕەزامەندیی تۆ سامانت لێ بسەنێت بە ناوی باجەوە بۆ پاراستنت خۆی لە خۆیدا دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر سامانەکەت!. پاڵنەری دەسەڵاتداران هەمیشە ئەوەیە باجی زیاتر کۆبکەنەوە و خەرجیەکان لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا زیاد بکەن!.
قۆرخکردنی دەسەڵاتی دادوەری کە ئەمە گەورەترین کارەساتی فەلسەفی و یاسایی ئەوەیە کە دەوڵەت خۆی دەبێتە تاکە دادوەر بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان تەنانەت ئەو کێشانەشی کە خۆی تێیدا لایەنە! ئەگەر تۆ کێشەیەکت لەگەڵ بڕیارێکی دەوڵەت هەبێت دەبێت پەنا ببەیتە بەر دادگایەک کە دادوەرەکەی لەلایەن هەمان دەوڵەتەوە موچەی پێدەدرێت و یاساکانی بۆ دانراوە!.
737
ئەگەر احمد شەرع، داخیلی ئەم جەنگە بێت و ببێتە وەکیلی ئەمەریکا دژی ئێران، گومانم نیە ئەوە ترزانی تەواوە لە عەقیدەی سوننە.
هەروەها سەخیفترین شتە گەر احمد شەرع، جولانەوەیەکی وەها ئەنجام بدات!.
#سیاسەت
737
بەراستی تێناگەم، ئەم خەڵکە چۆن تاقەتی هەیە ئەوەندە قسە لەسەر زەلامێکی وەک عبدوڵەتیف بکا؟! ئاخر هەبوون و نەبوونی یەک شتە!. کاکە تۆ لە دۆخێکدای لە واقیع، هەم سیاسیەن و هەم هەژموونی فکریت تۆسقاڵێک نیە، ئەوە ئەمەریکا و ئێران خەریکە یەکتر خەلاس دەکەن.. ئەم میلەتەش هەر خەریکی پرسی سەلەفیە!.
ئەسڵەن گومانم لە شعوری ئەم هەموو موسڵمانە هەیە بەس پۆست لەسەر زەلامێکی وەها دەکەن!.
تۆزێک گەورە بن کاکە، هەر تاقەتی فەیسبوکم لەبەر ئەم پۆستانە هەر نەماوە!
