∎ بنزار و بەچکەزار و کوتەزار و... لە زانستی زمانناسیدا هەڵەیە. لە زمانی کوردیدا هاوتای ئەم چەمکانەی خوارەوە بەپێی پێناسەکەی لەبەر چاو بگرین:
شێوەزار یان لەهجە (accent)
ئەگەر جیاوازیی دوو جۆرەزمان تەنیا لە ئاستی تایبەتمەندییە بێژەییەکاندا بێت، بە هەر یەکە لەم جۆرەزمانانە دەڵێین «شێوەزار». بە وتەیەکی دیکە، جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو جۆرەزمانە تەنیا لە ئاستی دەنگیـواچیدایە. وەک یول دەڵێت، وشەی شێوەزار لایەنە بێژەییەکان دەگرێتەوە کە دیاری دەکات ئاخێوەر لە باری جوگرافیایی و کۆمەڵایەتییەوە، سەر بە چ ناوچەیەکە.
زار یان زاراوە (dialect)
لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا زیاتر وشەی «زاراوە» بەکار دەهێنن و لە باشووردا لە وشەی «زار» کەڵک وەردەگرن. بەڵام بۆ ئەوەی وشەی زاراوە لەگەڵ وشەی (terms)دا کە ئەم وشەش بە واتای زاراوەیە، تێکەڵ نەکرێت و فرەمانایی ساز نەکات، هەر وشەی «زار» بەکار دەهێنین. لە پێناسەی زاردا دەڵێن: شێوەیەک لە زمانە کە کۆمەڵێک سیمای تایبەتی ڕێزمانی، وشەیی و بێژەیی لەگەڵە.ئەمڕۆ هیچ پێوەرێکی قبووڵکراوی جیهانی بۆ جیاکردنەوەی زمانێک لە زارێک لە ئارادا نییە.
زاری تاکەکەسی (idiolect)
زمانناسان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ دوو ئاخێوەرێک ڕێک وەک یەک قسە ناکەن. هەر ئاخێوەرێک لەگەڵ ئاخێوەرانی دیکە لە باری تێبینییە ڕێزمانییەکان، واتای وشەکان و پێکهاتە واتاییەکانەوە جیاوازە. بە وتەیەکی دیکە، تەنانەت دوو ئاخێوەری زمانێکی تایبەت، ڕێک بە یەک شێواز، زمان بەکار ناهێنن بەڵکوو هەر یەک لەو ئاخێوەرانە، مودێلە زمانییە تایبەتەکانی خۆیانیان هەیە و هەر ئاخێوەرێک خاوەنی جۆرەزمانێکی تایبەتی خۆیەتی کە وەک «زاری تاکەکەسی» دەناسرێت.
شێوەزمان (register)
ئەگەر ئاخێوەرێک لەگەڵ هاوکارەکانی سەبارەت بە کار و پیشەی خۆی قسە بکات، زمانی بەکارهێنراو لەگەڵ ئەو زمانەی کە بۆ نموونە لە ماڵەوە لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەی بەکاری دەهێنێ، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تا ڕادەیەک جیاواز دەبێت. جۆرەزمانەکان کە بەم شرۆڤەوە لەگەڵ تایبەتمەندییەکان، پسپۆڕایەتییەکان یان بابەتە تایبەتەکان پێوەندییان هەیە، بە «شێوەزمان» ناوی لێ دەبەن. بۆ نموونە شێوەزمانی یاسا تایبەتی یاسایە و لەگەڵ شێوەزمانی پزیشکی جیاوازیی هەیە.
شێواز (style)
ڕەنگە زۆر جار بیستبێتتان کە بە کەسێک دەڵێن «بە زمانی فەرمی قسە دەکات» یان «ئاخاوتنی قورسە» کە دەکرێ ڕستەی لەم چەشنە لە ڕێگای زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە شی و تاوتوێ بکرێن. دەکرێ بڵێین کە ئەگەر بە جۆرەزمانێکی تایبەت لە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتدا قسە بکەین و ئەم ئاخاوتنەی ئێمە لەگەڵ پێکهاتەی فەرمی یان نافەرمی و خۆمانەدا یەک بگرێتەوە، شێوازی ئاخاوتنی ئێمەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بۆ نموونە لە ئاقارێکی فێرکاری و پەروەردەدا لەگەڵ مامۆستای زانکۆ بە شێوەی فەرمی قسە دەکەین و لەگەڵ منداڵێک یان هاوڕێیانی خۆمان بە شێوازێکی خۆمانەتر دەدوێین. دەکرێ بڵێین کە شێوازی ئاخاوتن بە پێی ئاستی خوێندەواری، جۆری پیشە و کار و چینی کۆمەڵایەتی دەگۆڕدرێت و بەکارهێنانی شێوازی ئاخاوتن دەگەڕێتەوە سەر بەستێن و باری دەوروبەر.
جۆرەزمان (variety)
بە پێی ئەوەی کە سنوورێکی تایبەت و یەکلاکەرەوە لە نێوان زمان و زار و شێوەزاردا نییە زمانناسان وشەی «جۆرەزمان» بەکار دەهێنن. وشەی جۆرەزمان بە شێوەی گشتی و بەربڵاوتر بەکار دەهێنرێ. بە ڕای ترادگیڵ ئەگەر بمانەوێ زۆر سوور و وردبین بین وشەی جۆرەزمان وەک وشەیەکی بێلایەن و لانەگر بۆ هەموو جۆرە شێوازێکی زمانی (زار، شێوەزار، جۆرەزمانی کۆمەڵایەتی ، شێوازی ئاخاوتن و شێوەزمان) بەکار دەهێنن. لە ڕەوتی بەکارهێنانی جۆرەزماندا چیدی باری هەستیارانەی ئەرێنی یان نەرێنی لە ئارادا نییە و ئەم دەستەواژەیە دەتوانێ ببێتە هۆی کەمکردنەوە و دابەزینی هەستیاری و ئەو تێڕوانینانەی کە سەبارەت بەو پرسە دێنە ئاراوە کە چ شتێک زمانە و چ شتێک زار.
◾️لە ڕوانگەی زمانناسیی مێژوویی و زمانناسیی کۆمەڵایەتیدا، زارناسی وەک یەکێک لە لقەکانی هەژمار دەکرێت و بە ڕوانگەیەکی کۆنەوە زمان بەرانبەر بە زار ، زار بەرانبەر بە شێوەزار دەردەکەوێت و لەم پێوەندییەدا پێکهێنەکانی دیکە وەک جۆرەزمان ، زاری تاکەکەسی ، شێواز و شێوەزمان تاوتوێ دەکات.
#عادڵ-موحمەدی
🪩چەنێلی زمانناسی:
@zimannasi