ar
Feedback

لا تقع ضحية للمخادعين! تيليمتريو يكتشف ويُميّز هذه القنوات 👉 إذا كنت تريد رؤية العلامة، اشترك

Shwan Kurd - شوانکورد

Shwan Kurd - شوانکورد

الذهاب إلى القناة على Telegram

هەموومان شوانین، هەموومان بەرپرسیارین

إظهار المزيد
لم يتم تحديد البلدالفئة غير محددة
266
المشتركون
لا توجد بيانات24 ساعات
-17 أيام
+3830 أيام
أرشيف المشاركات
photo content

خاکی کوردستان پێش فتوحاتی ئیسلامی! بۆ ئەوەی لە پەیوەندیی نێوان کورد و ئیسلام تێبگەین، دەبێت بەردی بناغەکە لە جێی خۆی دابنێین و لەو ژینگەیە بكۆڵینەوە کە کورد بەر لە هاتنی ئیسلام تێیدا دەژیا. کاتێک سەیرێکی سەرچاوە مێژووییەکان و نەخشەی کۆنی ناوچەکە دەکەین، دەبینین خاکی کوردستان ببووە گۆڕەپانی زۆرانبازیی دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەی ئەوسای جیهان؛ ساسانییەکان لە ڕۆژهەڵات و بیزەنتیەکان لە ڕۆژئاوا. ساسانییەکان کە حوکمی زۆربەی خاکی کوردیان دەکرد، لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە سیستەمێکی چینایەتیی زۆر ڕەقیان سەپاندبوو. لەم سیستەمەدا، کۆمەڵگە دابەش ببوو بەسەر چینەکانی پاشا، ئەشراف، دەسەڵاتدارانی ئایینی زەردەشتی، و سەربازان. خەڵکی ئاسایی و جوتیاری کورد کە زۆربەی دانیشتووانی ئەم خاکە بوون، لە کەمترین مافی ئینسانی و کۆمەڵایەتی بێبەش کرابوون. دەبا باجێکی زۆر قورس بدەنە کۆشکی پاشا کە بە باجی سەر و باجی زەوی ناسرابوو، لە کاتێکدا کاتی شەڕەکانیش لەگەڵ ڕۆمەکاندا، گەنجانی کورد بە زۆرەملی دەبرانە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ. لە ڕووی ئاین و بیروباوەڕیشەوە، ژیانی ئاینی لە کوردستاندا یەکدەست نەبوو. دەسەڵاتی ساسانی هەوڵی دەدا ئایینی زەردەشتی بەسەر هەموواندا بسەپێنێت، بەڵام خەڵکی تەواوی ناوچەکە وەکو یەک وەریان نەگرتبوو. لە شاری وەک ئامەد و ناوچەکانی بەهدینان و جەزیرە، مەسیحییەت بڵاوبووبووەوە. لە ناوچە چیاییەکان و گوندەکانیشدا، هێشتا بڕوا کۆنەکانی ناوچەکە و پەرستشی دیاردەکانی سروشت مابوونەوە. لە ڕاستیدا ئایین بۆ دەسەڵاتی ساسانی ئامرازێک بوو بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە ژێر چەپۆکی خۆیدا، نەک بۆ پاکسازیی ڕۆحی و دادپەروەری. کوردەکان لە بەرامبەر ستەمی ساسانییەکاندا بێدەنگ نەبوون. زۆرێک لە هۆزەکان ناچوونه ژێر بار و بەرەو بەرزیی چیاکان کشابوونەوە تا باج نەدەن و یاخیبوونی خۆیان بپارێزن. لە ناخی ئەم نەتەوەی دادپەروەری خوازەدا، خەمێک لە سەرکوتکردن و خۆشەویستییەک بۆ ئازادی چەکەرەی کردبوو. کوردەکان خاوەنی خاکێکی دەوڵەمەند و کۆمەڵگەیەکی بە ئەمەک بوون، بەڵام بێ بەش بوون لە دەسەڵاتێکی دادپەروەر. «بەردەوامە… #کورد_ئیسلام #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

photo content

ئازادی یان ئیفلاسی فیکری؟! سەیرە کەسێک لە دێڕی یەکەمی پۆستەکەیدا بانگەشەی "ئازادی" بکات و، لە دێڕی دواتردا دژی یەکەم دێڕی بنووسێت! پاشان وێنەیەک بڵاو بکاتەوە کە سوکایەتییە بە کەرامەت، عەقڵ و ئیرادەی ملیۆنان ئافرەتی باڵاپۆش و موسڵمان! چەندان ساڵە لە قوتابخانەکان، لە ڕێکخراوەکان و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە شەو و ڕۆژ وانەی "پێکەوەژیان" و "قبووڵکردنی بەرامبەر" بە موسڵمانان دەڵێنەوە و، هەر دەنگێکی ناڕازیش بە توندڕەوی و ئیرهاب تۆمەتبار دەکەن. ئەمما زوو زوو دەردەکەوێت کە خۆیان لەو وانەیە هیچ فێر نەبوون! لە تاقیکردنەوەکاندا یەکەم کەسن کە سنووری ئازادییە کەسی و ئایینییەکانی موسڵمانان دەبەزێنن و سوکایەتی بە هەڵبژاردنەکانیان دەکەن. ئەو ئافرەتەی تۆ بەو شێوازە ناشرینە وێنای دەکەیت، دایکی زۆربەی ئەم میللەتەیە، پزیشکە، مامۆستایە، ئەندازیارە و بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژوو و خەباتی ئەم نیشتمانە. کێشەی ئێوە ئەوەیە باوەڕتان بە ئازادی هەیە تا ئەو شوێنەی کە خەڵک وەک ئێوە بیر بکاتەوە! کاتێک توانای دیالۆگ و قسەی جیددیشتان نامێنێت، پەنا دەبەنە بەر گاڵتەکردن بە بڕوای کەسانی تر. ئەوە نیشانەی ئازادیی فیکری نییە، بەڵکوو ئاماژەی ئیفلاسی فیکری و کینەی دەروونییە. ئافرەتی باڵاپۆش پێویستیی بە ڕەزامەندی و مۆڵەتی کەس نییە بۆ هەڵبژاردنەکانی؛ ئەو هەڵبژاردە و بڕیارەکانی لە وەحی خواییەوە سەرچاوە دەگرن، نەک لە ویستی خاوەن بەرژەوەندی و ئارەزووپەرستەکان! #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

photo content

کێ چەقۆی لە پشتی کورددا؟! د. زەید عەلی ڕاستبینی دووەم #ڕاستبین #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

حیکمەتی ڕووکردنە قیبلە چییە؟! ئەم ئوممەتە دەبێت ڕوولێکردنێکی تایبەت و سەربەخۆی هەبێت، بابەتی قیبلە گەورەترە لەوەی کە تەنها لە کاتی نوێژدا ڕووبکرێتە کەعبە. ڕۆحی بەندایەتی و حەقیقەتی بەندایەتی ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە ڕووی دڵی لە خوا بێت، لە لایەکی ترەوە چونکە مرۆڤ بەشێکی ماددیە و ناتوانێت بە داڕنراوی لە ماددە بجوڵێ و عیبادەت بکا، بۆیە دەبێت لە کاتێکدا تەکلیفی لێدەکرێت ڕووی لە خوابێت و لایەنێکی بۆ دیاری بکرێت، لەسەر ئەم ئەساسە دەبێت مرۆڤ ڕووی دڵی لە جێگەیەکی دیاریکراو بێت، جێگەیەک وا خوا دەیناسێنێت بە پایتەختی خۆی لەسەر زەویدا! دەبێت بەندەی خوا بە دڵ لە هەموو ژیانیدا ـ نەک تەنها لە کاتی نوێژدا ـ ڕوو لەوێی بکات، ئاخر دەبێت هەمیشە ڕووی لە خوا بێت. دوای ئەوەی ئەم ئوممەتە ئاڕاستەیەک پەیا دەکەن، لە نوێژەکاندا ڕوویان لەو مەرکەزە دەکەن، کە ئەگەر بێت و لە حاڵاتی دیکەشدا تووشی غەفڵەتێک ببن، ئەوا ڕوولێکردنی کاتی نوێژ دەبێتە یادهێنەرەوەیان، سەرەنجام هەمیشە پەیوەندییان هەبێ لەگەڵ خاوەنی ئەم مەرکەزە، لەگەڵ خالق و ئامری تاقانەی خۆیاندا. م. ناسری سوبحانی #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

photo content

هیدایەتی قورئانی، لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیادا! شەش ڕێسای قورئانی، ڕووگەی موسڵمان لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیادا ڕاست دەکاتەوە…! یەکەم: گەر بەڵگەت نییە، قسە مەکە. "وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ: مەکەوە شوێن شتێکی وا کە نازانی چییە و چۆنە." دووەم: دەمی کەسێک بۆچوونی دەخاتە ڕوو، گەنگەشەی بۆچوونەکەی بکە نەک خودی خۆی. " قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ: دەسا بەڵگەی خۆتانن نیشان دەن! ئەگەر پێو وایە ڕاست دەکەن." سێیەم: حەقخواز بە، گەر لە بەرژەوەندی خۆتیشدا نەبێت. "كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَىٰ أَنْفُسِكُمْ: بە یەکسانی و بێ جیاوازی بە کاری مەردم ڕابگەن و بۆ خوداش شایەتی بدەن؛ هەرچەندە شایەتی دانوو بە زیانیشوو بێ." چوارەم: گەر قسەیەکت بینی مانایەک زیاتری هەڵدەگرت، لێکی بدەوە بە چاکترینییان. "اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِنَ الظَّنِّ: لە زۆرێک لە گومانان خۆ بپارێزن." پێنجەم: ئەوانە پەراوێز بخە، کە کەڵکی وتووێژیان نییە. "أَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ: واز لە نەزانان بێنە." شەشەم: کە بیرۆکەکانت پەخشکرد، بە جوانترین شێوە بیکە. "قُلْ لِعِبَادِي يَقُولُوا الَّتِي هِيَ أَحْسَنُ: تۆ بە عەبدانی من بێژە چی باشترە ئەوە بێژن." د. نایف بن نەهار #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

photo content

پێشانگای کتێب و گرێی ناحەزان! نازانین بڵێین پێشانگای کتێب هاتەوە، یان فێستیڤاڵی پەلاماردانی ئیسلام و کتێبە ئیسلامییەکان! سەیرە! کەسێک دێتە پێش و بەشانازییەوە دەڵێت: "من لە بنەماڵەیەکی ئیسلامیم!" کەچی یەکسەر بەبێ هیچ بنەمایەک دەڵێت: "گەنجان کتێبی خوڕافی و توندڕەوی دەخوێننەوە و دامودەزگا ئیسلامییەکان لاوازن! " ئەمە ئیتر ڕەخنە نییە، بەڵکوو نمایشێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کامێراکان. با پێکەوە بزانین ئەم جۆرە قسە پووچانە تا چەند لە واقیع دوورن. مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەبێت کاتێک گوێی لەو قسە سەیر و سەمەرانە دەبێت کە هەموو ساڵێک لە پێشانگای کتێبدا دەکرێن. پەنابردنی ئەو کەسە بۆ ناسنامەی بنەماڵەکەی، زیاتر لەوەی پشتبەستن بێت بە هۆشیاری، هەوڵێکە بۆ بەخشینی ڕەوایەتی بە هێرشەکانی؛ وەک بڵێیت چونکە باوباپیرانی مەلا بوون، ئیتر مافی ئەوەی هەیە بێ خوێندنەوە و بە هەڕەمەکی حوکم بەسەر هەزاران ساڵ لە بەرهەمی فیکری و زانستیدا بدات! کتێبخانەی ئیسلامی هێندە دەوڵەمەند و قووڵە، بە دروشمی سادەی بەردەم کامێراکان هەڵناسەنگێنرێت. لە لایەکی ترەوە، بانگەشەی لاوازیی ناوەندە ئیسلامییەکان لە کاتێکدایە کە ئامارەکان پێچەوانەکەی دەسەلمێنن؛ پڕخوێنەرترین بەرهەمەکان و گەورەترین پڕۆژە فەرهەنگییەکان لەسەر دەستی گەنجانی هۆشیار و ناوەندە فیکرییە ئیسلامییەکان بەڕێوە دەچن. دیارە ئەم جۆرە بۆچوونانە تەنها لەو گۆشە تەسکەوە سەیری واقیع دەکەن کە خزمەت بە دەرکەوتنی کەسی دەکات. باشتر وایە پێش ئەوەی باسی لاوازی و کەمیی کتێب بخەیتە ڕوو، یەک جار بەوردی سەیری کتێبخانەی باپیرانت بکەیت؛ ڕەنگە ئەو کاتە تێبگەیت کە کێشەکە لە کتێبەکاندا نییە، بەڵکوو لەو ئاوێنەیەدایە کە سەیری خۆتی تێدا دەکەیت! #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

photo content

سەرەتای شارستانییەتی ئیسلامی و تایبەتمەندییەکانی و دەستکەوتەکانی! سەرەتای شارستانییەتی ئیسلامی بە دەورانی پێغەمبەر دەست پێ دەكات لەنێوان ساڵانی (١-١١ ک.)، پاشان درێژەی دەبێت بە كۆمەڵێ گەشەسەندن و پەرەسەندنی ئەم شارستانییەتەوە لە سەردەمی خیلافەتی ڕاشیدین لەنێوان ساڵانی (١١-٤٠ ک.). لە سەردەمی خیلافەتی ئومەویی (٤١-١٣٢ ک.) دەركەوتەكانی ئەم شارستانییەتە زیاتر دەردەكەون، كاتێک میللەتانی جیهان زیاتر دێنە نێو ئەم شارستانییەتەوە لە "ئەفریقیا، ئەندەلووس" بۆ ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات لە "چین و هند". ئەمەش بەردەوامی هەیە لە سەردەمی عەباسییەكان (١٣٢-٦٥٦ ک.) و سەردەمی مەمالیكەكان (٦٤٨-٩٢٢ ک.) و دواتریش لە سەردەمی عوسمانییدا. شارستانییەتی ئیسلامی خاوەنی كۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆیەتی ئەوانیش بریتین لەمانە: یەکخواپەرستی: شارستانییەتی ئیسلامی یەكەم بنەمای جێگیری ئەوە بووە کە تاکیی خوا بچەسپێنێت و لە خەڵكی بگەیەنێت كەوا دروستكراوەكان نەكەنە هاوەڵی خوای تاقانە. دادپەروەری: ئیسلام بەوپەڕی گرنگییەوە لە خەمی چەسپاندنی دادپەروەریدایە. زانست: ئیسلام ئەو دینەیە كە نەک كێشەی لەگەڵ زانستدا نەبووە، بەڵکوو هەمیشە هانی خەڵكیداوە لەسەر فێربوون. ڕەوشت: ئیسلام دەستورێكی گشتگرە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بە چین و توێژ و ئایینە جیاوازەكانی كۆمەڵگاوە، كەوا چۆن مامەڵە لەگەڵ یەكتریدا بكەن، چونكە قورئان بۆ خۆی ئەو دەستوورەیە كەوا پەروەردەی تاک دەكات و فێری دەكات لە تێكڕای كایەكانی كۆمەڵگادا چۆن مامەڵە بكات. كار (عمل): ئیسلام جەخت دەكاتەوە لەسەر كاركردن بەو شتانەی فێریان دەبیت. هەربۆیە یەكێک لە بنەماکانی ئەم ئایینە پاش ئیمان، كاركردنە بە ناوەڕۆکەکەی. #شارستانییەتی_ئیسلامی #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

photo content

جیاوازی چییە لە نێوان گومانی ئیسلامی و گومانی مۆدێرن؟! گومانی ئیسلامی پێشەکییە بۆ دڵنیایی، لە کاتێکدا گومانی مۆدێرن پێچەوانەی دڵنیاییە. ئەگەر گومانت لە ئیسلام هەبێت هەتا بەهۆیەوە بگەیتە دڵنیایی، واتە گومان دەکەم تا بەڵگە بدۆزمەوە، کاتێک دۆزیمەوە دەمبات بەرەو دڵنیایی. بەڵام گومانی مۆدێرن تایبەتمەندییەکی گشتییە لای مرۆڤەکان، ژیان هەمووی بونیاتنراوە لەسەر گومان، لێرەوە بیرۆکەی (ڕێژەییبوونی ڕاستی) هاتووە، لەوەوە هاتووە کە مرۆڤ دەبێ هەمیشە گومانی لە هەموو شتێک هەبێت، ئەوکاتەیشی دەگەیتە دڵنیایی بە دۆگما وەسف دەکرێی! ئەوان ژیانێکیان دەوێت لەسەر گومان. بەڵام ئەمە ڕاست نییە، حەقیقەت هەرگیز ڕێژەیی نییە، بەڵکوو ڕێژەییبوون ڕاستە، بۆچوونی ڕێژەیی هەیە، بەڵام حەقیقەت ڕێژەیی نییە، وەگەرنا نابێتە ڕاستی و حەقیقەت. نایف بن نەهار #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

photo content

پێشەکیی زنجیرە: کورد چۆن موسڵمان بوو؟ بۆچی بۆ هەر کوردێک لەمڕۆدا گرنگە بزانێت باپیرانی ئێمە چۆن ئیسلامیان وەرگرتووە؟ چونکە تێگەیشتن لەم مێژووە، تێگەیشتنە لە ناسنامە و ڕاستیی ئیمانی ئێمە. هەندێک کەس بە نەزانی یان بە مەرامی تایبەت دەیانەوێت وا لە گەنجی کورد بگەیەنن کە گوایا ئیسلام بە هێزی شمشێر و بە زۆر بەسەر کورددا سەپێنراوە، یان کوردستان داگیر کراوە! بەڵام کاتێک مێژووی ڕاستەقینە دەخوێنینەوە، دەبینین ئەمە تەواو پێچەوانەی ڕاستیەکانە. کورد نە داگیر کراوە، نە بەزۆر بووە بە موسڵمان، بەڵکوو ڕزگاری بووە؛ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی ئیمپراتۆرییەتە زۆردارەکان بۆ ئامێزی دادپەروەری و ئازادی. پێویستە بزانین فتوحات لە سەردەمی خەلافەتی ئیمامی عومەردا (ڕەزای خوای لێ بێت) تەنها بەزاندنی سەربازی نەبوو! ئەوەی ئەو سەردەمەی جیا دەکردەوە، ڕەنج و قوربانیدانی بێئەندازەی هاوەڵانی پێغەمبەر بوو درودی خوایان لەسەر بێت. هاوەڵان بە زیرەکییەکی زۆر بەرزی سەربازی، بە حیکمەتی کۆمەڵایەتی و، بە ڕەوشتێکی بەرزەوە هاتن. ئەوان کاتێک دەگەیشتنە شار و چیاکانی کوردستان، مامەڵەیان بە جۆرێک دادپەروەرانە بوو کە ڕەفتاری جوان و ڕاستگۆییان خەڵکی شۆک کردبوو. هاوەڵان نەهاتبوون خاکی کورد تاڵان بکەن یان خەڵکەکەی بکەنە کۆیلە، بەڵکوو هاتبوون پەیامێک بگەیەنن ئازادی بە مرۆڤ دەبەخشێت. ئەوان ڕێزیان لە پەیماننامەکان دەگرت، دەستیان بۆ گیان و ماڵی خەڵکی مەدەنی نەدەبرد و، بە ڕەوشتی خۆیان سەلماندیان کە ئایینەکەیان ئایینی بەزەیی و دادپەروەرییە. کوردیش کاتێک ئەم دادپەروەریە بێ ئەندازەیەی بینی، بەزوویی جیاوازیی کرد لەنێوان ستەمی ساسانییەکان و داپەروەریی ئیسلام. لەبەر ئەمەیە دەبێت کورد تا ماوە بە شانازییەوە لە ئیسلامبوونی خۆی بڕوانێت. ئێمە گەلێکین بە تێگەیشتن و بە حەزی خۆمان باوەشمان بۆ ئەم ئایینە کردووەتەوە، نە بە زۆرداری بووینە موسڵمان و نە کەس ناسنامەی لێ سەندووینەتەوە. خولقاندنی ئەم هۆشیارییە، ئیمانی موسڵمانان بەرز دەکاتەوە و وا لە گەنجی کورد دەکات بە شانازییەوە ستایشی ئەو ڕەنجە بکات، کە هاوەڵان کێشایان بۆ گەیاندنی ئەم ڕووناکییە بە چیاکانی کوردستان. لەم زنجیرەیەدا، بە بەڵگەی سەلمێنراو و مێژوویەکی ڕاستەقینە، پەردە لەسەر زۆر ڕاستی لادەبەین. تەواوی ئەو تەمومژ و چەواشەکارییانە دەڕەوێنینەوە کە دەیانەوێت نێوان باوەڕ و ناسنامەی کورد تێک بدەن. بە شانازییەوە پیشانی دەدەین کە چۆن کورد بە ئازادی و تێگەیشتن لە ئیسلام، باوەشی بۆ ئەم ئایینە کردووەتەوە و ڕۆحی کوردایەتی و مەردایەتیی خۆی پێ بەهێزتر کردووە. بینەری بەشەکانی داهاتووی ئەم زنجیرە پڕ لە شانازییە بن! #کورد_ئیسلام #پڕۆژەی_هۆشیاریی_ئوممەت #shwankurd

photo content