گەشە(توسعه): سید هاشم هدایتی
前往频道在 Telegram
در این کانال یادداشت های شخصی اینجانب حول مباحث توسعە, با تمرکز بر کردستان و گاهی هم اشعار و دلنوشتەها و ...درج می شود. منتظر نظر و پیشنهادهای شما هستم. t.me/KDproblems لینک کانال
显示更多603
订阅者
+124 小时
+47 天
+430 天
帖子存档
وردە فەرمایشت ( ٣٥٠ )
🔹 پێشینیان وتوویانە: " سەر خوەش وێت، هەر کڵاو فرەس ! "
🔹ئەو مەتەڵە بۆ ئەو کاتانە بەکار هاتووە کە مرۆڤ کەرەسەیەک یان سەروەت و سامانێکی گرینگی ژیانی لەدەس دەدات و ئەو لەدەس دانە دەبێتە باییسی هاوار و داد و خەفەت خواردن. بۆیە پێدەڵێن خەم بۆ سامانی لەدەس چووگ مەخۆ مرۆڤ خۆی بمێنی ئەو شتانە بەدەس دێنێتەوە!
🔹 هەندێک لە مرۆڤەکان ئەوەندە ماڵ و سامانیان بەلاوە خۆشەویستە کە حازرن بۆ پاراستنی جەستە و ڕۆحی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. ئەوانە لەبیریان دەچێت کە تەواوی ئەوەی لەبەردەستی ئەودایە بۆ خزمەت بە مرۆڤە نەک مرۆڤ کەرەسە بێت بۆ وەدەست هێنانی ئەوانە!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە زۆر ڕاشکاوانە ئەوەیە کە خۆتان فیدای ماڵی دونیا مەکەن. هەچێکتان هەیە بۆ ژیانی سەربەستانەی ئێوەیە. گرنگ پاراستنی خۆتان و ژیانی خۆتانە. کەوایە وریای سڵامەتی خۆتان بن !
س.ه.هیدایەتی
It.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٩ )
🔹 پێشینیان ئەڵێن: " دا خان بڕازێ لەشکر ئەترازێ ! "
🔹واتا تا خان خۆی برازێنێتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ شەڕ، شیرازەی سپا و لەشکەرەکەی لێکدەترازێت. ئەو مەتەڵە باسی سەرکردە نالایق و فیزنەکان دەکات کە زیاتر لە کردەوەی پێویست، ئیدیعایان هەیە و لە کاتێ زەروردا هەمیشە پاش شکست دێنە مەیدانەوە!
🔹 لە زانستێ بەڕێوەبەرایەتی دا ئەم باسە بەناوی "بەڕێوەبردنی کات" دەناسرێت و ئاماژە بەوەی دەکات کە ڕێبەران و سەرکردەکان وەک پێشەنگی ڕێکخراوە، دەبێ هەموو ئیشیکیان لەسەر کاتدا بەڕێوە بچێت و پێش هەموو کەس خۆیان لە مەیداندا حازر بن!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە کە تێبگەن؛ بۆ سەرکەوتنی هەر رێکخراوە و کۆمەڵگەیەک دەبێ فەرماندەر و سەرکردەکان ئامادەترین کەس بن. دێر هاتنە مەیدانی ئەوان و دواکەوتنیان دەبێتە باییس تێکشکانی بەرەی خەبات و دۆڕانی رێکخراوە و کۆمەڵگەکەیان!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٨ )
🔹 ئێژن: " قسە لەتەک بازێ کەس وەک کوتانن ئاسن سەرد واسە! "
🔹ئەو مەتەڵە باسی پێداگریی بێهوودە لە سەر قسە کردن لەگەڵ کەسانێک دەکات کە لێدوان هیچ کاریگەرییەکی لەسەریان نەبێت. لەم جۆرە وەختانەدا دەڵێن لەسەری مەچۆ ئەو قسەکردنەی تۆ وەکوو ئەوەیە بتەوێت ئاسنی سەرد بە کوتاندن بیچەمێنیتەوە!
🔹 هۆکارەکانی ئەو ناکاریگەرییە لە هەندێکەس زۆرن بەڵام وادیارە قازانج، جیاوازی بیروبۆچوون و عاقیدە و رکابەری گرنگترین هۆکارەکانی ئەوە بن کە خەڵکانێک نەیانەوێت گوێگری قسەی کەسانێک بن!
🔹 دەکرێت پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوە بێت کە خۆتان بە کەسانێکەوە کە بەهەر دەلیلێک ڕکیان لەگەڵ کردبێتن ماندوو مەکەن چونکە قسەتان لێوەرناگرن. بە واتایەکی تر دەڵێت؛ لەگەڵ کەسانێک بدوێن کە کەسایەتیتان بەلایانەوە شەرعییەتی هەیە و متمانەتان پێدەکەن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٧ )
🔹 ئێژن: " ئاو لەجێیەی لێژا ناوێسێت"
🔹ئەو مەتەڵە باسێکی گرینگی بەڕێوەبەرایەتێ دەخاتە بەرچاو و دەڵێت هەر ئامانج و مەبەستێک، حەتتا ئەگەر سەد لەسەدیش دروست بن، لە پرۆسێس و شێوازی ڕاست و دروست دا بەدەست دێن و کەرەسە و پرۆسێسی ناکارامەو ناقابل، ناتوانن ئامانج و داخوازەکان، بە سەرەنجام بگەیەنن!
🔹 بەداخەوە زۆرێک لە خەلکی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی خۆیان، گرنگی نادەن بە شێواز و کەرەسە و، لەبیریان دەچێت حەتتا ئاویش بۆ گەیشتن بە شوێنی خۆی، پێویستی بە جۆگەی شیاوە!
🔹 ئەکرێت بێژین پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە کە ئەگەر ئەتانەوێت داخوازە بەحەق و رەواکانتان بەئاکام بگەن، دەبێ شێواز و کەرەسەی دروست و گونجاویان بۆ هەڵبژێرن! پێتان وانەبێت هەر ئەوەی کە قسە و بۆچوونی حەقتان پێیە دەکرێ بەهەر شێوەیەک بەدوایدا بچن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٦ )
🔹پێشینان ئێژن: " قسەیەک بکەفێتە دەم دووکەس، ئەکەفێتە دەم شارێک! "
🔹ئەو مەتەڵە باسی فەرهەنگی وتی وتی نێو خەڵک دەکات کە هەر قسەیەک ببیسن بەبێ ئەوەی هیچ زانیاریی و لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەری ببێت دەم بە دەم دەیچەرخێنن و بڵاوی دەکەنەوە!
🔹 ڕاز، ناوی خۆی هابە خۆیەوە؛ واتا قسەیەک کە پێمان خۆش نییە لەنێو خەڵکدا بڵاو ببێتەوە، یان قسەیەک کە لەبەینی دووکەسدایە و پێویست ناکات خەڵکی زۆر لێی تێبگەن، لەوایە حەتتا ئەگەر بەلای تاکەکەسێکیشەوە بوترێت بکەوێتە سەر زاری خەلکێکی زۆر. بەتاێبەت لە کۆمەلگەی ئێمە. کە مرۆڤەکان بەگشتی رازدارێکی متمانەپێکراو نین!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە دەکرێت ئەوە بێت کە ڕازی خۆتان بەکەس مەڵێن، حەتتا بە نزیکترین کەس. ئەگەر وتتان، چاوەروانی ئەوە بن ببێتە نەقڵ و نوقڵی هەر کۆڕ و دانیشتنێک!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٥ )
🔹پێشینان وتوویانە: " بازێ کەس پیاوەتییان لێی نایێت"
🔹ئەو مەتەڵە کەسانێکمان پێی دەناسێنێت کە لەژیانی خۆیاندا ئەوەندە ناجوانمێرییان کردووە کە خەڵک ئیتر متمانەیان پێ ناکەن. بۆیە ئەگەر بە هەڵکەوتیش بیانەوێت کارێکی باش بکەن پێیان دەوترێت؛ جوامێری لەدەستی هەندێ کەس نایەت. واتا تۆ کە قەت پیاوەتیت نەکردووە ئیدیعای پیاوەتی مەکە چونکە لێت نایەت!
🔹 هەندێکجار ناپیاوی و ناجوانمێری دەبێتە باییس لەناوچوونی ڕێز و کەسایەتی مرۆڤەکان و بۆ هەمیشە بڕوا و متمانەی خەڵک لەدەست دەدەن. بەداخەوە کێشە کۆمەڵایەتییەکان کارێکی وای کردووە کە بەڕاستی کردەوەی پیاوانە، پیاوی دەوێت!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە کە تێبکۆشن متمانەی خەڵک لەدەست مەدەن. بڕواپێکراوی، گەنجێکی نایابە کە لەدەست چوو بە ئاسانی نایەتەوە دەست...
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
📘 رەفێق حیلمی
لاپەڕەیەک لە ئەزموونی ڕووناکبیرانی کورد
🖌فەرهاد شاکەلی
🔹دوێنێ ئەو بەختەوەرییەم بەنسیب بوو و لە شاری ئۆپساڵا لەوڵاتی سۆئێد چاوم بە مامۆستای ناودار، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ پرۆفیسۆر دۆکتۆر فەرهاد شاکەلی کەوت. دیدارێکی خۆش و پڕ لە باس و لێکۆلینەوەو فێربوون بۆ من.
🔹مامۆستا بە دڵفراوانییەوە چەن کتێبی بەنرخی پێبەخشیم کە یەکیان ئەو کتێبە بوو. مالیان ئاوەدان. بەئەوپەڕی حەزەوە دەستم کرد بە خوێندنی تا تەواو نەبوو وازم لێی نەهێنا.بەڕاستی چێژم لێی گرت. یاخوا نموونەیان زۆر بێت.
🔹وردبوونەوە لە کەسایەتی خوالێخۆشبوو ڕەفێق حیلمی بەتایبەت شیکردنەوەی کتێبی بەنرخی یاداشتەکانی ئەو تێکۆشەرە نیشتمانپەروەرە بە قەڵەمی نەرم و نیان و پرلەسۆزی کوردانەی دۆکتۆر شاکەلی، چێژی تایبەتی پێبەخشیم. بەتایبەت کە پێشتر ئەسڵی کتێبەکەی رەفێق حیلمیم خوێندبوو.
🔹وەک پێشتریش باسم کردبوو خوێندنەوەو تێفکرین لە یاداشتەکانی ڕەفێق حیلمی وەک ڕوناکبیرێکی بەئەزموون و مەیداندیدە دەتوانێت بەشێک لە مێژووی ڕاپەڕینی کورد بخاتە بەرچاوی خوێنەر. بێگومان خوێندنەوەی ئەم کتێبەی مامۆستا شاکەلی چێژەکە چەن بەرابەر دەکاتەوە.
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٤ )
🔹پێشینان ئێژن: " ڕۆژێک سوار و ڕۆژێک پیادە"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژە بە راستەقینەیەکی ژیانە و دەڵێت نە خۆشی و نە ناخۆشی هیچیان هەمیشەیی نین. هەندێک رۆژ لەگەڵ تۆن و هەندێک ڕۆژیش دژ بە تۆ!
🔹 زۆرجار مرۆڤەکان بە کەمترین هەستی سەرکەوتوویی دەکەونە پلەتەقێ و بە کەمترین کێشەیش دنیایان لێی دەبێتە جەهەنم. لە بیرمان دەچێت ژیان تێکڵاوێکە لە ڕەنج و خۆشی. ئەم دووانەش بەردەوام دەس بەدەس دەگەڕێن!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە خۆشییەکان لە ناخۆشییەکان خافڵتان نەکەن، ناخۆشییەکانیش ناهۆمێدتان نەکەن؛ ڕۆژێک سەردەکەون، ڕۆژێکیش نا، بەڵام ژیان هەر بەردەوامە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٣ )
🔹پێشینان ئێژن: " ئەجەل بێت لە کەس ناپرسێت"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژە بە تێپەڕبوونی بەردەوامی ڕۆژەکانی ژیان بەرەو کۆتایی تەمەنە و دەڵێت هەر بوونەوەرێک وەک چۆن ڕۆژێک لە دایک دەبێت، ڕۆژێکیش ژیانی کۆتایی پێدێت. مەرگ بۆ هاتنی ئیجازە لە کەس وەرناگرێت!
🔹 بەداخەوە کردەوەی زۆرینەی خەڵک وا پیشان ئەدات کە چاوەڕوانی مردن نین، لەکاتێکدا هەر ڕۆژ هاتوچۆکانی دەوروبەرمان دەبینین و ئاگاین لەو ئازیزانەی کە مەرگ دەیانبات و قەت ناگەڕێنەوە بۆ لامان!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە ئاشکراتر لەهەر واقێعییەتێکی ژیانە. دەڵێت؛ وریابن ئەجەل بێخەبەر دێتە سەروەختتانەوە. خافڵ مەبن. چاوەڕێی بن و خۆتان ئامادە بکەن. بڕواتان بێت مەرگ لەناکاو خۆی ئاشکرا دەکات!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٢ )
🔹پێشینان بەو سەرمایەیە کە زوو لەدەست دەچن ئێژن: " وەسە بەفر یەکشەوە"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژەیە بەو دەرفەت و بەرەکەت و سامانەیەی ژیان کە لەناکاودا دێن و لەناکاویشدا دەڕۆن! وەک تەمەن؛ کە گرنگترینە! بەڕاستی تا چاو دەکەینەوە ڕۆژەکانی تەمەن، دێن و دەڕۆن، هەروەکو بەفری یەکشەوە!
🔹 بەداخەوە زۆرجار مرۆڤەکان بە کەمتەرخەمی خۆیان، قەدری دەسکەوتەکان و ئەوەی هەیانە نایزانن، وەک؛ لەشساغی و دڵخۆشی و خۆشەویستەکان و سەدان نێعمەت و خەڵاتی دیکەی ژیان. جا لە دواییدا دەست دەکەن بە نزا و لاڵە و دەڵێن حەیف لەدەسمان چوو، بریا قەدرمان بزانیایە!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە زۆر ڕوونە. دەڵێت قەدری سەرمایەکانی ژیانتان بزانن. لاتان وانەبێت بەردەوام دەمێننەوە. فرسەتەکانتان لەدەست مەدەن. ئەوەی چوو ئیدی ناگەڕێتەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤١ )
🔹پێشینان ئێژن: " ڕۆزی بە قول ناگیریێ"
🔹دەکرێت ئەو مەتەڵە بە چەن شێوە مانا بکەینەوە؛ یەک. بلێین بۆ وەدەستهێنانی ڕسق و ڕۆزی تێکۆشانی تەنیا کافی نییە بەڵکو دەبێ دەوروبەرؽش یارمەتیدەر بێت، دوو. بلێین رسق و ڕۆزی تەنیا بەجەستە بەدەست نایێت و فکر و گەڵاڵەیشی دەوێت، سێ. بڵێین بەشێک لە ڕسق و ڕۆزی هەرکەس وەک خواپێداو لە دەزگای کەیەناتدا لە پێشدا دراوە و چارەنووسە!
🔹 ئەو بۆچوونانە هەرکام بەچەشنێک لێکدەدرێنەوە وەک ئەوەی ئیختیار بە تەنیایی ژیانی مرۆڤ بەڕێوە نابات چونکە؛ تێکۆشانی ئێستای هەرکەس بەسراوە بە کردەوەی ڕابوردوویەوە، یان بێجگە لە بڕیاری خۆی، چارەنووس و ئەو هەنگاوانەی پێشتر هەڵی گرتووە، هەموو کاریگەرییان هەیە لەسەر بەشی ڕسق و رۆزی ئێستا!
🔹 بۆیە دەکرێت پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوە بێت کە؛چالاکیی و تێکۆشان بەتەنیایی و بەشێوەی کاتی و سەربەخۆ نابێتە هۆی بەدەستهێنانی ڕسق و رۆزی، بەڵکوو دەیان هۆکار دەست دەدەن بە دەستی یەکترینەوە تا ژیان بەڕێوە بچێت!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٤٠ )
🔹پێشینان وتوویانە: " خوا ڕاسە و خوەشی لەڕاس تێ"
🔹ئەو مەتەڵەیش وەک چەن مەتەڵێکی تر کە پێشتر باسمان کردووە لەبارەی یاسای سروشت و کایەناتەوە دەدوێت. دەڵێت خالقی کایەنات گەڵاڵەی ئەو سیستمەی لەسەر بنەمای راستی و دروستی داڕژاندووە و پێشیی خۆشە هەموو لەسەر ئەو ڕاستییە برۆن و لێی لانەدەن.
🔹 بەداخەوە بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان، حەتتا ئەوانەی ئیدعای بڕوا بە خودایان زۆرە، ئەو شێوازەیان نەکردۆتە پیشەی خۆیان و راستکرداری کەمتر دەنوێنن و بەپێچەوانەی ئەوەی دەیڵێین و ئیدیعای دەکەن، دێتەچاو!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە زۆر ئاشکرايە دەڵێت ئەگەر دەتانەوێت وەک بەندەی راستەقینە و قەدرناسی خودا بتانناسن بەناوی خوداوە درۆ مەکەن و ڕێگەی ڕاست بگرنە پێش؛ راستی لە گوتار و لە کرداردا!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٣٩ )
🔹پێشینان وتوویانە: " ڕاس بچۆ. حاکم مەچۆ"
🔹ئەو مەتەڵە دەڵێت دەبێ خۆتان هۆشتان بە کردەکانی خۆتانەوە بێت و بەرپرسی ئیش و کاری خۆتان بن. بەواتایەکی تر پێش ئەوەی پرسیارتان لێبکرێت و بۆ مەحکەمە بتانچڕن دەبێ خۆتان وەڵامی کردەی خۆتان بدەنەوە و چاودێری ڕەفتارتان بکەن!
🔹 بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمەدا یاساو و مەحکەمە و سیستمی دەسەڵات خۆی تووشی گەندەڵی بووە و لەباری پاراستنی دادوەرییەوە ناکارامەیە، تاڕادەیەک کە هەندێجار پاڵەپشتی مرۆڤی خەتاکارە و دژ بە مرۆڤی دروستکاریش ڕادەوەستێت. بۆیە وەک بنکەی دادوەری بڕوای تەواوی پێی ناکرێت!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە دەکرێت ئەوە بێت کە مرۆڤەکان پێش هەموو شتێک راستکردار بن ئینجا خۆیان بە بەرپرسی کردەوەیان بزانن و پێش ئەوەی کۆمەڵگە دەستیان لێی درێژ بکاتەوە، خۆیان چاودێری لە ئیش وکاریان بکەن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٣٨ )
🔹پێشینان ئێژن: " قسەیک گۆشتی پێی ناگریت، گۆشتی پێی دامەنە"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژە بە کەسانێک دەکات کە بەدوای ئامانجی گەورە و پر بایخن کەچی وتە و کردەوەیان نەتەنیا ئەوان بە ئامانجەکەیان ناگەیەنێت تووشی خەسارەتیشیان دەکات.
🔹 بەداخەوە زۆرجار کەسانێک یان نەتەوەیەک بۆ گەیشتن بەمافی ڕەوای خۆیان بریار و بۆچوونێک دەردەبڕن یان چالاکییەک دەنوێنن کە بەجێ قازانج تووشی زیانیان دەکات. وەک لە مەتەڵێکی تردا باسمان کرد دەڕۆن بۆ ریش سمێلیشیان لەدەس دەدەن!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە وەک قاعیدەیەکی زانستی بەڕێوەبردن ئەوەیە کە پێش هەر وتە و بریارێک لە سەرەنجام و ئاکامەکەی بیربکەنەوە. بریاری بێ قازانج و بێ بایەخ مەدەن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٣٧ )
🔹پێشینان ئێژن: " ڕوو خۆ روو نییە. سەنگپای قەزوێنە"
🔹لەوایە لە بنەرەتدا ئەو مەتەلە هین فارسەکان بێت، بەڵام چونکە لە تەمەنی خۆمدا سەدان جار لە زمانی چینە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی دێهات و شارەکانی ناوچە ئەردەڵانییەکان بیستوومە بە بەشێک لە فەرهەنگی خۆمانم زانیوە و لێرەدا باسم کردووە!
🔹 ئەو مەتەڵە باسی کەسانێک دەکات لەخۆرازی، وەک ئەوانەی کاتێک لە قسەو کردەوەیەکدا بەهەڵە دەچن و پێیاندەوترێت، قەت لەهەڵەی خۆیان وەرناگەڕنەوە و دیسان پێداگری لەسەر دەکەن. لە زمانی خاویەر کرمێنتی دەرونناسەوە پێیان دەوترێت بێشعور. واتا کەسێک کە بنکەی هەلسەنگاندنی ڕاست و ناڕاستی لە مێشکدا لاواز بووە!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە ئەوەیە مرۆڤی ڕوودار بەقەد بەردی پاشۆری گرنج گرنجی ناوچەی قەزوێن ئازار دەرە و دەبێتە باییس داڕنینی ڕۆحی مرۆڤەکان. بۆیە داوادەکات؛ بە پێداگریی لەسەر هەڵەکانمان ئازاردەر نەبین بۆ تاک و کۆمەڵگە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٣٦ )
🔹پێشینان ئێژن: " سەر قەوی دەوڵەتە و پای قەوی مەینەت!"
🔹پێشینان پێیان وابووە سەری قەوی، واتا مێشکی بەهێز، دەسکەوتی دەبێتە سامان و داراییی و سەربەخۆیی، هیوابەستن بە پای بەهێزیش، مەینەتی بەدواوەیە! بەپێی ئەزموونی بەشەری ئەوە بۆچوونێکی ناڕاست نییە، بەتایبەت لەو ڕۆژگارەی ئێمەدا کە بیر و فیکری توانا، زیاتر لە جەستەی قەڵەو، لە سەرکەوتنی مرۆڤ و کۆمەلگەکاندا ڕۆڵی هەیە!
🔹 وەک دیومانە و دەیبینین پشت بەستن بە چالاکی بیر و فیکری بەهێز، زۆر زیاتر لە تێکۆشانی جەستەیی، مرۆڤ بەرەو سەربەخۆیی ڕێنوێن دەکات و جەستەی بەهێزیش زیاتر لە بیر، مرۆڤ دەکاتە کەرەستەی دەستی دەسەلاتدارانی بێویژدان!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە زۆر ئاشکرایە: ئەگەر فیکرتان لاگرینگ بێت، دەبنە خاوەن هەموو شتێک، ئەگەریش تەنیا نیگەرانی بەهێز کردنی جەستەی خۆتان بن، مەینەتباریتان لەسەر ڕێگەدایە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٣٥ )
🔹پێشینان ئێژن: "هەرکەس لە کراس خوەیا پیاوە"
🔹کاتێک کەسێک بیەوێت بە لالووتەوە سەیری کەسێکی تر بکات و سووک لێی بڕوانێت، دەڵێن؛ هەرکەسێک لەکراسی خۆیدا پیاوە(پیاو لێرە بە مانای کەسایەتییە)واتا هەرکەس بۆ خۆی کەسایەتی تایبەتی هەیە. کەس بۆی نییە بە چاوی سووکەوە لە کەسێکی تر بروانێت.
🔹 ئەوجۆرە کەسانەی کە ڕێز لە خالکی تر ناگرن وە یان لایان وایە بە نزم کردنەوەی پلەی خەلکی تر پلەی خۆیان بەرز دەبێتەوە تێناگەن بەهەڵەدا دەچن. ئەزموونی بەشەری پێمان دەڵێت هەرگیز پلەی راستەقینەی کەسێک لە کۆمەلگەدا بە سووکایەتی کردنی خەڵکی تر، بەرز یان نزم نابێتەوە!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە زۆر ڕوون و ئاشکرايە: مرۆڤەکان دەبێ تێبگەن هەر کەس ڕێز و حورمەتی خۆی هەیە. بۆ ڕاگرتنی حورمەتێ خۆمان، حورمەتی خەلکی تر ڕابگرین!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٣٤ )
🔹پێشینان بەو کەسەی قەت لە مال دونیا تێر ناخوات وتوویانە: "دەس تەماح پانەو مەکە"
🔹ئەو پەندە بۆ کەسانێک هاتووە کە هەم هەیانەو نایبەخشن، هەمیش بەردەوامن لە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ڕازی نین بەو بەشەی پیاندراوە!
🔹 بەداخەوە ئەوجۆرە کەسانە کە زۆرجاریش تەماحکارییەکەیان لەسەر مفتەخۆری دامەزراوە لە کۆمەلگەدا بەفراوانی دەبینرێن. ئەمانە نە تەنیا قەدردانی ئەوەی نابن هەیانە، بەلکوو بەئەوپەڕی بێ شەرمییەوە بۆ وەرگرتنی بەشی زیاتر لە نیازیان دەستیان درێژە!
🔹 ئەو مەتەڵە وێڕای سەرزەنشتکردنی زیادەخوازەکان، پیان دەڵێت دەس لە تەماحکاری هەڵبگرن!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٣٣ )
🔹پێشینان لەبارەی هەندێ کەسەوە وتوویانە " کونا مشکی لێی بوەسە قەیسەری"
🔹ئەو مەتەڵە ئاماژە بە کەسانێکی درۆزن و لەخۆبایییە کە خۆیان بەئازا و بوێر و نەترس دەناسێنن کەچی لەکاتی مەترسیدا خۆیان لە حەوت کوندا دەشارنەوە!
🔹 بێ گومان هەرکام لە ئێمە رۆژانە دەیان کەسی وامان دیوە و دەبینین بەڵام کەسانێک هەن کە لەکاتی ئاساییدا خۆیان بە قارەمان دەناسێنن و لە کاتی خەتەردا دەبنە پاڵەوان پەموو. سەیرتر ئەوەیە قەتیش لەڕوو ناچن و هەر زماندرێژیش دەکەن!
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە بۆ ئەو جۆرە مرۆڤانە، بەتایبەت بۆ ئەو قسەزلانەیە کە بەردەوام بوێری خۆیان بانگەواز دەکەن. پیاندەڵێت زۆر بە خۆتاندا مەنازن، بترسن لەو ڕۆژەی زەنگی درۆزنی و ترسنۆکیتان لە عالەمدا بزرنگێتەوە!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
وردە فەرمایشت ( ٣٣٢ )
🔹پێشینان دەڵێن" کاسەی پڕ سەرڕێژ ئەکات"
🔹ئەو مەتەڵەیش باسی تواناییە دەروونی و زەرفییەتەکانی مرۆڤ ئەکات. کاتێک مرۆڤێک، لە بەرانبەر کێشەیەکدا، کردەوەیەکی لێی ببینرێت کە بەپێی لۆژیک، چاوەڕوانی ناکرێت ئێژن ئەوە کاسەی سەبری سەرڕێژی کردووە!
🔹 ئەڵبەتە کێشە لەوەدا نییە کە کاتێک کاسەیەک پڕ بوو ناچار سەرڕێژ دەکات، کێشە لەوەدایە کە تەحەمولی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا کەم بۆتەوە، بۆیە خەڵک بە بچووکتترین کێشە سەرڕێژ دەکەن. بەشێکی زۆری ئەو بێقەرارییە دەگەڕێتەوە بۆ کێشە ئابوورییەکان و ستەمگەری دەسەڵاتدارەکان، کە هێندە تەنگیان لە خەلک هەڵچنیوە سەبریان نەمێنێت.
🔹 پەیامی ئەو مەتەڵە دەکرێت ئەوە بێت کە بەڕێوەبەران و دەسەڵاتداران بە کردەوەی ناڕەوای خۆیان، کارێکی وا نەکەن کە خەڵک، لەبەرانبەر کەمترین تەنگانەدا، کاسەی سەبریان سەرڕێژ بکات!
س.ه.هیدایەتی
t.me/KDproblems
