سیاسەتی کورد و داهاتووی ئێران
کەس ناتوانێ بە دڵنیاییەوە بڵێ مەبەستی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو دەمارگرژی و فشارهێنانە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، گۆڕانی خێرای ڕێژیمە و بە زوویی ئاڵوگۆڕێکی وا لە ئێراندا ڕوو دەدا کە هەندێ کەس دڵی پێخۆشدەکەن، لەوانەیە ئەو هەڕەشەو شەڕەقسانە ئامانجی تریان لە پشت بێ و سەرەڕای هەموو ناکۆکی و ئابڵووقەکان، بۆ ساڵەها ئەو دۆخە هەروا بمێنێتەوە و تەنیا فشارەکان لەسەر خەڵک هەربێت و زیاتر کا، ئەگەرچی مەرجیش نییە هەر بەیانی هێچ شتێکی نەخوازراو ڕوونەدا و لافاوێکی وا ڕێنەکەوێ کە بەجارێ هەمووشتێ لەگەڵ خۆی ڕاماڵێ. بەڵام ئەگەریش گۆڕانێکی وا هەرئێستا لەئارادابێ من پێموایە کورد لە ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ چوار شەڕی گەورەو مەترسیداردایە کە دەبێ خۆی لەو شەڕانە لابدا.
یەکەم شەڕی ئەمریکا و ڕۆژاوا لەگەڵ ئێرانە کە من پێموایە کوردی ڕۆژهەڵات بەهیچ شێوە نابێ بچێتە بەرەی شەڕی دژی ئیرانەوە و ببێتە سەربازی پیادە و بێ منەتی ئەو وڵاتانە، چون ئەگەر بڕیار شەڕێکی وایش ڕووبدا بە بێ کوردیش هەر دەکرێ و ڕۆژاوایش قەت یەکپارچەیی و بەرژەوەندی ئێرانی فیدای بەرژەوەندی کورد ناکا، بەپێچەوانەوە کورد بۆ داهاتوو تەنیا ڕق و دوژمنایەتی ئێرانییەکانی بۆ دەمێنێتەوە.
شەڕی دووهەم شەڕی کورد لەگەڵ دەوڵەتی داهاتوودایه، ئەگەر گریمان ئەو حوکمەتە بڕوا و حوکمەتێکی تازە بێته سەرکار، پێموایە کورد بەهیچ شێوە نابێ ئەزموونی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی دووپات کاتەوە و نابێ لەگەڵ حوکمەتی ناوەندی تووشی شەڕی چەکداری ببێ ـ بەبێ ئەوەی بمەوێ بڵێم سەرهەڵدانی شەڕ لە کوردستان لەو ساڵانەدا خەتای کورد و حێزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بووە ـ چون لەو شەڕەشدا کورد بەهیچ شێوە براوە نابێ و تەنیا بەرەیەکی گەورە لە ئێرانییەکان لە بەرامبەری خۆیدا دەبینێتەوە.
شەڕی سێهەم شەڕی ئیتنیکی مەزهەبییە کە بە بڕوای من کورد دەبێ بە جددی هەوڵ بدا خۆی لەو شەڕە بەتایبەت شەڕ لەگەڵ تورکەکان کە لە دراوسێتیماندان لابدا چون لەو شەڕەشدا بە هیچ شێوە کورد براوە نییە، ساڵەهای ساڵە هەر حوکمەتێک دێتە سەرکار، تورک بە نێزیک بوونەوە و یەکگرتن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی هەڵدەکەنە سەر ئێمە و دەمانکوژن وئێمەش هیچمان لەدەست نایە بۆیە دەڵێم تا زەمانێ کە هێز و دەسەڵاتمان نییە دەبێ بە جددی بیر لە گۆڕینی ئەو جۆگەیە بکەینەوە کە خوێنمانی پێدا دەڕوا!
شەڕی چوارەم کە بەجۆرێک ڕەنگە گرنگتریش بێ لە هەمووان شەڕی ناوخۆیە، مەبەستم هەم شەڕی نێوان حیزبەکانە هەم شەڕ و ناکۆکی نێوان ڕۆشنبیر و نوخبەکان کە هەرکام لەحاستی خۆیەوە بەجۆرێ دەتوانێ ئەویتر بە خوێڕیگەری و خەیانەت تۆمەتبار کا لەجێی ئەوە کە وزەو توانامان سەرفی دامەزرانی بنچینە گرنگە ناوخۆییەکان کا و ئامادەمان کا بۆ کەڵک گرتن لە هەلە مێژووییەکانی داهاتوو، کە ئیتر ئەمجار کەسمان لەکەس براوە نابێ. ئەم داستانە هەروا درێژەی هەیە...