به‌شی٢
🔸له کۆڵانی ته‌نگ و ته‌نگه‌به‌ری ناوقهڵادا منداڵ که‌وتبوونه به‌رده‌فڕکێ. منداڵی جووله‌که و منداڵی موسوڵمان شه‌ڕه قسه‌یان ئاڵاندبووه قۆچهقانیهکانیان، گیرفانیان پڕ کردبوو له ورتکه به‌رد هاکا چاو وچڕی یه‌کتریان دهربهاوردایهت. ژنه جووله‌که‌کان کۆشیان دادابوو توویان ده‌ترووکاند. ڕۆژی شه‌مه‌بوو، ده‌ستیان بۆ کار و ئاگر نه‌ده‌برد. خێزانی کاری بۆ ماڵه جووله‌که‌کان ده‌کرد. ڕۆژانی شه‌مه خێزانی هه‌ر خۆر نهگهسته له ماڵه‌وه ده‌رده‌که‌وت، کاتێک ده‌چوو بۆ کار کچۆڵهکهیشی له گه‌ڵ خۆی ده‌برد. کوڕه‌گه‌وره خڕۆڵهکهیشی به دوو جووت چاوی شینه‌وه کۆڵانه‌کانی نێو قه‌ڵای ده‌ته‌قاند و ویزه‌ی به‌رده فڕکه‌ی ده‌هات. له پڕ به‌چکه جوو ده‌یانگوت:" هۆی جووجکه سه‌گ سوونی. "دووان و سیانێک به بن باڵ و پیلی خاڵۆدا به هه‌ڵه‌داوان وبه‌دفه‌ڕی ده‌ربازبوون و سیله‌چاویان ده‌گرت. خاڵۆ ئاڵۆز و پهشۆکیاو و بێ ده‌ره‌تان له ماڵ نزیک که‌وته‌وه، حهڵقهڕێز دریاکه به به‌نێکی ڕیشاڵ به لاشیپان ده‌رکه‌وه گرێ درابوو. شه‌که‌ی بای پاییز ته‌نگی به ده‌رکه‌دار هه‌ڵچنی بوو. گرێکوێره‌ی خستبووه په‌ته‌که‌وه. به نێنووک وبه زه‌حمه‌ت و ده‌س له‌رزۆک کردیه‌وه. به کوڕبوونهوهیهک باڵای به‌رزی نووشتانده‌وه و چوه نێو خانووه‌که‌ی پاڵ مزگه‌وتی دوو مناره‌وه. کۆته کشمیریهکهی به باڵای چوارخشته‌ی شانی‌دا شه‌که‌ی ده‌هات. ده‌ستێکی بۆ قورعانه به‌رگ سه‌وزه‌که‌ی سه‌ر تاقچه‌که برد. به‌رزی کرده‌وه و ماچێکی کرد و نای به‌سه‌ریه‌وه و له جێکه‌ی خۆی داینایه‌وه. لاگوێلێک پووڵه سپیه‌ی شک ده‌برد له پریسکهیهکی دانابوو له ناو کوولهکهسهرایی گۆشه‌که‌دا بۆ ڕۆژی ته‌نگانه پاشه‌که‌وتی کردبوو. ده‌ستی گرته بنی کووله‌که‌وه و له ملهباریکهکهیهوه چاوێکی له بنه‌که‌ی کرد. خڕه‌ی لێوه‌ده‌هات، ژماردی و ده‌سماڵه گوڵچنراوهکهی گیرفانی پاڵتۆکه‌ی ده‌رهاورد و بڕێکی تێڕۆکرد و پێچایه‌وه و له ژێر پشتێنه‌که‌یه‌وه خستیه نێو گیرفانی چاکی که‌واکه‌ی. چاوێکی له جێوبان و که‌ره‌سته‌ی نێو ماڵه‌که بڕی. هۆده و ههوێشخانێک و پڵاسێک و بڕێک کاسه و که‌وچکه دارینه له سه‌وه‌ته‌ی سه‌ر سه‌کۆکه به سیخه دارینێکهوه هه‌ڵواسرابوو. نێو ماڵ خاوین و هه‌ڵپرژاو. له به‌رهه‌یوانی مزگه‌وت ئێزنگ و ئالوه‌داری پاچراوه به رێک وپێکی موور و که‌ڵه‌که‌کرابوون. دره‌نگانێکی پاییز بیری له کوورهدار ده‌کرده‌وه. خێزان و دوو منداڵه‌که‌ی له به‌رچاویدا رێچکه‌یان ده‌هات. ته‌نگه‌تاوببوو، ژه‌نگی خه‌مێکی قووڵ له ناخیدا قه‌تماغه‌ی به‌ستبوو. به ده‌ستی حسره‌ته‌وه، سمێڵه قهفداره شاهانه‌که‌ی تۆزێک به‌م لاولای لێوه شۆڕه‌کانیدا پاڵ پێوه‌نا. له گۆزه‌ڵه‌سووره گڵێنهکهدا، چۆڕێک ئاوی به گه‌رووی وشکیدا ڕۆکرد و لێزگهیهک ئاو به‌لا ته‌نیشت سمێڵه‌کانیدا دڵۆپه‌یان به‌ست. چه‌لێک حه‌په‌ساو قه‌ڵافه‌تی تێکسمراوی داچۆڕابوو. خه‌ریک بوو چاوی به‌جێ ماوی منداڵه‌کانی ده‌زانه ڕۆحی و هه‌ره‌سیان هێنایه سه‌ر سیه‌کانی و بینی ده‌خوارده‌وه. قومهئاوهکه به چه‌ند قۆرت چووه خواره‌وه. دواقومه ئاوی نێو خاو و خێزان. ماڵ بۆنی هه‌ناسه‌یه‌کی شێداری لێده‌هات. ده‌نگی زه‌ڵه‌ی منداڵۆکه کۆڵانی هه‌ڵگرتبوو. مێشکی ته‌قڵه‌وجلیتانی بوو ده‌ستی تاقمانهجووتی ده‌کرد. ده‌ستێکی به چناکهیدا هاورد. ریشێکی ته‌نکی ماش وبرنجی که به هیوا بوو به تۆپزی بیهێڵێته‌وه. مێشکی وه‌خۆ که‌وت، بێژی ئه‌حمه‌د نهم بینێ! ئێسته له کۆڵان ڕمبازێنیهتی. ئامین و ڕابێ له کام ماڵه جووله‌که‌ن. به کاوه‌خۆ ڕاچه‌نی، په‌شۆکاو ده‌ستی له ته‌زبێحی بن گیرفانی جاکه‌ته‌که‌ی که‌وت. کرژ ئاخێزێکی کرد. چاره‌که چهرمهڵهکهی رابێی له‌سه‌ر پهسوێکه هه‌ڵگرت و به په‌له له شت ومه‌کی پێویست پڕیکرد و چوار گرێی توندی لێدا. ده‌سماڵه گوڵداره‌که‌ی له به‌ر پشتێنی چه‌قاند. کاردێکی دهسکهچنراوی له پشته‌وه ئاڵانده لاکه‌له‌که‌ی. له پشت درگا وچانێکی تاساوی و ئه‌بڵه‌قی گرت و گورگهئاوڕێکی له نێو ماڵهکهدایهوه. له کاتی توندکردنهوهیی گرێی په‌ته‌که له حهڵقهڕێزی دریاکه سیلهچاوێکی به کۆڵانه باریکه کزۆڵکهکانی نێو دهرکهوباندا گێڕا. مناره‌کانی مزگه‌وتی دوومناره به‌ره‌و چه‌قی ئاسمان لوولدرابوون تاپۆیان ده‌کرد. له کۆڵانه ته‌نگه‌کانی ناو قه‌ڵاوه به‌ره‌و قاوه‌خانه‌ی دۆستی دێرینی ئاژوا. ئێواره به‌ره‌و دره‌نگان ملی خێچی ده‌کێشا. خڵێڵه دایگرتبوو. نه‌کا له‌ناکاو بده‌نه سه‌ریدا و کهلهبچهکراو و ده‌سبه‌سه‌ر ڕاپێچی شوێنێکی نادیاری بکه‌ن. هه‌ر ترسی له لایه‌ک نه‌بوو له‌وانه‌ش ده‌ترسا که تا ئێسته رۆژنامه‌ی بۆ بردبوونه به‌ر درگا. ده‌ترسا له‌مه‌ڕ حه‌شاردانی گیانی خۆیان له فکری سه‌ر له ژێرئاوکردنی بن. درێژه‌ی هه‌یه......