📗ڕۆشنبیران و دەسەڵات
🎙
دیمانەی میشێل فۆکۆ لە گەڵ ژیل دولووز
📖وەرگێڕان له فره‌نسییه‌وه: #فازڵ_مه‌حموود
میشێل فۆکۆ: مائۆیەک پێی وتم: «باش لەوە تێده‌گه‌م سارته‌ر بۆچی لەگەڵ ئێمەیە، بۆچی سیاسەت دەکات و بە چ ئامانجێک دەیکات؛ ڕاستییەکەى كه‌مێكیش له تۆ دەگەم، تۆ به‌رده‌وام کێشەی زیندان ده‌خه‌یته ڕوو. بەڵام دۆلووز، له ڕاستیدا لێی تێناگەم.» ئەمە ئەو پرسیارەیە لە ڕادەبەدەر منی سەرسام کردووە، لەبەر ئەوەی تێڕوانینی تۆ بۆ من زۆر ڕوون بووه.
دۆلووز: ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت ئێمه بە شێوازێکی نوێ لەگەڵ پەیوەندییە تیۆری-پراکتیکییەکاندا ده‌ژین. هەندێ جار پراكتیك وه‌ك جێبەجێکردنی تیۆریی یاخود به‌رەنجامی ئه‌وه لێكده‌درێته‌وه، هەندێ جاریش بە پێچەوانەوە، تێگه‌یشتن له پراكتیك وه‌ك سەرهەڵدانی ئافراندنی شێوازه‌كانی تیۆری له داهاتوودا وه‌ك شتێكی حاشاهه‌ڵنه‌گر سه‌ره‌نجی دراوه‌تێ. بەهەرحاڵ، لەنێو یەکێک لە ئاڕاستەکاندا، لەشێوەی پڕۆسەیەکی پێکەوەیی لە پەیوەندییەکانیی نێوانیان تێگه‌یشتوون. ڕەنگە پرسیارەکە بە شێوەیەکی تر ڕووبەڕووی ئێمە ببێتەوە. پەیوەندییە تیۆری-پراکتیکییەکان زیاتر لاوەکیی و ڕێژه‌یین. لەلایەکەوە، هەر تیۆرییەک هەمیشە لۆکاڵییه و په‌یوه‌سته بە بوارێکی بچووکەوە و دەتوانرێت لەسەر بوارێکی تر جێبەجێبکرێت کە کەمتازۆر جیاواز بێت. پەیوەندیی جێبەجێکردن هەرگیز وێکچوو نییە. لەلایەکی ترەوە، هەر کە تیۆریی ڕۆدەچێتە نێو بواری خۆیەوە، بە کۆمەڵێک بەربەست، دیوار و پێکدادان کۆتایی دێت، کە وا دەکەن جۆرێکی تری گوتار جێی تیۆریی بگرێتەوە (ئەمە ئەو جۆرەی ترە کە لەوانەیە بگۆڕدرێت بۆ بوارێکی جیاواز.)
پراکتیک، كۆخاڵی شوێنگۆڕکێیە لەنێوان خاڵێکی تیۆریی بۆ خاڵێکی تر، هەروەها، تیۆریش، شوێنگۆڕکێی پراكتیكێكه بۆ پراكتیكێكی تر. هیچ تیۆرییەک گەشە ناکات تا ڕووبەڕووی دیوارێک نەبێتەوە و پراكتیکیش په‌یوه‌ست دەبێت به كونكردنی ئەم دیوارە. بۆ نموونە، تۆ بەشێوەیەکی تیۆری دەستت کردووە بە شیکردنەوەی ناوەندێکی داخراو وەکوو شوێنی نه‌خۆشانی دەروونی (شێتخانە) لە سەدەی نۆزدەیەم لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا. پاشان تۆ گەیشتووی به‌و دەرەنجامه‌ی خەڵكیی، بە تایبەتیی ئەوانەی زیندانیی كراون باسی ئەوە دەکەن کە ئەوان پەیوەندییەک دروستدەکەن (یاخود بە پێچەوانەوە، ئەوه تۆ بووی ببوویته هۆی پەیوەندیی بە بەراورد لەگەڵ ئەوان). ئەو خەڵکانە لەنێو زیندانەکاندا خۆیان دەبیننەوە، بەڵێ ئەوان لەنێو زینداندان.
لەسەر ئەم بنەمایە بوو گرووپی زانیارییت لەسەر زیندانییەکان رێکخست: هەلومەرجێکی وەها دابین بکرێت زیندانییەکان خۆیان بتوانن قسە بکەن. ڕەنگە ئەوە هەڵە بێت کە مائۆکە وتبووی بە جێبەجێکردنی تیۆرییەکانت به‌سه‌ر پراكتیکدا باز دەدەیت. نە پڕۆگرامێکی جێبەجێکردن نە پڕۆژەیەکی ڕیفۆرم نە لێکۆڵینەوەیەک بە مانا تەقلیدییەکەی بوونی هەبوو، بەڵکوو شتێکی جیاوازتر هەبوو، ئه‌ویش: سیستمێکی شوێنگۆڕکێ لەنێو دەستەیەکدا یاخود لەنێو رێژەیەکی زۆر لە پارچە و بەش، کە هاوكات تیۆریی و پراكتیکین.
بۆ ئێمە، ڕۆشنبیری تیۆریسیه‌ن چیتر سووبێكت نییه، یان سه‌ر به مه‌عریفه‌یه‌كی نوێنه‌رایه‌تیی و نواندنه‌وه نییه. كه‌سانێك کە کار و خه‌بات ده‌كه‌ن، چیتر له ڕێی حیزبێک یاخود سەندیکایەکەوەیە مافی ئه‌وه به خۆیان ناده‌ن ببنه ویژدانی ئه‌وان و نوێنه‌رایه‌تییان بكه‌ن. کێ قسە دەکات، کێ په‌رچه‌كردار ده‌نوێنێت؟ به‌رده‌وام فرەییەک هه‌یه، ته‌نانه‌ت له‌و كه‌سه‌ش وا قسە ده‌كات و کرداری هه‌یه. هەموومان کەمتازۆر گرووپی سیاسیی رێکخراوین. هیچ نواندنه‌وه‌یه‌ك نییه و نەماوە، تەنیا کردە ماوە، ئەویش کردەی تیۆریی و کردەی پراكتیک لەنێو پەیوەندییەکانی شوێنگۆڕکێی تۆڕه‌كاندا.
فۆکۆ: بە بڕوای من بە سیاسییکردنی ڕۆشنبیر بە شێوەیەکی تەقلیدیی بە دوو شێوە دەکرا: لەسەر پێگه‌یان وه‌ك ڕۆشنبیر لەنێو کۆمەڵگەی بورژوازی و لەنێو سیستمی وەبەرهێنانی کاپیتاڵیستیدا، لەنێو ئایدۆلۆژیایەک کە خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێت یاخود خۆی دەسەپێنێت (بەکاردەهێنران، لە بەهایان کەم دەکرایەوە و پەراوێز دەخران، بە «نەفرەتلێکراو» بە تێکدان و نائه‌خلاقیی، هتد... تۆمەتبار دەکران.)؛ شێوەکەی تریش ئەو گوتاره تایبەتەی ڕۆشنبیر خۆیەتی کە دەبووە هۆی ئاشکراکردنی جۆره هه‌قیقه‌تێك كه دەبووە هۆی دۆزینەوەی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی تا ئه‌وكات هه‌ستیان پێ نه‌كرابوو. ئەم دوو چێوەى سیاسەتاندنە لێک نامۆ نەبوون، بەڵام هەمانکاتیش هاوکات و رێککەوتیش نەبوون. ڕووخسارێكی ڕۆشنبیری «نەفرەتلێکراو» و ڕووخسارێكی «سۆسیالیست» بوونی هه‌بووه....
درێژەی بابەت لەو بەستەرەدا بخوێننەوە: