cookie

We use cookies to improve your browsing experience. By clicking «Accept all», you agree to the use of cookies.

avatar

هۆدەی شێعر...❣بڕیار❣

لینک ناشناس https://telegram.me/BiChatBot?start=sc-984275-NYeorPr

Show more
Iran198 315The language is not specifiedThe category is not specified
Advertising posts
211Subscribers
No data24 hours
No data7 days
-130 days

Data loading in progress...

Subscriber growth rate

Data loading in progress...

Repost from N/a
📑 کورتەچیرۆکی #نیشتمان لە پاڵ ئوتوبووسەکەیا وەستابووم، وەکوو هەموو جارێکی تر کە بڕیارە 13:30 ڕێکەوێ و 14:15 هێشتا لەوێدا وەستاوم ، من خووم گرتووە بەمە ، جۆرێک ئەگەر ئەو ماتڵییە نەبێ لام سەیرە ... کات بە فیڕۆچوون بوو هەڵبەت ، بەڵام، کات بۆ من مانا و بایەخێکی ئەوتۆی نییە . ئیتر کەسێک چاوەڕێ نییە  کاتژمێر شەشی ئێوارە زەنگی بۆ لێدەم یا زووتر بگەمەوە و پێم وتبێ یەک و نیو ڕێئەکەوم پێنج لەوێ چاوەڕێم بن . نا ... هەتا بە ئەسپاییش دەرگاکە نەکەمەوە ماڵۆش نازانن گەڕاومەوە . مامۆستاکانی زانکۆش خوویان بەوە گرتبوو نیو سەعات درەنگتر بچمە سەر کلاسەکانیان ... ئێستاش پزیشکەکەم هەرجارە سەرزەنشتم دەکا کە بۆ دوو سەعات درەنگتر لە کاتی دیاریکراو سەردانی ئەکەم؟ من بێدەنگ سەیری ئەکەم و سەرم لێ ڕادەوشێنێ... لام وایە کات تەڵا نییە ئیدی . بۆ کەسێکی وەکوو من کاتێ کاتی کات بۆ کات گرنگ پێدانە کە کاتی وتنی کات نەهاتبێ . لەبەر ترمیناڵەکەدا کەسەکان ئەهاتن و ئەچوون ، کەسانێ ئەڕۆشتن و دواباوەشی ماڵاوایی بوو ، کەسانێ ئەهاتن و باوەشی بەیەک شادبوونەوە بوو ... هەروا کە ئەمڕوانی لە گۆشە و کەناری ترمیناڵەکەوە عاشق و مەعشووق‌گەلێکش چاوەڕێ بوون سوار ئوتووبووسەکە بن و سەرلەسەر شانی یەکتر دابنێن ... چەن کەسێکیشیان بە چاوێکی سوورەوە دەستیان لە دەستی یەکتر بەر ئەدەن گوایە بڕیارە بۆ هەتا هەتایە یەکتر نەبیننەوە . من؟ تەنیا سەیر دەکەم! لەم کاتەیا بوو تەزێک بە ناوشانما و کسپەیەک لە دڵمەوە هات ، هەروا کە واقم وڕ مابوو سەراپا چاو بووم ... _ کاکە سوار بن ... لە دڵی خۆمەوە ئەموت خۆزگە نەمبینێت ، هەروا کە بلیتەکەم سەیر ئەکرد شۆفێرەکە وتی: _ سەندەڵی ژمارە دە . دانیشتم و وەک هەمیشە کیفەکەم لە پاڵ دەسما دانا ، خەریک بوو دڵم ئەتۆقی ، پرسیارێک لەوانەبوو مێشکم بتەقێنێ ئەو بوو؟ نا ئەو لێرە چ دەکا. مەحاڵە... لەم فکرانەدا بووم کاوەم بینی هاتە سەرەوە ... کاوەم لە دەبیرستان ناسی، هەمیشە پێکەوە بووین ، بەڵام کە چووینە زانکۆ هەرکاممان پەڕەوازەی شارێک بووین . چەن مانگی سەرەتای دوورکەوتنەوە هەر جارێ کە یەکمان ئەبینی ئەیوت بۆ پەیام نانێرم و ناپرسم ، زۆری گلەیی لێ ئەکردم بەڵام ئەویش عادەتی کرد، ئیدی لەوەدوا کە ئەهاتمەوە یەکمان نەئەبینی ... بەینێک دیم ستۆریەکانمی لایک نەئەکرد وەک بیەوێ تۆڵەی بێ مرەوتی من بکاتەوە ... لەم دواییانەشدا ئانفاڵۆی کردم . کە دیم شاگەشکە بووم ، چاوەڕێ بووم کە نزیکم بوویەوە باوەش بەیەکدیدا بکەین ، تێر یەکتر ماچ بکەین تاوەکوو تاسەمان لێک بشکێ ؛ لەم فکرانەدا بووم لێم نزیک بوویەوە لە سەندەڵی ئەوبەرمەوە دانیشت بێدەنگ و هیچی نەوت، پێم سەیر بوو . لەوانەیە نەیدیبێتم، یا ڕەنگە بەم بارە ڕیش و سمێڵەوە نەیناسیبمەوە، سەیری دەرەوەی ئەکرد ویستم هەڵسم و سڵاوێکی لێکەم کە دیم ئەو هاتە ژوورەوە ، خۆی بوو ، هەشت ساڵ بوو نەمدیبوو بەڵام ناسیمەوە خۆی بوو ، ڕووخساری کەمەکێ تێشکا بوو بەڵام هەر وەک جاران زەردەیەک لەسەر لێوی بوو . _ دەک بابە لە دەورت گەڕێ  ئەم ڕستەیە سەرنجمی ڕاکێشا، دیم کاوە منداڵێکی دوو ساڵانی شیرینی لە باوەش گرتووە و ئەیدوێنێ ویستم بچمە پێشەوە سڵاوێکی لێ بکەم و پیرۆزبایی هاوسەرگیری و بە باوک بوونی لێکەم هەرچەن درەنگ بەڵام پێم وابوو وا لە خۆ ئاشکرا  نەکردن و نەوتنی جوانترە. بەڵام دیسان داچڵەکام ئەو نزیکتر دەبوویەوە و کەمێ لێم ڕاما و لە سەندەڵییەکەی پاڵ دەس کاوەیا دانیشت. جارێکیتر ئاوڕی دایەوە . ئەمێستا دڵنیابووم خۆیەتی ، کەژین بوو . بەڵام کەی؟ چۆن؟ چی ڕوویداوە؟ بۆ پێم وایە خەو ئەبینم؟ هەزار پرسیار بەرەو مێشکم هروژمیان هێناوە و بێدەسەڵاتتر لە هەمیشە سەیری بنەماڵە سێ کەسییەکەی کاوە و کەژین و... تۆ بڵێی منداڵەکەیان ناوی چی بێت؟ وەک گوێی لەم پرسیارەی منەوە بێت کەژین وتی : نیشتمان، دادەی سەیری دایکی خۆت کە! نیشتمان؟......... ئەو ڕۆژەم بیر هاتەوە، سەری لەسەر شانم دانابوو و ئە ئارامی وتی: وریا؟ _ گیانی وریا _ حەز ئەکەم کچێکم ببێ _ من زۆر زیاتر _ پەنج ساڵتر ئیدی؟ _ ڕەنگە زووتریش ، هەر ئەم چوار ساڵەی زانکۆم تەواو بێ دێم... _ ئممم ئەی ناوت هەڵبژاردووە؟ _ ئەی جا چۆن کەژین گیان! بە زەوقێکەوە هاتە ڕووبەرووم و چاوی بڕیە ناوچاوم. _ ئادەیی ، چیت هەڵبژاردووە؟؟ _ نیشتمان . م.ف 21ی ڕێبەندانی 1402 @sarpanah_m
Show all...
attach 📎

👏 1
Repost from N/a
#ژاننامە 12 جار جار بیر ئەکەمۆ ئەم دنیا چ گاڵتەجاڕێکی بێ فەڕە ، گریان وەک سێبەر بەدواتەوەیە ، جاری وایە لە گەرووتا خۆی حەشار ئەدا ، جاری واشە ئەبێتە نۆت و ئاهەنگێکی بێ دوایی ، جار جارێکیش لە نێوان پێکەنینەکانا خۆی دەر ئەخا؛ وەک بیەوێ بڵێ هااا لێرەش هەم ...فکر نەکەیتۆ ڕزگاریت دێ لە چنگم! هایشش لالۆ ! بریا دەتزانی گریان چ گڕیانێکیە لە ناخ و دەروونما ، چ هەناسە و بوونێکە له نەبوونما ! لالۆ حەمەد بەیانی ڕوو ئەکەمە قاوەخانەکەت ، چاییەک ئەخۆمەوە ، با تاڵ بێ ، تا ئەتوانی تاڵ ... تاڵتر لەو ئامێزانەی بۆ ماڵاوایی دەکرێنەوە ، تاڵتر لەو ساتەی خەبەری مەرگی ئازیزێکم پێ ئەگا ، با تاڵ بێ ، ئەوەندەی تاڵ سوێری ئەم ئەسرینانەم لەبیر بباتەوە ... ئەمەوێ ئەوپەڕی ئەوپەڕی تاڵییەکانی ئەم ژیانە بچێژم وەک دەڵێن لە دوای تاریکی ڕووناکییە تومەز دوای تاڵی شیرینی بێت؟ بەڵام ڕووناکیشمان نەدی ... ئەم چینەی ئێمە بە خەم و نەهاتی و بێ هیوایی پەروەردە بوو ، بووەتە شوعار بۆ هەموومان ئەمانەوێ دایک و باوکێکی باش بین بۆ مناڵەکانمان ... هەیهات ... چ خۆشخەیاڵ ئەی بادی خۆش مروور! قوربانی دەستت بم با چاییەکەم تاڵ بێ ، تاڵتر لەم ساتەی بە دیار ڕابردووی تف و تاڵمەوە دانیشووم و هەرچیش ئەڕوانم داهاتوویەک بەدی ناکەم ... تاڵتر لەو کاتەی ئەزانم ئەم چاییەش ئەمخاتە ژێر زەحتی ئابووریەوە... بەڵام تێیکە با تاڵ بێ... لالۆ حەمەد! زۆرجار هاتوومە قاوەخانەکەت و کوڵی گریانێکم لات جێهێشتووە ، هەر لەو تەمەنەی مناڵییەوە لەگەڵ باوکم ئەهاتم هەتا ئەمێستاکە کە تاق و تەنیا دێم و سەیر ئەکەم چوار دەوری قاوەخانەکەت ئازارە و برینە و ژانە . هەمووشیان هی من نین خۆ؛ بەڵام لەوکاتەوەی بڕیارم دا بیاننووسم هەموویان بوونە بەشێ لە ژیانم ، بەشێ لە تەمەنم . لالۆ حەمەد! ئیدی کەس کەسی تر نادوێنێ لە قاوەخانەکەتا ، بێدەنگ و هەرایە ژاوەژاوی مێشک و ژانی ئازارەکان هەموومانی کەڕ و وڕ کردووە هەرکەس سترانی بێنەواییەک دائەڕێژێ بۆ خۆی . هەرکام بە چەشنێ تاڵییەکانی چاییەکانت کۆ ئەکەینەوە ، بەڵام... کۆتایی نییە ! هەموو کۆتاییەک سەرەتایەکی دوور و درێژترە . ژیلەمۆیەکە و دائەگیرسێتەوە پڕ گڕتر لە هەمیشە ... هایش لالۆ حەمەد ! ئەگەر هاتم تێکە بۆم لەو چاییە تاڵە ، تاڵ وەکوو ئەم ساتەی من و هاوتەمەنەکانم ... تاڵ وەکوو ئەو ئارەزوو و هیوا لە خاک نێژراوانە ... تەنیا تاڵییە تاڵی شیرین ئەکا... م.ف 14021119 @sarpanah_m
Show all...
❤‍🔥 2 1
Repost from N/a
#ژاننامە 11 پڕ بە دڵ ئەمەوێ بچمۆ ئەو شەوانەی ئەیانوت بەیانی ئەتبەین بۆ شار و تا بەیانی خەوم لێ نەئەکەوت . یا ئەو کاتانەی باوکم ئەچوو بۆ شار و لە چاوەڕوانی هاتنەوەیدا هەزار خولیا و ئارەزووی شێتانەم دروس ئەکرد ، ئەو کاتانەی کە ئەهاتەوە ئەمزانی هیچی بۆ نەهێناوم بەڵام دیسان چاوەڕوان بووم لە گیرفانێکییەوە ، لە بەر پشتوێنەکەیا ئەوەی کە ئەمویست پێشکەشم کا ... خۆزگە ئەخوازم هەمان چەمەڕاییم ببوایە لە بەرانبەر ژیان ، بەڵام... هیچ حاڵاتم فرە شەکەتەن لالۆ ! ئەمێستا بڕوام بەوە هانیوە کە بڕیار نییە هیچ شتێکی سەیر و سەمەرە ڕوو بدات ، چەرخی ژیان هەر وەکوو خۆی لەسەر ئازار و برینەکانمان هەڵئەسوورێ ، هەر برینێکم چاڵەقووتێکە و خۆزگە و ئارەزوویەکی دێرینەمی تیا نێژراوە . ئازیز ، خۆزگە هیچ کات هیچ شتێ بۆت نەبێتە خۆزگە . هیچ ئارەزوویەکت لە پشت پەردەی بزەیەکی مەرگبارەوە بە خاک نەسپێری .. ئاخ ! چ سەرشێتانەیە خولیای بوون و ژیان ، لێ ئەگەڕێم هەڵبەت، لێشنەگەڕێم هیچم بۆ ناکرێ جیا لەم بۆڵەبۆڵ و وڕێنانە ، بەڵام ئیدی گلەیی بێ ، ئەم ژیانەی ئێمە "ی"کەی نەنووسراوە ؛ خەونەکانمان بە پووچەڵییەکەوە گرێ دراوە. هەر ئاواش چ سەرشێتانەیە ئارەزووی چوونەوە بۆ سەردەمی مناڵی ... م.ف 14021111 @sarpanah_m
Show all...
❤‍🔥 3
Repost from N/a
بێزار ، مانوو ، هیلاک ، بێدەنگ هەموو پێئەکەنن و تۆ نیگات خستووەتە سەر گۆشەیەک و بیر لە تاڵییەکانی ئەم ژیانە ئەکەیتەوە ، هەر لەو ڕۆژەوە لە دایک بووی گوایە تۆف و بۆرانێکی سەخت بوووە و تا ئەمێستاش ئەو تۆفانە دەست لە ملت ناکاتەوە و هاوڕێگەتە . دەڵێن لەوانەیە تووشی خەمۆکی بووبی ، ئەچی بۆ لای تراپیستەکەت و باسی خۆتی بۆ ئەکەی ، لێت ئەڕوانێ و ئەڵێ: چ تراژدیایەکە ئەم ژیانەت ، بینووسە ، بیکە بە کتێب ... دیسان بێدەنگ ئەبی و بزەیەک ئەکەی و دێیە دەرەوە ، نازانی بەرەو کوێ بڕۆی، ئەم شەقامانەش ئیدی هیچیان پێ ناکرێ بۆ ئارام بوونەوەت ... لە شەوێکی تاریک و نووتەکا هەر لەم کۆڵانەیا بوو تەرمی هاوڕێ ئازیزەکەت لە باوەش گرت و تنۆک تنۆک ئەسرینت تێکەڵ بە خوێنی کرد . ئەو شەوە بوو گیرای و تا دوای  دە ساڵێ لە ژوورێکی تاریکتر لەو شەوە و ڕەشتر لەم ژیانەت بەند کرای ، ئەتک کرای، ئەوەی نەئەبوو بەسەرتا هات ... کە هاتیە بەر درگای بەندیخانە چاوت بە ڕووناکی ڕانەئەهات ، بێدەنگ لە چوار تەنیشتت ئەڕوانی و دەستت بە چاوەکانتدا دەهێنا ، ئازارایان بوو ... کەمێ باشتر بووی ، دوور ڕوانیت دوورتر ڕوانیت و دوورتر و دوورتر ڕوانیت ، لات کردەوە و بە ئارامی وتت : بۆ نامخەنەوە ژوورە تاریکەکەم؟ من ڕاهاتووم بەم ئازارانەوە بژیم ، خووم بە تاریکی گرتووە ، لێم گەڕێن بچمەوە ژوورەکەم . ڕێیان نەدای ، ڕێکەوتی، بەرەو کوێ؟ نەتئەزانی ! شار ڕەنگ و بۆنی مەرگەساتێکی لێ نیشتووە ، هەر تۆ نیی هەموو ئەوانەی ئەیانبینی ڕووخسارێکی گرژ و مۆنیان هەیە، بێدەنگ و بێدەنگتر لە تۆیش ... بەڵام بێدەنگی تۆ و ئەوان فەرقی هەیە؛ تۆ هاوارت ئەکرد و بێدەنگ کرای ، ئەوان بێدەنگ بوون و هاواریان نەکرد ... بە خۆت وت : هەموو ئازارەکانی مرۆڤ لە دەنگە دەنگ و هاوارەوە سەرهەڵئەدا ... بێدەنگیت قورس و قورستر بووە ئەمە ڕازی مانەوەتە ، ڕازی مانەوەیانە . هەمان شەوی گیرانت بوو دایکت هاتبووە بەر درگای زیندان و هاوار و داد و فیغانی سەر دابوو ، حوکمی بێدەنگی قبوڵ نەکردبوو فیشەکێ بە دیاری بەرەو ئامێزی هاتبوو لە جیات تۆ ... ئێوارەی دواتر بوو برا و خوشکەکەت لە مەیدانی گەورەی شار، هاواریان هەڵدابوو، بۆ ساندنەوەی تۆڵەی تۆ و دایکت، ئەوانیش بە هەمان چارەنووس چوون ، بە تۆمەتی بشێوێنی ، پەتی سێدارە دەستی لە ملیان کرد و گۆڕ لە ئامێزی گرتن ... بەخت یار بوو بنەماڵەکەت بەیەک گەیشتنەوە ... ئەی باوکت؟ گەشتوویتەوە بەر درگای ماڵی خۆتان، دائەنیشی و لەو سەری کۆڵان ئەڕوانی ، باوکت بەرەو ماڵەوە دێتەوە و ئەمێستا تۆ هەمان منداڵە پێنج ساڵەکەی و شاگەشکەی بە دیتنی باوکت ، بە هەڵەداوان بەرەو لای تۆ دێ و سێ هەنگاو پێش لەوەی بتگاتێ بە دەمەوە دەکەوێ ، هاوار ئەکەی: دایە ! دایە! دایکت دێت و خۆ ڕنین دەست پێئەکا ... بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە دایکت ئەپرسی : باوکم چی لێ هات؟ برا و خوشکە یەک ساڵەکەت بێتاقەت تر لە تۆن ... دایکت چی هەیە بۆ وتن؟ هەر ئەڵێ باوکت خەوت ، هیلاک بوو بۆیە هەر لە ناوەڕاستی کۆڵانەکەدا خەوت ... تۆش بە مەراقێکەوە سەیرت ئەکرد و بە خۆت ئەوت ئەی چۆن ئێمە ئەخەوین خوێن له بەرمان ناڕوا؟ ساڵانێک دواتر گەورە بووی و هەموو شتەکان وەک قژە سپییەکانی دایکت ڕوون بوونەوە و تۆش گڕی تۆڵە لە ناختدا داگیرسا و ئەو گڕە تا ئەمێستاکەش ئەتسووتێنێ و ئەوا بە یەکجاری کردووتی بە زووخاڵ ... ئێستا درگاکە ئەکەیتەوە و ئەڕۆیتە ژوورەوە و وەک هەمیشە ئەنووی ... ڕەنگەش بۆ هەمیشە بنووی . تراژدی ژیانت کۆتایی پێ دێ... ئەمجارە بێدەنگی لەبەینی بردی ، بێدەنگی وردی کردی و خوێنتی مژی ، بێدەنگی باڵی بەسەر ژیانتدا گرت و داگیری کرد ، هاوارت کرد و تێشکای ، بێدەنگ بووی و کۆتاییت هات ... تۆ ڕازێکت نەبوو بۆ مانەوە ، بێدەنگیش سووتانتی . م.ف ئەمڕۆ و ئێستا کاتژمێر 12:15ی نیوەڕۆ - 14020916
Show all...
attach 📎

🔥 2
" دە نا دایە... " زۆر لەمێژە نەمبینیوی چەن ڕۆژێ پێش ، خونچەی یادت له وشکارۆی دڵ پشکووت و هەتا ئەمشەو ، بنج و ڕیشەی بۆ قوڵایی ڕابردوومان ڕاکێشاوە... بە دەممەوە بە شەرمەوە پێئەکەنێ! وەک یەکەم جار ، یەکمان بینی... بە نەرمەهەناسەی ناخم خۆی با ئەدا و ئەشنێتەوە وەک ئەوجارەی -بیرم نایە- وەک هەموو جار کە بەرەو لام ئەبوویتەوە! یا هەر جار بە هەنگاوی تژی لە ناز بەرەو ماڵۆ ئەچوویتەوە... زۆر لەمێژە نەمبینوی و تا خوا حەز کا بیرت ئەکەم ... لەم گرانییەی بازاڕی عەشق گەدا کەوتووم ! لە خەویشا ناتبینمەوە بە گومانی گەڕانەوەت بۆ خەونێکم دایییم خەوتووم ... زۆر دەمێکە نەمبینوی خونچەی یادێکت له دڵما دەم بە دەم باڵای بەرز ئەبێ و چڵ و پەلی ڕاکێشاوە بەرەو چاوم چاوم تەڕە، ئەکزێتەوە ، ئەوی تیایە دەنا دایە ، تۆ خەم مەخۆ نەگریاوم ... #بڕیار @m_f_bryar
Show all...
❤‍🔥 2🕊 2👎 1 1
Repost from N/a
💠کۆڕی شێعری هێدی💠 ❇️ دانیشتنی یەکەم ❇️ 🌀نالی خوێنی🌀 👁‍🗨رێکەوت: ۱۴ی رێبەندان👁‍🗨 ☕️له شوێنی کافەی چایچی☕️ ⏰ کاتژمێر ۴ تا ۶ ⏰ 🔥بۆ ناونووسی له ئەم دانیشتنه به ئایدی رۆبات کۆڕی شێعری هێدی سەردان ئەم ئادرسه بکەن🔥 ❤️ئایدی رۆبات ناونووسی❤️ @Hedipoetry_bot 🍄ئایدی بەرێو بەرانی هێدی🍄 @Hedipoem_admin 👾لینکی پیجی اینستاگرام👾 https://www.instagram.com/hedi_poem?igsh=NHdzeWk5aTNpdnBi
Show all...
گوڵێک ئەیوت : بەهار وەرزی جوانی ساڵە دنکەبەفرێ ئەیوت: نانا ، زستان شیرین، بەهار تاڵە ! گەڵای دارێ لە ژێر پێ هاواری ئەکرد: بە نەفرەت بن پاییز ، زستان گڤەی بایەک بەرگی ڕنی لە دارستان تووڕە و تەنیا لە قوژبنێک شاعیرێکی شەیدای جوانی و عەشقی ژنێک ئەیوت ئەی من؟ من چی بڵێم؟ هەموو وەرزێکم خۆشەوێ خونچەی لێوی گڤەی بای سەرشێتی ئەوین پاییزانی خەم هەڵوەرین زستان و سەرما و دەس گوشین! من هەموویانم خۆشەوێ... بەڵام ، چ بکەم؟ چ وەرین و تەزینێکە کە ئەو نەوێ! بڕیار @m_f_bryar
Show all...
👏 5 4
بە گریانی دڵی زارم خەنی بوو ، پێکەنی ڕۆیی چ بەرگی شادمانی عەشقمی لێ داکەنی، ڕۆیی بەهار بوو هاتە لام کاتێ کە دی سەرسەوزە باخی دڵ کە زستانی نەهاتی چوار تەنیشتی لێم تەنی ، ڕۆیی بڕیار
Show all...
👎 2👌 2
Repost from N/a
#ژاننامە 1 وا کاتژمێر سێیە ، دوانیوەڕۆ نا، سێی بەیانییە . هەر لە دوێنێوە کە بەخەبەر هاتوومەوە 180جار تێلێگرامەکەم باز کردووە و بەستوومەوە ، بێ ئەوەی هیچکەسێ لێی پرسیبم و شتێکم بۆ هاتبێ ، جار جارە پڕ ئەبم و لە کاناڵەکانا بە ڕستەیەک بۆ چەن دەقە سوکناییم دێ ... بەڵام درێژە تەمەنی ئەم ئازارەم ! کە چاو ئەکەمەوە تا خەو ئەمباتەوە دەم بە دێقە تێلێگرامەکەم ئەکەمەوە بەڵکوو سڵاوێکتم پێ بگا و پەشێو وتەنی : هەرچی دەستی بۆ ببەم هەموو گوڵاو دەربدەن! بێتاقەتییەکانم لە چوارچێوەی وڕێنەدا بە چەن وشە هەڵئەڕێژم ، لەوانەیە ڕۆژێ له ڕۆژان ئەم  ژیاننامەیە ، یاڕەبی تۆبە! ئەم " ژاننامە"یەت پێ بگات و سووکە نیگایەکیان پیا بخشێنی. وشەکانیشم وەکوو خۆم بە تاسەی دیدارێکتەوەن و خۆ بە دەرکەی هەر کاناڵ و گرووپێکدا ئەدەن بەڵکوو لەم نامۆیی و غەریبییە ڕزگاریان بێ و بە نیگاکانت شاد ببنەوە! م.ف @sarpanah_m
Show all...
👍 6👎 1
پڕم لەو وردە خولیانەی نایەنە دی... لێوڕێژم له هەزاران ئارەزووی پووچەڵ تژی ئاواتی ناکامم، دەپرسی بۆ نائارامم؟! خەون خەون ، خولیا خولیا ڕیز ڕیز لە سەر یەک چنراوە پەنجەرەی ڕوونی هەموویان بە پەردەی خەم، دێوی ماتەم، بە ڕەنگی سووری خوێنی چاو بە تارمایی حەزی سووتاو بە تەمێکی ڕەش خنراوە! دەپرسی بۆ هێز نەماوە؟! من دێڕی کۆتایی نامەی ماڵاوایی ئەویندارێکی دڵ مردووم، ڕەق و بێ هەست و سۆز و تین. گەڵا زەردێکی بابردووم بێ گیان و بێ باک لە وەرین ! زستانێکی چڕ و پڕم سارد و بێ ڕەنگ و دڵ تەزیو خەونێکی بێ سەرئەنجامم لە کۆتا ساتا ڕاپەڕیو ! من خەتێکی ڕاست و ڕێکم لە گەڵ شادی هاوتەریبم هەرچەن بڕۆم و ڕابوورم قەت پێی ناگەم ... بە ڕواڵەت لە پاڵمایە و لە ئاکام ، بۆ ئەبەد دوورم ... کەچی ئاواش ئەپرسی هۆی چاوی سوورم؟! #بڕیار @m_f_bryar
Show all...