es
Feedback

¡No caigas en manos de tramposos! Telemetrio encuentra y marca estos canales 👉 Si quieres ver la etiqueta, suscríbete

گەلاوێژنامەی کارۆ

گەلاوێژنامەی کارۆ

Ir al canal en Telegram

کارۆ مەعرووفیان | Karo Maroufian ✍🏻 "بە ڕەخنەی تاک مێژوو ناگۆڕێت، بەڵام مێژووی تاک دەگۆڕێت." مێژووی ئێمە، پێش ئەوەی لە هەژاریی بیر ئازار بکێشێت، لە کپبوونی بیرە بێدارەکان ئازاری کێشاوە.

Mostrar más
El país no está especificadoLa categoría no está especificada
232
Suscriptores
Sin datos24 horas
Sin datos7 días
Sin datos30 días
Archivo de publicaciones
کاتێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووم، لە شاری سەردەشت، باپیرەم باخێکی هەبوو لە گوندێکدا بە ناوی «باغی»، کە ئێستا خەریکە لەگەڵ شار
کاتێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووم، لە شاری سەردەشت، باپیرەم باخێکی هەبوو لە گوندێکدا بە ناوی «باغی»، کە ئێستا خەریکە لەگەڵ شاری سەردەشت تێکەڵ بێتەوە. لە سەردەمی میرمنداڵیمدا، کاتێک لەگەڵ هاوڕێیانم دەچووین بۆ خواردنی قەیسی، هەموو جارێک لە بن سێبەر و قەدی دارە قەیسییەکەدا، چەند دەنکە قەیسیی ڕزیو و گەنیو کەوتبوون. بە لای منەوە زۆر سەیر بوو! هەمیشە خەمم لێ دەخوارد و دەمگوت: «هۆکار چییە من فریای ئەو قەیسییانە نەکەوتم تا بە دەستی خۆم بیانچنم و بیانخۆم؟ بۆچی وا درەنگ کەوتم؟!» پاشان کە گەورە بووم، بۆم دەرکەوت کە من درەنگ نەکەوتووم؛ میوەی ڕزیو زۆر لەسەر پەل و پۆپی دارەکان نامێنێتەوە، و خۆی هەڵدەوەرێت. لەوانەیە بۆ مرۆڤ، کۆمەڵگە، و تەنانەت نەتەوەیەکیش هەر بەم شێوەیە بێت. ئێمە هێندێک جار لە ڕادەبەدەر نوقمی خەم دەبین بۆ میوە گەنیوەکان، و پێمان وایە بۆ ئەوەی دارەکە بە ساغی بمێنێتەوە، دەبێت بێگومان خۆمان قەیسییەکە لە لقی دارەکە بچنین؛ لە کاتێکدا، لەوانەیە ئەرکی سەرەکیی ئێمە بەردەوام شەڕ و جەنگان لەگەڵ میوە ڕزیوەکان نەبێت، بەڵکوو پاراستن و بەهێزکردنی ڕەگ و قەدی دارەکە بێت. هەندێک شت بە زۆر و تاقەتی شان و مڵی ئێمە هەڵناوەرێن؛ ڕۆژگار، ڕاستی، و ناخی خۆیان، لە دارەکەیان جیا دەکاتەوە. کەوایە، هەموو کەوتنێک شکان نییە، و هەموو ڕۆیشتنێک لەدەستدان نییە؛ هێندێک جار کەوتنی میوەیەکی ڕزیو، نیشانەی مردنی دارەکە نییە، بەڵکوو بەڵگەی ئەوەیە کە دارەکە هێشتا توانای جیاکردنەوەی ساغ لە گەنیوی، لە ناخی خۆیدا هێشتووەتەوە. ڕێک وەک مرۆڤی گەندەڵ و نالەبار، کە لە نێو خزم، دۆست، شار و نەتەوەدا ناتوانێت بمێنێتەوە؛ خۆی هەڵدەوەرێت، و گەنیوبوونی بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت. جا بۆیە، زۆر خەفەت لە میوە و قەیسییە ڕزیوەکان مەخۆن؛ چونکە دەبێت ڕەوتی جیاکردنەوەی ساغ و گەنیو، بە سروشتیی خۆی تێپەڕێت.

ئەو پارچە شیعرە شاکارەی مامۆستا نالی زۆر تایبەتە!

هەندێک یان زۆربەی خەڵک بۆ زۆربەی بۆنەکان ناوێک دادەنێن؛ بۆ نموونە، ڕۆژی خۆشەویستی. ئێمە خۆشەویستیمان زۆرە... بەڵام شتێک هەیە لە خۆشەویستیش نایابتر؛ وەفاداری. با ڕۆژێکیش هەبێت بۆی؛ ڕۆژی وەفاداری. ڕۆژێک بۆ ئەو کەسانەی کە زەمەن، دووری و سەختییەکان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ گۆڕینیان، بەڵام نەیانتوانی. چونکە خۆشەویستی هەستە، بەڵام وەفاداری هەڵوێستە. ئەو کاتە دەردەکەوێت کە هەموو دەرفەتێک بۆ گۆڕینت بەردەستە، و تۆ هێشتا هەمان کەسیت. وەفاداری تەنیا مانەوە لەگەڵ کەسێکدا نییە؛ هەندێک جار، مانەوەیە لەگەڵ ئەو بەڵێنەی کە ڕۆژێک بە دڵی خۆتت داوە. لەوانەیە بۆیە وەفاداری تاجێکی بێهاوتا بێت؛ چونکە ئەو تاجە کەسێکی تر لە سەرت دانانێت... تۆ بە کردارەکانت، خۆت لە سەری خۆتی دەنێیت.

ئەو شتانەی بڕیار بوو پاش بێداربوونەوە بیبینم، بیبینێت، بیبینن... هەمیشە جوان و ڕازاوە نین. تازە، پاش بڕینی تەمەنێک، گەیشتوومەتە ئاقارێک کە پەی بە خراپەی ناخی هەندێک مرۆڤ دەبەم. نامۆیە بۆم؛ بگرە هەندێک جار جێگەی باوەڕیش نییە. لەگەڵ خۆمدا دەدوێم و دەڵێم: ئاخۆ من ساویلکە بووم کە نەمدەزانی خراپە واتە چی؟ یان ڕەنگە ئەوەندە پاک بووبم کە نەمتوانیوە بیبینم؟ هێشتا دڵنیا نیم کامەیان بووم. بەڵام ئێستا شتێک باشتر تێدەگەم: مرۆڤەکان بە خراپی لەدایک نابن؛ هەندێکیان خراپ دەبن، و هەندێکیشیان ساڵانێک بارێک لە ناخیاندا هەڵدەگرن کە ئێمە هەرگیز نەماندیوە. ئەو تێگەیشتنە، بۆ من بە واتای ڕەشبینبوون نییە. بەپێچەوانەوە؛ ڕەنگە ئەوە یەکەمین قۆناغی بینینی مرۆڤ بێت، دوور لە هەر وەهم و خەیاڵسازییەک. ساڵەهای ساڵ، مرۆڤەکانم بە پێوەری خۆم دەپێوا. چونکە شتێکم لە ناخی خۆمدا نەدەناسی، وێناکردنی لە کەسێکی تریشدا بۆم سەخت بوو. ئێستا دەبینم کە: ناسینی خراپە، جیاوازە لە خراپبوون؛ تێگەیشتن لە هۆکاری ڕەفتارێکیش، جیاوازە لە پاساوهێنانەوە بۆی. ڕەنگە کامڵبوونی مرۆڤ هەر لێرەوە دەست پێ بکات: لەو خاڵەی کە ئیدی نە لە بینینی تاریکی ڕادەکات، نە خۆیشی ڕادەستی تاریکی دەکات. تەنیا دەبینێت، تێدەگات، و هەڵدەبژێرێت کە کێ بێت. ڕەنگە من درەنگ تێگەیشتبم. بەڵام لەوانەشە هەندێک حەقیقەت هەر بڕیار نەبێت زوو درکیان پێ بکرێت… ئەوانە دەبێت ساڵانێکی زۆر لە ژیاندا تێپەڕن، تا ڕۆژێک دابێت، نەک لەناو پەرتووکدا، بەڵکوو لە خودی مرۆڤدا بخوێندرێنەوە.

لە دەستپێکی هەر ڕێگەیەکدا، هەنگاوەکانمان تێکەڵی کەمێک ترس و سڵکردنەوەن؛ بەڵام هەر کات ئامانجەکە ڕوون بووەوە، ڕێگاکە خۆی ئاسۆمان بۆ دەکاتەوە، و سەرکەوتن زۆر ئاسانتر لەوەی خەیاڵمان دەکرد دێتە دی.

لەو دەمەی بتەکان هەڵدەتەکێن، ئەوەی بە پێوە دەمێنێتەوە، جەوهەری مرۆڤە؛ و هەر لەوێوە، سەردەمی مرۆڤ دەست پێ دەکات.

لەوەتی ئادەم بە سێوێک و مستێک گەنم، بەهەشتی فرۆشت… جاری یەکەم و دووەم نییە؛ کورد دەفرۆشرێت! دە با ئەوجارە، چەرخی گەردوون پێچەوانە بکەینەوە؛ لەسەر مێزی هەڕاجی مێژوودا، لۆندن و پاریس بفرۆشین! تا چیتر پەڕ و باڵی کۆتری سنوورەکانمان نەچنن؛ تا نیشتمانمان نەگۆڕنەوە… بە کێشی دوو دانە سێو، یان خەڵاتی کۆشکێک؛ لە خوێن و دانەوێڵە!

من لەگەڵ هەڵەی مرۆڤەکاندا کێشەم نییە؛ کێشەم لەگەڵ قۆستنەوەیاندا هەیە. من لە هەر جۆرە کەڵکئاژۆیی و خوێن‌مژینێک بێزارم؛ چونکە پەیوەندییەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دامەزرابێت، ئیتر پەیوەندی نییە؛ مامەڵەیەکە لە نێوان ڕۆحی مرۆڤ و زاتی شەیتاندا.

ژەنیاری مۆزیکی بێ کەلام 🎼سیروان عەزیزی 🎤✍🏻مامۆستای دڵان: زیرەک وەرن جەرگم هەڵبدڕن دەبا گیانم ڕزگار بێ سەروژێر ڕاخەری من هەر قوڕ و بەرد و دار بێ

بۆیە ڕەخنەی من لە سیستەمی پەروەردەی حیزبی، دروستکردنی بۆشایی نییە، بەڵکوو داواکارییە بۆ شۆڕشێکی هزری. تا ئەو ڕۆژەی پەروەردەی کوردی لە خزمەتی دروستکردنی کادری حیزبی و ئەندامی دەستەمۆدا بێت، ناتوانێت تاکی ئەلفای کورد بخولقێنێت. مەبەست لە تاکی ئەلفای کورد مرۆڤێکی سەرتر و باڵاتر لە خەڵکی دیکە نییە؛ بەڵکوو مەبەست مرۆڤێکی خاوەن‌ئیرادەیە کە سەرکردایەتیی خۆی بە دەستی خۆی دەگرێتەوە و مافی بیرکردنەوە و پرسیارکردنی خۆی بە هیچ پێکهاتەیەک نافرۆشێت. تاکی ئەلفای کورد بریتییە لە: مرۆڤێکی خاوەن‌سەروەری: کەسێک کە زەین، ئیمان و نیشتمانپەروەریی خۆی ناداتە دەست هیچ خاوەن‌دەسەڵاتێک. کوردێکی ڕەسەن و مسوڵمانێکی سەربەخۆ: کەسێک کە بڕوای بە خودا لەسەر بنەمای ئاگایی و پاکیی ڕۆحە، نەک فەرمانی حیزبی؛ و کوردبوونی لەسەر بنەمای شەرەف و نەتەوەیە کە وەک کورد خودا خەلقی کردووە، نەک بەرژەوەندیی سیاسی. بەبێ پەروەردەکردنی ئەم جۆرە لە تاکی کوردی خاوەن‌ئیرادە، نە کوردێکی ڕاستەقینەمان دەبێت، نە کوردێکی مسوڵمانی ڕاستەقینە، و نە هەرگیز ئاڵای کوردستانێکی سەربەخۆ لەسەر بنەمای دادپەروەری شەکاوە دەبێت. دوور لە هەر دەمارگرژییەک، ئەگەر من لەم خوێندنەوەیەدا هەڵەم، با پێکەوە مێژوو، پەڕتووکەکان و لاپەڕە نووسراوەکانی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، شانبەشانی کارنامە و پڕۆگرامی حیزبە سیاسی و ئایینی‌سیاسییەکان سەرلەنوێ هەڵبدەینەوە؛ تا بزانین مێژوو چ وەڵامێک بەم پرسیارە دەداتەوە.

لە نێو زۆربەی حیزبە سیاسی و ئایینی‌سیاسییەکانی کوردستاندا، زۆر بەدەگمەن ئامانج پەروەردەکردنی تاکی کورد بووە؛ بە ئاگایی یان بێ‌ئاگایی، ئامانج دروستکردنی شوێنکەوتەی ئایدۆلۆژیا بووە، نەک بونیادنانی مرۆڤێکی سەربەخۆ، پرسیارکەر و بەرپرسیار لە ئاست نەتەوە و خاک، یان خودا و کەلامی خودادا. ئەوە بەو واتایە نایەت کە حیزبەکان هیچ جۆرە پەروەردە و فێرکردنێکیان نەکردووە؛ بەپێچەوانەوە، زۆرێکیان خاوەنی سیستەمی فێرکردن و ڕاهێنانی بەهێزن. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئەم پەروەردەیە بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی ئازادی کورد بووە، یان بۆ دروستکردنی ئەندامێکی دەستەمۆکراو و پابەند بە سیستەمەکە؟ کێشەکە ئەوەیە پەروەردە خراوەتە خزمەت بەحیزبیکردنی کۆمەڵگە، جۆشدانی سیاسی و گواستنەوەی کوێرانەی ئایدۆلۆژیا، نەک لە خزمەتی بونیادنانی مرۆڤێکدا بێت کە بتوانێت لە خودی حیزب، سەرکردە و تەنانەت لەو تێگەیشتنە سەپێندراوەش بۆ ئایینی سیاسی، پرسیار بکات. لە حیزبە ئایینی‌سیاسییەکاندا، هەندێک جار مرۆڤ پێش ئەوەی خودا و کەلام و خواستەکانی خودا بناسێت، حیزبی ئایینی‌سیاسی و سەرکردە دەناسێت؛ پێش ئەوەی لە کەلامی خودا تێبگات، تەفسیری حیزب و سەرکردە بۆ کەلامی خودا فێر دەبێت؛ و پێش ئەوەی لە خۆی بپرسێت من لە بەرامبەر خودادا کێم؟، فێر دەبێت لە بەرامبەر حیزبدا جیهان دابەش بکات بۆ ئێمە و ئەوان. لێرەدا جیاوازییەکی زەق هەیە لەنێوان باوەڕی ڕەسەن و پابەندبوون بە دامەزراوەیەکی ئایینی‌سیاسی. مرۆڤ دەتوانێت کوردێکی مسوڵمان بێت و لە هەمان کاتدا مافی پرسیارکردنی لە هەر پێکهاتەیەکی ئایینی‌سیاسی هەبێت کە بە ناوی ئایینەوە قسە دەکات. نابێت پەیوەندیی قووڵ و ڕۆحانیی نێوان خودا و مرۆڤ، بە پەیوەندیی دەستکردی نێوان مرۆڤ و حیزب تێکەڵ بکرێت. لێرەشەوە پارادۆکسێکی (ناکۆکییەکی) گەورە دەردەکەوێت: ڕەنگە مرۆڤێک ئەندامی هیچ حیزبێکی ئایینی‌سیاسی نەبێت، بەڵام پەیوەندییەکی قووڵتری لەگەڵ خودا و کەلامی خودادا هەبێت، یان کوردێکی دڵسۆزتر بێت بۆ باوەڕەکەی و هەرگیز خیانەتیش لە خاک، مێژوو و کەرامەتی کوردستان نەکات؛ کەچی لە ڕوانگەی بەشێک لەو پێکهاتانەوە، ئەو کەسە نە بە مسوڵمانی ڕاستەقینە هەژمار دەکرێت و نە بە کوردێکی ڕاستەقینە. بۆ تاقیکردنەوەی ئەم جیاوازییە، پرسیارێکی سادە بەڵام قووڵ هەیە: ئەگەر تاکێک لە ناو پێکهاتەیەکدا فێری پرسیارکردن بێت، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتە وەڵامێکی جیاواز لە وەڵامی سەرکردە یان ئایدۆلۆژیای حیزبەکە، ئایا هێشتا مافی مانەوەی ئەو پرسیارەی هەیە؟ ئایا هێشتا بە هەمان پێوانە وەک تاکێکی دڵسۆز و خاوەن‌باوەڕ سەیر دەکرێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە نەخێر بێت، ئەوا کێشەکە تەنیا لە ناوەڕۆکی پەروەردەدا نییە؛ بەڵکوو کێشەکە لە سڕینەوەی ئازادیی کوردێکی سەربەخۆ و کوردێکی مسوڵمانی تاکدایە. لێرەدا پێویستە ڕوون بێت؛ حیزبە سیاسییە کوردییەکان و حیزبە ئایینی‌سیاسییەکان، لە بنەڕەتدا و لە خۆیاندا شتێکی خراپ نین، و ئامانجی من ڕەتکردنەوەی بوونی حیزب نییە. باسەکە لەوەدایە کە پێش حیزب، پێش ئایدۆلۆژیا و پێش هەر پێکهاتەیەکی سیاسی؛ تاکی کورد، نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان پێویستییان بە سەربەخۆیی فکری و ناسنامەیەکی سەربەخۆی کوردستانییە. چونکە ئێمە هێشتا تەنانەت ئەو هەوایەشی هەڵیدەمژین، هەوایەکی نەتەوەیی و سەربەخۆی خۆمان نییە؛ و ئەگەر زەین و مرۆڤی کورد پێش هەر شتێک نەگەیشتبێتە سەربەخۆیی فکری، هەمان ئەو هەوا نانەتەوەییە دەتوانێت لە ناوەوە دەروون و بیر و هزری ژەهراویی بکات. کەواتە دەردەکە تەنیا حیزب نییە؛ بەڵکوو سەروەری و خاوەندارێتیی مرۆڤە بەسەر خودی خۆیدا: کێ ئەو مافەی هەیە بڵێت کێ ئیماندارە و کوردێکی مسوڵمانە؟ کێ ئەو مافەی هەیە بڵێت کێ کوردە؟ حیزب؟ سەرکردە؟ گرووپ؟ یان خودی مرۆڤی کورد، بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ناسین، پرسیارکردن و هەڵبژاردن؟ ئەگەر مرۆڤ بۆ خواپەرستی پێویستی بە مۆری حیزبی ئایینی‌سیاسی بێت، و بۆ کوردبوونیش پێویستی بە بڕوانامەی پەسەندکردنی سەرکردە بێت، ئەوکات مەترسییەکە تەنیا لەدەستدانی ئازادیی سیاسی نییە؛ بەڵکوو داڕمانی سەربەخۆییی ناوەوەی مرۆڤی کوردە. لێرەدا مەبەستم لە داگیرکاری، تەنیا داگیرکردنی خاک نییە بە هێزی سەربازی؛ بەڵکوو باس لەو شێوازە شاراوەیە دەکەم کە مرۆڤ بە تەدریج توانای پێناسەکردنی خۆی لەدەست دەدات. قووڵترین شێوەی داگیرکاری ئەوەیە کە مرۆڤ تەنانەت مافی پێناسەکردنی خۆیشی بەدەستی خۆی نەبێت و تەسلیمی دەستەیەکی دەرەکیی بکات. پاشنووس: سەرهەڵدانی تاکی ئەلفای کورد ئەو بانگەوازە تەنیا گوتارێکی فەلسەفی نییە؛ ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ بەڵگەنامە و دەقی فەرمیی پڕۆگرامە پەروەردەییەکانی پێکهاتە سیاسی و ئایینییەکان، دەبینن مرۆڤی نموونەیی لای ئەوان چۆن پێناسە کراوە. دەبینن کە لە کاتی جیاوازیی بیرکردنەوەدا، تاک چەندە بێ‌بەشە لە هەڵبژاردن.

خەمیری خاکی من ئەووەڵ بە بارانی فەرەح نەکرا جەوانی و تیفلی و پیریم سەراسەر جوملەگی غەم بوو •سالم•

Repost from کوردناسی
📌سەربەخۆخوازی؛ فەزیلەتێکی ڕۆحی و ئەخلاقی و ئامرازێکی ڕەخنەی سیاسی ✍️مامۆستا ئەبووبەکر کاروانی- بیرمەند و سیاسەتمەدار لە سەروبەندی ساڵڕۆژی ڕێفراندۆمی کوردستاندا، کەپەیوەندی بە باسی سەربەخۆییەوە هەیە، هەموو ساڵێک بە ئاراستەی جیاواز قسە و باسی جۆراوجۆر دەکرێت. من لەم نووسینەدا ناچمە ناو ئەو بێنەوبەرانەوە کە زۆربەیان سەرپێیی و مۆرکی کاردانەوە و دروشمیان بەسەردا زاڵە؛ بەڵکوو دەخوازم لە گۆشەیەکی ترەوە، نزیکبوونەوەیەک لە چەمك وفەزیلەتی سەربەخۆخوازی دروست بکەم؛ لە پەیوەندی بە گەورەبوونی ڕۆح و ڕەخنەی سیاسی و ئەخلاقی لە واقیعی ئێستای هەرێم و تەنانەت کۆی پارچەکانی کوردستان و ئێستای ناسۆنالیزمی کوردی. @Kurdologyk

💎 تۆوی مرۆڤبوون و بەری ئیلاهی💎 مرۆڤ لە ساتێکدا دەبێتە ئاوێنەی باڵانوێنی خودا؛ ئەو ساتەی چاکەیەک دەچێنێت، دڵێک ئاوەدان دەکاتەوە و ڕۆحێکی سیسبوو دەگەشێنێتەوە. تا ئەو کاتەی ئازاری کەس نادات، تەنیا مرۆڤە و خەریکی وەشاندنی تۆوی مرۆڤبوونە؛ بەڵام... کاتێک دەبێتە ئاو و ڕووناکی بۆ ڕەگی ڕۆحێکی پاک و ژیانێکی جوانی پێ دەبەخشێت، ئیتر تەنیا مرۆڤ نییە؛ دەبێتە نوێنەری ئیلاهی لەسەر زەوی...

دکتۆر کاروانی؛ کەسایەتییەک کە گەلێک بیری شەن و کەو و بێژنگ کرد، بەڵام کوردبوونی ڕەسەنی لەسەر خەرمان نەخستە ناو دڵی قەڵبیر. شانازیت پێوە دەکەم، پیاوی مەزن!

لە تەمەنێک بەدواوە، ئیتر خەمبار نابیت؛ تەنێ تێدەگەی کە خەم، دایکی هەستەکانە...

هەندێک جار، دڵ سیس نابێ بۆ مرۆڤێک... ئێمە شین‌گێڕی ڕەنگ‌زەردیی خزانی ئەو داهاتووەین، کە بڕیار بوو لە بن سێبەری دارە سەوزەکەی یەکبووندا، چەکەرە بکا. پاشنووس: ئێمە لە ماتەمینی مرۆڤێکی ڕۆیشتوودا نین؛ ڕۆحمان بۆ ئەو ڕێگەیانە دەسووتێ کە پێیاندا نەڕۆیشتین... بۆ ئەو سەفەرانەی نەکراون، و بۆ ئەو خەونانەی پێش لەدایکبوونیان، ناخمان بوو بە گڵکۆیان. ئێمە بیری ئەو خۆمانە دەکەین کە بڕیار بوو لەگەڵ ئەودا بژێ؛ ئەو خۆمانەی کە لەگەڵ ڕۆیشتنی ئەودا کۆچی کرد و ئێمەی لە نێوان ئێستایەکی بەتاڵ و داهاتوویەکی شێواودا جێهێشت...

دوست و کتاب، خود استعاره نیستند؛ اما می‌توانند حامل استعاره باشند. انسان بر پایه‌ی واقعیت استوار است، اما با معناست که امتداد می‌یابد؛ و استعاره، پلی است میان آنچه هست و آنچه می‌تواند باشد. پی‌نوشت: کتاب و دوست شایسته، در اینجا حاملان استعاره‌اند؛ آنان به واقعیت پشت نمی‌کنند، بلکه معنای پنهان در دل واقعیت را عیان و روشن می‌کنند.