uz
Feedback

Firibgarlarga uchmang! Telemetrio bunday kanallarni topadi va belgilaydi 👉 Belgini ko‘rmoqchi bo‘lsangiz, obuna bo‘ling

قەڵەم دار

قەڵەم دار

Kanalga Telegram’da o‘tish

باسەکە قەڵەمی دار نییە..

Ko'proq ko'rsatish
Mamlakat belgilanmaganToif belgilanmagan
288
Obunachilar
Ma'lumot yo'q24 soatlar
+57 kun
+830 kun
Postlar arxiv
بەڕێزان هەرچیتان کردووە وانەی پێنجەم لەدەست مەدەن.. یەکێکە لە هەرە جوانترینەکان .

سووپاس بۆخوا وانەی پێنجەمیش تەواوبوو ، سبەی کۆتا وانەمان ئەبێ ان شاء اللە ، ئەویش قەصیدەی ( عُيونُ المَها ) ئەم وانانەی دانراون جوانترین پارچە شعریەکانی عەلی کوڕی جەهمن " بەڕای من " بۆیە ئەگەر تۆش هەر بەیتێک یان پارچەیێکی عەلی کوڕی جەهمت بەلاوە جوانە و ئەتەوێ ماناکەی بزانیت ، بینێرە ، پشت بەخوا شەرحی ئەکەین..

تەواوکەری وانەی پێنجەم / 🚫
هَل تَملِكونَ لِدينِهِ وَيَقينِهِ وَجَنانِهِ وَبَيانِهِ تَبديلا
ئایە تواناو دەسەڵاتتان هەیە کە باوەڕە پتەوەکەی و ئازایەتی و ڕەوانبێژیەکەی بگۆڕن؟ بێگومان نا..
لَم تَنقُصوهُ وَقَد مَلَكتُم ظُلمَهُ ما النَقصُ إِلّا أَن يَكونَ جَهولا
گەرچی دەسەڵاتتان هەبوو ، وە زوڵمتان لێی کرد ، بەڵام بەم زوڵمە لە بەهای ئەوتان کەم نەکردەوە ، چونکی کەمی و بێ بەهایی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئینسان نەزان و نەفام بێ ، نەک ئەوەی زوڵمی لێ بکرێ..
كادَت تَكونُ مُصيبَةً لَو أَنَّكُم أَوضَحتُمُ ذَنباً عَلَيهِ جَليلا
ئەم سزایە و ئەم زوڵمە ئەوکاتە دەبوو بە کارەسات ، ئەگەر ئێوە بتانتوانیایە تاوانێکی گەورە و ئاشکرای لەسەر بسلەمێنن ( بەڵام مادام بێ تاوانە ، ئەوا ئەم زوڵمە جێی شانازییە )
إِن كانَ سَفَّ إِلى الدَنيئَةِ أَو رَأى غَيرَ الجَميلِ مِن الأُمورِ جَميلا
ئەوکاتە ئەبوو بە موصیبەت کە ئەو خۆی لە بەهای خۆی کەم بکاتەوە و خۆی دابەزێنێتە ئاستێکی نزم ، یان ئەگەر کارە قێزونەکانی بەلاوە جوان بوایە
لَو تَنصِفُ الأَيّامُ لَم تَعثُر بِهِ إِذ كانَ مِن عَثَراتِهِنَّ مُقيلا
ئەگەر ڕۆژگار دادپەروەر بوایە ، ئەوا ئەم پیاوەی نەدەخست ، لەکاتێکدا هەر خۆی بوو کە یارمەتی خەڵکی دەدا و هەڵیدەستاننەوە کاتێک بەهۆی ڕووداوەکانی ڕۆژگارەوە دەکەوتن..
وَلَتَعلَمُنَّ إِذا القُلوبُ تَكَشَّفَت عَنها الأَكِنَّةُ مَن أَضَلُّ سَبيلا
شاعیر لێرەدا هەڕەشە لەو کەسانە ئەکا کە زوڵمیان لێی کردووە و ئەڵێ : وە لە ڕۆژی قیامەتدا کاتێک پەردە لەسەر دڵەکان لادەچێت و ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن ، ئەو کاتە باش دەزانن کێ گومڕایە و ڕێگای هەڵەی گرتۆتە بەر ، من یاخود ئێوە.. ( بەشێک لە هۆکاری زیندانیکردنی عەلی کوڕی جەهم بریتیبوو لەوەی کە عەلی کوڕی جەهم دژی موعتەزیلەکان بوو ، کە لەو سەردەمەدا بەشێوەیکی بەرچاو سەریانهەڵدابوو ، ئیدی ئەم بەیتەش وەکوو هەڕەشەیێکی توند بەکار ئەهێنێ بۆ ئەم گروپە..)

وانەی پێنجەم / 🚫 ئەم پارچەیە یەکێکە لە شاکارەکانی عەلی کوڕی جەهم ، بەهۆی بوونی کێشەی سیاسی و عەقیدەیی ، خەلیفە موتەوەکیل بڕیار دەدا عەلی کوڕی جەهم دوربخاتەوە ، بۆیە دەینێرێ بۆ ناوچەی شاذیاخ لە خۆڕاسان ، وە فەرمان دەکا کە بۆ ماوەی ڕۆژێکی تەواو عەلی کوڕی جەهم بە ڕووتی هەڵبواسن ، تاوەکوو سووک ببێ لەپێش چاوی هەموو کەس ، بۆیە عەلی کوڕی جەهم ئەم قەسیدە نازدارە ئەنوسێ ..
لَم يَنصِبوا بِالشاذِياخِ ضَبيحَةَ الإِ ثنَينِ مَغموراً وَلا مَجهولا
ئەو کەسەی لە بەرەبەیانی دووشەممە لە شاذیاخ هەڵواسرا ، کەسێکی نەناسراو و بێ قەدر نەبوو..
نَصَبوا بَحَمدِ اللَهِ مِلءَ عُيونِهِم شَرَفاً وَمِلءَ صُدورِهِم تَبجيلا
بەڵکوو ئەوەی هەڵواسرا ، سووپاس بۆخوا کەسێک بوو کە شکۆمەندیەکەی چاوەکانی ئەوانیان پڕکردبوو ، وە ڕێز و گەورەییێک بوو کە سنگ و دڵی ئەوانی تەنیبوو ( مەبەستی ئەوەیە بە هەڵواسینم نەیانتوانی نە لەبەرچاوی خەڵکا سووک ببم ، نە توانیان ئەو گەورەییەی من هەمە لە سنگ و دڵیان دەربێنن )
ما اِزدادَ إِلّا رِفعَةً بِنُكولِهِ وَاِزدادَتِ الأَعداءُ عَنهُ نُكولا
وە بەم سزایە ، ئەو پیاوە هیچ شتێکی لێ کەم نەبوو ، بەڵکوو بگرە پێگەو مەقامی زیاتر بەرزبویەوە ، وە دوژمنەکانیشی بەهۆی ئەو خۆڕاگری و شکۆیەوە زیاتر ترسیان بۆ دروست بوو لێی..
هَل كانَ إِلّا اللَيثَ فارَقَ غيلَهُ فَرَأَيتَهُ في مَحمَلٍ مَحمولا
شاعیر لێرەدا پرسیار ئەکاو ئەڵێ: ئەو کەسەی کە هەڵواسرابوو ، ئایە جگە لەوەی وەکوو شێرێک کە دارستان و شوێنی حەوانەوەی جێهێشتووە ، چ شتێک بوو؟ وە بینیت کە لەسەر دارێکا هەڵگیراوە ( مەبەستی ئەوەیە ئەو پیاوە لەهیچ نەدەچوو ، تەنها ئەوە نەبێ کە سەیرت ئەکر وەکوو شێرێک ئەهاتە پێشچاو کە دارستانی جێ هێشتووە و کەوتۆتە دەستی چەند ترسنۆکێک.. )
لا يَأمَنِ الأَعداءُ مِن شَدّاتِهِ شَدّاً يُفَصِّلُ هامَهُم تَفصيلا
دەبا دوژمنان چاک ئاگاداربن و ئەمین نەبن لە هێرشی ئەم شێرە ، و نەڵێن هەڵواسراوە و کۆت و بەند کراوە ، چونکە ڕۆژێک دێ بەجۆرێ هێرش دەکاتە سەریان ، کە کەلـلـە سەریان پارچە پارچە ئەکات ..
ما عابَهُ أَن بُزَّ عَنهُ لِباسُهُ فَالسَيفُ أَهوَلُ ما يُرى مَسلولا
شاعیر لێرە قسە لەگەڵ خۆی ئەکا و ئەڵێ : هیچ زەرەر و زیانێکیان پێ نەگەیاندویت ئەی پیاو ، چونکە بەڕاستی شمشێر کاتێک ترسناکە ، کە لە کالانەکەی دەربێت.. ( ئەم بەیتە جوانترینە بەلامەوە ، مەبەستی شاعیر ئەوەیە شمشێر کە ڕووت ئەبێ ، ئەوکات ترسناکە ، بۆیە کە ئێستا تۆ ڕووتیت ، هیچ زەرەرێکت نەکردووە.. )
إِن يُبتَذَل فَالبَدرُ لا يُزري بِهِ أَن كانَ لَيلَةَ تِمِّهِ مَبذولا
شاعیر دەڵێ ، خۆ ئەگەر بخرێتە بەرچاوی خەڵکی و هەوڵی کەمکردنەوەی بدرێ بەم ڕوتییە ، ئەوا هیچ شتێکی لێ کەم نابێتەوە ، وەکوو مانگی چواردە کە هەموو کەسێ ئەیبینێ و هەر بە گەورەییش ئەمێنێتەوە..
أَو يَسلُبوهُ المالَ يُحزِنُ فَقدُهُ ضَيفاً أَلَمَّ وَطارِقاً وَنَزيلا
وە ئەگەریش پارە و سەروەت و سامانەکەی لێ زەوت بکەن ، ئەو هیچ خەفەتی بۆ ناخوا ، بەڵکوو تەنها ئەو میوان و ڕێبوارانە خەفەتی بۆ دەخۆن کە دەهاتن بۆ لای
أَو يَحبِسوهُ فَلَيسَ يُحبَسُ سائِرٌ مِن شِعرِهِ يَدَعُ العَزيزَ ذَليلا
ئەگەرچی جەستەی زیاندانی بکەن ، بەڵام ناتوانن ئەو شعرانە زیاندانی بکەن کە دەماودەم دەچن و دەگەڕێن ، وە ئەم شعرانە بەجۆرێکن ، کە خەڵکی گەورە و خاوەن پلە ، زەلیل و سووک ئەکا ( مەبەستی شاعیر ئەوەیە بڵێ ، ڕاستە من لە زیندانم ، بەس خۆ شعرەکانم دەتوانن بێنە دەرێ و ئەوانەی ڕوتیان کردمەوە سووک و ڕسوا بکا )
إِنَّ المَصايِبَ ما تَعَدَّت دينَهُ نِعَمٌ وَإِن صَعُبَت عَلَيهِ قَليلا
هەموو بەڵاو موصیبەتەکانی دونیا ، ئەگەر دەست بۆ دین باوەڕی ئینسان نەبەن ، ئەوا لەڕاستیدا بەخشش و نیعمەتن ، جا هەرچەند قورس و زەحمەتیش بن..
وَاللَهُ لَيسَ بِغافِلٍ عَن أَمرِهِ وَكَفى بِرَبِّكَ ناصِراً وَوَكيلا
خوای گەورە هەرگیز لە کاروبارەکانی ئەم بەندەیە بێ ئاگا نییە ، وە هەر خواش بەسە کە پشتیوانی لێبکا و سەرخەری بێ
لَن تَسلُبوهُ وَإِن سَلَبتُم كُلَّ ما خَوَّلتُموهُ وَسامَةً وَقَبولا
ئەگەر هەموو ئەو شتانەشی کە پێشتر پێتان بەخشیبووم لێم بسەننەوە ، ئەوا ناتوانن ڕێز و شکۆ و خۆشەویستم لە خەڵک بسەننەوە ، چونکە ئەوە شتێکە کە چۆتە دڵیان و لێیان جودا نابێتەوە..

وانەی چوارەم / 🚫 ئەم شعرەش هەر لە زینداندا نوسراوە ، کاتێ عەلی کوڕی جەهم زیندانی کرابوو ، ئیدی خۆشەویستەکەی قەرار ئەدا سەردانی بکا ، شاعیریش ئەم دیمەنەی کۆکردۆتەوە لەم چەند بەیتە..
خَليلَيَّ ما لِلحُبِّ يَزدادُ جِدَّةً عَلى الدَهرِ وَالأَيّامُ يَبلى جَديدُها
ئەی هاوڕێکانم ، باشە ئەوە عیشق و خۆشەویستی بۆچی بەتێپەڕبوونی کات هەر زیاد ئەکا و نوێ ئەبێتەوە؟ لەکاتێکدا سروشتی ڕۆژگار وایە کە هەموو شتێکی نوێ و تازە کۆن دەکات و لەناوی ئەبا..
وَما لِعُهودِ الغانِياتِ ذَميمَةً وَلَيلى حَرامٌ أَن تُذَمَّ عُهودُها
وە بۆچی هەمیشە پەیمان و بەڵێنەکانی کچە جوانەکان جێی لۆمەیەو لۆمەیان دەکرێ؟ بەڵام لەیلای من وانییە ، چونکە ئەو بەڕادەیێک وەفادارە کە حەرامە لەسەری پەیمان بەڵێنی لۆمەدار بن.. ( الغانیات ، ئەو کچانەن کە بەڕادەیێک  جوانن ، ئیدی پێویستیان بە خۆ ڕازاندنەوە نییە )
أَلَمَّت وَجُنحُ اللَيلِ مُرخٍ سُدولَهُ وَلِلسِجنِ أَحراسٌ قَليلٌ هُجودُها
لەیلا سەردانی کردم و هات بۆلام ، لەکاتێکدا کە تاریکایی شەو بەتەواوی باڵی کێشابوو ، وە هەروەها پاسەوانانی زیندانەکە بەجۆرێک توندبوون ، کە کەم دەخەوتن و چاوکراوە بوون هەموو کات..
فَقُلتُ لَها أَنّي تَجَشَّمتِ خُطَّةً يُحَرِّجُ أَنفاسَ الرِياحِ وُرودُها
وە کاتێک بینیم پێم وت: باشە تۆ چۆن خۆت خستە نێو ئەم زەحمەتیەوە و چۆن هاتی؟ لەکاتێکدا ئەم زیندانە بەجۆرێکە ، کە حەتتا هەناسەی با ـش ڕێگای پێ نادرێ بێتە ژورەوە.. ( مەبەستی ئەوەیە تەنانەت با ، بە زەحمەت دێتە ژورێ ، تۆ چۆن توانیت بێی؟ )
فَقالَت أَطَعنا الشَوقَ بَعدَ تَجَلُّدٍ وَشَرُّ قُلوبِ العاشِقينَ جَليدُها
ئەویش ( لەیلا ) وتی : دوای ئەوەی زۆر خۆم گرت و چاوەڕێم کرد ، دواجار گوێڕایەڵی خۆشەویستی و عەشقم کرد و هاتم بۆلات ، چونکی بەڕاستی خراپترین دڵی عاشقان ئەو دڵانەن کە بەرامبەر حەسرەت و دووری ناتوێنەوە و تەنگ نابن..
وَأَعلَنتِ الشَكوى وَجالَت دُموعُها عَلى الخَدِّ لَمّا اِلتَفَّ بِالجيدِ جيدُها
ئیدی لەباوەشما دەستی کرد بە سکاڵاکردن و دەردەدڵ ، وە وردە وردە فرمێسکەکانی بەسەر ڕومەتیا ئەهاتنە خوارێ.. ( تێبینی/ شاعیر ئەڵێ گەردنی ئاڵا بە گەردنمەوە ، بەڵام مەبەستی لە باوەشە..)
فَقُلتُ لَها وَالدَمعُ شَتّى طَريقُهُ وَنارُ الهَوى بِالشَوقِ يُذكى وُقودُها
وە کاتێ لەم حاڵەیا بووین فرمێسکەکانمان تێکەڵ بە یەکتری بوون و گڕی عەشقیش زیاتر بەهۆی ئەم حەسرەت و دووریەوە زیاتر گڕی ئەسەند ، بۆیە پێم وت: ( بەیتی دواتر )
إِذا سَلِمَت نَفسُ الحَبيبِ تَشابَهِت صُروفُ اللَيالي سَهلُها وَشَديدُها
ئەگەر دڵدارەکەم سەلامەت بێت و هیچی لێ بەسەر نەیەت ، ئەوا هەموو ڕوداوەکانی دیکەی ئەم دنیایە ، چ خۆش یا ناخۆش ، بەلامەوە وەکوو یەکن و جیاوازیەکیان نییە ، موهیم ئەوەیە تۆ باش بیت. ( دڵی داوەتەوە )
فَلا تَجزَعي إِمّا رَأَيتِ قُيودَهُ فَإِنَّ خَلاخيلَ الرِجالِ قُيودُها
شاعیر لێرە وەسفێکی زۆر نازدار ئەکا و بە لەیلا ئەڵێ : خەم مەخۆ ئەگەر ئەم کەلەپچە و زنجیرانەت بینی ، چونکی ئەگەر ئافرەتان بۆجوانی خڕخاڵ بکەنە قاچیان ، ئەوا خڕخاڵ و جوانکاری پیاوان بریتیە لەو کۆت و بەندانەی کە لەپێناو هەڵوێستدا پێوەی گرێدراون.. #علی_بن_الجهم

ئەم پارچە شعرەش داواکراوە / 🚫 بەگوێرەی سەرچاوەکان ، ئەم پارچە شعرە لە ڕۆژی جەنگی بەدردا نوسراوە ، کە تێیدا موسوڵمانان سەرکەوتن بەسەر بێباوەڕاندا..
أَلا لَيتَ شِعري هَل أَتىٰ أهلَ مَكَّةٍ إبارتُنا الكُفّارَ في ساعَةِ العُسرِ
خۆزگە دەمزانی ئایا هەواڵی ئەوە بە خەڵکی مەککە گەیشتووە یان نا؟ کە ئێمە چۆن لەو ساتە سەختەی جەنگدا کافرەکانمان قڕکرد و لەناومان بردن؟
قَتَلنا سَراةَ القَومِ عِندَ مجالِنا فَلَم يَرجِعوا إِلّا بِقاصِمَةِ الظَّهرِ
لە گۆڕەپانی جەنگەکەماندا گەورە و سەرکردەکانی ئەوانمان کوشت ، و ئەوانەشی کە ڕزگاریان بوو نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ مەککە مەگەر بە دۆڕان و شکستێکەوە کە پشتی شکاندوون و هەرگیز لەبیریان نەچێتەوە..
قَتَلنا أَبا جَهلِ وَعُتبَةَ بَعدَهُ وَشَيبَةَ يكبو لِليَدَين ولِلنَّحرِ
ئێمە ( ئەبوجەهل ) و دواتریش ( عوتبە ) ـمان کوشت  ، هەروەها ( شەیبە) ـشمان کوشت کە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەناو خوێنی خۆیدا دەگەوزی و بەسەر دەست و سینگیدا کەوتبوو..
قتلنا سُويدًا ثمَّ عُتبةَ بعدَهُ وطُعمةَ أيضًا عند ثائرةِ القَترِ
هەروەها ( سوێد ) و پاشان ( عوتبە ) [ ئەمەش هەر یەکێکی دیکەیە بەو ناوە ، واتە دوو عوتبەن..] و ( توعمە ) ـشمان کوشت ، ئەمەش لە ناوەڕاستی تەپوتۆز و غوباری گەرمی جەنگدابوو..
فَكَم قَد قَتَلنا مِن كَريمٍ مُرَزَّءٍ لَهُ حَسَبٌ في قَومِهِ نابِهِ الذِّكرِ
ئێمە چەندین کەسی گەورە و ناودارمان لێ کوشتن کە قەومەکەیان بۆیان دەگریان و بە مەرگیان تووشی کارەسات دەبوون، کەسانێک کە لەناو هۆزەکەیاندا خاوەن پێگەی بەرز و ناوبانگێکی زۆر و درەوشاوە بوون.
تَرَكناهُمُ لِلعاوِياتِ تَنوبُهُم وَيَصلَونَ نارًا بعدُ حاميةَ القَعرِ
لاشەکانیانمان لە مەیدانی جەنگەکەدا جێهێشت بۆ ئەوەی گورگ و ئاژەڵە کێوییەکان بیانخۆن و پارچە پارچەیان بکەن، وە لە دوارۆژیشدا سزاکەیان ئەوەیە دەچنە ناو ئاگرێکی زۆر گەرمەوە کە لە قووڵاییەکەیدا پێی دەسوتێن.
لَعَمركَ ما حامت فوارسُ مالكٍ وأشياعهُم يَومَ اِلتَقَينا عَلىٰ بَدرِ!
جا شاعیر لێرەدا سوێند ئەخوا و ئەڵێ: سەرەڕای ناو و بانگیان ، سوارچاکان و لایەنگرانی هۆزەکان ، نەیانتوانی هیچ بەرگرییەک بکەن و خۆیان بپارێزن ، لەو ڕۆژەی کە لە جەنگی بەدردا ڕووبەڕووی یەکبووینەوە و تێکمانشکاندن.. - سيِّدنا حسّان بن ثابت -رضي الله عنه

َ سەبارەت بە نوسەرەکەی ، زۆرجار دەدرێتە پاڵ المتنبي ، بەڵام ئەمە پێناچێ ڕەئیێکی دروست بێ ، بەڵکوو فیکرەی سەرەکی هی شاعیر علي بن الجهم ـە ، وە لەم سەردەمەشدا بە دەستکاریەوە بڵاوکراوەتەوە لەلایەن کەسانێک ، بۆیە نوسەرە سەرەکیەکەی نادیارە ، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە: - ئەم بەیتانە هی المتنبي نین - فکرەی نوسینەکە هی علي کوڕی جهم ـە ، وە خەڵکانێک لەم سەردەمە بە دەسکاریەوە بڵاویانکردۆتەوە دەقی شعرەکەی علي بن الجهم : أَبلِغ أَخانا تَوَلّى اللَهُ صُحبَتَهُ أَنّي وَإِن كُنتُ لا أَلقاهُ أَلقاهُ وَأَنَّ طَرفِيَ مَوصولٌ بِرُؤيَتِهِ وَإِن تَباعَدَ عَن مَثوايَ مَثواهُ اللَهُ يَعلَمُ أَنّي لَستُ أَذكُرُهُ وَكَيفَ أَذكُرُهُ إِذ لَستُ أَنساهُ .

ئەم پارچەیە داواکراوە / 🚫
ياليته يعلمُ أني لستُ أذكرهُ وكيف اذكرهُ إذ لستُ أنساهُ
شاعیر دەڵێ ، ئەی خۆزگە ئەو دەیزانی کەوا من یادی ناکەم نەک لەبەر ئەوەی فەرامۆشم کردووە و بیرم چۆتەوە ، بەڵکوو لەبەر ئەوەی چۆن چۆنی یادی بکەم لەکاتێکدا لەبیرم نەکردووە و دائیم لەناو فیکر و خەیاڵەکانمە
يامَن توهم أني لستُ أذكرهُ واللهُ يعلم أني لستُ أنساهُ
ئەی ئەو کەسەی وا وەهم و گومان ئەکەیت کە من یادی ناکەم و بیرم نەماوە ، خودا ئەزانێ کە من بیرم نەچۆتەوە و هەر لەبیرمیت..
إن غابَ عني فالروحُ مَسكنهُ مَن يسكنُ الروح كيف القلبُ ينساهُ؟
ئەگەر بە جەستەش لێم دوور بێ کێشە نییە ، چونکە شوێن و مەنزڵگەی ئەو ڕۆحی منە ، وە کەسێک کە لەناو ڕۆحدا نیشتەجێ بێ ، چۆناهی دڵ لێی بێ ئاگا دەبێ و لەبیری دەکا؟

برادەران ، لەو شعرانەی کە دایئەنێین ، هەرچی وشەیێک تێناگەن و ئەتانەوێ ماناکەی بزانن ، پێمان بڵێن ، ان شاء اللە بەشکم بتوانین پێکەوە زۆرترین وشەی عەرەبی لەبەرکەین.. .

داوای شەرحی ئەم چەند بەیتە کراوە..
وَلَقَدْ رَأَيْتُكِ فِي مَنَامِي لَيْلَةً فَنَسِيتُ مَا قَدْ كَانَ مِنْ أَحْزَانِي
شاعیر دەڵێ، شەوێک لە خەونمدا تۆم بینی، ئەو بینینەی تۆ هێندە کاریگەر و دڵخۆشکەر بوو ، کە وای لێکردم هەموو ئەو خەم و ئازارانەی پێشتر بەهۆی دووریی تۆوە هەمبوون، بەتەواوی لەبیرم بچنەوە. واتە تەنیا بینینت لە خەونیشدا، چارەسەری هەموو خەمەکانی کردم.
وَحَسِبْتُ نَوْمِي فِي حُضُورِكِ يَقْظَةً حَتَّى أَفَقْتُ عَلَى فِرَاقٍ ثَانِ
شاعیر هێندە کاریگەر بووە بەو خەونە بۆیە لەناو خەونەکەیدا وای هەست کردووە کە بەڕاستی خەبەرییەتی و یارەکەی لەگەڵدایە ، بەڵام ئەم دڵخۆشییە زۆر ناخایەنێ ، چونکی کاتێک لە خەو ڕادەپەڕێت و دەبینێت کە بەڕاستی لای نییە، بۆیە بەم خەبەربوونەوەیە دەڵێت ( دابڕانی دووەم ) ، چونکە دابڕانی یەکەم لە ژیانی ڕاستەقینەدا بووە، وە ئەمەشیان بینین و بەیەکگەشتی نێو خەونەکە بووە..
لَوْ كُنْتُ أَعْلَمُ أَنَّ الْحُلْمَ يَجْمَعُنَا لَأَغْمَضْتُ طُولَ الدَّهْرِ أَجْفَانِي
شاعیر لێرەدا بەوپەڕی بێ ئومێدیەوە دەڵێ : جا ئەگەر بمزانیایە کە خەون من تۆ بەیەکەوە کۆ ئەکاتەوە و بەیەکمان ئەگەیێنێ ، ئەوا من بە تەواوی عومرم چاوم دادەخست و ئەخەوتم ( تاوەکوو هەر لەگەڵ تۆدا بم ) ..

وانەی سێیەم / 🚫 عەلی کوڕی جەهم ئەم پارچە شعرەی لە زینداندا نوسیوە ، تێیدا باسی حاڵی زیندان و بیرکردنەوەکانی دەکا إِلى اللَهِ
وانەی سێیەم / 🚫 عەلی کوڕی جەهم ئەم پارچە شعرەی لە زینداندا نوسیوە ، تێیدا باسی حاڵی زیندان و بیرکردنەوەکانی دەکا
إِلى اللَهِ فيما نابَنا نَرفَعُ الشَكوى فَفي يَدِهِ كَشفُ الضَرورَةِ وَالبَلوى
تەنها لای خوای گەورە سکاڵای ئەم زیندان و ناخۆشیانە ئەکەین کە بەسەرماندا هاتووە ، وە تەنها لەدەستی ئەودایە کە بتوانێ ئەو بەڵاو موسیبەت و ناخۆشیانەمان لەسەر لابدا و ڕزگارمان بکا
خَرَجنا مِنَ الدُنيا وَنَحنُ مِنَ اَهلِها فَلَسنا مِنَ الأَحياءِ فيها وَلا المَوتى
حاڵی ئێمەی زیندانی بەجۆرێکە کە لە دونیای دەرەوە دابڕاوین و دەرچوینە ، لەکاتێکدا هەر لە دونیاداین ، بەجۆرێک کە نە ئەژین نە ئەمرین..
إِذا جاءَنا السَجّانُ يَوماً لِحاجَةٍ عَجِبنا وَقُلنا جاءَ هذا مِنَ الدُنيا
ئەگەر ڕۆژێک پاسەوانی زیندانەکە بۆ کارێک بێتن ، ئەوا سەرمان دەسوڕمێ و دەڵێین : ئەمە لە دونیاوە هاتووە ( شاعیر دەیەوێ بڵێ زیندان ئەوەندە ناخۆشە وەکوو مردن وایە ، بەجۆرێک کە یەکێ ئەبینن ئەڵێن باوکەڕۆ ئەمە خەڵکی دنیایە..)
وَنَفرَحُ بِالرُؤيا فَجُلَّ حَديثِنا إِذا نَحنُ أَصبَحنا الحَديثُ عَنِ الرُؤيا
وە لە زینداندا هیچ شتێکی نوێ نییە کە دڵمان خۆش بکا ، بۆیە ناچار تەنها بەو خەونانە دڵخۆش دەبین کە لەشەودا دەیانبینین ، وە کاتێکیش بەیانیان هەڵدەستین لەخەو زۆربەی کاتەکانمان بە گێڕانەوەی ئەو خەونانەی بینیومانە دەبەینە سەر..
فَإِن حَسُنَت لَم تَأتِ عَجلى وَأَبطَأَت وَإِن قَبُحَت لَم تَحتَبِس وَأَتَت عَجلى
بەڵام بەداخەوە ئێمەی زیندانی ئەوەندە چارە ڕەشین کە ئەگەر خەونەکە خەونێکی خۆش و باش بێ ، بەخێرایی نایەتەدی دوا دەکەوێ ، بەڵام ئەگەر خەونەکە ناخۆش و ترسناک بێ ، ئەوا ڕاناگیرێ و یەکسەر دێتە دی.. #علی_بن_الجهم

وانەی دووەم / 🚫 شاعیر لەم چەند بەیتەدا ، کۆمەڵێک پێوەر مەزنی و شکۆمەندی ڕوندەکاتەوەم ، وە پێمان دەڵێ کەسانی گەورە و شکۆمەند چ کەسانێکن..
ما الجودُ عَن كَثرَةِ الأَموالِ وَالنَشَبِ وَلا البَلاغَةُ في الإِكثارِ وَالخُطَبِ
نە بەخشندەیی و دەستکراوەیی بە زۆری سەروەت و سامانە ( مەبەستی ئەوەیە ڕەنگە کەسێک هەژار بێت و بەخشندە بێ ) وە نە ڕەوانبێژی و قسەزانی بە زۆر وتن و زۆر بڵێییە..
وَلا الشَجاعَةُ عَن جِسمٍ وَلا جَلَدٍ وَلا الإِمارَةُ إِرثٌ عَن أَبٍ فَأَبِ
وە ئازایەتیش پەیوەندی بە گەورەیی قەبارە و بازوەوە نییە ، هەروەها گەورەیی و بوون بە سەرکردە ، شتێک نییە وەکوو میرات بۆت بمێنێتەوە و بەدەستی بێنی ، بەڵکوو دەبێ خۆت دروستی بکەیت.
لكِنَّها هِمَمٌ أَدَّت إِلى رِفَعٍ وَكُلُّ ذلِكَ طَبعٌ غَيرُ مُكتَسَبِ
وە هەموو ئەو سیفاتانە ( بەخشندەیی - ئازایەتی - سەرکردایەتی )  سەرچاوەکەیان ورە و ئیرادەی ئینسان خۆیەتی ، وە هەموو ئەو سیفاتانەش زۆرجار زگماگین و بە میرات و پلەو پایە بەدەست ناهێنرێن..
فَرُبَّ ذي حَسَبٍ أَودَت صَنايِعُهُ بِهِ وَقَد شَرَّفَت وَغداً بِلا حَسَبِ
زۆر مرۆڤ هەیە خاوەنی بنەچەیێکی بەرز و بە شکۆیە ، بەڵام کارە ناشرینەکانی سووک و ڕیسوای دەکەن ، وە لە بەرامبەریشدا ، کەسانێک دەبینی کە خاوەن هیچ شتێک نین ، بەڵام بە کردەوەکانیان شکۆمەندی گەورەیی بەدەست دەهێنن..
وَرُبَّ مَحمودِ فِعلٍ ما لَهُ حَسَبٌ إِلّا صَنايِعُ جاءَتهُ مِن الأَدَبِ
زۆر کەسیش هەن کە کارو کردەوەی چاکیان هەیە لەنێو خەڵکدا ، سەرەڕای ئەوەی بنەچە و نەسەبێکی بەرزی نییە ، بەڵام بوونی ئەدەب و ڕەوشتەکەی شکۆی بەرز ئەکەنەوە .
فَجَلَّلَتهُ بِعِزٍّ بَعدَ مَخمَلَةٍ وَرَتَّبَتهُ مِنَ الإِفضالِ في الرُتَبِ
بۆیە ئەم کردەوە جوان و ڕەوشتە بەرزانە ، ئەو کەسەیان ڕازاندەوە بە شکۆ و عیززەت ، گەرچی پێشتر نەناسراو و نادیار بوو ، وە بەهۆی چاکەکانیەوە کەیشتە بەرزترین پلەو پایە..
لا تَعجَبَنَّ لِصَرفِ الدَهرِ كَيفَ أَتى فَكُلُّهُ عَجَبٌ يَأوي إِلى عَجَبِ
جا شاعیر لەم بەیتەی کۆتایی نەسیحەتمان ئەکا و ئەڵێ : هەرگیز سەرت نەسوڕمێ بە گۆڕانکاریەکانی ڕۆژگار کە چۆن دێن و چۆن ئەڕۆن ( مەبەستی ئەوەیە پێت سەیر نەبێ کە هەندێ جار کەسێکی بەرز سووک ئەبێ و کەسێکی سادە بە عیززەت ئەبێ ) چونکە سروشتی ڕۆژگار خۆی بریتیە لە کۆمەڵێ ڕوداوی سەیر و غەریب ، کە هەریەکەیان بەدوای ئەوی دیکەیان دێ.. #علی_بن_الجهم

وانەی یەکەم / 🚫 گفتوگۆی نێوان شاعیر و دکتۆرێک..
تَنَكَّرَ حالَ عِلَّتِيَ الطَبيبُ وَقالَ أَرى بِجِسمِكَ ما يَريبُ
پزیشکەکە سەری سوڕما لە نەخۆشیەکەم و وتی: شتێ لەناو جەستەتا ئەبینم کە جێگای گومانە و لێی تێناگەم
جَسَستُ العِرقَ مِنكَ فَدَلَّ جَسّي عَلى أَلَمٍ لَهُ خَبَرٌ عَجيبُ
دەستم خستە سەر دەماری خوێنت و بۆم دەرکەوت کە ئازارێک لەتۆدا هەیە کە شتێکی سەیر و عەجیبە
فَما هذا الَّذي بِكَ هاتِ قُل لي فَكانَ جَوابَهُ مِنّي النَحيبُ
دەی کەواتە پێم بڵێ ئەمە چییە بەسەرت هاتووە و تۆی گەیاندۆتە ئەم حاڵە؟ بەڵام وەڵامی من بۆ پرسیارەکەی تەنها گریانێکی بەکوڵ بوو..
وَقُلتُ أَيا طَبيبُ الهَجرُ دائي وَقَلبي يا طَبيبُ هُوَ الكَئيبُ
پێم وت: دکتۆر دەردی من دووریە لە ئازیزان ، وە دڵم غەمگین و دەردەدارە ( شاعیر مەبەستی ئەوەیە بڵێ : دکتۆر ئەوە دڵی منە نەخۆشە نەوەک جەستەم )
فَحَرَّكَ رَأسَهُ عَجَباً لِقَولي وَقالَ الحُبُّ لَيسَ لَهُ طَبيبُ
پزیشکەکە سەریسوڕما لە قسەکانم و وتی: دەی کەواتە وایە ، خۆشەویستی و عیشق هیچ دەرمانێکی بۆ نییە..
فَأَعجَبَني الَّذي قَد قالَ جِدّاً وَقُلتُ بَلى إِذا رَضِيَ الحَبيبُ
وە منیش ئەم قسەیەم زۆر بەلاوە سەیر بوو ، بۆیە پێم وت : نەخێر وانیە ، چارەسەری هەیە ، چارەسەرەکەشی ئەوەیە کە خۆشەویستەکەم دووبار ئاشت بێتەوە و بگەڕێتەوە لام..
فَقالَ هُوَ الشِفاءُ فَلا تُقَصِّر فَقُلتُ أَجَل وَلكِن لا يُجيبُ
پزیشکەکە وتی : دەی مادام ئەوە ئەزانی ئەوا کەمتەرخەمی مەکەو بچۆ هەوڵی ئاشتکردنەوەی بدە ، وە منیش پێم وت : وایە ، بەڵام چیبکەم کە ئەو وەڵامم ناداتەوە و گرنگیم پێ نادا..
أَلا هَل مُسعِدٌ يَبكي لِشَجوي فَإِنّي هائِمٌ فردٌ غَريبُ
ئایە هیچ کەسێک و هاوخەمێک نییە بگری بۆ ئەو هەموو غەم و پەژارەیەی من؟ چونکی بەڕاستی من کەسێکی تەنیا و سەرگەردان و غەریبم ، و کەسێکم نییە .. #علی_بن_الجهم

ان شاء اللە ئەم دوو سێ ڕۆژە چەند پارچە شعرێکی علي بن الجهم دادەنێین بە شەرحەوە ، بەڵام بەسەریەکەوە نا ، چونکی دەمانەوێ شتەکە سوودی هەبێ و کاریگەریەکەی دیاربێ.. .

لِيَفتَنَّ في صَمتِهِ ناسِكٌ إِذا اِفتَنَّ فيما يَقولُ الوَرى - ابو علاء المعري واتە/ با کەسی گۆشەگیر و دورەپەرێز داهێنان لە
لِيَفتَنَّ في صَمتِهِ ناسِكٌ إِذا اِفتَنَّ فيما يَقولُ الوَرى
- ابو علاء المعري واتە/ با کەسی گۆشەگیر و دورەپەرێز داهێنان لە بێدەنگیەکەیدا بکا ، ئەگەر بینی خەڵکی لە زۆربڵێی و قسەی بێ مانادا داهێنان دەکەن ( بەکورتی ئەڵێ ئەگەر بینیت خەڵکی هەمووی هەر خەریکی قسەی بێ ماناو لابەلان ، تۆ قسە مەکە ، بەڵکوو بێدەنگبە ، ئەمە چاکتر و باشترە کە جێبەجێی بکەیت) وێنەکەش دەستی منی تێدا نییە

ڕیاڵ دۆڕا .

​
مَن يَهُن يَسهُلِ الهَوانُ عَلَيهِ ما لِجُرحٍ بِمَيِّتٍ إيلامُ
- المتنبي ئەڵی ئەوەی زۆرجار شکابێ ئیدی شکانی دیکە ئاسان ئەبن لەسەری ، چونکی جەستەی مردوو بە هیچ برینێکی دیکە ئازاری پێ ناگات.

دوای نزیکەی دوو ساڵ ، بیۆکەمان گۆڕی.. .
دوای نزیکەی دوو ساڵ ، بیۆکەمان گۆڕی.. .

َ جا ئەم بەیتانە دەدرێنە پاڵ چەند کەسێک ، بەهێزترینیان ئەوەیە کە باسمان کرد ، هەندێکیش دەڵێن نەخێر حسان بن ثابت بۆ مەرگی پێغەمبەرمان ﷺ نوسیویەتی ، هەندێکیش دەڵێن هی ابن معتز ـە ... .

دەگێڕنەوە ، ژنێکی دەشتەکی کوڕە تاقانەکەی ئەمرێ ، جا لەناو عەرەب باو بووە هەرکاتێ کەسێکی ئازیزیان لەدەست بدایە شعری لاواندنەوە
دەگێڕنەوە ، ژنێکی دەشتەکی کوڕە تاقانەکەی ئەمرێ ، جا لەناو عەرەب باو بووە هەرکاتێ کەسێکی ئازیزیان لەدەست بدایە شعری لاواندنەوەیان بۆ ئەنوسی ، یاخود رثاء ، بۆیە ئەڵێ:
مَنْ شَاءَ بَعْدَكَ فَلْيَمُتْ فَعَلَيْكَ كُنْتُ أُحَاذِرُ
هەرکەسێ دوای تۆ ئەیەوێ بمرێ ، با بمرێ ، چونکە من تەنها لە مەرگ و لەدەستدانی تۆ دەترسام ، وە تۆ ئێستا کە نەماویت ، ترسی لەدەستدانی هیچ کەسێکی دیکەم نییە
كُنْتَ السَّوَادَ لِنَاظِرِي فَعَمِيَ عَلَيْكَ النَّاظِرُ
ئەتۆ ڕەشایی و بیلبیلەی چاوم بوویت ، بەڵام ئێستا چاوم کوێر بووە لە دووریت بەهۆی ئەم هەموو فرمێسکانەی کە ڕشتومە
لَيْتَ المَنَابِرَ وَالدِّيَارَ مَقَابِرٌ وَحَفَائِرُ
خۆزگە لەدوای تۆ هەموو کۆشک و مینبەر و شار و ئاوەدانیەکان دەبوون بە چاڵ و گۆڕستان ، چونکی دوای تۆ هیچ شتێک مانای نییە..
إِنِّي وَغَيْرِي لَا مَحَالَةَ حَيْثُ صِرْتَ لَصَائِرُ
وە بێگومان من هەموو کەسانی دیکەش چارەیێکمان نییە چارەنوسمان هەمان ئەم شوێنەی تۆیە ( واتا هەموومان هەر ئەمرین و دێین بۆ لای تۆ ) وێنەکەش خۆم و شعرەکانمین..