cookie

Utilizamos cookies para mejorar tu experiencia de navegación. Al hacer clic en "Aceptar todo", aceptas el uso de cookies.

avatar

چیرۆک و بەسەرهات

@barzegar96 نووسەر @Story1365 ئەدمین چیرۆکەکانم،گەڕانەوەیە،بۆ دیوەخان،بۆ لای ڕان،بۆ سەر کانی،بۆ خەرمان.گەڕانەوەیە بۆ سەیرێکی پێکەنینی بەر دەلاقەی ئێواران. گەڕانەوەیە بۆ بەزم و خۆشی سەر بان.بۆ بیستنی دەنگی گورێ گورێی سەر کۆڵان!

Mostrar más
Irán63 839El idioma no está especificadoReligión y espiritualidad29 365
Publicaciones publicitarias
3 033
Suscriptores
-924 horas
+787 días
+13530 días

Carga de datos en curso...

Tasa de crecimiento de suscriptores

Carga de datos en curso...

نەتبینم ڕۆژێ هۆنراوەی : جەبار حەبیب زەکەریا عەبدوڵڵا
Mostrar todo...
4
گۆرانی و کلیپی کوردی
چیرۆک و بەسەرهات
چیرۆکی منداڵان
ئیجازەگرتن بەشی۹ مامۆ جافر، سوارێکی نارد بۆ ماڵ خاڵۆ سەیفە و هەواڵ مردنی مامە فەیزەی پێ ڕاگەیاند.  سەلما بە بیستنی دنیای لێ تاریک بوو.  زانی زەماوەنەکەی چوار پێنج مانگ دوا ئەکەوێت! چاوبەگریان چوو بۆ سەرتەنوور. ماوەیەک گریا. فریشتەی براژنی بەو حاڵەی زانی! - باشە ئەوە بۆ چی ئەگری؟ ناشێ بۆ مردن مامە فەیزە عازیەتی نەگریت؟! - نەوەڵڵا کورە عازیەتی چی؟ بۆ ناوچاوەکەی خۆم دڵم پڕە! بەم حاڵەحاڵە زەماوەن ناکرێت! - بڕوا ناکەم زۆر دوای بخەن. کورە خۆ برای باوکیان نییە! بەیانییەکەی خاڵۆ سەیفە و هەشت نۆ سوار، چوون بۆ پرسەی مامە فەیزە. نازانی غاڵب چۆن خۆێ هەوڵ کردبوو. چاروای ئەبردە سەر ئاخۆر. پێڵاوی جووت  ئەکرد. کات نان و چایی نیوەڕۆ، ئەیزانی خەزوورەی و هاوڕێکانی لە دیوەخان ماڵ مامۆی دانیشتوون. زوو زوو هاواری ئەکرد: - ئەو سفرە و نانە بێنن. عیبە برا! ئەو میوانانە لە ڕێگەی دورەوە هاتوون! دوای نان نیوەڕۆ، کاتێ سەر حەوزیان دا. بۆ ئەفتاوە پڕ کردن وەک ئاوڕۆشنۆکەرە، ئەهات و ئەچوو! پاش دوو مانگ پرسە کۆتایی پێ هات. ئێوارەیەک غالب داوای لە براژن چیمەنی کرد لەگەل باوکی سەبارەت بە زەماوەند وتووێژ بکات. چیمەن کردییە جواب: - بەسەر چاو بەڵام لەوەناچێ خاڵۆم ڕازی بێت. هێشتا تاق و تەرا پرسەکەر ماوە. ماڵ مامە فەیزە عازیەتبارن. خەڵک ئاوایش بۆ شکاندن عازێەتی تەمایەر ئەوانن. پەلە مەکە بزانین چۆنەبێت! ئێوارەیەک لە مزگەوت، مەلا حامید  ڕووی کردە مامۆ جافر و وتی: - هەر چەن عەزیەتە شەو تەشریف بێنە با تاوێ بڕۆین بۆ لای مامۆژن حەلاو و مناڵەکانی. بەشکم عازیەتی بشکێنن. - قوربان من نایەم. ئەترسم دوایی ببێت بە داستان وا بزانن پەلەی زەماوەنەکەی غالبمە! مامۆستا و مامۆ حەمەخان و حاجیژن چوون بۆ ماڵ مامە فەیزە.  پاش بەخێرهاتن مامۆستا وتی: - مامۆژن گیان، مامە فەیزە گەورەی گلایەکمان بوو. خوا عەفوویی کات. یا خوا ئیمشەوی لە هەموو شەوێ خۆشتر بێت. مامۆژن و کچەکان بانگیان هەڵدا. - شوکر بۆ خوا مامە بە ڕێز و ئێحترامۆ فەوتی کرد. دوکەڵی نەچووە چاو کەس. ئەبێت گشتمان دۆعامان ئەوە بێت، خوای گیان کز و لارەمل ناو جێگەمان نەخات. من و مامۆ حەمەخان و حاجیژن هاتینە خزمەتتان. عازیەتی و ڕەشپۆشی گوناحبارییە. لە قسەمان دەر مەچن و عازیەتی بشکێنن! @noman_barzegar یەکێ لە کچەکان بە گریانەوە وتی: - تا  ڕوژێ کە ماوم عازیەتی باوکم ناشکێنم. ئای باوک خاسم ڕۆ. گەورەی ئاواییم ڕۆ. ژوورنشین مجلیسم ڕۆ! حاجیژن دەستی گرت: - کچەکەم گشتمان ئەمرین. من دوای حاجی چیم پێ کرا؟ کۆڕم جوانەمەرگ بوو چیم لە دەست هات؟ ئەبێت بە بەش خوا ڕازی بین. مامۆستا چوار دانە باتری لە گیرفانی دەرهێنا و خستیە ناو ڕادیۆکە و هەڵی کرد. مامۆ حەمەخان تۆڕ سەر عەکسەکانی لابرد و لە سەرەشۆرگە، ڕیش ڕەحیمی تاشی! حاجیژن ، مامۆژن و کچەکانی برد بۆ ماڵەخواروو خەنە بگرێتە سەریان! لە کۆتاییدا بڕیار درا ڕەحیم ماڵ بە ماڵ بگەڕێت و داوایان لێ بکات عازیەتی بشکێنن! خەڵک ئاوایی ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێ کرد. ژن خەنەی گرت. ماڵیان ناویەوە. پیاوەکان ڕیشیان تاشی و ڕادیۆیان کردەوە. بەڵام کەس ڕووی نەبوو دەنگ گۆرانی زۆر بکات! شەوێ چیمەن لە کات نان ئێوارە وتی: - خاڵۆ گیان با لەمە زیاتر زەماوەن نەکەوێتە دواوە. - با شەوێ بڕۆین بۆ لای مامۆژنە حەلاو ئیجازەیان لێ بگرین. ئێمە هاوسێین. حەز ناکەم دڵیان گەرد بگرێت! شەوی چوون بۆ ماڵیان. ماموژنە عەینا لە درگای حەوش تا دیوەخان مامە فەیزەی لاواندەوە و گریا! کچەکان چوونە ژێر باڵی. لە دیوەخان دانیشتن. - مامۆژن گیان خۆتەزانی غالب نۆکەرت دەزگیراندارە. ئەو ڕۆژە مامە فەیزە لە دنیا دەرچوو قەرار بوو بڕۆم بۆ شانشین ماین بووک پەیا کەم. ئەگەر ئیجازە بفەرموون، بەیانی و دووبەیانی بڕۆینە سەر وەخت کارەکەمانۆ! مامۆژن حەلاو وتی: - یا خوا بە خێر بێن. زەحمەتتان کێشا. ئەبمە قوربان هاتنەکەتان! تۆ خوا بۆ چی ئێمەتان خەجاڵەت کرد؟ جافر گیان غالب تۆفیری نییە وەسە کوڕەکان خۆم. لە بەیانی زووتر نییە کارەکەتان ڕێخەن. ئامان باش نییە کار خێر دوا بکەوێت.  بە  ئەرواح باوک هەردووکمان و قەبرەی فەیزە ڕۆژ  زەماوەن،  بێ دەعوەتی خۆم تێم. ئەو شەوە خەوتن. بەیانی مامە جافر سوار بوو و چوو بۆ ئاوایی شانشین. پرساپرسا ماڵ ئەمین و سەمین خاڵۆ حاجی پەیا کرد. خوا هەڵناگرێ ئەمین هات بۆ پێشواز. دەست مامۆی زیارەت کرد. لەغاو هێسری لێ گرت و بردی بۆ سەر ئاخوڕ. کا سەمین ڕەشتیەکەی هەڵگرت و هاتە بەر درگا. سڵاو و دەست و مشتاق و بەخێرهاتنی کرد. کا سەمین بە چاوی ئیشارەیەکی کرد لە ئەمین برای و خوڵک مامۆی کرد بۆ دیوەخان. کۆتایی بەشی ۹ #سید_نعمان_برزگر #نەعمان_بەرزگەر 🚫کۆپی کردن،بە بێ ئاماژەدان بە ناوی نووسەر و دانانی لینکی کەناڵ، قەدەغەیە. ▪️چیرۆک و بەسەرهات @noman_barzegar https://s8.uupload.ir/files/inshot_۲۰۲۴۰۵۱۹_۰۰۰۰۰۶۸۶۱_lnp5.jpg
Mostrar todo...

👍 10 9
مەلە جوانەکەی سەر داری کانی حوسێن شەریفی
Mostrar todo...
8
گۆرانی و کلیپی کوردی
چیرۆک و بەسەرهات
چیرۆکی منداڵان
ئیجازەگرتن بەشی۸ عەسر، مەلا حامید بەپەلە چوو بۆ ماڵ مامە فەیزە. غالب دڵی داکەوت. - خۆم ڕۆ ! مامۆ فەیزە نەمرێت؟! ئەگەر بمرێت ئیمساڵ زەماوەندم بۆ ناکرێت! هاتەوە بۆ ماڵەوە. باوکی بانگ کرد: - مامۆستا بە پەلە چوو بۆ ماڵ مامە فەیزە. لەوانەیە یاسینی بخوێنێت! مامۆ جافر ڕەشتییەکەی بەستە سەریەوە و ڕێگەی ماڵ مامە فەیزەی گرتە بەر. غالبیش دوای کەوت. ئەی هاوار مامە ڕەنگ مردوویی لێ نیشتووە! مەلا حامید  دەستی پێ کرد: - بسم اللە الرحمن الرحیم. غالب لە دڵ خۆیەوە وتی: -براڕۆ! - یاسین - تۆ بڕوا ئەو ناوچاوە؟! -و القران الحکیم انک لمن المرسلین...." سەری بەرز کردەوە و چەن جار داوای لە خوا کرد مامە فەیزە هیچی لێ نەیەت. ماڵولای ئاوایی ڕژانە دیوەخان. لە هیچ نەبوو حاجیژن مەلێ دەستی بە لاواندنەوە کرد: - برای سوارخاسم ڕۆ!  کەیخوای ئاواییم! ئەو وتی و ژن ئاوایی گریان! غالب لە ناڕەحەتیدا خەریک بوو شێت ببێت. -  ئاخ حاجیژن! بۆ خاتر خوا واز بێنە. پاش کۆتایی یاسین، مامۆستا ڕووی کردە جەماعەت و وتی: - خەڵکینە، خوا لە قەومی و هاوسێیی کەمتان نەکات. ڕەحمەت لە باوک و دایکتان جەنجاڵی مەکەن. فەرموو با بڕۆینەوە و دەوری چۆڵ کەین. وتیان:" شەریک ڕەحمەت بیت." غالب دڵی لە مشتیا بوو. ئەو شەوە مێڵاک نان و چایی نەکرد. تا بەیانی خەو نەچووە چاوی. چەن خولەک جارێ بۆ دەلاقەی دیوەخان ماڵ مامە فەیزەی ئەڕوانی. اللە و ناو خوای بوو بەشکم تا دوای زەماونەکەی نەمرێت! بەیانی لەسەر سفرەی نان بەیانی، براژنە چیمەن ڕووانی بۆ غالب و وتی: - دماخت نییە؟ نەخۆش نیت؟ کورە خەمی مەخۆ ئەوە زۆر  بێت ماینە. خاڵۆم سەردانێ شانشین بکات بێدڵی ناکەن. تالب وتی: - ئیمانمان نەچێت ئەترسێ مامە فەیزە بمرێت. مامۆژنە عەینا بۆ ناوچاو غالبی ڕووانی: - ئەم کوڕان منە چەنێ داماون. هێشتا زەماوەن نەکراوە داری لە دەست خۆی داخستووە! چوار ڕۆژتر ناو ماڵی بۆ گسک ئەدات. جل و جێگە دەق ئەکات. خوا عالمە هاکا بەسەر قاپێکەوە نانیان خوارد! وەڵڵا برا ئاخرزەمانە! قورئان بە حەق و مانات ڕۆژگارێ  خراپە! زەمان ئێمه کەی وابوو؟! مامۆ جافر تووڕە بوو: - عەینا کەم دەمەدەمێ بکە! ماڵەکەی باوکتم ئاوەدان کردۆ، ئەم هەموو قسە چییە؟ بۆ نایەڵێ نانەکەمان بخۆین؟ -  دەمەدەمێ ناکەم! داخم تێت ئەبن بە کەر ژنەکانیان! تالب! داخ تالب خۆش نابێت. تا من کولێرەم ئەکرد سەعاتی فوویی لێ ئەکرد و بە پڵتۆک ئەیتەکاند. ئیستە چیمەن کولێرەی ڕەق و فەتیرەی بۆ ئەکات وەک هار ئەیخوات. شەڵا هەر ئەوە بوایەت بە خوا بە چاو خۆم دیم لە گەوڕ گاکان دەستی خستە سەرشانی. وڵڵا حەیا و حورمەت نەماوە! - ژنەکە بیکە خاتر خوا بەسیکە. چیمەن ڕۆڵە بڕێ نان و پێخۆرم بۆ بپێچەرۆ. بزانم ناڕۆم تا ئاوایی شانشین!! تا ناو شانشین برا، غالب دڵی خۆش بوو. پەلاماری ئەدا بۆ کولێرە ئەتوت لە قاتی و قڕی ڕزگاری بووە! دوایی چوو بۆ گەوڕ و هێسر ڕەشی کۆپان کرد و لەسەر ئاخوڕ بەر درگا بەستیەوە. مامۆ جافر چارەکەی بەستە پشت.  هێسری لەغاو کرد و سوار بوو. ویستی پێی لێ بدات، دەنگ باوکەڕۆ و براڕۆ ئاوایی گرت. ئەی هاوار! مامە فەیزە لە دنیا دەچوو. ئاوایی بوو بە خوڵوو. پڕ درگای ماڵیان بوو لە خەڵک. گەورە و بچووک ئاوایی ڕژانە ئەوێ. غالب بە دڵێکی پڕ لە خەم، کۆپان هێسری گرتەوە. لەغاوەکەی لە دەمی داکەند و گەڕاندیەوە بۆ گەوڕ! مامۆژنە عەینا چیمەنی بانگ کرد: - ڕۆڵە ئەو کراسە سوورتە داکەنە. خۆ زەماوەن باوکت نییە! - کامەیە کراس سوور؟ تەنیا گوڵەکانی سوورە. تەختەکەی ڕەشە. - ئای لە ژن ئەم زەمانە. بڕۆ بیگۆڕە ئابڕوومان مەبە. ئامان حەیدەر نەبەیت بۆ ناو گریان و شیوەن! کوڕەکە ئەترسێ. حەوت قورئان لە بەینا بێت، لە پرسانەکەی حاجی،کوڕێ جەلال نەخۆش کەوت و مرد. کەس نەیزانی بەر چاو و چڵە کەوت یان خۆی دیقی کرد! ئەو زەمانە وەک ئیسە پرسانە دوو ڕۆژ و سێ ڕۆژ نەبوو. ئاوایی بوو پاش دوو حەفتە هەواڵ مردنیان ئەزانی و ئەهاتن بۆ سەرەخۆشی. بوو لەوە دێرتریش ئەیزانی. من بیستوومە کەسێ پاییز  مردووە، دوای نەورۆز پرسەکەری هاتووە. هەموو بەیانیەک حەیوان سەر ئەبڕا و تیانە سوار ئەکرا . سێ ژەمە نان و چایی ئەخورا. هەڵبەت خەڵکیش بە دەست بەتاڵ نەئەهاتن. زۆربەی خەڵک سەرێ حەیوان یان قەن و برنجیان ئەهێنا.  کاتێ میوان ئەهاتە ئاوایی، دوو پیاو دیارییەکەی لە دەستیان ئەگرت! دوو سێ ژن چێشتیان درووست ئەکرد. چوار پێنجێ کاسە و کەوچکیان ئەشورد. لە هەموو ناخۆشتر ئەوە بوو قاپ و جامۆڵەی خەڵک تێکەڵاو نەبن. دوایی جیاکردنەوەیان زۆر سەخت بوو. بڕێ کات بە نووسین پشت شتەکانیان دیاری ئەکرد!! ماوەی یەک حەفتە لەبەر پرسەکەر ڕێگەی ڕێگەدار نەبوو! کۆتایی بەشی ۸ #سید_نعمان_برزگر #نەعمان_بەرزگەر 🚫کۆپی کردن،بە بێ ئاماژەدان بە ناوی نووسەر و دانانی لینکی کەناڵ، قەدەغەیە. ▪️چیرۆک و بەسەرهات @noman_barzegar https://s8.uupload.ir/files/inshot_۲۰۲۴۰۵۱۷_۲۳۳۶۳۴۲۵۰_g0ro.jpg
Mostrar todo...

11👍 5
پرسیار دانا غەنی
Mostrar todo...
6👍 1
گۆرانی و کلیپی کوردی
چیرۆک و بەسەرهات
چیرۆکی منداڵان
ئیجازەگرتن بەشی۷ مامۆ جافر شەوێ لەوێ ماوە و بەیانیەکەی گەڕاوە بۆ ئاوایی. پاش دوو حەفتە، تالب و جەمیل مامۆ حەمەخانی نارد. خوا هەڵناگرێ خاڵۆ جافر وتی:" من لە حەنای مامۆ حەمەخان و مناڵی خاوەن ماڵ و خاوەن زەماوەن نیم. خۆتان چۆنتان پێ خۆشە با وا بێت." خاڵۆژنیش پشت خاڵۆی گرت و وتی:" بڕوبیانوو، خێرێکی تیا نییە. تەنها کچەکە لە ماڵەخەزوورانی سووک ئەکات." شەریف هاواری لێ بەرزەوە بوو: - ئەو قسانە چییە؟ خۆ منیش خوشکم بە سووکی نانێرم بۆ ماڵ ئەوان! جەمیل کردییە جواب: - کاکە شەریف گیان تووڕەیی ناوێت. تۆ بفەرموو ئێمە چی بکەین؟ -  ئێوارەی بەر لە زەماوەن، حاجی سەی عەباس تەشریف بێنێت و ماڕەی ببڕێت. شەوەکەی برازاوا لە ماڵ ئێمە ئەخەوێت و بەیانی زوو بووک ڕێ ئەخەین. تالب بە دەنگ بەرز وتی: - هەزار سەڵوات بۆ ڕۆحی پاکی پێغەمبەر گیان. جەماعەت:" صلی الله علیه و سلم." پاشان ڕووی کردە شەریف: - برا قسە لە ئەوەڵەوە خۆشە. ڕەحمەت لە قەبرت قەدیمی، شەڕ لە شێف و ئاشتی لە خەرمان. ئادەی چی بێرین و چۆن بووک ڕێ ئەخەن! - دوو عەدڵ خەت سوور برنج. دوو سەر شەک تەڵ و چەور. خیگەیەک ڕۆن. یەک کیلۆ چایی وشک بنێرن.دوو ژن بۆ چێشت لێنان و دوو کوڕ بۆ بەردەستیان. دوانیش بۆ چایی تێکردن. وەها سوار بن بۆ چاشت لێرا بن. با فریا بکەون حەیوانەکان سەر ببڕن و ناوسکەکەی بۆ نیوەڕۆی ئێمە و خۆیان ئامادە بکەن. @noman_barzegar - بە سەر چاو. ئەی بۆ چاروای بووک چی بکەین؟ خۆمان دوو هێسرمان هەیە. ماڵ مامۆم ئەسپێ باشیان هەیە. کامیان باشە؟ - یانێ ئێوە ئەتانەوەی کچەکەی ئێمە بە هێسر و ئەسپ ببەن؟ نەوەڵا ماینێکی باش بە زینەوە بێنن. - بە گیان براییمان کەس لە ئاوایی ماینی نییە! - ئەوە کێشەی من نییە.  کۆتا بڕیارم ئەمەیە، ڕۆژ زەماوەند ماین نەبێت، بووک نادەمە دەستەوە! لەمە زیاتر لەسەری مەچن با دڵێشان درووست نەبێت. خاڵۆ سەیفە و خێزانی هاوارێکی زۆریان کرد. بەڵام کەس نەیتوانی شەریف ڕازی بکات. سەلما لە پێشخان فەقیانەی کراسەکەی فریشتەی براژنی گرت و وتی: - براژن گیان! کاکەم لە قسەی تۆ دەرناچێت. بەشکم ڕازی بکەی واز لەم بیانووە بێنێت! فریشتە کردیە جواب: - ئەگەر پێش تر بمزانیایەت داوای ماین ئەکات، پەشیمانم ئەکردەوە. تازە قسەکەی کردووە. پێم خۆش نییە بخواتە عەرز!  کورە جا ئەوەی  زۆر بێت ماینە. خۆ کۆتایی دنیا نییە! بەیانیەکەی جەمیل و تالب گەڕانەوە بۆ ئاوایی. هەر لە دوورەوە مامۆ جافر پرسی:" شێرن یان ڕێوی؟" جەمیل پێکەنی و وتی:" با دابەزین و وڵاخەکان ببەینە گەوڕ. جا بە تاقەت لە دیوەخان قسەی لێ ئەکەین!" غالب وەک لافاو بەهار لەسەردا هات و  هەوسار هێسرەکانی گرت و وتی:" ئێوە فەرموون بڕۆنە ماڵەوە. خۆم وڵاخەکان ئەبەم!" سەرێ حەوزیان دا و گەڕانەوە بۆ دیوەخان. پاش بەخێرهاتنەوە و دەورێ چایی، مامۆ پرسی: - ئەرێ جەمیل ڕۆڵە دەنگ و باس؟ - وەڵڵا مامۆ گیان درۆت عەرز نەکەم شەریف وتی: "دوو عەدڵ خەت سوور برنج. دوو سەر شەک تەڵ و چەور. خیگەیەک ڕۆن. یەک کیلۆ چایی وشک بێرن.دوو ژن بۆ چێشت لێنان و دوو کوڕ بۆ بەردەستی. دوانیش بۆ چایی تێکردن. وەها سوار بن بۆ چاشت لێرا بن. با فریا بکەون حەیوانەکان سەر ببڕن و ناوسکەکەی بۆ نیوەڕۆی ئێمە و خۆیان ئامادە بکەن." - یاخوا بە خێر بێنۆ. خوا یار بێت هەمووی ئەنێرم نایەڵم کەم و کەسری ببێت! تالب وتی: - ئامادە کردن ئەو شتانە ئاسانە. بەلام شەریف بۆ چاروای بووک داوای ماین ئەکات! مامۆ بە کزێکەوە وتی: - ئای بە زات خوا ماین دەست ناکەوێت. خۆمان نیمانە. خەڵک ئاوایش تا ئەو جێگەی من ئاگادار بم تەنها ماڵ خەڵیفە بوویان. دە شەو لەمەوبەر فرۆشتی. غالب هێسرەکانی برد بۆ گەوڕ و خۆی گەڕاوە بۆ دیوەخان. کاتێ باس ماینی بیست، دڵی گیرا و زۆر ناڕەحەت بوو. ئەیزانی بەو ئاسانییە ناتوانن پەیای بکەن! بەخێر هاتنەوەی کاکەی و جەمیلی کرد و بێدەنگ دانیشت. مامۆ نیوەڕۆ لەبەر مزگەوت، هەواڵ ماینی پرسی. بەڵکوو کەسێ بزانێ لە کوێ دەست ئەکەوێ. مامۆ خەڵیفە وتی:" وەڵڵا ئێمە بوومان. سەرکار کاشفی دڵی لێی چوو. سەندی و بردی." مامۆ حەمەخان باوک جەمیل وتی: - جا ماینت بۆ چییە؟ هەر کارێکت هەیە ئەسپەڕەش من ببە. ماشەڵڵا چەپۆک لە هەسێرە ئەکوتێ. ئەمڕا لە شار دەسێ زین و لەغاو تازم هێناوە، کوڕی گەرەک بیگەڕێنێت! - شەریف خاڵۆ سەیفە بۆ چاروای بووک داوای ماینی کردووە. نازانم چی بکەین؟! ئێوە بزانن لەم دەورخۆمانە کێ ماینی هەیە؟!! عەباس حاجی وتی: - من بزانم خزمەکان شانشین دایمە چاروای باشیان هەیە. بڕۆ بەشکم لەوێ کێشەکەت چارەسەر ببێت! مامۆ جافر سەرەتا ویستی یەکێ لە کوڕەکان بنێرێت، دوایی بڕیاری دا خۆی بڕوات! کۆتایی بەشی۷ #سید_نعمان_برزگر #نەعمان_بەرزگەر 🚫کۆپی کردن،بە بێ ئاماژەدان بە ناوی نووسەر و دانانی لینکی کەناڵ، قەدەغەیە. ▪️چیرۆک و بەسەرهات @noman_barzegar https://s8.uupload.ir/files/inshot_۲۰۲۴۰۵۱۷_۲۲۰۲۴۱۵۰۳_tfe9.jpg
Mostrar todo...

14👍 4
سڵاو میکائیل
Mostrar todo...
6
گۆرانی و کلیپی کوردی
چیرۆک و بەسەرهات
چیرۆکی منداڵان
ئیجازەگرتن بەشی٦ لەولاوە شەریف گڕی گرت: - تۆ خوا باوە ئەوە بە ڕاستە؟ مارەبڕینی چی؟ هەوەڵ شەو نەموت با تەونەکەی تەواو بکات؟ دەی بە خوا بەش دوو مانگی ماوە! ئەوە بوو مامۆژن و غالب هاتن بۆ سەردان چوار ڕوژ نەچووە سەری. ماڵ خاڵۆیشم هاتن دیسان یەک حەفتە دەرفەتی تەونکردنی نەبوو! خاڵۆ کردیە جواب: - کورە فریشتە تەواوی ئەکات. خۆ ئایەی قورئان نییە ئەشێ سەلما بیبڕێت! مامۆ جافر وتی: - ڕاسەکەی کاکە شەریف گیان. قسەکەت فەرمایشتە. بەڵام چوار ڕۆژی تر بەفر و سەرمایە ڕێگە و بانمان لێ ئەگیرێت. سۆزی میوانێ برازاوا لە سەرما ڕەق ببێتۆ، حەیامان ئەچێت! بە گیان براییمان نەمزانی تەونەکەی ماسی دەرهەمە و زۆری پێ ئەچێت! - مامۆ  گیان. یا خوا بە خێر بێت. پاو و پێڵاوت بەسەر هەر دوو چاوم. بەڵام ئامان تکای ئەوەم لێ  مەکە! بە خوا سەی بابە عەلی  ببێت بە تکاکار، نایەڵم. خاڵۆژن ڕووی کردە شەریف: - ڕۆڵە مامۆ جافر بە ڕیش سپیەوە ئەم ڕێگەی دوورەی گرتوەتە بەر. دڵی مەشکێنە! - دایە تۆ قسە مەکە. بە تۆ بوایەت، غالب ئێوارە و بەیانی لە دیوەخان، خەریک چایی خواردن بوو. ئێژی کەس زاوای نییە تۆ نەبێت.  خاڵۆ سەیفە و کەیبانۆی زۆریان وت. کە چی شەریف لەسەر بەزم خۆی بوو! مامۆ جافر ئەو شەوە دانیشت و بەیانیەکەی گەڕاوە بۆ ماڵەوە. بڕیار وابوو هەر کات تەونەکەی بڕی، بە کەسێکا هەواڵیان بۆ بنێرن. تا کۆتا ڕۆژەکان پاییز تەمایر هەواڵ بوون. ئێوارەیەک کوڕەکەی ماڵ دەروێش برایم لە درگای ماڵ مامۆ جافری دا و وتی:" شەریف خاڵۆ سەیفە سڵاوتانی گەیاند و وتی بێنە سەر وەخت کارەکەیانەوە!" جا سوودی چییە. دنیا بووە بە ژێر بەفرەوە. دار و بەرد ڕچاوە. پیاوێ بە تەنیا فریای ئاڵف و ئاو حەیوان ناکەوێ. مامۆ جافر وتی: - گیرێ خراپمان کردووە. نازانم چی بکەین؟ ئیستە کات زەماوەند نییە. بۆ تانە و تەشەری خەڵک ڕقیشمان ئەباتەوە. تالب  کردییە جواب: - کورە زەماوەنی چی؟ کێ چاروا ئەخاتە ئەو ڕێگە؟ وەڵڵا مەگەر کەسێ لە گیان خۆی یاس بێت! ماموژنە عەینایش وتی: - شەریف ئەم کەتنەی کرد! بە خاڵۆ سەیفە بوایەت حەوت زەمانە زەماوەن کرا بوو! - قسەی مەکە. شەوێ تا نیوەشەو تکام لە تکاخانە بڕی ملی نەهێنا ڕاسە! وێڵیکە ژنەکە بەشکم ئەم بەفر و سەهۆڵ و سەرما نەمێنێت! غالب ئەو شەوە تا بەیانی زیتەی چاوی هات و وەک مشک ناو جەواڵە خشەخشی کرد. چرکە بە چرکە سەلما لە پێش چاوی بوو. دڵی بەوە خۆش بوو چەن ڕوژێ کەش و هەوا باش بێت بەڵکوو بتوانن زماوەندەکەیان ڕێخەن. چی باس بەفەر و سەرما ئەکرا و مامۆ جافر یان تالب و مامۆژن  ئەیانوت ، بەم زستانا کێ زەماوەنی بۆ ئەکرێت، غالب ڕواڵەتی زەرد هەڵەگەڕا ! خوای گەورە ئیرادەی وابوو، تا دوو مانگ زستان بەرەی خۆشی نەدا. ئەوەندە بەفر زۆر بوو دەر و دۆڵ نەیەگرت. گەوڕێ ماڵ حاجی و تەپاڵەدانێ ماڵ خاڵۆژن شەرافەت ڕووخا.  بەفرەکەی زۆر   قورس بوو. کوڕەکان لالە ئەحمەو لە بێتفاقیدا قڕیان کرد! - ماڵ ئەوانیشم ئاوەدان کرد ساڵێ نەبوو بەش مەڕ و ماتەکەیان ئاڵفیان بێت. هەڵبەت خەتای خۆیانە. لە کات ئاڵف دوورین بە تاپڕێکەوە دۆڵ بە دۆڵ بۆ کەو و کەروێشک وەیلانن! دەی تۆ خوا حەیف نییە کەو  یان کەروێشک بکوژی؟! زستان کۆتایی پێ هات. سەرشانەکان بەفری نەما. قەراخەچەم بوو بە سەوزەڵانی. دەسەی بێ تفاق، فەرێعی و ئاسوودەیی بۆ هات. غالب و چیمەن براژنی نەورۆزانەیان بۆ سەلما برد. دوو شەو دانیشتن و گەڕانەوە. ئەو دوو شەوە بێجگە لە سڵاو و بەخێرهاتن، چوار قسەیان نەکرد. یەک جار غالب، کاتی گەڕانەوە لە حەوز سەلمای لە حەوش بینی و پرسی:" دەنگ و باست؟ باشی؟" نازانم وەڵامی داوە یان نە! دە شەوێ پاش سەردانەکەی غالب و براژنی، مامۆ جافر بڕیاری دا بڕوات و کات زەماوەن دیاری بکات. ڕۆژێ دوای خواردن نان و چایی بەیانی، بسم اللەی کرد سوار هێسر بوو. ویستی پێی لێ بدات، تالب لە ژێردا هات و پرسی: - باوە زانیوتە مامۆ فەیزە نەخۆشە و زوانی شکاوە؟ - نە بە خوا نەمزانیووە! لێی گەڕێ با من بڕوم. دەنگ مەکە با نەزانن من هەواڵەکەم زانیووە! وەشەی لە هێسر و کرد لە پشت ماڵەوە دایکێشا بۆ ناو بێشەچنارەکە و لەوێوە چوو بۆ سەر ڕێگەی خوار ئاوایی. بۆ نیوەڕۆ گەیشتە  ماڵ خاڵۆ سەیفە و پاش بەخێرهاتن و دەورێ چایی، ڕووی کردە خاڵۆ و وتی: - ئەگەر ئیجازەتان لەسەری بێت، با زەماوەن مناڵەکان ڕێخەین! شەریف کردییە جواب: - جا برا تۆ لەناو ڕێگا جێماوی بەتەمای لە ئاش قەرەبووی بکەیتەوە؟ پەلە مەکە با مناڵەکان خۆمان و خزم و کەسەکانمان دەعوەت کەین. خۆیشم سەرێ شار بدەم. - یانێ ئەفەرموویی تا چەن ڕوژی تر؟ - تۆ دوو حەفتەی بۆ دانە! مامۆ کردییە جواب: - کورە ئەترسم مامۆ فەیزە بمرێت و کارەکەمان دوا بکەوێت! کۆتایی بەشی٦ #سید_نعمان_برزگر #نەعمان_بەرزگەر 🚫کۆپی کردن،بە بێ ئاماژەدان بە ناوی نووسەر و دانانی لینکی کەناڵ، قەدەغەیە. ▪️چیرۆک و بەسەرهات @noman_barzegar https://s8.uupload.ir/files/inshot_۲۰۲۴۰۵۱۶_۰۱۴۱۲۳۷۴۹_jhjr.jpg
Mostrar todo...

👍 15 3
باوەفای تۆم حەسەن دەرزی
Mostrar todo...
6
گۆرانی و کلیپی کوردی
چیرۆک و بەسەرهات
چیرۆکی منداڵان
ئیجازەگرتن بەشی٥ تا ئاوایی لە چاو گووم بوو، غالب چاوێکی لە ماڵ خەزوورەی بوو.بە حوزنەوە دەزگیرانی بە جێ هێشت. تاسەی لێی نەشکا. تا دیدارێکی تر،خوا ئەزانێ و کێ بمێنێت! یەک کاتژمێر هێسریان لێ خوڕی، ئێوە لە ماڵ خۆتان، لەگەل مامۆژنە عەینا قسەتان کردبێت، غالب نقەی نەکرد. ناحەقی ناگرم. دڵی لە ئاوایی جێ مابوو! - چییە ڕۆڵە؟ تەواو بێدەنگی؟ - هیچ نییە دایە گیان. تۆزێ باڵ و پشتم عەزیەتم ئەکات. لەوانەیە هی جەمامی بارەدار و ئاخوڕبەستن بێت! - ناشێ بێتاقەت سەلما نەبیت! ئەی داماو! بزانە چوار ڕۆژتر هار نابێت؟! مەنعیشت ناکەم. تۆ لە تالب  ماقووڵتر نیت. تەواو بووە بە کەر چیمەن براژنت! بە خوا بە مەیل خۆی ئەیسووڕێنێتۆ! - تۆ خوا دایە واز بێنە! ئەو قسانە چییە؟ ئەگەر پیاوێ ڕێز لە ژنەکەی بگرێت بووە بە کەر ژنەکەی؟ - داماوەی قوڕ بەو سەرە. هەر ئەوەتە ماوە وەک مەلا حامید چوویتەوە بۆ ماڵەوە مل کز کەیت و سڵام ژنەکەت بکەی! جا نازانی چۆن دەم  پان ئەکاتۆ: سلام علیکم مەلاژن! ئەی وجاخ کوێرۆکەر!! وەڵڵا تا ئیسە باوکت سڵام منی نەکردووە. ئەم مناڵبازاڕییە چییە خاڵۆ؟! @noman_barzegar لە کانی کووزەڵە لایاندا. غالب وڵاخەکانی بەستەوە. دایکی چارەکەی نانەکەی کردەوە و دەستی کرد بە نان خواردن. غالب چاوی بە نان و پێخۆر کەوت، دڵی گیرا. وایەزانی ئەو کێوە  بە سەریدا ڕووخاوە. پڕ چاوی بوو لە فرمێسک. دایکی وتی: - چییە ڕۆڵە؟ بۆ بەردڵێ ناخەی؟ - برسیم نییە. بەیانی زۆرم خوارد. تۆ نانەکەت بخۆ! سەری بەرز کردەوە و فرمێسک غالبی بینی، گڕی تێ چوو: -  دایکت مردووە یا باوکت؟ ئەو لووشکەلووشک و چڵمەچڵمە چییە؟ - لە خۆمۆ خاڵۆم کەوتە بیرم. یادی بە خێر پێرارەکە پێکەوە چووین بۆ شار. لەم کانی و ئاوە ئیسراحەتمان کرد. ئەی خوا عەفووت کات خاڵۆ گیان! - ئەی ڕۆڵە! یانێ تۆ بۆ خاڵۆت بێتاقەتی؟ ژناغەی لارەمل! شتەکان کۆ بکەرۆ با بڕۆین! گەیشتنە ئاوایی. هەر کە غالبی ئەدی:" چاو و دڵت ڕۆشن دەزگیرانت دی!" ئەویش دەردی کاری بوو.کامە چاو و دڵ ڕۆشنی؟ خوانەخواسە لەگەل دەزگیرانی بۆ ناوڕان چووە! سەری بگری و بنی بگری پێنج خولەک وتووێژیان نەکردووە! عەتای کا مەحیە هات بۆ لای. هەواڵ و دەنگ و باسی پرسی. غالب کردییە جواب: - نازانێ چەنێ خۆش بوو. من و سەلما دوانی چوین بۆ گۆیژ. بە دڵ خۆمان لە بێشەی پشت ماڵ پیاسەمان کرد. شەوان تا درەنگانی شەو، لە دیوەخان خەریک قسەی خۆش و پێکەنین بووین! عەتا کزی کرد. پاش ماوەیێ بێدەنگی وتی: خۆزگەم بە خۆت! ئەو حەفتەکە من سەردان دەزگیرانم کرد. سێ شەو دانیشتم. سڵاو و بەخێرهاتنی لێبەدەر، یەک جار چاوم پێی نەکەوت! بەیانیەک زوو چوو بۆ گەوڕ. بە پەلە دوای کەوتم. لە پشتەوە چاویم گرت. ئەی قوڕ دنیا بە سەرم. ئەمە دایکی بوو. نەمزانی جلەکان دوێکەی گەلەی کردووەتە بەری. لە ترێقییا پارەکە مردنم نە ئیمساڵ. باش بوو لە ماڵەوە باسی نەکرد! غالب ڕووی کردە عەتا و پرسی: - ئەوە بە ڕاستە؟ دەی وەڵڵا وامزانی تۆ و گەلە خۆتان حەسێبن. نەمزانی لە ئێمە داماوترن! - خۆ تۆ وتت گۆیژمان هێناوە. پیاسەمان کردووە! - کامە پیاسە؟ بە خوا هیچی ڕاست نەبوو! وەڵڵا وەک کۆنەڕاوچی ئەچوومە پارێز بەشکم لە دوورەوە بیبینم! ئەوە حاڵ نەبوو تا دوو قسەمان کرد! بەڵام باش بوو دەرفەتێ پێش هات دەستی یەکترمان گرت! زۆر خۆش بوو! - ئەی خۆزگەم بە خۆتان. من تەنها یەک جار کات چایی دانان دەستم کەوت لە دەستی! پاش یەک مانگ مامۆ جافر بڕیاری دا بڕوات بۆ ماڵ خاڵۆ سەیفە و ئیجازەی مارەبڕین و زەماوەن بگرێت. تالبی نارد بۆ شار. دەس و دیاری سەند و گەڕاوە بۆ ئاوایی. مامۆیش ناو خوای لێ هێنا و ماڵەوەی جێ هێشت و بۆ چایی نیوەڕۆ گەیشتە ماڵ خاڵۆ سەیفە. ئەلحەقی، گشتیان هاتن بۆ پێشواز و هێسرەکەیان لە دەستی گرت. سەلما ڕووی نەبوو بێت بۆ بەر درگا. لە ناوداڵان، دەستی کردە مل مامۆ و بەخێرهاتنی کرد! مامۆ کەریم و خەڵک ئاوایی خوا لە قەومی و برایەتی کەمیان نەکات هاتن بۆ لای. تا یانزەی شەو دیوەخان پڕ بوو لە میوان. بەم دەست و بەو دەست فریشتە و سەلما چاییان تێ کرد و کوڕە چکۆلەکەی مامۆ کەریم گەڕاندی. شەریف کاتژمێرێ جارێک، بای ئەکردە ناو چراتۆڕی! دوای بڵاوەکردن میوانەکان، ژنەکانیش هاتن بۆ دیوەخان. مامۆ دیاریەکانی پێشکەش کرد. خاڵۆژن وتی: - بۆ چی زەحمەتت کێشا مامە جافر گیان. ئەبمە قوربان هاتنەکەت. یا خوا بە خێر بیت. - زەحمەتی نییە. بۆ کچ خۆمم هێناوە. پاش ماوەیەک وتووێژ و قسەی خۆش،مامۆ جافر وتی: - خاڵۆ سەیفە گیان،  ئەگەر ئێوە ئیجازەتان لەسەری ببێت، شەوێ زەحمەت ئەدەین بە حاجی سەی عەباس و مارەی ئەبڕین. - کچ خۆتە. چۆنتان پێ خۆشە با وا بێت! کۆتایی بەشی٥ #سید_نعمان_برزگر #نەعمان_بەرزگەر 🚫کۆپی کردن،بە بێ ئاماژەدان بە ناوی نووسەر و دانانی لینکی کەناڵ، قەدەغەیە. ▪️چیرۆک و بەسەرهات @noman_barzegar https://s8.uupload.ir/files/inshot_۲۰۲۴۰۵۱۵_۱۰۱۶۰۰۲۸۷_yla9.jpg
Mostrar todo...

👍 19 4👏 1